
كوشتنێك بمكوژه وه‌ك سه‌ما پڕ چێژ
(شه‌رتی كرد ئیتر له كوشتن به‌س بكا یا ره‌ب بكه‌ی
ئه‌و وه‌فا به‌م شه‌رته كا ئه‌مما له قه‌تلی من به پاش) مه‌حوی
بمكوته
وه‌ك كوتانی ده‌هۆڵێك
تا بزانی ده‌نگم له نزیكه‌وه خۆشتره یا له دوور
بمسڕه‌وه
وه‌ك سڕینه‌وه‌ی دێڕێكی عاشقانه له كه‌نار ده‌ریا
به شه‌پۆلی ئاو
بمشاره‌وه
وه‌ك شاردنه‌وه‌ی مه‌مك
له ترسی ئابڕوو چوون
راومكه
وه‌ك راوكردنی كه‌روێشكێك
له ده‌می جووت بووندا
وه‌ك پشیله‌یه‌كی چڵێس مامه‌ڵه‌م له گه‌ڵدا بكه و
بمتاسێنه
وه‌ك رێوییه‌كی فێڵباز لێم تێ بگه و
كهوڵمكه
وه‌ك مشتێك گه‌نم
له خه‌زێنه‌ی ژیان ده‌رم بێنه و
بمخه‌ره به‌رده‌می كۆترهكانت
وه‌ك دراوێكی كه‌م نرخ
بمخه‌ره ناو ده‌ستی سواڵكه‌رێكه‌وه
وه‌ك هۆنراوه‌یه‌كی بێ مانا
بمنوسه و پاشان بمسوتێنه
وه‌ك نامه‌یه‌كی كۆن
كه زه‌مه‌نی خوێندنه‌وه‌ی به سه‌ر چووبێت
بمدڕێنه و بمده به ده‌م باوه
وه‌ك شوشه‌یه‌كی ورد و خاش كۆمكه‌ره‌وه و
له پێناو سه‌لامه‌تی ئه‌وانی تردا پارچه‌كانم له شوێنێكدا بپارێزه
وه‌ك بێچووه پاساریه‌ك
له هێلانه‌كه‌م ده‌رم بێنه و
بمخه‌ره به‌ر باران تا ره‌ق ده‌بمه‌وه
بمكڕه
وه‌ك كڕینی كۆیله‌یه‌ك له پیاوێكی سه‌رمایه‌دار
با له‌مه‌و دوا من جانتاكه‌ت بۆ هه‌ڵگرم
با من ده‌رگای ئۆتۆمبێله‌كه‌ت بۆ بكه‌مه‌وه
با من چه‌تره‌كه‌ت له سه‌ر سه‌رت بۆ راگرم
گومانت له هه‌ر خواردنێك هه‌بوو
به منی تاقی بكه‌ره‌وه
ترست له ئاگری هه‌ر جه‌نگێك هه‌بێ
منی تێ فڕێ بده
رقت له هه‌ر كه‌سێك هه‌ستا
تۆڵه‌ی ئه‌و له من بكه‌ره‌وه
به‌ڵكو پاك ببمه‌وه
وه‌ك پاك بوونه‌وه‌ی سۆزانیه‌ك
پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی له ماڵی خودا
به‌ڵكو به‌تاڵ ببمه‌وه
وه‌ك به‌تاڵ بوونه‌وه‌ی پیاوێكی هه‌وه‌س باز
دوای هاتنه ده‌ره‌وه‌ی له تیاترۆ خانه‌یه‌ك
2013
هندستان