
هەندێک جار … نەوزاد بەندى
هەندێکجار شیعر تەڵاق ئەدەم ..
ناگونجێین و بڕایەوە ..
ئەو کاتانە ،
تەنانەت دەنگى فەیروزیش پەستم ئەکا ..
تەنانەت ڕەنگى نێرگزیش ..
بۆنى گوڵە باخە پەمەییەکانیش ، پەستم ئەکەن ..
ئەو کاتانە ،
هیچ دیوارێک ، دەرگا و پەنجەرەى نامێنێ ..
هیچ چاییەک ، شەکرى تێدا نامێنێ ..
هیچ ڕوخسارێک پێکەنینى تیا نامێنێ ..
چاو ، خەوى لێ ئەدزن ..
گەدە ، خواردن ..
ئیتر شیعر تەڵاق ئەدەم ..
پاش چەند ڕۆژێک ،
دوو بە دوو ئەچین بۆ لاى ،
مەلایەکى شارەزا ،
تەڵاقەکەمان بۆ چاک ئەکاتەوە و
مەبلەغێکمان لێ ئەسێنێ .. !
* * *
شیعر هەیە ناوى نیە ..
سەنەوى و
ژمارە و
ناسنامە و
فۆرمى خۆراک و
کارتى کوتان و
ڕەگەزنامەى نیە ..
وەکو مناڵى دووەم
لە وڵاتى چین .. !
* * *
پیاوێک زۆر شانسى هەبوو ..
خزمى زۆر بوو ..
لە هەموو دائیرەیەکدا ،
چاى بۆ بانگ ئەکرا ..
سک چوون نەبووایە ،
ئەو پیاوە بە هیچ شتێک نەدەمرد
* * *
لە جیاتى گوڵەبەرۆژە ،
ئەمشەو خەممان خوارد ..
چونکە بۆمان دەرکەوت ،
مناڵەکەمان فێرى درۆ بووە ..
میزى کردووە بە خۆیدا ،
وتویەتى : ئاوى فوراتە ..
* * *
دەمەو عەسرێکى درەنگ ،
ویستم خۆم بکوژم ..
دواى ئەوەى بۆم دەرکەوت ،
بون و نەبونى من ،
وەک بون و نەبونى سمێڵ وایە لەم سەردەمەدا ..
ئەوەى پەشیمانى کردمەوە ،
مناڵەکەم بو ،
کە هاوارى ئەکرد :
باوکە! ئێمە حازرین ، بمانبە بۆ سیتى ستار !