Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
مارکسیزم دێوەزمەیە یان یۆتۆپیای فۆکۆیامای ڕۆشنبیر بۆرژوازی!

مارکسیزم دێوەزمەیە یان یۆتۆپیای فۆکۆیامای ڕۆشنبیر بۆرژوازی!

Closed
by May 15, 2013 گشتی

 

 

 

 

بەهای ئایدیۆلۆژیایی مارکسیزم بۆ مرۆڤایەتی بە فۆکۆیاما و قوتابیەکانی ناشوێندرێ. ماوەیەکە ڕۆشنبیرە ووردە بۆرژواکانی کوردستان، خەریکی ڕەتکردنەوە و نادروست نیشاندانی ئایدیۆلۆژیا و فەلسەفەی مارکسیزمن. بۆ ئەوەی بزووتنەوەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی سۆسیالیستی چەواشەبکەن، هاتوون ساوێلکانە و بەئارەزووی خۆیان مێژوو دەشێونن. بۆ ئەم مەبەستەش پەنایان بردۆتە بەر بالۆرە کۆنەکە و کۆپیکردنەوەی لێکدانەوەکانی فۆکۆیاما و هاوشێوەکانی بۆرژوازی و خواستە بۆرژوایەکانی خۆیان لەکتێبی(کۆتایی مێژوو) دا دەبیننەوە. واتە دەیانەوێ ڕووی ڕەشی سیستەمی سەرمایەداری سپی بکەنەوە و ئەم سیستەمە دڕندە و نامرۆڤانەیە بەنەمری بهێڵنەوە. تا مێژوو لەڕێڕەوە زانستیەکەی خۆی لابدەن، بەشێوازێکی دوور لەزانستی و خزمەت بەبەرژەوەندیەکانی بۆرژوازی مێژوو دەنوسنەوە و قسەی لەسەردەکەن. ئەگینا لەمێژە زانا و بیرمەندەکانی بۆرژوازی دەیانەوێ کاریگەری خۆیان لەسەر بیروڕای جیهان بەگشتی دابنێن و کوشتوبڕ و تاوانەکانی دیکتاتۆریەت و فاشیزمی بۆرژوازی بدەنە پاڵ سۆسیالیزم. یەکێ لە ڕۆشنبیرەکانی ئەم ڕێبازە دژی سۆسیالیستی و کۆمۆنیزمیییە، بەڕێز سیروان عەبدولە، کە  لەگفتوگۆیەکی ماڵپەڕی ده‌نگه‌کاندا، سه‌باره‌ت به‌ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی مارکسیزم و ڕۆڵی له‌ کوردستانی عێراقدا، بەم ڕستەیە دەسپێدەکات: (هاتوچۆی دێوه‌زمه‌یه‌ک به‌ خاکی کورداندا). بەڕاستی جێی داخە کەسێک خۆی بەڕۆشنبیر بزانێت و وائاسان خۆی لەڕاستیەکانی مێژوو بدزێتەوە. ئەوەش یان بەهۆی هەژاری و ناشارەزایی لەسەر مێژووی بزووتنەوەی کرێکاری و فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیای مارکسیزمە یان وەک هەر بۆرژوازیەکی تر مەبەستی دژایەتیکردن و خۆشباوەڕی پەیداکردنە بەبۆچوونە باوەکانی بۆرژوازی، هەوڵدان بۆ هێنانی تێڕوانینێکی پێچەوانەی مارکسیزم بۆ هەڵسەنگاندنی مێژووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی.  

لەگەڵ دەرکەوتنی سەرمایەداری و سەرهەڵدانی چینی کرێکار لەم ناوچەیەدا بیری مارکسیزم هاتۆتە ناو بزووتنەوەی کرێکاری و جەماوەریەوە. ساڵانێکی دوورودرێژە کۆمەڵگای کوردستان، وەک هەموو کۆمەڵگاکانی تری جیهان کاریگەری شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیەی لەسەر بووە. هەر بۆیەشە بیرمەند و ڕابەری شۆڕشی مەزنی ڕوسیە لینین یەکەم ئەرک و کاری شۆڕشگێڕی خۆی ڕابەرایەتیکردن و ئاسۆدانی سۆسیالیستی بووە بەتەواوی کرێکاران و مافخوراوانی جیهان لەهەر کوێ بووبن. مێژوو پێمان دەڵێت کە خەبات بۆ ڕزگاربوونی چینی کرێکار لەستەمی زاڵمانەی سیستەمی سەرمایەداری، بەرز ڕاگرتنی ئاڵای سۆسیالیزمە. چەند دەیەشە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان وەک تەواوی کرێکارانی تری جیهان، بۆ ڕزگاربوون لە چەوسانەوە و بەدەستهێنانی مافە ئابووری و سیاسی و مرۆیەکانی لەم خەباتەدا بەهەموو کەموکوڕی و لادانەکانی ڕەوتە سیاسیەکان بەناوی مارکسیزمەوە، هێشتا کۆمۆنیزم تەنیا ڕێگاو چارەسەرە بۆ ڕزگاربوون لە چەوسانەوە و گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی. ئەگەر کۆمنیزم تاکە ڕێبازی زانستی بێت بۆ نەهێشتنی جیاوازی چینایەتی و هەڵاواردنی نێوان مرۆڤەکان، بەچ پێوەرێک کراوەتە دێوەزمە، بەمەرجێک فەیلەسوف و زانایەکی وەک مارکس کەخاوەنی تیۆری سۆسیالیزمی زانستی (کۆمۆنیزم) لەسەر بنچینەی زانستی کۆمەڵایەتی و ئابووری سیاسی و فەلسەفە بێت. ڕەخنەگرانی بۆرژوازی بۆ ئەوەی لە بنەڕەتی زانستی کۆمۆنیزم، کەبە لۆژیکی دیالکتیک و ئامڕازی شۆڕشگێڕانە دەنەخشێنرێت، وە لەحەتمی بوونی تیۆری گەشەسەندنی مرۆڤایەتی سۆسیالیزم کەمبکەنەوە، دەبێت هەر بەشان و باڵی ئەم لیبراڵ دیموکراسە گڵۆباڵەدا هەڵبدەن و لەبازنەی بازاڕی ئازادی سەرمایەداران و (کۆتایی مێژوو)ی فۆکۆیامای مامۆستایاندا بخولێنەوە.

خۆزگە ئەو برادەرە تۆزێک خۆی ماندوو دەکرد و هێندێک پێناسەی زانستیانەی لەبارەی مارکسیزمەوە دەخوێندەوە، ئەگەر بیویستایە. ئەگینا ناکرێ وا بەئاسانی هەموو دیالکتیک و ماتریالیزمی مێژووی مرۆڤایەتی کەساڵانێکی زۆرە مرۆڤەکان خەباتیان بۆ کردووە، بخەیتە ژێر پرسیار بەبێ ئەوەی هیچ ئەلتەرناتیڤ و تیۆرێکی زانستیت پێ بێت، جگە لەجوینەوەی ڕا سواوەکانی بۆرژوازی خۆی. ئەم فەرهەنگەش بازدانە بەسەر مێژووی مرۆڤایەتیدا کەپێت وابێت، تەنیا دەوڵەتی لیبرال دیموکراسی بۆرژوازی کۆتایی مێژوو بێت و ئەم سیستەمی لیبرال دیموکراسی یە ڕزگارکەری مرۆڤایەتی بێت. بەمەرجێک هەر ئەم سیستەمی سەرمایەدارییە لەتەواوی جیهاندا خۆی لەقەیران و پاشەکشی و هەرەس و تێکشکاندابێت. ئایا پێمان ناڵێن بەدرێژایی نزیکەی دوو سەدە دەسەڵاتی سیستەمی سەرمایەداری بەسەر جیهاندا جگەلە هەژاری و برسیتی و بێمافی و شەڕ و وێرانکاری چیتری بەخشیوە بە مرۆڤایەتی؟ زەمەنێ فۆکۆیاما بانگێهێشتی کۆتایی مێژووی کرد، تەفسیری ئەو بۆ هەلومەرجەکە نەگونجاو پێچەوانەی  باردۆخەکە دەرچوو. ئەوەش سەلمێنرا، کەشکستی دەوڵەتی شورەوی ساڵی ١٩٨٩ بۆ ١٩٩١ ، شکستی سۆسیالیزم نەبوو، بەڵکو شکستی جۆرێک لە سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی بوو لەبەرانبەر بازاڕی ئازاد و سەرمایەداری ڕۆژئاوای سەردەمی تاتشەر و ڕیگندا. بێگومان ئەوە مارکسیزم نەبوو کەنەیتوانی درێژە بەتەمەنی دەسەڵاتی خۆی بدات لەشورەویدا، بەڵکو دیکتاتۆریەتی بۆرژوازی بوو لە شێوازێکی تردا. ئەگینا بەرنامەو پەیڕەو و میتۆدی مارکسیزم بۆ ئازادی و خۆشبەختی مرۆڤەکانە نەک دەستدانە سەرکوت و چەوسانەوە و برەودان بەستەم جارێکی تر.

کاک سیروان و هاوڕاکانی گەشکە دەیانگرێ کاتێک دەنوسن، کۆمۆنیزم شکستی ‌هێنا و لیبرال دیموکراسەکانی بازاڕی چەوسانەوەی مرۆڤەکان سەرکەوتنیان تۆمارکرد، وە دەیانەوێ بەم پاگەندەیەیان شکست و ڕسوایی ئەم سیستەمە چەوسینەر و نادادپەروەرەی سەرمایەداری بشارنەوە. چونکە وەک مامۆستا فۆکۆیاما پێیانوایە کە ئازادی مرۆڤەکان بە ماتریالیزمی مێژوویی مارکس لە نەمانی چینەکانی کۆمەڵگادا نایەتەدی و هەتا هەتایە سەرمایەداری دەمێنێ و جیاوازی چینایەتیش لەخۆیەوە لەناو هەمان ئەم سیستەمەدا ئەپوکێتەوە. بۆ دروستی تیۆرەکەشیان ئەمانیش وەک بۆرژواکانی ڕۆژئاوا بە هاوئاهەنگی نێوانیان دەیانەوێ بەزۆر مەرگی شورەوی بخەنە پاڵ کۆمۆنیزم. نازانن کەئەمە سەروەری نییە بۆ سەرمایەداری بەڵکو سەرەتایی شکستی سەرتاپای سەرمایەدارییە لەجیهاندا. بەچ بەڵگەیەک کۆتایی مێژووی چەوسانەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە هەردەبێت وەک فۆکۆیاما دەڵێت لەسیستەمی سەرمایەداری ئەم سەردەمی گڵۆباڵیزم و بازاڕی ئازادەی لیبرال دیموکراتەکاندا بێت. لەهەمووی گرنگتر ئەم فۆکۆیامایە کەخۆیشی هاوڵاتیەکی ئەمریکی بەڕەچەڵەک یابانی یە، ئێستا ڕەخنە لە دیموکراتیەتی ئەمریکا دەگرێ،  وە لەزۆرێک لەبۆچوونەکانی پێشووتری پاشگەزبۆتەوە. من پرسیار لە کاک سیروان دەکەم بۆ دەبێت ئەم هەموو تاوانە ئاشکرایەی سەرمایەداری لەسەرتاسەری جیهاندا لەپێناوی بەرژوەندی ئابووری و پێگەی سەربازیدا ڕۆژانە ئەنجامی دەدا بەڕەوابزانێت و ئەلتەرناتیڤی ئەم سیستەمە مرۆڤ کوژە هەر سەرمایەداری خۆی بێت واتە نابێت بگۆڕدرێت؟ ئەی کێ ئەم تاوانانە ئەنجام دەدات؟

ئێستاش پێچەوانەی بیروبۆچوونەکانی فۆکۆیامای بۆرژوازی تەواوی بزووتنەوە شۆڕشگێڕ و کرێکاری و کۆمۆنیستی و چەپەکان لەژێر کاریگەری تیۆرەکانی مارکسدا لەسەرهەڵدان و بەهێزبووندان و لەپێناو نەمانی چەوسانەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە لەسایەی سیستەمی سەرمایەداریدا خەبات دەکەن. ئەوە خەیاڵە کەپێت وابێت کۆتایی مێژوو سەرمایداری بێت و کۆمەڵگای بێ چین لەم سیستەمەدا بێتە کایەوە. گەر مێژوو لەپرۆسەی گەشەی پیشەسازی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا دروستبێت کەواتە گەشەی ماتریالی مێژوو مرۆڤەکان خۆیانن و بزوینەری مێژووش ململانێی نێوان چینەکانە.  لەهەموو ئەدەبیاتی مارکسیزمدا ئەو بوختانە نییە کەئەمان هەڵیانبەستووە، لەوەی مارکسیزم تەنیامانفێستی ناڕازیبوونبیت لەوەزعی مەوجود، بەڵکو بەپیچەوانەوە مارکسیزم مانفێستی گۆڕانکارییە لەڕووی ئابووری وسیاسی و کۆمەڵایەتی وفەرهەنگی سەرتاپای جیهان. ئەم تێگەیشتنە وەک تێڕوانینە بۆ شێر لەجەنگەڵدا، چونکە شێر خاوەنی هێزە هەردەبێت خۆی پاشا و بڕیاردەر و ببڕو بکوژبێت، ئیتر قسەیەک لەسەر بێمافی و چەوسانەوە بایەخی نامێنێت. کێ هێزی هەبوو دەبێ دەسەڵاتیشی هەبێت، لەپێناوی مانەوەشدا هەموو بژاردە نامرۆیەکان دەبێ پیادەبکرێت بەدەسەڵاتی رەهاشەوە، ئەوەش تایبەتمەندی مرۆڤە بێ ویژدان و چەوسێنەرە سەرمایەدارەکانن کەئەم برادەرانە بەرگری لەخۆیان و مانفێستەکانیان دەکەن. لەوانەیە قسە لەسەر ئەم باسانە زیاتر هەڵبگرێت، بەڵام ناکرێت تیۆری کۆتایی مێژووی فۆکۆیاما خۆی ئێکسپایەربووە لێرەدا زیاتری لەسەر بووترێت. بیرۆکەی فۆکۆیاما لەگۆڕانی بزووتنی ڕەوڕەوەی مێژوودا، ململانێی چینەکان نییە وەک مارکس ئاماژەی پێدابوو، بەڵکو بەپێچەوانەوە بزوێنەرێکی ترە کە ئامڕازەکەی زانستە سروشتییەکانە لەوەی ململانێکە لای مرۆڤەکان کورتبکرێتەوە لەپیناو داننان بەخودی مرۆڤ خۆیدا. ئەم بیرۆکەیەش پشتبەستووە بەو گریمانانەی کە هەرگیز ناتوانن لە خاڵێکی دیاریکراودا پێناسەی لەپڕ لەکارکەوتنی جوڵەی خۆیانمان بۆ بکەن، تائەو کاتەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و سیستەمی کۆمەڵایەتیەکە لە ڕیشەوە دەرنەکێشرێن. ئەگەر ئەم بزوێنەرەی فۆکۆیاما ڕاست بوایە ئەوا مێژوو ڕەوڕەوەکەی بەهێڵێکی ڕێک و بێوەستاندا دەڕۆشت. ئەوکات مێژوو قۆناغ قۆناغ نەدەکراو بەوپێیەش هەر لەقۆناغی کۆیلەیەتیەوە تا دەگات بەدەرەبەگایەتی و پاشان سەرمایەداری ئەو ماوە زۆرەی تێنەدەپەڕاند. بەڵام بەپێچەوانەی ئەم بیرکردنە بۆرژوازیانەوە لەهەموو سەردەم و قۆناغێکدا تاڕادەیەک دوو چینی جیاواز هەبوون، چینی باڵای دەسەڵاتدار و خاوەن سامان و چینی هەژار و چەوساوە و بێدەرەتان.

گەر زانستە سروشتیەکان بنچینەی گەشە بوایە وەک فۆکۆیاما دەڵێت، ئەوا مێژوو لە کاروانی بەردەوامی خۆیدا دووچاری ئەم هەموو قەیرانە نەدەبوو، چونکە پێشکەوتنی زانست ڕەنگدانەوەی هیچ جۆرە شێوازێک لەم قەیرانانە نییە. لەهەلومەرجێکی وادا ڕوخانی ئیمپراتۆرە دێرینەکان ڕووینەدەداو ئەوسا جیهانیش لەسێبەری ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی یان ئەوانی پێشتردا وەک فارسی و ئاشوری دەمایەوە. فەیلەسوفەکانی پۆست مۆدێرن لەدژایەتییکردنی مارکس و ڕەتکردنەوەی فەلسەفەی (ماتریالیزمی دیالەکتیک و ماتریالیزمی مێژوودا) زۆر خۆیان ماندووکردووە، هێندێکیان بەپەنابردنیان بۆ زانست کە بزوێنەری مێژوو بێت، وەک فۆکۆیاما لەزانستی سروشتی نوێدا باسی دەکات. هاوەڵە ئابووریناسەکانی فۆکۆیاما کە کاریگەریان لەسەر زانستی ئابووری سیاسی بۆرژوازی هەیە دەڵێن، زانست تاکە فاکتەری بەهای بەرهەمە نەک مارکس ووتەنی فاکتەری کار. واتە مرۆڤ تەنیا بوونەوەرێکی ئابووری نییە، بەڵکو پێش هەموو شتێک ئەم بوونەوەرە هۆشیاری بە خۆی دەدا تا خۆبەزلزان بێت و دەسەڵات بەسەر چواردەورەکەیدا بگرێت. ئەمان لەبیریان چووە کە لەنێوان بەرهەمهێنان و زانستدا پەیوەندیەکی دیالکتیکی هەیە، لەبنەڕەتدا گەر بەرهەمهێنان نەبێت هەرگیز زانست بوونی نابێت و گەشە و پێشکەوتن بەخۆیەوە نابینێت، مەگەر لە کاتی پەرسەندن و پێشکەوتنی بەرهەمهێناندا ئەویش گەشەبکات. میتافیزیکیەتی فۆکۆیاما لە تیۆری کۆتایی مێژووەکەیدا بەهەموو شێوەیەک بەختی سەرکەوتن لەدەستدەدات، کاتێک مرۆڤناسان و شوێنەوارناسان ڕێکەوتبن لەسەر ئەوەی بوونەوەرە هاوشێوەکانی مرۆڤ ملیۆنان ساڵ لەسەر ئەم زەویە ژیانیانکردووە، پێش ئەوەی هەستی هۆشیاریان وەک ئێستا گەشەیکردبێت.

  ئەگەر بەبیرکردنەوەی میتافیزیکیانە بوایە، مرۆڤ لەگەڵ دروستبوونیدا بەتەواوی ئاگایی و هۆشیاریەوە دەهاتە باشترین ژیانەوە، ئێستا مێژوو بەرەودوا دەگەڕایەوە و لەپێشکەوتنی ئامڕازەکانی بەرهێنانەوە رۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو پاش هەنگاوی دەنا. بەڵام بەرجەستەبوونی ئاگایی، مرۆڤ دەباتە دەرەوەی خودی خۆی و ئەو شتانە دەبینێ و لێیان ووردەبێتەوە کەلە چواردەوریدا بوونیان هەیە و بۆ بەردەوامی ژیان پێویستن و لەپێناوی بەرهەمهێنانەوەی ژیاندا گرنگیان پێدەدات. بەپراکتیزەکردنی میتۆدی مارکس فاکتی ڕکەبەری نیوان سەرمایەداران لەپێناوی قۆرخکردنی دەسەڵات و سەرمایە دەردەکەوێت، ئەم میتۆدەش لە میانەی ململانێی چینایەتیدا، هەرچینە هۆکارەکانی بەرهەمهێنانی  بەخۆی هەیە و ڕکەبەری لەسەر بازاڕ و نرخ شەڕی وێرانکەری تووشی مرۆڤایەتی کردووە. سەرەڕای ئەوەی کۆمۆنیزم دەیەوێ ناکۆکی نێوان مرۆڤەکان لەناو ببات، بەڵام هێشتا مارکس نەیووت کۆمۆنیزم کۆتایی مێژووە. بەڵام فۆکۆیاما و تەکنۆکراتەکانی بەپێچەوانەی مارکسەوە جاڕی کۆتایی مێژوویاندا و سیستەمی سەرمایەداریان لە خەیاڵی خۆیاندا بەنەمری هێشتۆتەوە. 

مێژوو دەڵێت هەقیقەت هەموو کات شۆڕشگێڕانەیەو کرێکاریش بە درێژایی پێشکەوتن و پەرەسەندنی بەرهەمهێنان، پشکی شێری هەبووە لەومێژووەدا و هەرخۆشی دروستکەری مێژوو و ئاییندەیە. کەواتە ئەم جیهانە موڵکی ئەوانەن کەتێیدا ماندوو بوون و قوربانیان بۆداوە. نەک موڵکی سەرمایەداران کە بەئارەزووی خۆیان سەوداو مامەڵە بەژیانی مرۆڤەکانی ئەم جیهانەوە دەکەن. گەر کرێکارانی جیهان یەکگرتووبن، ئەوا دەتوانن دەسەڵات بەدەستبهێنن. ئەوسا موڵکایەتی تایبەت ناهێڵرێت و جیهان دەبێتە موڵکی هەموان. کەس بۆی نابێ وا بەئاسانی قۆرخی بازار و سەرمایە بکات. ئەو کات دەکرێ تاوانبارانی شەڕی نێوان دەوڵەتانی سەرمایەداری لەسەر تاوانەکانیان سزاو زیندانی بکرێن، لەسەر جینۆسایدی مرۆڤەکان، لەسەر دروستکردنی قەیرانی ئابووری و بێکار و بێلانەکردنی خەڵک. کەوابوو ئەم گڵۆباڵیزمە جگە نەهامەتی شکستی ئابووری و مرۆیی چ خزمەتیکی بە مرۆڤایەتی کرد تا ئێمەش بەشان و باڵیدا هەڵبدەین، جگەلەوانەی کە قازانجیان لە ئاوکردن بەم ئاشەدایە.

١٤.٠٥.٢٠١٣

ئازاد بەکر

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.