
ماڕکس چی ووت؟
ئه‌گه‌ر یه‌ک فه‌یله‌سوف له مێژوودا هه‌بێ که بینین‌و ئایدیاکانی به‌قووڵی‌و به‌خێرایه‌کی سه‌رسوڕهێنه‌ر‌و پێوانه‌یی، کاریگه‌ری له‌سه‌ر مرۆڤایه‌تی دانابێ، ئه‌وا کارڵ مارکسه. من ته‌مه‌نم زۆر بچووک بوو کاتێ ناوی کاڕڵ مارکسم بیست. من له سه‌رده‌مێکدا ناوی کاڕڵ مارکسم بیست که نیوه‌ی مرۆڤه‌کانی سه‌رزه‌وی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتێکدا ده‌ژیان که شه‌رعیه‌تی له کۆمه‌ڵێک ئایدیا‌و بیرۆکه وه‌رده‌گرت، که ته‌نها نزیکه‌ی سه‌دده‌یه‌ک بوو له‌لایه‌ن کاڕل مارکس داهێنرابوون. که منداڵ بووم نه‌مده‌زانی ئایدیاکان ئاکامی مه‌زنیان له‌سه‌ر تاک‌و کۆمه‌ڵ هه‌یه. زۆری خایاند تا تێگه‌یشتم که هه‌لسوکه‌وتی مرۆڤ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و بیرۆکه‌و ئایدیانه‌یه که له عه‌قلیدا هه‌ڵیگرتوون. ئه‌مڕۆ که ئاوڕ له مێژوو ده‌ده‌مه‌وه به‌ڕۆشنی ده‌بینم که ئه‌گه‌ر بیرۆکه‌و ئایدیاکان ئاکامی قووڵ‌و مه‌زنیان له‌سه‌ر واقیع‌و مێژوو هه‌بێ، ئه‌وا ئایدیاکانی مارکس نموونه‌یه‌کی زه‌قن بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه.
مارکس‌و تیۆری مه‌تریالیزمی دیاله‌کتیک
مارکس بۆ یه‌که‌مینجار له زانکۆ له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی فریدریک هیگڵ (که یه‌کێک بوو له فه‌یله‌سوفه به‌ناوبانگه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌م) ئاشنا ده‌بێ. سه‌ره‌تا فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵ کاریگه‌رییه‌کی قووڵ له‌سه‌ر ماڕکسی گه‌نج داده‌نێ‌و بۆیه‌ش هه‌زوو مارکس ده‌بێته یه‌کێک له لایه‌نگرو هه‌ڵگرانی فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵ. به‌ڵام زۆری پێناچێ مارکس له فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵ هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌و ڕه‌خنه‌ی تووند له تیۆری “مه‌تریالیزمی ئایدیالی” هیگل (که ده‌ڵێ مێژوو به پڕۆسێسێکی دیاله‌کتیکی (جه‌ده‌لی) ده‌جوولێ‌و به‌ره‌وپێش ده‌چێ) ده‌گرێ‌و تیۆرێکی تایبه‌ت به‌خۆی داده‌نێ به‌ناوی مه‌تریالیزمی دیاله‌کتیک (Dialectical Materlisim). مارکس له‌م تیۆره‌دا ده‌ڵێ: ڕاسته مێژوو له‌ڕێگه‌ی کێشمه‌کێش ده‌جوولێ‌و به‌ره‌وپێش ده‌ڕوا، وه‌ک هیگڵ باسی ده‌کا، به‌ڵام ئه‌م کێشمه‌کێشه له‌نێوان ئایدیا رووحانییه‌کان یاخود کۆنسێپته (مه‌فهومه) لۆژیکه‌کان نییه، وه‌ک هیگڵ بۆی چووه، به‌ڵکو له‌ڕێگه‌ی ململانێی دیاریده‌و پاڵنه‌ری هه‌ستپێکراوو کۆنکریته که گرنگی ماددیان هه‌یه، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ستن به سیسته‌مه ئابوورییه‌کان. مارکس ووتی ئه‌وه‌ی ڕۆڵی هه‌یه له سازبوونی کۆمه‌ڵگه‌و کلتووره‌کانی جیهان شتێکه که ناوی نا “کێشمه‌کێشی چینه‌کان”. مارکس کاتێک سه‌یری مێژووی مرۆڤایه‌تی کرد بینی که کۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تی به قۆناغی کاتی تێپه‌ڕیون له سیسته‌می فیئودالی له سه‌دده ناوه‌ڕاسته‌کان بۆ ئابووری کشتوکاڵی له‌وێشه‌وه بۆ شۆرشی پیشه‌سازی. که ئه‌مه‌ش له بینینی مارکس بۆته هۆی سازکردنی قه‌یرانێکی قووڵ له رووحی مرۆڤایه‌تیدا.
مارکس‌و کاری مرۆڤ
ئه‌مڕۆ له زانستی بایلۆژی‌و مێژووی مرۆڤدا باسی ئه‌وه ده‌کرێ که مرۆڤی ئێستا ئاکامی گه‌شه‌ی مرۆڤی هه‌زران ساڵی پێش ئێستایه که له کتێبه زانستییه‌کاندا به‌ناوی “هۆمۆ ساپیان” (Homo Sapiens) ناسراوه که به کوردی واتا “مرۆڤی عاقل”. زانستی ئه‌مڕۆ ده‌ڵێ مرۆڤ یه‌ک جیاوازی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه له‌گه‌ڵ گیانداره‌کانی‌تر ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که مرۆڤ گیاندارێکه توانای دیقه‌تدان‌و بیرکردنه‌وه‌ی له وجودی خۆی هه‌یه. به‌ڵام مارکس کاتێ سه‌یری مێژووی مرۆڤایه‌تی کرد ئه‌وا له‌ژێر رۆشنایی تێگه‌یشتنی خۆی بۆ مێژوو به‌وه گه‌یشت که قووڵایی هه‌ر تاکێکی مرۆڤ وه‌ستاوه له‌سه‌ر کاره‌که‌ی. بۆیه‌ش مارکس تیۆری “هۆمۆ ساپیان”ی ڕه‌تکرده‌وه. مارکس ده‌گمه‌نی مرۆڤی به به‌راوورد له‌گه‌ڵ گیانداره‌کانی‌تر، چڕ کرده‌وه له ده‌سته‌واژه‌ی “هۆمۆ فێیبر” (Homo Faber). مارکس مه‌به‌ستی له ده‌سته‌واژه‌ی “هۆمۆ فێیبر” له مرۆڤی دروستکه‌ر ئاخود مرۆڤی کرێکار بوو. به‌کورتی مارکس له‌پشت ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه ده‌یویست بڵێ که ئه‌وه‌ی بوونی مرۆڤایه‌تیمان پێناسه‌و دیاریده‌کا له بنچینه‌دا گرێدراوه به کاری مرۆڤ خۆی.
مارکس‌و شۆرشی کرێکاری
هیگڵ پێیوابوو مێژوو سه‌رچاوه ده‌گرێ له پڕۆسێسێکی دیاله‌کتیکی (جه‌ده‌لی) که به‌پێی ئه‌وه میژوو ده‌جوولێ له رێگه‌ی چه‌ند یاسای نه‌بینراو بۆ ئاراسته‌یه‌کی دیاریکراو. به‌ڵام مارکس به‌و ئه‌نجامه گه‌یشت که ئه‌گه‌ر ئێمه هه‌ر ئه‌مڕۆ بزانین که کۆمه‌لگه‌ی مرۆڤایه‌تی له‌و شوێنه نییه که ده‌بوایه لێیبوایه‌و له‌هه‌مان کاتیش‌دا ئه‌و کۆمه‌ڵگا باشتره‌ش بتوانین وێنا بکه‌ین، ئه‌وا نابێ بوه‌ستین له‌سه‌ر ئه‌و یاسا نه‌بینراوانه‌ی که هیگڵ باسیان ده‌کا، به‌جۆرێک که ره‌نگه ڕۆژێک بمانگه‌ینێته ئه‌و کۆمه‌ڵگا باشتره، به‌ڵکو ده‌بێ هه‌ر ئێستا خه‌بات بکه‌ین بۆ گۆڕینی ستراکتۆری کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌جوود. به‌ڵام چۆن کۆمه‌ڵگه‌ی ئێستا بگۆرین؟ مارکس ووتی ده‌بێ له‌رێگه‌ی شۆرش‌و تووندوتیژی بیگۆڕین. لێره‌وه‌بوو مارکس گه‌یشت به فیکره‌ی شۆڕشی کرێکاران بۆ گۆڕینی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری‌و باشترکردنی باروودۆخی ئابووری مرۆڤه‌کان. مارکس ئه‌رکی ئه‌نجامدانی ئه‌م شۆرشه‌شی خسته ئه‌ستۆی چینی کرێکاران. لێره‌بوو که دروشمی “کرێکارانی جیهان یه‌کگرن”ی به‌رزکردوه.
مارکس‌و سیسته‌می ئابووری سه‌رمایه‌داری
مارکس ووتی به هاتنی ئابووری‌و سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ئه‌وا مرۆڤ دابڕا له به‌رهه‌می کاره‌که‌ی خۆی. چۆن؟ مارکس ووتی له ئابووری کشتوکاڵیدا جووتیار به‌رهه‌مه‌که‌ی به‌شی ده‌کردو ئیکتفای زاتی هه‌بوو. له هه‌مان کاتدا جووتیار خاوه‌نی ئامێره تایبه‌ته‌کانی خۆی بوو. به‌ڵام له هه‌مووی گرنگتر جووتیار خۆی سوودی له به‌رهه‌مه‌که‌ی خۆی وه‌رده‌گرت. کاتێک ئه‌م جۆره سیسته‌مه له به‌رهه‌مهێنان گۆرا بۆ به‌رهه‌مهێنانی پیشه‌سازی ئه‌وا خه‌ڵک له‌بڕی کاریان کرێ وه‌رده‌گرن. له هه‌مان کاتدا هاوبه‌ش نین له مولکیه‌تی کارگه یاخود کۆمپانییه‌کانی که کاری تێدا ده‌که‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی کارده‌که‌ن چیتر وه‌ک خاوه‌نی به‌رهه‌می خۆیان نه‌مانه‌وه. بۆیه‌ش مارکس ئه‌م سیسته‌مه نوێیه‌ی وه‌ک سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی کۆیله‌تی له قه‌له‌مدا. مارکس مه‌به‌ستی له سه‌رهه‌لدانه‌وه‌ی کۆیله‌تی له کۆیله‌تی کرێکاران بوو له‌لایه‌ن خاوه‌نکاره‌کان، به‌جۆرێک خاوه‌ن کاره‌کان به‌رامبه‌ر کرێیه‌کی که‌م گشت به‌رهه‌می کاری کرێکار بۆ خۆیان ده‌به‌ن. به‌مه‌ش کرێکاران وه‌ک کۆیله‌کانی سه‌رده‌مه‌کانی پێشوو بێبه‌ش ده‌کرێن له به‌رهه‌می کاره‌کانیان.
مارکس‌و به‌ها (القيمة)
مارکس ڕه‌خنه‌یه‌کی تووندی گرت له بینینی سه‌رمایه‌داری بۆ مه‌فهومی به‌ها (Value) (القيمة). له سیسته‌می ئابووری سه‌رمایه‌داریدا یاسای عه‌رزو ته‌ڵه‌ب یه‌کێکه له یاسا بنچینه‌ییه‌کانی بازار. به‌هاو نرخی هه‌ر کاڵایه‌ک له بازاڕدا له‌سه‌ر زۆری یان که‌می ئه‌م کاڵایه وه‌ستاوه. بۆیه‌ش نرخ‌و کرێی ئه‌و که‌سانه‌ی که له کارگه‌و ده‌زگاکانی کۆمه‌ڵگه کارده‌که‌ن ده‌وه‌ستێته سه‌ر به‌هره‌و زانیاری‌و توانای داهێنانی که‌سه‌کان. به‌مه‌ش نرخ‌و توانای ململانێ توێژی کرێکاری خاوه‌ن به‌هره‌و زانیاری (وه‌ک ئه‌ندازیاران، به‌ڕێوبه‌ره‌کان، ژمێریاره‌کان ….هتد) زیاتره له هی کرێکاری ئاسایی. ڕاسته کرێکاره خاوه‌ن به‌هره‌کان، به‌ده‌ستی خۆیان کالاکان دروست ناکه‌ن، به‌ڵام خاوه‌ن زانیارین‌و توانای داهێنان‌و به‌ڕێوه‌بردنی پڕۆژه‌و کارگه‌کانیان هه‌یه، بۆیه‌ش به‌گوێره‌ی بازاڕی کاری سه‌رمایه‌داری کرێ‌و به‌هاو توانای ململانییان زیاتره له کرێکاری ئاسایی (غه‌یره ماهر). ئه‌مه یاسای سیسته‌می سه‌رمایه‌داریه‌و به‌مشێوه‌یه‌ش هه‌موو شته‌کان نرخ‌و به‌هایان بۆ داده‌نرێ له بازاڕی سه‌رمایه‌داری. مارکس ئه‌م جۆره پێوانه‌یه‌ی بۆ دیاریکردنی به‌هاو ململانێکان ره‌تکرده‌وه‌و ووتی کرێیه‌کان ده‌بێ له‌سه‌ر بنچینه‌ی به‌های ئه‌و کاره بدرێ که کرێکار پێیهه‌ڵده‌ستی نه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مای که‌می یان زۆری کاڵاکه له بازاڕدا. مارکس ووتی به‌های کار له ناوه‌ڕۆکدا گرێدراوه به‌و تواناییه‌ی که تیادا سه‌رفده‌کرێ. مارکس مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بوو، بۆ نموونه ئه‌و کرێکاره‌ی له کارگه‌ی ئاسن کارده‌کات‌و ئاسن له‌ناو فوڕنی ئاگر سازده‌کات ئه‌وا ووزه‌یه‌کی زۆر زیاتر سه‌رف ده‌کات له ئه‌ندازیارێک که له‌سه‌ر کورسی‌و مێز دانیشتووه‌و نه‌خشه ده‌کێشێ، بۆیه مارکس ووتی ئه‌و ئاره‌قه‌یه‌ی که کرێکار ده‌یڕێژێ زیاتره له‌وه‌ی ئه‌ندازیاره‌که بۆیه‌ش پاداشته‌که‌شی ده‌بێ باشتر بێت.
مارکس‌و خاوه‌ندارییه‌تی تایبه‌تی
مارکس ووتی له‌به‌رئه‌وه‌ی خاوه‌نکار خاوه‌نی ئامێره‌کانی به‌رهه‌م هێنانه، بۆیه ده‌توانێ کۆنتڕۆڵی کار‌و کرێکار بکات. وه‌ک ده‌زانین ئه‌وه‌ی ئامێر‌و وه‌سائیله‌کانی هه‌بێ ئه‌وا کۆنتڕۆڵ له‌ده‌ست ئه‌و ده‌بێ. بیرم دێ کاتێ منداڵ بووم له ڕواندز، زۆرجار یاری تۆپی پێم له‌گه‌ڵ منداڵانی گه‌ڕه‌ک ده‌کرد. ئه‌وکات هیچ خولێکی فه‌رمی‌و حکومی نه‌بوو، به‌ڵکو له زه‌وییه کشوکاڵییه‌کان‌و سه‌رگرده‌کان یاخود ده‌ره‌وه‌ی شار یاریمان ده‌کرد، هه‌روه‌ها له یارییه‌کاندا خاوه‌نی حه‌کمێکی فه‌رمیش نه‌بوویین به‌ڵکو یه‌کێکمان له‌ناو خۆمان به حه‌که‌م هه‌ڵده‌بژارد. زۆرجار که کێشه‌یه‌ک سازده‌بوو له‌وه‌ی گۆلێک حیساب ده‌کرا یان ناکرا ئه‌وا دوو لایه‌نی یارییه‌ک ده‌بوه کێشه‌یان. لێره‌دا حه‌که‌می یارییه‌که ده‌سه‌ڵاتێکی زۆری نه‌بوو به‌ڵکو ئه‌و که‌سه‌ی که خاوه‌ن تۆپه‌که بوو له هه‌مووان ده‌سه‌ڵاتی زیاتر بوو، چونکه ئه‌گه‌ر یارییه‌که به زه‌وقی ئه‌و نه‌بوایه، یه‌کسه‌ر ده‌ستی به‌سه‌ر تۆپه‌که داده‌گرت‌و ده‌یووت تۆپه‌که هی خۆمه‌و من بڕیاڕ ده‌ده‌م، ئه‌گه‌ر ڕازیش نه‌بن ئه‌وا نابێ یاری به تۆپی من بکه‌ن. بۆیه‌ش زۆرجار خاوه‌نی تۆپه‌که مافی زیاتری پێده‌درا یان چاومان ده‌پۆشی له هه‌ڵه‌کانی‌و ده‌مانویست ڕازی بکه‌ین. مه‌به‌ست له‌م نموونه‌یه ئه‌وه‌یه ده‌مه‌وێ بڵێم که کێ خاوه‌نی وه‌سائیلی یارییه‌که بوایه ئه‌وا کۆنتڕۆڵی له‌سه‌ر بڕیاره‌کانی یارییه‌که زۆرترده‌بوو.
مارکس ده‌یزانی که داهێنانی ئامێره پێشکه‌وتووه‌کانی به‌رهه‌مهێنان هۆکاری بنجینه‌یی بوون بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری پیشه‌سازی. مارکس بینی ئامێره‌کان زیاده‌یه‌کی بێوێنه له به‌رهه‌م دێنێته کایه‌وه. چۆن؟ بۆ نموونه؛ ئه‌گه‌ر زه‌ویه‌کی گه‌نمان هه‌بێت‌و بمانه‌وێ بیدرووینه‌وه. ئه‌وا دوو ڕێگامان هه‌یه. یه‌که‌م ده‌توانین به‌ده‌ست بیدرووینینه‌وه. دووه‌م ده‌توانین به ئامێری دروێنه‌و به یارمه‌تی تراکتۆرێک بیدرووینینه‌وه. بێگوومان له حاله‌تی یه‌که‌م پێویست ناکات پاره‌ی تراکتۆرو ئامێری دروێنه‌که بده‌ین. به‌ڵام دروێنه‌کردن به ده‌ست کات‌و ووزه‌یه‌کی زۆری ده‌وێ. له حاله‌تی دووه‌م پاره‌ی زیاده‌ی تراکتۆرو ئامێری دروێنه ده‌ده‌ین به‌س دروێنه‌که خێراتر‌و ووزه‌یه‌کی زۆر که‌متری ده‌وێ. ده‌مه‌وێ بلێم که چه‌ند ئامێری کارکردن پێشکه‌وتوترو گه‌شه‌سه‌ندووتر بێت، ئه‌وا توانای به‌رهه‌مهێنان زیاتر‌و خێراتره. بۆیه‌ش ده‌بینین به‌رهه‌می جووتیاری ئه‌وڕووپی زیاتر‌و باشتره له به‌رهه‌می جووتیاری ولاته تازه پێگه‌یشتوه‌کان. له کاتێکدا ڕه‌نگه هێزی فیزیک‌و جه‌سته‌ی جووتیاری ئه‌وڕوپی یه‌کسان یاخود که‌متربێت له هی وڵاته پێگه‌یشتووه‌کان. زۆرجار زیره‌کیشیان وه‌ک یه‌که. بۆجی به‌رهه‌می جووتیاری ئه‌وڕووپی زیاتره؟ چونکه جووتیاری ئه‌ورووپی خاوه‌نی ته‌کنه‌لۆژیاو ئامێری پێشکه‌وتووترو باشتره. مارکس ئه‌م ڕاستییه‌ی ده‌زانی که ئامێره‌کانی به‌رهه‌مهێنان پاڵ به گه‌شه‌ی ئابووری ده‌نێ، به‌ڵام ووتی لێره‌دا کێشه‌یه‌ک هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که له کاتێکدا ئامێره‌کانی به‌رهه‌مهێنان گرنگ‌و بنچینه‌ین له به‌رهه‌مهێناندا به‌س له سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا چیتر کرێکار‌و جووتیاره‌کان خاوه‌نی ئامێره‌کانی به‌رهه‌مهێنان نین، به‌ڵکو خاوه‌نکاره‌کان خاوه‌نی ئامێره‌کانن. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان خاوه‌نی ئامێره‌کانن ئه‌وا هێزو توانایان ده‌داتێ کرێکاران بچه‌وسێننه‌وه، چۆن؟ ووتی خاوه‌نکاره‌کان کرێکاران به کرێ ده‌گرن به پاره‌یه‌کی که‌م له‌به‌رمبه‌ردا گشت به‌رهه‌می کاری کرێکاره‌کان بۆ خۆیان ده‌به‌ن. به‌مه‌ش کرێکاران داده‌بڕێن له به‌رهه‌می کاره‌کانیان‌و ئاکامی ئه‌مه‌ش سه‌رهه‌ڵدانی کێشمه‌کێشی چینایه‌تی نێوان کرێکار‌و سه‌رمایه‌داره. مارکس ئه‌م کێشمه‌کێشه‌ی ناو نا “کێشمه‌کێشی چینایه‌تی”.
مارکس ووتی بۆ ئه‌وه‌ی دادپه‌روه‌رانه‌و یه‌کسان به‌رهه‌می کۆمه‌ڵگا دابه‌ش بکرێ‌و چیتر کرێکار له به‌رهه‌می کاره‌که‌ی دانه‌بڕدرێ، ئه‌وا ده‌بێت خاوه‌ندارییه‌تی تایبه‌تی نه‌مێنێ. مارکس ووتی له‌جیاتی ئه‌وه‌ی خاوه‌نکارو سه‌رمایه‌داره‌کان خاوه‌نی ئامێره‌کانی به‌رهه‌مهێنان بن ئه‌وا ده‌وڵه‌ت ده‌بێ ببێته خاوه‌نی ئامێره‌کانی به‌رهه‌مهێنان. مارکس ووتی کاتی ده‌وله‌ت ده‌بێته خاوه‌نی ئامێر‌و به‌رهه‌مه‌کان ئه‌وا کۆتایی به خاوه‌ندارییه‌تی تایبه‌تی ده‌هێنرێ‌و کۆیله‌تی مرۆڤ بۆ مرۆڤیش نامینێ. هه‌روه‌ها ووتی به‌مشێوه‌یه ڕێژه‌ی سووده‌وه‌رگرتنی گشت خه‌ڵک له به‌رهه‌می به‌ده‌ستهاتوو زیاتر ده‌بێ‌و کێشمه‌کێشی جینایه‌تیش کۆتایی دێت‌و هه‌مووان وه‌ک یه‌ک‌و به یه‌کسانی سوود له خێره‌کانی ده‌وله‌ت وه‌رده‌گرن. مارکس ووتی له‌م ده‌وله‌ته‌دا که به ده‌وله‌تی کریکاری ناوی برد ئه‌وا “هه‌رکه‌سێک به‌گوێره‌ی تواناکه‌ی به‌رهه‌مدینێ‌و به‌گوێره‌ی پێویستییه‌کانیش سوود له به‌رهه‌مه‌که وه‌رده‌گری”. مارکس ووتی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ش سازبکه‌ین ئه‌وا ده‌بێ کرێکاران شورش به‌رپابکه‌ن چونکه سه‌رمایه‌داران به ئاسانی واز له موڵک‌و ئامێره‌کانی به‌رهه‌مهێنان ناهێنن.
مارکس‌و سه‌رخانی کۆمه‌لگه‌ی سه‌رمایه‌داری
مارکس پێیوابوو سه‌رخانی کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیرخان‌و سیسته‌می ئابووری سه‌رمایه‌داریه. بۆیه‌ش هه‌موو یاسا‌و ده‌زگاو فیکره مه‌وجووده‌کانی سه‌رمایه‌داری به خزمه‌تکارو پارێزه‌ری ئه‌م سیسته‌مه له قه‌له‌مدا. ئه‌و دوو ده‌زگاییه‌ی که مارکس به قووڵی ڕه‌خنه‌ی لێگرتن ئایین‌و یاساکان بوو. مارکس ووتی ئه‌گه‌رچی سه‌رمایه‌داران ده‌ڵێن یاساکانیان له‌سه‌ر بنجینه‌ی داده‌په‌روه‌ی نووسراون‌و بێلایه‌نن، به‌ڵام ئه‌مه ڕاست نییه. مارکس ووتی بنه‌مای یاساکانی کۆمه‌لگه‌ی سه‌رمایه‌داری وه‌ک کۆمه‌ڵگای سیسته‌مه‌کانی پێشووتر بۆ قازانج‌و سوودوه‌رگرتنی چینی ده‌سه‌ڵاتداره دانراون. به‌واتایه‌کی‌تر مارکس مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بوو که یاساکانی مه‌وجوود به‌رگری له ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان ده‌که‌ن‌و هه‌ژاره‌کانیش بێبه‌ش ده‌که‌ن له مافه‌کانیان. بۆیه‌ش مارکس ووتی ئه‌و ئیدعایانه‌ی که سه‌رمایه‌داری ده‌یکا به‌وه‌ی که یاساکانی سروشتی‌و نه‌گۆرن بێجگه له خوڕافه‌یه‌ک که خۆیان دایانهێناوه بۆ قازانجی خۆیان هیچی‌تر نییه. لێره‌دابوو که ڕه‌خنه‌ی تووندی له ئایین گرت‌و به ئه‌فیونی مرۆڤ ناوی برد. مارکس ووتی چینی ده‌سه‌ڵاتدار ئایین به‌کاردینێ بۆ ئه‌وه‌ی کرێکار‌و هه‌ژاران بخه‌وێنێ‌و وایانلێبکا هه‌ست به ئازاره‌کانیان نه‌که‌ن، به‌جۆرێک وایانلێبکا به‌رده‌وام چاو له ئاسمان بکه‌ن‌و ڕازیبن به به‌شی خۆیان له‌سه‌ر زه‌وی. مارکس ووتی ئایین به کرێکاران ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر باش کاربکه‌ن‌و گوێڕ‌ایه‌لی خاوه‌نکاره‌کانیان بن ئه‌وا له دونیاکه‌ی‌تر به حه‌زو ئاره‌زووه‌کانتان ده‌گه‌ن‌و له‌و‌ێدا خودا پاداشتان ده‌داته‌وه. بۆیه‌ش مارکس ووتی له‌به‌رئه‌وه‌ی چینی ده‌سه‌ڵاتدار ئایین وه‌ک ئامرازێک بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی کرێکاران‌و هه‌ژاران به‌کاردێنێ، بۆیه ده‌بێ خۆمانی لێ رزگار بکه‌ین. مارکس ووتی له‌پێناوی نه‌هێشتنی کۆیله‌تی مرۆڤ بۆ مرۆڤ ده‌بێ ژیرخان‌و سه‌رخانی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری کۆتایی پێبێت.
1 مه‌ی 2013
تێبینی: ئه‌م نووسینه‌م به‌بۆنه‌ی یه‌کی مه‌ی‌و ڕۆژی له‌دایکبوونی مارکس (5 مه‌ی 1818) نووسیوه.