به‌یه‌ل؛ گوندێك له ناخی هه‌مووماندا
سه‌روه‌ر عومه‌ر
“تازیه‌بارانی به‌یه‌ل” له هه‌شت چیرۆكی پێكه‌وه په‌یوه‌ستی هاوكات سه‌ربه‌خۆ پێكهاتووه. چیرۆكنووس، شانۆنامه‌نووس و فیلمنامه‌نووسی ناوداری ئێرانی “غولام حوسێن ساعیدی” نووسیویه‌تی و “به‌ڕۆژ ئاكره‌یی” به زمانێكی جوان و ره‌وان كردوونی به كوردی و له‌لایه‌ن ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراسه‌وه له ساڵی 2012دا بڵاو كراوه‌ته‌وه.
ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه به ڕای ته‌واوی نووسه‌ران و ره‌خنه‌گرانی ئێرانی به یه‌كێك له شاكاره هه‌ره باشه‌كانی ئه‌ده‌بیاتی چیرۆك‌نووسیی فارسی دائه‌نرێت و له ساڵی 1964 دا بڵاوكراوه‌ته‌وه و تا ساڵی 1977 دوازده‌جار چاپكراوه‌ته‌وه. شێوازی نووسینی چیرۆكه‌كان ریالیزمی جادووییه، هه‌مان ئه‌و شێوازه‌ی كه “گابرێل گارسیا ماركیز” رۆمانی “سه‌د ساڵا ته‌نیایی” پێ نووسی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م نێوه‌دا جێگه‌ی سه‌رنج و تێڕامانه ئه‌وه‌یه نووسه‌ران و ره‌خنه‌گرانی ئێرانی پێیان وایه ساعیدی به‌ر له ماركیز و “سه‌د ساڵا ته‌نیایی”ه‌كه‌ی ئه‌م شێوازه‌ی به‌كار هێناوه. له‌وانه‌ش “ئه‌حمه‌دی شاملوو” كه ئه‌ڵێت: “ئێمه تازیه‌بارانی به‌یه‌لمان هه‌یه، كه به بڕوای من ساعیدی به‌ر له “گارسیا ماركیز” ئه‌م جیهانه سیحراوییه‌ی خوڵقاندووه.” هه‌روه‌ها رۆماننوس “مه‌حمودی ده‌وڵه‌تئابادی”، كه هاوڕێ و هاوسه‌رده‌می ساعیدی بووه له‌م باره‌یه‌وه رای وایه: “ئه‌و فه‌زایه‌ی ساعیدی ئیشی تێدا كردووه هه‌مان ئه‌و فه‌زایه‌یه كه دواتر ماركیز ته‌مه‌نی خۆی تیا دانا.” به‌ڵام ده‌وڵه‌تئابادی پێشی وایه كه ساعیدی به‌م داهێنانه‌ی خۆی نه‌زانی و هیچ به‌لایه‌وه گرنگ نه‌بوو. “بێئه‌وه‌ی بیه‌وێت و ئه‌سڵه‌ن به‌لایه‌وه گرنگ بێت، داهێنه‌ری شێوه‌یه‌ك بوو كه شاملوو راستی ئه‌كرد كاتێك ئه‌یوت ئه‌م ریالیزمی جادووییه سه‌ره‌تا ساعیدی ده‌ستی پێی راگه‌یشتبوو.” ئه‌و خۆی نه‌یده‌زانی چ داهێنانێكی گه‌وره‌ی كردووه و چ توانایه‌كی سه‌رسووڕهێنه‌ر و سیحچیرۆكبێژ هه‌یه له نووسینی چیرۆك و گێڕانه‌وه‌دا. له‌جیاتی په‌ره‌دان به‌م به‌هره و توانا ناوازه‌یه‌ی، خۆی به سیاسه‌ت و كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه و باس‌وخواسته نه‌بڕاوه رۆشنبیرییه‌كانی ئه‌و ده‌مه‌وه سه‌رقاڵا كردبوو. به رای هه‌ندێك له ره‌خنه‌گران، سیاسه‌ت و تێكه‌ڵیی زۆر نه‌یانهێشت ساعیدی وه‌ك نووسه‌رێك بژی. ساعیدی به‌هۆی هه‌ڵوێست و وتاره‌كانییه‌وه له‌لایه‌ن ده‌زگای ئاسایشی ئه‌وكاتی ئێرانه‌وه “ساواك” ده‌ستگیر ئه‌كرێت و بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵا له زیندانی تاكه‌كه‌سیدا ئه‌شكه‌نجه ئه‌درێت. ئه‌م زیندان و ئه‌شكه‌نجانه به شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ریی خراپیان له‌سه‌ر ساعیدی دانا، كه پاش ئازادكردنی و رۆیشتنی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئیتر نه‌یتوانی له‌سه‌ر داهێنانه جوانه‌كانی به‌رده‌وام بێت و شاكاری هاوشێوه‌ی “تازیه‌بارانی به‌یه‌ل” بنووسێت. وه‌ك خۆی دوای ئازادكردنی ئه‌یوت: “من ئیتر ته‌واو بووم..!” مه‌حمودی ده‌وڵه‌تئابادی به توندی ره‌خنه له‌م هه‌ڵوێستانه‌ی ساعیدی ئه‌گرێت و پێی وایه ساعیدی نه‌ده‌بوو به‌م جۆره خۆی سه‌رقاڵی سیاسه‌ت كردبایه كه ئاوا زیندانی بكرێت و ئازار بدرێت. له‌مباره‌یه‌وه ئه‌ڵێت: “ئه‌و به‌م كارانه‌ی له گه‌وهه‌ری بوونی خۆی دوور كه‌وته‌وه، ئه‌و گه‌وهه‌ره‌ی كه ئه‌یتوانی چیرۆكێك بنووسێت و له زه‌یندا بمێنێته‌وه.” یاخود وه‌ك “موجته‌با سوڵه‌تپوور” ئه‌ڵێت: “ئه‌گه‌ر غولام حوسێن ساعیدی له وڵاتێكی جیهانی سێهه‌مدا نه‌هاتایه‌ته دونیاوه و له شوێنێكدا بژیایه كه نووسه‌ر ناخه‌نه زیندانه‌وه و پاشانیش مه‌نفای به‌سه‌ردا ناسه‌پێنن، ره‌نگه ئێستا ناوی ساعیدی له ریزی گه‌وره‌ترین نووسه‌رانی سه‌ده‌ی رابردوودا بهێنرایه.”
ته‌كنیك
چیرۆكه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه، هه‌شت چیرۆكی سه‌ربه‌خۆن كه له رواڵه‌تدا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان پێكه‌وه نییه، جگه له‌وه‌ی رووداوه‌كان له یه‌ك شوێندا رووده‌ده‌ن “به‌یه‌ل”. چیرۆكه‌كان سه‌رجه‌میان بێناونیشانن و ته‌نها به “چیرۆكی یه‌كه‌م” و “چیرۆكی دووه‌م”و….. له‌یه‌ك جیاكراونه‌ته‌وه و ته‌نها ناونیشانی تایبه‌ت، ناونیشانی سه‌ر به‌رگی كتێبه‌كه‌یه كه هه‌ر هه‌شت چیرۆكه‌كه‌ی له ژێر سه‌قفێكدا كۆكردۆته‌وه. رووداوه‌كانی چیرۆكێك ته‌نها تایبه‌تن به‌و چیرۆكه و نووسه‌ر له چیرۆكه‌كانی تردا ناچێته‌وه سه‌ریان، به‌ڵام هه‌ندێك له كه‌سایه‌تییه‌كان “مه‌شه‌دی ئیسلام، مه‌شه‌دی جه‌بار و كوێخا” له سه‌رجه‌م چیرۆكه‌كاندا بوونیان هه‌یه. ئه‌م ژانره نه رۆمانه نه كورته‌چیرۆك، به‌ڵكو شێوازێكی تازه و فۆرمێكی نوێیه كه چیرۆكنووسێكی وه‌ك ساعیدی له ده‌یه‌ی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا دایهێناوه. هه‌ندێك پێیان وایه ئه‌م شێوازه جۆرێك شێوازی ئه‌و چیرۆكانه‌یه كه به ریالیزمی جادوویی نووسراون. ساعیدی له‌و نووسه‌رانه نییه كه زۆر بڵێیی و بانگه‌شه‌ی رۆشنبیرانه بكات و له وه‌سفی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یی شوێن و دیمه‌نه‌كاندا نقووم ببێت، ئه‌گه‌ر وه‌سفی شتێكیش بكات ئه‌وه شانبه‌شانی ره‌وتی رووداوه‌كانی چیرۆكه‌كه ده‌ڕوات. له كاره‌كانی ساعیدیدا درێژدادڕیی نابینرێت، ئه‌و هێنده به توانایه ته‌نها به چه‌ند رسته‌یه‌ك كۆمه‌ڵێك وێنه‌ی به‌رجه‌سته ئه‌دات به ده‌سته‌وه. وه‌ك ده‌وڵه‌تئابادی ئه‌ڵێت: “به رشتنی یه‌ك دوو په‌ڵه ره‌نگ، وێنه‌یه‌كت بۆ ئه‌كێشێت كه بۆ هه‌میشه له زه‌یندا ئه‌مێنێته‌وه.” یاخود “من هیچ كه‌سێكم نه‌دیوه وه‌ك ساعیدی بتوانێت له ژماره‌یه‌كی كه‌م مرۆڤ له ژینگه‌یه‌كی داخراودا كۆمه‌ڵه چیرۆكێك بخولقێنێت كه شاكاربن.” ساعیدی له تازیه‌بارانی به‌یه‌لدا له ژماره‌یه‌كی كه‌م مرۆڤ، چه‌ند ماڵێك، حه‌وزێك، تاته شۆرێك، په‌رستگه‌یه‌ك و كۆنه ئاشێك وێنه‌ی گوندێكی واقیعیمان بۆ ئه‌كێشێت، یاخود گوندێكمان نیشان ئه‌دات. له‌م چیرۆكانه‌دا هه‌واڵێك له جوانیناسی و دیمه‌نی عاشقانه و ژیانی لوكس له ئارادا نییه. نووسه‌ر هه‌روه‌ها په‌نا بۆ گه‌مه‌ی زمان و ئاڵۆزی و وێنه‌ی سواوی شیعری و رسته‌ی ئاوس به هزر و فه‌لسه‌فه‌ی قه‌به و ته‌كنیكی فره ده‌نگی و فره ره‌نگی نابات. هاوكات خۆیشی به ئامۆژگاری و وتاردانه‌وه سه‌رقاڵا ناكات. چیرۆكه‌كان له‌لایه‌ن چیرۆكبێژی “هه‌مووشت زان”ه‌وه ئه‌گێڕدرێنه‌وه، به‌ڵام ره‌وتی رووداوه‌كان به شێوه‌یه‌كن كه نه‌وه‌ك هیچ شوێن پێیه‌كی چیرۆكبێژ له رووداوه‌كاندا نابینرێت، به‌ڵكو چیرۆكبێژیش خۆی راده‌ستی رووداوه‌كان ئه‌بێت و به ناچاری باوه‌ڕ ئه‌هێنێت. بۆ نموونه كاتێك له چیرۆكی چواره‌مدا “مه‌شه‌دی حه‌سه‌ن” دوای مردنی مانگاكه‌ی خۆی لێئه‌بێت به مانگا و وه‌ك مانگایه‌كی راسته‌قینه ره‌فتار ئه‌كات، چیرۆكبێژ هێنده به ئاسانی راده‌ستی ئه‌م حاڵه‌ته ئه‌بێت كه له كۆتاییدا ئاوا چیرۆكه‌كه‌مان بۆ ئه‌گوازێته‌وه: “له بنی دۆڵه‌كه و له تاریكی‌دا، سێ پیاو مانگایه‌كیان گوریسپێچ كردبوو و خاوكێش خاوكێش به‌ره‌و جاده‌یان ده‌برد. یه‌كێك له پیاوه‌كان له پێشه‌وه ده‌ڕۆیشت و گوریسه‌كه‌ی راده‌كێشا. دووپیاوه‌كه‌ی تریش پاڵیان ده‌نا. مانگاكه ملی نه‌ده‌دا و پیاوه‌كانی ماندوو و هیلاك ده‌كرد.”لا136.
گفت‌وگۆ
له‌م چیرۆكانه‌دا هه‌موو شتێك به‌هۆی دیالۆگه‌وه ئه‌چێته پێشه‌وه. دیالۆگ له‌م چیرۆكانه‌دا رۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌یه و ساعیدی خۆی له چاوپێكه‌تنێكدا ئه‌ڵێت: “من له گفت‌وگۆی مرۆڤه‌كان زۆر چێژ وه‌ر ئه‌گرم و گفت‌وگۆ ئه‌سڵه‌ن بۆ من بابه‌تی گاڵته نه‌بوو.” گفت‌وگۆ حاڵه‌تێكی نمایشی به‌م چیرۆكانه به‌خشیوه. هه‌ر بۆیه چیرۆكی چواره‌می ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه له ژێر ناوی “مانگا”دا ئه‌كرێت به فیلم و له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری ناوداری ئێرانیی “داریوشی میهرجویی”یه‌وه كاری ده‌رهێنانی بۆ ئه‌نجام ئه‌درێت. نمایشی ئه‌م فیلمه ئه‌بێته خاڵی وه‌رچه‌رخان و به‌دیهاتنی شه‌پۆلێكی نوێ له سینه‌مای ئێرانی‌دا.
په‌یام
به ڕای هه‌ندێك له ره‌خنه‌گران ساعیدی له‌م چیرۆكانه‌داو له به‌رهه‌مه‌كانی تریشیدا باس له سه‌رده‌می پڕ ترس و بیمی ده‌یه‌ی په‌نجاكانی ئێران ئه‌كات. له‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه‌دا به‌ئاشكرا دژی خورافه‌په‌رستی ئه‌وه‌ستێته‌وه و ژیانی فه‌لاكه‌تباری گوندنشینان و جووتیارانی له زه‌وی دابڕاو نمایش ئه‌كات. “ساعیدی به پێچه‌وانه‌ی زۆرێك له نووسه‌رانی سه‌رده‌می خۆیه‌وه له هه‌ژار په‌رستی و ستایشی هه‌ژاری دوور ئه‌كه‌وێته‌وه و به زرنگی له چیرۆكه‌كانیدا قسه له دوو جۆر هه‌ژاریی ئه‌كات؛ هه‌ژاریی ماددی و هه‌ژاریی كه‌لتوریی، كه به ڕای ساعیدی ئه‌مه‌ی دواییان سه‌دان و هه‌زاران جار له‌وه‌ی یه‌كه‌میان زیانبارتر و وێرانكارتره.” هه‌ر له‌م چیرۆكانه‌دا ساعیدی به شێوه‌یه‌كی زۆر ناسك و هونه‌ری باس له داگیركا‌ر ئه‌كات (چیرۆكی شه‌شه‌م)، لێره‌دا دیكتاتۆرییه‌ت و داگیركاری له‌شێوه‌ی شمشێره‌كه‌ی دیمۆكلیسدا نمایش كراوه؛ كه خه‌ڵكی له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌دا كه لێی ئه‌ترسن، ئه‌شی په‌رستن. به وته‌ی “نه‌سیمی خاكسار؛ نووسه‌ر و شانۆنامه‌نووسی هاوچه‌رخ”، ( له‌م كارانه‌دا ئاماده‌یی ره‌گه‌زه ریالیستییه‌كان، كاره‌كانی ساعیدی لێوان‌لێو ئه‌كات له په‌یوه‌ندی و بابه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و نیشانی ئه‌دات كه ئه‌م نووسه‌ره له‌گه‌ڵا خه‌ڵكی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆی له په‌یوه‌ندییه‌كی به‌رده‌وامدایه و ده‌ستی واقیع ناكاته قوربانی خه‌یاڵاتی پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كانی خۆی. ئه‌مه‌ش خه‌سڵه‌تێكی ریالیسته‌كانه. نووسه‌رانی ریالیزم نیشانیاندا كه هونه‌رمه‌ند كه‌سێك نییه له گۆشه‌ی ژووره‌كه‌یدا دابنیشێت و ژیان و رووداوه‌كان له دووره‌وه وێنه بكێشێت. هونه‌رمه‌ند خۆی له نێو گۆڕه‌پانه‌كه‌دایه. له نێو ئه‌و به‌ره فراوانه‌دا كه له‌گه‌ڵا نه‌ریته رزیو و ناسازگاره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا ئه‌جه‌نگێت و تێكیان ئه‌شكێنێت و بۆ دوور فڕێیان ئه‌دات.) ساعیدیش به‌ر له نووسینی ئه‌م چیرۆكانه چه‌ندین گه‌شتی بۆ گونده دووره‌ده‌سته‌كانی ئێران ئه‌نجام داوه و له‌نزیكه‌وه بینه‌ری ژیانی گوندییه‌كان بووه و ده‌ستی له ئازار و كۆژانی گوندنشینه‌كان داوه. له ئه‌نجامی ئه‌م گه‌شتانه‌یدا چه‌ند “مۆنۆگراف”*ێكی نووسیوه و دوابه‌دوای هه‌ر گه‌شتێكیش چه‌ند كارێكی ئه‌ده‌بی ئه‌فراندووه، كه “تازیه‌بارانی به‌یه‌ل”یش به‌رهه‌می یه‌كێك له‌م گه‌شتانه‌ی نووسه‌ره.
كه‌سایه‌تییه‌كان
كه‌سایه‌تییه‌كان له‌م چیرۆكانه‌ی ساعیدیدا نه‌گۆڕن، هه‌ر به‌وجۆره‌ی كه له سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كاندا باس ئه‌كرێن هه‌روا ئه‌مێننه‌وه. هیچ هه‌وڵێك بۆ گۆڕینی بارودۆخی ژیانیان ناده‌ن و هه‌میشه رازین و له هه‌ر هه‌ل‌ومه‌رجێكدا نه‌ك ناڕه‌زامه‌ندی ده‌رنابڕن به‌ڵكو سوپاسگوزاریشن. كه‌سه‌كان هێنده له نێو باوه‌ڕ و ترس و بیم و خورافاته‌كانی خۆیاندا نقووم بوون كه پێیان وایه ئازار و ره‌نج و مه‌ینه‌تییه‌كانیان به‌شێكی جیانه‌كراوه‌یه له ژیانیان و هیچ سكاڵایه‌كیان له‌م هه‌ل‌ومه‌رجه نییه. مه‌رگ و ترس و برسییه‌تی و تاریكی و هه‌ژاریی پێبه‌پێ له‌گه‌ڵا ژیانیاندا ئه‌چێته پێشه‌وه. ته‌واوی كه‌سایه‌تییه‌كان كۆیله‌ی ترس و له‌رز و خه‌یاڵاته‌كانیانن. كاتێكیش رووبه‌ڕووی كێشه‌یه‌ك ئه‌بنه‌وه په‌نا بۆ ته‌نیایی و مه‌رگ ئه‌به‌ن. مرۆڤه‌كان له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا ته‌نیا و بێكه‌سن، له عه‌شقدا شكست ئه‌خۆن و په‌نا بۆ ته‌نیایی ئه‌به‌ن، له چاره‌سه‌ری كێشه‌كاندا شكست ئه‌خۆن و په‌نا بۆ مه‌رگ ئه‌به‌ن. “مه‌شه‌دی ره‌مه‌زان” پاش مردنی دایكی په‌نا بۆ مه‌رگ ئه‌بات، “عه‌باس” پاش كوشتنی سه‌گه‌كه‌ی به رق و تووڕه‌ییه‌وه گوند به‌جێئه‌هێڵێت. “مه‌شه‌دی ئیسلام” پاش ئه‌وه‌ی تۆمه‌تی ئه‌خلاقی ئه‌خه‌نه پاڵا، ده‌ركه و په‌نجه‌ره‌ی ماڵه‌كه‌ی به قوڕ ئه‌گرێت و به‌ره‌و شار ئه‌ڕوات و دواجار سه‌ر له نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونییه‌وه ده‌رئه‌هێنێت. كوڕی مه‌لای گوند به‌دوای ئه‌و كچه‌دا كه خۆشی ئه‌وێت، روو ئه‌كاته شار و له نه‌خۆشخانه‌یه‌كدا ئه‌یخه‌وێنن.
ته‌نها دوو كه‌س له‌م چیرۆكانه‌دا له حاڵه‌تی نه‌گۆڕی خۆیان دێنه ده‌ره‌وه، ئه‌وانیش “مه‌شه‌دی حه‌سه‌ن” له چیرۆكی چواره‌مدا و “سه‌رسوور”ه له چیرۆكی حه‌وته‌مدا. ئه‌م دوو كه‌سایه‌تییه‌ش دووچاری به‌دگۆڕان “مه‌سخ” و له خۆبێگانه‌بوون ئه‌بن. مه‌شه‌دی حه‌سه‌ن به هۆی مردنی مانگاكه‌یه‌وه ئه‌بێت به مانگا و دواجار له هه‌ڵدێرێكه‌وه به‌رئه‌بێته‌وه خواره‌وه و ئه‌مرێت. سه‌رسووریش كه دووچاری نه‌خۆشیی زۆرخۆری بووه، له به‌یه‌ل ده‌ر ئه‌كرێت و دواجار ئه‌بێته گیانه‌وه‌رێكی ترسناك: “لمۆزی وه‌ك لمۆزی مشك درێژ بوو. گوێیه‌كانی وه‌ك گوێی مانگا قیت وه‌ستا بوو به‌ڵام لاق و لپی سمیان پێوه بوو. كلكه كورت و سێگۆشه‌ییه‌كه‌ی شۆڕ بووبوویه‌وه و دوو شاخی بچو‌وكیش له‌خوار گوێیه‌كانییه‌وه ده‌بینران. كه ده‌تگوت له‌ژێر پێستیدا خه‌ریكن چووزه‌ره ده‌كه‌ن. كه زۆری له‌خۆی ده‌كرد، پێڵووه‌كانی ده‌كرانه‌وه و چاوه‌كانی له‌ژێر شاخه‌كانییه‌وه ده‌بینران كه وه‌كو چاوی بۆقێك له‌سه‌ره‌وه‌یان ده‌ڕوانی. چه‌ند له‌ته په‌ڕۆیه‌كیش به ئه‌ندامه‌كانی له‌شیدا شۆڕ بووبوونه‌وه. دانیشتبوو و گه‌نمه‌كانی هه‌ڵده‌لووشی….” لا209-210
كه‌سایه‌تییه‌كان له‌یه‌ك ئاستی بیركردنه‌وه‌دان و وه‌ك یه‌ك وان. “مه‌شه‌دی ئیسلام” كه زرنگترین و رۆشنبیرترین كه‌سایه‌تیی چیرۆكه‌كانه، ئه‌ویش له ئاستی كێشه‌كاندا ده‌سته‌وتانه و هیچی پێناكرێت. “ئیسلام” رۆشنبیری كۆمه‌ڵگه‌ی جوتیارییه، ئه‌و هه‌مه‌كاره‌ی گونده، له زه‌ماوه‌نده‌كاندا ساز لێئه‌دات و له پرسه‌كاندا سه‌ردولكه ئه‌خوێنێت. هه‌مووان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان په‌نای بۆ ئه‌به‌ن. به رای هه‌ندێك له ره‌خنه‌گران، “ئیسلام” له‌م چیرۆكانه‌دا نوێنه‌ری ئایدۆلۆژیای كۆمه‌ڵگه‌یه. چاو و دڵا و گوێی گونده. ته‌نها هۆكاری گواستنه‌وه له‌م گونده‌دا عاره‌بانه‌كه‌ی ئه‌وه. ئه‌و كه‌سێكی ته‌نیایه و نه ژنی هه‌یه و نه منداڵا، دواجاریش به‌هۆی دروستكردنی تۆمه‌تێكه‌وه بۆی، گوند به‌جێئه‌هێڵێت و ئاواره‌ی سه‌ر شه‌قامه‌كانی شار ئه‌بێت.
ئه‌توانین بڵێن له‌م چیرۆكانه‌دا پاڵه‌وان بوونی نییه، ئه‌گه‌ر هه‌شبێت ئه‌وا خودی گوندی “به‌یه‌ل”ه، كه ته‌واوی رووداوه‌كان له‌وێدا روو ئه‌ده‌ن.
فه‌زا
ئه‌وه‌ی له‌م چیرۆكانه‌دا سه‌رنجڕاكێش و تازه‌یه، فه‌زایه. فه‌زا له‌م چیرۆكانه‌دا زۆر تاریك و خنكێنه‌ره. ئه‌گه‌ر به‌دوای شادی و خۆشی و خه‌نده و ژیانی پڕ باق و بریقدا ئه‌گه‌ڕێی هه‌رگیز ئه‌م چیرۆكانه مه‌خوێنه‌ره‌وه. ئه‌م چیرۆكانه هه‌رچه‌نده باس له گوند ئه‌كه‌ن و گوندیش سیمبولی سروشت و گوڵا و باخ و شاخ و جوانییه، به‌ڵام هیچ كام له‌مانه له‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه‌دا نابینرێن. ساعیدی ته‌نانه‌ت كاتێك باسی سروشتیش ئه‌كات زۆر به شێوه‌یه‌كی ناشیرین و دژه ستاتیكیانه باسی ئه‌كات. سه‌رنجێك له‌م چه‌ند نموونه‌یه بده‌ن: ” نه‌نه فاتم بایه‌كی ره‌ش و چڵكنی بینی كه شتێكی سپی له‌گه‌ڵا خۆی دێنا…”لا65، “بایه‌كی بۆگه‌ن هه‌ڵی كرد.”، “تیرێژی خۆر به نێوان لقه‌كاندا تێده‌په‌ڕی و هه‌ردووكیانی ته‌نگه‌تاو كردبوو..لا48” “جامی ئاوه‌كه پڕبوو له مێشووله…لا56” “ریزی سه‌ره‌كان تێكڕا هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و له مانگیان روانی كه وه‌ك كۆنه فودانێك له پورۆسه‌وه هه‌ڵده‌هات..لا122” “مانگ مۆر و هه‌ڵمساو له خۆرهه‌ڵاته‌وه ده‌ركه‌وت…لا206”
“به‌یه‌ل” گوندێكه نه‌كه‌س تیایدا له‌دایك ئه‌بێت، نه كه‌س زه‌ماوه‌ند ئه‌كات. عه‌شق به‌شێوه‌یه‌كی زۆر كاڵا به‌رچاو ئه‌كه‌وێت. نه رووه‌كێك ئه‌ڕوێت، نه به‌رهه‌مێك به‌ده‌ست دێت، گوند كه سه‌رچاوه‌ی خێر و به‌ره‌كه‌ت و به‌رهه‌می رووه‌كی و به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵا و سوود وه‌رگرتنه له به‌رهه‌مه‌كانی، به‌ڵام لێره‌دا هیچ به‌رهه‌م و به‌روبوومێك نابینرێت. برسێتی و قات‌وقڕی ته‌نگی به به‌یه‌لییه‌كان هه‌ڵچنیوه. گوند له گۆڕستانێك ئه‌چێت هه‌موو شتێك تیایدا راوه‌ستاو و بێجووڵه‌یه. گوندێك كه ته‌نها له كۆمه‌ڵێك ماڵا، حه‌وزێك، تاته‌شۆرێك، مه‌زارێك و كۆنه‌ئاشێك پێكهاتووه. له‌م گونده‌دا هیچ شتێكی سوود به‌خش به‌رهه‌م ناهێنرێت، به‌ڵام تا حه‌ز بكه‌یت به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌فامی، خوارفه، دڵڕه‌قی و توندوتیژییه. له‌م گونده‌دا كه‌س یارمه‌تی كه‌س نادات. ته‌نیایی باڵی به‌سه‌ر ته‌واوی تاكه‌كاندا كێشاوه. ته‌نها په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كان تاكه‌كان كۆ ئه‌كاته‌وه، ئه‌و كاتانه‌ی پێكه‌وه ئه‌چن بۆ سواڵكردن یاخود كاتێك ئه‌چن بۆ دزی. خه‌ڵكی ئه‌م گونده به‌و حاڵه خراپه‌ی كه تیایدان زۆر رازین و ته‌نانه‌ت سوپاسگوزاریشن و هیچ ده‌نگی ناڕه‌زاییه‌ك نابیستین. ئه‌وان به راده‌یه‌ك له گۆڕان ئه‌ترسن ته‌نانه‌ت ئاماده نین سه‌گێكی بێگانه‌ش قه‌بووڵا بكه‌ن و له ناوی ئه‌به‌ن. ده‌نگی كۆمه‌ڵگه پڕه له خورافات، كه‌س بیرناكاته‌وه و هه‌مووان به‌دوای نانی شه‌ودا وێڵن. به‌رده‌وام له خودا ده‌پاڕێنه‌وه؛ خودایه‌ك كه خۆیان بۆ خۆیان دروستكردووه. خورافه و نه‌فامی به‌شێوه‌یه‌ك مێشكی تاكه‌كانی داگیر كردووه، مه‌كینه‌ی ئۆتۆمۆبیلێكیان لێده‌بێت به “ئیمامزاده” و داوای چاره‌سه‌ر و شه‌فاعه‌تی لێئه‌كه‌ن. هه‌موو شتێك له‌م گونده‌دا بیانووه بۆ شیوه‌ن و رۆڕۆ و تازیه‌باری.
خوێنه‌ر دوای خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك، هه‌ستێكی سه‌یری لادروست ئه‌بێت، ماڵه‌كان زۆر نزمن و هیچیان ده‌ركه‌یان نییه. خه‌ڵكی به‌سه‌ر دیواره‌كاندا هات‌وچۆ ئه‌كه‌ن، له په‌نجه‌ره و ده‌ربیجه‌وه ده‌رو ژوور ئه‌كه‌ن و له كڵاوه‌رۆژنه و كونی سه‌ربانه‌كانه‌وه سه‌ر ده‌ر ئه‌هێنن و قسه ئه‌كه‌ن. له‌م چه‌ند نموونه‌یه‌ی خواره‌وه بڕوانن:
* كه گه‌یشتنه لای حه‌وزه‌كه، په‌نجه‌ره‌یه‌كی بچووك كرایه‌وه و سه‌ری پیاوێكی لێوه هاته ده‌ر. سه‌ره‌كه له تاریكی‌دا جووڵه‌یه‌كی كرد و وتی….لا9
* پیره‌مێرده‌كانیش كه نه‌یانده‌توانی له‌ماڵا بێنه ده‌ر، سه‌ریان له كڵاوه‌ڕۆژنه‌كانه‌وه هێنابووه ده‌رێ…لا11
* مه‌شه‌دی بابه سه‌ری له كڵاوه‌رۆژنه‌ی بانه‌كه‌یانه‌وه ده‌ركێشا و هاواری كرد…
* ئیسلام تاره‌كه‌ی هه‌ڵگرت و له په‌نجه‌ره‌وه هاته نێو كۆڵان…لا219
* بابه عه‌لی كه سه‌ری له ده‌ربیجه‌ی دیواره‌وه هێنابووه ده‌رێ وتی…لا188
* عه‌باس ده‌ربیجه دارینه‌كه‌ی كرده‌وه، سه‌ره‌تا پێیه‌كانی و پاشان له‌ش و ئه‌وسا سه‌ری برده ژوورێ…لا161
* به په‌له خۆی گه‌یانده سه‌ر نه‌ردیوانه‌كه و سه‌ری له كڵاوه‌رۆژنه‌وه برده ده‌رێ و سه‌ری به‌و ناوه‌دا گێڕا…لا107
خه‌ڵكانی ئه‌م گونده ئه‌ڵیی ته‌نها بۆ مه‌ینه‌تی به‌دیهێنراون و هیچی تر. پێكه‌نین له‌م چیرۆكانه‌دا به ده‌گمه‌ن ئه‌بینرێت، ته‌نانه‌ت كاتێكیش كه‌سێك قسه‌یه‌كی خۆش ئه‌كات كه‌س پێناكه‌نێت، چونكه وه‌ك گێڕانه‌وه‌ی نوكته‌یه‌ك وایه له كۆڕێكی پرسه‌دا. تاریكی به ته‌واوه‌تی باڵی به‌سه‌ر ئه‌م گونده‌دا كێشاوه و ته‌نها رووناكییه‌ك لێره‌دا رووناكیی فانۆسه‌كان یاخود تریفه‌ی مانگه، كه جارجاره له درزی هه‌وره‌كانه‌وه ده‌رئه‌كه‌وێت. تاریكی وه‌ك “د. شه‌هرزاد نوری سه‌فا” ئه‌ڵێت: “سیمبولی نه‌فامی و نه‌زانینه كه به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان له‌م گونده‌دا بڵاو بۆته‌وه.” كۆمه‌ڵگه له‌م چیرۆكانه‌دا نوقمی پرسه‌یه، به ته‌نها له چیرۆكی دووه‌مدا چه‌ندین مه‌رگی یه‌كله‌دوای یه‌ك ئه‌بینین. ناوی كۆمه‌ڵه چیرۆكه‌كه‌ش “تازیه‌بارانی به‌یه‌ل”ه. به قه‌ولی “نه‌نه فاتم” یه‌كێك له كه‌ساتییه‌كانی كۆمه‌ڵه چیرۆكه‌كه؛ “ده‌ڵێی هه‌موو شتێك فاتیحه‌ی لێخوێندراوه…!” مرۆڤه‌كان زۆر دڵڕه‌ق و بێبه‌زه‌یین، كه‌س به هانای كه‌سه‌وه نایه‌ت. له چیرۆكی سێهه‌مدا “مه‌شه‌دی حه‌سه‌ن” كاتێك مانگاكه‌ی ئه‌مرێت و له ژێر قورسایی باری ئه‌م خه‌مه‌دا له‌پێ ئه‌كه‌وێت، نه‌وه‌ك كه‌س به هانایه‌وه ناچێت به‌ڵكو گوریسپێچ ئه‌كرێت و له‌به‌یه‌ل دوور ئه‌خرێته‌وه. لێره‌دا مرۆڤه‌كان به ئه‌ندازه‌ی ئاژه‌ڵه‌كانیش توانای لێبووردن و له‌گه‌ڵا یه‌ك هه‌ڵكردنیان نییه. له چیرۆكی پێنجه‌مدا ئاماژه‌یه‌كی جوان به‌مه دراوه، كاتێك “عه‌باس” سه‌گێك له خاتووناواوه دوای ئه‌كه‌وێت بۆ به‌یه‌ل، به یه‌كێك له خاتووناواییه‌كان ئه‌ڵێت: “ده‌ترسێم سه‌گه‌كانی به‌یه‌ل له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵ نه‌كه‌ن.” خاتووناواییه‌كه‌ش پێی ئه‌ڵێت: “سه‌گه‌كان له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌ڵك له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵیان نه‌كرد، به‌ره‌ڵای بكه، بۆخۆی دێته‌وه خاتووناوا.” لا143
هه‌روه‌ها له چیرۆكی حه‌وته‌میشدا “سه‌رسوور” به دڕندانه‌ترین شێوه له به‌یه‌ل ده‌رئه‌كرێت و كه‌سێك نییه دڵی پێی بسووتێت. هه‌ر بۆیه ئه‌توانین بڵێین “به‌یه‌ل” گوندێكه له هه‌ناوی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا. “به‌یه‌ل” شوێنێكه یاخود ناشوێنێكه كه له ناخی هه‌مووماندا هه‌یه و له‌ناخی هه‌ریه‌ك له ئێمه‌دا به‌یه‌لێك هه‌یه كه تیایدا رق و كینه و نه‌هامه‌تی و نائومێدی و تاریكی و ته‌نیایی و ترس و بیم و خورافه فه‌رمانڕه‌وایه. واته ئه‌گه‌ر ناخی مرۆڤ وڵاتێك بێت، هه‌میشه له گۆشه‌یه‌كی ئه‌م وڵاته‌دا گوندێكی تاریكی وه‌ك “به‌یه‌ل” هه‌یه. ساعیدی هاتووه و له رێگه‌ی چیرۆكه‌وه تیشكی خستۆته سه‌ر ئه‌م گونده تاریكه كه تا ئێستا به نادیاری و شاراوه‌یی ماوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی ساعیدی له “تازیه‌بارانی به‌یه‌ل”دا نیشانمان ئه‌دات به‌شێكه له ناخی هه‌ریه‌ك له ئێمه، كه تا هه‌نووكه نادیار بووه و به رۆشنایی نووكی خامه به پێز و بڕشته‌كه‌ی ساعیدی رووناك كراوه‌ته‌وه و خراوه‌ته به‌رده‌ستمان. تاوه‌كو سه‌ردانی بكه‌ین و به كون و قوژبن و كه‌لێنه‌كانی ئاشنا بین.
رووداو
رووداو له‌م چیرۆكانه‌دا رۆڵێكی ته‌واو گرنگ ئه‌گێڕێت، ساعیدی له‌گه‌ڵا گفت‌وگۆدا گرنگییه‌كی زۆریشی به رووداو داوه، بۆ نموونه ته‌نها له چیرۆكی دووه‌مدا پێنج رووداوی یه‌كله‌دوای یه‌ك روو ئه‌ده‌ن و هاوشان له‌گه‌ڵا ره‌وتی چیرۆكه‌كه‌دا ئه‌چنه پێشه‌وه. ئه‌م رووداوانه نه‌وه‌ك ته‌نها بینای چیرۆكه‌كان توند‌وتۆڵا ئه‌كه‌ن، به‌ڵكو كارێكیش ئه‌كه‌ن خوێنه‌ر هه‌ست به بێزاری و یه‌ك ریتمی نه‌كات و به دوای رووداوه‌كاندا، شوێن وشه و رسته‌كان بكه‌وێت و لاپه‌ڕه‌كان به تامه‌زرۆییه‌وه هه‌ڵبداته‌وه. نووسه‌ری چیلیی “ئیزابێل ئالنده” ئه‌ڵێت: “چیرۆكی بێ رووداومان نییه.” رووداوه‌كان له چیرۆكه‌كانی ساعیدیدا سینه‌مایی ئه‌چنه پێشه‌وه، ره‌نگه هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردبێت، یه‌كێك له چیرۆكه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه بكرێته فیلم و هه‌ر له‌م فیلمه‌شدا چه‌ندین دیمه‌ن له چیرۆكه‌كانی تر بهێنرێت و تێكه‌ڵا به‌م فیلمه بكرێت. ساعیدی له رێگه‌ی رووداو و گفت‌وگۆوه ئه‌گات به كه‌شێكی نمایشی كه یه‌كێكه له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی رۆمانی پۆست مۆدێرنی ئه‌مڕۆ.
زمان
زمان له‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه‌دا، زمانی ئارگۆیه، زمانێكی ساده‌ی نا ئه‌ده‌بی، دژه ئێستاتیكی، ئاسایی و رۆژانه‌ی دانیشتوانی گوندێكی وه‌ك “به‌یه‌ل”. ساعیدی ئه‌م زمانه‌ی بێ رتوش و ده‌ستكاری وه‌ك خۆی داناوه‌ته‌وه. ئه‌م زمانه به ته‌واوی ساده‌یی و ره‌وانی و بێ گرێ‌وگۆڵی خۆیه‌وه له “تازیه‌بارانی به‌یه‌ل”دا ئاماده‌یه. زمانێك كه یارمه‌تیده‌رێكی زۆر باشه بۆ نیشاندانی هه‌ژاریی كه‌لتوری و ساده‌یی خه‌ڵكانی ئه‌م گونده. بۆ نموونه له چیرۆكی شه‌شه‌مدا كاتێك “مه‌شه‌دی جه‌بار” له شار ئه‌گه‌ڕێته‌وه، شتێكی نامۆ له‌سه‌ر رێگه‌كه‌ی ئه‌بینێت و بۆ خه‌ڵكی به‌یه‌لی باس ئه‌كات، ئێستا سه‌رنج له‌م گفت‌وگۆیانه بده‌ن:
مه‌شه‌دی جه‌بار: “شتێكی گه‌وره بوو نه‌مزانی چی بوو؟”
مه‌شه‌دی بابه گوتی: “ئاخر چۆن چۆنی بوو؟”
مه‌شه‌دی جه‌بار گوتی: “شتێكی گه‌وره بوو، وه‌كو مانگایه‌ك، هه‌رچییه‌كم كرد نه‌متوانی بیجووڵێنمه‌وه.”
عه‌بدوڵڵا گوتی: “چۆن بوو؟ سه‌ر‌وگوێلاكی هه‌بوو، نه‌یبوو؟ ئاخر چۆن چۆنی بوو؟”
مه‌شه‌دی جه‌بار بیرێكی كرده‌وه و گوتی: “لێم روون نه‌بووه‌وه…چاو و گوێ..نا نه‌یبوو.”
……..
ئیسماعیل گوتی: “له‌كێ ده‌چوو؟”
مه‌شه‌دی جه‌بار بیرێكی كرده‌وه‌و له تاك تاكی پیاو و ماڵه‌كانی روانی، كۆكه‌یه‌كی كرد و گوتی: “له هیچ كه‌س نه‌ده‌چوو، شتێكی سه‌یر و عه‌جایه‌ب بوو، وه‌كو …. به‌خوای نازانم چی بڵێم.” لا172-173
نووسه‌ر هه‌روا درێژه به‌م گفت و گۆیانه ئه‌دات ته‌نها له پێناوی ده‌رخستنی عه‌قڵی ساده و خورافاتی دانیشتوانی به‌یه‌لدا.
هه‌رچه‌نده ساعدی به‌م زمانه ساده‌یه، بێ زۆرله‌خۆكردن و ئاڵۆزی و فه‌لسه‌فه لیدان و خۆنواندن ئه‌م شاكاره جوانه‌ی ئه‌فڕاندووه، به‌ڵام هه‌ندێك له ره‌خنه‌گران ئه‌مه به خاڵێكی لاوازی كاره‌كه‌ی ساعیدی دائه‌نێن و ئه‌ڵێن ئه‌بووایه زمانێكی ئه‌ده‌بی و جوانتری به‌كار بردبا. به‌ڵام رۆماننوسی ناسراوی ئێرانی “مه‌حمودی ده‌وڵه‌تئابادی” له‌گه‌ڵا ئه‌م رایه‌دا نییه و ئه‌و پێی وایه: “زمان ته‌واو هاوئاهه‌نگه له‌گه‌ڵا چیرۆكه‌كاندا. من هیچ لاوازییه‌ك له زماندا سه‌باره‌ت به بابه‌ته‌كه نابینم. ساعیدی هیچ كات نه‌یویست ئه‌دیب بێت و زمانی ئه‌دیبانه به‌كار بهێنێت، ئه‌مه‌ش ته‌واو هاوئاهه‌نگییه‌كی لۆژیكی هه‌یه له‌گه‌ڵا ده‌ربڕینه‌كاندا. ئه‌گه‌ر بڕیار بووایه زمانێكی ئه‌دیبانه‌ی به‌كار بهێنایه، ئه‌م چیرۆكانه ناته‌واو ئه‌بوون. ئیسلام و عاره‌بانه و بزنه‌كه‌ی و ئه‌و گونده‌ی كه به وته‌ی تۆ هه‌موویان خه‌وتوون ئه‌مه ئه‌خوازێت. باشه بۆ نموونه ئه‌گه‌ر “بێكیت” بیویستایه به زمانێكی ئه‌دیبانه بنووسێت، نه‌یئه‌توانی؟ ئه‌و خۆ مامۆستای زمان و كه‌لتور و زانستی رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات بوو، به‌ڵام له نمایشنامه گرنگه‌كه‌ی “له‌چاوه‌ڕوانی گۆدۆدا” ئه‌م كاره‌ی نه‌كرد. یاخود یونسكۆ له نمایشنامه‌كانیدا. ئه‌م قسانه نه‌زانیی ره‌خنه‌گرانه.”
كات و شوێن
ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه له ده‌ره‌وه‌ی كات و شوێنن، ئه‌مه‌ش ته‌كنیكێكه ساعیدی بۆ به گشتی كردن و هه‌میشه‌یی كردنی چیرۆكه‌كانی سوودی لێوه‌ر گرتووه. هه‌رچه‌نده هه‌ندێك ئه‌ڵێن كات له‌م چیرۆكانه‌ی ساعیدیدا، ئاماژه‌یه به كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی ده‌یه‌ی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردوو و سه‌رده‌می ترس و خورافه‌ی ره‌زاخان و خوازه‌یه‌كه بۆ ئێرانی سه‌رده‌می په‌هله‌وی. هه‌روه‌ها شوێنیش “گوندی به‌یه‌ل” گوندێكه چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له “ئیلخچی”یه‌وه دووره، كه گوندێكی ئه‌هلی حه‌ق نشینه له نزیكی شاری “ته‌بریز”، ساعیدی له گه‌شتێكیدا بۆ ئه‌م ناوچه‌یه سه‌ردانی ئه‌م گونده‌ی كردووه و “مۆنۆگراف”ێكیشی له‌سه‌ر نووسیوه. به‌ڵام ئه‌م زانیارییانه هیچ گرنگییه‌كیان نییه و ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه‌ی ساعیدی تایبه‌ت نین به هیچ سه‌رده‌م و شوێنێك، كات بۆ هه‌موو سه‌رده‌مێك درێژ ئه‌بێته‌وه و شوێنیش ئه‌كرێت هه‌ر جێگه‌یه‌ك بێت. چونكه ئه‌وه‌ی نووسه‌ر له‌م چیرۆكانه‌دا ئه‌یه‌وێت لێی بدات، ترس و بیم، ته‌نیایی، له‌خۆبێگانه بوون، خورافه،برسێتی و….تادواییه، كه ئه‌مانه‌ش تایبه‌ت نین به‌هیچ شوێن و سه‌رده‌مێك و تا مرۆڤایه‌تی مابێت درێژه‌یان هه‌یه. هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه پاش تێپه‌ڕ بوونی ئه‌و ماوه زۆره‌ش ته‌پوتۆزی فه‌رامۆشی نه‌نیشێته سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی و هه‌رچه‌نده له سه‌رده‌می ساعیدیدا و دوای ئه‌ویش چه‌ندین چیرۆك و رۆمان تایبه‌ت به ژیانی گوند و خه‌ڵكی گوند نووسراون به‌ڵام هیچیان وه‌ك كاره‌كانی ساعیدی به نه‌مری نه‌مانه‌وه و چوونه خانه‌ی فه‌رامۆشییه‌وه.
وه‌رگێڕان
“تازیه‌بارانی به‌یه‌ل” یه‌كێكه له‌و شاكارانه‌ی جێگه‌ی به‌تاڵی هه‌میشه له كتێبخانه‌ی كوردیدا هه‌ستی پێئه‌كرا. هه‌رچه‌نده دره‌نگ وه‌رگێڕدرا، به‌ڵام دواجار به وه‌رگێڕانێكی ناوازه‌وه كه‌وته به‌ر ده‌ستی خوێنه‌ری كورد. “به‌رۆژ ئاكره‌یی” له وه‌رگێڕانه‌كه‌یدا زۆر جوان و كارامانه سوودی له هه‌مان زمانی چیرۆكه‌كان وه‌رگرتووه و هه‌ر به‌و زمانه ساده و ساكاره گوندییه چیرۆكه‌كانی به كوردی كردووه. ئه‌م كاره‌ی به شێوه‌یه‌ك وردبینی و سه‌لیقه و كارامه‌یی ئه‌نجامداوه؛ هه‌ندێك جار له كاتی خوێندنه‌وه‌دا وا هه‌ست ئه‌كه‌یت شاكارێكی به كوردی نووسراو ئه‌خوێنیته‌وه. ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و زمانه ته‌واو كوردی و خۆماڵییه‌ی ئاكره‌یی له وه‌رگێڕانی چیرۆكه‌كاندا به‌كاری هێناوه. به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكانه بۆ ماوه‌یه‌ك له زمانی فه‌رمی و په‌خشانی سارد‌وسڕ و بێڕۆحی رۆژنامه و وتار و راپۆرته‌كان دوورمان ئه‌خاته‌وه و به تووله‌ڕێی زمانێكی ساده و خۆماڵیدا ئه‌مانباته دونیای ریالیزمی جادوویی غولام حوسێن ساعیدییه‌وه.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا مایه‌ی سه‌رسووڕمان و جێگه‌ی داخه ئه‌وه‌یه كه ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم تا هه‌نووكه خویندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌م شاكاره پڕ داهێنانه نه‌كراوه و ئه‌م چیرۆكانه له دونیای رۆشنبیری كوردیدا هه‌روا خه‌ریكن به بێده‌نگی تێئه‌په‌ڕن. وه‌ك بڵێی كتێبێكی له‌م جۆره ئه‌سڵه‌ن نه‌كرابێته كوردی. جانازانم ئه‌مه بۆ نه‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكانه ئه‌گه‌ڕێته‌وه له‌لایه‌ن نووسه‌ران و ره‌خنه‌گرانه‌وه یاخود بابه‌ته‌كه هه‌ست نه‌كردنه به گه‌وره‌یی و گرنگی ئه‌م كۆمه‌ڵه چیرۆكه له دونیای ئه‌ده‌ب و داهێناندا. ئه‌مه له كاتێكدا ئه‌م چیرۆكانه و كاره‌كانی تری ساعیدی له ئێران گرنگییه‌كی زۆریان پێئه‌درێت و سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕبوونی ده‌یان ساڵا به‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌یاندا هێشتا زیندوون و به‌رده‌وام خوێندنه‌وه‌یان بۆ ئه‌كرێت و ره‌خنه و نووسینیان له‌سه‌ر بڵاو ئه‌كرێته‌وه و ئه‌كرێنه بابه‌تی توێژینه‌وه‌ی نامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆرا له زانكۆكاندا.
كۆتایی
دواجار بۆ منێكی رۆژهه‌ڵاتی كاره‌كته‌ر و شوێن و رووداو و بۆنه و زمان و پرس و په‌یام و ئه‌فسانه‌كانی ئه‌م چیرۆكانه زۆر نزیكن و به‌ش به‌حاڵیی خۆم له خوێندنه‌وه‌یاندا هه‌ستم به ئاشنایی و نزیكییه‌كی زیاتر ده‌كرد له‌چاو خوێندنه‌وه‌ی رۆمان و چیرۆكه‌كانی گارسیا ماركیز و خوان رۆڵفۆ و كارلۆس فۆینتس، ته‌نانه‌ت ئه‌و رۆمانه كوردییانه‌ش كه به‌م شێوه‌یه نووسراون. ئه‌توانین بڵێین ریالیزمی جادوویی غولام حوسێن ساعیدی شێوازێكی خۆماڵیزه‌كراوی ئه‌م رێبازه‌یه و خوێنه‌ری رۆژهه‌ڵاتی له كاتی خوێندنه‌وه‌یاندا چێژێكی زیاتر وه‌رئه‌گرێت.
*نمونوگراف: بریتییه له لێكۆڵینه‌وه یان توێژینه‌وه‌یه‌كی دوورودرێژ سه‌باره‌ت به بابه‌تێكی تایبه‌ت و دیاریكراو.
بایۆگرافی غولام حوسێن ساعیدی
دكتۆر غولام حوسێن ساعدی، ناسراو به “گه‌وهه‌ر موراد”، رۆژی شه‌ممه 4ی مانگی جه‌نیوه‌ری1936 له ته‌بریز هاتۆته دونیاوه. ساڵی 1951 هاوكات له‌گه‌ڵا راپه‌ڕینی نه‌ته‌وه‌ییدا چالاكیی سیاسی خۆی ده‌ستپێكرد. چه‌ند ساڵێك دواتر به‌رپرسیارێتی بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆژنامه‌كانی “فریاد، صعود، جوانان ازربایجان”ی له ئه‌ستۆ گرت و چه‌ند چیرۆكێكی له‌م رۆژنامه‌یه و هه‌روه‌ها “دانش اموز”ی چاپی تاران‌دا بڵاو كرده‌وه.
پاش كوده‌تای 15ی ئۆگه‌ستی1954 بۆ ماوه‌ی دوو مانگ دیارنه‌ما و له مانگی دیسه‌مبه‌ری ئه‌م ساڵه‌دا ده‌ستگیر كرا و چه‌ند مانگێكی له زیندان به‌سه‌ر برد. ساڵی 1955 چووه كۆلێژی پزیشكی و ساڵێك دواتر هاوكاری خۆی له‌گه‌ڵا گۆڤاری “سخن” ده‌ستپێكرد. له‌م ساڵه‌دا چیرۆكی “مرغ انجیر “و چیرۆك و شانۆنامه‌ی “پیگمالیۆن”ی له ته‌بریز بڵاوكرده‌وه. له ساڵی 1967دا چیرۆكی “خانه‌های شه‌ری” له ته‌بریز و شانۆنامه‌ی “لیلاج ها”ی له گۆڤاری “سخن”دا بڵاو كرده‌وه. دوو ساڵا دواتر و پاش ئاشنایی له‌گه‌ڵا سه‌مه‌دی بێهره‌نگی، بێهروزی دێهقانی، مه‌فتونی ئه‌مینی، كازمی سه‌عاده‌تی و مه‌نافی مه‌له‌كی، رابه‌رایه‌تی بزاڤه خوێندكارییه‌كان و مانگرتنه‌كانی زانكۆی ته‌بریزی كرد. له‌م ساڵه‌دا كورته چیرۆكی “شكایت” و شانۆنامه‌ی “غیوران شب”ی نووسی.
له ساڵه‌كانی دواتردا تا ته‌واوكردنی خوێندن له ساڵی 1961دا شانۆنامه‌ی “سایه های شبان، كاربافك ها در سنگر و سفر مرد خسته”ی نووسی و بڵاو كرده‌وه. له ساڵی 1962دا چوو بۆ تاران تا راژه‌ی سه‌ربازییه‌كه‌ی وه‌ك سه‌ربازێكی ئاسایی ده‌ستپێبكات. له‌م ماوه‌یه‌دا چه‌ند كورته چیرۆكێكی سه‌باره‌ت به ژیانی سه‌ربازی نووسی. هه‌ر له‌م ساڵه‌دا له‌گه‌ڵا براكه‌ی عه‌لی ئه‌كبه‌ر نۆڕینگه‌یه‌كی شه‌وانه‌رۆژی كرده‌وه و هاوكاری “كتاب هفته” و گۆڤاری “ارش”ی ئه‌كرد. له ساڵه‌كانی دواتردا “مۆنۆگراف”ی “ایلخچی ، خیاو یا مشكین شهر” كۆمه‌ڵه چیرۆكی “عزاداران بیل”، شانۆنامه‌ی “چوب بدستان ورزیل، بهترین بابای دنیا” مۆنۆگرافی “اهل هوا”، چیرۆكی درێژی “منقل”، پێنج شانۆنامه‌ی “انقلاب مشروگیت”، كۆمه‌ڵه چیرۆكی “واهمه‌های بی نام و نشان” و شانۆنامه‌ی “ای بی كلاه، ای با كلاه”ی بڵاو كرده‌وه.
ساعیدی ساڵی 1967 له‌گه‌ل جه‌لالی ئال ئه‌حمه‌د، ره‌زا به‌راهه‌نی و سیروسی تاهباز بۆ لابردنی سانسۆر له‌سه‌ر نووسه‌ران و چاپه‌مه‌نییه‌كان له‌گه‌ڵا ده‌وڵه‌تی ئه‌و كاته كۆبوونه‌وه. هه‌ر له‌م ساڵه‌دا و به‌دوای ئه‌م هه‌نگاوه‌دا ئه‌نجومه‌نی نووسه‌ران دامه‌زرا.
بڵاوبوونه‌وه‌ی چیرۆكی “ترس و لرز”، مۆنۆگرافی “قراداغ”، رۆمانی “توپ”، شانۆنامه‌ی “پرواربندان”، “جا نشین”، فیلمنامه‌ی “گا‌و” له ساڵانی 1987 تا 1974. له ساڵی 1974دا به‌هاوكاری نووسه‌رانی خاوه‌ن ناوی ئه‌وكاته، گۆڤاری “الفبا”ی بڵاو كرده‌وه. هه‌ر له‌م ساڵه‌دا و له كاتی ئاماده‌كردنی مۆنۆگرافی شارۆچكه تازه بونیادكراوه‌كاندا له‌لایه‌ن “ساواك”ه‌وه ده‌ستگیر كرا و بۆ زیندانی “قزل قلعه” و پاشانیش “اوین” گوێزرایه‌وه و یه‌ك ساڵا له زیندانی تاكه‌كه‌سیدا ئه‌شكه‌نجه درا.
پاش ئازاد بوونی له زیندان چیرۆكی “گور و گهواره”، فیلمنامه‌ی “عافیتگاه”، چیرۆكی “كلاته نان”ی نووسی و له ساڵی 1978دا به بانگهێشتی ئه‌نجوومه‌نی قه‌ڵه‌می ئه‌مریكا به‌ره‌و ئه‌و وڵاته رۆیشت و وتارگه‌لی زۆری له‌وێدا پێشكه‌ش كرد. له‌سه‌ره‌تاكانی زستاندا بۆ ئێران گه‌ڕایه‌وه. له كۆتایی ساڵی 1981دا به‌ره‌و پاریس به‌ڕێكه‌وت و هه‌روه‌ها له‌م ساڵه‌دا له‌گه‌ڵا خانمی “به‌دری له‌نكه‌رانی” زه‌ماوه‌ندی كرد. له‌نێوان ساڵانی 1982 -1985 له پاریس ده‌ستیكرد به بڵاوكردنه‌وه‌ی گۆڤاری “الفبا” و چه‌ندین نمایشنامه و فیلمنامه و چیرۆكی نووسی.
غولام حوسێن ساعیدی له رۆژی 23ی نۆڤه‌مبه‌ری 1985دا له پاریس كۆچی دوایی كرد و له گۆڕستانی “پرلاشز” و له ته‌نیشت “سادقی هیدایه‌ت”ه‌وه ئارامی گرت.
سه‌رچاوه‌كان :
1- تازیه‌دارانی به‌یه‌ل، غولام حوسێن ساعێدی، وه‌رگێڕانی به‌ڕۆژ ئاكره‌یی، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، چاپی یه‌كه‌م 2012
2- گفت و گوی من با محمود دولت ابادی درباره غلام‌حسین ساعدی، یوسف انصاری، سایت پاراگراف
3- ساعدی یكی از سازندگان فچای روشنفكری در ایران، نسیم خاكسار، گرد اورنده مقاله مهساجعفری، سایت گروه تئاتر ان‌و
4- عزاداران بیل، د. شهرزاد نوری صفا، مجله رودكی شماره 17 – 1386، ص 131 – 139
5- ان روستای خمیده قامت با خورجین سنگینش، مجتبی صولت پور، سایت رادیو زمانه.
6- میان كنش “تمپیل و سیاست” در نمایشنامه‌های ساعدی، رچا سرور، سایت 84 تئاتر
ئەم بابەتە لە ژمارە ٨٦ ی گۆڤاری هەناردا بڵاوبۆتەوە.