میرنامه… شاعیر و میر
ڕۆمانێكی ناوازه‌ی ڕۆماننووسی كوردی نووسی ڕۆژئاوای كوردستان (جان دۆست)ـه. كه ساڵی 2008 له شاری ئه‌سته‌نبووڵ به‌كوردی چاپی كردووه و دواتر هه‌ر خۆی كردوویه‌تی به‌عه‌ره‌بی، له دار الكلمه له ابو ڤبی چاپكراوه. شایانی باسه ئه‌مه سێیه‌مین ڕۆمانی نووسه‌ره.
ئه‌م ڕۆمانه وه‌ك ڕه‌مز باس له شاعیری مه‌زن ئه‌حمه‌دی خانی ده‌كات، چۆن له مزگه‌وت گوتاره‌كانی و له نووسینهكانیشیدا هانی خه‌ڵك ده‌دات بۆ دژوه‌ستانه‌وه‌ی میر و ده‌ره‌به‌گه خۆفرۆشه كورده‌كان و نه‌چوونی كوردان و به‌شداری نه‌كردنیان له شه‌ڕی سه‌فه‌وی و تورك. هانیان ده‌دات خۆیان نه‌كه‌نه سووته‌مه‌نی شه‌ڕی داگیركه‌ران و له دژیان بوه‌ستنه‌وه، له ئه‌نجامی ئه‌م كارانه‌یدا میر پیلانی ژه‌هر ده‌رخوارددانی بۆ داده‌ڕێژێت و خانی به‌نه‌خۆشییه‌كی په‌نهان گیانی له‌ده‌ست ده‌دات، له‌و ڕۆژه‌شدا كه به‌ره‌و گۆڕستانی به‌ڕێی ده‌كه‌ن، له‌بری باران مه‌ره‌كه‌ب ده‌بارێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاسمانیش بۆی بگرێت.
ڕۆمانێكه ته‌كنیكی نوێی تێدا به‌كار هێناوه و له هه‌ر به‌شه‌دا كاراكته‌رێك ده‌گێڕێته‌وه و له دید و بۆچوونی خۆیه‌وه بۆ مه‌رگی خانی ده‌ڕوانێت. به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ر یه‌كێك له كاراكته‌ره‌كان له ڕۆمانه‌كه دابڕین و مافی قسه‌كردنی لێ بستێنینه‌وه ڕۆمانه‌كه ناته‌واو ده‌بێت.
ڕۆمانێكه هه‌ر كه ده‌یخوێنیته‌وه خه‌می ئه‌وه‌ت له‌دڵدا ده‌ڕوێت بۆچی ئێمه‌ی كورد نووسه‌رانی پارچه‌كانی تری كوردستان نه‌ناسین، حه‌یف و مخابن ده‌چێژی بۆ ئه‌و ڕۆمانه ناوازانه، كه نه‌مان خوێندوونه‌ته‌وه، بۆیه ده‌بێت كارێك بكه‌ین بۆ نزیككردنه‌وه‌ی دیالێكته‌كان له یه‌كتر…. جێگه‌ی خۆیه‌تی ئه‌وه بڵێم له ڕێگه‌ی نووسه‌ر عه‌تا محه‌مه‌ده‌وه ئه‌م ڕۆمانه‌م بینی و بۆی ناردم و هه‌ر له‌ڕێگه‌ی ئه‌ویشه‌وه كاكه جان دۆستم ناسی و پرۆژه‌ی وه‌رگێڕانی ڕۆمانه‌كه‌مان داڕشت. ئه‌مه چیرۆكی یه‌كه‌می ڕۆمانه‌كه‌یه له عه‌ره‌بییه‌وه به‌سوودوه‌رگرتن له كوردییه‌كه‌شی وه‌رمگێڕاوه.
میرنامه
شاعیر و میر
ڕۆمان
جان دۆست
وه‌رگێڕانی: سه‌باح ئیسماعیل
ئه‌وه مه‌ره‌كه‌به
تێكه‌ڵ به‌خوێن و فرمێسك ده‌كرێت
هه‌روه‌ها بهژاریش
دوور نییه گیان به‌به‌ردا بكاته‌وه
یاخۆ بمرێنێت
به‌خاك سپاردن
(سپێده‌یه‌كی باراناوی بوو)
دهموچاوههڵپێچراو به‌ده‌ستی ڕاستی جله‌كانی و جهمهدانییهكهی له خۆڵی تێكه‌ڵ بهبارانهكه ته‌كاندن، له ناو گۆڕه‌كه‌وه به‌ده‌نگی به‌رز گوتی:
– به‌سیه‌تی.
هه‌ینێ ده‌ستیان بۆ درێژ كرد و ده‌ریان هێنا، پڕ بهسییهكانی هه‌وای ته‌ڕی هه‌ڵمژی و به‌ده‌نگێكی ژنانه‌وه گوتی:
– ئۆۆۆۆۆۆۆۆۆه. سوپاس بۆ خوا، تووشی شاخ نه‌هاتین.
ئینجا به‌چاوی پڕ له ڕه‌زامه‌ندییه‌وه ته‌ماشایه‌كی ناو گۆڕه‌كه‌ی كرد.
خامۆشییهك شایان به‌ترسی مه‌رگ بێت ئه‌و هه‌رایه‌ی خه‌ڵكی ده‌ورووبه‌ر گۆڕه‌كه‌ی له‌و به‌یانییه باراناوییه‌دا پێچابووه‌وه، ته‌واو چون جهمهدانییهكه ڕوخساری گۆڕههڵكهنهكهی شاردبووه‌وه، كه‌چی ئه‌و خه‌مه‌ی ڕوخساری هه‌مووانی داگرتبوو دانه‌پۆشرابوو، هه‌ندێك له زه‌لامه‌كان ڕوخساریان له ناو لهپیاندا ده‌شارده‌وه و فرمێسكه‌كانیان ده‌سڕینه‌وه، نه‌كو یه‌كێك بیانبینێت، هه‌رچی ئه‌وانی تریش بوون پشتیان دابووه دارچنارهكانهوه و به‌بێده‌نگی له‌و بانه‌وه نیگای تاشهبهردهكانیان ده‌كرد، كه بێده‌نگییه‌كه‌یان قووڵتر ده‌كرده‌وه. ته‌نیا ده‌موچاو هه‌ڵپێچراو نه‌بێت ده‌یتوانی به‌چاوه جوانه وشكهكانییهوه خه‌م و په‌ژاره به‌سیمای هه‌ر یه‌كێك له‌وانه‌وه بخوێنێته‌وه.
یه‌ك یه‌ك به‌سه‌ر زهلامهكاندا تێپه‌ڕی و ده‌یگوت:
– كاشكی دواییمان وه‌ك ئه‌م بوایا! بۆ خۆی دنیای فانیی جێهێشت.
كاتێك دارتهرمهكه به‌ده‌ركه‌وت، كه لاشه‌ی شێخ ئه‌حمه‌دی خانیی له‌خۆ گرتبوو، ده‌موچاو هه‌ڵپێچراو به‌ره‌و لایه‌وه هه‌نگاوی نا، چوار زه‌لام ئه‌ملا و ئه‌ولای دارتهرمهكهیان گرتبوو و له‌سه‌رخۆ هه‌نگاویان ده‌نا، كفنی له ته‌رم پێچراو چون باران نه‌باریبێت ته‌ڕایی پێ نهگهییبوو، وه‌لێ ته‌رم هه‌ڵگران به‌مه‌یان نه‌ده‌زانی، مه‌لا سمایل كه له پێشه‌وه لای ڕاست ته‌رمه‌كه‌ی هه‌ڵگرتبوو، سه‌ڵاحه‌دینی كاغه‌زسازی ئاگادار كرده‌وه، كه لای چه‌په‌وه بوو:
– ئه‌رێ تۆش تێبینیی ئه‌مه‌ت نه‌كردووه؟
وه‌ستا سهڵاحهدینیكاغهزساز دڵۆپه بارانه تێكه‌ڵ بهفرمێسكهكهی له‌سه‌ر ڕوخساره لاوازه میهره‌بانه‌كه‌ی سڕییه‌وه و پرسی:
– تێبینیی چی بكه‌م؟
مه‌لا سمایل ده‌نگی كز كرد و گوتی:
– له هه‌موو ته‌مه‌نمدا ته‌رمی وا سووكم نه‌بینیوه!
یارۆی ده‌موچاو هه‌ڵپێچراو به‌ده‌نگی بڵند ئایه‌تی (كل من علیها فان)ی خوێنده‌وه و دواتر چپاندییه بن گوێی مه‌لا سمایله‌وه و گوتی:
– ته‌رمی قورس پێوه‌ندیی بهپیسیی ڕۆحی كه‌سه‌كه‌وه هه‌یه، هه‌رچی ئه‌م شێخه‌یه زاتێكی پاك بوو، سووكیی ته‌رمه‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پاقژیی ڕۆحی، ئه‌و یه‌كپارچه ڕووناكی بوو مه‌لا، چما ڕووناكی هیچ كێشی هه‌یه مه‌لا سمایل؟
مه‌لا سمایل، كه لای ڕاستی له جهمهدانییهكهیهوه تاكو سۆڵهكانی ته‌ڕ بووبوون، ئاوڕی دواوه‌ی دایه‌وه، ده‌می به‌ش كرده‌وه و ڕووپۆشه ته‌ڕه‌كه‌ی كابرای لادا و پرسیارێكی وشكی لێ كرد: ئه‌رێ تۆم له‌كوێ بینیوه؟!!!
* * *
خامۆشییهكیی به‌باران شۆراو، پیاوانی غه‌مباری ده‌وری گۆڕه تازه ههڵكهنراوهكهی خانی بێده‌نگ بوون، هه‌روه‌ها ئه‌و چوار زهلامهش، كه ته‌رمه‌كه‌یان به‌سه‌ر شانه‌وه بوو و به‌به‌ر بارانه‌كه‌دا رٍێیان ده‌كرد، له ماڵه كۆنه‌كه‌ی مه‌لا قاسمی براكه‌ی خانی وه‌كو قوماشی ئاوریشم دڕابێت شین و ڕۆڕۆی ژنان ته‌نانه‌ت گه‌یشته به‌فره‌كانی چیای ئاگری.
ئافره‌ته ڕه‌شپۆشه‌كان ده‌سماڵه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كانیان له قۆڵیان ده‌كرده‌وه و بارانی ئه‌سرینی چاویانیان پێ ده‌سڕییه‌وه. ڕۆندكی هه‌ندێك له‌و ئافره‌تانه‌ی بیریان چووبوو كلی چاویان بسڕنه‌وه، ده‌تگوت دڵۆپه مه‌ره‌كه‌به و به‌سه‌ر كوڵمیاندا ده‌هاته خوارێ.
فرمێسكی په‌ریی خوشكه گه‌وره‌ی خانی به‌سه‌ر گۆناكانیدا ده‌هاتنه خوارێ و دهلاڵایهوه:
هاواره له من هاواره
هاواره
ئه‌مڕۆ كاكم ئه‌حمه‌دی
خودان خامه زێڕین و
كاغه‌زی به‌فرین
میوانی ئاخا سارد و سڕه
هاواره له من
هاواره
دێهاتینه
دراوسێینه
ماڵباتینه
ئه‌مڕۆ چرای بایه‌زید خامۆشه
ژوور و كۆشك و گوومه‌ز و مناره له تاریكی‌دا نقوم بوون
هاواره له من هاواره
هاواره
له هه‌وران باران ده‌بارێت
له چاوان فرمێسك دێنه خوارێ
ئه‌حمه‌دی برام
كاتبی دیوانی میران
خاوه‌نی مهم و زینه
ئه‌مڕۆ ئاسمان هۆن هۆن ئه‌سرینی بۆ ده‌ڕێژێ
گڕ له دڵی چاكان به‌ربووه
له حه‌سره‌تا به‌فری سه‌ر چیای ئاگری داغیش توایه‌وه
وای له منێ
له منی هه‌شبه‌سه‌ر و داماو
هاواره هاواره هاواره
ئه‌و فۆته كهسرهوانییهی بهههنیهمهوهیه فڕی ده‌ده‌م و
له تاو براكه‌م كه‌زیه چهرمووهكانم ده‌بڕم
له ژێر دار بییه‌كه داده‌نیشم و لقه‌كانی ڕاده‌وه‌شێنم
ده‌ڵێم مادامه‌كی ڕۆحم تێدا ماوه:
هاواره له من هاواره
دۆستینه
دراوسێینه
گوندینه
هاواره له من هاواره
وییییییییییییییییی.
به‌و ویه درێژه‌ی، چه‌قۆی گریه و زاری بهئهوكیدا هات و هاواره‌كانی كپ كردن. له‌نێوان گشت ئه‌و ئافره‌تانه‌ی شین و ڕۆڕۆیان بۆ ئه‌حمه‌دی خانی ده‌كرد ده‌نگی شه‌نگیی خاتوونی جه‌لالی چون شه‌رم و فهدی بكات نه‌ده‌هاته بیستن، وه‌لێ گریانه‌كه‌ی ئه‌و له ناخی دڵه‌وه ده‌هات و وه‌ك تروسكه‌ی مۆمی به‌ر با چۆن بهه‌ژێت ئاوا ڕۆندكی له چاو ده‌وه‌ری، سه‌ری ئه‌حمه‌دی پێنج ساڵه‌ی كوڕی له‌سه‌ر ئه‌ژنۆی دانابوو و سه‌ری به‌لای چه‌پ و ڕاستدا ڕاده‌ژه‌ند، له‌كاتێكدا به‌دوو قامك كه‌پووی ده‌گووشی، چون فرمێسكه‌كانی له دیدهكانییهوه به‌ره‌و دفنی بخزێن و فیشكه فیشكی پێ خستبێت. هه‌ندێك له‌و ژنانه‌ی كه ده‌یانناسی، ته‌ماشایان ده‌كرد و ڕووی تورش و تاڵیان پێ نیشان ده‌دا، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێی بێژن:
– ماڵ خراپ، ئه‌وه بۆچی دوو دڵۆپ فرمێسك بۆ خوالێخۆشبوو ناڕێژی! چما دڵی تۆ به‌رده، ها!
ئه‌وان گریانی دڵی ئه‌ویان نه‌ده‌بیست.
* * *
(وه‌لێ كفنه‌كه ته‌ڕ نه‌بووبوو)
هه‌ینێ مه‌لا سمایل پرسیاره وشكه‌كه‌ی كرد، ده‌موچاو هه‌ڵپێچراو له‌ژێر ته‌رمه‌كه‌وه جرتهی بۆ كرد و چون له یه‌كێك بگه‌ڕێت ئه‌ملاو ئه‌ولای ده‌كرد، دواتر چووه لای گۆڕه‌كه و له لێواری وه‌ستا. یه‌كێك له‌و دوو زه‌لامه‌ی له دواوه ته‌رمه‌كه‌یان هه‌ڵگرتبوو، گوتی:
– بلهزینن، باتهرمهكهی سه‌یدا ته‌ڕ نه‌بێت.
میرزا سه‌بری كه له دواوه گۆشه‌یه‌كی ته‌رمه‌كه‌ی گرتبوو، ده‌ستی ڕاستی له كفنه‌كه دا، دركی به‌وه كرد كفنه‌كه ته‌ڕ نه‌بووه، موچوڕكێكی په‌نهان دایگرت و به‌گوێی مه‌لا فه‌ریدی، كه به‌ته‌نیشتییه‌وه ته‌رمه‌كه‌ی هه‌ڵگرتبوو، چرپاند:
– ماوه‌یه‌كه ئێمه به‌ژێر بارانه‌كه‌دا ڕێ ده‌كه‌ین، كه‌چی هێشتانهكینێ كفنه‌كه‌ی سه‌یدا وشكه و ته‌ڕ نه‌بووه!
مه‌لا فه‌رید ئاهێكی قووڵی بهكفنی ڕه‌ش پێچراوی په‌شیمانیی هه‌ڵكێشا، پاشان گوتی:
– سه‌یدا ئاگرێكی كڵپهسهندوو بوو، چۆن كفنه‌كه‌ی ته‌ڕ ده‌بێت!!
* * *
له‌وده‌می ڕووههڵپێچراو دیسانه‌وه له‌سه‌ر لێوی گۆڕه‌كه‌ی به‌خۆی هه‌ڵیكه‌ند وه‌ستا، شێخ سه‌یفه‌دینی جبهشین به‌گوێیدا چرپاند:
– ده‌ستخۆش، گۆڕهكهیت باش لێداوه.
ده‌موچاو هه‌ڵپێچراو نیگایه‌كی بێ سنووری شانازی بهخۆوهكردنی بڕیه بنی گۆڕه‌كه و به‌ده‌نگێكی پۆزلێدهرانهوه گوتی:
– ئه‌زبه‌نی، من ویستم قووڵتری بكه‌م، لێ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م پێ كرا.
شێخ سه‌یفه‌دین ده‌ستی له پشتی دا و گوتی:
– ئه‌گه‌ر كێلهكهشیت بنهخشاندایا جوانت ده‌ڕازانده‌وه، خه‌ته‌كه‌ت تابڵێی جوانه.
یارۆی ده‌موچاو هه‌ڵپێچراو چاوی له به‌رد ده‌گێڕا، به‌نیگای ڕووپۆشكراو بهتهمێكی خه‌ست له‌سه‌ر به‌ردی خه‌یاڵی نه‌خشی نه‌بینراوی هه‌ڵكۆڵی. دۆستۆی ده‌نگبێژی ورمێیی و سۆفی حه‌یده‌ری قه‌رسی به‌غه‌مگینییه‌وه وه‌ستابوون ته‌ماشای بنی گۆڕه‌كه‌یان ده‌كرد، كه په‌یتا په‌یتا بارانه‌كه ته‌ڕی ده‌كرد.
ئه‌و دووانه قسه‌كانی شێخ سه‌یفه‌دین و ده‌موچاو ههڵپێچراویان نه‌بیست، لێ ڕه‌زامه‌ندیی خۆیان بۆ باش هه‌ڵكه‌ندنی گۆڕه‌كه ده‌ربڕی.
بوهاریی شاعیر دوور له حه‌شاماته‌كه وه‌ستابوو، پشتی دابووه كهڤرێكی زله‌وه و كتێبێكی به‌ده‌سته‌وه بوو، هه‌ر كه چاوی به‌مه‌لا ساڵحی جزیری كه‌وت، كتێبه‌كه‌ی داخست، لێ مه‌لا ساڵح زوو خۆی گه‌یاندێ و گوتی:
– ها بوهاری ئه‌فه‌ندی!! چما باران له كتێبه‌كه‌ت نادات! سوێند ده‌خۆم ئێستا مه‌ره‌كه‌ب له لاپه‌ڕه‌كانی دێته خوارێ.
بوهاری، كه له ناوی بوهارییهوه نازناوی بوهاریی بۆ خۆی هه‌ڵبژاردبوو، خه‌نییه‌وه و گوتی:
– نا، نا! ئه‌م كتێبه‌ی من بهمهرهكهب نه‌نووسراوه.
پاشان چون له پێكه‌نینه‌كه‌ی ژیوان بووبێته‌وه و بۆی ده‌ركه‌وتبێت خه‌نینه‌وه شایان به‌پایه‌ی مه‌رگ نییه،درێژه‌ی پێ دا:
– به‌خودای مه‌لا ساڵح ئه‌ز غه‌مبارم. حه‌یف و حه‌سره‌تی بۆ هه‌ڵده‌كێشم، به‌ر له چه‌ند ڕۆژێك بینیم هێند به‌هێز بوو ده‌تگوت چیایه!!
مه‌لا ساڵح بێ ئه‌وه‌ی به‌رسڤی بداته‌وه جێیهێشت. ڕٍووی لێ وه‌رگێڕا و خۆی گه‌یانده دارتهرمهكه، تاكو له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دی‌دا هه‌ڵی بگرێت.
له دووره‌وه سوارێك به‌ده‌ركه‌وت، ده‌نگی سمی پێی ئه‌سپه‌كه‌ی له قوڕهكهدا بێده‌نگیی ئه‌و به‌یانییه‌ی شێلوو ده‌كرد. یه‌كێك له ناو ئاپۆراكهوه چاوی تێ بڕی، برۆكانی به‌رز كردنه‌وه و ده‌ستی خسته به‌ر ئهنیهی و گوتی:
– قه‌سته‌م به‌خوا ئه‌وه حاجی زوهدییه! له‌گه‌ڵ خوڵامه‌كه‌ی به‌ره‌و ئێره دێت.
حاجی زوهدیی جه‌لالیی بازرگان گه‌یشت، به‌یارمه‌تیی خوڵامه‌كه‌ی كه له پێشییه‌وه بوو له ئه‌سپه‌كه‌ی دابه‌زی. حاجی، كه عه‌با فه‌روه‌كه‌ی نه‌یتوانی ورگه زله‌كه‌ی بشارێته‌وه، ڕاست ڕووی له حه‌شاماتی ده‌ور گۆڕه‌كه كرد و گوتی:
– گه‌لی براینه بمبوورن، من تازه له‌گه‌ڵ كاروانه‌كه‌ی له ورمێوه هات گه‌یشتم. هه‌ندێك شاڵی نوێم له‌وێوه هێناون، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنمدا كه‌سم نه‌بینییه‌وه كوتاڵهكان دابگرێت. هۆیهكهیم نه‌زانی بۆیه ڕووم لێره كرد. گوێم له شین و ڕۆڕۆ بوو له ماڵی مه‌لا قاسمی ڕهحمهتییهوه ده‌هات. به‌ڵكو خێر بێت؟
حاجی زوهدی بهسوخمه سپییه‌كه‌یه‌وه، كه باران به‌پیته ئاوییهكانییهوه خاڵ خاڵی كردبوو، بێ وه‌ستان قسانی ده‌كرد. په‌یڤه‌كان وه‌ك لێزمه‌ی بارانه‌كه به‌خوڕ له زارییه‌وه ده‌رده‌په‌ڕین بێ ئه‌وه‌ی بوار به‌كه‌س بدات به‌رسڤی بده‌نه‌وه، له نێو حهشاماتهكهوه گوێی له ده‌نگی زه‌لامێكی كوێر بوو، كوێره چه‌ند جارێك گۆچانه‌كه‌ی به‌زه‌وییه تهڕهكهدا كێشا و گوتی:
– خانی، خانی!! چووه به‌ر دلۆڤانیی خودا!
حاجی زوهدی سوخمهكهی له‌ژێر عه‌باكه‌یه‌وه ڕێكخست و ده‌ستی خسته سه‌ر ورگی و گوتی:
– واخ واخ واخ، نوێژتان له‌سه‌ر ته‌رمه‌كه‌ی كرد؟
كابرای كوێره چون به‌گاڵته‌وه قسان بكات، په‌یڤه‌كانی درێژ كردنه‌وه و گوتی:
– به‌ڵێ نوێێێێێێژمان كرد. نه‌مانزانی تۆ لێێێێێَرهی. خوا له به‌ره‌كه‌تی نوێژی بێبه‌ری كردیت حااااااااااااااااااجی. وه‌لێ به‌ختیار بوویت خۆت گه‌یانده نزای ته‌ڵقین، ئه‌ی بازرگان به‌گ.
كابرای كوێره ویستی به‌و وه‌ڵامه‌ی گاڵته به‌حاجی زوهدیی بازرگان بكات. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌وانه‌ی له‌وێ بوون خه‌ریك بوون بخهننهوه، لێ هه‌ر كه چاویان بهتابوتهكه كه‌وت هه‌ندێك كه‌سی ناسراو هه‌ڵیان گرتبوو و ده‌گه‌یشتنه لێواری گۆڕه‌كه، ئه‌وانی ته‌ماشایان ده‌كرد ڕێگه‌یان بۆ كردنه‌وه بۆ دابه‌زینی ته‌رمه‌كه‌ی خانی، كه بهكفنی سپیی ته‌ڕنه‌بوو پێچرابووه‌وه، بۆ ناو گۆڕه‌كه.
هه‌ر هێنده‌ی خه‌ڵكه‌كه بینییان كفنه‌كه وشكه و ته‌ڕ نه‌بووه، واقیان وڕما، ئیدی بارانی پرسیار هه‌ڵی كرد و لافاو له دۆڵی خه‌یاڵی سه‌رجه‌م ئاماده‌بوواندا هه‌ڵقوڵا. كابرای ڕوخسار هه‌ڵپێچراو هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ی خوێنده‌وه كه به‌ده‌موچاویاندا ده‌هاتنه خوارێ، بهبازێك چووه ناو گۆڕه‌كه‌وه و گوتی:
– سه‌یرتان نه‌یه‌ت گه‌لۆ! ئه‌مه سیفه‌تی پیاوچاكانی خوایه.
میرزا سهبرییش، كه لای چه‌پی ته‌ڕ بووبوو دابه‌زییه ناو گۆڕه‌كه‌وه، هه‌ردووكیان به‌وانی ده‌وری گۆڕه‌كه‌یان گوت:
– ده‌ی برایان ده‌ی، ته‌رمه‌كه‌مان بده‌نه ده‌ست، سونه‌تی خوایه مردوو زوو ته‌قه‌ت بكرێت.
هه‌ندێك له‌وانه‌ی له لێواری گۆڕه‌كه‌دا بوون نووشتانه‌وه و ته‌رمه‌كه‌یان شۆڕ كرده‌وه. میرزا و ڕووههڵپێچراو لێیان وه‌رگرتن و ڕووه و قیبله خستیانه ئه‌و چاڵایییهی دوو بست ده‌بوو. پاشان ڕیزێك به‌ردیان نایه بان چاڵه‌كه‌وه و ئیدی خانی بهكفنه وشكه‌كه‌ی و حه‌سره‌ته كڵپهسهندووهكانییهوه له چاو ونبوو.
میرزا سه‌بری، كه له ناو گۆڕه‌كه هه‌ناسه‌ی ته‌نگ بووبوو، ویستی پێش ده‌رچوونی ڕووههڵپێچراو بكه‌وێت، به‌مه‌لا فه‌ریدی گوت، كه له لێواری گۆڕه‌كه وێستابوو:
– ئه‌زبه‌نی ده‌ستتم بده‌رێ، ئیدی ئێمه سه‌یدامان به‌گۆڕ سپارد.
كه‌چی مه‌لا فه‌رید ڕووی خۆی وه‌رگێڕا و فرمێسكه تێكه‌ڵ بهبارانهكهی سڕی و له گۆڕه‌كه دووركه‌وته‌وه، دوو زه‌لام ده‌ستی میرزا و ڕووههڵپێچراویان گرت و ده‌ریانهێنان.
هه‌ردووكیان وه‌ك له سه‌فه‌رێكی دوور گه‌ڕابنه‌وه گه‌شانه‌وه، ڕووههڵپێچراو چون خۆڵه‌كه له ده‌ستی بكاته‌وه ده‌سته‌كانی به‌یه‌كدا كێشان و گوتی:
– ئه‌لحه‌مدولیلا، له ناشتنه‌كه‌ی بووینه‌وه.
پاشان بله‌ز به‌ره‌و ئه‌و دوو زه‌لامه‌ی دوور له‌ژێر دار چناره‌كه وه‌ستابوون، ملی نا. له سیمای ئه‌و دوانه‌ی به‌زه‌رده‌خه‌نه‌وه پێشوازییان كرد دیاربوو خه‌ڵكی ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته نه‌بوون، ته‌نانه‌ت جله‌كانیشیان له‌وانی حه‌شاماتی ده‌وری گۆڕه‌كه جیا بوون، یه‌كیان عه‌بایه‌كی ناوپۆش بهفهرووی سیمۆرهی له‌به‌ردا بوو و به‌ڕوخساره كۆسهیییهكهیهوه له ئاسمانی هه‌ورینی ده‌ڕوانی، هه‌رچی ئه‌وه‌ی تریش بوو سوخمه‌یه‌كی قه‌دیفه‌ی ڕه‌شی له‌به‌ر كردبوو و كڵاوێكی درێژی قووچه‌كی له‌سه‌ر نابوو.
میرزا سه‌بری نیگایه‌كی تژی له ڕه‌زامه‌ندیی بڕیه ڕووههڵپێچراو و ڕووی له به‌نگینی ده‌رگه‌وانی میر كرد و لێی پرسی:
– میر نه‌هات؟
– نا، نایه‌ت. مژووڵی ئیش و كار بوو، منی له شوێنی خۆی نارد.
پاشان بهخاكهناز ته‌رمه‌كه‌ی خانییان، كه له كفنێكی سپیی وشك پێچرابوو، به‌خۆڵ داپۆشی.
* * *
(پشكه مه‌ره‌كه‌به‌كان وه‌ك ئه‌سرینی ژنێكی چاوبه‌كل وابوون)
ئاخاوتنی تێكه‌ڵاوی ئه‌وانی ده‌وری گۆڕه‌كه تێكه‌ڵ به‌خشه خشی خاكهنازهكان ده‌بوون، چون هه‌ر یه‌كه و بۆ خۆی قسان بكات، كه‌س گوێی له‌وی دی نه‌ده‌گرت و نه‌یانده‌زانی چ ده‌ڵێن! هه‌ر یه‌كه و سهرپێیییانه به‌وی دی ده‌گه‌یشت پرسیارێكی ده‌كرد و ده‌ڕۆیشت.
له‌و بێده‌نگییه شێداره‌دا به‌نگینی ده‌رگه‌وان، كه تازه گه‌یشتبوو، چاوی له مه‌لا سمایلی بایه‌زیدی ده‌گێڕا و ڕێكه‌وتی كێی بكردایا پرسیاری ئه‌وی ده‌كرد، تاكو زه‌لامێك به‌ده‌نگی نیمچه بڵند پێی گوت:
– خه‌ڵكینه ئه‌وه بۆ وامان به‌سه‌ر هاتووه! ئه‌مڕۆ هه‌موومان وه‌ك گێژ به‌ده‌وری خۆماندا ده‌سووڕێینه‌وه، به‌نگینه فه‌ندی، هۆ ئه‌وه مه‌لا سمایله، كه تۆ لێی ده‌گه‌ڕێی!
به‌نگین ئاوڕێكی دواوه‌ی دایه‌وه، سڵاوی له مه‌لا سمایل كرد، ئینجا ده‌ستوبرد چه‌ند كاغه‌زێكی پاره‌ی پێچراوی په‌ستایه گیرفانییه‌وه و له‌گه‌ڵیدا كه‌وته پسه پس.
میرزا سه‌بری و ڕووههڵپێچراو، كه تازه لای دوو پیاوه نه‌ناسراوه‌كه گه‌ڕابووه‌وه، ویستیان گوێ له قسه‌كانیان بگرن، كه‌چی له‌پڕ له‌ناو حهشاماتهكهوه ده‌نگێك هات:
– براینه، وه‌رن با نزای ته‌ڵقینی سه‌یدا بخوێنین.
شێخ سه‌یفه‌دین جبه شینه‌كه‌ی تا ناوقه‌ده ئه‌ستووره‌كه‌ی هه‌ڵكێشا و لای كێلی سه‌ری خانییه‌وه دانیشت، تاكو ده‌ست به‌ته‌ڵقین خوێندن بكات.
بارانه‌كه‌ش چون بیه‌وێت گوێ بۆ ته‌ڵقینی پیاوێكی زیندوو بۆ كه‌سێكی مردوو ڕادێرێت له ئاخاوتنه ئاوییه‌كه‌ی كه‌م كرده‌وه. ئه‌و دڵۆپانه‌ی ده‌بارین په‌یتا په‌یتا ڕه‌شی دایده‌گرتن، لێ سه‌رنجی كه‌سیان ڕانهكێشت، تاكو ده‌نگی ته‌یمووری مه‌یخۆر، ناسراو بهتهیمووری فاسق، ورته ورتهكهی شێخ سه‌یفه‌دینی بڕی، كاتێك به‌توندی و ترسه‌وه قیڕاندی:
– ئه‌ی هاوار! ئه‌مه چییه!! مه‌ره‌كه‌ب ده‌بارێت.
سه‌باح ئیسماعیل