Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
کۆچ  و تیرۆریزم … ڕزگار عومەر

کۆچ و تیرۆریزم … ڕزگار عومەر

Closed

 

 

 

” ئه‌مه‌ دوا نامه‌مه‌ پێش ئه‌وه‌ی ده‌ستگیر بكرێم. من ئه‌م كاره‌م ئه‌نجام نه‌داوه‌، ئه‌وان منیان خستووه‌ته‌ ئه‌م داوه‌وه‌. باوكه‌، تكایه‌ لێم خۆش به‌، داوای لێبووردن ده‌كه‌م كه‌ كار گه‌یشته‌ ئه‌م حاڵه‌ی ئێستا “

             –  نامەی جه‌وهه‌ر تسارناییف بۆ باوکی لە ڕێگەی فەیس بوکەوە بەر لە دەستگیر کردنی-

 

 

          تەقینەوەی دوو بۆمب لە بۆستن ی ئەمریکا ، تا کاتی کوشتنی یەکێک لە ئەنجامدەرانی و دەستگیرکردنی دانەیەکیان جۆرێک لە  ترس و دڵە ڕاوکێ ی لە دڵی هاوڵاتیان ئەوێ دروست کردبوو ، چونکە زۆربە پێ ی وابوو هێشتا کرداری تریش بەڕێوەیە . بەشێکی زۆریش لە کۆچبەرانی ئەوێ تا ئێستاش ترسی ئەوەیان لە دڵە کە خراپ بە کارهێنانی ئەم کردەوە تیرۆریستیە ببێتە بیانو و پاکانە بۆ توند کردنەوەی یاساکانی دژ بە پەناهەندەیی و سیستەمی وەرگرتنی کۆچبەرو ڤیزاو هتد ، ناهەقیشیان نییە بترسێن چونکە ئەو هەڵاوردنەی دژ بە کۆچبەران کرا لە دوای 11 سێپتێمبەر سیستەمی دیموکراسی کردە کڵێشەو دەقی بەتاڵ لە ماف ، نەک تەنیا بەرامبەر بە کۆچبەر بەڵکو بەرامبەر هاوڵاتی ئاسایی .

 

        11 سێپتێمبەر تاقە ڕووداو نەبوو کە دەوڵەت و بەشی ڕاستڕەوی توێژی سیاسەت بە کاری هێنا دژ کۆچبەران ، مێژووی ئەم جۆرە لە پەرچەکردار دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیست. (لیۆن سزۆڵجۆسز) لە 6 سێپتێمبەری ساڵی 1901 بە دەمانچە دووگولەی دا لە سەرۆکی ئەوسای ئەمریکا (ویلیەم مەکەینلی) ، دوای چەند ڕۆژێک سەرۆک لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا .

 لیۆن خۆی لە ئەمریکا لە دایک ببوو، لە هەڕەتی لاوی خۆی حاشای لە باوک ودایکی کەس و کاری خۆی کردبوو، هیچ پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی لەگەڵیان نەمابوو ، چونکە لە گەڵ بیروباوەڕی ئەو نەدەگونجان ، ئەو ببووە ئەنارشیست . ئەم ڕاستیانەی کە لیۆن هاوڵاتیەکی ئەمریکیەو لە سەر بیروباوەڕی سیاسی خۆی پەنای بۆ تیرۆرکردنی ئەم سەرۆکە بردووەو تەنانەت لە دادگایی کردنەکەشی ووتی ” لە بەرژەوەندی خەڵکی باشی ئەمریکا ” ئەم کارەم کردووە نەیتوانی ڕێگە لەوە بگرێت کە ئەم کارەی ئەو کردی ببەسترێتەوە بە دیاردەی کۆچ بۆ ئەمریکا ، چونکە دایک و باوکی ئەو لە پۆڵنداوە کۆچیان کردبوو بۆ ئەمریکا ! 

ئەوەبوو یاسای دوورخستنەوەی ئەنارشیست لە ساڵی 1903 خرایە بواری جێبەجێ کردنەوەو دەیان کەس دەرکرانە دەرەوەی ئەمریکا . لە دوای ئەمە لە ساڵەکانی 1918 ، 1924 یاساکان بە شێوەیەک دژی کۆچبەرو پەنابەران توندکرایەوە کە هیچ جۆرێک لە ماف بە عەمەلی لەو یاسایانەدا نەما کە پەیوەست بوون بە ڕێکخستنی کاروباروی پەناهەندەیی وکۆچ ، چونکە میتۆدی مامەڵە کردنی ئەم یاسایانە لەسەر ئەوە نەبوو کە کەسی کۆچبەرسەر بە کام ئایدیۆلۆژی سیاسیەو چۆن بیردەکاتەوە ، بەڵکو لە سەر بنەمای ئەوەبوو کە ئەو بەر لە ئەمریکا خەڵکی کوێ بووە ، ئەگەر لە ئەمریکاش لە دایک بووبێ پرسیارەکە درێژ دەکرایەوە بۆ ئەی دایک و باوکی لە کوێ لە دایک بوونە ؟ 

     لە ڕۆژی یەکەمی تەقینەوەکانی ئەم هەفتەیەی بۆستن ی ئەمریکا تا کوشتن و گرتنی هەردوو تاونبار، میدیای ڕاستڕەو خەریکی  ختوکەدان و ئاماژەی ناڕاستەوخۆیە لە باکگراوندی ئیسنیکی و نائەمریکایی بوونیان . ئێستا کێشەی 11 ملیۆن کۆچبەر هەیە لە ئەمریکا کە کەیسەکانیان بە موعەلەقی ماوە ، ڕاستڕەوەکان خەیاڵی دەرکردنی هەر هەموویان بە ڕێگاچارەی گونجاو دەزانن ، بۆ ئەمەش پەنا دەبەنە هەر ڕوداوێکی ڕاست یان دەستکرد بۆ خوڵقاندنی بارودخی گونجاو لە بەرهەمهێنانی یاسای توندتر، لە ساڵانی ڕابردوش لەو بوارە هەندێ سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە ، بۆ کەیسی ئەم دوو تاوانبارەش کە بنەچەیان چیچانیەو هێشتا دیار نیە چەندە ئیمکانی تەوزیف کردنی تێدایە بۆ بەکارهێنانی دژی کۆچبەران ، لەگەڵ ئەوەشدا دوور نییە ئەمە سەراوبن کرێت بۆ زنجیری زیاترو کۆت و بەندی توندتر دژ بە پەنابەران و کۆچبەران ، ڕۆژانی داهاتوو وردی ئەم بۆچونە دەخاتە بواری پراکتیکەوە ، با بزانین فۆکس نیوز ئەوانەی لە هەمان فەلەکی ئایدیۆلۆژی ئەودا دەسوڕێنەوە چیمان پێ دەڵێن !

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.