Skip to Content

Saturday, April 27th, 2024
سەرنجێک دەربارەی ئیبراهیم پێغەمبەر لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا

سەرنجێک دەربارەی ئیبراهیم پێغەمبەر لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا

Closed
by April 3, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

عەبدوڵا ئۆجەلان قۆناغێ ئیمڕاڵی بە میلادێکی نوێ تەنانەت بە سێهەمین لەدایک بوون {میلاد}دەچوێنێت،یەکەمیان ساڵی هاتنە دونیا ،دووهەمیان دامەزراندنی بزاڤی پەکەکە،سێهەمیان قۆناغێ ئیمڕاڵی. لەقۆناغی ئیماڕاڵیدا چەند بەرگری نامەیەکی مێژوویی نوسین ،بەرگری نامەی یەکێتی دیمۆکراتیانە بۆ دادگای ئیمڕاڵی،بەرگری نامەی تایبەت بە ئۆرفا بۆ دادگای ئۆرفا،بەرگری نامەی لە دەوڵەتی ڕاهیبی سۆمەرەوە بەرەو شارستانیەتی دیمۆکراتی {دوو بەرگ}بۆ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا،بەرگری نامەی کوردی ئازاد بۆ دادگای ئەسینا ،بەرگری کردن لەگەلێک بۆدادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا،دواتر {مانیفێستۆی شارستانێتی دیمۆکراتیانە}بۆ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کەلە {٥}بەرگ پێک دێت.

دوا هەمین هەوڵی ئۆجەلان کەلە پەیامە گەردونییەکەیدا بەرجەستە بو بە جۆرێک دەنگ دانەوەیەکی مێدیای جیهانی لێکەوتەوەو نەک هەر دیواری ئیمڕاڵێ بەڵکو کۆی سنورەکانی بڕی و یارو نەیاری ناچار بە خوێندنەوەو شرۆڤەکردنی ناوەرۆکی پەیامەکە کرد،

ئێمە لێرەدا وێسەیەک لەسەر تەنها چەمکێک یان بەکار بردنی ناوێک دەکەین کەلە هەناوی پەیامەکەیدا پانتاییەکی مەعریفی و هزری و مێژوویی وەرگرتوە.دەبێت حیکمەت چی بێت لەوەی وا  ئۆجەلان لە پەیامێكی وادا ناوی ئیبراهیم پێغەمبەر دەبات؟ 

گەڕانەوەی ئۆجەلان بۆ ئیبراهیم هەڵگری چەندین ماناو هێماو ئاماژەی کلتوری و مێژوویی و سیاسی و وەستانە لە ڕووی نەمرودێک کەلە نیوعوسمانلیە ئۆردۆگانیەکاندا فۆرمی خۆی داڕشتوە.هەڵبژاردنی تەنها ئەم بەشە لە پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ زیاتر ڕۆشناییە لەسەر لایەنی هزری و ئاینی و کلتوربەندی ئۆجەلان بەو پرسە.لێرەدا ئۆجەلان لە ڕیگای داماڵینی ئایین لەدەمامکی ئیلاهی و پیرۆزی ،لە میانەی کۆمەڵناسێکی هاوچەرخانەی ئازادی،ئەم بابەتەی لەمەسەلەیەکی تابۆو دەست لێنەدراو ڕزگار کردوە.لەم چوارچێوەیەدا تێزێکی نوێ بۆنۆژەن بونەوەی ئایین پێشکەشدەکات ،ئەویش ئەنجام دانی ڕیفۆرمێکی ڕیشەییو گەڕانەوەیە بۆ ڕەگەکانی کلتورو نەریتی ئیبراهیمی،ئەو پێێ وایە ناوچەی میزۆپۆتامیا چەقی سەرەتایی ترین پێک دادان و کۆڵۆنیالیەت بوە لە مێژووداو لە لایەن سۆمەریەکانەوە،ئەو پێێ وایە هەریەک لە {ئیدریس{}ئەیوب}{یونس}{نوح}هەنگاوی پێکهێنانی ئەم نەریتەیان هاویشتوە،ئەمانە بەزۆری لە دژی کۆیلە داری سۆمەر ،بابل،ئاشور،بەواتای کەسە پێشەنگەکانی گەل دێن،تێکۆشانی چینایەتی بەگوێرەی قۆناغ بەڕێوەدەچێت.ئەو پێێ وایە ئەمانە نوێنەرایەتی ئازادی ئەو تیرە ئەتنیکیانەیان کردوە کە پێیانەوە گرێدرابون ،لێرەدا دەکرێت باس لە قۆناغێکی مێژوویی بکرێت کەئەویش بونی حەزرەتی ئیبراهیمە وەک باپیرە گەورەی نەریتەکە،،نەریتی بەرخۆدان و ڕوو بەڕوو بونەوە.کەلتوری حەزرەتی ئیبراهیم بەرامبەر بە نەمرودی پادشای شاری سۆمەریەکان ،نوێنەرایەتی بەرخۆدان و جیاوازی دەکات .چیرۆکە بەناوبانگەکەی بت شکاندن و فڕێدانە نێو ئاگر باسی سیمبۆلی ئەم بەرخۆدانەیە.لای ئەو ڕاستیەک هەیە کە پێێ وایە ئەو جەنگە تاوەکو ڕۆژگاری ئەمڕۆمان درێژ دەبێتەوە.ئەم کلتورە لەناوەرۆکی خۆیدا دژی بەڕێوەبەرایەتی کۆیلەدارە وشکەکانی سۆمەرییە کە خۆیان وەکو پادشا-خوداوەند ڕاگەیاندبو،ئۆجەلان وەک باوەڕ باوەڕی خوداوەندێک بەبنەما دەگرێت کەمرۆڤانە ترە  وەک ئاماژەیەک بە دەوڵەتی باش و دەوڵەتی خراپ.یانیش بەرخۆدان دەکات ولەگەڵ بەرژەوەندی تیرە خۆجێیەکانی گەل دە گونجێت.لای ئۆجەلان ناوچەی میزۆپۆتامیا{کوردستان}وەکو شوێنی لەدایک بونی نەریتی پێغەمبەرایەتی و بەتایبەتیش حەزرەتی ئیبراهیم پیرۆز دەبیندرێت.هۆکاری سەرەکی ئەم دیاردەیەش ئەوەیە کە بۆ یەکەیمین جار کشتوکاڵ ،کۆچەری {ڕەوەندی}و کۆمەڵگای شار بەشێوەیەکی تێکەڵ لەسەر ئەم جوگرافیا بە پیتەدا ئەنجامدراون و بەیەکتر گەیشتون ،باکور ناوەندی چاخی نیولیتیکە ،کاتێک ناوچەکانی دەوروبەریشی بخەینە  سەر هێشتا لە شوێنە بەرزەکاندا ئەوتەپۆلکانەی دەردەکەون ،ناوەندی سەدان شوێنی نیشتەجێ بونن کەهێشتا لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە نەکراوە و بەڵگەی سەلمێنەری ئەمڕاستیەن .ئۆجەلان دەیەوێت لە ڕێگای ئەم پەیامەوە پێمان بڵێت و پێێان بڵێت ئێوە نکۆڵیتان لە مێژوویەک کردوە کە خاوەنی ٢٠٠٠٠ ساڵ لە کلتوری کشتوکاڵ و ئاوەدانی و بەرخۆدان بوە.بەکار بردنی زمانێکی کۆد ئامێز و چندراو لە ڕەهەندی کلتوری ومێژوویی بەڕونی قاڵ بونەوەی فیکریو هزریی و گەشەی مێنتاڵێتی باڵاکردوی ئۆجەلان دیاری دەکات.ئۆچەلان ناڕاستەو خۆ پێمان دەڵێت،ڕەنگە جوانترین ساتەکانی ڕۆشنگەری و ئیمان وەک دوو جەمسەری پێکاپژاوی ئەم چەرخە  ئەوساتانە بێت ،کەنەبێتە مۆدێرنەیەکی تاك ڕەهەندو چرای ئیمانی تێدا نەکوژێتەوە.جوانترین ساتەکانی ئیمانیش ئەوساتانە بێت،کەئاین نەکرێتە تاریکە سەلات.ئەوکاتەش نە ڕۆشنگەران پێویستیان بەوەدەبێت لەسەر جیاوازیەکانیان تیرۆر بکرێن و نە ئیماندارانی ڕاستەقینەش بۆ پاراستنی ئاین پێویستیان بەوە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ چەمکەکانی غەریزەو دەست وە شاندن و  گازگرتن.ئەمیش وەک پەیامێک بۆ هەردو هێما فیکری و سیاسیەکەی ئەردۆگان و گویلەن وەک دوو ئاڕاستەکەری جەماوەری ئاینی لە تورکیادا.

دواجار ئۆجەلان ئەوپەیامەیدا بە هەمو لایەک کە ئەو خاوەنی باکگراوندێکی فەلسەفی و مێژوویی قوڵەو لە هەناوی مێژوودا بۆ چارەسەری ئاریشە سیاسی و کلتوری و دەوڵەتداریەکان دەگەڕێتەوە.بۆ هەمو پێشهات و گرفتەکان میتۆدی تایبەت بەخۆی هەیەو لێکدانەوەو شرۆڤەو شیکاری گرێدراوی مێژوو بۆ ئێستاو ئایندە دیاریدەکات.کە خودی مرۆڤ تێێدا ئامانجەو هیچی دیکە،  

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.