باوكێ لهقهیتول …. لەتیف فاتح فەرەج
مامۆستا نه‌جیب گه‌رمیانی و عومه‌ر محه‌مه‌د به ئۆتۆمبیله ماندوه‌كه‌ی عومه‌ر له چه‌مچه‌ماڵه‌وه كه‌وتینه‌ڕێ بۆ سه‌نگاو تا له‌وێوه بچین بۆ كفری، له قه‌یتول لاماندا قه‌یتول یه‌كێكه له‌گونده دێرینه‌كانی ناو زه‌نگنه ، زه‌نگنه ناوچه‌یه‌كی به‌ر فراوانی سنوری پارێزگای كه‌ركوكه‌و له شاڵاوه‌كانی ئه‌نفالدا زۆرترین گه‌نجیان به‌ركه‌وت، له‌وێ سه‌ردانی ماڵی هاوڵاتیهكمان كرد، كه سێ كوڕی پێكه‌وه ئه‌نفال بردبوونی، سێ كوڕ كه باوك هه‌موو ژیانی خۆی پێیان به‌خشیبوو، دوای بردنیشیان له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه، باوكه رووناكی چاوه‌كانی له چاوه‌ڕوانی ئه‌واندا دانابوو، كچی یه‌كێ له كوڕه ئه‌نفالكراوه‌كانی پاش ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تای ته‌واو كردبوو به‌ناچاری وازی له خوێندن هێنا بوو، ئه‌مه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له گونده‌كه‌یان خوێندنگه‌ی ناوه‌ندی نه‌بوو، كچێكی ژیكه‌ڵه‌ی چاو شین، له چاوه‌كانیدا وه‌ك سه‌رجه‌م چاوی گهرمیانیهكانی ترخهمێكی قوڵ ده‌بینرا، خه‌می نه‌بینینی باوك و مام و كه‌س و كاری دیكه، هه‌م كچهكهههم باپیره ، پێكه‌وه قسه‌یان بۆ ده‌كردین ، لالهكه زۆر به‌گه‌رمی به خێر هێنانی كردین، ئه‌و ووتی ئه‌ی ئه‌وه بۆ به‌رپرسه‌كان سه‌ردانی ئێره ناكه‌ن خۆبه‌ر له ئه‌نفالكردنی ئه‌م وڵاته ئه‌وان شه‌و رۆژ لێره بوون، ئه‌و ووتی ئێستا كهكوڕهكانی خۆمان نه‌مان ئه‌وانیش ئیتر نایه‌ن، راستی ئێمه وویستمان دڵی بده‌ینه‌وه‌و بیانووش بێنینه‌وه بۆ سه‌ر نه‌دانی به‌رپرسان، ئه‌و قسه‌ی پێبڕین و ووتی خۆ ئیستا هه‌ر كۆپتهریان نیه، ئیتر بۆ سه‌ر ناده‌ن من هیچم له‌وان ناوێ هه‌ر ده‌مه‌وێ كه‌سێك هه‌بێت له جێی كوڕه‌كان گوێم لێبگرێت و قسه‌ی بۆ بكه‌م، ئێستاش ده‌توانین خزمه‌تیان بكه‌ین و خواردنی ده‌می خۆمانیان بده‌ینێ ، ئه‌و به‌م شێوازه گله‌ییه‌كانی خۆی كرد، ئه‌و گله‌ییانه‌ی پڕ بوون له ئازار‌و دابڕان، ئێمه نه‌مانده‌توانی هیچ بڵێین ، قسه كاریگه‌ره‌كانی ئه‌و باوكه ئهنفالزهدهیه به‌راده‌یه‌ك سه‌ر سامی كردبووین كه ئێمه ئه‌و سیانه، چ مامۆستا نه‌جیب گه‌رمیانی وه‌ك پیاوێكی پهروهردهكارو كوردێكی راست و چیرۆكنووس، چ عومه‌ر كه‌ئه‌ویش خهمزهدهیهكی دیكه‌ی ئه‌نفاله‌و زۆر جار له پێناوی ئه‌و كاره ئینسانیه‌دا سته‌می له مناڵ و خانه‌واده‌كه‌ی كردووه، چ من كه ئه‌نفال ریشه‌ی كێشام و هێشتا چیرۆكی پڕ ئازاری خۆمم شاردووه‌ته‌وه ، نه‌مانده‌زانی چی بڵێین، بۆیه له‌وه زیاتر نه‌مانتوانی لای ئه‌و خێزانه برینداره بمێنینه‌وه.
په‌ندی راستی ئه‌و باوكه ئه‌وه بوو، كه مێژوو پڕه له چیرۆكی ئه‌و شۆڕشگێڕانه‌ی كه هه‌ر ده‌ستیان ده‌گاته كورسی ده‌سه‌ڵات ئیتر هه‌موو ئه‌وانه‌یان بیرده‌چێته‌وه، كه ته‌مه‌نێكی دورو درێژ خزمه‌تیان كردوون و ته‌نانه‌ت ئازیز ترین كه‌سه‌كانیان له پێناوی خه‌ونی ئه‌واندا له كیس چووه، كه‌چی دواتر كه ئاوڕ ده‌ده‌نه‌وه كه‌سیان به‌ده‌وره‌وه نه‌ماوه، ئه‌مه‌ش چیرۆكی زۆربه‌ی شۆڕشه‌كانه، بۆیه دواتر خه‌ڵك ده‌یه‌وێت سه‌رزه‌نشتی شۆڕش بكات و ناوی دیكه‌ی بۆ بدۆزێته‌وه.
ئاخر شۆڕشێك نه‌توانێ كه‌سێك بدۆزێته‌وه بۆئه‌وه‌ی ئه‌و باوكه دڵ برینداره قسه‌ی بۆ بكات و چیرۆكی خۆی بۆ بگێڕێته‌وه چۆن مرۆڤ بتوانێ شانازی پێوه بكات، هه‌ر ئه‌مه‌شه واده‌كات زۆر جار ئێمه له نێوان شۆڕش و هه‌رادا ده‌كه‌وینه گێژاوێكی گه‌وره‌وه، ئاخۆ ئێمه هه‌ر به‌راستی شۆڕشمان كردووه.
نه‌جیب گه‌رمیانی
جار جار چیرۆكی ده‌نووسی، چیرۆكه‌كانی به زمانێكی گه‌رمیانی ساده‌و بۆ مرۆڤ بوون، كه‌سێكی تا بڵێی هه‌ست ناسك و دڵبریندار، گهرمیانیهكی راست و ره‌وان، له‌و سه‌فه‌ره‌دا كه پێكه‌وه كردمان ده‌گه‌یشتینه هه‌ر گوندێكی ئه‌و گه‌رمیانه به دیار دار‌و به‌ردیه‌وه به كوڵ ده‌گریا، ئه‌و رۆژه زۆرترین یاده‌وه‌ری و ئازاری ژیانی كوردهواری گێڕایه‌وه، لام وایه له قیرچه بوو، ته‌نیا یه‌ك ماڵ له‌وێ بوون ئه‌و كاته‌ی ئێمه گه‌یشتین ، خاتونێكی شۆخ و شه‌نگی گه‌رمه‌سێری ، شه‌رواڵێكی پیاوانی له‌پێدا بوو له‌سه‌ر تهنورێك نانی ده‌كرد، مامۆستا نه‌جیب ته‌وقی سه‌ری ماچ كرد، ئه‌و زۆر هه‌وڵی دا ئه‌و نیوه‌رۆیه له‌وێ بمێنینه‌وه، به‌ڵام ئێمه بڕیاری رۆیشتنمان دابوو.
جارێكیان شه‌وێكی دره‌نگ له سلێمانی ده‌گه‌ڕامه‌وه بۆ چه‌مچه‌ماڵ له ته‌یناڵ جوانهگایهك سه‌یاره لێیدابوو، كه‌س به‌دیاریه‌وه نه‌بوو، كاتژمێر یه‌ك دوا نیوه‌شه‌و به‌سه‌ره‌وه بوو ته‌له‌فونم بۆ كرد، ئه‌و هێشتا نه‌نووستبوو، هه‌واڵه‌كه‌م پێراگه‌یاند دواتر بۆی گێڕامه‌وه هه‌ر ئه‌و شه‌وه شاره‌وانی هێناوه‌ته شوێنی رووداوه‌كه‌و خاوه‌نی وڵاخهكهیان دۆزیبوه‌وه‌و دابویانهوه ده‌ستی، به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌ر له‌مردنی سه‌رم لێداو یه‌ك دوو چیرۆكی خۆی دایه ده‌ستم تا له شوێنێ بۆی بڵاو بكه‌مه‌وه، مه‌رگی بڵاو كردنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كانی له بیر بردمه‌وه‌و ئیتر نازانم كه‌وتنه كوێوه، مامۆستا نه‌جیب هیچ شتێك له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌ویه هێنده‌ی ئه‌نفال كاری تێنه‌كردبوو، ئه‌و رۆژێك له ژیانی تێناپه‌ڕی ئه‌گه‌ر چیرۆكێكی ئه‌نفالی نهگێڕابایهوه، چیرۆكه‌كانی به‌شێوه‌یه‌ك ده‌گێڕایه‌وه وه‌ك ده‌ڵێن به‌ردیان ده‌كرد به ئاو.
هه‌موو ئاواتی له ژیاندا ئه‌وه بوو جارێكی تر ژیان بگه‌ڕێته‌وه بۆ گونده‌كان و دووباره له‌و شیوودۆڵانه ده‌نگی مه‌قام و ئای ئای به‌رز بێته‌وه ، هه‌رچه‌ند ئه‌و ده‌یگووت تازه هه‌رگیز ئه‌وه روونادات، به‌عس شتێكی نه‌كردبوو تا كورد بتوانێ ژیان بكاته‌وه به‌به‌ر گوندا ، زۆر ئه‌سته‌مه مرۆڤ بگه‌ڕێته‌وه بۆ نێو ئه‌و هه‌موو یادگارهو خۆی له‌به‌ردا بگرێت ، ئه‌مه رێك بۆ مامۆستا نه‌جیب گه‌رمیانی وابوو، ئه‌و رۆژه هێنده گریا كه ئیتر ئێمه ناچاری ئه‌وه بووین دڵی ئه‌و بده‌ینه‌وه.
ئه‌نفال به جۆرێك ژیانی گهرمیانیهكانی شێواند كه ئیدی بۆ هه‌تا هه‌تا گوندی گه‌رمه‌سێر بۆنی ئه‌و ئاوه‌دانیه‌ی لێنه‌یات كه پێش ئه‌نفال لێیده‌هات ، نه‌جیب گه‌رمیانی له هه‌موومان زیاتر له‌م راستیه گه‌یشتبوو. بۆیه به بێده‌نگی سه‌فه‌ری نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی كرد، سه‌فه‌ری هه‌تا هه‌تای بۆلای خوداوه‌ندی خۆی رۆیشت و ئه‌نفال پێكه‌نینی له‌بیر برده‌وه.
جانتای كادیرێك
ئه‌نفال هه‌موو شتێكی له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شاند، په‌یوه‌ندی نێوان پێشمه‌رگه‌و گوند نشین ، په‌یوه‌ندی نێوان زه‌وی و وه‌رزێر، په‌یوه‌ندی نێوان شوان و مه‌ڕه‌كانی ، په‌یوه‌ندی نێوان به‌ساڵاچووانی كورد و مزگه‌وت، زۆر په‌یوه‌ندی دیكه ، ئه‌نفال كتێبی له كتێبخانه بێنازه‌كانی مزگه‌وتی گونده‌كانی كوردستان دزی و قه‌ڵه‌می له‌ده‌ستی ئه‌و كادیره رفاند كهدهیوویست نه‌خشه‌یه‌كی باشتر بۆ ژیان بكێشێ، من بۆ یه‌كه‌م جار كادیری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان‌م له ناوه‌ندی هه‌شتاكاندا به كۆڵه كتێبه‌وه بینی ، لام وایه خه‌باته بچكۆل بوو شه‌هید خه‌بات بینیم سه‌ره‌ڕای كورتی باڵای ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه چه‌كێك و هه‌شت نۆ مه‌خزه‌نی پڕ فیشه‌كی پێبوولهگهڵ ئه‌وه‌شدا كۆڵه پشتێكی پڕ له كتێبی قه‌به قه‌به به كۆڵیه‌وه بوو، ئه‌مه‌م به‌لاوه سه‌یر بوو، نازانم كتێبه‌كانی ئه‌و پێشمه‌رگه كه‌ركوكیه چیان به‌سه‌ر هات، پتش شه‌هید بوونی خۆی ، به‌ڵام له‌نه‌وه‌ده‌كاندا هاوڕێیه‌كم له جانتایه‌كدا چه‌ند نامیلكه‌یه‌كی بۆ هێنام كه له چاپكراوه‌كانی كۆمه‌ڵه بوون ، ئه‌و ووتی ئه‌مه هی دوای ئه‌نفاله هه‌روه‌ها ووتی هه‌ر ئه‌وه‌نده نین ، به‌ڵام ئه‌وانی دیكه‌ی نه‌هێنا ، هێشتا هه‌ندێك له‌و نامیلكانه له‌ناو كتێبه‌كانی كتێبخانه‌كه‌مدا ماون. ئه‌و كتێب و نامیلكانه یادگارێكی دوای سته‌مكاری ئه‌نفالن ، یادگارێك كه نازانم ئاخۆ خاوه‌نه‌كه‌یان كێیه‌و چی به‌سه‌ر هاتووه، ئه‌نفال ده‌ستی له مرۆڤ و سروشت و گیانه‌وه‌رو هه‌موو شتێ وه‌شاند، كتێبیش له سته‌می ئه‌نفال رزگاری نه‌بوو، جانتای ئه‌و كادیره‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران و نامیلكه‌كانی ناوی راستی قسه‌ی ئێمه ده‌سه‌لمێنن، ئه‌مه رامده‌كێشێ بۆ ئه‌وه‌ی چیرۆكێكی ترتان بۆ بگێڕمه‌وه، له‌دوای ئه‌نفال یه‌ك دوو براده‌ر كه نه‌ڕۆیشتبوون ، نه‌ده‌یانتوانی بێنه‌وه، له چیمه‌نی نزیك كه‌ركوك له‌و چهمهخۆیان حه‌شار دابوو، تا به‌ڵكو ده‌روازه‌یه‌كیان بۆ واز بێت من و براده‌رێكی تر سه‌ردانمان كردن، له‌وێ لهكوختێكی بچوكا قورئانێكم بینی، قورئانێكی عه‌ره‌بی كه له‌ترسی سوپای عه‌ره‌ب شاردرابووه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له سوتان و له‌ناوچوون بیپارێزن، ئه‌ویش كتێبی پیرۆزی خودا.
ئاخۆ ئه‌نفال چه‌ندین كتێب و ده‌ستنووسی به نرخی ئه‌م میلله‌ته‌ی كردوه‌ته قه‌ره‌بروت و له ناوی داون ئێمه تا ئێستا له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته نه‌وه‌ستاوین و هه‌ر نه‌مدیووه قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت وه‌ك چۆن قسه‌مان له‌سه‌ر زۆر لایه‌نی دیكه‌ی ئه‌و سته‌مكاریه نه‌كردووه.
مه‌لا ئیدریس
پیاوێكی تا خوا حه‌ز كات جوان، پیاوێكی به‌مانای ووشه گه‌رمه‌سێری و ساده‌و سپی ، قسه خۆش و روو گه‌ش ئه‌و پیاوه ئه‌نفال برینێكی گه‌وره‌ی كردبووه دڵی، هه‌موو ئه‌و جارانه‌ی كه ئه‌و ده‌هات بۆ لای من یان من سه‌ریم ده‌دا باسی سه‌ره‌كیمان ، باسی ئه‌نفال بوو، هه‌ر جارێك وویستبای سه‌ردانی سلێمانی بكات یان خورماتوو بۆ لای براو كه‌س و كاره‌كه‌ی ده‌یویست به زۆر له‌گه‌ڵ خۆی بمبات، له پێشمه‌رگایه‌تیدا پیاوێكی ئازا‌و له جوانمهردیدا بێوێنه، هه‌میشه نوكته‌ی پێشمه‌رگایه‌تی خۆی ده‌گێڕایه‌وه، جارێكیان رووداوێكی خۆشی بۆ گێڕامه‌وه، ووتی له‌كاتی پێشمه‌رگایه‌تیدا پیاوێكمان گرت ، كه كارمه‌ندی حكومه‌ت بوو ، ئه‌وانی تر ده‌یانگوت هیچی له هیچدا نیه‌و منیش سوربووم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئازادی نه‌كه‌ین، كابرا سه‌یری كردم و پێی ووتم تۆ مهلانیت، منیش ووتم ئیتر هه‌ر به‌رنادرێت، چۆن ئه‌زانی من مه‌لام، وام زانی ده‌مناسێت، كه‌چی ئه‌و ووتی به به ویژدانیهكهت ئه‌وه ده‌زانم.
بۆپرسی گه‌رمیان و كه‌ركوك سه‌ردانی سه‌رۆكی حكومه‌تمان كردلهوێ چه‌ندین نوكته‌ی خۆشی گێڕایه‌وه كه بوونه مایه‌ی ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت داوا بكات جاری دیكه‌ش یه‌كتر ببینینه‌وه، ئاخر ئه‌و له‌رێی ئه‌و نوكتانهوه سه‌رزه‌نشت و ره‌خنه‌ی زۆری له حكومه‌ت گرت، مه‌لا ئیدریس گهرمیانیهكی دیكه‌ی ئهنفالزه ده‌بوو ئه‌ویش خه‌می ئه‌نفال كاری تێكردبوو، به‌ڵام وه‌ك مرۆڤێك كه پێشمه‌رگایه‌تی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندی به‌عس و سه‌ختی خه‌بات له ناوچه‌ی گه‌رمیان ئه‌وه‌یان بۆ هێشتبووه‌وه، كه هه‌رگیز وا خۆی نیشان نه‌دات كه ئازار له بنی بێنێ .
مه‌لای مرۆڤ و پیاو چاك تا بۆی بكرایه هه‌وڵی ده‌دا هاوكاری ئه‌وانی تر بكات له‌م ساڵانه‌ی دوایدا خوا خوای بوو هه‌یبێت تا بتوانێ ده‌ستی یارمه‌تی بۆ ئه‌وانی تر درێژ بكات، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی له شیوعیه‌تی و چه‌په‌وه گه‌ڕابووه‌وه‌و سۆفیانه شه‌یدای دیداری خودا بوو، ئه‌و پیاوه شۆڕشگێڕ‌و ئهنفالزهدهیه له‌دواجاردا به‌ده‌ستی تیرۆریستێك شه‌هید كرا، ئه‌و تیرۆریستانه هێنده بێ‌ویژدان بوون به‌ره به‌یانێك له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی خۆی له شاره بێنازه‌كه‌ی كه‌ركوك شه‌هیدیان كرد.
سه‌وزه‌و جافان و بابه عه‌لی
سه‌وزه‌و بابه عه‌لی دوو كه‌سی ده‌رون نادرووستی گه‌رمیانی بوون ، ئه‌وان خه‌ڵكی گوندی جافانی سنوری قادركه‌ره‌م بوون، ئه‌و خوشك و برایه پاش ئه‌نفال هه‌ردووكیان له ئۆردوگای شۆڕش لهكهلاوهو په‌ناگه‌ی خه‌ڵكیدا ده‌ژیان ، سه‌وزه ئه‌وه‌نده‌ی باش بوو له قسه كردنا زۆر له بابه عه‌لی باشتر بوو ، بابه عه‌لی هێنده حه‌وسه‌ڵه‌ی قسه‌كردنی نه‌بوو ، من چه‌ندین جار سه‌ردانی سه‌وزه‌م ده‌كرد ، ئه‌و به دورو درێژی باسی ئه‌نفال و جافان و بابه‌عه‌لی و زۆر شتی تری بۆ ده‌كردم.
غازی مه‌لامحه‌مه‌د كه هونه‌رمه‌ندێكی كه‌ركوكی و گه‌رمیانی بوو به ژیانی سه‌وزه‌و بابه عه‌لی زۆر سه‌رسام بوو ئه‌مه‌ش وایكردبوو كه پۆرترێت و سكێچی تایبه‌تی ئه‌وان دروست بكات ، غازی هونه‌رمه‌ند زۆربه‌ی تابلۆكانی تێكه‌ڵه‌یه‌ك بوون له ئازاری ئه‌نفال و ئه‌و چیرۆكانه‌ی خۆی یه‌كێ بوو له‌كاره‌كته‌ره‌كانی، پاش مردنی بابه عه‌لی وێنه‌یه‌كی فۆتۆی ئه‌و كه غازی محه‌مه‌د بۆی گرتبوو، دایبهمن تا بیبه‌مه‌وه بۆ سه‌وزه كه بردم لێی وه‌رگرتم و ماچێكی كرد و ووتی” وه‌یش ئه‌وه بابایه” فرمێسك به‌ر نیگایان به‌ته‌واوه‌تی لێڵكردم و هیچم بۆ نه‌وتراو سه‌وزه‌م به جێهێشت، دوای چه‌ند رۆژ هه‌واڵی مه‌رگی سهوزهشیان بۆ هێنام، به‌و هه‌واڵه ته‌واو نیگه‌ران و دڵته‌نگ بووم ، ئاخر ته‌نیا ئاواتی سه‌وزه ئه‌وه‌بوو رۆژێ بێت بچێته‌وه جافان و به‌و ده‌رو دهشتهیا ئازادانه بگه‌ڕێت، سه‌وزه مردو ئه‌و ئاواته‌ی نه‌هاته‌دی، ئه‌و هه‌میشه باسی برا ئه‌نفالكراوه‌كه‌ی بۆ ده‌كردم، جارێكیان پێی ووتم بابه‌عه‌لی چوو بۆ سه‌ردانی ئه‌و، خه‌ڵكی ئه‌وناوچه‌یه‌ی له شۆڕش سهنگاویهكان سه‌وزه‌ی لێ‌بوو، هه‌موویان سه‌وزه‌یان خۆش ده‌ویست و هاوكاریان دهكردو جل و به‌رگ و كه‌ل و په‌لی دیكه‌یان بۆ دابین ده‌كرد، جارێكیان یه‌كجار به‌وه دڵخۆش بوو كه چه‌ند پارچه قوماشێكی ره‌نگاو ڕه‌نگیان بۆ هێنابوو تا بیكات به ” ده‌رپێ” ئه‌و په‌یتا په‌یتا نیشانی ده‌دام و بۆی باس ده‌كردم ، لام وانیه هێنده دوای ئه‌وه ژیابێت كه ئه‌و جل و به‌رگه تازه‌یه‌ی له‌به‌ر كردبێت ، له‌دوای مه‌رگی باباوه ئیدی ئه‌و هیچ بیانویه‌كی نه‌ما بۆژیان وه‌ك بڵێی ئه‌م دوانه ده‌مێ بێت یه‌ك چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی تر بكات بۆ مردن.
ئه‌نفال سه‌وزه‌و بابه عه‌لی له جافان و له‌كه‌س و كار دابڕی چیرۆكی ئه‌وانیش یه‌كێكه له‌وهه‌زاران چیرۆكی ئهنفالكردنهی كه به‌عس بۆ سڕینه‌وه‌ی كورد به‌ڕێیخست.
كیسه توتنه‌كه
له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه دكتۆر عوسمان قادر ، كه ئه‌و له به‌ریتانیا دكتۆرای له سه‌ر هێڵكاری لهستهمكاری ئه‌نفالدا ده‌خوێند پێكه‌وه له‌شۆڕش سه‌ردانی چه‌ند خانهوادهیهكمان كرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هێڵكاری مه‌ینه‌تیه‌كانیان بكێشێت به‌مه‌به‌ستی بابه‌تی دكتۆراكه‌ی، له‌وێ له‌ماڵی یه‌كێ له قوربانیه‌كان ، هاوسه‌ری قوربانیه‌كه چوو، له‌ژوورێكی دیكه كیسه‌ی توتن و پوزهوانهی هاوسه‌ره‌كه‌ی بۆ هێناین، دوای زیاتر له بیست ساڵ كیسه توتن و پوزهوانهكه ده‌تگوت چه‌ن ساتێكه هه‌ڵگیراوه نه‌ك چه‌ندین ساڵ وه‌ك ئه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی ووتبێتی تا بازاڕ ده‌چم و دێمه‌وه، هێنانی ئه‌و كیسه توتن و پوزهوانهیه به‌راده‌یه‌كی زۆر سڕی كردم ، هێشتا سیغاری ته‌نك پاك و پوخت له‌نێو توتنهكهدایه، ئه‌وه چ وه‌فایه‌كه ئه‌و خاتونه بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی هه‌یه‌تی، به‌راستی من ئازایه‌تی ئه‌وه‌م نه‌بوو پرسیاری لێبكه‌م ، لێ كێ ده‌ڵێت هه‌موو رۆژێ ئه‌و كیسه توتنه ده‌رناكرێت و بۆنی خۆش ناكرێت و هه‌ڵناگیرێته‌وه وه‌ك چۆن پوره حه‌به‌ش بۆ رانك و چۆغه‌ی كوڕه‌كانی هه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌كرد.
وه‌فای ئه‌و خاتونه بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی یه‌كێكه له‌سه‌دان نمونه‌ی دیكه‌ی خه‌ماوی تر، هه‌ر وه‌ك ئه‌و خاتونه‌ی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه یه‌ك شه‌و ته‌نیا یه‌ك شه‌و لای هاوسه‌ره‌كه‌ی بوو، دواتریش ئیتر ئه‌نفال هاوسه‌ره‌كه‌ی برد‌و ئیتر نه‌گه‌ڕایه‌وه، ئه‌ویش بڕیاری دا مانگی هه‌نگوینی خۆی و هاوسه‌ره ئه‌نفالكراوه‌كه‌ی به‌رێته دیوانی په‌روه‌ردگار.
چیرۆكی هه‌ڵگرتنی ئه‌و كیسه توتنه سه‌دان شه‌و له‌خه‌وی كردوم ، سه‌دان شه‌و له‌ناخی خۆمدا پرسیاری ئه‌وه‌م كردووه، ئاخۆ گوناهی هاوسه‌ری ئه‌و خاتونه چیه كه فریای ئه‌وه نه‌كه‌وێت كیسه‌ی توتنه‌كه‌ی به‌رێ له‌گه‌ڵ خۆی ، گوناهی چیه كهلهگوندێكی ئه‌م گه‌رمیانه‌وه ببرێت تا له بیبانێكی قاقڕدا بخرێته ژێر گڵه‌وه، ئه‌و پیاوه چ تاوانێكی ده‌رهه‌ق به‌و حكومه‌ته كردوه، كه‌به‌و جۆره لهناودرێت، یان خاتونی هاوسه‌ری تاوانی چیه كه‌ده‌بێت ئیتر به بێ بوونی هاوسه‌ری ژیانی مناڵه بێباوكهكانی په‌روه‌رده بكات.