Skip to Content

Monday, July 15th, 2024
نەوزاد بەندى  … حیزب

نەوزاد بەندى … حیزب

Closed

 

 

 

بە چلەى هاوین ،

بۆینباخى کردە ملى کۆمەڵێ گاوان ..

*  *  *

لە ڤیستڤاڵى لاوانا ،

باوێشک و

قڕقێنە و

نیسکێنەى دابەش کرد ..

* * *

حیزب ،

بەڕووى تاڵ ، ئەکا بە مۆزى سۆماڵ ..

بڕوانامەى دکتۆرا ،

دەداتە تەمەڵترین کەس، هەر بە هەوەس ..

سواڵکەرترین بابا ،

ئەکا بە ملیۆنێر 

خوێڕیترین ڕێوى ئەکا بە شێر ..

حیزب …

جوانترین درەخت ئەکا بە سێدارە ..

بێ ئیلهامترین نەفەر ،

ئەکا بە شاعیرى سەدەکان 

بێ وەفاترین پشیلە ، ئەکا بە بابانۆئێل ..

حیزب ئارایشتگایەکى ترسناکە ..

تیایدا ناشیرینترین دەم و چاو ،

ئەکرێت بە یەکپارچە لە هەتاو ..

تیایدا جوانى

زیرەکى ..

ئیلهام ، لە خاچ ئەدرێن ..بەربەرچاوى

جموعى موسلیمینەوە ..

حیزب ، دیوارەکان کون –کون ئەکا بە بزمار ..

بۆ هەڵواسینى پیاوەتیەکانى خۆى ..

کەس باسى ناکا،

ئەو خۆى باسى خۆى ئەکا ،

هەرچەندە عەیبە پیاو باسى خۆى بکا ،

ئەو پیاوترین پیاویشە و

کەچى بەردەوام باسى خۆى ئەکا،

چونکە زاکیرە و

فەهم و

دیرایەى جەماوەر کزە ،

پێویستە حیزب بیرى بخاتەوە ..

حیزب ،

پێویستیەکى زۆرى بە :

خۆشنوس و

وتار نوس و

دروشم و

دەهۆڵ و

شەق و

زوڕنا و

دۆلار و

هەڵپەڕکێ و

میکرۆفۆن و

ئەمپلیفایەر و

فیشەک و

ڕێزمان ..و تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنیشە..

چونکە حیزب خەریکى پێشخستنى

کۆمەڵگایە ..

وەک پێشخستنى تۆپ لە لایەن کریستیانۆ ڕۆناڵدۆوە ..

وەک پێشخستنى تاوانبار لەلایەن پۆلیسەوە ..

وەک پێشخستنى حیمایەکان و

جەڵەبى  تەقاندنەوەى مین ،

لە پێش سەرکردەکانەوە ..

*  *   * 

هیچ وڵاتێک بە بێ حیزب ناژى ..

بەڵام حیزب بە بێ وڵات ئەژى ..

 یەکپارچە وڵاتێک وێرا ئەکا حیزب ،

کەچى خۆى ددانەکانى وەکو عاج سپین ..

یەخەى کراسەکەى وەک زەردەپەڕ ..

ئوتوى پانتۆڵەکەى ، مەڕى پێ سەر ببڕە ..

*  *  * 

حیزب زۆرجار ،

وەکو کێڵگەى مریشک ،

تەماشاى نوێژى جومعە ئەکا..

*  *  *

حیزب ددانەکانیشى بکەون ،

هەر ئەتوانێ چەقالە بخوا ..

*  *  *

 

ئەگەر تەمەنیشى بگاتە 95 ساڵ ،

هێشتا ئەتوانێ زەماوەند لەگەڵ کیژى 14 ساڵدا بکا ..

قەدەغە کردنى فرە ژنى ،

شمولى حیزب ناکا ..

* * *

لە ناوەڕاستى شەقامێکدا ،

دەرپێى پیاوێکى کەوا و سەڵتە لەبەرى داکەند ، حیزب ..

پیاوەکەیش وتى :

لا حەولە وە لا قوەتە ئیلا بیلا ..

*   *   *

خودا لە قورئاندا ئەفەرموێ :

هەمو حیزبێک بە دەسکەوتەکانى خۆى دڵشادە ..

*  *  * 

حیزب هەموو شتێک ئەکڕێ 

وەکو :

مامۆستاى زانکۆ

سەرۆک عەشرەت

گۆڵچى 

مەلا

هونەرمەند

حاکم

بازرگان

فیکە کێش

بەزاز

سەوزە فرۆش

جوتیار

کرێکار

قەزاز

عەرەبانچى

شاعیر

ڤیستڤاڵ

چەقۆکێش

دەنگ

ڕۆژنامەنوس

ڕەنگ 

 

بوتڵێک ویسکى بە دە هەزار دۆلار

*  *  *

 

حیزب زمانزانە و

زاراوەى نوێى دۆزیوەتەوە ،

وەک :

قبول خاس

گەندەڵیى

تەزکیە

چاکسازیى

شەڕ

پاکسازیى

ئاودیو کردن

سانسۆر

سنودار کردن

یەکدەنگیى

کورتهێنان

 

*  *   *

حیزب کە تووڕە بو ،

هیچ ئوتویەک چاڵەکانى نێوچاوى ،

ڕێکناخاتەوە ..

*  *  * 

حیزب زۆر زیرەکە لە بیرکارى و

ستاتیستیکسدا ..

ئەتوانێ هەناسەکانى هەموو خەڵکى بژمێرێ و

لە هەر دانەیەکیاندا سەیتەرەیەک و 

ئاڵایەکى خۆى بچەقێنێ

ئەتوانێ پارووەکانى هەموو خەڵکى بژمێرێ و

لە نیوان هەموو دەست و دەمێکدا ،

سەیتەرەیەکى باج  دامەزرێنێ ..

ئەتوانێ پیتى هەموو وشەکانى

نەیارەکانى

بژمێرێ و

قەتیش لەو تەسبیحاتە بێزار نابێ ..

لە لاپەڕەى یەکەمى هەموو ڕۆژنامەیەکدا ،

پەڵەیەک چەورى ڕژاوە ،

ئەوە حیزبە ..

*  *  * 

 

 

چەند باشە حیزب

چەند پێویستە حیزب ..

* * *

من لە ساڵى 1988

حیزبى بەعسى قائید ،

لە زانکۆ

لە ڕێى ڕەفیق ئەمجەد

مامۆستاى سەقافەى قەومى پێى وتم :

( تۆ قوتابیەکى زۆر زیرەکیت ،

ئینتیما بکە بۆ حیزبى قائید ،

با لە دواى بەکالۆریۆس،

ماستەر و دکتۆرایش وەرتبگرن ..)

ڕازى نەبووم ..

حیزب تووڕە بوو ،

کردیانم بە پێنجەم ..

لەگەڵ نزیکەى چوار ساڵ عەسکەرى ..

کە حیزبەکانى خۆیشمان هاتنە سەر کورسى ،

ئەوراقەکان و بڕوانامەکەم بۆ بردن ،

زۆر گەڕان ،

تەزکیەى هیچ کامیانى تیا نەبوو ..

ئیتر

دیوارێکیان لە نێوان من و ماستەردا دروست کرد ..

وەک دیوارى بەرلین ..

ئێستا بە تەماى هیچ نیم ..

بە ڕیشى سپیەوە ،

بە عاجباتیەوە ،

تەماشاى حیزب ئەکەم ..

وەک چۆن مناڵان تەماشاى سپایدەرمان ئەکەن ..

*  *  * 

حیزب ، تەنانەت (ڕاستی) ش ،

بە جۆرێک لە جۆرەکانى (درۆ) پۆڵێن ئەکا ..

*  *  * 

حیزب شارەزاییەکى زۆرى هەیە 

لە کۆکردنەوە و

لێدەرکردن و

دابەشکردن و

لێکدان و

جەزرى تەربیعى جەماوەر ..

*  *  *

حیزب بە چەپڵە هەناسە ئەدات و

بە تەنەکە لێدان ، ئەمرێ ..

*  *  * 

ڕۆژ بە ڕۆژ ،

قوڵتر و

پانتر و

بەرزتر و

تاریکتر ئەبن ،

گیرفانەکانى حیزب ..

*  *  *

لە گەرمەى قەتڵ و عامى بەهارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستا،

سەرکردەکانى حیزب ،

بڕوانامەى دکتۆراى فەخرى وەرئەگرن ..

کۆشکەکان پڕن لە دکتۆراى فەخرى ..

*   *  *

هەموو ڕێگاکان

ناڕۆنەوە بۆ ڕۆما ..

ناڕۆنەوە بۆ بانە ..

ئەڕۆنەوە بۆ حیزب ..

*  *  *

هەموومان موڵکى حیزبین ..

چونکە لە دەرەوەى حیزب

خزمەتگوزارى نیە 

حەزارەت نیە

بەشەریەت نیە

بەربەریەت هەیە و

شتى تریش

 

 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.