کاره‌سات هیچ کات نابێته ده‌ستکه‌وت!
له په‌راوێزی وته‌که‌ی بارزانیدا
بنار مسته‌فا…..
کاتێک یادی 21 ساڵه‌ی کیمیابارانی شێخ وه‌سان و بالیسان کرایه‌وه، ڕیزێکی فراوان له به‌رپرسانی حزبی و حکومی به‌شداریان تێدا کرد، له‌وانه مه‌سعود بارزانی و کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ، سه‌رۆک و جێگری سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان. له یادکردنه‌وه‌که‌دا بارزانی وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد، که له ڕۆژنامه‌ی خه‌باتدا ده‌قه‌که‌ی بڵاوکراوه‌ته‌وه1.
له سه‌ره‌تای وته‌که‌یدا بارزانی ده‌ڵێت: "قوربانیی ئێوه قوربانییه‌كی گه‌وره بوو، ئه‌مه كاره‌ساتێك نییه له بیر بچێته‌وه، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا ده‌سكه‌وته‌كه‌ش، ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره‌بوو، به‌رهه‌می ئه‌و قوربانییه رزگار بوونی كوردستان بوو، دامه‌زراندنی په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێم بوو، ئه‌و ئازادییه‌ی ئه‌مڕۆ له كوردستاندا هه‌یه به‌رهه‌می خوێنی ئه‌و شه‌هیدانه‌یه به‌تایبه‌تی هی ئه‌و كاره‌ساته گه‌وره‌یه‌ی ئه‌نفال و كیمیاباران. به‌ڵێ، ئێوه قوربانییه‌كی زۆرتاندا، به‌ڵام ده‌رگایه‌كی گه‌وره‌شتان له‌به‌رده‌م كێشه‌ی گه‌له كورد كرده‌وه. زۆر باشتر دۆ‌زی گه‌له‌كه‌مانتان به‌دونیا ناساند "
"ئه‌و کاره‌ساتانه ده‌ستکه‌وتی گه‌وره‌یان بوو"… به‌ڕاستی سه‌یره، مرۆڤ بتوانێت ئاوها ڕاشکاوانه و بێ شه‌رمانه ده‌رباره‌ی کاره‌ساتێکی له‌و جۆره له کاتی یادکردنه‌وه‌که‌یدا، با‌س له ده‌ستکه‌وت بکات! کاره‌سات کاره‌ساته، که به هه‌زاره‌ها قوربانی لێکه‌وته‌وه و برینه‌که‌ی هێشتا به قووڵی دیاره. ماڵوێرانکاری ده‌یان هه‌زار که‌س ده‌چێته خانه‌ی ده‌ستکه‌وته‌وه؟! ئاخر ده‌ستکه‌وت له ئه‌نجامی کارێکی پۆسه‌تیڤه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، نه‌ک له کاره‌ساتدا.
جیا له سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی وته‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێمدا، که له جیاتی ده‌ربڕینی هاو خه‌می خۆی بۆ که‌سوکاری قوربانیه‌کان و به توندی مه‌حکوم کردنی ئه‌و جۆره کاره‌ساتانه، دێت با‌س له ده‌ستکه‌وت ده‌کات! ئه‌مه له هه‌مان کاتدا هیچ دروستیه‌کی تێدا نییه، هیچ کات کاره‌سات و کوشت‌و کوشتار نابنه ده‌ستکه‌وت. نه ئه‌نفال و کیمیاباران بۆ خه‌ڵکی کوردستان بوونه ده‌ستکه‌وت، نه کیمیابارانی هیرۆشیما و ناگازاکی ده‌ستکه‌وتی لێ که‌وته‌وه، نه جینۆسایده‌کانی هۆڵۆکۆست و ئه‌رمێنیه‌کانیش هیچ جۆره ده‌ستکه‌وتێکی له‌گه‌ڵدا هات. به پێجه‌وانه‌ی بۆچونی بارزانیه‌وه، کاره‌ساته‌کان هه‌میشه به په‌ڵه‌یه‌کی ڕه‌ش له مێژوودا تۆمار ده‌کرێن، وه‌کو تا ئێستاش کراون.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه ئاشکرایه که ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی کوردستان، کیمیاباران و ئه‌نفالیان کردووه به کاڵایه‌ک و چه‌ندین ساڵه بازرگانی پێوه ده‌که‌ن. به‌شێکی زۆر له‌و سه‌روه‌ت و سامانه بێژماره‌ی ده‌سه‌ڵاتداران، که به فیرعه‌ونه‌کان و میلیاردێره‌کان ده‌ناسرێنه‌وه، سه‌رچاوه‌که‌ی له‌و کاره‌ساتانه‌وه‌یه. به‌ڵێ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای کوردستان، زۆر بێ شه‌رمانه ئه‌و کاره‌ساته دڵته‌زێنانه‌یان بۆ خۆیان کرده ده‌ستکه‌وت و به‌رده‌وام سوودی لێ وه‌رده‌گرن. وته‌که‌ی بارزانی له خۆڕا و هه‌ڵه‌ی چاپ نه‌بوو. به‌ڵام تا ئێستا هیچ یه‌کێکیان ڕوویان نه‌هاتووه به‌و شێوه‌یه با‌س له "ده‌ستکه‌وتی" ئه‌و کاره‌ساتانه بکه‌ن، هه‌ر وه‌ک ویژدان و هه‌ستێ مرۆیی ڕێگه نادات.
سود وه‌رگرتن له کاره‌سات بۆ ئه‌حزابی ناسیۆنالیستی کورد شتێکی نوێ نییه. هه‌ر بۆیه خۆشیان له ماوه‌ی 17 ساڵی ڕابردوودا چه‌ندین کاره‌ساتیان به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا خوڵقاندووه و ئێستاش زۆر به ئاسیی ئاوڕ له‌و مێژووه‌یان ده‌ده‌نه‌وه. هه‌ر له شه‌ڕی ناوخۆوه تا برسیکردنی خه‌ڵکی و نه‌دانی ئاو و کاره‌با و سووته‌مه‌نی پێیان. سیاسه‌تیان بریتیبووه له به قوربانی دانی خه‌ڵکی له پێناو گه‌شتن به ئامانجه‌کانیان. ئه‌مانه ئه‌حزابێکن که به خوڵقاندنی کاره‌سات و سوود وه‌رگرتن لێی ده‌ژین.
ئه‌و کاره‌ساتانه دۆ‌زی کوردی به هه‌موو دنیا ناساند، وه‌ک بارزانی ئاماژه‌ی پێ ده‌دات. بارزانی ئه‌مه‌ی قبوڵه، که کوشت‌وکوشتاری ده‌یان هه‌زار که‌س به‌کار بهێنرێت بۆ ناسینی دۆ‌زی کورد؟ ڕاستیه‌که‌ی له‌وه ده‌چێت بارزانی بیه‌وێت ناڕاسته‌وخۆ بڵێت: بژی ئه‌نفال و کیمیابارانی خه‌ڵکی کوردستان!
له به‌شێکی تری قسه‌کانیدا بارزانی ده‌لێت؛ "له رێگا كه ده‌هاتین له‌گه‌ڵ كاك كۆسره‌ت مشوره‌تمان ده‌كرد و بڕیارماندا بوو داوا له سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بكه‌ین ده‌سته‌یه‌كی شاره‌زا بنێرێته ئه‌م ده‌ڤه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی دیراسه‌تی پێویستیه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه بكه‌ن و ئه‌وه‌ی له توانای حكوومه‌تی هه‌رێم دابێت بیكات و هه‌رچه‌ندی بۆ ئێوه بكرێت كه‌مه"
ئه‌مه ته‌واو دروستی ئه‌و قسه‌یه‌ی که‌سوکاری قوربانیانی کاره‌ساته‌کان ده‌رده‌خات که باسی لێوه ده‌که‌ن و ده‌ڵێن "ته‌نها له ساڵیاد و له کاتی یادکرنه‌وه‌ی کاره‌ساته‌کاندا ئێمه‌تان بیر ده‌که‌وێته‌وه". پاش 17 ساڵ له ده‌سه‌ڵاتێتی، تازه به تازه له ڕۆژی یادکرندنه‌وه‌ی کیمیاباراندا، له ڕیگه‌ی ڕۆشتندا بۆ ئه‌و جێگه‌یه، دێته‌وه بیریان و مشتومڕی له‌سه‌ر بکه‌ن و دواتریش به‌وه بگه‌ن که "ده‌سته‌یه‌ک پێکبهێنن بۆ دیراسه‌ت".
باوه‌ڕ ناکه‌م ده‌سه‌لاتدارانی کوردستان ئه‌و کاره‌ساتانه‌یان له یاد نه‌بێت، به‌ڵام وه‌ک بارزانیش ده‌ڵێت ئه‌وان سوودی خۆیان لێ وه‌رگرت و کردیان به ده‌ستکه‌وت، ئیتر خه‌ڵکه‌که چۆن ژیان ده‌گوزه‌رێنێ، ئه‌وه مه‌سه‌له‌ی ئه‌مان نییه. تا ئه‌و جێگه‌یه له‌یادیانه که سودی تێدابێت بۆیان. ئه‌مان ئه‌و کاره‌ساتانه‌یان بۆ مه‌به‌ستێکی دی له یاده، ئه‌وه نییه بارزانی ده‌ڵێت ده‌ستکه‌وتی گوره‌یان بوو؟
ڕه‌نگه بارزانی پاشگه‌زبێته‌وه له‌و قسانه‌ی که ڕوو به ده‌ره‌وه کردی، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا دڵنیام که له قووڵایی دڵیه‌وه ئه‌و وشانه‌ی ده‌ربڕی. چونکه کاره‌سات به‌سه‌ر خه‌ڵکیدا بۆ ده‌سه‌لاتدارانی ئه‌مڕۆ هیچ کاتێک جێگه‌ی بایه‌خێکی ئه‌وتۆ نه‌بووه، هه‌ر وه‌ک هه‌لومه‌رجی ژیانی که‌سوکاری قوربانیه‌کان پشانی ده‌دات. بارزانیش ناڕاسته‌وخۆ ده‌ڵێت: "با ئێوه ئه‌نفال کرێن، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه به ده‌سه‌لات بگه‌ین!، با ئێوه کیمیابارانکرێن، بۆئه‌وه‌ی ئێمه بازرگانی پێوه بکه‌ین! کاتێک ئێوه کاره‌ساتان به‌سه‌ردا ڕوو ده‌دات، ئێمه ده‌ستکه‌وتی لێ وه‌رده‌گرین.
کردنی کاره‌سات به ده‌ستکه‌وت چ ده‌گه‌ێنێت؟ له‌م قسانه‌ی بارزانی چی وه‌رگرین بۆ ئاینده؟ به خه‌ڵکی کوردستان بڵێن چاوه‌ڕوانی کاره‌ساتی تر بن، ده‌ستکه‌وتی گه‌وره‌ی به دواوه‌یه؟! به دانیشتوانانی کوردستانی تورکیا بڵێین، داوای ئه‌نفال بکه‌ن، با ببێته ده‌ستکه‌وت بۆتان و به ئازادی بگه‌ن؟! به کورده‌کانی ئێران بڵین هیوادارین جمهوری ئیسلامی کیمیابارانتان بکات، تا دواتر سوودی لێ وه‌رگرن؟! به‌راستی شه‌رمه مرۆڤ کاره‌سات بخاته قاڵبی ده‌ستکه‌وته‌وه!
27.04.2008
bnarmustafa@yahoo.co.uk
سه‌رچاوه:
(1)ڕۆژنامه‌ی خه‌بات، ژماره 2822ی به‌رواری 17.4.2008، ل1-2