Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
حەقیقەت و باجەکانی … ڕزگار عومەر

حەقیقەت و باجەکانی … ڕزگار عومەر

Closed

 

 

 

 

 

      لەم ڕۆژانە نووسەرێک لە لاپەڕەکەی خۆی بە زمانی عەرەبی نموونەی چیڕۆکێکی زۆر جوانی هێنابۆوە لەسەر ” حەقیقەت ” وتن . لەم چیڕۆکە : پیاوێکی ئاینی ، پارێزەرێک ، زانایەکی فیزیا هەر سێکیان بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ دەردەچێ . ئامێری سەرپەڕاندنەکە  بریتیە لە چەقۆیەکی پان و قورس کە لەسەرەوە بە گوریسێک بەستراوە ، لە خوارەوەش کەسی حوکم دراو ملی ئەخرێتە ئەو کەلێنەی کە چەقۆکەی سەرەوە  وەکو چەکمەجە بە هەموو قورسایی خۆی لە کاتی بەردانی گوریسەکە بە خێرایی وهێز دێ بۆخوارەوەو ملی ئەو کەسە دەپەڕێنێ . 

      جەلادەکە لە پیاوە ئاینیەکە دەپرسێ دووا وتەت چیە ؟ ئەویش دەڵێت خودا ..خودا ..خودا ، کە جەلاد گوریسەکە بەردەدات چەقۆکە پێش ئەوەی بە ملی پیاوەکە بگات دەوەستێت ، ئاپورەی جەماوەرو کاربەدەستان کە لە دەوری مەیدانەکە کۆببونەوە هەموو وتیان با ئازاد بێ خوا قسەی خۆی کرد . کە سەرەی پارێزەرەکە هات بەهەمان شێوە جەلاد پرسی دوا وتەت چیە ؟ ئەویش هاواری کرد: عەدالەت ..عەدالەت .. عەدالەت . جەلاد گوریسەکەی بەردا ، دیسان چەقۆکە تا نیوە هات و نەگەیشت ! دووبارە حەشاماتەکەو کاربەدەستان ووتیان عەدالەت قسەی خۆی کرد دەبێ ئازاد بکرێت ، پارێزەرەکەش ئازادکرا . کەسەرەی زاناکەی فیزیا هات ، جەلاد ڕووی تێکردو پرسی دوا ووتەت ؟ ئەویش ووتی : من وەکو کابرا ئاینیەکە خوداناس نیم ، وەکو پارێزەرەکەش عەدالەتناس نیم . بەڵام ، دڵنیام گوریسی ئەو ئامێرە گرێیەکی لەسەرەوە بۆ دروست بووە بۆیە ناهێڵێ چەقۆکە بە تەواوەتی بگاتە خوارەوە ! جەلادو جەماوەر لەسەر ئەم قسەیە سەیری سەرەوەی ئامێرەکەیان کردو بینیان ڕاستەو گرێیەک دروست بووەو ناهێڵێ چەقۆکە بە تەواوەتی بگاتە خوارەوە . گرێیەکەیان چاک کردەوەو لەگەڵ بەردانی گوریسەکە لە چرکەیەکدا ملی زانای فیزیای پەڕاند .

     دڵنیام بەشی زۆری خوێنەران ئەنجامێک کە پێ ی دەگەن ئەوەیە ، مەرج نیە زانینی حەقیقەت بەس بێ بۆ درکاندنی ، بۆ نموونە  ئەویش دەیتوانی دەمی خۆی بگرێت و دەیتوانی ووشەیەکی ئاسایی سێ جار دوبارەکاتەوەو ڕزگاری بێت . سەرچاوەی سۆز بۆ هەڵوێستی زاناکە زۆربزوێنەرە ، چونکە پابەند بوونی بە لۆژیکی زانستی پیشەکەی خۆی ئەوەندە قوڵە ناتوانێ دەمی خۆی بگرێت ، ئەم عیبرەتە لەم چیڕۆکە ئەوەندە بە هێزە کە وای کردووە وانەیتری گرنگی ئەم چیڕۆکە پەراوێز بکرێت ، بە تایبەتی ڕۆڵ و هەڵوێستی ئەوجەماوەرەی کە لە گۆڕەپانی مل پەڕاندنەکە کۆبوونەتەوە . 

ئەوان هیچ لۆژیکێکی زانست لایان ئامادە نیە ، بۆیەش وەستانی ئامێرەکە لە کەسی یەکەم و دووەم دەبەسترێتەوە بە ئیرادەیەکی ئەفسانەیی فریا کەوتنی خوداو عەدالەت . لە جاری سێ یەم کە زاناکە حەقیقەتی ئیش نەکردنی ئامێرەکە بۆ حەشاماتەکە ئاشکرا دەکات و ئامێرەکە دەست بە ئیش دەکات ، ئەوان هیچ گۆڕانێکیان بەسەر نایەت ! تەنانەت نابن بە نیوە بە نیوەش بۆ داوای ئازاد کردنی زاناکە . بە پێچەوانەوە ئەوان بە خوێن ساردی و بێ دەنگیەکی فاشیستانە دڵنیابوون لە ئیش کردنی ئامێرەکە بە ملی کەسێک تاقیان کردەوە کە فێری حەقیقەتێکی کردن . 

جەماوەر ،  هەڵگری زۆر بارودۆخی تایبەتە ، هێزێکی یەکلاکەرەوەیە کاتێ بەرەو یەک خاڵی دیاریکراو ئاراستەو کۆنتڕۆڵ دەکرێت . ئەم هێزە کۆمەڵایتیە پان و بەرینە لەیەک کاتدا دەتوانێ هێزێکی وێران کەر بێت یان هێزێکی بنیات نەر بێت ، ئەم دوو ئیحتیمالە دژ بە یەکە پەیوەستە بەوەی چەندە ئەفسانە چەندە حەقیقەت لە نێویدا جێگیرە ، ئەو کەسانەشی کە دەیانەوێ حەقیقەت بچێنن نابێ هەڵیگرن بۆ کاتی لە سێدارەن کە تەنیا هەڵبژاردنی مردن لەبەردەمە ، چونکە ئەو دەمە جەلاد و جەماوەر بۆ بینینی مردن هاتوون ، نەک شاد بوون بە حەقیقەت !

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.