Skip to Content

Sunday, April 28th, 2024
ڕەهەندێکی دیکەی ‌‌چەکی ئەتۆمی

ڕەهەندێکی دیکەی ‌‌چەکی ئەتۆمی

Closed
by April 20, 2013 گشتی

 

 

 

 

یەکێک لە سەرەکیترین، ئەو ئامرازانەی کە پێگەی گرنگ دەبەخشێتە  دەوڵەتان لە سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا،خاوەندارێتی ئەو دەوڵەتانەیە بۆ چەکی ئەتۆمی.لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانیی دووەم،ئەمریکا لە ڕێگای بەکارهێنانی ئەم چەکە دژ بە یابان،بوە خاوەنی پێگەیەکی گرنگتر لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتی.هەر وەها ئەم چەکە هۆکارێک بوو،کە مێژووی سیاسەتی نێودەوڵەتی بە ئاڕاستەیەکی نوێدا بڕوات.بۆیە بە پێویستی دەزانین تەفسیری کاریگەریەکانی ئەم چەکە بکەین،لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.

زۆربەی کات کە باس لە چەکی ئەتۆمی دەکرێت ڕاستەوخۆ وێرانکاری و کوشتارمان دێتە بەرچاو،زۆربەی کات لەو ڕەهەندەوە سەیری کاریگەریەکانی چەکی ئەتۆمی دەکرێت کە وێرانکاری لێ دەبێتەوە.لێرەدا پرسیارێک دەکەین،ئایا دەبێت تەنها لەم ڕەهەندەوە تەماشای کاریگەریەکانی چەکی ئەتۆمی؟یاخود دەکرێت لە رەهەندێکی دیکەوە خوێندنەوە و تەفسیر بۆ کاریگەریەکانی ئەم چەکە بکرێت؟

لێرەدا هەوڵ دەدەین بە ئۆرگومێنتەوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە،ئێمە پێمانوایە دەکرێت لە ڕەهەندێکی دیکەوە خوێندنەوە بۆ کاریگەریەکانی ئەم چەکە بکرێت،دەتوانرێت لە رێگای چەکی ئەتۆمیەوە سنورێک یاخود بەربەستێک دابنرێت بۆ جەنگ کە خوێناویترین و ترسناکترین جۆرەکانی ململانێە،ئەمەش لەکاتێکدا دەبێت کە هەردوو دەوڵەت یاخود هەردوو بەرەی دژ بەیەکتر خاوەنی چەکی ئەتۆمی بن،ئەمەش دەبێتە هۆکاری دروستبوونی دۆخێک کە لە زانستە ڕامیاریەکاندا پێی دەوترێت هاوسەنگی ترس(‌توازن الرعب)،ئەم دۆخە ترسێک دروست دەکات لای هەردوو دەوڵەتی دژبەیەکتر کە وایان لێ دەکات نەجەنگن دژی یەکتر،چونکە دەوڵەتی یەکەم دەزانێ ئەگەر هێرشی سەربازی یا ئەتۆمی بکاتە سەر دوژمنەکەی،ئەوا دوژمنەکەشی لە وەڵامدا دەتوانی هەمان چەک بەکاربێنێتەوە،واتە دەوڵەتی یەکەم دەزانێ توانای ئەوەی هەیە زیانێکی گەورە بە بەرامبەرەکەی بگەیەنێ،بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەزانێ بەرامبەرەکەشی دەتوانێ زیانێکی گەورە یا گەورەتر بەو بگەیەنێت،بۆیە ناچار دەبن شەری سەربازی نەکەن و بەڵکو بە ئامرازی تر دژایەتی و ڕوبەڕوی یەکترببنەوە.

جەنگی سارد کە لە ساڵانی( ١٩٤٧-١٩٩١)لە نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆفیەت ڕویدا،باشترین ئۆرگومێنتە بۆ بۆچونەکەمان،هەردوو جەمسەرەکەی ئەو کاتەی جیهان بە درێژایی ئەو هەموو ساڵە، بە هەموو ئامرازێک دژایەتی و ململانێی یەکتریان دەکرد هەر لە ململانێی ئایدۆلۆژی و ئابووری و ڕاگەیاندنەوە تا جەنگ بە نوێنەرایەتی(الحرب بالنیابة) وەک ئەو جەنگەی لە نێوان کۆریای باشور و کۆریای باکور لە ساڵانی (١٩٥٠-١٩٥٣) ڕویدا،کۆریای باکور نوێنەری یەکێتی سۆفیەت و کۆریای باشور نوێنەری ئەمریکا بوو،هەروەها چەندین جەنگی تر لەم شێوەیە رویداوە لە ماوەی جەنگی سارددا.بەڵام ئەوەی مایەی سەرنج بوو، هەردوو جەمسەرەکە (ئەمریکا،یەکێتی سۆفیەت) لەگەڵ ئەو هەموو ململانێ و ناکۆکیانەی لە نێوانیاندا هەبوو،کەچی هەرگیز نەگەیشتنە ئەو ئاستەی کە بە هێزی سەربازی ڕوبەڕوی یەکتر ببنەوە و جەنگ هەڵگیرسێنن،هۆکاری سەرەکی ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە هەردوو جەمسەرەکە خاوەنی چەکێکی زۆری ئەتۆمی بوون،ئەمریکا دەیزانی توانای ئەوەی هەیە مۆسکۆ وێران بکات،بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەیزانی یەکێتی سۆفیەتیش توانای ئەوەی هەیە واشنتۆن وێران بکات،لەمەشەوە هەردوولا  گەیشتنە ئەو باوەڕەی جەنگی سەربازی چارەسەر نییە.ئەگەر ئەم دوو زلهێزە بچوونایەتە جەنگەوە ئەوا جەنگی جیهانیی سێهەم ڕویدەدا.کەواتە ئەو کاریگەرییەی چەکی ئەتۆمی دروستی کرد،بووە ڕێگر لەبەردەم هەڵگیرساندنی جەنگی جیهانی سێهەم.

بەڵام ئەمریکا لە ڕوی عەقلی سیاسیەوە زیرەکتر بوو،سیاسەت و پڕۆژەکانی ترومان و ماڕشاڵ لە سەرەتای جەنگی سارددا،لە چەکی ئەتۆمی بەهێزتر بوو،بۆ ڕوخاندنی یەکێتی سۆفیەت.

ئەوەی مەبەستمان بوو لەو چەند دێڕەی سەرەوە،ئەوەیە کە دەکرێت چەکی ئەتۆمی ببێتە بەربەستێکی بەهێز لەبەردەم هەڵگیرساندنی جەنگ،ئەگەر بێتوو دەوڵەتان بە شێوەیەکی گشتی ببنە خاوەنی ئەم چەکە(بێ گومان کارێکی قوورسە)ئەکرێت ئیتر ڕودانی جەنگ ئەستەم بێت،چونکە ئەو ترسەی دەوڵەتان لە یەکتر وا دەکات خۆیان بە دوربگرن لە جەنگ دژی یەکتر،بۆ نموونە ئەگەر بهاتایە وڵاتی یابان خاوەنی چەکی ئەتۆمی بوایە،ئەوا ئەستەم بوو کارەساتی هیرۆشیما و ناکازاکی ڕویبدایە،چونکە ئەو کات ئەمریکا ترسی ئەوەی دەبوو کە یابان لە وەڵامدا دوو شاری ئەمریکا وەک هیرۆشیما و ناکازاکی لێ بکات.هەر وەک چۆنیش ئەو ترسە وای لە ئەمریکا و یەکێتی سۆفیەت کرد هیچ لایەکیان جورئەتی ئەوە نەکەن هێرشی سەربازی و ئەتۆمی بکەنە سەر یەکتر.

لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت کە ئەم دۆخی ترسەی دەوڵەتان لە یەکتر،دەکرێت ببێتە هۆکارێک بۆ نەمانی جەنگ،بەڵام خودی ئەم دۆخە بریتی نییە لە ئاشتی،بەلکو لەوانەیە سەرەتایەک بێت بۆ پڕۆسەی ئاشتی،چونکە ئەگەر وڵاتان نەتوانن جەنگ دژی یەکتر بکەن،ئەوا زیاتر لە ئاشتی نزیک دەبنەوە یا خود هەر نەبێت ئەوا دور دەکەونەوە لەو کارەساتانەی جەنگ دروستی دەکات.دواجاریش ئەمە بۆچونێکە لە زانستە مرۆییەکان ڕەها نییە و دەکرێت تەنها بەشێک لە ڕاستی تێدا بێت.  

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.