
و چه‌ند خاڵێكی ره‌خنه‌یی (Bekas) فیلمی سینه‌مای
سینه‌مای كوردی له‌و چه‌ند فیلمه‌ی دوایی خه‌ریكه هه‌نگاو به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌نێت ، به تایبه‌تی له دواین به‌رهه‌می ئه‌وجاره كه فیلمی سینه‌مایی (بێكه‌س) بوو ، (بێكه‌س) وه‌ك لای زۆرێكمان ئاشكرایه ده‌نگۆیه‌كی باشی نایه‌وه و بویه هۆی نانی هه‌نگاوێكی گرنگ له سینه‌مای كوردی و ده‌توانم بڵێم له فیلمه كوردیه‌كان تا ئێستا زۆرترین بینه‌ری هه‌بووه ، هۆكاری ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌رێنمه‌وه كه ئه‌م فیلمه جیاوازتر له هه‌ر به‌رهه‌مێكی تری پێشووتری سینه‌مای كوردی چیرۆكێكی پته‌وتر و ئامانجدارتری هه‌بوو و تێكه‌ڵ كردنی فیلمه‌كه له‌گه‌ڵ چه‌ند دیمه‌نێكی كۆمیدی و هه‌ست بزوێن كه خاڵی سه‌ره‌كی سه‌رنجراكێش بوونی فیلمه‌كه بوو بۆ بینه‌ری كورد ، له‌گه‌ڵ به‌هێزی وێنه‌گرتنی فیلمه‌كه ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم كه به‌هێزی جۆری وێنه‌گرتنه‌كه به جۆرێك چێژی به بینه‌ر ده‌به‌خشی ، بینه‌رێك كه فیلمێك به دیقهیهكی به‌رزه‌وه سه‌یربكات به كوردی ، شتێكی نوێ و سه‌رنج راكێشه ،چونكه بینه‌ری كورد فیلمی سینه‌مایی كوردی نه‌بینیوه له‌وه‌وپێش به‌و جۆره كوالیتی و جوانی له وێنه‌گرتنی، هه‌رچه‌نده دوور نه‌بوو له هه‌ڵه وه‌ك فیلمێكی سینه‌مایی بۆیه تێبینی هه‌ندێ خاڵم كرد تێیدا كه پێویست بوو باسی لێوه‌بكرێ وه‌ك ره‌خنه و له به‌رهه‌می داهاتوودا دووباره نه‌بێته‌وه ، بێگومان ئه‌وه‌ش بۆ باشتركردنی سینه‌مای كوردی و به‌هێزتربوونی به‌رهه‌مه‌كانی داهاتوویه‌تی ، زۆرێك له ره‌خنه‌گری فیلمه سینه‌ماییه‌كان له بنه‌مای چه‌ند خاڵێكه‌وه ره‌خنه ده‌گرن و له‌سه‌ر فیلمه‌كان ده‌نووسن و بۆچوونی خۆیان ده‌ڵێن ده‌رباره‌ی ،وه له دوایشدا پۆلێنی ده‌كه‌ن كه ئایه له سه‌ر چوار یان پێنج ئه‌ستێره چه‌ند ده‌هێنێت كه ئه‌وه‌ش هۆكارێكی گه‌وره‌ی به‌هێزبوونی سینه‌مای هۆڵیۆده ، لێره‌وه ئێمه‌ش له بنه‌مای ئه‌و چه‌ند خاڵه‌وه ره‌خنه‌كان ده‌خه‌ینه روو ، وه له پێشه‌وه رووی ده‌ره‌وه‌ی فیلمه‌كه باس ده‌كه‌ین :
1-وێنه‌گرتنی فیلمه‌كه به شێوه‌یه‌ك نه‌بوو له‌گه‌ڵ چیرۆكی فیلمه‌كه بگونجێ ، بۆ نموونه له دیمه‌نێكدا ژماره‌ی زۆری ئۆتۆمبێل ده‌بینین ، كه ئه‌وه‌ش شتێكه مایه‌ی پرسیاره چونكه گه‌ر سه‌یری فیلمه‌كه بكه‌ین ده‌بینین كه له زه‌مه‌نێكی دیاریكراو چیرۆكی ئه‌و دوو منداڵه رویداوه ئه‌ویش له كاتی بوونی رژێمی به‌عسه به‌بێ بوونی هه‌ره‌شه له‌سه‌ری واته ده‌توانین ئه‌وه بگه‌رێنینه‌وه بۆ ساڵه‌كانی هه‌شتاكان ، كه ئه‌و كاته‌ش وه‌ك لای زۆرێك دیاره ژماره‌ی ئۆتۆمبێل له شاره‌كانی كوردستان به گشتی كه‌م بووه .
2-شێوازی قسه‌كردنی ئه‌كته‌ره‌كان به جۆرێك نه‌بوو له فیلمێكی سینه‌مایی بچێت ، چونكه قسه‌كردنه‌كانیان ره‌سمیه‌تی پێوه دیاربوو له‌وه‌ی بتوانن له‌گه‌ڵ فیلمه‌كه تێكه‌ڵ ببن ، وه به شێوه‌یه‌كی تر له‌هجه‌ی ئه‌و ئه‌كته‌رانه له هیچ ناوچه‌یه‌كی كوردستان بوونی نیه ، یانی نه شار و نه لادێیه‌ك ئه‌و جۆره له‌هجه‌یه‌ی هه‌یه ، بۆیه ده‌قی قسه‌كانیان زیاتر له رێزمانی ده‌چوو ، ده‌بێ ده‌رهێنه‌ر ره‌چاوی ئه‌وه بكات كه چۆن زمان له‌گه‌ڵ شوێنی جوگرافی فیلمه‌كه ده‌گونجێنێت ، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیشی ئه‌وه بوبێت وه‌ك زمانێكی ستانداری كوردی ده‌قی قسه‌كان دابرێژێت ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی تره ، چونكه گرنگی فیلمی سینه‌مایی گونجاندنی زمانی ئه‌كته‌ره له‌گه‌ڵ ئه‌و رۆڵه‌ی پێی ده‌درێت و ناوچه جوگرافیهكهی تا فیلمه‌كه زیاتر پێناسه‌ی ئه‌و چیرۆكه بكه كه له‌سه‌ری دارێژراوه .
3-هه‌ڵه‌یه‌كی تر ئه‌وه‌یه كه ده‌رهێنه‌ر نه ساڵ و نه شوێنی جوگرافی فیلمه‌كه‌ی دیاری نه‌كردبوو ، ئه‌وه‌ش زۆر خاڵی تر ون ده‌كات له فیلمه‌كه ، بۆ نموونه ئه‌وه‌ی بینه‌ر چۆن دڵنیا بێت له ڕووداوه‌كانی ناو فیلمه‌كه ، یان ساڵی رووداوه‌كانی ناو فیلمه‌كه ، ده‌رهێنه‌ر وا پێشانمان ده‌دات كه كاتێكی زۆر به‌ر له ئێستا روویداوه ، وه‌ك ئه‌وه وایه باسی رووداوێكی كۆن بكه‌ی بێ ئه‌وه‌ی دڵنیا بیت له ڕاستی ، بوونی ساڵ و شوێن له فیلم‌دا جۆرێك به دڵنیایی به بینه‌ر ده‌به‌خشێت ، یان ئه‌گه‌ر ده‌رهێنه‌ر ئه‌و چیرۆكه‌ی له شێوه‌ی درووستكراو پێناسه كردبێت ئه‌وكاتیش گشت ئه‌و شتانه پێویستی ده‌كرد .
له ناوه‌رۆكی فیلمه‌كه‌وه :
1- پێوه‌ركردنی هه‌ستی مرۆڤ له هه‌ر فیلمێكدا شتێكی گه‌وره و پێویسته ، له (بێكه‌س)دا ئه‌وه به ئاشكرا ونه ، كه‌سایه‌تی دانا كه منداڵێكی بچووكه و دایك و باوكی نه‌ماوه ، لێدانی زۆر له لایه‌ن برای و كه‌سایه‌تیه‌كانی تری فیلمه‌كه هیچ كاریگه‌ریه‌كی هه‌ست و سۆزی له‌سه‌ر جێناهێلێت ، وه هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی مناڵیانهی نیه كه پێویستبوو هه‌یبووایه ، كه ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی دیاره له‌وه‌ی پێویسته ره‌چاوی هه‌ستی منداڵ بكرایه و كاردانه‌وه‌ی هه‌سته‌كانی به‌رامبه‌ر رووداوه‌كان دیاربووایه ، ده‌رهێنه‌ر ویستوویه‌تی گشت ئه‌وانه له دواین دیمه‌نی فیلمه‌كه پیشان بدات ، به‌ڵام ئه‌وانه هیچی ناچێته‌وه و شوێنی ناگرێته‌وه ، چونكه بوونی هه‌ندێ شتی پێویست جیاوازه له‌گه‌ڵ بوونی رووداوی نووسراو له فیلم‌دا ، هه‌ندێك شت هه‌یه پێویستی ره‌چاوی بوونی بكرێ له هه‌ر فیلمێكی سینه‌مایی ، هه‌ستی مرۆڤیش یه‌كێكه له‌وانه .
2-دیارینه‌كردنی شوێنی جوگرافی فیلمه‌كه زۆر شت ون ده‌كات وه‌ك گوتمان ، تۆ پێویسته ره‌چاوی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه بكه‌ی كه كاراكته‌ره‌كانی فیلمه‌كان تێیدا ده‌ژین ، له دیمه‌نێكدا دوای مردنی كه‌سێك كه ئاگه‌داری هه‌ر دوو منداڵه هه‌تیوه‌كه بوو ، ئه‌و دوو منداڵه به ته‌نیا ده‌مێننه‌وه له شه‌وێكی بارانیدا ناچارن له كۆڵانه‌كان بخه‌ون ، ئه‌و دیمه‌نه له‌گه‌ڵ هه‌ر شتێك بگونجێت له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگایه‌كی كوردی ناگونجێت به تایبه‌تی له كۆندا ، له كاتێكدا گشت كه‌سایه‌تیه‌كانی نێو فیلمه‌كه ده‌زانن دوای مردنی ئه‌و پیره پیاوه ئه‌م دوو منداڵه سه‌رگه‌ردان ده‌بن ، كه‌چی كه‌س گوێن پێنادات ، شتێكی سه‌یره كه له راستیدا بوونی نیه ، وه له هه‌مان كاتدا كه خه‌ڵكی ده‌زانن باوكی ئه‌م دوو منداڵه پیاوێكی چاك بووه به گوێره‌ی وته‌ی كه‌سایه‌تیه‌كی ناو فیلمه‌كه ، چۆن وا به‌جێیان دێڵن !.
3-سه‌رچاوه‌ی زۆر شت دیار نیه ، وه‌ك ئه‌وه‌ی باسی سه‌ره‌كی فیلمه‌كه كه گه‌یشتنه به سوپه‌رمان ، ئه‌وان ناو و كه‌سایه‌تی سوپه‌رمانیان له‌كوێ بینیوه و بیستووه،گه‌ر سه‌یری هۆكاره‌كان بكه‌ین هیچ شتێك نابینین جگه له سه‌ته‌لایت ، له كاتێكدا له دیمه‌نێكدا ئه‌وه پیشان ده‌دات كه سه‌ته‌لایت تازه خه‌ریكه له گونده‌كان بڵاوده‌بێته‌وه ، خاڵێكی تر ئه‌وه‌ی كه زۆر به ئاسانی باس له چوون بۆ ئه‌مریكا ده‌كرێت له لایه‌ن كه‌سایه‌تیه‌كی ناو فیلمه‌كه كه ده‌یه‌وێ به قاچاغ بیان بات ، ئه‌وه شتێكه هه‌م له‌م كاته‌ی فیلمه‌كه و هه‌م له راستیدا ئه‌وه‌نده مه‌حاڵه كه ناتوانرێ وا به ئاسانی باسی لێوه‌بكرێ و دوو منداڵی هه‌تیو بتوانن بچن به‌هۆی ملوانكهیهكهوه .
4-من له ئامانجی گشتی فیلمه‌كه تێنه‌گه‌یشتم ، له كاتێكدا ئامانجی ئه‌و دوو منداڵه گه‌یشتنه به سوپه‌رمان له سه‌ره‌تادا و گۆرانی ئامانجی یه‌كێكیان بۆ گه‌یشتن بۆ لای كچێك له دوایی ، وه كۆتایی هێنانی فیلمه‌كه به‌بێ گه‌یشتن یاخود ئاماژه كردن به هیچ خاڵێك له‌وانه چ مانایه‌ك به فیلمه‌كه دهبهخشێێت؟! ، بۆیه وه‌ك سه‌ره‌تا گوتم جگه له تێكه‌ڵه‌یه‌كی هه‌ندێ دیمه‌نی كۆمیدی و هه‌ست بزوێن شتێكی بێ ئامانجه ، به‌ڵام له ئاست فیلمه سینه‌ماییه كوردیه‌كان هه‌نگاوێكی زۆر باشی بڕیوه .
ئێمه پێمان خۆشه سینه‌مای كوردی له ئاستێكی به‌رز ببینین نه‌وه‌ك خۆمان به به‌رزی سه‌یری بكه‌ین كه وانه‌بێت ، (بێكه‌س) سه‌ره‌تایه‌كه ، گرنگیدانی زیاتر به سینه‌مای كوردی به‌رهه‌می زۆر باشتر و گرنگتری لێ ده‌رده‌چێت كه بتوانرێ رۆژێك بێت وه‌ك یه‌كێك له سینه‌ماكانی جیهان سه‌یری بكرێت .
له ژماره 372 ی رۆژنامه‌ی ئاوێنه بڵاوكراوه‌ته‌وه
نووسینی : ئوسامه ئه‌نوه‌ر