ئاسۆی لاوان ڕوونه..ئیدی کاک ئارێز له‌ئه‌لفه‌وه تا یای به‌که‌م بزانێت یان..!
ئاراس وه‌لی……
ده‌گێڕنه‌وه… پارلهمهنتارێک کۆمه‌ڵێ کلیلی بزر کردووه و له‌به‌ر تیشکی ڕۆشنایی دارئهلهتریکێکدا بهدوییاندا ده‌گه‌رێت..کاتێک لاوێک به‌لای په‌رله‌مانتاره کلیل بزرکردوهکهدا تێده‌په‌ڕێ و پرسیار ده‌کات ئاخۆ ئه‌و پارله‌مانتاره چی بزرکردووه و له چی ده‌گه‌رێت، پارله‌مه‌نتاری کلیل بزرکردوو ده‌ڵێ: کۆمه‌ڵێ کلیلم بزرکردووه..! دووباره گه‌نجه‌که ده‌پرسێ..ئه‌دی لێره‌دا بزرت کردووه؟ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێ: نه‌خێر.. به‌ڵام لێره‌م ڕووناکتر ده‌ستناکه‌وێت، تا خۆم سه‌رقاڵی گه‌ڕان بکه‌ن..!
ئارێز عه‌بدوڵا، پێی وایه وه‌رزش وپرسی لاوان زیاتر مۆدێلێکی وه‌ڵاتانی دیکتاتۆره وه‌زاره‌تێک له کابینه‌ی داهاتووی حکومه‌تی ئاینده‌دا بۆ وه‌رزش و لاوان چ پێوست ناکات بوونی هه‌بێت..! چونکه ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ی ئێستا بۆ وه‌رزش ولاوان دانراوه به ته‌عبیری ئه‌م سه‌رۆک لیژنه‌ی ڕۆشنبیریه له ئه‌لفه‌وه تا یای هه‌موی هه‌ڵه‌یه..! هیواداریشه ئه‌و وه‌زاره‌ته پێش بچوککردنه‌وه‌ی حکومه‌تیش نه‌مێنێت. 1
.
فه‌رهه‌نگی لێدوان و ئاخاوتن و به‌خشینی زانیاری هونه‌ری خۆی هه‌یه، جیاوازه له‌وه‌ی به‌ده‌م فڕکردنی چاخواردنه‌وه و دۆمینهکردنهوه مرۆ له خۆیه‌وه و بۆ کات به‌سه‌ربردن و بێ هیچ به‌رپرسیارێتیه‌ک و به ته‌رزێکی فره هه‌ژارانه و خه‌مسارد قسان بکات..! هونه‌ری به‌کار هێنانی وشه و ده‌سته‌واژه‌ی گونجاو و له‌بار بۆ ئه‌ندام په‌رله‌مان گه‌لێک گرنگه. به‌تایبه‌تیش ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه سه‌رۆکی لیژنه بێت..خۆ ئه‌گه‌ر لیژنه‌که‌ش هی ڕۆشنبیری بێت ئیدی جه‌نابی سه‌رۆکی ڕۆشنبیری نه‌ک هه‌ر نابێت وه‌ک مۆدێلی چایخانان لێدوان بدات، به‌ڵکو پێوسته زمانی ده‌ربڕین، وشه‌سازی له ئاستێکی فیکریی به‌رزدا بێت. زانیاری هه‌ڵه و لاکۆڵان، وا ده‌ڵێن و وه‌هام نه‌گوتوه، به هه‌ڵه لێم حاڵی‌بوون و باسی فهرههنگخانهم هه‌ر نه‌کردووه… هتد نابێت له گوتاری به‌رپرسی زێدهگرنگی لیژنه‌ی ڕۆشنبیریدا وجودی هه‌بێ.
دیاره کاک ئارێز له‌به‌رئه‌وه‌ی زانیاری دروستی لایه،که "له هه‌موو دنیادا ئه‌و وه‌ڵاتانه‌ی که دیکتاتۆرن گرنگی به وه‌رزش و کۆنترۆلکردنی لاوان ده‌ده‌ن" له‌به‌ر دروستی و ڕاستی ئهوزانیاریهشه که بوونی وه‌زاره‌تێک بۆ پرسی وه‌رزش ولاوان به‌هه‌ڵه ده‌زانێت. 2
دروستی ئه‌و زانیاریه‌ی کاک ئارێزی وای لێکردووه خوازیار بێت،ته‌نانه‌ت" پێش بچوکردنه‌وه‌ی حکومه‌تیش " به‌ته‌عبیری خۆی ئهووهزارهته نه‌مێنێت.چونکه وه‌زاره‌تی وه‌رزش ولاوان دووباره بهتهعبری جه‌نابیان له‌ئه‌لفه‌وه تا یای به‌زیاد ده‌زانێت. بۆ زانیاری کاک ئارێزلهئهلفهوه تا یا پیتی "ف" یش ده‌گرێته‌وه ومه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ئه‌م وه‌ڵامه‌ی به‌نده‌ش دروست کۆنسێپتی فهرههنگخانهکانی وه‌زاره‌تی وه‌رزش ولاوانه. وه‌ک که‌سێکی ئاگادار و به‌رپرسیار له‌کار و چالاکی فهرههنگخانهکانی ده‌ڤه‌ری سلێمانی وگه‌رمیان وه‌ک به ده‌نگ هاتنێکی ویژدانی ده‌رباره‌ی گوته‌کانی کاک ئارێز بێمه ده‌نگ.
ئه‌و میکانیزمه‌ی له‌پشتی ئه‌م جۆره لێدوانانه‌وه کار ده‌کات له بڵاوکردنه‌وه‌ی زانیاری هه‌ڵه به‌شێکی زێدهگرنگی جورئه‌تی نه‌زانینه. چونکه ئه‌وه‌ی لای زۆرێک له خه‌ڵک ئاشکرایه و هه‌موو که‌سێک ده‌توانێت زانیاری ئه‌وه به‌ده‌ست بهێنێت که نه‌خێر وه‌ڵاتانی دیموکرات وپێشڤه‌ڕۆ گرنگی و بایه‌خی زۆر تایبه‌تی ده‌ده‌ن به وه‌رزش و پرسی لاوان.
ساڵانه به ده‌یان ملیارد دۆلار بۆ پرسی وه‌رزش ولاوان له وه‌ڵاتانی جیاوازی ئه‌م گۆی زه‌مینه‌دا ته‌رخان ده‌کرێت. به‌سه‌دان و هه‌زاران نێوه‌ندی وه‌رزشی و بواری لاوان له وه‌ڵاتانی پێشکه‌وتوو نه‌ک دیکتاتۆردا هه‌یه. سه‌دان تێزونامهی دکتۆرا له‌سه‌ر وه‌رزش وڕه‌وشی لاوان له‌لایه‌ن که‌سانی پسپۆر‌و شاره‌زاوه له زانکۆ باوه‌ڕپێکراوه‌کانی دنیادا.. دنیای مرۆڤ دۆستانه‌و دیمۆکرات و ئازاد نه‌ک دیکتاتۆر ساڵانه ده‌چێته سه‌ر خه‌رمانی فه‌رهه‌نگی لاوان. وه‌رزش له زوربه‌ی وه‌ڵاتانی ئه‌وروپادا سه‌رچاوه‌یه‌کی دارایی گرنگه بۆ ماڵیاتی خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی وه‌رزش و لاوان وه‌کو چه‌کێکی زێده کاریگه‌ر (شمشێری دوو ده‌م) له ته‌واوی جیهاندا بۆ دژایه‌تی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسی وکێشه‌کانی ماده‌هۆشبه‌ره‌کان (نارکۆتیکا) بایه‌خی گه‌لێک زۆر زیاتری له‌وه پێده‌درێت که کاک ئارێز به دوو ڕسته به‌زیاد و هه‌ڵه و مۆدێلی دیکتاتۆری له‌کۆڵ خۆی و لیژنه‌ی رۆشنبیری په‌رله‌مان و کابینه‌ی حکومه‌تی داهاتوی کوردستانی بکاته‌وه..!
ناوی وه‌رزشوانانی وه‌ڵاتانی دیمۆکراسی گه‌لێک زیاتر له سیاسه‌تمه‌داران و په‌رله‌منتاره‌کانیان ناوبانگیان دره‌وشاوه‌تره.. سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌یی و شانازی میللی زۆرێک له وه‌ڵاتانی جیهان ئیمڕۆ دروست له‌و کاتانه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت،که وه‌رزشوانێک به ئاڵای وه‌ڵاتی خۆیه‌وه بوونی نه‌ته‌وه‌یی خۆی به‌بینه‌رانی هه‌موو جیهان ڕاده‌گه‌یه‌نێت. چه‌نده مه‌زن ده‌بوو هه‌ستی به‌خۆنازینی ئێمه‌ی کورد ئه‌گه‌ر ڕۆژێک گه‌نجانی کوردی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان به ئاڵای ڕه‌نگینی کوردستانه‌وه مژده‌ی سه‌رکه‌وتنی خۆیان وه‌ک بروسکه له ڕێگای که‌ناڵه ئاسمانیه جیهانیه‌کانه‌وه ڕابگه‌یاندایه.
بۆ به دیهێنانی ئه‌و خه‌ونه‌ی گه‌نجانی کوردستان، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و به‌رپرسانی خه‌مخۆری کورد و کوردستان نه‌ک نابێت وه‌زاره‌تێک بۆ وه‌رزش و لاوان به زیاد بزانن. به‌ڵکو ده‌بێت بوونی وه‌زاره‌تێک دروست بۆ پرسی وه‌رزش و لاوان به‌هه‌ند بگرن .
له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی وه‌ڵاتی ئێمه‌دا،که دواکه‌وتویی و نه‌زانی و هه‌ژاری و ژن‌کوژی و نائاگایی بوونه‌ته دیارده‌ی سه‌لمێنراو، په‌یوه‌ندی وه‌رزش له‌ته‌ک په‌روه‌رده‌کردنی لاوان‌دا، نه‌ک هه‌ر وه‌زاره‌تێکی تایبه‌تی پێوسته، به‌ڵکو ده‌بێت ده‌یان و سه‌دان ئینستیتوت وده‌زگا و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وه‌رزشی لاوان بێنه دروستکردن بۆ کاری جددی بۆ لاوان. بودجه‌ی شایسته‌ی بۆ ته‌رخان بکرێت، نه‌ک له‌ئه‌لفه‌وه تا یای به‌زیاد بزانرێت.
بوژانه‌وه‌ی ژێرخانی وه‌رزشی چی که‌متر نییه له دروستکردنی نه‌خۆشخانه‌ی مۆدێرن و دایه‌نگا و قوتابخانه و په‌یمانگا و زانکۆی پڕ له وه‌رزش تا گه‌نجانی کوردستان به په‌روه‌رده‌یه‌کی دروست بکرێنه تاکی لێهاتوو، بۆ ئاینده‌یه‌کی ڕووناکتر وساخلهمتر. وه‌رزش ولاوان ده‌بێت بوونیان له هه‌موو پێکهاته‌ی جڤاکی کوردی‌دا هه‌بێت. خۆرتی کورد به‌وه‌رزشی به‌رده‌وام و به‌په‌روه‌رده‌یه‌کی دروست بکرێنه سوپای پاراستنی ده‌سکه‌وته‌کانی ڕاپه‌ڕین وخه‌باتی پڕ له قوربانی نه‌ته‌وه‌که‌مان.
چاتربوو کاک ئارێز دیدی هه‌بوایه له نوشوستیهکانی په‌رته‌وازه‌یی دیموکراسی لای گه‌نجی کورد. هه‌موو ده‌زانین که ئه‌زمونی دیموکراسی به‌ته‌نها سه‌رناکه‌وێت. په‌راوێز خستنی گه‌نجان زه‌نگی مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌یه.
خه‌ته‌ری ئه‌م شێوه بیرکردنه‌وه‌ی کاک ئارێز له‌وه‌دایه ده‌ره‌نجامی ترسناکی له‌سه‌ر کۆی به دیموکراتیزه‌کردنی کۆمه‌ڵگای کوردی ده‌بێت. ئه‌و مۆدیلی ڕه‌فزکردن و به‌هیچ نه‌گرتنی کار و به‌رنامه‌ی جددی له هه‌مبه‌ر گه‌نجانی کوردستان…ئه‌و که‌مته‌رخه‌میه له به‌ده‌ستهێنانی زانیاری و خه‌مساردیه له کار و چالاکی بزاڤی ڕۆشنبیری لاوان‌دا..! مه‌خابن.. جگه له جورئه‌تی نه‌زانین وترس له‌فێربوون چ ته‌فسیرێکی بۆ ده‌کرێت..!؟
خه‌ونی لاوانی کوردستان بریتیه له ڕوخاندنی ستراکتۆری پاشماوه‌کانی به‌عس. .لاوان ده‌یانه‌وێ هه‌یمه‌نه و ده‌سه‌ڵاتی ڕاسته‌وخۆی حیزب له‌سه‌ر ده‌زگاکانی ده‌وڵه‌تی وبازاڕ و ڕاگه‌یاندن که‌م بکه‌نه‌وه. سه‌روه‌ری بۆ کلتورێکی سیاسی نوێ بێت،که کار له‌سه‌ر بنچینه‌ی شه‌فافیه‌ت و ڕێزگرتنی جیاوازیه‌کان بکات.
خه‌ته‌ری ئه‌م جۆره دید و بۆچوونانه له‌وه‌دایه،که له هه‌ناوی ئهودیدهدا ترسێک، گومانێک، دوودڵیه‌ک هه‌یه له خودی پێناسه‌ی دیموکراسی که له دوائه‌نجامدا کۆمه‌ڵێ فه‌رمانبه‌ری که‌مته‌رخه‌م وئیفلیج به‌رهه‌م دێنێت که شه‌رعیه‌ت ده‌ده‌نه دیکتاتۆری.
فهرههنگخانهکانی کوردستان به پشتوپه‌نای ده‌سته‌ی هه‌ڵبژێردراوی گه‌نجان له کوڕان و کیژان، ئه‌وه‌ی نه‌بینراوه هێناویانه‌ته ناو ئاسۆی بینین.
ئه‌و ده‌ڤه‌ر و ناوچانه‌ی په‌راوێز خرابوون، به‌چالاکی فه‌رهه‌نگخانه‌کان توانرا بخرێنه ناو سنووری سه‌رنجدانه‌وه. چونکه پرۆسه‌ی دیموکراسی زیندوکردنه‌وه و چالاک کردن و به‌شداریکردنی دهستهوتوێژه فه‌رامۆشکراو و چه‌پێنراوه‌کانه.. زیندوکردنه‌وه و ئاشتکردنه‌وه‌ی لاوانی که‌رکووک و مه‌خموور و پشده‌ر و شاره‌زوور و دۆڵی جافایهتیه. که ساڵانێکه فه‌رامۆشکراون و چاوه‌نواری لیژنه‌ی ڕۆشنبیری په‌رله‌مانن سه‌ردانێکی ئاساییان بکات.
داهاتوی لاوانی کوردستان ئاسۆی ڕوونه، ئیدی کاک ئارێز له‌ئه‌لفه‌وه تا یای ئاسۆی گه‌نجان به‌که‌م یازیاد بزانێت..!
لهفهرههنگخانهکانی کوردستاندا گه‌نجانی پڕئومێد خۆیان ته‌یارده‌که‌ن.داهاتوی خۆیان پڕکردووه له ئه‌گه‌ری ئومێد و خه‌ونی ئازادی و دروستکردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی دیموکرات. ئازادانه خۆبه‌خش کارده‌که‌ن. ترسیان له فێربوون نیه. سه‌رگه‌رمی فێرکارین له زمان و داتاکاری و ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی فه‌رهه‌نگی ژیاری خۆیان. تا سبه‌ی ببنه ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئایندهی کوردستان.
له کۆتایدا ده‌مه‌وێ ئه‌وه به کاک ئارێز بڵێم که ئه‌م بابه‌ته هێنده‌ی لێدوانه له‌گه‌ڵ سیستێم و دیدی کاک ئارێز بۆ گه‌نجان و وه‌رزش، هێنده په‌یوه‌ندی به‌خودی ئارێز عه‌بدوڵاوه نیه.. ڕوونکردنه‌وه‌که وه‌ڵامه بۆ ئه‌و عه‌قڵه‌ی ئێستاش له ساختاری دامه‌زراوه هه‌مه‌جۆره‌کانی په‌رله‌مان و حکومه‌تدا به نه‌فه‌سێکی مه‌ترسیدار و به دیدی ڕاسیستانه سه‌یری ژیان وئینسان ده‌کات.
کونسێپتی فه‌رهه‌نگخانه‌کان له سیاسه‌تی وه‌زاره‌تی وه‌رزش و لاوان‌دا بۆ به‌شداریکردنی گه‌نجی تۆراوی کوردستان له دروستکردنه‌وه‌ی ساختاری وه‌ڵات هاته کایه‌وه .تا لاوان کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆیان هه‌بێت له بنه‌بڕکردنی هه‌ژاری مه‌عریفی به‌ره‌و ئاسۆیه‌کی گه‌ش وئاستێکی فێرکاری به‌رز.
بۆ دروستکردنی ئه‌و شائامانجهش که لاوان بتوانن سه‌ربه‌خۆ و بڕوابه‌خۆ وێنای خۆیان هه‌بێت له هه‌مبه‌ر پرسه سه‌ره‌کیه‌کانی زایه‌ند، ژینگه، سیاسه‌ت، ئیکۆنۆمی، هه‌ژاری، بێ‌کاری، نارکۆتیکا، جه‌نگ، نه‌خۆشی.. هتد پێوستمان به کات وکاری زیاتر و کادری کارامه و لێهاتوی گه‌نج هه‌یه، حکومه‌ت و په‌رله‌مانیش ببنه پاڵپشت و هاوکار نه‌ک نه‌یار..
1-هه‌فته‌نامه‌ی ڕووداو ژماره 2ی دووشه‌می 14-4-2008 لاپه‌ره 12
2- هه‌مان سه‌رچاوه
ئاراس وه‌لی
فهرههنگخانهکانی ده‌ڤه‌ری سلێمانی وگه‌رمیان