سفر… هەرێز ڕۆژیار
Closed
ماڵێ من
بە پەنا شینایی ئاسمانی فیراقەوەیە
یەکەمین بروسکە ، یەکەمین گەردەلوول
تەخت و تاراجی ماڵەکەی من تێک دەدا
من لە کۆڵانی هەورەکاندا ئێواران پیاسە لەگەڵ خەمێکدا دەکەم
لەگەڵ فریشتەکاندا شەوانی مەستیم بەسەر دەبەم
ئەو کۆڵانەی منی وونبووی تێدا دەژیم
فریشتەی عەشق کوژ دراوسێی دەستی راستمە
فریشتەی شەرانگێزی دراوسێی دەستی چەپمە
بەرامبەریشم ماڵی ئیبلیسە
بۆیە خودا هەمیشە غەزەب لەو کۆڵانەی ئێمە دەگرێت
ئەو ماڵەی من بێ پەنجەرەیە
هەمیشە باو بۆرانەکان دێتە ژوورێ کتێبخانە بچوکەکەم تەر دەکەن
پاشانیش شووشەی شەرابە بەتاڵەکانم لێ دەشکێنێت
زۆر جاران عیسا بەخۆی و مێگەڵێکەوە دێن وشەر بە
فریشتە و شەیتانەکانی گەرەکی ئێمە دەفرۆشن و ڕووبارێک خوێن دەڕژن
!!دەگەرێنەوە بۆ کۆڵانی دەوڵەمەندەکان لە ئاسمانی یەکەمی خودا