
ده‌رباره‌ی مێژووی كتێب و قسه‌یه‌ك له‌مه‌ڕ خوێندنه‌وه له كوردستاندا
ڕۆژی كتێب: سه‌ره‌تاكانی ئاشنابوونی مرۆڤ به كتێب چۆن بوو؟
هێمن خورشید: ڕاستت بوێت وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره كه‌مێك سه‌خته و به‌دواداچوونی وردی ده‌وێت, ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت ئاشنایه‌تیی مرۆڤه به نووسین ئه‌وا زه‌مه‌نێكی زۆر دووره, به گوێره‌ی ئایینه ئاسمانییه‌كان ئاده‌م كه یه‌كه‌مین مرۆی سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌مینه‌یه په‌یامی له‌لایه‌ن خوداوه‌نده‌وه بۆ هاتووه و په‌یامه‌كه‌ش له شێوه‌ی (صحف)دا -كه هه‌ر ده‌كاته په‌ڕه‌ی كوردی- بۆی دابه‌زیوه. له قورئاندا باسی په‌یامی هه‌ردوو په‌یامبه‌ر ئیبراهیم و مو‌سا ده‌كات: “صحف ابراهیم و موسی”.
له ڕووی مێژووییشه‌وه، له جگێ شوێنی وه‌ك میسری كۆن په‌ڕه‌ی ناسراو به پاپیرۆس (أوراق البردی) بۆ نووسین به‌كارهاتووه، پاپیرۆس له یۆنانی كۆنیشدا سوودی لـێ بینراوه، ئاشووری و بابلییه‌كان له‌سه‌ر ته‌خته‌ی قوڕ ده‌یاننوسی و له چینی كۆندا داریان به‌كارده‌هێنا و دواتریش ئاوریشم په‌یدابوو. لای زۆربه‌ی گه‌لانی كۆن، میسرییه‌كان، ئێرانییه‌كان، ئاشوورییه‌كان… سوودیان له پێستی ئاژه‌ڵ، به‌تایبه‌ت پێستی مه‌ڕو گوێره‌كه وه‌رگرتووه بۆ له‌سه‌ر نووسین. ده‌وترێت ده‌وروبه‌ری ساڵی (105)ی عیسایی بۆ یه‌كه‌مجار كاغه‌زی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا دروستكراوه. هه‌ندێ له شوێنه‌وارناسان و مێژوونووسان باس له كتێبخانه‌ی گه‌وره گه‌وره ده‌كه‌ن له سه‌رده‌می كۆندا، وه‌ك كتێبخانه‌ی به‌ناوبانگی ئه‌سكه‌نده‌رییه و كتێبخانه‌كانی په‌رستگا ئاشوورییه‌كان، له نموونه‌ی كتێبخانه گه‌وره‌كه‌ی (ئاشوور پانیپاڵ) و زۆر جێگه‌ی دیكه. وه‌لـێ كتێبنووسین له‌م شێوه‌یه‌ی ئێستایدا مێژوویه‌كی دووری نییه و، دوای په‌یدابوونی چاپخانه له سه‌ده‌ی پانزه‌دا ورده ورده په‌یدا بوو. كێ یه‌كه‌م كه‌س بوو چاپی دۆزییه‌وه؟ دوو ڕای جیاواز له‌م باره‌یه‌وه هه‌یه، هه‌ندێك (یوحه‌ننا گۆتنبێرگ) به‌و كه‌سه ده‌زانن و كاره‌كه‌شی له شاری (ماینتس)ی وڵاتی ئه‌ڵمانیا ئه‌نجامداوه و، هه‌ندێكی تریش ده‌ڵێن نه‌خێر ئه‌و زاته (لۆرنت كۆسته‌ر) بووه و كاره‌كه‌ش له شاری (هارلم)ی هۆڵه‌ندادا كراوه. گرنگترین نووسینێك (گۆتنبێرگ) به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ (فۆست)دا له سه‌ره‌تای ساڵی (1456)دا له‌چاپیدا (كتێبی پیرۆز) بوو. به‌شێكیش له‌و كاره‌ی نوسخه‌یه‌كه ناسراوه به نوسخه‌ی مازان (Bible Mazarine). به كورتی ده‌وروبه‌ری ساڵی 1470ی عیسایی، چاپخانه له زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپاییدا بڵاوبووه‌وه. له‌و وه‌خته‌وه تا ئێستا به‌رده‌وام كتێبنووسین له ڕووی چه‌ندێتی و چۆنیه‌تییه‌وه له پێشڤه‌چووندایه، كۆتا پێشكه‌وتنی كتێبنووسین كتێبی ئه‌لیكترۆنی و كتێبخانه‌ی ئه‌لیكترۆنییه كه خه‌ریكه جێ به كتێبخانه‌ی كلاسیكی له‌قده‌كات، هه‌رچه‌ند بڕوا ناكه‌م كتێوی كلاسیكی وا به ئاسانی ئاڵای سپی هه‌ڵكات و خۆی به ده‌سته‌وه بدات!
ڕۆژی كتێب: له سه‌روبه‌ندی یاكردنهوهی ڕۆژی جیهانی كتێبداین، وه‌كو نووسه‌ر و ڕۆشنبیرێك ڕه‌وشی كتێب و ئاستی خوێندنه‌وه له كوردستاندا چۆن ده‌بینیت؟
هێمن خورشید: له‌م سه‌رده‌مه‌دا له هه‌موو دونیادا خوێندنه‌وه‌ی كتێب ڕووی له كه‌می كردووه، ئه‌ویش به هۆی سه‌رقاڵی مرۆڤی نوێوه به خه‌مه زۆر و زه‌وه‌نده‌كانی ژیانه‌وه له لایه‌ك و هاتنه‌ئارای چه‌ندین ئامرازی سهرقاڵكهریش له لایه‌كی تره‌وه. كوردستانیش له دنیا دابڕاو نییه و ده‌رده‌كانی دنیا به زیاده‌وه تێیدا ته‌شه‌نه ده‌كه‌ن و زوویش بڵاوده‌بنه‌وه، سه‌یر له‌وه‌دایه شتی باش زۆر دره‌نگ و شتی خراپیش زۆر به زوویی له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌دا جێی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه. وه‌لـێ هێشتاش خه‌ڵكانێك هه‌ن ده‌خوێننه‌وه. له جێگه‌ی تریشدا وتوومه، گرفتی خه‌ڵكی ئێمه هێنده‌ی خراپ خوێندنه‌وه‌یه نیو ئه‌وه‌نده كه‌م خوێندنه‌وه نییه. بڕۆ له كتێبفرۆشییه‌كان بپرسه، خه‌ڵكی به زۆریی داوای چ جۆره كتێبێك ده‌كه‌ن؟ ده‌بینیت نامیلكه‌ی نوكته و مۆبایله شیعر و گۆڤاری بێتام و هیچ له‌باردا نه‌بوو له پێشه‌وه‌ی هه‌موو نووسراوێكه‌وه دێن, ئه‌مه‌ش ڕاستییه‌كمان پێده‌ڵێت: گه‌نجی ئێمه كه ده‌یه‌وێت ده‌ست به خوێندنه‌وه بكات، له ڕێیه‌كی هه‌ڵه‌وه ده‌ستپێده‌كات، ئه‌و ساڵانێكی زۆر لای خۆی وا ده‌زانێت ده‌خوێنێته‌وه، كه‌چی ته‌نها خۆی ده‌خه‌ڵه‌تێنێت.
ڕۆژی كتێب: ئه‌مڕۆ مه‌سه‌له‌ی پشتكردنه خوێندنه‌وه زۆر به‌زه‌قی له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریدا ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر په‌ره‌ده‌ستێنێت و بووه‌ته دیارده، به ڕای به‌ڕێزتان كێ له‌م حاڵه‌ته به‌رپرسیاره؟
هێمن خورشید: وه‌ك له پێشه‌وه وتم، ئه‌م سه‌رده‌مه سه‌رده‌می ساده‌بوونه‌وه و ڕوكهشبینییه، كات له خۆوه ده‌ڕوات, له چاوتروكاندنێكدا شه‌و و ڕۆژ تێده‌په‌ڕێت، په‌یدابوونی ئه‌و هه‌موو ئامێره‌ی سه‌رقاڵكردنی بنیاده‌مه، مرۆی كه‌ڕ و كاس و بێحه‌واس كردووه، ته‌له‌فزیۆن و هه‌واڵه ناخۆشه‌كانی و فیلمه خوێناوییه‌كانی و یارییه وه‌رزشییه نهبڕواهكانی، ئینته‌رنێت و ئه‌گه‌ره كراوه‌كانی كه له‌به‌رده‌م بهكاهێنهردا ده‌یخاته سه‌ر پشت, مۆبایل و ئه‌و هه‌موو پرۆگرامانه‌ی تێیدا هه‌ن… ئه‌مه ده‌ردێكی جیهانییه، به‌ڵام له كوردستاندا ده‌رده‌كه هه‌میشه قووڵتره، له‌م وڵاته‌دا ده‌بینیت پێشهنگێكمان نییه به خوێنده‌واریی چووبێته سه‌ره‌وه, سه‌ركرده‌كانمان زۆربه‌ی كات نه‌خوێنده‌واره‌كانی ناومانن، گه‌نجێك كه ده‌بینێت، وه‌ختێ زانایهكمان ده‌مرێت مێشێ میوانی كه‌س نییه و كاتێك گۆرانیبێژێك له دونیا ده‌رده‌چێت سه‌راپا میدیاكان قوڕ ده‌پێون، له نائاگاییدا بێبه‌هایی زانست و خوێنده‌واری ده‌چه‌سپێت. تۆ ته‌ماشای به‌رنامه‌ی كه‌ناڵه ئاسمانییه كوردییه‌كان بكه –وه‌ك نموونه-، تا به‌رنامه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی كتێب و خوێندنه‌وه و نووسین په‌خشده‌كرێت، سه‌د به‌رنامه ده‌رباره‌ی سیاسه‌ت و ده‌مه‌ده‌می سیاسی بڵاوده‌كرێته‌وه, به‌داخه‌وه ئه‌م وڵاته ته‌نراوه به باسی سیاسه‌ت و له واقیعیشدا ئه‌وه‌ی نه‌بێت سیاسه‌ته, ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌ركێ بۆ خۆی و بێسه‌روبه‌رییه‌كی بێكۆتایه!
ڕۆژی كتێب: له ماوه‌ی ڕابردوودا كتێبێكتان به‌چاپ گه‌یاند به نێونیشانی (نه‌خوێنده‌واری له زانكۆدا)، باشه گه‌ر زانكۆكانی ئێمه ئه‌وه حاڵیان بێت و مرۆڤی نه‌خوێنه‌وار به‌رهه‌م بێنن، ئه‌ی ده‌بێت وه‌زعی كۆمه‌ڵگاكه‌مان چۆن بێت؟
هێمن خورشید: كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه خه‌ریكه وای لێدێت جیاوازیی تێدا نامێنێت، ئاخر هه‌مووی هه‌ر ده‌خوات. ئیدی زۆر و كه‌مییه‌كه ته‌نها له بڕی خواردنهكهدایه، هه‌یه بیره نه‌وت هه‌ڵده‌لووشێت و به‌و حاڵه‌یشه‌وه هه‌ر تێر ناخوات، هه‌یشه به په‌نجا هه‌زار فه‌قیرانه قایله و مه‌منوونه ده‌سه‌ڵاته‌كه لێی نه‌بڕێت و واده‌زانێت خێری پێده‌كرێت. به‌رهه‌می ئه‌م بارودۆخه‌ش ناهوشیارییه، ناهوشیارییش له نه‌خوێنده‌وارییه‌وه په‌یدا ده‌بێت. خوای ده‌كرد دووسه‌د زانكۆ له كوردستاندا دروستده‌كرا، بۆ كه‌م مامۆستای زانكۆمان هه‌یه پێڵاو له‌به‌رپێی به‌رپرسێكی حیزبیی نه‌خوێنده‌واردا داده‌نێت؟ تۆ وا ده‌زانیت سوێد و نه‌رویجه زانكۆ مه‌شخه‌ڵی ڕێنوینیكردنی كۆمه‌ڵگه بێت؟ بڕۆ ئامارێك له ناو ده‌رچووانی زانكۆكانی كوردستاندا بكه، به‌س به‌و مه‌رجه‌ی ڕاستیت پێ بڵێن، ئه‌گه‌ر له‌سه‌رووی 50%یانه‌وه له ژیانیاندا كه‌متر له دوو كتێبیان نه‌خوێندبووه‌وه، ئه‌وه هه‌قته من به كه‌سێكی ڕه‌شبین و دوور له ڕاستی بده‌یته قه‌ڵه‌م!
ڕۆژی كتێب: كێ له‌م ڕه‌وشه خراپه‌ی ئاستی زانست و خوێندن له زانكۆكاندا به‌رپرسیاره؟
هێمن خورشید: به پله‌ی یه‌كه‌م خه‌ڵكه‌كه، ئینجا ده‌سه‌ڵات. ئه‌وه خه‌ڵكه ده‌سه‌ڵات دروستده‌كات، ئه‌م میلله‌ته حه‌زی له پاڵدانه‌وه و خواردنی به‌لاشه، تازه فێربووه و ئه‌سته‌مه به ئاسانی وهكار كه‌وێته‌وه، ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ش ئه‌و كاره‌ی تا ڕاده‌یه‌ك بۆ ده‌كات، به‌س له‌و لایشه‌وه هه‌م ده‌نگی لێی ده‌وێت و هه‌م بێده‌نگی. به هه‌را و هوریای میدیا و جرت و فرتی ڕۆژنامه‌نووس و پرته و بۆڵه‌ی حیزبه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات مه‌خه‌ڵه‌تێ، ئه‌وانیش به‌شێكی پێكهێنه‌ری واقیعه ڕهشهكهن. ئه‌وان له ڕێگه‌ی ئه‌و نركه و ناڵه و هاشوهووشه بهردهوامهیانهوه ناهێڵن ڕقی خه‌ڵكه‌كه پهنگبخواتهوه و به‌ره‌و گۆڕینی دۆخه‌كه ببزوێت, خه‌ڵك به‌رده‌وام وا هه‌ستده‌كات قسه‌ی دڵی خۆی كردووه، له كاتێكدا هیچی نه‌كردووه!
ڕۆژی كتیب: چۆن ده‌توانین به گژ دیارده‌ی پشتكردنه خوێندنه‌وه و كتێبدا بچینه‌وه؟
هێمن خورشید: ئه‌مه پرسیارێكی گه‌له‌ك قورسه، ئه‌من ده‌توانم پرسیار بوروژێنم، وه‌لـێ له دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌دا زۆر ده‌ستڕه‌نگین نیم، ئێمه كێین كه پرسیاره‌كه‌مان ئاراسته كراوه؟ من له‌لای خۆمه‌وه دۆست و هاوڕێكانم و ئه‌وانه‌ی به دهورمهوهنم وا لێكردووه كتێبیان خۆشبوێت و كتێب بكڕن و كتێب بخوێننه‌وه و له كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كانیاندا باسی كتێب بكه‌ن، ئه‌توش ده‌توانیت ئاوها بكه‌یت, له‌وه بترازێت هیچی دیكه‌م له ده‌ست نایه‌ت، ئه‌قڵی كێ بڕ ده‌كات تازه‌لاوێكی مه‌ست به بۆنی ته‌ڕی ژیان، واز له (فه‌یسبوك) بێنێت و ده‌ست له چاتكردن له‌گه‌ڵ یاره نهرمونۆڵهكهی هه‌ڵگرێت و بێت به قسه‌ی من و تۆ ده‌ست بداته كتێبێكی پێنجسه‌د لاپه‌ڕه‌یی و له به‌رگه‌وه بۆ به‌رگ بیخوێنێته‌وه؟ ئاخر ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه چی پێده‌به‌خشێت؟ خوێندنه‌وه كه نه‌بووه نه‌ریت له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا ئه‌سته‌مه به یه‌ك كه‌س و دوو كه‌س كارێك بكرێت. ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه‌شت ڕووی له ده‌سه‌ڵاتدارانه، ئه‌وا من پێت ده‌ڵێم، ئه‌گه‌ر ئه‌وان توانییان بۆ خۆیان ڕۆژانه دوو سه‌عات بۆ خوێندنه‌وه ته‌رخان بكه‌ن، ئه‌وا پێویست نییه هیچی تر بكه‌ن و خه‌ڵكه‌كه ورده ورده ڕوو له خوێندنه‌وه ده‌كه‌ن، به‌س ئه‌مه‌ی ده‌یڵێم له فڕینی مه‌یموونه‌وه نزیكه!
ڕۆژی كتیب: له به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو نه‌خوێنده‌وارییه له ناوه‌نده‌كانی خوێندندا له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه، هه‌نگاوه‌كانی په‌ره‌پێدان به كلتوری خوێندنه‌وه و خۆشویستنی كتێب له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه چۆن ده‌بینیت و تا چه‌ند كاری بۆ كراوه؟
هێمن خورشید: مه‌رج نییه هه‌موو شتێك حكوومه‌ت پێی هه‌ڵسێت. نازانم بۆ ئه‌م خه‌ڵكه فێربوون به‌رده‌وام داوای هه‌موو شتێك هه‌ر له حكوومه‌ت ده‌كه‌ن؟ كه‌ی ئه‌ركی حكوومه‌ته خوێنده‌واری بڵاوبكاته‌وه یان ژن بۆ خه‌ڵك بهێنێت؟! ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌م میلله‌ته‌ی ئێمه حكوومه‌ت زۆر به شتێكی گرنگ ده‌زانێت. حكوومه‌ت ئه‌گه‌ر ئازایه با خۆی فێری خوێنده‌واری بكات, كه‌سێك شتێكی پێ نه‌بێت چۆن ده‌توانێت لێی ببه‌خشێت؟ نه كاری حكومه‌ته كتێب لای خه‌ڵك خۆشه‌ویست بكات و نه كارێكی ئاوهای كردووه و نه چاوه‌ڕوانیش بن ڕۆژێ له ڕۆژان كارێكی له‌و شێوه بكات. پێویسته ڕێكخراوه‌كانی په‌یوه‌ست به گه‌نجان و لاوان به‌و كاره هه‌ستن. بۆ نموونه له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌دا ڕێك بكه‌ون و یارمه‌تییان بده‌ن و كارێك بكه‌ن نرخی كتێب به جۆرێك بێته خواره‌وه قوتابییه‌كی ناوه‌ندی یان خوێندكارێكی زانكۆ ئه‌گه‌ر حه‌زی له كتێبێك كرد بتوانێت بیكڕێت. ڕێگه‌ی تریش هه‌یه، بۆ نموونه ساڵانه له ڕۆژی جیهانیی كتێبدا كۆمه‌ڵه كتێبێكی گرنگ هه‌ڵبژێرن و وه‌كو دیاری بیبه‌خشن به‌و كه‌سانه‌ی له‌و ساڵه‌دا زۆرترین كتێبیان خوێندووه‌ته‌وه، هه‌ڵبه‌ت ده‌توانن هه‌موو ساڵێك خشته‌یه‌ك بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ساڵه دابنێن و یان ته‌نانه‌ت ناوی ئه‌و كتێبانه‌شی كه پێویسته بخوێنرێنه‌وه دیاری بكه‌ن و له‌وه‌شدا پشت به بڕیاری لیژنه‌یه‌ك له كه‌سانی خوێنده‌وار و به ئه‌زموون ببه‌ستن. وه‌كو پێشبڕكێیه‌كی لێبكه‌ن و له كۆتایی ساڵه‌كه‌دا خوێنه‌ران كه پێشتر ناوی خۆیانیان نووسیوه و به‌شدارییان كردووه، تاقیبكرێنهوه. هه‌روه‌ها سیمینار بۆ هه‌ندێك له خوێنه‌ره چالاكه‌كان ببه‌سترێت، تێیدا باسی ئه‌زموونی ئه‌و ساڵه‌یان له‌گه‌ڵا ئه‌و كتێبانه‌دا كه خوێندوویانه‌ته‌وه بكه‌ن و ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كان و ئه‌و تێبینییانهی بۆیان دروستبووه بخه‌نه به‌ر باس. ده‌كرێت هه‌موو ساڵێك ئه‌م كاره بكرێت و میدیاكان بانگهێشت بكرێن و به‌مه‌یش هه‌م حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات ده‌خرێنه ژێر فشاره‌وه تا گرنگی به خۆڕۆشنبیركردن بده‌ن و هه‌م تازهلاوهكانیش هانده‌درێن بیر له خوێندنه‌وه بكه‌نه‌وه.
* ئه‌م چاوپێكه‌وتنه له بڵاوكراوه‌ی (ڕۆژی كتێب)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه. ئه‌م بڵاوكراوه‌یه تایبه‌ته به ڕۆژی جیهانیی كتێب و له 23/4/2013دا له گه‌رمیان ده‌رچووه.