چەمکی مۆدێرنیته و دەرکەوتەکانی
زۆرێک له مێژوونووس و ڕاڤه‌کاران پێیان وایه کاتێ باس له‌و چه‌مکه ده‌کرێت و هه‌وڵی پێشکه‌شکردنی پێناسه‌یه‌کی ده‌درێت، ئه‌وا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌بێت جیاوازی له‌نێوان دوو زاراوه‌دا بکرێت، که به داخه‌وه زۆرجار تێکه‌ڵی یه‌کتر ده‌کرێن، ئه‌وانیش: (Modernity) و (Modernite)ن. ده‌کرێت له ڕووی مێژووییه‌وه سیفه‌تی (نوێ) (حدیث Moderne) له نوێگه‌رایی (الحداثة Modernity) کۆنتر بێت، به‌وه‌ی وشه‌ی (نوێ) بۆ سه‌ده‌ی پانزده‌هه‌می زایینی ده‌گه‌ڕێته‌وه و بۆ جیاکردنه‌وه‌ی ڕابردووی ڕۆمانیی بتپه‌رستی (Pagan) و ئێستای ڕۆمانیی مه‌سیحی به کار هێندراوه، به‌ڵام مۆدێرنیته له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌می زایینی ده‌رکه‌وت له‌گه‌ڵ شاعیری فرانسی (چارل بۆدلێر) (Charles Baudelaire) (1821_ 1867)، له کاتێکدا هه‌ندێکی تر پێیان وایه، که (شاتو بریان) یه‌که‌مجار وشه‌ی (La Modernite)ی له ساڵی (1849) به کار هێناوه و (بۆدلێر) ده ساڵ دواتر ئه‌و وشه‌یه‌ی به کار هێناوه‌ته‌وه، به‌وه‌ی بایه‌خی به ئیستاتیکا داوه. هه‌روه‌ها وشه‌ی مۆدێرنیته به‌رانبه‌ر (Modernus)ی لاتینییه. لەپاڵ ئه‌و چه‌مکانه‌دا چه‌مکی نوێکردنه‌وه (Modernization)یش لای ڕاڤه‌کاران کاری پێ ده‌کرێت، که وه‌ک (ماریۆن لیڤی) پێناسه‌ی ده‌کات، گۆڕانکارییه‌کی پله له دوای پله (تدریجي)یه و داموده‌زگاکانی کۆمه‌ڵگا ده‌گرێته‌وه، چ ماددییه‌کان و چ مه‌عنه‌وییه‌کان، که به شێوه‌یه‌ک به توانای چاکتر ئه‌رکه‌کانیان جێبه‌جێ بکه‌ن، به مه‌به‌ستی تێرکردنی پێویستییه‌کان و به‌دیهێنانی ئامانج و خواسته‌کان. له دیدی ئه‌ودا کۆمه‌ڵگای نوێکراوه (المحدث) ئه‌وه‌یه، که ئه‌ندامه‌کانی سه‌رچاوه‌ی نوێی وزه به کار ده‌هێنن. لێره‌وه‌یه، که چه‌مکی نوێکردنه‌وه بایه‌خ بۆ بیرۆکه‌ی پێشکه‌وتن ده‌گه‌ڕێنێته‌وه له ڕێگای هه‌ردوو چه‌مکی گه‌شه‌پێدان و پێشخستندا، واتا وێناکردنه‌کان (تصورات)ه‌کانی ئێستای (تازه‌گه‌ری) و (نوێکردنه‌وه) هێشتا هه‌ڵگری نموونه‌ی بیرۆکه‌ی مێژووی پێشکه‌وتنن وه‌ک لای (کۆندرسای)ی فه‌یله‌سووفی فرانسیدا ده‌یبینین. ئه‌و بیرۆکه‌یه له بنه‌ڕه‌ته‌وه پشت به توانای چاککردنی سه‌رجه‌می مرۆڤایه‌تی ده‌به‌ستێت، ئه‌ویش له ڕێگای هۆشیارکردنه‌وه، به شارستانیکردن و فێرکردن. هه‌ندێک مێژوونووس بۆ ده‌رخستنی جیاوازیی له‌نێوان سه‌رده‌مه نوێیه‌کان و سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست، که مۆدێرنیته‌ی تێدا له دایک ده‌بێت، ئاماژه به دۆزینه‌وه‌ی کێشوه‌ری ئه‌مریکاش ده‌ده‌ن له ساڵی 1492. ده‌کرێت بوترێت، که مۆدێرنیته له سه‌ره‌تای قۆناغی ڕێنیسانس و قۆناغی ڕۆشنگه‌ریدا ده‌رکه‌وتووه. هه‌رچی (فه‌رهه‌نگی سۆسیۆلۆجیی ئۆکسفۆرد)ه، به‌م شێوه‌یه پێناسه‌ی ده‌کات: (چه‌مکێکه بۆ وه‌سفکردنی قۆناغێک له مێژووی پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به کار ده‌هێندرێت و مێژووه‌که‌ی بۆ نزیکه‌ی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه، که به شۆڕشه‌کانی دیمۆکراتی و پیشه‌سازی ده‌ناسرێته‌وه.
ئه‌گه‌رچی مۆدێرنیته له‌سه‌ر ده‌ستی فه‌یله‌سووفانی وه‌ک (به‌یکۆن) و (لۆک)ی ئینگلیز، (دیکارت)ی فرانسی و (کانت)ی ئه‌ڵمان گه‌شه‌ی کردووه، به‌ڵام راستییه‌که‌ی هه‌ر لای (کانت) و (هیگڵ) بووه‌ته مه‌سه‌له‌یه‌کی فه‌لسه‌فی، که دیدگایه‌کی نوێیه و ته‌عبیر له پرسیارکردن و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی ده‌کات. پرسیارکردن له‌باره‌ی چی شیاوه و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی له ئاستی شتی باودا. ئیتر مۆدێرنیته ڕێبازێکی فیکرییه و له واقیعی کۆمه‌ڵایه‌تی یاخی ده‌بێت. (جان بۆدریار) باوه‌ڕی وایه، که (مۆدێرنیته نه چه‌مکێکی سۆسیۆلۆجییه و نه سیاسییه، هه‌روه‌ها چه‌مکێکی ته‌واو مێژووییش نییه، به‌ڵکو شێوازێکی تایبه‌تی شارستانییه‌ته و به‌ره‌نگاری شێوازی ترادیشن (تقلید) ده‌بێته‌وه، واتا به‌ره‌نگاری سه‌رجه‌م که‌لتووره‌کانی پێشوو و ترادیشنه‌کان ده‌بێته‌وه. مۆدێرنیته له به‌رانبه‌ر هه‌مه‌ڕه‌نگیی جیۆگرافی و سومبۆلیی ئه‌و که‌لتوورانه‌شدا وا خۆی ده‌سه‌پێنێت وه‌ک یه‌که‌یه‌کی هاوچه‌شن بێت، له ڕۆژئاواوه ئاڕاسته بووبێت و به جیهاندا بڵاو بووبێته‌وه. ئه‌و چه‌مکه به گشتی ئاماژه‌یه بۆ پێشکه‌وتنی مێژوویی و گۆڕانی ئه‌ندێشه (ذهنیة).
چه‌مکی مۆدێرنیته هه‌میشه به چه‌مکێکی تره‌وه ده‌لکێت، که ئه‌ویش چه‌مکی عه‌قڵانییه‌ته، چونکه عه‌قڵانییه‌ت زه‌مینه بۆ پێکهاتنی مۆدێرنیته خۆش ده‌کات. به عه‌قڵانیکردنیش له لایه‌ک مانای جیاکردنه‌وه‌ی زانسته له تێڕوانینه‌کانی ئایینی، ئایدۆلۆجی و سیاسی و له لایه‌کی تر لێکۆڵینه‌وه‌ی دیارده‌ی سیاسییه وه‌ک بابه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ، که ئه‌مه له‌گه‌ڵ (ماکیاڤیلی) ده‌ستی پێ کرد و دوو مانای له خۆی گرت، یه‌که‌م: جیاکردنه‌وه‌ی له میتافیزیکای بیرکردنه‌وه له به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری ده‌وڵه‌ت و دووه‌م: جیاکردنه‌وه‌ی له ئایدۆلۆجیای ئایینی، که ئه‌مه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی ده‌وڵه‌تی دیمۆکراتیی عه‌لمانیی نوێ‌دا ده‌رکه‌وت. له لایه‌کی تره‌وه به‌عه‌قڵانیکردن گوتاری مێژووییش ده‌گرێته‌وه، به‌وه‌ی ده‌بێت مێژوو تێڕوانینێکی دینامیکیانه به خۆیه‌وه بگرێت و له‌گه‌ڵ پێوه‌ری پێشکه‌وتندا بگونجێت. له پاڵ ئه‌وه‌دا ده‌بێت ئایینیش به‌عه‌قڵانی بکرێت، که مانای ئه‌وه‌یه تێکستی ئایینی به شێوه‌ی عه‌قڵانی بخوێندرێته‌وه و له‌ژێر ڕۆشنایی عه‌قڵدا هه‌وڵی تێگه‌یشتنی بدرێت، که ئه‌مه‌یان له‌گه‌ڵ (سپینۆزا)وه ده‌ستی پێ کرد، کاتێ ئینجیلی به شێوه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه خوێنده‌وه. دواجار عه‌قڵانییه‌ت چه‌مکی عه‌ده‌مییه‌ت (Nihilism)یش ده‌گرێته‌وه، که مانای وایه هیچ شتێک ڕه‌ها نییه و هه‌موو حه‌قیقه‌تێکی مۆڕاڵی به لاوه ده‌نێت. دان به هه‌یکه‌لیه‌تی به‌هاکاندا نانێت. (نیچه) به دامه‌زرێنه‌ری تیۆری عه‌ده‌مییه‌ت داده‌ندرێت، به‌وه‌ی پێی وایه به‌هاکان هیچ نرخێکیان نییه، مادام حه‌قیقه‌ته‌کان ته‌نیا وه‌همن. له په‌نجاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه هه‌ر کاتێ باس له مۆدێرنیته کرابێت، ئه‌وا چه‌مکی (پۆستمۆدێرنیته)یش خۆی قوت کردووه‌ته‌وه، که ئه‌مه هێنده‌ی دیکه ئیشکالیه‌تی خستووه‌ته ناو چه‌مکی مۆدێرنیته‌وه، به‌وه‌ی چه‌مکی پۆستمۆدێرنیته خۆی له‌و که‌متر هه‌ڵگری کێشه و ئیشکالیه‌ت نییه.
هه‌ندێک پێیان وایه، که ئه‌و تێکسته‌ی (جان فرانسوا لیۆتارد) (1924_ 1998)، که ساڵی (1979) له‌ژێر ناونیشانی (مه‌رجه‌کانی پۆستمۆدێرنیتی)دا بڵاو کرایه‌وه، یه‌که‌مین تێکسته بیرۆکه سه‌ره‌کییه‌کانی پۆستمۆدێرنیته‌ی تێدا خرابنه ڕوو، که سه‌رجه‌میان بریتین له جیاوازی له‌گه‌ڵ مۆدێرنیته‌دا له ڕووی پێشکه‌وتن، ئازادی و ئه‌قڵ. له‌وێدا بڕیار له‌سه‌ر سه‌رنه‌که‌وتنی مۆدێرنیته‌ی ڕۆژئاوا ده‌درێت. وه‌ک ده‌بینین نه مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و دوو چه‌مکه ته‌واو ساغ کراونه‌ته‌وه، به‌وه‌ی هه‌ر لایه‌ک بۆ سه‌رده‌مێکی جیاوازیان ده‌گه‌ڕێننه‌وه و نه مانای ته‌واویشیان به ڕوونی لێک دراوه‌ته‌وه. هه‌ندێک وای ده‌بینن، که سه‌رده‌می مۆدێرنیته هه‌ر به ڕاستی به‌سه‌ر چووه و پۆستمۆدێرنیته خۆی بۆ دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگایه‌کی نوێ ئاماده ده‌کات، که بنه‌ماکانی له‌گه‌ڵ هیی مۆدێرنیته جیاواز بن، به‌ڵام هه‌ندێکی تر باوه‌ڕیان وایه ته‌نیا هه‌ندێک گۆڕانکاری و ڕێککردنه‌وه به‌سه‌ر مۆدێرنیته‌دا هاتوون، که ئه‌و گۆڕانکاری و ڕێککردنه‌وانه چه‌ندیش گه‌وره بن، مانای دابڕان نییه له مۆدێرنیته.
هه‌ر چۆنێ بێت ئه‌و دوو چه‌مکه له‌م په‌نجا شه‌ست ساڵه‌ی دواییدا بوونه‌ته جێگای مشتومڕی زۆر له نووسه‌ر و بیرمه‌ندان، به ڕاده‌یه‌ک که‌م چه‌مکی تر هه‌یه به ئه‌ندازه‌ی ئه‌و دوو چه‌مکه قسه‌ی لێوه کرابێت، ئه‌ویش له لایه‌ک به هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو چه‌مکه هه‌موو بواره‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئابووری، سۆسیۆلۆجی، ئه‌ده‌ب، هونه‌ر و زۆری تر ده‌گرنه‌وه و له لایه‌کی تر هه‌ندێکجار جیاکردنه‌وه‌ی هه‌ردوو چه‌مکه‌که له یه‌کتر ئاسان نییه، به‌وه‌ی پۆستمۆدێرنیته مانای ته‌واوبوونی مۆدێرنیته نییه، به‌ڵکو درێژکراوه‌یه‌تی. له‌سه‌ر ئاستی فه‌لسه‌فییشدا ئه‌و دوو چه‌مکه تێڕوانینی فه‌یله‌سووفانیان به‌سه‌ر دوو لایه‌ندا دابه‌ش کردووه، که (یۆرگن هابرماس) به ته‌نیا له لایه‌ک ده‌وه‌ستێت و پێی وایه (مۆدێرنیته پڕۆژه‌یه‌کی ته‌واونه‌بوو)ه، وه‌ک له کتێبی (دیسکۆرسی فه‌لسه‌فییانه‌ی مۆدێرنیته)دا پێی له‌سه‌ر داده‌گرێت و ده‌یه‌وێت به‌رگری لێ بکات. به مانایه‌کی تر له دژی ناعه‌قڵانییه‌ت به‌رگری له عه‌قڵانییه‌ت ده‌کات. له‌و کتێبه‌یدا (هابرماس) به توندی ڕه‌خنه له (مارتین هایدگه‌ر)، (مێشێل فۆکۆ)، (جیل دۆلۆز)، (جان لیۆتارد) و (دێریدا) ده‌گرێت و پێی وایه ئه‌مانه له ڕه‌شبینی و عه‌ده‌مدا نقوومن. ڕاستییەکەی گوتاری (مۆدێرنیته پڕۆژه‌یه‌کی ته‌واونه‌بووە)ی (هابرماس) یەکەمجار وەک لێکچە (محاضرة)یەک لە سێپتێمبەری ١٩٨٠ پێشکەش کرا، کاتێ لە شاری فرانکفۆرت خەڵاتی (ت. و. ئەدۆرنۆ)ی پێ بەخشرا. دوای ئەوە لە ساڵی ١٩٨١ لەژێر ناونیشانی (مۆدێرنیتە لەبەرانبەر پۆستمۆدێرنتە)دا چاپ کرا. ئەو ناونیشانە دوو ئاڕاستەی دیالێکیتەل (جدلی) لە (هابرماس) دەردەخات، یەکەم بەرپەرچی ئەو مەیلە کۆنەپارێزییە نوێ (Neoconservatism)یە لای کۆمەڵناسی ئەمریکی (دانیال بێل) دەداتەوە، کە لەبارەی کۆمەڵگای پۆستپیشەسازی (Post-industrial) و پۆستمۆدێرنەوە دەدوێت، کە (هابرماس) پێی وایە لە دەستنیشانکردنی کاریگەرییەکانی مۆدێرنیزەی سەرمایەداری (Capitalist modernisation) لە مۆدێرنیزەی کەلتووری (Cultural modernism)دا زیادەڕۆیی دەکات. دووەم، وەڵامی ڕەخنەی (ئاڕاستەی عەقڵانی و پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی) لە دڵی پڕۆژەی ڕۆشنگەری دەداتەوە، کە لە لایەن لایەنگرانی پۆستمۆدێرنیزم (فۆکۆ) و (دێریدا)ەوە ئاڕاستە دەکرێت. وا وەسفیان دەکات (گەنجی کۆنەپارێز) و (ئەنتی مۆدێرنیست)ن، لەگەڵ ئەوەیشدا هەم پشت بە مۆدێرنیزم و هەم بە عەقڵانییەتیش دەبەستن.
به بڕوای (هابرماس) بیرۆکه‌ی پۆستمۆدێرنیته لای (هایدگه‌ر) و (مێشێل فۆکۆ) و ئه‌وانی تر له قاڵبێکی سیاسیی ته‌واو جیاواز، قاڵبێکی ئه‌نارشیستی (فوضوي)دایه، که هه‌ر ئه‌وانه بانگه‌شه‌ی کۆتاییی ڕۆشه‌نگه‌رییش ده‌که‌ن. به‌م شێوه‌یه پێ ده‌خه‌نه ناو پۆستمێژوو (ما بعد_ التاریخ)ه‌وه. به بڕوای (هابرماس) له (نیچه)ه‌وه دوو ئاڕاسته له سه‌ده‌ی بیسته‌هه‌مدا ده‌رده‌که‌ون، یه‌که‌میان خۆی له تیۆری ده‌سته‌ڵاتدا ده‌بینێته‌وه، که به (فۆکۆ) کۆتاییی دێت له ڕێگای (باتای)ه‌وه و ئاڕاسته‌ی دووه‌م له ڕه‌خنه‌گرتن له میتافیزیکادا خۆی نمایش ده‌کات، که هه‌ر یه‌ک له (هایدگه‌ر) و (دێریدا) ڕابه‌رایه‌تیی ده‌که‌ن. ئه‌و دوو ئاڕاسته‌یه له‌وه‌دا ده‌گه‌نه‌وه یه‌ک، که باوه‌ڕیان وایه مۆدێرنیته سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه و به‌سه‌ر چووه. ئێره ته‌نیا خاڵی جه‌وهه‌ریی کێشه‌ی مۆدێرنیته و پۆستمۆدێرنیته نییه، به‌ڵکو سنووری ئه‌و دوو تێڕوانینه‌یشه، که (هابرماس) له هه‌ر یه‌کێک له‌و فه‌یله‌سووفانه‌ی تر جیا ده‌کاته‌وه. ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی بڵێین کاتێ باس له‌م دوو چه‌مکه ده‌که‌ین، ئه‌وا (هابرماس) به‌رده‌وام بوونی هه‌یه، به‌وه‌ی گه‌وره‌ترین به‌شی ژیانی خۆی بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ته‌رخان کردووه. (هابرماس) هه‌ر به‌وه ناوه‌ستێت ڕه‌خنه له‌وانه بگرێت، به‌ڵکو ڕه‌خنه ئاڕاسته‌ی ئه‌ندامانی قوتابخانه‌ی فرانکفۆرتیش ده‌کات، له‌وانه (هۆرکهایمر) و (ئه‌دۆرنۆ)یش، که خۆی یه‌کێک بووه لێیان. (هابرماس) له ڕه‌خنه‌کانیدا به پله‌ی یه‌که‌م پشتی به (ماکس ڤیبه‌ر) قایمه، بۆیه ناکرێت باس له چه‌مکی مۆدێرنیته لای ئه‌و بکه‌ین و به‌سه‌ر (ڤیبه‌ر)دا باز هه‌ڵبده‌ین. ئه‌وه‌ی وایشی لێ ده‌کات به‌رده‌وام بۆ (ڤیبه‌ر) بگه‌ڕێته‌وه، تێگه‌یشتنی (ڤیبه‌ر)ه بۆ چه‌مکی عه‌قڵ، که لای (هابرماس) به ڕه‌گه‌زی گرنگی مۆدێرنیته داده‌ندرێت، یان ده‌توانین بڵێین چه‌مکی ئه‌قڵ لای (ڤیبه‌ر) وه‌ک چه‌مکی مۆدێرنیته وایه لای (هابرماس). به بڕوای (ڤیبه‌ر) عه‌قڵانییه‌ت {چه‌مکێکی مێژووییه و دنیایه‌کی ته‌واوه له شتی دژ به یه‌ک (تناقضات)، پێویسته له‌سه‌رمان له‌و گیانه بگه‌ڕێین، که ئه‌و شێوه فیکره به‌رجه‌سته (ملموس) و ژیانی عه‌قڵانییه‌کانی تێدا له دایک ده‌بێت. (به‌عه‌قڵکردنیش لای ڤیبه‌ر ته‌نیا تایبه‌ت نییه به عه‌قله‌نه‌ی که‌لتووری ڕۆژئاوا، به‌ڵکو پێش هه‌موو شتێک په‌ره‌سه‌ندنی گرووپه مۆدێرنه‌کان ده‌گرێته‌وه). به گشتی (هابرماس) له (ڤێبه‌ر)دا هێزی تێگه‌یشتنی مۆدێرنیته ده‌بینێت، به‌وه‌ی (ڤێبێر) باوه‌ڕی به ده‌ستکه‌وته‌کانی زانست و عه‌قڵانییه‌ته، ئه‌گه‌رچی (ڤێبه‌ر) ترسی هه‌یه له ئه‌نجامی کامڵ‌بوونی ماددیدا بیرۆکراتییه‌ت ته‌شه‌نه بکات، ئه‌نجام مۆدێرنیته ببێته قه‌فه‌زێکی ئاسنین و ئازادیی مرۆڤه‌کانی تێدا به‌ند بکرێت، وه‌ک له کتێبی (ڕه‌وشتی پرۆتستانتی و ڕۆحی سه‌رمایه‌داری)دا ئه‌مه ده‌خاته ڕوو. (هابرماس) ته‌نیا به‌و سه‌ره‌نجامانه‌وه ناوه‌ستێت، که (ڤیبه‌ر) پێیان گه‌یشتووه، به‌ڵکو له پێناوی چه‌سپاندنی تیۆرییه‌که‌ی خۆی په‌نا بۆ (هیگڵ)یش ده‌بات و لایه‌کی دیکه‌ی مۆدێرنیته لای ئه‌و ده‌دۆزێته‌وه، که لایه‌نی گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتنی ئه‌قڵه له مێژوودا. هابرماس ده‌ڵێت: (هیگڵ یه‌که‌مین فه‌یله‌سووفه، که زۆر به ڕوونی گه‌شه‌ی به چه‌مکی مۆدێرنیته داوه، بۆیه ده‌بێت بۆی بگه‌ڕێینه‌وه، به‌و مه‌به‌سته‌ی له مانای پێوه‌ندیی مۆدێرنیته و عه‌قڵانییه‌ت تێبگه‌ین، ئه‌و مانایه‌ی هه‌تا ماکس ڤیبه‌ریش هیچ ئیشکالیه‌تێکی نییه و ئه‌مڕۆ بووه‌ته جێگای پرسیار). مه‌به‌ستی (هابرماس) ئه‌وه‌یه، که ئه‌مڕۆ ئه‌م چه‌مکه لای ئه‌وانه بووه‌ته جێگای پرسیار، که بانگه‌شه‌ی پۆستمۆدێرنیته ده‌که‌ن، چونکه هه‌ر دوای ئه‌وه ده‌نووسێت: (پێویسته چاو به چه‌مکی هیگڵیانه‌ی مۆدێرنیته‌دا بخشێنینه‌وه، تاکو مه‌ودای ڕه‌وایه‌تیی ئه‌وانه ببینین، که ڕاڤه‌کانی خۆیان له‌ژێر پێشه‌کییه‌کانی تردا داده‌نێن). وه‌ک ده‌بینین هه‌وڵ ده‌دات بنه‌ماکانی مۆدێرنیته لای (هیگڵ) بدۆزێته‌وه له ڕێگای تێگه‌یشتن له‌وه‌ی، که ئه‌و چه‌مکه لای (هیگڵ) چ مانایه‌کی هه‌یه. له‌م ڕووه‌وه ده‌ڵێت: {هیگڵ له کۆنتێکست (سیاق)ێکی مێژوویی‌دا به به‌کارهێنانی چه‌مکی مۆدێرنیته ده‌ست پێ ده‌کات، تاکو ئاماژه به (سه‌رده‌مه نوێیه‌کان) بدات، که له ده‌وروبه‌ری ساڵی 1800 هاوواتای (Modern Times)ی ئینگلیزی و (Temps Moderne)ی فڕانسی بووه و ئاماژه‌یه بۆ سێ سه‌ده‌ی پێشوو: دۆزینه‌وه‌ی دنیای نوێ، ڕێنیسانس و ڕیفۆرم. ئه‌و سێ ڕووداوه گرنگه هیی ده‌وروبه‌ری 1500ن، ده‌روازه‌یه‌کی مێژوویی له‌نێوان سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست و سه‌رده‌مه نوێیه‌کاندا پێک ده‌هێنن. هه‌روه‌ها پێی وایه، که زاراوه‌ی (گیانی سه‌رده‌م) (Zeitgeist) یه‌کێکه له‌و ده‌ربڕینه نوێیانه‌ی (هیگڵ) حه‌زی لێ ده‌کات و بۆ ده‌می ئێستای به کار ده‌هێنێت، به‌و مانایه‌ی زه‌مه‌نێکی تێپه‌ڕه له هۆشیاریی خێراکه‌ر و له چاوه‌ڕوانیی داهاتوویه‌کی جیاوازدا). هابرماس به مه‌به‌ستی ڕزگارکردنی فیکر له خودگه‌رایی (الذاتیة) و پێکهێنانی پێوه‌ندیی نێوان که‌لتوور و زمانه‌کاندا، دواجار به ئامانجی به‌رده‌وامبوونی مۆدێرنیته، پێ له‌سه‌ر تیۆری کرداری گه‌یاندن (The Theory of Communicative Action) داده‌گرێت، که ڕێگایه‌که بۆ کارلێکی نێوان خوده‌کان له ڕێگای زمان و دیاڵۆگه‌وه. به مانایه‌کی تر جه‌ختکردنه‌وه له‌سه‌ر عه‌قڵی گه‌یاندن (العقل التواصلي) له جیاتی ئه‌قڵی ئامڕازی (العقل الأداتي)، که ئه‌مه‌یان گوێ به مرۆڤ و سرووشت نادات، بگره ده‌یه‌وێت بیانکاته بابه‌ت بۆ ئه‌زموون و سه‌رئه‌نجامه‌کانی زانست. به مانایه‌کی تر ڕزگارکردنی پێوه‌ندیی مرۆڤایه‌تی له غور‌به‌ت و به‌شتبووندا لای (هابرماس) به تیۆری کرداری گه‌یاندنه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه.
به هه‌رحاڵ جه‌نگی فیکریی نێوان هه‌ردوو ڕه‌وتی مۆدێرنیته و پۆستمۆدێرنیته به‌رده‌وامه. (هێنری لۆفێڤر Henry Lofevre) له‌باره‌ی مۆدێرنیته‌وه ده‌ڵێت: (هێشتا هه‌موو ئه‌نجامه‌کانی نه‌خراونه‌ته ڕوو. مۆدێرنیته به‌رده‌وامه و له قووڵبوونه‌وه و بڵاوبوونه‌وه‌دایه. زۆر ڕه‌گه‌زی دیکه ده‌یانه‌وێت بێنه ناویه‌وه و گۆڕانکاریی تێدا بکه‌ن. دواجار قۆناغێکی تری له‌گه‌ڵ سه‌ده‌ی بیستویه‌که‌مدا ده‌ست پێ ده‌کات).
د. نادیە کاکەسوور
————————-
سەرچاوەکان:
محمد نور ا‌لدین أفایة، الحداثة والتواصل في الفلسفة النقدیة المعاصرة، بیروت، 1998، ص107.
فرانک کایم، الحداثة وما بعد الحداثة، ترجمة: أحمد محمد حسن، مجلة فن المعاصر، العدد الثالث، القاهرة، ص252_254).
أندریة لالاند، موسوعة لالاندا الفلسفیة، ت: خلیل أحمد خلیل، منشورات عویدات، بیروت_ باریس، ط2، 2001، ص822).
إحسان محمد الحسن، موسوعة علم الإجتماع، بيروت : الدار العربية للموسوعات، 1999، ص151.
عبدالوهاب المسیري واخرون، الحداثة وما بعد الحداثة، ط1، دار الفکر المعاصر، بیروت، 2003، ص214.
فارح مسرحي، الحداثة في فکر محمد أرکون،ط1، دار العربیة للعلوم، منشورات الإختلاف، الجزائر، 2007، ص26.
أبو النور حمدي واخرون، یورجین هابرماس، الأخلاق والتواصل، دار التنویر، بیروت، 2009، ص72.
(John Scott and Gordon Marshall, Oxford, Dictionary of Sociology, page 484)
أبو النور حمدي واخرون، ص73.
فارح مسرحي، سه‌رچاوه‌ی پیشوو ، ص20.
هه‌مان سه‌رچاوه، ص40_42.
هه‌مان سه‌رچاوه ص24.
هه‌مان سه‌رچاوه، ص25.
هابرماس، القول الفلسفي للحداثة، ت: فاطمة الجیوشي، دمشق، 1995، ص5.
Peter Brooker modernism/postmodernism, Longman Group UK Limited 1992, p.125
هه‌مان سه‌رچاوه، ص11.
(گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هابرماسدا. ئێنه‌رنێت).
ماکس ڤیبر، الأخلاق البروتستانتیة وروح الرأسمالیة، ت: محمد علي مقلد، مرکز الأنماء القومي، بیروت41_42).
هابرماس، سه‌رچاوه‌ی پیشوو،ص8.
ماکس ڤیبر، هه‌مان سه‌رچاوه،
هابرماس، سه‌رچاوه‌ی پیشوو، ص12.
هه‌مان سه‌رچاوه و هه‌مان لاپه‌ڕه.
هه‌مان سه‌رچاوه، ص12.
هه‌مان سه‌رچاوه و هه‌مان لاپه‌ڕه.
هنري لوفیفر، ما الحداثة، ت: کاظم جهاد، دار ابن رشد للطباعة والنشر، بیروت، 1983، ص29.