Skip to Content

Friday, September 20th, 2024
تۆپی خۆشه‌ویستی …. دڵشاد تاقانە

تۆپی خۆشه‌ویستی …. دڵشاد تاقانە

Closed
by April 23, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

گرێبه‌ستی خۆشه‌ویستی به‌چاوان یا به‌گۆتن له‌هه‌موو ساتی سه‌رده‌مێک هه‌ر شوێنی به‌رپێگه‌یه‌ک به‌ئاشکرا و به‌نهێنی جێنه‌زه‌رگه‌ی خۆی به‌جێ ده‌هێڵێ له‌لای تاک و جووته‌ی خۆشه‌ویستان یا بۆ زۆرینه‌‌ به‌رچاوی هه‌مووان . له‌سه‌ر چه‌ندان کانی و که‌نار ، ده‌ریا و ڕووبار ، بن تاوێره‌ شاخ ، باخچه‌ و نزار ، قه‌دی ستون و سه‌ر دیوار یا سه‌ربان و سه‌ر‌کۆڵان ، ده‌می ده‌روازه‌ و به‌رپه‌نجه‌ره‌ی ماڵان ‌ … وه‌ک وێنه‌ی دوو دڵ و تیرێک له‌سه‌ر به‌رگی دار یا کوتانی باسک به‌وشه‌ی ئاخ یان هه‌ر وێستگه‌یه‌کی شاراوه‌ی ژووانی خۆشه‌ویستی دڵدار . ئه‌گه‌ر جاران به‌ژنی گوڵه‌ هێرۆ یا لاولاوه‌یه‌ک به‌ڵگه‌نیشانی په‌یمانێ بووبێ ، قه‌فی سه‌روو چوار په‌نجه‌ی پێ ی کۆتره‌یه‌ک هه‌ڵگری نامه‌یه‌کی خۆشه‌ویستی بووبێ ، ده‌سته‌سڕ یا شووشه‌بۆن یانیش گوڵه‌ سورێ دیاری و یادگاری هه‌ستی عاشقانه‌ بووبێ ئه‌مڕۆ زه‌نگ و کورته‌ نامه‌ی ته‌له‌فۆن ، تیشکه‌ په‌ڕی ئیمێل له‌دوای چاوان ئه‌و هه‌سته‌ زۆر به‌خێرایی ده‌گه‌یه‌نێ . له‌م گه‌نجۆ‌باسه‌ قوفڵ و کلیل نیشانه‌ ، جێنه‌زه‌رگه‌یه‌ و جێ ژووانه‌ ، به‌ندی خۆشه‌ویستی پڕ له‌سۆزی ڕاده‌گه‌یه‌نێ . وا ئه‌م جاره‌ش له‌سه‌ر پردی ئاسنی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر (  Hohenzollernbrücke  ) هۆن تسۆله‌رن بڕوکه‌ی سه‌ر زێ ی ڕاین ( Rhein ) چه‌قی شاری کۆلن له‌ئه‌ڵمانیا‌ که‌ مێژووه‌که‌ی سه‌د ساڵیکه‌ دروستکراوه‌ ، شێوازێکی تری نوێ ی ده‌ربڕین بۆ‌ به‌رچاوی گه‌شتیاران ته‌زووی هاوبارگه‌ی خۆشه‌ویستی و عه‌شقبازی ده‌به‌خشێ .. له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی پیاده ‌و به‌سه‌ر تامانی پرده‌که‌ چه‌ندین و چۆنهای قوفڵ هه‌ڵواسراوه‌ به‌ڕه‌نگی ئاڵاو واڵای چاوکێش ته‌خش و په‌خشکراوه‌ . هه‌ر جۆته‌ خۆشه‌ویستێ وه‌ک نیشانی هاوپه‌یمانی دانه‌یه‌کیان داناوه‌ له‌سه‌ر هه‌ر تۆپێ ناوی خۆیان یا دوو پیتی پێشینه‌ ، مێژووی په‌یوه‌ندی ، هێمای دڵێ یا تیلتیله‌ و بیلبیله‌ی جوانکاری ده‌ربڕی خۆشه‌ویستیان له‌سه‌ر هه‌ڵکه‌ندراوه ، نوسراوه‌ و دانراوه‌‌ . دوای داخستنی تۆپه‌که‌ به‌تێله‌ تامانی پرده‌که‌ به‌جووته‌ هه‌ردووکیان ڕوو له‌قوفله‌که‌یان و پشت له‌ئاوی ‌ڕووباره‌که‌ ده‌وه‌ستن په‌یمانی خۆشه‌ویستی تاسه‌ر به‌یه‌ک ده‌ده‌ن ، پێکه‌وه‌ هه‌رکه‌س کلیلی ده‌ستی به‌ره‌و دواوه‌ی هه‌ڵده‌داته‌ ناو ئاوی زێکه‌ی ڕایین . به‌واتا ڕۆمانسی یه‌که‌‌ی هیواخوازی خۆشه‌ویستیه‌کی تا سه‌ر و بێ دابڕان ده‌که‌ن وه‌ک تۆپێکی بێ کلیل که‌ ناکرێته‌وه‌ . 

هه‌مان بیرۆکه‌ و داب له‌ڕۆمای ئیتالی له‌سه‌ر ‌ کۆنه‌ پردی میلڤیۆ (Milvio  ) به‌سه‌ر ڕووباراوی تیبه‌ر ( Tiber ) پێڕه‌و ده‌کرێ به‌ئه‌ندازه‌یه‌ک زۆری تۆپه‌کان ڕه‌وشه‌نی گڵۆپێکی سه‌رپرده‌که‌ی ته‌نیوه‌ هه‌ندێکیش زنجیربه‌ندی به‌ر خوڕه ‌شه‌پۆلن . تۆپه‌کانی پرده‌که‌ی‌ شاری کۆلن شه‌وانه و‌ ڕۆژانه‌ ژماره‌یان زیاد ده‌کا و تامانه‌که‌ی به‌هێشوو قوفڵ ده‌گرێ له‌م وێنه‌ پانۆراماییه‌دا به‌رچاوه‌ ، جگه‌ له‌کلیلسازان بازاڕیان جوڵاوه‌ و دیارده‌یه‌کی جوانی سه‌رنج ڕاکێشه‌ باشتره‌ له‌نوسینه‌کانی گڕافیتی که‌ به‌قوتوه‌بۆیه‌ی پڕژێنه‌ر ڕه‌نگار ده‌کرێ به‌سه‌ر ڕووگه‌ی خانووبه‌ره‌کانه‌وه‌ یا نوسینی باوی یاده‌وه‌ری (  Ich war hier ) واته‌ من لێره‌ بووم به‌ئه‌ڵمانی ده‌نوسرێ ، له‌ناو هه‌موو هه‌را و ئاشوبی ڕایه‌ڵی جه‌نجاڵی ئه‌م گه‌ردوونه‌ دیارده‌ی خۆشه‌ویستی خۆی به‌نوێکاری ده‌نوێنێ ئاخۆ چه‌ندان گه‌نج کوڕو کچی کوردیش تۆپی خۆیان له‌پرده‌که‌ی کۆلن بده‌ن ؟ 

 

 

        Dlshadtakana@yahoo.com                                  

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.