جه‌نگاوه‌ری ڕووناکیی
بۆ ئه‌وه‌ی ئاسووده بین، پێویسته فێربین له ڕابردوودا نه‌ژین. بۆ ئه‌وه‌ی ژیانمان له‌ژێر باری خه‌می ڕابوورددا به ناخی زه‌وییدا نه‌مانباته خواره‌وه، له دێپرێسیۆندا لاوازمان نه‌کات، هه‌ست به خه‌تا نه‌که‌ین، بیر له خۆکووشتن نه‌که‌ینه‌وه، چونکه پێمانوایه خه‌تای ئێمه‌یه، که فڵان که‌سی ئازیز و خۆشه‌ویستمان له ژیاندا نه‌ماوه، که به‌بێ فڵان که‌سی ئازیز و خۆشه‌ویست ژیانمان هیچ نرخێکی نییه، ئه‌وا ده‌بێت ئه‌و هه‌موو که‌سه ئازیز و خۆشه‌ویستانه‌ی، که لهکیسمانداوه ئازاد بکه‌ین. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت بفڕیت پێویسته قورساییهکانت دابنێیت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیت خاوه‌ن جوڵه بیت پێویسته بارت سووک بێت، پێویسته کۆڵه‌پشته‌که‌ت که‌م کێش بێت یان به‌تاڵ بێت.
ده‌گێڕنه‌وه ده‌ڵێن: ڕۆژێک سه‌رکرده‌یه‌ک وتوویه‌تی شێرکۆ گه‌نجێکی کارامه بوو، به‌ڵام برا گه‌وره‌که‌ی نه‌یتوانیوه وه‌ک پێویست ئاگای لێیبێت، بۆیه شه‌هید ده‌کرێت. سه‌رکرده‌که مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه، که ئه‌گه‌ر ئه‌و گه‌نجه له ژیاندا بمایه خزمه‌تی زیاتری یه‌کێتیی نیشتیمانیی ده‌کرد یان خزمه‌تی زیاتری کوردی ده‌کرد.
له‌وه‌ته‌ی من هاوڕێی ئاسۆ عه‌زیزم ئاشنای شه‌هید شێرکۆی برایم. هه‌موو ساڵێک له سه‌ره‌تای ئایاردا من گوێبیستی سکاڵاکانی ئاسۆ عه‌زیز ده‌بم. له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابوورددا ده‌بینم که هاوڕێکه‌م خاوه‌نی خه‌م و ئازارێکی گه‌وره‌یه، ئازارێک به من نامۆ، که نایناسم، چونکه ئازاره‌که ئیندیڤیدووێله و هی ئه‌وه نه‌ک هی من.
چه‌مکی ئازار چه‌مکێکی ئاڵۆزه، که مرۆڤ له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا بۆ ده‌ستنیشانکردنی هه‌ستێک ده‌ریده‌بڕێت. هه‌موومان ده‌زانین، که بازنه خڕه، به‌ڵام که‌سمان نازانین ئازار چییه. ئازار قسه‌یه‌کی پریڤاته، که ته‌نها تاکی قسه‌که‌ر، تاکی خاوه‌ن ئازار خۆی له خۆی تێده‌گات. هه‌موومان سه‌رئێشه، ددان ئێشه، سک ئێشه …. هتد. ده‌ناسین، به‌ڵام که‌سمان ئازاری ئه‌وی ترمان ناناسین، چونکه هه‌ریه‌کێکمان خاوه‌نی ئازارێکی ئیندیڤیدووێلین، که تایبه‌ته به خۆمان.
کیرکه‌گۆر ده‌ڵێ: ژیانم ئازارێکی گه‌وره‌یه، که نه که‌س ده‌یناسێت و نه که‌سیش تێیده‌گات. ئاسۆ عه‌زیز یه‌کێکه له‌و تاکانه‌ی، که ژیانی به‌هۆی شه‌هیدبوونی شێرکۆی برایه‌وه ئازارێکی گه‌وره‌یه، که نه که‌س تێیده‌گات و نه که‌سیش ده‌یناسێت.
من نازانم چه‌ند که‌س به ئاسۆ عه‌زیز ده‌ڵێن: تێده‌گه‌ین، ئازاره‌کانت ده‌ناسین، به‌ڵام ده‌زانم، که که‌سیان نازانن، که ئاسۆ چ ئازارێکی هه‌یه.
شه‌هید شێرکۆ عه‌زیز میرزا که‌ریم، خاوه‌نی چاره‌نووسێکی تایبه‌ت و ئیندیڤیدووێل بوو، ئه‌و ده‌بوایه به‌و ڕێگایه‌دا بڕۆیشتایه. هیچ هێزێک نییه بتوانێت دژ به ڕه‌وتی سروشت کار بکات، مرۆڤ چه‌ند به زانست هه‌وڵی کۆنترۆڵکردنی سروشت بدات دواجار هه‌ر سروشت براوه‌یه و مرۆڤیش دۆڕاو. شێرکۆ فونکسیۆنێک بوو له ژیانی بنه‌ماڵه‌ی میرزا که‌ریمدا، فونکسیۆنێک بوو له ژیانی ئێمه‌ی کورد له باشووردا، له شاری سلێمانییدا. ئاسۆ عه‌زیز شێرکۆی برای فێری ژیانی چه‌کداریی و پێشمه‌رگایه‌تیی نه‌کردووه، به‌ڵام شێرکۆ خۆی بوونه‌وه‌ره‌که‌ی وه‌ها بووه، شێرکۆ خۆی بووه، له ئازادییدا بڕیاری له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ڕێگایهداوه. شێرکۆ ده‌یتوانی وه‌ک ئاکۆی برای ببێته ئه‌کته‌ر و له ئاینده‌دا فیلمی کوردیی ئینتهرێسانت و جوان به‌رهه‌مبهێنێت، به‌ڵام ئه‌و حه‌زی له تێکۆشان بوو بۆ ئازادیی. واته شێرکۆ بوونه‌وه‌رێکی جه‌نگاوه‌ر بوو بۆ ئازادیی، جه‌نگاوه‌ری ڕووناکیی بوو. پاولۆ کۆیلۆ ده‌ڵێ: جه‌نگاوه‌ری ڕووناکیی زۆرجار مامه‌ڵه ده‌کات، به‌بێئه‌وه‌ی بزانێت مامه‌ڵه ده‌کات، خه‌ڵک ڕزگار ده‌کات به‌بێئه‌وه‌ی بزانێت، که ڕزگارکه‌ره، ئازار ده‌چێژێت به‌بێئه‌وه‌ی بزانێت بۆچیی ئازار ده‌چێژێت.
ئاکۆ عه‌زیزی برای شێرکۆ له هه‌ڕه‌تی گه‌نجێتییدا نامه‌یه‌ک له دووکانه‌که‌یاندا به‌جێده‌هێڵێت و تیایدا ده‌نووسێت: له‌ناو خێزانی ئێمه‌دا هیچ که‌سێکمان نه ڕۆیشتۆته ده‌ره‌وه و ببێت به پێشمه‌رگه، هه‌ربۆیه من ئه‌م ئه‌رکه ده‌گرمه ئه‌ستۆی خۆم و ده‌ڕۆم ده‌بم به پێشمه‌رگه. ئاسۆی برای دوای خوێندنه‌وه‌ی نامه‌که ده‌ڕوات بۆ قه‌ره‌داغ و له قازانقایهر باوه‌ڕ به ئاکۆی برای ده‌هێنێت، که بگه‌ڕێته‌وه بۆ سلێمانیی و ئه‌و نابێت پێشمه‌رگه بێت. سووپاس بۆ ئاسۆ، ئیمڕۆ ئاکۆ یه‌کێکه له ده‌رهێنه‌ره باشه‌کانی فیلمی کوردیی و یه‌کێک له فیلمه‌کانی ئاکۆ به ناوی ” ده چرکه”ه‌وه، ده‌گاته فێستیڤاڵی بلاکی فیلمی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌رلین. بوونه‌وه‌ری ئاکۆ بوونه‌وه‌رێکی هونه‌ریی و ئه‌ده‌بییه، هه‌ربۆیه ئاسۆ ئه‌و شانسه‌ی ده‌بێت، که باوه‌ڕی پێبهێنێت و بیهێنێته‌وه بۆ سلێمانیی.
شێرکۆ له ته‌مه‌نی یانزده بۆ دوانزده ساڵییدا وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌ک مامه‌ڵه ده‌کات، به‌بێئه‌وه‌ی بزانێت، که ئه‌و پێشمه‌رگانه مامه‌ڵه ده‌کات، له ڕاپه‌ڕیندا ڕزگارکه‌ری ئه‌م هه‌موو ئاواره که‌رکووکییانه ده‌بێت، به‌بێئه‌وه‌ی درک به‌وه بکات، که ڕزگارکه‌ره، له خه‌می ژیاندایه، به‌بێئه‌وه‌ی درک به‌وه بکات، که خه‌م ده‌خوات. فۆیه‌ر باخ ده‌ڵێ: مرۆڤ ئه‌وه‌یه، که ده‌یخوات. شێرکۆ له منداڵییه‌وه خه‌می نیشتیمان ده‌خوات، خه‌می ژیان له ژێرده‌سته‌ییدا ده‌خوات، خه‌می ئازادیی ده‌خوات، دواجار ده‌بێت به جه‌نگاوه‌ری ڕووناکیی.
له‌گه‌ڵ ڕێزمدا بۆ پێشمه‌رگه دێرینه‌کان، به‌ڵام چه‌ند پێشمه‌رگه جه‌نگاوه‌ری ڕووناکیی بوون؟ چه‌ند سه‌رکرده جه‌نگاوه‌ری ڕووناکیی بوون و جه‌نگاوه‌ری ڕووناکیین؟ شێرکۆ زوو نه‌مرد، به‌ڵکوو ئه‌و ئه‌رکی خۆی به‌جێگه‌یاند. ئێمه له ژیانداین، مانای ئه‌وه نییه، که ته‌ندروست ده‌ژیین، که خۆمان له مه‌ترسیی به‌دوور ده‌گرین …هتد. به‌ڵکوو مانای ئه‌وه‌یه، که ئه‌رکی بوونمان به‌جێنه‌گه‌یاندووه. ده‌شێت سه‌د ساڵ بژیین و پاشان بمرین به‌بێئه‌وه‌ی به‌رهه‌مێکمان بۆ ژیان و سروشت هه‌بێت. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه نییه، که ژیان چیمان بۆ ده‌کات، به‌ڵکوو ئه‌وه‌یه، که ئێمه چیی بۆ ژیان ده‌که‌ین.
جه‌نگاوه‌ری ڕووناکیی تێکۆشه‌ری ئازادییه نه‌ک خه‌تا کار، شمشێره‌که‌ی جێگای گفتووگۆی نه‌گرتۆته‌وه. له کۆتایی هه‌شتاکاندا، گه‌نجێکی پانزده ساڵه له هه‌ولێر له تاقیکردنه‌وه‌ی کۆتایی ساڵدا ده‌رناچێت. ئه‌م گه‌نجه پێشتر باوکی هه‌ڕه‌شه‌ی لێدانی لێده‌کات، که ئه‌گه‌ر بێت‌و له تاقیکردنه‌وه‌کانیدا ده‌رنه‌چووبێت، ئه‌وا لێدان وه‌رده‌گرێت. گه‌نجه‌که له هه‌ولێره‌وه به پاس ده‌چێت بۆ ڕه‌واندوز، ده‌چێته ماڵی مسته‌شارێک، ئه‌و ڕۆژه که‌س له ماڵ نییه، ته‌نها چوار ژن نه‌بێت. گه‌نجه‌که شه‌و ده‌مێنێته‌وه، له نیوه‌شه‌ودا پێشمه‌رگه‌کانی یه‌کێتیی نیشتیمانیی ئه‌ده‌ن به‌سه‌ر ماڵه‌که‌دا، گه‌نجه‌که چیرۆکی خۆی بۆ پێشمه‌رگه‌کان ده‌گێڕێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وان هه‌تا ویستیان بێت فیشه‌ک ئه‌نێن به سکی گه‌نجه‌که‌وه و ده‌یکووژن. ئه‌و گه‌نجه ئه‌رکی خۆی له ژیاندا به‌جێگه‌یاندووه، ئه‌و فونکسیۆنێک بووه له مامه‌ڵه‌ی بێ مۆڕاڵانه‌ی پێشمه‌رگه‌کاندا، ده‌شێت ئه‌و پێشمه‌رگانه هێشتا له ژیاندا مابن، ئه‌وان وه‌ک قاره‌مان ناونووسکراون و گه‌نجێکی بێ‌تاوانیش وه‌ک جاش. لێره‌دا ده‌توانم بڵێم: کاکی سه‌رکرده: ئاسۆ ئاگای له برای بچووکی خۆی بووه، شه‌هیدکردنی شێرکۆ هیچ خه‌تایه‌کی ئاسۆی تێدا نییه، به‌ڵام کووشتنی چه‌نده‌ها گه‌نجی وه‌ک گه‌نجه‌که‌ی ڕه‌واندوز خه‌تای پێشمه‌رگه‌کانی ئێوه بووه.
ئێمه هه‌موومان له‌ژێر یاساکانی کۆنفۆرمیتێتدا ده‌ژیین، له‌ژێر ئاوتۆریتێتی سیاسییه‌کان، مه‌لاکان، دایک و باوکاندا، کۆمه‌ڵدا …هتد.دا ده‌ژیین. به‌وڕێگایه‌دا ده‌ڕۆین، که هه‌موو پێیدا ده‌ڕۆین، ئه‌ویش ڕێگای کۆلایهتیی ئاوتۆریتێتی یاسا کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسییه‌کانمانه، به‌ڵام له‌ناو ئێمه‌شدا خه‌ڵکانێک هه‌ن، که ڕێگای خۆیان ده‌گرنه‌به‌ر، چونکه ده‌یانه‌وێت ژیانی خۆیان بژیین. له‌دوای ڕاپه‌ڕیین سیاسییه‌کانمان وتیان به‌ڵێ بۆ ئاشتیی و نا بۆ شه‌ڕ. به‌ڵام ئاشتیی دیوێکی تری شه‌ڕه، که به‌داخه‌وه زۆرینه‌یجار سیاسییه‌کانی ئێمه تێیدا تووشی هه‌ڵه ده‌بن. شێرکۆ ئه‌و گه‌نجه بوو، که نه‌یویست ئه‌ندامێک بێت له کردنی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌دا، هه‌ربۆیه درێژه‌ی به ته‌مه‌نی شه‌ڕدا هه‌تا سلێمانیی بهیهکجارهکیی ئازاد بوو، به‌ڵام له‌م ئازادبوونهدا پێویست بوو ئه‌و بمرێت هه‌تا ئێمه له خۆمان بپرسین بۆ؟
شێرکۆ مه‌لاوانی ئازادیی بوو، ئه‌و وه‌ک جه‌نگاوه‌رێکی ڕووناکیی پێیگووتین: مرۆڤ له‌ژێر ئاودا ناخنکێت چونکه ناتوانێت هه‌ناسه بدات، به‌ڵکوو مرۆڤ له‌ژێر ئاودا ده‌خنکێت چونکه زۆر له‌ژێر ئاودا ده‌مێنێته‌وه. بۆئه‌وه‌ی له‌ژێر ئاودا نه‌خنکێیت، پێویسته زوو بێیته ده‌ره‌وه. ئێمه ده‌مردین ئه‌گه‌ر شێرکۆکان له‌ژێر زه‌بری به‌عسدا بۆ جاری دووهه‌م دهریاننههێناینایهتهوه. ئێستاش کورد دیسانه‌وه ده‌توانێت بخنکێت ئه‌گه‌ر شێرکۆکان به‌ئاگامان نه‌هێننه‌وه.
شێرکۆی جه‌نگاوه‌ر به خۆی و شمشێره‌که‌یه‌وه، به خۆی و ئه‌سپی یاخییه‌وه ئاگای له جوڵه‌ی شمشێر و ئه‌سپه‌که‌ی بوو، به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر له منداڵییه‌وه ئاگایان له جوڵه‌ی ئه‌م بوو. ئه‌وه‌ی که شێرکۆ پیشانی ئێمه‌ی ده‌دات ئه‌وه‌یه، که شمشێر بۆ ئه‌وه بوونی نییه هه‌تا جێگای قسه‌کردن بگرێته‌وه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه: ئاخۆ دوژمنانی ڕووناکیی هی قسه‌کردنن؟ ئاخۆ ده‌توانیت له ڕێگای قسه‌کردنه‌وه باوه‌ڕ به سایکۆپاتێک بهێنیت، که نهتکووژێت؟ مرۆڤه‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره له سروشته‌وه خراپن، تۆ چه‌ند هومانیستانه له‌گه‌ڵیاندا مامه‌ڵه بکه‌یت، دواجار خراپه‌ت له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن، چونکه سروشتیان وه‌هایه. تۆ نا‌توانیت دووپشکێک له ئاوێکدا له خنکاندن ڕزگاربکه‌یت، به‌ڵام کاتێک ده‌یگه‌یه‌نیته وشکانی چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بکه‌یت پێته‌وه نه‌دات و سووپاست بکات، که ژیانیت ڕزگارکردووه.
شێرکۆ ڕێگایه‌ک بوو ته‌نها بۆ خۆی به‌ڵام دوورگه‌یه‌ک نه‌بوو به ته‌نها بۆ خۆی، چونکه تێکۆشان بۆ ژیان له ئاشتیی و ئازادییدا تێکۆشانێک نییه، که به‌ته‌نها بکرێت. ئه‌گه‌ر تۆش جه‌نگاوه‌ری ڕووناکییت، ئه‌وا وه‌ره با تێ‌بکۆشین بۆ ئاشیی، ئازادیی، مرۆڤایه‌تیی. من شێرکۆم ئه‌ی تۆ کێیت؟
04.05.2013