
ئه‌میل سیوران پادشای عه‌رشی ڕه‌شبینی
(چاوه‌ڕێی هیچ ناكه‌م، ته‌نانه‌ت مردنیش. خه‌مساردی من سنوری بۆ نییه.)
هه‌ركاتێك بیر له ژیان ده‌كه‌مه‌وه، ڕاسته‌خۆ له‌به‌رده‌م پرسیاری (بون له پێناوی چیدایه)؟ خۆم ده‌بینمه‌وه. ئه‌گه‌ر بوون بریتیبێت له كرده‌ی ژیان كه تێیدا ڕه‌وایه‌تی به پرسی ئه‌زمونكردن دراوه. ئه‌ی كه‌واته (مهرگو له‌ناوچوون) وه‌ك دوو دژبه‌ری ئه‌مانه له‌كوێی ئه‌م پێناسهیهدان. واته له پرسی بون له‌پێناوی ژیاندا چۆن له‌گه‌ڵ هاوكێشه‌ی مردن له پێناوی لهناوچوونو نه‌ماندا هاوسه‌نگ ده‌بن. یان به دیوێكی دیكه‌دا ژیان بۆ ئه‌وه ئه‌فرێنراوه كه‌تیایدا مرۆڤ‌و بوونه‌وه‌ره‌كانی ناوی بگه‌نه خۆشبه‌ختی؟ یان ژیان‌و ئه‌زمونكردنی هه‌لێكن بۆ سه‌رچاوه‌ی ماندوبون‌و بێزاربوونی مرۆڤ. هه‌م لهخۆییو هه‌م له هه‌موو پێكهاته‌كانی تری ناوی،هه‌ر وه‌ك چۆن(تیۆدۆر كالیفاتیدێس) له ڕۆمانی (ژنێك بۆ خۆشویستن) داپێی وایه” یه‌كه‌م چركه‌ساتی له دایك بوونی مرۆڤ، یه‌كه‌م چركه‌ساتی دۆڕاندنی بهههشتیهتی” لێره‌وه ئه‌گه‌ر له‌دایك بوون‌و ئه‌زمونكردنی ژیان هه‌نگاوێك بێت بۆ نزیك بونه‌وه له ئازار ئه‌ی كه‌واته؟ پرسی لێپرسینه‌وه‌و دۆزه‌خ وه‌ك مهنزڵێكی چاوه‌ڕوانی ترسێنه‌ر چیلێدێت؟. ئه‌گه‌ر مرۆڤ به‌سروشت مهحكومبێت به كائینێكی ئهزمونكهر. كه‌واته هاوكێشه‌ی لێپرسینه‌وه ئه‌گه‌رێكی به‌هێزه بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه یان ڕاسته‌قینه‌یه‌كی حه‌تمییه. (هیگڵ) ده‌یوت” هیچ شتێك له هیچه‌وه نایه‌ته بوون” ئه‌ی كه‌واته بوونی ئینسان له پێناوی چیداو مرۆڤ بۆ هه‌یه؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ئه‌گه‌ر لای دینییه‌كان بۆ سوپاس گوزاریكردن له‌سه‌ر نیعمهتهكانو لای ڕۆحانییه‌كان گه‌یشتنبێت به جیهانی نه‌مری‌و لای ئایدیالیسته‌كان دروستكردنی كۆمه‌ڵگای وشیارو لای مادییه‌كان بنیاتنانی ئابورییه‌كی به‌هێزبێت، ئه‌وا لای ڕه‌شبینه‌كان ژیان‌و بوون هیچیان نین‌و هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه مرۆڤ بوون بارگرانییه به‌سه‌ر ژیانه‌وه‌و بۆ خۆشی ژیان نرخی ئه‌وه‌ی نییه مرۆڤ تێیدا بمێنێته‌وه. هه‌روه‌ك (شكسپیر ) هه‌میشه ده‌ی وت” بوون یان نه‌بوون ئائه‌مه كێشه‌كه‌یه” لێره‌وه‌و له ڕێگه‌ی ئه‌م نوسینه‌وه من هه‌وڵ ئه‌ده‌م كه‌مێك له پرسی (بوون‌و ژیان) دووركهومهوهو بهتهنهاو له درێژه‌ی ئه‌م نوسینه‌دا له‌سه‌ر پرسی ڕه‌ش بینی‌و چه‌مكی نا ئومێدی وه‌ك به‌شێك له تێڕوانین بۆ پرسی بوون‌و ژیان بووه‌ستم بۆ ئه‌مه‌ش هه‌ندێك له تێڕوانین‌و وته‌كانی باوك‌و بیریاری ناسراوی ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه (ئه‌میل سیوران) وه‌ك نمونه وه‌رده‌گرین. (سیوران) ساڵی (911) له شاری (ترانسلیڤانیا)ی وڵاتی (ڕۆمانیا) له‌دایك بووه. هه‌ر چه‌نده باوكی پیاوێكی ئاینی‌و كهشیشێكی ئهرسۆدهكسی بووه، به‌ڵام ئه‌و هه‌میشه منداڵێكی گۆشه‌گیرو ته‌نها بووه، له دواتریشدا ڕووده‌كاته خوێندنی فه‌لسه‌فه‌و ده‌بێته مامۆستا،به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌رله‌به‌ری ژیانی ئه‌م پیاوه‌ی گۆڕیوه‌وه كێشه‌ی بێخه‌وی بووه كه به‌جۆرێك بووه شه‌وانه تا به‌یانی به شه‌قامه‌كاندا پیاسه‌ی كردووه،لێره‌شه‌وه بیرۆكه‌ی خۆكوشتن له ڕۆحی‌دا چكهرهدهكاتو هه‌ر ئه‌مه‌ش له دواتردا ده‌بێته تێمای سه‌ره‌كی بیركردنه‌وه‌و نوسینهكانیو ڕه‌شبینی و پرسی (ژیان‌و بوون) له پێناوی چیدا؟ ته‌واوی ژیانی داگیر ده‌كات. هه‌روه‌ك خۆی ده‌ڵێت” ژیان خۆ تهفرهدانێكی گه‌وره‌یه” لێره‌وه ده‌كرێت هه‌ندێك له تێڕوانینه‌كانی ئه‌م بیریاره ده‌رباره‌ی ژیان‌و پوچێتی پۆلێن بكه‌ین بۆ چه‌ند به‌شێك.
پوچێتی بوون و كات:
بوون هه‌میشه له دیدی (سیوران)دا یه‌كێكه له‌و كرداره زیادانه‌ی كه نه‌ده‌بوو ڕوبدات، به‌تێڕوانینی ئه‌و مرۆڤ ته‌نها له پێناوی ئازارچه‌شتندا له دایك بووه، واته بوونی ئه‌و بۆ ململانێكردنه له‌گه‌ڵ كارێكدا كه سه‌ره‌تاو كۆتاییه‌كه‌ی وه‌ك یه‌كه‌و نهبوونو ئه‌زموون نه‌كردنی وه‌ك یه‌ك وایه، هه‌ربۆیه بڕوای به ژیانی هاوبهشو پێكه‌وه‌بون نامێنێت‌و تاكۆتای ته‌مه‌نیشی ژیانی هاوسه‌ری پێكناهێنێت. له جێگایه‌كدا ده‌ڵێت” ده‌توانم هه‌موو تاوانێك له ژیاندا ئه‌نجام بده‌م، جگه له‌تاوانی ئه‌وه‌ی كه ببمه باوك” مه‌سه‌له‌ی بوون مه‌سه‌له‌ی نه‌هامه‌تییه سه‌ره‌تاییه‌كانه، به‌تایبه‌ت بۆ مرۆڤ، چونكه هه‌موو شتێك بنه‌مای پێش بوونی ده‌كه‌وێت ته‌نها مرۆڤ نه‌بێت كه بوونی پێش بنه‌مای دهكهوێتو پێش ئه‌وه‌ی هیچ شتێكی تری هه‌بێت خۆی هه‌یه واته (بوونی) وه‌ك كائینێكی به‌رجه‌سته. (كات)یش بۆ (سیوران) هه‌میشه زه‌مه‌نی دروستكردنی مێژووی تاوانی ژیانكردن بووه كه ئه‌و به خۆفریودانێكی بێتام ناوی بردووه، كاتیش وه‌ك پانتایه‌ك بۆ موماره‌سه‌كردنی پوچێتی و پێپهراندنی تراژیدیاكانی مرۆڤه كه له هه‌موو چركه‌یه‌كیدا ئازارێك له جه‌سته‌دا جێده‌هێڵت، ئه‌و فه‌راغه گه‌وره‌یه‌ی كات له ژیانی مرۆڤدا ئه‌زمونی ده‌كات سات له دوای سات بۆ نزیك بوونه‌وه‌یه‌تی له نه‌هامه‌تییه‌كی ئهورهتر بۆ بارگرانییه‌ك كه ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌ی ژیان خۆشی له دۆزه‌خیشدا موماره‌سه ناكرێت،(سیوران) ده‌ی وت”ئه‌ركی من ئه‌وه‌یه كات بكوژم، ئه‌ركی كاتیش ئه‌وه‌یه من بكوژێت، جیاوازی له نێوان بكوژه‌كاندا نییه.” له تێڕوانینی ئه‌ودا ئه‌زمونكردنی ژیان، ئه‌زمونكردنی ناته‌واویه‌كانی مرۆڤه. ئه‌زمونكردنی سه‌رتاپای ئه‌و هه‌ڵانه‌یه كه‌نابێت وه‌ك خۆفریودهرێك مرۆڤ ئه‌زمونیان بكات. هه‌ربۆیه پێی وایه ” به‌خته‌وه‌ر ئه‌وكه‌سه‌یه كه‌هه‌ر له دایك نه‌بووه. یان كه له‌دایك بووه، ده‌ستبه‌جێ مردووه” لێره‌داو له بیركردنه‌وه له بوچێتی مرۆڤدا بۆ خۆسه‌رقاڵكردنی مرۆڤ به‌كاته‌وه (سیوران) ده‌كه‌وێته ژێر ته‌ئسیراتی دنیابینییه‌كانی (شۆپنهاوه‌ر)ه‌وه، چونكه ئه‌و هه‌میشه وه‌ك مامۆستای خۆی لێی ڕوانیوه (شۆپنهاوه‌ر) هه‌میشه پێی وابوو مرۆڤ به‌هۆی حه‌زه زۆر‌و زهوهندهكانیهوه ناتوانێت چێژ له ژیان وه‌ربگرێت. له‌كاتێكدا حه‌زه‌كانی جگه له هه‌وڵدان بۆ به‌چنگ كه‌وتنی چه‌ند شتێكی بێ‌مانا زیاتر هیچی ترنین. وه‌ك ده‌ڵێ” ئێمه به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ژین كه وه‌ك بڵیت به‌رده‌وام له چاوه‌ڕوانی شتێكی باشترداین، له‌كاتێكدا كه زۆربه‌مان ئاره‌زووی ئه‌وه ده‌كه‌ین كه خۆزگه ڕابردوومان ده‌گه‌ڕایه‌وه، ئێمه به شێوه‌یه‌ك سه‌یری كات ئه‌كه‌ین كه ئه‌بێت تێپه‌ڕبێت، ئه‌م تێپهڕبوونهش بۆ ئه‌وه‌یه كه ئێمه بگه‌یه‌نێت به ئامانجه‌كانمان، زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كاتێك ئه‌گه‌نه كۆتای ئیشهكانو سه‌یرێكی دواوه ده‌كه‌ن، كه ته‌واوی ژیانیان وه‌ك شتێكی پێپهڕبوو سه‌یر كردووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه زۆر گوێی پێنه‌داوه‌و چێژی لێنه‌بینیوه، هه‌مان ئه‌وشته خودی ژیان خۆی بووه” هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو سیوران پێوابوو مرۆڤ نه‌ك نابێت له ژیانا ئامانج‌و خۆزگه‌ی هه‌بێت به‌ڵكو هه‌رنابێت ئه‌زمونی ژیان خۆشی بكات.
پوچێتی كات‌و ته‌مه‌ن:
پرسی ته‌مه‌ن هه‌میشه وه‌ك یه‌كێك له پرسه زیندووهكان له ژیانی مرۆڤدا به‌لای (سیوران)ه‌وه گرنگه. هه‌ربۆیه له دایك نه‌بوون بۆئه‌و باشترین ساتی به‌خته‌وه‌ری مرۆڤه، ئه‌و هاوڕابوو به بۆچوونه‌كانی شۆپنهاوه‌ر كه ژیان ئازارێكه له نێوان حه‌زه‌كانی منداڵی‌و خه‌ونه‌كانی لاوی‌و ماندووبوونه‌كانی پیرێتیدا،كه سه‌ره‌نجام ئامانجی هه‌موویان ڕاكێشانی مرۆڤه بۆ به‌رده‌م چنگی مردن، بوونی مرۆڤ له چوارچێوه‌ی هه‌ر ته‌مه‌نێكی دیاریكراودا ئه‌زمونكردنی ناكامڵیهی عهقڵیهكانییهتی هه‌ر یه‌كێك له‌قۆناغه‌كانی ئه‌و ته‌مه‌نه‌ش بۆخۆی هه‌ڵگری به‌شێك له ئازار‌و نه‌هامه‌تییه‌كانی بونایه‌تی مرۆڤه. كه‌واته گۆڕانی ههردۆخێك له ته‌مه‌ن هه‌نگاونانه بۆ نزیك بوونه‌وه له پوچێتیهكی بێماناتر، بوونی ئاگایانه له ژیان به‌رهه‌م هێنانی خودێكی كامهڵه له هه‌ستكردن به هه‌موو ئازار‌و نه‌هامه‌تییه‌ك، ئه‌گه‌رچی خودی نائاگا به‌ر ئه‌نجامی هزرێكی هوشمه‌ند نییه‌و بێ‌ئاگا له نههامهتیو ئازار ئه‌زمونی به‌رهه‌م هێنانی ژیان بێ ئازار ده‌كات. (شۆپنهاوه‌ر) ده‌ی وت” ئاقڵانه‌ترین ئیش ئه‌وه‌یه كه ژیان هه‌روه‌ك چه‌مكێكی بێ هوده‌و بێ مانا‌و هه‌روه‌ك فێڵێك چاولێبكهین، ئه‌و پێی وایه ژیان ئه‌فسانه‌یه‌كه كه هه‌رگیز نابێته ڕاستی.” هه‌ربۆیه (سیوران) نائومێدانه ده‌ی پرسی ئه‌زمونكردنی ئه‌مانه بریتی نییه له ئه‌زموونكردنی ڕاسته‌خۆی هه‌ڵه؟
بیرۆكه‌ی خۆكوشتن له پێناو مانه‌وه‌دا:
ئه‌گه‌ر سه‌یری ژیان وه‌ك پرۆسه‌یه‌ك بۆ مانه‌وه‌و ئه‌زمونكردنی به‌شێك له چێژ بكه‌ین ئه‌وا پێویستمان به هۆكاری ئه‌و مانه‌وه‌یه بۆ به‌رده‌وام بوون هه‌یه، ده‌نا له دیده ڕهشبینیهكهیدا مرۆڤ توانای هه‌ڵكردنی له‌گه‌ڵی نابێت، سیورانت خۆی ده‌ڵێت ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی له ژیان به‌رده‌وام بین هه‌میشه پێویستمان به بیرۆكه‌ی خۆكوشتنه” ئه‌ڵبه‌ته خۆكوشتن واته هه‌ڵهاتن له ژیان نا، به‌ڵكو ڕازی بونه به‌وه‌ی كه ئیخیار له ده‌ستی تۆدایه بۆ كۆتای هێنان. هه‌ركاتێك ئه‌م هه‌سته زاڵبوو ئه‌وكات له‌نائومێدیدا ئومێد په‌یداده‌بێت بۆ مانه‌وه،چونكه به‌لای ئه‌وه‌وه بێماناییه كه مرۆڤ پرسی پێنه‌كرێت له هاتنو له چونیشیدا واته (له‌دایك بوون‌و مردن). هه‌روه‌ك (ئهلبێردكامۆش) له ئه‌فسانه‌ی (سیزیف)دا پێی وایه ” خۆكوشتنی جه‌سته‌ی به‌هه‌مان شێوه ڕه‌تكردنه‌وه‌ی لۆژیكی پوچییه. چونكه كه مرۆڤ خۆی ده‌كوژێت مانای وایه كه به پوچی قایله له‌كاتێكدا مرۆڤ ده‌بێت هه‌میشه به پوچی نا قایل بێت” لێره‌شه‌وه بوو نیچه داوای له مرۆڤ ده‌كرد ببێته مرۆڤی باڵا‌و بیرۆكه‌ی سۆپرمانی داهێنا ئه‌و ده‌ی زانی مرۆڤ له نائومێدییهكانیدا په‌نگ ده‌خواته‌وه‌و ده‌ره‌قه‌تی ژیان نایه‌ت. ئه‌زمونكردنی شێتایه‌تیش یه‌كێك ده‌بێت له به‌ڵا گه‌وره‌كانی كه بۆی. بۆئه‌مه‌ش مرۆڤ جگه له خۆكوشتن هیچ چاره‌یه‌كی تر نادۆزێته‌وه بۆیه ده‌ی وت” مرۆڤ بێبهزیترین بوونه‌وه‌ره، به‌رامبه‌ر به خۆی” به‌ڵام نیچه خۆی وه‌ك سوپه‌رمانێك شێت بوو به‌رگه‌ی ئازارهكهشی گرت، ئه‌گه‌رچی هه‌رگیز ئه‌و خۆی نه‌كوشت. ئه‌گه‌ر كه‌مێك ئاوڕله ژیان‌و به‌رهه‌می ڕه‌شبینه‌كان به‌ینه‌وه تێده‌گه‌ین كه خۆكوشتن وه‌ك تێمای كار ئیشی له‌سه‌ر كراوه، ئه‌گه‌ر ئازار‌و نه‌هامه‌تیه‌كانی بوون هۆكاری ئه‌م بیرۆكه‌یه بووبن ئه‌ی كه‌واته پرسی (مه‌رگ) ده‌كه‌وێته كوێی ئه‌م باسانه‌وه، ئه‌گه‌ر ڕه‌شبینه‌كان بوون‌و ژیان بهبێماناو ئازاربه‌خش سه‌یر ده‌كه‌ن، ئه‌ی چۆن له مهرگو دنیای پاش مه‌رگ ده‌ڕوانن، ئایا مه‌رگ كۆتای كۆتاییه‌كانه؟ ئایا مه‌رگ ئه‌و جێگا دووره ده‌ستانه‌یه كه ڕۆح‌و جه‌سته‌ی مرۆڤ پشوی تێدا ده‌دات یان مه‌رگیش پرۆسه‌ی به‌رده‌وامی دانه به ئازار له فۆڕمێكی نوێ‌دا.
( ئیدوارد بۆنگێست) ده‌ڵێت (مه‌رگ تاجی ژیانه، ئه‌گه‌ر مه‌رگ نه‌بوایه ژیانیش نه‌ده‌بوو) لێره‌وه ده‌كرێت ئه‌و پرسیاره زۆر گرنگه بپرسیت كه‌چی واله مرۆڤ ده‌كات هیوای به‌ژیانی نه‌مێنێت و ئاره‌زووی مردن بكات؟ ئه‌و ڕهشبینیهچیه؟ كهدهتگهیهنێته ڕاده‌ی بێزاربوون؟ ئه‌و هه‌سته چیه واده‌كات كه مرۆڤ هه‌ست به جوانیه‌كانی ژیان نه‌كات و تام له‌خۆشیه‌كانی ژیان وه‌رنه‌گرێت؟؟ ئه‌گه‌ر خۆكوشتن ده‌رباز بونبێت له پوچێتیهكانی بوون، ئه‌ی كه‌واته مه‌رگ به‌ره‌و كام ده‌روازه له خۆشبه‌ختیمان ده‌بات. نا ئومێدی هه‌میشه پرۆسه‌یه‌ك نییه بۆ نهمانو خۆكوشتن، به‌ڵكو زۆرجار نائومێدی ئیلهامی داهێنانه له‌ناو پانتاییه‌كانی بووندا، ئه‌گه‌ر بوونی ئێمه به‌ره‌نجامی هه‌ڵیه‌كی نا ئومێدانه بێت؟ ئه‌ی كه‌واته چۆن درێژه به پرۆسه‌ی مانه‌وه له‌پێناو به‌رده‌وامیدا بده‌ین، گهرچاوێك به مێژووی تێڕوانینی ڕهشبینهكاندا بۆ ژیان بڕوانین باش له‌و ڕاستیه تێده‌گه‌ین كه هه‌موو ڕه‌شبینه‌كان نا ئومێدییهكهیان نه‌ی گیاندنه ڕاده‌ی خۆكوژی، به‌ڵكو نائومێدی پرۆسه‌ی ئومێدی داهێنانی بۆ ژیان پێبه‌خشیون. ئه‌وه‌تا (هنری دی منتریال) پێی وایهكه “مردن كاره‌ساتێك نییه مرۆڤ بترسێنێت، به‌ڵكو كاره‌سات بێئومێدییه له ژیان” چونكه مرۆڤ كاتێك كه دێته ناو بوونه‌وه مه‌حكومه به ئیراده‌ی ملكه‌چ بوون، واته لهدهرهوای ڕازیبوون به بوونایه‌تی خۆی بڕیار له‌سه‌ر ژیان‌و مردنیشی دراوه له ده‌ره‌وه‌ی بوونایه‌تی خۆی. هه‌رچه‌نده بونایه‌تی شه‌ڕێكی به‌رده‌وامی هه‌یه له‌گه‌ڵ ژیان خۆیدا، چونكه هزری ژیان كردن هزری ماندوو بون‌و شكه‌ت بوونه به‌ده‌ست ئه‌زموون كردنی بێماییهكانهوه، كه مرۆڤ له خودی ژیاندا ناچاره به ئهزمونكردنیان. بوونایه‌تی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك خاوه‌نی هیچ ئامانجێك نیه؟ هه‌موو ئازارێك خۆی له خۆیدا مه‌سه‌له‌یه‌كی ناتهبیعیو نا ئاساییه. بۆ ژیانیش ئازار‌و مهینهتو ڕه‌نجكێشان یه‌كه‌میین مه‌رجه‌كانی هه‌بوونن. (شۆپنهاوه‌ر) پێی وابوو” ئه‌گه‌ر بوونایه‌تی ئێمه له‌م جیهانه‌دا ئامانجێك بێ له خۆیدا، به‌ڕاستی بێ ماناترینو پووچترین ئامانج لهخۆیهك ئه‌بێت كه ئێمه یان هه‌ر كه‌سێكی تر ئه‌توانێت وێنای بكات”
ڕه‌ش بینی چی له ژیاندا به‌رهه‌م دێنێت:
كاتێك باس له بیرۆكه‌ی ڕه‌ش بینی ده‌كه‌ین واته قسه له‌سه‌ر بیرۆكه‌ی ڕازینه‌بوون به پرۆسه‌ی دووباره‌بوونه‌وه به‌ر دهوامهكانی ژیان ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر ژیان خۆی هه‌لێكی سنورداربێت بۆ ئه‌زمونكردنی بوونه‌كانی ناوی ئه‌وا هه‌لی فریانه‌كه‌وتن بۆ جاویدانی و نه‌مری فه‌نتازیای كێشه‌كانی مرۆڤه‌و هه‌نگاوه‌كانی خه‌ون له هزری خودێكی ئهزمونكهردا سنودارو بێ‌واتا ده‌كات، مرۆڤی هۆشمه‌ند بوونی خۆی به‌زیاد ده‌بینێ كه‌تێك هه‌میشه به‌ر پرۆسه‌ی دووباره بوونه‌وه له ژیانێكی دووباره‌دا ده‌كه‌وێت.(بۆدلێر) پاش نائومێدییه‌كی زۆر‌و چه‌ند جارێك له ئه‌زمونكردنی هه‌وڵدان بۆ خۆكوشتن. هه‌میشه ده‌ی وت” من خۆم دهكوژمو باكیشم به‌ژیان نییه،خۆم ده‌كوژم چونكه توانای ژیانم نه‌ماوه. بێزاربووم له‌وه‌ی هه‌مووشه‌وێك بنومو به‌یانی هه‌ستم، هه‌ر به‌ڕاستی له‌م عاده‌ته بێزاربووم. من ده‌مه‌وێت یهكجارو بۆ هه‌تاهه‌تایه بنووم.” ئه‌گه‌ر به‌دیوێكی كه‌دا له هزرو به‌رهه‌مه‌كانی خاوه‌ن تێڕوانینی دنیای ڕه‌شبینی بڕوانین به‌تایبه‌ت له ناو دنیای ئه‌ده‌بدا ئه‌وا به‌ر زۆرێك له‌م مرۆڤه نا ئومێد‌و یاخی‌و سه‌ر كهشانه دهكهوێن، هه‌ندێك له‌وانه له ناو ده‌ق و به‌رهه‌مه‌كانیاندا بۆ هه‌میشه نائومێدانه مردن‌و هه‌ندێك پێش نوسینینی تێكسته‌كانیان چیرۆكی مردنه‌كه‌یان بویه بیرۆكه بۆ نوسینی ده‌قی نوسه‌رێكی كه‌و بۆ ئه‌به‌د وه‌ك پاڵه‌وانێكی بێزار مردن.به‌ڵام هه‌ر چۆنێك بێت ڕهشبینیو بیرۆكه‌ی بارگرانی ژیان سه‌رچاوه‌و ئیلهامی زۆر داهێنانو ئه‌فراندنی گه‌وره بووه.
ڕه‌نگه (مه‌سخی كافكا‌و كونهپهپوی كوێری سادقی هیدایهتو سیزیفهكهی كامۆ و له چاوه‌ڕوانی گۆدۆی بیكێتو هاملێتی شكسپیرو پیره‌مێردو زه‌ریای هه‌مه‌نگوای و شیعره پڕواتاكانی ڕامبۆ و بۆدلێرو لۆركاو شیلهرو نیرۆدا) به‌شێكی كه‌مبن له‌و به‌رهه‌مه قوڵ‌و پڕواتایانهی كه نائومێدی و ڕه‌شبینی سه‌رچاوه‌و ئیلهامی سه‌ره‌كی بهرهێنانیان بوون. ئه‌گه‌ر ڕه‌شبینه‌كان هیچیان بۆ ژیان‌و مرۆڤایه‌تی نه‌كردبێت ئه‌وا به‌و بهرههمو تێكستانه‌ی دوای خۆیان توانیان جوانیه‌كی قوڵ پێشكه‌ش به بوون له پرۆسه‌ی بیركردنه‌وه له ژیان بكه‌ن. هه‌ڵبژاردن‌و پشت به‌ستن به هه‌ندێك له تێڕوانینه‌كانی بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی ڕه‌شبینی (ئه‌میل سیوران) تیش بۆ ئه‌م نوسینه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه كه من به‌درێژای چه‌ند ساڵێك له خوێندنه‌وه‌م هیچ كه‌سێكم به ئه‌ندازه‌ی ئه‌و پیاوه ڕه‌شبین به رامبه‌ر به ژیان نه‌بینیوه ئه‌و تێڕوانینی بۆ ژیان و ڕه‌شبینی به‌جۆرێكه كه وه‌ك خۆی ده‌ڵێت سنووری بۆ نییه. ئه‌و له پرسی گرنگی بوون‌و نه‌بوونی ژیاندا مرۆڤ ده‌خاته به‌رده‌م قورسترین پرسیاره‌وه و پێمان ده‌ڵێت له‌خۆت بپرسه گه‌ر وشیاریت. بونت له پێناو چیدا؟؟
ئه‌و ئاوا سه‌یری مرۆڤ‌و ژیان دهكاتو ده‌ڵێت” ته‌نها گه‌شبینه‌كان له ژیاندا خۆیان ده‌كوژن، گه‌شبینه‌كان ئه‌وانه‌ی توانای ئه‌وه‌یان نه‌ماوه له‌سه‌ر گه‌شبینی به‌رده‌وام بن، هه‌رچی ئه‌وانه‌ی دیكه‌یه پاساوی مردن‌و خۆكوشتتنیان بۆ هه‌بێت؟!له‌كاتێكا ئه‌وان پاساویان بۆ ژیان پێنییه.” (ئه‌میل سیوران) له ژیانیدا سه‌ره‌ڕای هه‌موو نا ئومێدی‌و ڕهشبینییهكهی ئه‌م به‌رهه‌مانه‌شی نووسیوه.( كورته‌ی لێك شیتاڵكردن، توێژینه‌وه‌ك ده‌رباره‌ی فكری كۆنه‌په‌رستی، مێژوو و یۆتۆپیا، هه‌ڵخلیسكانه ناو زه‌مه‌ن، دادڕان و …. هه‌ندێك به‌رهه‌می ناوازه‌ی تر) ئه‌گه‌رچی تا ئێستا هیچ یه‌كێك له به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م بیریاره گه‌وره‌یه نه‌كراونه‌ته كوردی‌و تاڕاده‌یه‌ك ناوهێنانیشی نامۆیه به خوێنه‌ری كورد. به‌ڵام دوو چاوپێكه‌وتنی دوور‌و دێژی كه ده‌توانرێت وه‌ك كۆی دنیابینی ئه‌و ده‌رباره‌ی (ژیان‌و بوون) سه‌یر بكرێت كراوه‌ته كوردی له‌لایان (شوان ئه‌حمه‌د)ه‌وه. به‌ناوی (ترۆپكی نائومێدی). (سیوران) ڕۆژی (12/6/1995) له پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نساو به‌نه‌خۆشی له‌ته‌مه‌نی هه‌شتاو چوارساڵیدا نائومێدانه دنیای به‌جێهێشت. پێش مه‌رگیشی له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌ك بۆ هاوڕێكانی نووسی” گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وتێك له‌ژیانمدا به‌ده‌ستم هێنا، ئه‌وه‌بوو كه توانیم به‌رده‌وام بم له ژیاندا.
بۆ ئه‌م نوسینه سودم له‌م كتێبانه وه‌رگرتووه.
ترۆپكی نا ئومێدی . ئه‌میل سیوران وه‌رگێڕانی شوان ئه‌حمه‌د
نوسهرانو هه‌ڵبژاردنی مه‌رگ نوسینی ئارام سیق.
ژماره(6)ی گۆڤاری كۆنسێپت
دنیابینی و تێڕامانه‌كانی فه‌یله‌سوفێك (ئارسه‌ر شۆپنهاوه‌ر) وه‌رگێڕانی سیدۆ داود عه‌لی.
Shaxi83@yahoo.com
شاخەوان سدیق