Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
ژارگۆن 11 … عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

ژارگۆن 11 … عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

Closed

 

 

 

هەڵبەتە کردارى خوێندنەوە کارێکە، پێویستى بە کۆشش و توانا و ئاگایى و هوشیارییەکى بەرفرەوان و بیرکردنەوە و خەیاڵێکى کراوە و ئەزموون هەیە.. خوێندنەوە لە سادەترین تێگەیشتندا واتە چارەسەرکردن، چارەسەرکردنى دەق، بەڵام پرسیارى سەرەکى ئەوەیە: ئەو خوێنەرە کێیە؟ هەندێ لە رەخنەگران ئەو خوێنەرە بە خوێنەرێکى نموونەیى و هەندێ بە گەڕۆک و هاوچەرخى خاوەن داواکارى دەروونى و کۆمەڵایەتى و هەندێکى دیکە بە خوێنەرى زیرەک و رۆشنبیر و شارەزا و رەخنەگر… هتد، ناوى دەبەن.

ئایزەر دوو جۆرى سەرەکى خوێنەر دەستنیشان دەکات، کە پەیوەندییان بە رەخنەگرى ئەدەبى و چەمکە جیاوازەکانەوە زۆر بە هێزە، یەکێکیان بایەخ بە مێژووى هاتنە وەڵامى ئیستێتیکى دەدات و خۆى لە خوێنەرى حەقیقیدا هەڵدەگرێتەوە. دووەم، گرنگى بە جێکەوتەى دەق، کە لەسەر خوێنەر بەجێى دەهێڵێ، دەدات. جۆرى دووەم خوێنەرى گریمانەکراوە. خوێنەرى حەقیقى: لە رێگاى رەنگدانەوەى کردە باوەڕپێکراوەکانییەوە ناس دەکرێ. خوێنەرى گریمانەکراو: رەنگە هەموو هەلە شیاوەکانى دەق بەسەریدا بشکێتەوە.

خوێنەرى حەقیقى و خوێنەرى میسالى

خوێنەرى حەقیقى بوونێکى ماددى هەیە، نەک هەر هێندە بەڵکو بە کردارى خوێندنەوەوە بەندە و بە شێوەیەکى رێک و رەوان دەکەوێتە ژێر ئەو کارەى کە دەیخوێنێتەوە، یان هەموو ئەوەى دەیخوێنێتەوە لەگەڵ هیدیکە بەراوردى دەکات، وەک چۆن لە کارەکە دەگات و تام و چێژى لێوەردەگرێت و رێزى دەگرێت. هەرگیز مەسەلە بچوکەکان و وردەکارییەکان و پەراوێزەکان بە هەند هەڵناگرێت.  ئەو خوێنەرە دەکەوێتە سەر ئەو بنەمایەى، کە وەک چۆن ئەوە نووسەرە خودى خۆى دادەرێژێتەوە، بە هەمان شێوە خوێنەرەکەیشى دروست دەکات. بە دیوەکەى دیکە پێیوایە خوێندنەوەى سەرکەوتوو لە لێکنزیکبوونەوە و هاوگونجانى نێوان نووسەر و خوێنەر لە دایک دەبێت. خوێنەرى حەقیقى لە بنەڕەتدا ئامادەییەکى تەواوى لەنێو لێکۆڵینەوە میژووییەکان و وەڵامدانەوەکاندا هەیە، لە رێگاى پەرچەکردارە باوەڕپێکراوەکانیەوە دەناسرێتەوە، واتە بایەخى خۆى لە شێوازى گەیشتن بە بڕیارەکانى جەماوەرێکى دیاریکراوى کارى ئەدەبى چڕ دەکاتەوە، ئەو بڕیارانەش رەنگدانەوە و پێوەرى کلتور و کۆدى دیاریکراوى زەمەنێکى دیاریکراون. بەو مانایەش حوکمەکانى ئەو خوێنەرە خۆى لە رەنگدانەوەى هەڵوێست و پێوانە باوەکانى جەماوەرێکى دیاریکراوى زەمەنێکى دیاریکراو هەڵدەگرێتەوە. کەواتە لاى ئەو خوێنەرە ئەدەب رەنگدانەوەى ئەو رێچکە رۆشنبیریەیە، کە دەکەوێتە نێو مەرجەکانى ئەو حوکمەوە.  واتە ئەو خوێنەرە سەر بە رەنگدانەوەیەکى دیاریکراوى زەمەن و رێبازێکى دیاریکراوى ئەدەبییە، حوکمەکانیشى بەڵگەى خۆیان لەو رێباز و زەمەنە ئەدەبییەوە بەدەستهێناوە و دەکەوێتە سەر چێژى تایبەتەوە.

گرفتى ئەو خوێنەرە لەوەدایە ئەگەر لەگەڵ زەمەن، وەک یەک سەیریان بکەین، یان ئاوێتەى ئەو چەرخەیان بکەین، کە نووسەر دەقى تێدا بەرهەمهێناوە، ئەوە تەنها ئەو رۆڵە دەبینێ، کە دانەر لە خوێنەرى دەوێ! چونکە پشت بە بەڵگەکانى ئەو زەمەنە دیاریکراوە دەبەستێ. بەڵام هەر چەندە لەو زەمەنە دوور بکەوێتەوە، ئەوەندە هاوگونجانەکانى دەگمەن دەکەوێتەوە. 

لێرەدا ئەو خوێنەرە هاوچەرخانە، سێ نموونەیان هەیە: یەکێکیان حەقیقى و مێژووییە، لە بەڵگەنامە مەوجودەکاندا خۆى دەبینێتەوە. دوو نموونەکەى دیکەش گریمانەکراون: یەکەم تێکەڵەیەکە لە مەعریفەى کۆمەڵایەتى و مێژوویى ماوەیەکى دیاریکراو و دووەمیان خۆى لە رۆڵى خوێنەرێکدا دەبینێتەوە کە لە دەق هەڵێنجراوە.

خوێنەرى نموونەیى: دیاریکردنى ئەو خوێنەرە قوڕسە، چونکە لە زەینى زمانەوانى، یان خودى رەخنەگر هەڵقوڵاوە. بەڵام ناشێ رەخنەگر خوێنەرى میسالى بێ، چونکە دەقى جۆراوجۆرى خوێندۆتەوە، دەشێ رەخنەگر خوێنەرى رۆشنبیر بێ. خوێنەرى میسالى دەبێ هەمان رێچکەى دانەر بگرێ، دواتر دەبێ خوێنەرى میسالى لە نیازە شاراوەکانى دانەر بگات، یان لەو کردەیە بەشدارى بکات، ئەگەر ئەوە شیاو بێ، ئەوە ئەو گەیشتنە تەواو زیاد دەکەوێتەوە، چونکە مرۆڤ ناگاتە ئەو شتەى، کە پێشتر لە ناردن و وەرگرتنى بەشدار نەبووە. 

قسەیەک هەیە دەڵێ، دانەر بۆخۆى خوێنەرى میسالییە. بەڵام ناشێ دانەر خوێنەرى میسالى بێ، کەواتە خوێنەرى میسالى زیادەیە. 

پرسیارێکى دیکە ئەوەیە ئەگەر خوێنەرى میسالى هەبێ، ئەوە تەواوى شاراوە خەیاڵییەکانى دەق بەجێدەهێنێ! بەڵام مێژووى هاتنە وەڵامى خوێنەر پێماندەڵێ ئەو بەجێهێنانە چەندان رێگاى جۆراوجۆرى هەیە، بۆیە ناشێ یەک کەس بەو هەموو کارە هەڵسێ، چونکە دەشێ لە زەمەنى جیاوازدا هەمان دەق ماناى جۆراوجۆر وەرگرێ، یان کە جارى دووەم دەقێک دەخوێنینەوە، لە جارى یەکەم جیاواز بکەوێتەوە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.