
بیست و حه‌وتی سێ …. داستان به‌رزان
ئه‌و به‌رواره‌ی كردوومانه‌ته ناونیشانی كۆمێنتی ئه‌مجاره‌مان، ڕۆژێكه به ڕۆژی جیهانی شانۆ ده‌ست نیشانكراوه، له‌م ڕۆژه‌دا له‌لایه‌ن (iti) كه په‌یمانگایه‌كه بۆ شانۆی نێونه‌ته‌وه‌یی كه‌سێكی به‌رچاو له شانۆی جیهانیدا دیاری ده‌كرێت بۆ نووسینی وتارێك، ئه‌مساڵیش كۆمیدیانووس (داریۆفۆ) ئه‌و وتاره ده‌نووسێت، تاكو ئێره باسێكی كورتی ئه‌و ڕۆژه بوو، ئه‌وه‌ی لێره به دواوه باسی ده‌كه‌ین ئه‌وه‌یه ئه‌م ڕۆژه تا چه‌ند له دونیای ئێمه‌دا بایه‌خی هه‌یه؟ ئایا ئێمه گه‌لێكی هێند هۆشیارین كه پێویستمان به شانۆ نه‌بێت؟
زۆر شتی گرنگ هه‌ن له دونیای ئێمه‌دا جێگه‌ی بایه‌خ نین، وه‌ك چۆن زۆر شتی لاوه‌كی و بێ بایه‌خیش هه‌ن لای ئێمه گرنگییه‌كی زیاد له پێویستیان پێده‌درێت، ئه‌مه‌ش وابه‌سته‌یه به بینینی ئێمه‌وه بۆ شته‌كان، كه زۆرجار بینینێكی به‌رته‌سكه و كه‌متر خۆی له قه‌ره‌ی شته جیهانی و گه‌وره‌كان ده‌دات.
ته‌مه‌نی هونه‌ری شانۆ لای ئێمه به شێوه‌یه‌كی كۆكراوه و له ئاستێكی تاڕاده‌یه‌ك زانستیدا له چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك تێپه‌ڕ ناكات، زۆر به ئاسانی ده‌توانین ئه‌و كه‌سانه ده‌ستنیشان بكه‌ین كه ده‌ستیان هه‌بووه له به زانستی كردنی شانۆی كوردیدا، كه‌چی هه‌ر زوو ئه‌م هونه‌ر وه‌لانراو و له ئێستادا كه‌من ئه‌و كه‌سانه‌ی هونه‌ری شانۆ به شتێكی گرنگ ده‌زانن له ژیانیاندا و ده‌چنه سه‌یری.
هه‌ر گه‌لێك زانینی وه‌ك پێداویستییه‌ك ته‌ماشا نه‌كرد، شانۆش له‌لای بێ بایه‌خه، چونكه كاری سه‌ره‌كی شانۆ خرۆشاندنی بیر و به‌یانكردنی حه‌قیقه‌تی مرۆڤه، هه‌ر بۆیه ده‌بینین كاتێك ده‌چینه نمایشێكی جددی ژماره‌ی ئاماده‌بووان ناكاته ژماره‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌ی كه كاستی شانۆییه‌كه پڕۆڤه‌یان تێدا كردووه، بۆیه زۆرجار نائومێدی شانۆكارانی لێده‌كه‌وێته و هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ره‌و دراما ته‌له‌فزیۆنییه‌كان بڕۆن، تاكو له‌وێوه زیاتر بناسرێن و ببنه جێگه‌ی سه‌رنج.
زانین شتێكه ده‌بێت بۆی بڕۆیت، ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاویش له ئێمه ئه‌وانه‌ین كه حه‌زمان به زانین نییه، بۆیه له ماڵه‌وه دادهنیشنین و چاوه‌ڕێی شاشه‌ی تیڤییهكانمان ده‌كه‌ین، تاكو ئه‌وه‌ی خاوه‌ن كه‌ناڵه‌كان ده‌خوازن بیكه‌ن به ناخماندا.
ده‌بوو له شارێكی وه‌كو سلێمانیدا كه ناوی شاری ڕۆشنبیریی لێنراوه، ڕۆژانه نمایشی شانۆیی هه‌بووایه، كه‌چی مانگانه‌ش نمایشێكی شانۆیی نا‌بینیت، یاخود له شارێكی وه‌كو هه‌ولێر، كه بڕیاره بكرێته یه‌ك له شاره جوانه‌كانی جیهان، ساڵانه له ڕۆژی جیهانی شانۆدا ته‌واوی شه‌قام و كۆڵانه‌كانی بكرایه‌ته شوێنی نمایش، كه‌چی دوو نمایش و دوو سیمیناری باشی شانۆیی نا‌بینیت، ده‌بوو له ته‌واوی شارۆچكه و قه‌زا و ناحییه و گه‌ره‌كه‌كاندا هۆڵی تایبه‌ت به شانۆ هه‌بووایه، تاكو لهوێوهێشهوه به‌هره‌كان گوزارشتیان له خۆیان بكردایه، كه‌چی وه‌ك پێویست ئاسانكاری بۆ ئه‌و قوتابیانه ناكرێت كه ده‌چنه شار یاخود ناوچهیهكیتر بۆ خوێندنی شانۆ.
شانۆ له ناو ئێمه‌دا نرخی نییه، هه‌ر بۆیه ئه‌و ڕۆژه‌شی كه دانراوه وه‌ك ڕۆژێك بۆ شانۆ، به‌بێده‌نگی دێت و ده‌ڕوات، ئه‌وانه نه‌بێت كه نزیكن له ده‌زگا و ناوه‌ند و دامه‌زراوه‌كانی شانۆوه، زۆر به كه‌می خه‌ڵكانی دیكه لێی ئاگادارن.
تێبینی: ئه‌م نووسینه یه‌كێكه له نووسینه‌كانی گۆشه‌ی (كۆمێنت) له هه‌فته‌نامه‌ی (نسێ).