Skip to Content

Thursday, May 2nd, 2024
نیگایەک لە فەیسبووکەشیعر و چەند سەرنجێک

نیگایەک لە فەیسبووکەشیعر و چەند سەرنجێک

Closed

 

 


دەستەواژەی فەیسبووکەشیعر..نیگایەک

فەیسبووکە شیعر جیا و لەدەرەوەی ئەو ناوانەی تری جیهانی شیعری کوردیی لەچەشنی کۆپڵەشیعر یان مۆبایلەشیعر یان پۆستەرەشیعر یان شیعری زۆر کورت(دێرە شیعر)، بەبێدەنگی و هێمنێ خۆی سەپاندۆتە سەر واقیعی شیعری کوردی. پۆستەرە شیعر ئەگەر بۆ بارودۆخ و هەلومەرجی ساڵانی دوای نوشوستی بزووتنەوەی چەکداری کورد بگەڕێتەوە و شێرکۆ بێکەس وەک دەست پێشکەرییەک لەنووسینی ئەم پۆستەرانە و بەتایبەتی لە کۆشیعری “کازیوە”دا هەنگاوی بۆ هەڵگرت، ئەوا مۆبایلەشیعر وەک دەرئەنجامی بارودۆخی گەشەی مۆبایل لەدوای ڕاپەڕین هاتە بوون. هەرچی شیعرە زۆر کورت و دێرە شیعرەکانیشە وەک ڕێڕەوێک لەنووسینی شیعر بەتایبەتی وەک ستایلی عەباس عەبدوڵا یوسف و هاوڕێکانی خۆی خزاندۆتە نێو دونیای شیعری کوردییەوە. پۆستەرەشیعر و مۆبایلەشیعر و دێرە شیعر هەریەکە خاوەن تایبەتمەندی خۆیانن و من مەبەستم نییە لەم کورتە نووسینەم ئاوڕیان لێ بدەمەوە. ئەوەی زیاتر مەبەستی ئەم کورتە نووسینەیە فەیسبووکە شیعرە کە من ئەم  ناوەم بۆ یەکەمجار لەڕێگەی ئیمەیڵێکەوە لە برای شاعیر کاک سەلام محەمەدی شاعیرەوە بیست. وەختێ لەسەروبەندی ئامادەکردنی ئەو کتێبە بووم لەسەر کاک سەلام محەمەد کە کۆمەڵێ وتارو  چاوپێکەوتن و نووسین دەگرێتە خۆی لەسەر ئەزموونی ئەو بەرێزە . وەختێ شیعرەکانی خۆی بۆ ناردم چەپکێ کورتە شیعریان تیادابوو بەناوی فەیسبووکەشیعر. منیش پرسیارم لێکرد ئەم ناوەت لەکوێوە هێنا و  لەکێت بیستووە؟ وتی پێشتر نەمبیستووە و خۆم ئەم ناوەم داناوە. کەوابوو دەستەواژەی فەیسبووکەشیعر کاک سەلام محەمەدی شاعیر دایهێناوە. منیش لەم ماوانە کەوتمە گەڕان و سۆراخی ئەو شیعرانەی لەفەیسبووک بڵاو کراونەتەوە و بۆم دەرکەوت کە فەیسبووکەشیعر جۆرێکە لەشیعر و بوونی خۆی سەپاندووە و کاتی ئەوەش هاتووە ئاوڕی لێبدرێتەوە.

 

فەیسبووکەشیعر چییە؟

فەیسبووکەشیعریش وەک لەناوەکەیەوە دیارە لەدایکبووی سەردەمی گەشەی تەکنەلۆژیا و تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکە کەئەمڕۆ ملیۆنان کەس لەسەرانسەری جیهان بەکاری دەهێنن. فەیسبووک بەو پێیەی کەڕێگەیەکی ئاسانە بۆ پەیوەندی گرتن بەکەسانی ترەوە لەسەرتاسەری دونیادا ، بڵاوکردنەوەی بەرهەم و نووسینیشی بەو ڕادەیە ئاسان کردۆتەوە. مرۆڤ دەتوانێت لەماوەی چەند چرکەیەک هەر دەقێکی خۆی بیەوێت بگەێنێتە بەر دیدەی هەزاران کەس. جا لەبەر ئەوەی گوزەرکردن بە ناو ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە گوزەرکردنێکی خێرایە، بۆیە مەسەلەی کات گرنگی پەیدا دەکات و ئەوانەی خەریکی بڵاوکردنەوەی بەرهەمی ئەدەبین هەوڵ ئەدەن بەرهەمەکانیان کورت بن. 

فەیسبووکەشیعر بەو شیعرە کورت و مانادارانە دەوترێت کە مرۆڤ لەساتە وەختێکدا بەدەربڕینێکی ناسک و شاعیرانە لەفەیسبووکەکەی یان پەیجەکەی خۆی دایدەنێت کەهەندێکجار ناوی شیعری لێدەنێت و هەندێکجاری تریش ڕەنگە ناوی شیعری لێ نەنێت. دیارە ئەم شێوەیە ئەو کۆپڵە شیعرانە ناگرێتەوە کەبەشێکن لە شیعرێکی درێژتر یان کۆپڵەیەکن لەقەسیدەیەک. بەڵکو ئەو ساتە هەناسانە دەگرێتەوە کە شیعر ئەدات لەشەقەی باڵ و بۆ خۆی ئەفڕێ.

 

تایبەتمەندییەکانی فەیسبووکە شیعر چین؟

 فەیسبووکەشیعر وەک مۆبایلەشیعر تا ئەندازەیەک کورتە، بەڵام کورتی و درێژییەکەشی مەرجدار نییە. ڕەنگە دوو دێر بێت و لەوانەشە دە دێر بێت. هەرچەندە فەیسبووکەشیعر وەک مۆبایلەشیعر و دێرە شیعر کورتە و بێ مەرج و بێ هیچ بنەمایەکی تایبەتی دەنووسرێت، کەچی لەئەدەبی کوردیدا شێوازگەلێکی شیعری تر هەن کە کورتن بەڵام مەرجدارن وەک فۆرمی تاک و چوارینە. فەیسبووکەشیعر بەپێچەوانەی شێوازەکانی تری شیعر کە مەرجدارن بۆ نموونە لەشیعری ئینگلیزیدا وەک هایکۆ (کە لە بنچینەدا داهێنانێکی یابانییە)کە سێ دێرە و تانکا کە پێنج دێرە و دایەمۆنت حەوت دێرە لیمیریک پێنج دێرە و سینکوەین پێنج دێرە و سۆناتا چواردە دێرە، هیچ ئاماژەیەک لەئارادا نییە بۆ ژمارەی دێر و بڕگەکانی. هەرچەندە ئەم شێوازانەی شیعری ئینگلیزی جگە لە هایکۆ (ئەویش بەبێ ڕەچاوکردنی بنەمای دێر و بڕگە)لەشیعری کوردیدا هەست بەبوونیان ناکرێت. بەڵام بەگشتی کورت بوون یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی فەیسبووکەشیعر چونکە شاعیر هەوڵئەدات ئەوەی مەبەستییەتی ئەیەوێ زۆر بەکورتی دەری ببڕێ و ئەزانێت ئەوانەی سەردانی پەیجەکەی ئەکەن کاتیان کەمە و فریای خوێندنەوەی شیعری درێژ ناکەون. لەفەیسبووکەشیعردا جار هەیە بایەخ بە شێوە دەدرێت و وبەڵام بەزۆری شێوە و مۆسیقای شیعر ئەو بایەخەی نییە و ئەوەی شاعیر مەبەستییەتی دەربڕینی ئەو هەستەیە کە ئەو ساتە تەنگی پێهەڵچنیوە و وەک هەورێک سێبەری خستۆتە سەر شاعیر.

تایبەتمەندییەکی تری فەیسبووکەشیعر ئەوەیە کە زۆرجار ئەو فەیسبووکەشیعرە لەگەڵ وێنەیەک کە ڕێک بێتەوە لەگەڵ مەبەستی شاعیر دائەنرێت و  ئەمەش هەم لەڕووی دەرکەوتنەوە جوانە و هەمیش ئاسانکارییەکە بۆ سەرنجڕاکێش و حاڵیبوون لە مەبەست. فەیسبووکەشیعر هەندێکجار ناوونیشانی هەیە و هەندێکجار بێ ناوونیشانە. ڕەنگە بەگەڕان بەنێو تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بە سەدەها فەیسبووکەشیعر ببینین بەڵام من لێرەدا چەند نموونەیەک دێنمەوە کە دەستم پێڕاگەیشتوون و ڕەنگە زۆر شاعیری تر هەبن لەم فەیسبووکەشیعرانە جوانتریش بنووسن و من نەمبینیبن یان نەمتوانیبێت فریای هەموویان بکەوم.بەڵام مشتی نموونەی خەرمانێکە و ئەوانەی لێرەش دەیخەمە بەر دیدە شایانی ئاوڕدانەوە و بایەخی زیاترن.

 

                               چەند نموونەیەک لەفەیسبووکەشیعر

سابیر سدیقی شاعیر لەپەیجی خۆی لەفەیسبووک دەنووسێت :

وتی :

کەخۆر هەڵهات دێم بۆ لات

نەئەو هات و 

نەخۆر هەڵهات

 

لەتیف هەڵمەتی شاعیریش لە فەیسبووکەکەی دەنووسێت :

کەدایکم مرد

لەڕێگای گۆڕستان

منداڵیم بزر کرد…..!

لەم دوو نموونەیەی سەرەوە هەریەک لە سابیر سدیق و لەتیف هەڵمەت بایەخیان بەشێوە داوە و هەوڵیان داوە لەو ‌هێلە لانەدەن کە پێی دەڵێن شیعر. بەڵام لەدوو نموونەی دوایی ئەحمەدی مەلا وئارسەر ئاری سەرهەنگ ئەو بایەخە بە شێوە نادەن.لەبری ئەوە نووسەر مەبەستەکەی بۆ گرنگە کە لە شێوەیەکی هونەری دایبڕیژێت.

 

ئەحمەد مەلا لەپەیجەکەی خۆی ئەم فەیسبووکە شیعرە دەخاتە بەر دیدە :

          کتێبێکی هەزار لاپەڕەم بە

ڕووناکی کڕی

لەنێو تاریکی خوێندمەوە

 

ئارسەر ئاری سەرهەنگ لەپەیجەکەی خۆی دەنووسێت :

دڵم

وەک باران

تنۆک تنۆک

بۆ

 یادەکانت دەگری

 

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)یش لە پەیجەکەی خۆی دەنووسێت :

 

      تەڕەشوع

چەند دڵۆپە ئەوینێکی ڕەنگاوڕەنگم بەبنمیچی

ژوورەکەی دڵمەوە بینی

سەرەتا پێموابوو پەلکەزێڕینەیە و دائەبارێ

دوایی ڕوانیم لەسەرێ ڕا هەتا خوارێ

دڵ تەڕەشوعی کردووە و 

عەشقی تۆی پیا دێتە خوارێ!

 

سەلام محەمەدی شاعیریش لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک دەڵێت :

 

دارهەنار

ساڵەهایەکە شۆڕەژنێکم خۆشدەوێ

هەرگیز بە چاو نەمدیوە تەنیا بە دڵ دەیناسم

ساڵەهایەکە هەمیشە

ماچی مزری بۆ کۆدەکەمەوە

تا ئەم ئێوارەیە لە ئاوێنەدا تەماشای خۆم کرد

بینیم بوومەتە دار هەنار

لەم دوو نموونەیەی عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) و سەلام محەمەدی شاعیر فەیسبووکەشیعر ناوونیشانی هەیە، بەڵام زۆربەی  فەیسبووکەشیعرەکانیتر  ناوونیشانیان نییە و بێ هیچ تایتڵێک بڵاو کراونەتەوە.

 

ناسک حوسێنیش لەپەیجەکەی خۆی دەنووسێت :

جگەرە ئەکێشم بەئاشکرا

مەی ئەنۆشم بەئاشکرا

تۆ لەناو دڵا ئەشارمەوە

چەن ترسناکە عەشق!

 

عەبدولموتەلیب عەبدوڵاش ئەم فەیسبووکە شیعرە لەگەڵ وێنەی ئەحلام مەنسور دادەنێت و لە مەرگی ئەو خانمە نووسەرە دەنووسێت :

ئاسمان شپرزەیە

باران بەپەتێ

شۆڕ دەکاتەوە

کەس نییە

ئەحلام نەبێ

 

کەژاڵ ئەحمەدیش لەپەیجەکەی خۆی دەنووسێت :

چه‌ند عاشقم…

هه‌ر ئه‌ڵێى پرچى کچێکم

که‌ ته‌ڕوبڕ، هه‌میشه‌ ئاوى لێ بتکێ و

هه‌رگیز وشک نه‌بێته‌وه‌.

 

 

بەڕێز تاسانیش لەپەیجەکەی خۆی دەنووسێت :

پێکەنینم باڵی گرت و 

فڕکەی کرد بۆ ئاسمان

کەسێ گەواهی نەدا

ڕۆندکم 

نەبێ

 

تەلعەت تاهیری شاعیریش لە پەیجەکەی خۆی لە فەیسبووک دەنووسێت :

تۆم هەبێ

دنیا جوان دەکەم

پڵنگەکان لەبەتانی منداڵەکان دەردەکەم و 

پڕی دەکەم لەجوجکەی خرپن


غەمگین بۆڵیش لەپەیجی فەیسبووکەکەیدا دەنووسێت :

من گەندەڵـم

من دانی پیا دەنێم،

 من دادپەروەر نیمە!

وەک یەک مەمکەکانت نامژم

هەمیشە زیاتر حەزم لە مەمکی چەپتە!

من دادپەروەر نیمە

من دانی پیا دەنێم :

(وەک وڵاتەکەم گەندەڵـم!)

 

زانا سامانی شاعیریش لەپەیجەکەی خۆی دەنووسێت : 

له‌ دڵی مندا

ته‌قینه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ ڕوویدا

تێیدا چه‌ندین قوربانی لێکه‌وته‌وه‌

وه‌ک کوشتنی عه‌زاب و

تیرۆرکردنی ته‌نیایی و

کوشتنی خۆخواردنه‌وه‌

له‌ مندا

بوومه‌له‌رزه‌یه‌کی به‌هێز به‌ ڕێخته‌ری عیشق

ڕۆحمی هه‌ژاند

زه‌ره‌ره‌کان دیاری نه‌کراون

به‌ڵام پێده‌چێت

خۆشه‌ویستی پشکی خۆی به‌رکه‌وتبێت

 

فەیسبووکەشیعر وەک جۆرێکی نوێ لەشیعر کە دەرئەنجامی بارۆدۆخی ئەمڕۆی گەشەی تەکنەلۆژیا و تۆڕی کۆمەڵایەتییەکانە بەتایبەتی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسووک، خەریکە پانتاییەک لەشیعری کوردی داگیر دەکات. ئەم جۆرە لە شیعر کە کورت و مانادار بەفۆرمی گونجاو و هەندێکجار وێنەدارە و ڕەنگە ناوونیشانی هەبێت،هاوتا و ڕێک دێتەوە لەگەڵ ئەم تێکچڕژان و یەکانگیربوونە سەراسەرییەی ژیان کە کات تیایدا بۆتە سەروەری گشت شتەکان. فەیسبووکەشیعر ڕەنگە لەداهاتوویەکی دوور یان نزیک جێگە بەهەندێ شێوازی باوی شیعر لێژ بکات و جێ پێی خۆی لە سەر بزووتنەوەیەک قایم بکات کە لە باباتاهیری عوریانەوە درێژ بۆتەوە تا ئەمڕۆ.

 

تێبینی : ئەم نموونانەی لەم کورتە وتارەدا هاتوون لەپەیجی کۆمەڵایەتی فەیسبووکی ئەو بەڕێزانەوە وەرگیراون. 

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

کەنەدا ٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.