Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
مێژوی کورسی و سەرۆک  لە ڕۆژهەڵاتدا  تەنها دیکتاتۆریەتە و هیچی ترنا!

مێژوی کورسی و سەرۆک لە ڕۆژهەڵاتدا تەنها دیکتاتۆریەتە و هیچی ترنا!

Closed
by April 15, 2013 گشتی

 

 

 

 

کێشمەکێش و ململانێ سیاسیەکانی نێوان بەرەی ئۆپۆزیسۆن لە کوردستاندا لەلایەک و بەرەی پێچەوانە کە خودی هەردوو زلهێزن لەلایەکی تر، لەسەر مەسەلەی خۆ هەڵبژاردنەوەی سەرۆکی هەرێم بەڕێز (مەسعود بەرزانی) بۆ جارێکی ترو مانەوەی لەو پۆستەدا بە نایاسایی دەزانن. پێش هەرشتێک ئەکرێت بپرسین، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا تا دەگات بە کوردستان، لە چ کاتێکدا کار بە یاسا کراوە؟ ئاخۆ یاسا تەنها مانای هێز ناگەیەنێت بۆ ئەو لایەنەی لە دەسەڵاتدایە؟ ئایا یاساکان بۆ ئەوە دانراون کە لە خزمەت خەڵکیدا بن یان تەنها بۆ چەواشەکاریە و بۆ سەرگێژ کردنی کۆمەڵگایە؟ ئاخۆ هەڵبژاردن و پەلکێش کردنی خەڵکی بۆ لای سندوقەکانی دەنگدان، تا ئێستا توانیویەتی ئاڵوگۆڕێکی وا بێنێتە مەیدان کە جەماوەر دوور لە ترس و فشار بتوانن تێیدا خۆ بڕیار دەر بن؟ ئایا لە کوردستاندا تا دەگات بە عێراق، بەگشتی، هیچ بنەمایەک هەیە کە بتوانرێت لەسەر پێناسەی دیموکراسیەت و مافی جەماوەری لە توانای ئیرادەی خۆیدا سەروەر بێت و بنەماکانی ئازادی بەمەرج وەرگیرابێت؟

مێژوی کورسی و سەرۆک لە ڕۆژهەڵاتدا بەگشتی، مێژویەکی بەردەوام دیکتاتۆریانە بوە، لە کام وڵاتی ڕۆژهەڵات و باکوری ئەفریکادا  ڕویداوە کە سەرۆکێک چوبێتە سەرکورسی و بە مەیلی ئازادانەی خۆی هاتبێتە خوارەوە و وازی لەو پۆستە هێنابێت. لێرەدا کێشەکە خودی ئەو نەخۆشیە دەرونیە خۆ بەزل زانینەیە لە کۆی دەسەڵاتی سەرۆکی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا کە تا ئێستاش لە چەق بەستوی و بێمافی لە رادەبەدەر بەرانبەر زۆرینەی کۆمەڵگا درێژەی هەیە. خودی ئەو کەسایەتیانەی دەگەنە کورسی دەسەڵات و پلەی سەرۆکی وڵات بەدەست دێنن، ئیتر خۆبەخۆ و بە ناڕاستەوخۆ بنەماکانی سیستەمی پاشایەتی ڕەها جێبەجێ دەکەن، لەکاتێکدا دەستور و یاساکەیان بۆ وڵاتێکی کۆماریە و پێچەوانەی سیستەمی پاشایەتی ڕەهایە. ئەم شێوازە تەواو نادیموکرات و نامەدەنیە، بەشێکی زۆری مێژوی گشت سەرۆکەکانە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا. بەڕای من یەکێک لە کێشە هەرە دژوارەکانی تریش، خودی ئەو بەرەیەی ترە کە دەخوازێت بگاتە کورسی دەسەڵات و لە دواجاردا هەمان سیناریۆی پێش خۆی دوبارە دەکاتەوە. گەر بڕوانین کەمێک بۆ دوادوە دەگەینە ئەو ئەنجامە چارهەڵنەگرە. ئاخۆ خودی ئەو حیزبانەی لە دوێنێی ئۆپۆزیسۆنی دژی ڕژێمی بەعسدا بوون، کامیان توانای ئەوەی هەبوو لە دوای ڕژێمەوە مۆدێلێک لە کرانەوە و هەنگاو هەڵگرتنی هەبێت و بەرەو بنیات نانی کۆمەڵگایەکی دیموکرات خواز و یەکسانی خواز بجوڵێت؟ ئاخۆ هەر ئەوان نەبوون لە دوێنێدا بانگەشەی سەرفرازی و چەسپاندنی ئازادی و مافەکانی مرۆڤیان دەکرد؟ کەچی ئێستا ڕوی دیکتاتۆری دوێنیان سپی کردۆتەوە لەسەرجەم عێراقی نوێدا.

  لەم دوو دەیەی ڕابردوی مێژوی ئەحزابی کوردیدا توانیمان چ جیاوازیەکی بەمانا دڵخۆشکەر ببینین کە وەک هەمان سیستەمی دیکتاتۆریانەی دوێنێ نەبێت؟ من وای دەبینم کە خودی ئەو بنەما خێڵ گەرایی و خێزانی پلە باڵا بونەی کە وەک موقەدەس کراو دەبێت ببینرێت لە دیدی سەرجەم کۆمەڵگادا، بەشێکی سەرەکین لەنێو ئەو پایە نەخۆشیە دەرونیانەی کە خودی ئەو کەسایەتیانە تێی کەوتوون. ئەکرێت بپرسین، لە سەرجەم دەسەڵات و وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتدا و تا کوردستانی ئێستاشمان، لە کامە حیزب و بەرەدا توانیومانە ئەو جیاوازیە ببینین کە لە ئەوی تردا بونی نەبێت؟ ئاخۆ تا ئێستاش گەر بەرپرسێکی پلە نزمیش ببینین دەتوانین ئەو مەیلەی تێدا چاوەڕوان بکەین کە ئامادەیە خۆبەخشانە دوای وادەکەی واز لەو بەرپرسیاریەتەی بهێنیت؟ ئاخۆ گەر بە ویژدانەوە سەیری مەسەلەی بەرپرسیاریەتی بکرێت، ئەو کات دەکرێت گەیشتن بە پلەیەک تەنها بیر کردنەوە بێت لە گیرفان پڕ کردنی خود؟ ئاخۆ گەر مەسەلەی گیرفان پڕکردن و تەراتێن کردن نەبێت بە موقەداراتی کۆمەڵگا ئەم کۆ ململانێیانە بونی دەبوو؟ لە کۆمەڵگایەکدا هێشتا بنەما سەرەکیەکانی پەروەردەیەکی میلتاریزە کردن و چەوساندنەوە و دیکتاتۆریەت بونی هەبێت، کوا  دەرئەنجامەکان بە قازانجی کۆمەڵگا وەردەچەرخێت. 

نەخۆشی توش بوون بە بنەماکانی دیکتاتۆریەت، هەر وەک نەخۆشی ژێر پەنجە وایە، گەر بەیەکجاری بنەبڕی نەکەیت، بێگومان ئەو تۆ بنەبڕ دەکات. وەرن ببینن لە بەرەی ڕاستەوە تا دەگات بەبەرەی ئیسلامی سیاسی و تا دەگات بە خودی بەرەی چەپیش، گەر کۆی ئینشیقاق و لێکترازانەکان لە سەر نەبونی دیموکراسیەت و ئازادی نەبوو بێت، هیچ بەڵگەیەکی تر وەچنگ ناکەوێت بۆ هۆکاری ئەو جیابونەوانە. چونکە هەر کەسێک کە دەگاتە کورسی سەرۆکی حیزب یان سەرۆکی پلە بەرزتر، ئیتر تا مردن بەمافی خۆی دەزانێت لەوێدا بمێنێتەوە، لە کاتێکدا لە زۆربەی سەرۆک حیزبەکانەوە تا دەگات بە خودی سەرۆکی هەرێم، بێجگە لە خۆ دەوڵەمەند کردن، هیچ پێگەیەکی دیکە شک نابەین لەوەی هەنگاوێک هەبێت بۆ ئاڵوگۆڕ پێکردنی کۆمەڵگا بەرەو ئایندەیەکی پەروەردەکراو بەبنەماکانی کۆمەڵگایەکی کراوە و دیموکرات و ئازادی خواز. ئەوەی تا ئێستا بونی هەبوە لە کۆی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتدا، تەنها کارگێڕی کردنێک بوە بۆ خودی ئەو پەیام و خواستانەی کە زلهێزانی سەرمایەداری دەیخوازن لەو کەسایەتیانە کە دەبنە سەرۆکی وڵات و سیستەمی ژیان بەرەو دیکتاتۆریەت جێبەجێ دەکەن و بە پێچەوانەشەوە، هێشتنەوەی کۆمەڵگا لە ژێر باری ترساندن و کوشتن و بێماف کردنیدا دەهێڵنەوە. ئەم مێژوە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا، هەردەم بە شێوەیەکی ڕەش خۆی دوبارە کردۆتەوە. 

یاساکان، گەر بە قازانجی خودی ئەو دەسەڵات و هێزە حاکمە نەبێت، هەردەم بونیان نابێت، چونکە کاتێک دەڵێن بابگەڕێنەوە بۆ یاسا و بنەما دەستوریەکان، هەر لەوێدا دەکرێت ببینین کە ئەو یاسایانە چەندە نا تەندورستن بەرانبەر بە کۆی کۆمەڵگا، لەو یاسایانەدا تا دەگات بە یاساو ئەحکامە دینیەکانیش بە شێوازێک داڕێژراون و داهێنانیان تێدا کردوە، کە پلە باڵایی بەشی سەرەوەی  چینی دەسەڵاتدار هەمیشە ئەبێت پارێزراو بێت و، کۆمەڵگا تەنها وەک ڕوکەش و کارتی فشار کاری پێدەکرێت. نەک ئەوەی کۆمەڵگا لە بنەڕەتدا بە سەرچاوە ببینرێت. لەو کۆمەڵگایانەدا کە لەژێر هەیمەنەی وڵاتانی زلهێزدان، خودی سیستەمی دیکتاتۆریەت پێکهێنەری ڕاستەوخۆی حاکمیەتە،  گرفتەکە لێرەدا ئەوە نیە سەرۆکی هەرێم جارێکی تر ببێتەوە بەسەرۆک یان یەکێکی دیکە جێگای بگرێتەوە، گرفتە سەرەکیەکە ئەوەیە ئەم کەسایەتیانە دەتوانن چی خاڵێکی پۆزەتیف بۆ کۆمەڵگا وەدەست بێنن؟ ئاخۆ گەر خۆ بەزل زانین و خۆ بە موقەدەس زانین نەبێت، کۆی سەرۆک حیزبەکان توانای ئەوەیان ماوە لە کاری سیاسی و بەڕێوە بردنی کۆمەڵگادا بەردەوام بن؟ هەمویان پیر بون و دیسان هەر خۆیان بە مرۆڤێکی گەنج دەزانن و خەریکی قژ بۆیاخ کردنی خۆیانن.

 حوسنی موبارە ک پێش ڕوخانی وا دەهاتە پێش چاو کە توانایەکی باشی هەیە وەک لەش ووەک جەستە، بەڵام لەگەڵ کەوتنی دەسەڵاتەکەیدا، خودی جەستەیەکی پیر و پەکەوتەمان بینی. ئەمە نیشانەی قوڕ بەسەریە لە پەروەردەی سەرۆکەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا. ئەو دیاردە نادیموکرات و نا پەروەردەیە کارێکی وای کردوە، هەرکەسێک هاتە سەر کورسی دەسەڵات، پێش هەرکارێک، لە ژێرەوە و بەنهێنی خەریکی خۆ پڕ چەک کردن و گەورەکردنی خۆی و منداڵەکانی بێت لەبەر چاوی کۆمەڵگا و، ئەو بەرە نەیارەی سبەینێ بە ناچاری بۆ دروست دەبێت، چونکە باش دەزانێت لە ئایندەدا، نە بە گوێی ئەو یاسایە دەکەن کە خۆیان دایان ڕشتوە نە شەرمێك لە کۆمەڵگاش دەکەن، بۆیە بەناچاری دەکرێت چاوەڕوانی کەوتنی خۆی وەک دیکتاتۆرەکەی پێش خۆی ببینێتەوە. ئەم مەیلە یەکجار شکست خواردوە و دا تەپیوە لەنێو مانەوەی تا ئێستای جەنگی کورسی و دەسەڵاتدا.

وتەی ئەو کەسایەتیە ئەڵمانەی کە دەڵێت؛ گەر دەنگدان شتێکی بگۆڕیایە دەمێک بوو یاساغ دەکرا، بۆخۆی وتەیەکی زۆر بەپێزە، دەنگدان لە کۆی سیستەمی بۆرژوازیدا، ئەو چاوبەستنە کۆمەڵایەتیەیە، وا دەکات، کۆمەڵگا بخاتە ژێر بڕوا بونەوە کە ئەوەی هەڵی دەبژێرێت کاری باشتر دەکات لەوی دوێنێ بۆ کۆمەڵگا بەگشتی. ڕاستیەکەشی وانیە و دەنگدان تەنها بۆ هەڵبژاردنی ئەو بەرە پاوان خواز و قازانج پەرستەی چینی سەرمایەداری نێو کۆمەڵگایە، دەنگدان تەنها ئەو شەرعیەتە ناڕەوایەیە کە وات لێدەکات تۆی هاوڵاتی بەدەستی خۆت واژۆی بە کۆیلە کردنی خۆت بکەیت و بیدەیتەوە بەدەستی چینی زاڵ  لە کۆمەڵگادا. گەر کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان بگرین بەنمونە، هیچ وڵاتێک نابینینەوە بچوکترین بنەما دیموکراسیەکانی تێدا پەیڕەو کرابێت، هێندەی لە ژێر دەمامکی دیموکراسیەت و ئازادیدا، چینێکی خۆسەپێنەر درێژە بەدەسەڵات و ملهوڕی خۆیان دەدەن. گەر لە کۆمەڵگادا بنەما دیموکراسیەکان بونی هەبێت، ئەو کات کۆمەڵگا خۆی دەتوانێت لە ڕێگای ئەنجومەنی گەڕەک و بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگاوە ، خۆیان و کۆمەڵگاش ڕێکخراو بکەن و پێویستیان بەوە نەبێت دەستەیەک لە سەرەوە خەریکی بەرنامە داڕێژی کۆمەڵگا  بن و دوا تر بنەماکانی کۆمەڵگایەکی کۆیلە کراو دادەمەزرێنن.

دواجار، خودی دامودەزگا ئیداری و سەربازیەکان، بەکۆ، بەشێکن لەو بەرەیە، کە تەنها قازانجەکانی خۆیان  وحیزبەکانیان لە مانەوەی کۆمەڵگایەکی دەستەمۆکرا و کۆیلە بوو ئاسادا دەبیننەوە، ئاستی داڕمانە کۆمەڵایەتیەکان ڕەنگ دانەوەی خودی سیاسەت و ئایدۆلۆژیای ئەو دەسەڵات و حزبانەیە کە لە کۆمەڵگادا، لە کاردان. زیندوو ڕاگرتنی ئیرادەی کۆمەڵگا، دەکرێت ئەو دوا ئامانجە بێت کە هیچ کەسێک و هیچ خێزانێک لەسەرو ئیرادەی گشتی کۆمەڵگاوە نەبێت. ئەم شێوازە لە سیاسەت کردنی باو، سەپاندنی هەمان شێوازی  ئەو دەسەڵات و ڕژێمە دیکتاتۆریانەن کە لە مێژوی قوڵی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا بونیان هەبوە. تا ئەم شێوازە دیکتاتۆریانە و بە موقەدەس کراوانە بونیان هەبێت، هەر لە کوردستانەوە تا دەگات بە کۆی وڵاتانی ڕۆژهەڵات، بەشێک دەبن لەو وڵاتانەی کە کۆمەڵگا وەک کۆیللە کراوێک زیاتر چاو لێناکەن و، بەردەوامیش کار لەسەر بێ ئیرادە کردنی کۆمەڵگا دەکەن تا خۆیان و ئیرادە مەزنەکەی خۆیان نەناسن. تەسلیم بون بە سیاسەتی باوی زاڵ، تەسلیم بونە بۆ خۆ دوبارە کردنەوە و خولانەوە لەنێو بازنەی داخراوی بێهودەییدا. ئیتر ئەو یاسا و ڕێسا باوانەی هەیە، تەنها بەشێک دەبن لە پرۆسەی خۆ زاڵ کردنی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و چەوسێنەر بەسەر کۆی ئیرادە و خواستە مرۆییەکانی زۆرینەی کۆمەڵگادا.

ئەگەر بنەماکانی دیموکراسیەت و ئازادی لە کوردستاندا بونی هەبوایە،  ڕێز لە ئیرادە و ناڕەزایەتیەکانی کۆمەڵگاش دەگیرا لەم دوو دەیەی ڕابردودا. قۆرخ کردنی دەسەڵات و خۆ دەوڵەمەند کردنی بەرەی سەرەوەی کۆمەڵگا، نیشانەی ئەو ڕاستیەن کە لە نێو ئایدۆلۆژیا و سیاسەتی ئەحزابی حاکمدا، شتێک نیە بەناوی ئازادی و مافی دەربڕین بۆ گشت کۆمەڵگا، بەڵکو ئەوەی بونی هەیە، ئەو جیهانبینیە قازانج پەرستە یە کە کۆمەڵگا بۆ نێو جەنگی ماڵ وێران بونی خۆی ڕاپێچ دەکات.

تاهیر حاجی حەسەن

١٤/٤/٢٠١٣ 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.