ته‌ڕبوونی ئاو … کازم بیتوێنی
له ڕۆخ گوڵاڵه‌سوره‌ی خۆشه‌ویستییه‌وه هاتوومه‌وه و
ته‌ڕ ته‌ڕ به ڕۆخ ئاوه‌وه
له‌سه‌ر په‌ڕه‌ی ته‌نکی ته‌نیاییم دانیشتووم
نم نم به زمانی باران و
گوڕ گوڕ به زمانی عیشق
سه‌فه‌ری جه‌هه‌ننه‌می خۆم بۆ ئاو ده‌گێڕمه‌وه
چۆڕ چۆڕ به‌سه‌ر ئاودا ده‌ڕژێم
هه‌ست به ته‌ڕبوونی ئاو ده‌که‌م
ئاو به هاژه‌ی نوێژی خۆیه‌وه خه‌ریکه‌و
عومری به هه‌ڵمبووی خۆی ده‌نووسێته‌وه
من خوێنێکی سه‌وز سه‌وز له‌ناو ڕه‌گه‌کانی ئاودا به‌دی ده‌که‌م
به هێواشی
سه‌رنج ده‌ده‌مه هه‌ناسه‌ی پوشکوتن و
سه‌رنج ده‌ده‌مه وه‌حشه‌تی هه‌ڵوه‌رین
به‌هێواشی
ده‌ڵێم داخوا ته‌نهایی من له‌پشت کام شه‌وه‌وه هه‌ڵهاتبێ!
حه‌وزی ته‌نهایم چ لێڵ و شلوێ ده‌نوێنێ!
من به‌زه‌مبیله‌یی پڕ نوره‌وه له شه‌وی خواییه‌کی ته‌نهادا سه‌ما ده‌که‌م
من به توێی کراسی ته‌نکی ته‌نهاییمه‌وه
له‌ژێر هه‌تاوێکی سارددا
چاره‌نووسم له چاره‌نووسی هیچ په‌لکه‌گیاییه‌ک ناچێت!
جاویدانیترین جادوگه‌ر و
پیرترین فاڵچیش
ونبوونی منیان بۆ نادۆزرێته‌وه!
من هه‌ر له ڕه‌گه‌وه وونم…
من ده‌سته‌کانم له غوباری باخچه‌دا په‌نجه به په‌نجه هه‌ڵوه‌رین!
ئای له ئه‌وینی خوناوه‌یی گیا!
ئای له دۆستاییه‌تی ساده‌یی باران!
** ** **
ڕه‌نگه من له ڕه‌گەزی گوڵ بم
بۆیه هێنده‌ش دڵم له‌لای سه‌مایی باخچه‌وانه‌کانه
هه‌میشه هاوه‌ڵی پۆلی په‌پولانم و
ڕه‌چەڵەکم ده‌چێته‌وه سه‌ر فڕینیان!
پیاسه په‌مه‌یی یه‌کانی من
له ڕۆخ تەنیاییمەوە ده‌ستیان پێ ده‌کرد تاکو دامێنی شۆڕه‌بی
من هه‌موو ئێواره‌یه‌ک له‌و کوچه‌بۆنخۆشانه‌دا
لاپه‌ڕه ته‌نکه‌کانی بام هه‌ڵداوه‌ته‌وه
بۆ ته‌ڕایی ئه‌شکه‌ڕژاوه‌کانی خۆم ده‌گه‌ڕام!
من له لاپه‌ڕه ته‌نکه‌کانی با دا سه‌دان دێڕی خوساوم خوێندۆته‌وه
له گریانی به‌هاری
له پێکه‌نینی پایزی
من له لاپه‌ڕه ته‌نکه‌کانی با دا
شه‌وم بینیوه ڕووناکی دەم بەیانی بۆن ده‌کرد
من ببوم به تاڵێک تیشک و
لێوم نابوو به‌لێوی ته‌نکی ده‌نکه‌شه‌ونمێکه‌وه!
من هه‌موو ئێواره‌یه‌ک به‌ڕۆخ گوڵاڵه‌سوره‌ی خۆشه‌ویستی یه‌وه
ته‌ماشام په‌ڕ په‌ڕ ده‌بوو
ته‌ماشام به‌سه‌ر هه‌ر چه‌ترێکدا دڵۆپ دڵۆپ ده‌تکا
ته‌ماشام به‌په‌یژه‌یی مانگدا سه‌رده‌که‌وت ده‌چوو بۆ تریفه‌چنین
من به‌ڕۆخ گوڵاڵه‌سوره‌یی خۆشه‌ویستی یه‌وه
شنه‌ی قومێک شه‌راب ده‌ستی ده‌گرتم هه‌تا ڕۆخی نه‌شئه‌ی فڕین
من به‌و په‌ڕی هێمنییه‌وه
دڵی ساردی پێکه‌که‌مم ده‌دواند
تا سه‌رخۆشیم نه‌چێته‌وه ماڵی ڕوناکی شێتییه‌تی!
ئه‌وده‌مه‌ی نازی نازنازه‌یه‌کم ده‌بیست
ئه‌وده‌مه‌ی ڕه‌نگی جریوه‌یه‌کم ده‌ناسی یه‌وە
په‌نجه‌کانم به‌سه‌ر یه‌کدا هه‌ڵده‌وه‌رین
نه‌مده‌توانی ده‌سته‌ته‌ڕه‌کانی ئاو بکوشم
نه‌مده‌توانی ته‌هلیله‌کانی په‌ڕه‌سێلکه‌یه‌ک بنوسمه‌وه
ئاشنای یه‌تی دڵۆپێک باران و دڵۆپێک کازیوه‌م ته‌فسیر نه‌ده‌کرد
نهێنی سه‌وز بوونی دره‌ختم له باخ نه‌ده‌پرسی
نه‌مده‌پرسی
سه‌وزترین سه‌مای دارستان که‌ی ده‌ستپێ ده‌کات!
** ** **
دوای چاره‌نوسی گوڵه‌که‌فه‌کان که‌وتم
ڕێگایه‌کی پڕ نوورم له ده‌ریادا دۆزیه‌وه
که له تاڵه‌مویه‌کی هه‌تاو ده‌چوو
من به‌ده‌م زریکه‌زریکی زکرێکی ووشکه‌وه ڕۆیشتم و
له پاش خۆم نسێی خۆمم به‌با سپارد
له پاش خۆم گۆشه‌یه‌کی دڵمم لای گوڵ جێهێشت
به‌دوورگه شه‌وڕه‌نگه‌کاندا تێپه‌ڕیم
تا بگه‌مه دوره‌ده‌ستترین که‌ناری عیشق
قانوونی ده‌ریا له نه‌وڕه‌سه‌کان فێربووم و
له ماسی یه‌کانیش سیحری سکوت!
ده‌ریا پاکی قه‌وزه‌ی بۆ شه‌رح کردم و
سه‌ده‌فه‌کانی ناو دڵی خۆی نیشان دام
من وه‌کو موسافیرێکی خه‌یاڵ سپی
به‌دوایی چاره‌نوسی گوڵه‌که‌فه‌کاندا چووم
سه‌فه‌ری من به‌ده‌ریادا
ته‌ڕ ترین سه‌فه‌ر بوو
ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوای جوانی گه‌ڕام
باکور و باشوری خۆشه‌ویستیم پشکنی
گوێم له نه‌وای هه‌موو ئه‌و گۆرانی یه کوژاوانه گرت
که ده‌یانویست فانۆسێک لەناو دڵی دره‌ختێکی باخچه هه‌ڵواسن
پڕ بووم له په‌ڕو پۆی پرسیار
به نه‌رمی به‌خۆمم ده‌گووت
خۆر چی ده‌ڵێت ده‌مه‌ده‌می ئاوا بوون و
به‌یانیان به‌ده‌م چ ئاوازێکه‌وه هه‌ڵدێت
دره‌خته‌کانی دارستان چۆن خۆشه‌وویستی ده‌که‌ن
که‌ی گمه له گه‌روی کۆتردا ده‌خوسێت
به‌نه‌رمی به‌خۆمم ده‌گووت
دره‌نگه بۆ بارینی په‌لکه‌زێڕینه
دره‌نگه بۆ واده‌ی هاتنی ( مه‌هدی)!
هه‌ڵاتنی که‌روێشکێکی توکن به‌ناو چه‌مه‌نی نه‌عنادا
خه‌وتنی کوڵاوکوڕه‌یه‌ک له‌ژێر نسێی گوڵه‌گه‌نمێک
بارینی میهری خودا‌و میهری هێشوویه‌ک ترێ ی سوور
دانیشتن له مه‌جلیسی ده‌ریاوانان
ڕشتنی کوفر به‌سه‌ر دوکه‌ڵی ئیماندا
وه‌ک ئاوڕدانه‌وه‌ی قه‌ره‌جێکی کۆچه‌رین
له شارێکی به‌جێماوی ناو ته‌متوومان!!
** ** **
فه‌رهه‌نگی گوڵ ده‌خوێنمه‌وه له‌ناو بۆندا!
سینه‌م پڕ بووه له پشکووتن
به‌ڕۆخ کاڵبوونه‌وه‌ی هه‌تاوه‌وه‌م
شێی دڵی شه‌و و
هیلاکی ڕۆحی ته‌نهایم وه‌زن ده‌که‌م
تێکه‌ڵی ورشه‌ی نمه‌با یه‌کی ته‌زیو ده‌بم و
ده‌چمه‌ناو خه‌یاڵی کەڵە گیایەکی بێ ناونیشان..
ته‌لیسمی ئاوێنه ده‌رخ ده‌که‌م و
زه‌غره‌فه‌ی ماچێکی کاڵ ده‌کێشمەوە
من به‌رۆخ ئاوه‌وه
ئه‌هریمه‌ن ده‌عوه‌ت ده‌که‌م
له‌گه‌ڵ خۆمدا ده‌یبه‌مه ژێر هه‌ناسه‌ی سێوێک
نامۆیی له‌گه‌ڵدا به‌ش ده‌که‌م
سه‌فه‌ری له‌گه‌ڵدا به‌ش ده‌که‌م
عیباده‌ت
عیشق
ئیمان
شێتی یه‌تی
قه‌راغی ئاوی له‌گه‌ڵدا به‌ش ده‌که‌م!
له‌گه‌ڵ خۆمدا ده‌یبه‌مه ڕۆخی باخچه
تا بێ شومار گه‌ڵایی خوێناوی ببینێ
تا بێ شومار قیژه‌قیژی زه‌مان ببیستێ
له‌گه‌ڵ خۆمدا ده‌یبه‌مه قه‌راخی باخچه
ته‌نکترین ڕازی گوڵه‌باخێکی بۆ ده‌گێرمه‌وه!
** ** **
هه‌میشه له دووتوێی ته‌نهایی مندا په‌پووله‌یه‌ک خه‌وتووه!
به‌ڵام هه‌یداد
من ناتوانم هێمنی په‌پووله بدوێنم
تا زمانێکی ناسک‌تر له زمانی گوڵ نه‌دۆزمه‌وه
من نازانم
نه‌نم نم به‌زمانی باران
نه‌گوڕ گوڕ به‌زمانی عیشق
ڕازێکی ڕه‌ونه‌قدار بدرکێنم
که من پشکووتوی ژێر غه‌زه‌بێکی ئه‌زه‌لیم و
دڵنیام
هیچ قیامه‌تێکی خۆڵاویش له‌خۆیم ناگرێت!
هیشوویه‌ک گێلاس
ده‌چێته‌وه‌سه‌ر خوناوه‌ی ڕه‌گه‌زی موحیبه‌ت
قه‌راغی ئاو
ده‌چێته‌وه‌سه‌ر هێمنی په‌پووسێمانه
تاو تاو ته‌سلیم بونی من به‌خودا
ده‌چێته‌وه‌سه‌ر سۆزی میاو میاوێنی پشیله‌یه‌کی پیر
گوڕ گوڕ عیشقی من به‌خودا
ڕازاندنه‌وه‌ی پێده‌شتی نامۆیمه!
** ** **
له ڕۆخ ئاوه‌وه چوومه ته‌ڕۆخی ئاگر
له ڕۆخ ئاگره‌وه چومه‌ته ڕۆخی ئاو
له ڕۆخ هه‌ردوکیاندا
من هه‌ر ئه‌و گێژه‌ڵوکه‌ی دوکه‌ڵه‌م
شێتانه‌خوول ده‌خۆم و
مه‌ستانه‌با ده‌ستم ده‌گرێت!
من هه‌ر ئه‌و ئینجانه شووشه‌ییه‌م گووڵی یه‌ئسم تیا ڕواوه
من هه‌ر ئه‌و ده‌سته له‌رزۆکه‌م که ته‌رمی خۆم ڕاده‌کێشم
من چاوه‌ڕوانی یه‌کی تفتم
له وون بونی خۆم وه‌ڕه‌س بووم
وه‌ڕه‌سم
وه‌کو گه‌ڵایه‌کی وشکی ده‌م با
گوێم له کرته‌کرتی ورد بونی خۆمه
وه‌ڕه‌سم
وه‌ک لاسکێک ڕیحانه‌ی خنکاو له‌ناو بۆندا
وه‌ڕه‌سیم ئایاتێکی ژه‌هراوی یه
وه‌ڕه‌سیم موسافیرێکه به‌ناو شه‌وێکی بێ سه‌حه‌ردا ڕه‌تده‌بێ
وه‌ڕه‌سیم بۆنی گوناهبارانی قیامه‌تی لێ دێت
خانه‌خانه‌ی وه‌ڕه‌سی من چ تاعونێکیان تێڕژاوه
کۆڵان کۆڵان وه‌ڕه‌سی من چ ڕه‌شه‌بایه‌کیان لێدێت
** ** **
من ده‌بێ به‌هێمنی ئاو بدوێنم
به ساده‌یی سه‌فه‌ری جه‌هه‌ننه‌می خۆم بۆ ئاو بگێڕمه‌وه
به شێنه‌یی فه‌رهه‌نگی گوڵ له‌ناو بۆندا بخوێنمه‌وه
من ده‌بێ به‌سه‌ر ڕووی ئاوه‌وه ئایاته‌کانی گه‌ڵامێو بنوسمه‌وه
تا چڵه‌کانی وه‌ڕه‌سیم سه‌وزتر بن
بێگانه‌م به هه‌موو ڕه‌نگه‌کانی ناو په‌لکه‌زێڕینه‌یه‌کی کڕنووش بردوو
بێگانه‌م به زه‌مزه‌مه‌ی خواناسێکی خوساو به‌تاحه‌ت
به ئاوس بوونی لاله
به گومڕا بوونی ده‌می مردن
من له شمشاڵی ئه‌و شمشاڵژه‌نه پیره تێر بووم و
له جامی بێده‌نگی ئه‌و باغه‌وانه خامۆشه‌م خواردۆته‌وه
من هه‌ناسه‌کانی خۆم له کوپه‌ی ترێ هه‌ڵکێشاوه‌و
ڕه‌نگ به ڕه‌نگ هه‌ڵوه‌رینی باخچه‌م موتاڵا کردووە
من ده‌بێ ڕه‌گی باران بدۆزمه‌وه
ڕه‌گی ته‌ڕیێتی و
ڕه‌گی بارین
من ده‌زانم خۆر هێشتا هه‌تاوی خۆی نه‌ناسیوه
من ده‌زانم گوڵ هێشتا جوانی خۆی نه‌بینیوه
من ده‌زانم ‘ با ‘ به گڤه‌ی خۆی که‌ڕ بووه‌و
ئاوڕ له ڕژانی گه‌ڵایه‌ک ناداته‌وه!
وه‌ڕه‌سی من له‌و سه‌ری بیابانه‌وه دێ
له‌گه‌ڵ گه‌رده‌لوولی لم دا هه‌ڵده‌کات
من ده‌بێ باخچه به ڕووتی بدوێنم و
گوڵه‌کان له حه‌وزی گومان هه‌ڵکێشم!
سه‌فه‌ری به‌فر و سه‌فه‌ری ئه‌و هه‌موو سپیێتی یه
سه‌فه‌ری باران و سه‌فه‌ری ئه‌و هه‌موو ته‌ڕیێتی یه
سه‌فه‌ری به‌هار و سه‌فه‌ری ئه‌و هه‌موو سه‌وزێتی یه
سه‌فه‌ری ڕیشۆڵه‌کان و سه‌فه‌ری ئه‌و هه‌موو فڕینه
سه‌فه‌ری ماسی یه‌کان و سه‌فه‌ری ئه‌و هه‌موو عیشقه
سه‌فه‌ری من و سه‌فه‌ری ئه‌و هه‌موو ته‌نهایی یه
من ده‌بێ ڕه‌گی عیشق بدۆزمه‌وه
ئه‌و ده‌مه له ناوه‌ختی کوژانه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌یه‌ک سه‌ر ده‌ر ده‌که‌م
من ده‌بێ زمانی شه‌و ده‌رخکه‌م
تا له‌سه‌رخۆ
لاپه‌ڕه‌ی بێده‌نگی به‌رد بخوێنمه‌وه‌و
ده‌می چرۆ کردنی دره‌خت به‌خه‌به‌ر بم
من ده‌بێ خێرا ڕاکه‌م به‌دوای خۆمدا
له ڕۆخ ئاوه‌وه تا ڕۆخی خۆم ڕانه‌وه‌ستم
تا بڕێکی دی
له خۆم نزیکتر ده‌بمه‌وه!!
هاوینی 2002