Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
شۆڕش و سۆشیال میدیا

شۆڕش و سۆشیال میدیا

Closed

 

 

 

 

 

 

لە ساڵی 2011 وە قسە لە ڕۆڵی ئینتەرنێت  لە شۆرش و لە گۆڕانی ڕژێمە سیاسیەکان ڕوو لەسەرە .  ڕۆڵی تەکنەلۆژیا لە بەکار‌هێنانی شەخسیدا وەکو( لاپ تۆپ و  مۆبایل فۆن ) بازی گەورەی داوە لە ئاسانکاری پەیوەندی کردن بە تۆڕی ئینتەرنێت و لە وێشەوە ڕاستەخۆ تێکەڵ بوون لە گەڵ تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان .

بەستنەوەی ڕۆڵی تەکنەلۆژیا ، ئینتەرنێت ، سۆشیال میدیا بەگشتی بە سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی یان بە بزوتنەوەی سەوز لەئێران کەم وکورتی بنەڕەتی تێدایە ، مێژووی ئەم ڕۆڵە بە زۆر وێستگەو قۆناغی میژوویی تێپەڕیوە . ڕەگەکانی ئەم بەکارهێنانە لە ڕوداوی سیاسی  ناوچەی تری دونیا کاریگەری دانا کە پێویستی بە ڕاست کردنەوەو شیکردنەوەی زیاترە ، بە تایبەتی ئەگەر خوێنەر لەگەڵ ئەوە ڕازی بێت کە هێشتا زۆر وێستگەی تر لەبەردەمی ئەم ڕۆڵە دایە کە مەرج نیە هەموو هەر دڵخۆشکەر بن .

مێژووی ئینتەرنێت وا خۆی دەدا لە 23 ساڵ ، دیارە بەر لەم مێژوە هەر هەبوو ، بەڵام تەنیا بە نهێنی لە ژێر ڕکێفی حکومەتدا دابوو لە ئەمریکا . دەیەی نەوەدەکان بە عەمەلی دەیەی لە دایک بوونی ئینتەرنێتە بە مانا جەماوەری بوونەکەی ، کە یەکەمجار بوو لە مێژووی مرۆڤایەتی  دەرگای دەست گەیشتن بە زانیاری وەکو مافێکی یەکسان لە هەندێ وڵاتی دونیا بێتە دی .

سەرەتا هەوڵێک هەبوو کە بزنس تێکەڵ بە ئینتەرنێت نەکرێت و نەبێتە مەیدانێکی تری بازاڕو کاپیتاڵیزم . بەڵام ، ئەم هەوڵە لەگەڵ تیژبوونەوەی تەماحیەکانی لیبڕالیزمی نوێ و سیاسەتەکانی لەبواری بازاڕدا شکستی خوارد ، پاکی ئەو خولە لەمێژووی ئینتەرنێت تەمەنی زۆرکورت بوو کڵێشەی ” سەردەمی زانیاری ” ئاوێتە بوو بە سیستەمی بازاڕ. کە دواتر دەبینین چۆن ئەم ئاوێتە بوونە دەبێتە یەکێک لە هۆکارەکانی دروست بوونی سانسۆر تەنانەت سیخوڕیش لە ئینتەرنێت و ئامرازەکانیتری گەیاندن .

12 ساڵ لەمەوبەر سەرۆکی ئەوسای فلیپین Joseph Estrada درابووە دادگا ، دارو دەستەو ئەو تاقمانەی لایەنگری بوون دەیانویست ئەو بەڵگانە لەبەین ببەن کە تێوەگڵانی ناوبراوی لە گەندەڵی دەسەلماند. دوای دزە کردنی هەواڵی ئەم هەوڵانە ، دوو کاتژمێری نەبرد لە یەکێک لە شەقامە سەرەکیەکانی مانێلای پایتەخت گردبوونەوەی گەورە دەستی پێکرد  دژ بەم هەوڵانە یان هەر بڕیارێک کە ئەم سەرۆکە لە دادگایی کردن بپارێزێ .

سەرەکیترین ئامرازی کۆکردنەوەی جەماوەر بریتی بوو لە نامەیەک لە ڕێگای مۆبایلەوە . نامەکە زۆر بەخێرایی دەهات و دەچوو . خەڵک بە لێشاو ڕوویان لەم شەقامە دەکرد کە چیتر جێگا نەماو هەموو شەقامەکانی دەوربەر پڕ بوون و ژمارە ئامادەبوانی چووە سەروی ملێۆنەوە . بە پێ ی داتاکانی کۆمپانیاکانی مۆبایل ئەم نامەیە 7 ملیۆن جار نێردرابوو تەنیا لە 15 پیت پێکهاتبوو . لە دوای سێ ڕۆژ ئەم سەرۆکە لە پۆستەکەی لادراو کە یەکێک لە گرنگترین گلەیەکانی ئەوەبوو کە ” نەوەی تێکست مەسج ” ئەویان ڕوخاند  !

ئەمە نموونەیەکە لەوەی کە ڕەگەکانی ڕۆڵی تەکنەلۆژیا و سۆشیال میدیا کۆنترە لە بەهاری عەرەبی ، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەو ڕاستیەمان نیشان دەدا کە  هۆشیاری گشتی و هەڵوێستی سیاسی یەکگرتوو چەندە ڕۆڵ دەبینی لە سەرکەوتنی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا لە دونیای پراکتیکدا . چونکە مەرج نیە تەکنەلۆژیا بە گشتی و ئینتەرنێت بە تایبەتی بتوانێ شوێنی ڕێکخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتی یان حیزبی لەهەموو حاڵەتێکدا بگرێتەوە ، بە تایبەتی کە هەوڵ و داواکان و نموونەکانی کۆنتڕۆڵ کردنی ئینتەرنێت لە لایەن حکومەت ودەسەڵاتە فرە ڕەنگەکانی دونیا ڕۆژ لە دوای لە زیادبووندایە ، بینیشمان حکومەتی موبارەک بەر لە ڕوخانی بۆ ماوەیەک ئینتەرنێتی بەگشتی نەهێشت .

بەهاری عەرەبی سەرەتاو نموونەی تەوزیف کردنی سۆشیال میدیا نیە ، بەڵام لە باری مێژویەوە هاوکاتە لە پێشەنگیەکی بێ وێنەی دیجیتاڵدا بە تایبەتی لەوەی کە مۆبایل زۆر شتی تری لە خۆی کۆکردەوە ، لە بواری پەیوەندی بە ئینتەرنێتەوە ، لە بواری وێنەو ڤیدیۆ . ئەم هاوکات بوونە جووتە لە گەڵ چەند تێرم و زاروەیەک ، بۆنموونە زۆر لە پسپۆڕانی سیاسەت و کۆمەڵناسی ئەم سەدەیە بە “سەدەی وێنە ” ناو دەبەن بەشێکیتر دەڵێن ” ئێمە لە سەردەمێک دەژین ، تەنیا بە مۆبایلەکەی دەستمان دەبین بە شایەد و دەبین بە چاودێر ” ڕەنگە زەقترین ئەم شاهێدبوونەش  ڕیکۆرد کردنی دیمەنی ئەو ئافرەتە میسریە بێت کە پۆلیسی میسری بە گروپ دارکاری دەکەن وجلەکانی لەبەردادەکەنن .

ڕێگریەکانی بەردەم سۆشیال میدیاو ئینتەرنێت زۆرن . کە ڕەنگە بەشێکیان پەیوەندی بەو ڕەخنە هەبێت کە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دونیایەکی فەنتازی دروست دەکەن شۆڕش نەک وەکو واقیع بەڵکو وەکو ئەندێشەو ئالودە بوون تەنیا لە چوارچێوە دیجیتاڵیەکەی دەمێنێ و ناتوانێ لە دونیای ڕاستیدا هیچ بکات . ئەم ڕەخنەیە لە یەک کاتدا دروستەو نادروستیشە . دروستە چونکە لەو حاڵەتانەی پەیوەندیەکان تەرجومە نەکراون بۆ میکانیزمێکی ڕێکخراوەیی گونجاو ، یان نەکراون بە بینای بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی کە بەرجەستەیە لە کاراکتەرێکی واقیعی ناو کۆمەڵگە ئەوا هەوڵ وکۆششەکان ئیکۆ و سەدایان دەبێت ، بەڵام کاریگەری درێژ خایەن دروست ناکەن . نادروستیشە چونکە کاتێ خودی ئینتەرنێت دەبێتە میکانیزم و هاندەری دروست کردنی ڕێکخراوەی : سیاسی ، ڕێکخراوە ناحکومیەکان NGO ، سەندیکاو نیقابەکان ئەوە پایەکی مادی لە دونیای راستیدا دروست دەبێت کە بە نەمانی سێرڤیسی ئینتەرنێت و هێڵەکانی تەلەفۆنیش چ بە هۆی سانسۆر چ بە هۆی درزی تەکنیکی ڕەنگە ڕێکخراوەکە سست بکا ، بەڵام ناتوانێ کۆتاییان پێ بێنێت .

ڕێگریەکی تری جدی ” سانسۆرو سیخوڕیە “یە کە چەندە ویستی خەڵک و جەماوەری ووڵاتە جیاوازیەکانی دونیا لە فۆرمی شۆڕش وگۆڕانکاریی ڕیشەیی خۆ بنوێنێ ئەوەندە پێویست بوون بە سانسۆر لە لایەن حکومەت و سیستەمە سیاسیەکان زیاتر دەبێت . گەورەترین بیانووی ووڵاتانی رۆژئاوا لە بابەتی ئەمریکاو بەریتانیا بریتیە لە گەشەی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی و ” تیرۆریزم ”  ، ئەم بیانوانە بەشێکی کراوان بە یاساو بەشێکی لە پڕۆسەدان بۆ بە یاسا کردنیان .

لە سەرەتا ئاماژەمان بەوە دا کە تێکەڵ بوونی بازاڕ بە ئینتەرنێت کاریگەری دانا لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئەم سێرڤیسە لە لایەن کۆمپانیاو بارۆنەکانی تەکنەلۆژیا . بەرژەوەندی بازاڕ پێش هەموو لۆژیکێکی تری مرۆڤایەتی و بەها یۆنیڤێرسالەکان دەکەوێت . لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئاسیا سانسۆر ئاشکرایەو حکومەتەکانی لە بابەتی چین و پاکستان و ئێران و سعودیەو ..هتد دەیکەن . لە بەرامبەر سانسۆر ڕێگەچارەی تەکنیکی هەبوو کە لە ئەمریکا خەریکی بەرهەم هێنانی پڕۆگرامێک بوون وەکو ” ئەنتی سانسۆر ” ئەم سۆفتوێرە دەیتوانی سانسۆر لە باری تەکنیکیەوە ڕابگرێت و بەکاربەرانی ئینتەرنیت بتوانن زاڵ بن بەسەر نەکرانەوەی لاپەڕەی دیاریکراو لە ئینتەرنێت بۆ نموونە تویتەر، یوتوب ، فەیس بووک ..هتد . بەڵام ، لە ژێر فشاری ووڵاتی چین ئەم سۆفتوێرە گەشەی پێنەدراو نەخرایە بەردەست .

سایتی گوگڵ بۆ ئەوەی چین ڕێگای پێبدا لەم وڵاتە وجودی هەبێت و پارە پەیدا بکات چەند رێکەوتنامەیەکی لە گەڵ ئەم وولاتە ئیمزاکردووە بۆ سانسۆر کردنی لاپەڕەکانی خۆی ! بۆ نموونە ئەگەر لە دەرەوەی چین لەچوار گۆشەکەی لاپەڕەی سەرەکی گۆگڵ کە بۆ گەڕان Search تەرخان کراوە بنووسی ( تیێبیت ) ئەوا هەزاران لاپەڕەت پێ نیشان دەدا لە بزوتنەوەی سەربەخۆخوازی خەڵکی تیبیت و کتێبەکانی دالای لاما . بەلام ، کە ئەچیتە ناو چین هەرلە نێو گوگڵ هەمان شت بنووسە هیچ شتێکت لەوانەی باسکران پێ نیشان نادات تەنیا وێنەو زانیاریت پێ نیشان دەدا دەربارەی شوێنەکانی گەشت و گوزار لە چین .

سانسۆر هەر ئەم جۆرە ناگرێتەوە ، بەڵکو چەند شێوازێکی تریش لە خۆی دەگرێ ؛ بۆ نموونە شکایەتی ئەمریکا لە بەڕێوەبەری ماڵپەڕی ویکیلیکس  کە تا ئێستاش نەک  وڵاتەکەی خۆی (ئوسترالیا ) پارێزگاریەکی جدی لێناکات ، بەڵکو تا ئێستاش ئەم بەڕێوەبەرە لە نێو سەفارەتی ولاتی ئیکوادۆر ژیان بەسەر دەبات ! تەنیا بەوەش نەوەستان بەڵکو فشاریان خستە سەر بانک وکۆمپانیاکانی کرێدیت کارد Credit Card کە  خزمەتگوزاری  ڕەوانە کردن و کۆمەک کردن ی پارە بۆ ئەکاونتی ماڵپەڕەکە ڕابگرن .

ئینتەرنێت لە سەرەتای تەمەنی خۆی شۆڕشێک بوو . بەڵام ، دواتر ” شۆڕش ” ئینتەرنێتی بەکارهێناو دروستیش بەکاری هێنا . گرفت هەرگیز لەبەکارهێنانی ئینتەرنێت نیە بۆ گۆڕانخوازی و دروست کردنی کۆمەڵگەو ژیانێکی باشتر ، گرفت لە بەکارهێنانی ئینتەرنێتە لە لایەن هێزە کۆنەپارێز و ئەنتی شۆڕشەکان.

مێژوی سیاسی دونیا بەرەو ڕوی وێستگەی ترە ، کە چەندە پرسیاری دروستی گەرەکە ، ئەوەندەش وەڵامی دروستی گەرەکە . ئەگەر شۆڕش پرسیارێکی دروستی وێستگەکانی داهاتووە ئەوە وەڵامەکانی نابێ تەنیا پلانی A بێت کە بریتیە لە تەوزیف کردنی دونیای دیجیتاڵ بۆ خۆی ، بەڵکو دەبێ پلانی B هاوشانی بێت کە بریتیە لە جێگیرکردنی پایەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ژیان و کۆمەڵگەدا ، چونکە لە ڕووکەشدا مرۆڤەکان ئازادن لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا ، بەڵام  ئەم ئازادیە سنوردارە و دوور نیە لەگەرمەی وەرچەرخانە مەزنەکاندا لەبابەتی : ئەو وەرچەرخانانەی کە مێژویی سەدەی بیستیان دروست کرد ، ئەکتیڤیستەکان خۆیان لە بارودۆخێك ببینن کە نە نور لە لاپ تۆپەکانیان هەیە نە نوزە لە مۆبایلەکانیان !

 

ڕزگار عومەر

 

 

orezgar@yahoo.ca

 

سەرچاوەکان :

1. The Political Power of Social Media, Foreign Affairs, Volume 90 No1

2. A world wide web of change, NEW INTERNATIONALIST, September 2010

3. Nomads at last, A special report on mobile telecom, The Economist, April 12th 2008

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.