Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
یۆتۆبیا

یۆتۆبیا

Closed
by May 7, 2008 ئەدەب

یۆتۆپیا

هیوا قادر ….
نه‌وروزی 2008

مناڵیم به‌نه‌وه‌
مناڵیی به‌نه‌وه‌ ده‌ستی خۆم

کتێب و ده‌فته‌ره‌کانم بخه‌نه‌وه‌ ناو جانتاکه‌م،‌
قژم شانه‌که‌ن و قۆپجه‌کانی کراسه‌که‌م داخه‌ن،
به‌ په‌رۆیه‌کی ته‌ڕ پێڵاوه‌ تۆزاوییه‌کانم بسڕن،
من ده‌ڕۆم، که‌س پێم نه‌ڵێت بۆ کوێ،
که‌س دوام نه‌که‌وێت، که‌س لێم توڕه‌نه‌بێ،
من ده‌چم بۆ هه‌موو شوێنه‌ جوانه‌کانی دنیا قوتابخانه‌ نه‌بێت،
من هه‌موو پیاوه‌کان ده‌که‌م به‌باوکی خۆم مامۆستاکانم نه‌بێت.

مناڵیم به‌نه‌وه‌،
تا ئاسمانی شینی شار به‌په‌ڕه‌ی کتێبه‌کانم پڕکه‌م له‌کۆلاره،‌
تاگێژه‌لوولکه‌ی ئاسمانی ته‌نهایی ئێواران پڕکه‌م له‌په‌ڕه‌ی ده‌فته‌ری دڕاو،
تاچی حه‌رفی خه‌مبار هه‌یه‌ بیخه‌مه‌
سه‌ر پشتی ئه‌و که‌ره‌ی
که‌ منداڵێک بۆ یه‌که‌مجار به‌خه‌تێکی خواروخێچ له‌سه‌ر دیواری کۆڵان ده‌ینووسێت.
با مناڵان بێن، با مناڵانی کۆڵانه‌ خه‌مباره‌کان بێن
هه‌رچی حه‌رفی ده‌فته‌ر و کتێبه‌کانیانه‌ هه‌ڵیڕێژنه‌ به‌ر ده‌رگا،
تا چاو پڕبێت له‌ ڕه‌شکه‌وبێشکه‌ی ئه‌و حه‌رفانه‌ی که‌ پڕن له‌ خه‌یاڵ،
پڕن له‌ یاقووتی نه‌بینراو.
بۆ ئه‌وه‌ی بوێرم
نیوه‌ڕوانی کۆڵان پڕکه‌م له‌ جیکه‌ی په‌ڕه‌سێلکه،‌
تا به‌حه‌رفێکی شین
ڕووبار ڕاکێشم بۆ ئه‌و شارانه‌ی که‌ پردیان هه‌یه‌ و ئاویان نییه‌.
تا ڕووناکی بخه‌مه‌ ناو ئه‌و ژوورانه‌ی
که‌ ده‌رگایان هه‌یه‌ و په‌نجه‌ره‌یان نییه‌.
تا به‌حه‌رفێکی سوور بنووسم خونچه‌ و
بیخه‌مه‌ باخه‌ڵی پیره‌مێردێکی کوێر.
به‌ده‌م که‌روێشکه‌ خه‌وه‌وه‌ به‌ حه‌رفێکی سه‌وز ڕێحانه‌ به‌ ئه‌گریجه‌ی پیرێژنه‌وه‌ هه‌ڵواسم.
تا دایکم خه‌نی که‌م به‌کڕینی کولێره‌یه‌کی پڕ له‌ کونجی،
که‌ده‌یه‌وێت قرچه‌ی نیوه‌ڕۆیه‌ک به‌ کاسه‌یه‌ک ماستاو فێنک بکاته‌وه‌.

به‌ پاره‌ی ڕۆژانه‌که‌م هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی دنیا ده‌کڕم که‌ بۆ فرۆشتن نین،
پێش هه‌رشت خودا ده‌کڕم و ئه‌یخه‌مه‌ ژێر مریشکێکی کڕ که‌وتوه‌وه‌ و‌
پێێ ده‌ڵێم گه‌ر بێده‌نگ نه‌بیت؛
به‌و مریشکه‌ ده‌ڵێم تۆ ده‌نکێک گه‌نمیت تا بتخوات.
ئاگردانێک پڕئه‌که‌م له‌ پشکۆی ڕه‌نگاوڕه‌نگ له‌به‌رده‌م ئه‌و فریشته‌ باڵ ته‌ڕانه‌ی
که‌ کلوی به‌فر له‌ ئاسمانه‌وه‌ خستونیه‌ته‌ خواره‌وه.
شوشه‌ی به‌تاڵی سه‌رخۆشه‌کان پڕده‌که‌مه‌وه‌ له‌ مه‌ی،
‌گرفانی به‌تاڵی سۆزانیه‌کان له‌ ئابڕوو،
سه‌رسامی منداڵێک له‌یه‌که‌م به‌فر بارین، ئه‌به‌خشم به‌بێزاری،
حه‌وزێک خه‌نه‌ که‌ خه‌یاڵی به‌جۆش تیا قوڵپه‌قوڵپ بکات، بۆ ژنانی گه‌ڕه‌ک ده‌کڕم،
بۆ ئاوڕشێنی به‌ردارگا
سه‌تڵی کچان پڕده‌که‌م له‌ زه‌نگیانه‌ و شه‌راب،
تاکوڕان سه‌رخۆشبن به‌ خه‌یاڵێک که‌ ژیان تێیدا جوانه.‌

گه‌ر ئێوه‌ منداڵیم به‌نه‌وه‌ هه‌موو خشڵه‌ جوانه‌کان له‌چه‌ته‌کانی دنیا ده‌سه‌نمه‌وه،
هه‌موو تفه‌نگه‌کان ده‌که‌مه‌وه‌ به‌ قوڕ و ده‌یده‌مه‌وه‌ ده‌ستی منداڵان،‌
به‌ لاستیکه‌که‌ی پۆلی یه‌کی سه‌ره‌تاییم
فڕۆکه‌ و تانک و تفه‌نگی ناو وێنه‌کان ده‌کوژێنمه‌وه،‌
ناهێڵم فڕۆکه‌ بفڕێت بۆ ئه‌وه‌ی حاجی له‌قله‌قه‌کان بتوانن به‌رز بفڕن،
ناهێڵم تانک بته‌قێت بۆ ئه‌وه‌ی باپیره‌م له‌ژێر سێبه‌ری دارگویزه‌کاندا هه‌ر بپرخێنێت،
ناهێڵم تفه‌نگ ده‌نگی بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز من میز نه‌که‌م به‌ خۆما.
منداڵێم به‌نه‌وه،‌
تا به‌لاستیکه‌که‌ی پۆلی یه‌کی سه‌ره‌تایم
وێنه‌ی هه‌موو سه‌رۆکه‌کان بکوژێنمه‌وه،
‌توڕه‌بوونی سه‌ر ڕوخساره‌کان لابه‌م،
داری ده‌ستی پۆلیس بکوژێنمه‌وه‌،
که‌له‌پچه‌ له‌ده‌ستی زیندانیدا بپچڕێنم،
قه‌فه‌زه‌کان هێنده‌ قایم بکوژێنمه‌وه‌، تا ئاسمان پڕ ده‌بێت له‌ باڵدار.‌
به‌لاستیکه‌که‌ی ده‌ستم سه‌رسنگی هه‌مووان هێنده‌ ته‌نک ده‌که‌مه‌وه‌
تا دڵ دیار بێت گه‌ر درۆ بکات.
تاڕووخسار هێنده‌ ڕوون بێت، زمان بچێت بۆ سه‌یران.

مناڵیم به‌نه‌وه‌ تا به‌ لاستیکه‌که‌ی ده‌ستم دوکه‌ڵی جه‌نگه‌کان بکوژێنمه‌وه‌
جێ فیشه‌کی شه‌هیده‌کان بکوژێنمه‌وه‌
مردن بکوژێنمه‌وه‌ و له‌جێگاکه‌یدا بنووسم ژیان.
مناڵیم به‌نه‌وه‌
منداڵی به‌نه‌وه‌ ده‌ستی خۆم.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.