Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
چه‌ند وشه‌یه‌ک له‌باره‌ی دوایین دیوانی شێرکۆ بێکەسه‌وه‌

چه‌ند وشه‌یه‌ک له‌باره‌ی دوایین دیوانی شێرکۆ بێکەسه‌وه‌

Closed

 

 

 

 

 

خودایش بەبێ شیعر ناژی….. شێرکۆبێکەس

 

 

شیرکۆ بێکەس، جارێکی تر بە دیوانێکی نوێی شیعریەوە دەگەڕێتەوە لای دۆست و خوێنەرانی . ” خێراکە مردن خەریکە بگات”، ناونیشانی دوایین بەرهەمی شێرکۆبێکەسە. لەوانەبێت خوێنەر لەگەڵ بینینی ناونیشانی کتێبەکەدا، واهەست بکات ، ئەم دیوانە  وەکو وەسیەتنامەیەک بێت شاعیر پێش مەرگی نووسیویەتی، لێ بە پێچەوانەوە ، ئەم دیوانەی شێرکۆ بێکەس، پڕیەتی  لە هیوایەکی گەورە بەژیان، خۆشەویستی ، لێبوردن، شۆرش ، نیشتمان. وەکو هەموو دیوانەکانی تری ، بە سیحری ووشەو، دەستەواژەی جوان، ڕستەی عاشقانە ، خوێنەرانی ئاسوودە دەکات. منیش وەکو هەموو خوێنەرێکی هەمیشە‌یی  شێرکۆبێکەس، جێژێکی گەورەم لەم دیوانەیدا بینی. لەم دیوانەیدا، کۆمەڵێک باس دەبنە میوانی خوێنەران. ” سیاسەت، خۆشەویستی، ژن، ڕووداوەکانی بەردەرکی سەرای سلێمانی 2011 ، تەنیایی.” لەسەرەتای دیوانەیەکیدا ، هەستدەکەم کە شێرکۆبێکەس ، تووڕەیی و گلەیەکی زۆری لە تەنیایی هەیە ، ئەمەش  لە شیعری ” سەعاتەکانی وەرسبوون”  دا بە جوانی دەردەکەوێت.

 لەماڵەوەم وەکو هەموو ڕۆژێکی تر ،

 لەگەڵ “تەنیایی” دانیشتووم.

من لەسەر کورسیەکەی خۆم و 

ئەویش لەسەر کورسی خۆی و بەرامبەرم . 

تەنیایی ئاپوورەی ناوێ 

حەز بە تێکەڵبوون ناکات و

چارەی شایی و دەنگە دەنگ و

هاوار هاواری هەرناوێ .

ئەم شیعرەی یەکێکە لە شیعرە درێژەکانی ناو دیوانەکەی . یەکێکی تر لە شیعرە درێژەکانی  بەناوی ” مەحاڵەکان” کە بەلامەوە زۆر جوان بوو، هەرچەندە من زیاتر عاشقی شیعری کورتم ، لێ ئەم شیعرەی جوانییەکی زۆری تێدایە .

دەشتێک وتی:

کەس نەیدیوە

لەسەر هیچ ڕێگایەکی من 

کورت و درێژ

” جەنگ و ئاشتی”

پێکەوە ڕێیان کردبێ

وەکو دوو هاورێی

گیانی بە گیانی یەکتری .

یەکێک لە باسەکانی تری ئەم دیوانە، شیعری سیاسیی و حەماسیانەیە، بەتایبەتی مێژوویان هەندێکیان دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوەکانی شوباتی 2011. ئەمەش لە شیعری ” ئاپوورەی تووڕە” دەردەکەوێت. شێرکۆ ناوی ئەم شیعرەی ناوە ” شیعری جەماوەری”.  هەروەها لە شیعری ” فایەق بێکەس دەگڕێتەوە  بەر دەرکی سەرا ” ، خۆی لە خۆیدا ئەم شیعرە زیاتر چیرۆکێکی خەیاڵی ئامێزە، کەبە زمانێکی شیعری جوان نووسراوە. فایەق بێکەس دوای هەشتا ساڵ  زیندوو دەبێتەوەو دەگەڕێتەوە بۆ ماڵی خۆیان ، ژن و منداڵەکانی دەبینێت، لێ زۆر دانانیشێت دەیەوێت بەزووترین کات خۆی بگەیەنێتە لای ئاپۆرەی جەماوەر و شیعری حەماسییان بۆ بڵێت . 

ئەبێ بڕۆین.. هەموو بڕۆین

بە مناڵ و بە پەپوولە و

بە شیعرەوە 

هەر ئێستا 

بۆ بەر سەرا !

دیارە پاشتر شێرکۆ دونیای ” سیاسەت و تەنیایی” جێدەهێڵێت و ڕوو لە خۆشەویستی  دەکاتەوە. شیعری” حەمام” زیاتر شیعرێکی ئیرۆتیکییە، کە یەکەمجارە جۆرە شیعرێکی وا ئیرۆتیکی بنووسێت.  وەکو هەموو دیوانەکانی تری ، شیعری تایبەتی بۆ کۆمەڵێک کەسایەتی ناوداری کورد نووسیوە لەوانە : ( تۆفیق وەهبی، ئەمین زەکی بەگ، مەشعەل تەمۆ، عەبدوڵڵا جەوهەر،هەمزەی عەلی دەدە ئەحلام مەنسوور). دیارە زۆرجار ڕەخنەی ئەوەش لە شێرکۆ بێکەس دەگیرێت، کە هەندێک لەو شیعرانەی کە بۆ کەسایەتییەکان نووسیویەتی ، کەمێک پەلەیی پێوەدیارە و ، ئەو کەسانەی کە شیعری بۆ نووسیون جێگای رەخنەی خەڵکین. بەڵام ئەمجارەیان ئەوانەی کەلەم دیوانەدا شیعری بۆ گووتون ، هەموویان لووتکەیەکی بەرزن لەناو دونیایی ” ئەدەب و سیاسەتی” کوردیدا . بەڕاستی کەسایەتییەکی وەکو ئەحلام مەنسوور ، شایستەی ئەوەیە ، کە شێرکۆبێکەس شیعری بۆ بڵێت. 

 

کچێ لە خۆزگە 

خۆزگە لە ڕێگە و 

ڕێ لە کتێب و

کتێبیش لە دڵ 

کەوتە خوێندنەوە ، کەوتە هەڵکەندن، کەوتە باڵگرتن .

 شێرکۆبێکەس ئەم دیوانەی بە کۆمەڵێک شیعری کورت ڕازاندۆتەوە، کە من خۆم یەکێکم لە هەوادارنی ئەو شیعرە کورتانە . بۆ نموونە لە شیعری  ” شیعر و شەراب” پێناسەیەکی جوانی شیعر دەکات:

شەرابی جوان و شیعری جوان

لەیەک ئەچن 

تا کۆنتربن .. تازەترن .

یەکێکی تر لە شیعرە کورتە جوانەکانی ئەم دیوانە ، شیعری “پرسیار”

کە ژن نەبوو .. ژیان چییە.

باهەزار ساڵیش من بژیم؟

کەماڵ مۆسیقای تیانەبوو،

ئیتر ” گوێ” بۆ ئەبێ هەبێ؟ 

بەدڵنیاییەوە خوێنەر وەکو هەموو دیوانەکانی تری شێرکۆبێکەس، جارێکی تر باوەش دەکاتەوە ملی شیعر. جێگای گووتنە ئەم دیوانە لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی ” غەزەل نووس ، له‌ سلێمانی” چاپکراوە.

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.