Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
رۆژی جیهانی دایک‌و ئه‌رکه‌کانمان!

رۆژی جیهانی دایک‌و ئه‌رکه‌کانمان!

Closed
by May 12, 2008 گشتی

رحیم رشیدی _ پاریس…..

دووهه‌مین یه‌کشه‌ممه‌ی مانگی مای هه‌موو ساڵێک، رۆژی جیهانی دایکه‌. رێزگرتن له‌ دایک‌و ده‌ربڕینی ئه‌مه‌گناسی به‌رانبه‌ر به‌ گه‌وره‌یی دایک، له‌ کۆمه‌ڵگاو وڵاته‌ جۆراوجۆره‌کاندا، له‌ کۆنه‌وه‌ به‌رێوه‌ چووه‌‌و وه‌کوو نه‌ریتێک باو بووه‌.
ئه‌وه‌نده‌ی زانیارییه‌کان پێمان ده‌ڵێن، ئه‌م یاده‌ له‌ یونانی کۆندا له‌ نێوه‌ڕاستی مانگی مایدا، جێژنێکی گه‌وره‌ بۆ رێزلێنان له‌ خودای باروه‌ری، هه‌روه‌ها له‌ "رئا" دایکی "ژئوس"، خوای خوداکان پێکهاتووه‌.
له‌ وڵاتی بریتانیا یه‌که‌مین جێژنی رۆژی دایک یان یه‌کشه‌ممه‌ی دایک، Mothering Sundy))، بۆ رێزگرتن له‌ که‌نیسه‌ وه‌کوو دایکی دین، له‌ لایه‌ن شا هنری  سێهه‌م له‌ ساله‌کانی 1216_ 1239ی میلادی، به‌رێوه‌ چووه‌.
 ناوبراو سێهه‌مین یه‌کشه‌مه‌ی مانگی مارس، واته‌ کۆتایی وه‌رزی زستان‌و سه‌ره‌تای وه‌رزی به‌هار، بۆ ئه‌و جێژنه‌ دیاری کردوه‌.
به‌رێوه‌ چوونی ئه‌م رێوره‌سمانه‌، تاکوو ده‌ورانی رێنسانس له‌ ئورووپا به‌رده‌وام بووه‌.
له‌م رۆژانه‌دا ته‌نانه‌ت کڵفه‌ت‌و خزمه‌تکاره‌کان، نه‌ده‌چوونه‌ سه‌رکاره‌کانیان، ئه‌وان شیرینی تایبه‌تیان ساز ده‌کردو سه‌ردانی دایکیانیان ده‌کرد، تاکوو به‌و چه‌شنه‌ رێز له‌ کارو کوێره‌وه‌ری دایکه‌کانیان بگرن.
له‌و سه‌روبه‌نده‌دا، له‌ تورینگینی ئاڵمانیش یه‌کشه‌ممه‌ی دایک به‌رێوه‌ چووه‌، منداڵه‌کان به‌ساز کردنی شیرینی‌و چێشتی خۆش میوانداری دایک‌و بابیان ده‌کرد‌و رێزو ئه‌مه‌گناسی خۆیان بۆ دایک نیشان داوه‌.
له‌ ناوچه‌ی شامپانی وڵاتی فه‌ڕانسه‌، هه‌روه‌ها والونین له‌ بلژیک، رێوڕه‌سمی هاوچه‌شن به‌رێوه‌ ده‌چوون.
زانیارییه‌کان باس له‌وه‌ ده‌که‌ن، پاش ساڵی 1644ی میلادی، ئه‌م جۆره‌ رێوره‌سمانه‌ به‌ بێ ده‌ستتێوه‌ردانی که‌نیسه‌، به‌رێوه‌ ده‌چوون‌و خزم‌و که‌س‌و کار له‌ ده‌وری یه‌کتر کۆده‌بونه‌وه‌‌و دایکان رێزیان لێنراوه‌.
کورته‌یه‌ک له‌ مێژووی رۆژی جیهانی داییک:
بۆ یه‌که‌مین جار، خاتوو جولیا وارد هووه‌ (Julia Ward Howe)، (1819_ 1910)، شاعیر، نووسه‌رو یاسا ناسی ئه‌مریکایی، که‌ شه‌ڕه‌ نێوخۆییه‌کانی ئامریکا، هه‌روه‌ها شه‌ڕی ئاڵمان‌و فه‌ڕانسه‌ شوێنی خراپی له‌سه‌ر دانابوو، پێشنیاری کرد، رۆژێک وه‌کوو ڕۆژی دایک دیاری بکرێ.
خاتوو جولیا وه‌کوو خه‌باتگێرێکی ئاشتیخواز حه‌ولی ده‌دا، ژنان وه‌کوو قوربانیانی سه‌ره‌کی شه‌ڕ، ڕۆڵێکی مه‌زن بۆ به‌دیهێنانی ئاشتی‌و سه‌قامگیری ئاشتی بگێرن. له‌م رۆژه‌دا زۆرتر دایکی ئه‌و سه‌ربازه‌ کوژراوانه‌ له‌ ده‌وری یه‌کتر کۆده‌بوونه‌وه‌ که‌ له‌ شه‌ڕی نێوخۆیی ئامریکادا گیانیان له‌ده‌ست دابوو.
پاش ناوبراو، خاتوو ئاننا جارویس (Anna Jarvis)، له‌ ساڵی 1872،  له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌مان بیرۆکه‌ی خاتوو جولیا، له‌ دووهه‌مین یه‌کشه‌ممه‌ی مانگی مای ساڵی 1908ی زایینی، به‌ئامانجی رێزلێنان له‌ ڕۆلی دایکی له‌ ژیانی ناوبراودا، له‌ رێوڕه‌سمێکی ئایینی‌دا، ئه‌و ڕۆژه‌ی جێژن گرت. ئه‌و ژنه‌ پاش رێوره‌سمه‌که‌ کارێکی به‌ربڵاوی ته‌بلیغی به‌رێخست‌.
ئاننا جارویسی دایک، له‌ نێوان ساڵه‌کانی (1832_1905)، وه‌کوو ژنێکی زه‌حمه‌تکێشی کابان‌، هه‌روه‌ها هه‌ڵسووڕی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی حه‌وڵیکی زۆری له‌ خۆی نیشان‌دا تاکوو لایه‌نی پاک‌و خاوێنی‌و بێهداشت بۆ رزگار کردنی منداڵان له‌ مردن په‌ره‌ پێبدات.
ئاننا جارویس، بۆ خۆی 11 مندالی به‌دونیا هێنابوو که‌ ته‌نیا 4 دانه‌یان له‌ ژیان‌دا مان. ناوبراو به‌ وتاردان‌و رێکخستنی ژنان به‌ مه‌به‌ستی پێشکه‌وتن له‌ بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی‌دا، چالاکی خۆی له‌م بواره‌دا به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاوتر ده‌ست پێکرد.
ئه‌و له‌ سالی 1858دا، "رۆژی کاری دایکان"ی دامه‌زراندو به‌ رێخستنی ژنان خه‌باتی کرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌مووان بیرۆکه‌ی کاری به‌کۆمه‌ڵ گه‌شه‌ پێبده‌ن‌و به‌ به‌ره‌وژوور بردنی زانیارییه‌کانی خۆیان، ژیانی منداڵان له‌ نه‌خۆشی‌و مه‌رگ له‌وسه‌رده‌مه‌دا، رزگار بکه‌ن.
کارێکی دیکه‌ی ئه‌و ژنه‌ خه‌باتگێڕه‌ ئه‌وه‌ بوو، پاش کۆتایی شه‌ڕه‌ نێوخۆییه‌کانی ئامریکا، هه‌وڵی ده‌دا به‌ کۆکردنه‌وه‌ی دایکان له‌ ده‌وری یه‌کتر، وێرای به‌هێز کردنی هاودڵی‌و هاوپێوه‌ندی له‌ نێو وان‌دا، تێده‌کۆشا به‌م چه‌شنه‌، دۆستایه‌تی‌و خۆسه‌ویستی له‌ نێوان سه‌ربازه‌کانیش په‌ره‌ پێبدات تاکوو به‌م جۆره‌ ئاشتی نه‌ته‌وه‌یی هه‌رچی زۆرتر به‌هێز بێت‌و په‌ره‌ بستێنێ.
ڕۆژی 9ی مانگی مای ساڵی 1905، ئاننا جارویس مالئاوایی له‌ ژیان کرد‌و کچی ناوبراو که‌ ئه‌ویش هه‌ر ناوی ئاننا بوو، خه‌باتی خۆی ده‌ستپێکرد.
(1868_1948)، ناوبراو به‌ نووسینی نامه‌ بۆ یاسا دانه‌رانی ئامریکایی داوای کرد، رۆژێک وه‌کوو ڕۆژی دایک دیاری بکرێ.
ئاننا بۆ یه‌که‌مین جار رۆژی 10 مانگی مای 1908، له‌و شاره‌ی که‌ دایکی رۆژانی یه‌کشه‌ممه‌ له‌ که‌نیسه‌ وانه‌ی ده‌وته‌وه‌، رۆژی دایکی له‌ رێوره‌سمێکدا رێز لێگرت. ئه‌مه‌ وای کرد، تاکوو ساڵی 1912، 45 ویلایه‌تی ئامریکا ئه‌مرۆژه‌یان وه‌کوو رۆژی دایک به‌ فه‌رمیی ‌ناسی.
کار گه‌یشته‌ جێگایه‌ک، ویلسۆن سه‌رۆک کۆماری ئه‌و کاتی ئامریکا، له‌ ساڵی 1914دا، رۆژئ دایکی له‌ سه‌راسه‌ری ئامریکا، وه‌کوو ڕۆژی نه‌ته‌وه‌یی ڕاگه‌یاند.
ئه‌م ڕووداوه‌ بووه‌ هۆکارێکی گه‌وره‌ بۆ ئه‌وه‌ی ناردنی کارتی پیرۆزبایی‌ به‌ بۆنه‌ی رۆژی دایکه‌و بره‌و په‌یدا بکات. له‌م نێوه‌دا گۆڵفرۆشه‌کان، داهاتێکی زۆریان وه‌سه‌ریه‌ک ده‌نا‌و له‌و سه‌روبه‌نده‌دا نرخی گوڵه‌کانیان زۆرتر ده‌کرد. ئه‌مه‌ وای له‌ خاتوو ئاننا جارویس کرد به‌ شێوه‌یه‌کی یاسایی  دژی دیاری کردنی رۆژی دایک بوه‌ستێته‌وه‌. به‌ڵام سه‌رکه‌وتنێکی له‌م بواره‌دا وه‌ده‌ست نه‌هێنا.
ناوبراو بۆ به‌ربه‌ست کردنی به‌رێوه‌ نه‌چوونی رێوره‌سمه‌کانی رۆژی دایک‌، له‌م رۆژانه‌دا کارگه‌لێکی کردن که‌ به‌ هۆیانه‌وه‌ که‌وته‌ به‌ندیخانه‌.
ئاننا ماوه‌یه‌کی کورت به‌ر له‌ مردنی له‌ ساڵی 1948ی میلادی، به‌ هه‌واڵنێرانی وت: "بریا رۆژه‌ی دایکم پێکنه‌هێنابا".
له‌ راستی‌دا ئێستا له‌ وڵاتێکی وه‌کوو ئامریکا، شوێنه‌کانی ته‌له‌فوون کردن، رێستۆران‌و گۆڵ فرۆشییه‌کان له‌ ڕۆژی جیهانی دایکدا، به‌ هۆی فرۆشی زۆره‌وه‌، زۆرتریین داهات بۆ خۆیان ده‌ستبه‌ر ده‌که‌ن.
ڕۆژی دایک له‌ ساڵی 1923دا له‌ وڵاتی ئاڵمان، جێژن گیرا‌. ته‌نانه‌ت له‌ ساڵی1933دا، نازییه‌کان‌، رۆژی جیهانی دایکیان وه‌کوو پشووی گشتیی ڕاگه‌یاند.
پاش شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی، رێوره‌سمه‌کانی رۆژی دایک له‌ سه‌راسه‌ری ئورووپا به‌رێوه‌ چوو. له‌م ڕۆژه‌دا به‌ دانی گوڵ‌و دیاری تایبه‌ت رێز له‌ دایکه‌کان ده‌گێڕا. ئێستا رۆژی جیهانی دایک، له‌ به‌شێک له‌ وڵاتانی ئورووپایی، له‌ ئوستوڕاڵیاو ئامریکا رێزی لێده‌گیردرێ.
به‌له‌به‌ر چاوگرتنی  ئه‌و راستییه‌ که‌ کۆمه‌ڵگای کوردستان، له‌ لایه‌ن هێزه‌ دژبه‌ره‌کانی ئازادی‌و مرۆڤ دۆستییه‌وه‌، ساڵانێکی دوورو درێژه‌ شه‌ڕی به‌سه‌ردا سه‌پاوه‌‌، سیاسه‌تی کوشتن‌و بڕیین به‌ پانه‌وه‌ له‌ دژی هه‌موو زینده‌وه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵی کوردستان به‌رێوه‌ ده‌چێ، دایکان له‌م به‌ستێنه‌دا زۆر زیانیان پێگه‌یوه‌وه‌ پێده‌گات.
ڕۆڵه‌کانیان ئێعدام‌و زیندانی ده‌کرێن، مێرده‌کانیان شه‌هید ده‌بن، سه‌ڕه‌رای هه‌موو ئه‌مانه‌، به‌شێکیان ڕاسته‌وخۆ له‌ خه‌بات‌و ژیانی پێشمه‌رگانه‌دا به‌شدار بوون‌و به‌شدار ده‌بن‌و کۆڵیان نه‌داوه‌…
 سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م سه‌ختیانه‌، دایکانی کورد هه‌رگیز ڕۆڵی دایکایاتی خۆیان، که‌ بریتییه‌ له‌ سۆز، مێهره‌بانی، خۆشه‌ویستی‌ بنه‌ماڵه‌‌و وڵات، هه‌ست کردن به‌ به‌رپرسایه‌تی له‌ ئاست چاره‌نووسی جگه‌ر گۆشه‌کانیان‌و تێکۆشان بۆ مسۆگه‌ر کردنی داهاتوویه‌کی ڕووناک بۆیان، غافڵ نه‌بوون‌و نابن، مافی بێئه‌ملاولای خۆیانه‌ جیا له هه‌موو‌ ڕۆژه‌کانی دیکه‌، ئه‌بێ له‌ رۆژی جیهانی دایکدا رێزی تایبه‌تییان لێبگیرێ‌‌و فیداکاری‌و خه‌باتیان نرخی بۆ دابندرێ.
ئه‌م رێزلێنانه‌ له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌کرێ شیاوی ئاوڕلێدانه‌وه‌ بێ، کۆمه‌ڵی کورده‌واری به‌هۆی سیاسه‌تی زاڵی داگیرکه‌ران‌، زاڵکردنی قه‌یدوبه‌ندی کۆنه‌په‌رستانه‌و ناسه‌رده‌میانه‌، جیا له‌وه‌ی به‌رده‌وام هه‌وڵیان داوه‌ ژنان له‌ بازنه‌ی تێکۆشانی سیاسیی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی دوورخه‌نه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ تا ڕاده‌یه‌ک له‌ نێو ئێمه‌ومه‌مانیشدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌و له‌ هه‌ندێک ناوچه‌و ده‌ڤه‌ری جیاجیا به‌ خه‌ستی‌و خۆڵی هه‌ستی پێده‌کرێ.
ئه‌م دیارده‌‌ بۆ خه‌ڵکی کورد به‌ گشتیی، خه‌باتگێرانی رێگای ئازادی به‌ تایبه‌تی، که‌ ساڵانێکی دوورو درێژ دژی نیزامی نابه‌رانبه‌رو چه‌وسێنه‌ر تێکۆشاون‌‌و تێده‌کۆشن، بۆ به‌دیهێنانی ئازادی‌و دێموکراسی فیداکاریان کردوه‌وو له‌ رێره‌وه‌دا کوێره‌وه‌ری زۆریان دیووه‌، شایان نیه‌ ئیزن بده‌ن‌ دایکان‌و ژنانی کوردستان به‌هیچ بیانوویه‌ک زوڵمیان لێبکرێ‌و مافی ڕه‌وایان به‌  بیانوگه‌لی  پیاومه‌زنانه‌‌و کۆنه‌په‌رستانه‌ پێشێل بکرێ.
ژنان‌و دایکانی هێژای کوردستان، سه‌ره‌ڕای هه‌موو جیاوازییه‌کانیان، ئه‌بێ به‌ یه‌کگرتوویی‌و هێزێکی زۆره‌وه‌ له‌ مه‌یداندا بن‌؛ له‌وه‌ش دڵنیا بن‌ تاکوو هێز نه‌بن‌و وزه‌کانیان وه‌سه‌ر یه‌ک نه‌خه‌ن، ناتوانن وه‌کوو پێویست به‌ره‌وڕووی داب‌ونه‌ریته‌ پاشکه‌وتووه‌کانی کۆمه‌ڵگا ببنه‌وه‌.
ئه‌و داب‌ونه‌ریتانه‌ی، له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێکدا، له‌ به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ی کولتووری پیاوسالاری‌و هێژموونی پیاودا، له‌ کۆمه‌ڵ‌و خێزان‌دا ده‌ور دبینێ‌‌، به‌داخه‌وه‌ زۆرجار ژنان بۆ خۆیان بواری بۆ ده‌رخسێن‌و له‌ ئاست نابه‌رانبه‌ری‌و ماف پێشێلکاریاندا، وه‌کوو پێویست ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیی هه‌ڵنابڕن‌.
له‌ ڕاستی‌دا، ژنان به‌و بێده‌نگییه‌ له‌ ئاست پێشێلکارییه‌کانی مافی خۆیان‌، جیا له‌ پێشلکردنی مافه‌کانیان، سته‌مێکیش له‌ ته‌واویه‌تی ئه‌و خه‌باته‌ ده‌که‌ن‌؛ له‌ پانتایی کۆمه‌ڵگادا له‌ لایه‌ن هه‌موو یه‌کسانی  خوازانی کۆمه‌ڵه‌وه‌ بۆ ئازادی‌، دێموکراسی‌‌و پێکهێنانی کۆمه‌ڵیکی یه‌کسان‌و به‌رانبه‌ر له‌ ئارادایه‌…
www.rehim.blogspot.com
rahim.rashidi@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.