Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
بیرۆكەی كۆمەڵەیەك بۆ زیندوەكانی هەڵەبجە؟… ئاسۆعەبدوللەتیف

بیرۆكەی كۆمەڵەیەك بۆ زیندوەكانی هەڵەبجە؟… ئاسۆعەبدوللەتیف

Closed
by January 8, 2008 گشتی

  شەرعیەتی خاوەندارێتی سومبولی كیمیاباران و سەرمایەی رەمزی ئەم شارەو عومەری خاوەر و ناوبانگە نەتەوەیی و جیهانیەكەی هەڵەبجە بۆ هیچ كەس و لایەن و رێكخراوو كۆمەڵەیەك نیە زەوتی بكات و قۆرخ و تابۆی هەتا هەتایی بكات بۆ خۆی، چونكە ئەمە بۆ خۆی ئەبێتە تراژیدیایەكی دیكەی هەڵەبجە.
  سەبارەت بە سازكردنی كۆمەڵە یان رێكخراوێك بۆ شەهیدە زیندوەكانی پاش كیمیاباران و ئەوانەی كە تا دوا پلە مەحرومن لە هەر ئیمتیازێك و لەهەر خۆشگوزەرانیەك تەنها لەبەر ئەوەی كەسیان شەهید نەبووە لە كارەساتی 16/3/1988 حەز ئەكەم هەندێ قسەم هەبێت و ئەم باسەش بكرێتە دەروازەیەك بۆقسەكردنی جددی لەسەر ئەو پرسە، كەئێستا جێگای مشتومڕو دیالۆگە لە ناو هەڵەبجەو هەندێ ناوەندی میدیایی و رۆژنامەی ئەلیكترۆنیدا و یەكەم جاریش بە ووتارێكی (ئیبراهیم هەورامانی) دەستیپێكرد لە سایتی كوردستان نیوز وەك پێشنیارێكی سەرەتایی..
  دیارە شەهیدانی هەڵەبجەو كیمیاباران و بریندارانی چەكی كیمیایی (بەخۆشمەوە كە تا ئێستا گەردو تۆزی كیمیایی لە چاومدا ئەمخاتە ئازار) شایان بە رێزو حورمەتن و ئەم حورمەتەش  نابێ یەكسان بكرێ بە بەهای دینارو دۆلار، وەك چۆن دەسەڵاتی بەغداو هەولێر گەرەكیانە، گرنگە دەسەڵات وەك كاڵچەرو توراسێكی سەدەی رابردوو لەم كارەساتە بروانێ و سومبولی مێژوویی و سیاسی لێ دروست بكات وەك پەیكەر، دیارە ئەو سومبولەش هەڵەبجەیە بەدەرەجەی یەكەم ئینجا خەڵكەكەی؟ ئێمە بە هەڵەبجەوە هەین و ئەژین و ئەنوسین و ناوبانگمان هەیە، لە ناوچاوی كەسمان نەنوسراوە هەڵەبجەو هەڵەبجەیی، پێناسەی هەڵەبجەیی بوونمان ئەو پەیوەستیە رۆحی و بستە خاكەی ژێرپێمانە، بۆیە ئەوەی كەسە نزیك و ئازیزەكانی شەهید بووە ئەوە پێش ئەوەی كە كەسی نزیكی ئەو بن كەسی دەرەجە یەكی شارەكەن و ئازیزی ئێمەشن و بەدیاریانەوە سەدان جار گریاوین، ئاخر هیچ جەژن و بۆنەیەك تێناپەرێ لە ماڵی ئێمەدا كە باوكم بۆ كاك سەعدون عەلی و خێزان و بنەماڵەكەیان بە خوڕ نەگری و چۆراوگەی فرمێسك بە دەموچاویدا نەیەتە خوار تەنها لەبەر ئەوەی كە دراوسێی چەند ساڵەمان بوون، گەورەیی ئەم كارەساتە لەوەدا بوو كە نەست و كۆنەستی هەموو خێزانە هەڵەبجەییەكانی یەكخست و كردنی بە خێزانێكی گەورەتر لە جاران، ئەبێت ئێمەی قوربانیدەر، واتە هەر تاكێكی هەڵەبجە خۆی بە خاوەنی ئەو شەهیدانە بزانێت و جیاكاریان تێدا نەكرێ، بۆیە هەڵەبجە ئەبێ وەك خۆی ئاوەدان بكرێتەوە بێ جیاوازی و مومكین نییە ماڵێك وەكو قارچك هەڵتۆقێ لەبەر ئەوەی كەسەكانی شەهید بوون و ماڵێكیش لە كەلاوەكەی خۆیدا چاوەرێی مەرگ بكات كە كەسی شەهید نەبوەو هیچ ئیمتیازێكیشی نەدرێتێ، لەگەڵ ئەوەی دوچاری دەیان ئاوارەبوون و ماڵوێرانی و برینداری و كویرەوەری بوەتەوە؟! چونكە شەرعیەتی خاوەندارێتی سومبولی كیمیاباران و سەرمایەی رەمزی ئەم شارەو عومەری خاوەر و ناوبانگە نەتەوەیی و جیهانیەكەی هەڵەبجە بۆ هیچ كەس و لایەن و رێكخراوو كۆمەڵەیەك نیە زەوتی بكات و قۆرخ و تابۆی هەتا هەتایی بكات بۆ خۆی، چونكە ئەمە بۆ خۆی ئەبێتە تراژیدیایەكی دیكەی هەڵەبجە، هەڵەبجە هی كەس نییەو هی هەموو كەسە و تاوانێكی جیهانییەو تەكنەلۆژیاو مۆدێرنەش لێی بەرپرسیارەو ئەمرۆ نەبێ سبەینێ ئەبێ قەرەبوو بكرێتەوە..، بۆیە دەبێ هەموومان ئەندام بین لە رێكخراوە گەورەكەی خودی هەڵەبجەداو رێگەش نەدەین دەستی لەرزۆك و خائین جیاكاری بكات لە ئیمتیازو ئاوەدانیەكانداو ئەم بكات بە گژی ئەودا، ئەو ئیمتیازو ئاوەدانیانەش كە ئەیبینین بە چكە چك 19 چك لە 19 ساڵدا؟!!
 گرنگە ئەم پرسە، پرسی دروستكردنی رێكخراوێكی چالاك بۆ رزگاربووان لە چەكی كیمیایی، یان كۆمەڵەیەكی بوێرو سەركەش كە لە باتی ئەوەی بپارێتەوە لە بەرپرسان ئەجنداو كارنامەی هەبێت بۆ شارەكە، كۆمەڵەیەك بۆ ئەوانەی كە رزگاربووی چەكی كیمیایین و شەهیدی زیندون دەبێ بە هەند وەرگرین و قسەی لە بارەوە بكەین چونكە هەر ئەو زیندوانە ئەتوانن لە داهاتوودا كارەساتەكان بكەنە سومبول و لە یادەوەری نەوەی نوێدا بە زیندوویی رایبگرن، گەلانی جیهان هەموو سودی مەعنەوی و سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیان وەرگرت لە كارەساتە كۆمەڵكوژیەكانیان ئێمەی كورد نەبێت، یابان كارەساتی هێرۆشیماو ناكازاكی كردە سەرمایەی رەمزی بۆ ووڵات و نەتەوەكەیان و جولەكەش كارەساتی كۆمەڵكوژی (هۆلۆكۆست) یان لەبیر نەكرد كە لەسەردەستی نازی ئەڵمانی روویدا و گەلی ئەرمەنیش بەهەمان شێوە داوای مافی ئەرمەن ئەكەن لە توركیا كە لەسەرەتاكانی سەدەی بیستەمدا قەتڵوعامی نەتەوەی ئەرمەن كرا لە سەردەستی دەوڵەتی عوسمانی، ئێستا ئەو كارەساتانە وەكو جینۆسایدو بەڵگەنامەی مێژوویی مامەڵەیان لە گەڵدا ئەكرێت و بووەتە گوتاری دەوڵەتی و وەك دیكۆمێنتارێكی كۆمەڵكوژیانەی سیاسی نەك مرۆیی و حیزبی مامەڵەیان لەگەڵدا ئەكرێت، ئەم كارەش بێگومان بە خەڵكی عاتیفی ناكرێت و كەسی لێ براوو چوست  چالاكی دەوێت كە كارەساتەكان وەك خۆی ببینێت بۆ شارەكەی بە بێ جیاوازیی و دیارە رێكخراوێكی لەو جۆرەش دەبێ ئەمە ئەركەكەی بێت، ئایا هەڵەبجەش وەك ئەو كارەساتانە لە سەردەمی ئازادی و دەوڵەتی مۆدێرندا مافی ئەوەی نییە بكرێتە سەرمایەیەكی رەمزی و بەشێوەی فەرمی بناسرێت و قەرەبووی بكرێتەوەو كارەساتەكە وەكو (دیكۆمێنت) بەڵگەنامەیەكی رەسمی دانی پیادا بنرێ؟ ئایا لەبری باوەشكردنەوە بۆ هاشمی و مالیكی و پاوڵ و جەعفەری و حەكیم و كێ و كێ و تاجەگوڵینەی سارد لەسەر مەزاری نەمرەكانمان مافی ئەوەمان نییە بەمیزانیەی دەوڵەتی نوێی عیراق بریاری دروستكردنەوەوبەپارێزگاكردنی بدرێت و زانكۆو پەیمانگاو كارخانەی گەورەی بازرگانی و پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ دابین بكرێت لە داهاتی نوێی عیراق؟ ئەگەر هەڵەبجە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقیدایە ئەوا ئەبێت هەر ئەو عیراقەش قەرەبووی زیانەكانی بۆ بكاتەوە، بەڵام ئایا ئەو قەرەبووە نابێت بە یەكسانی دابەش بكرێت بەسەر شارداو هەموو شار لێی سودمەند بن؟! بۆیە لەگەڵ ئەوەی كە من لەگەڵ ئەو جۆرە رێكخراوەدام بۆ رزگاربووان لە چەكی كۆكوژ كە ئەتوانرێت لە داهاتوودا وەك شاهید عەیان سودیان لێوەرگیرێت، هەمانكات لەگەڵ دەیان رێكخراوی تریشدام بۆ توێژینەوەی زانستی لە جۆری كیمیایی و مافدانی تەواو بە خانەوادەی شەهیدان و كەس و كارە سەربەرزەكانیان تا ئاستی پێویست و بەوانەش كە رزگاریان بووەو ئێستا گیرۆدەی دەیان دەردو نائارامی و وەسوەسەن و هیچیان بۆ نەكراوە، دیارە ئەم رێكخراوانەش  دەبێ بۆ ئەم ئامانجانە تێبكۆشن،
 
 1- كێشەی هەڵەبجە بگوازرێتەوە بۆ پەرلەمانی عیراق و مۆڵەتی دانیشتنێكی رەسمی وەربگرین تا نوێنەرە راستەقینەكانی هەڵەبجە لە بەغدا قسەی خۆیان بكەن و بەئامادەبوونی ئەم نوێنەرانە بریارگەلێك بۆ ئەم شارەمان دەربكەن.
 2-  ناوی هەڵەبجە لە دەوڵەتی نوێدا بە قانون وەك كارەساتێكی نیشتیمانی بچەسپێت و وەك سەرمایەیەكی رەمزیش پەرلەمانی عیراقی (پرۆتۆكۆل) ی بكات و بودجەی تایبەت بەئاوەدانكردنەوەی بۆ تەرخان بكرێت، مەرجیش نیە ئاوەدانكردنەوە لە دابینكردنی چەند سەد خانویەك و گۆرەپانێكی وەرزشیدا گیر بخوات تەنها بۆ كەس و كاری شەهیدان، بەڵكو ئەبێت بۆ گشت هەڵەبجەییەكان بێت.
 3-   پەرلەمانی عیراق هەستێت بە دانانی یاساو بودجەیەكی بەردەوام (ساڵانە) بۆ قەرەبوكردنەوەی زیانە رۆحی و مەعنەوی و جەستەییەكانی خەڵكی ئەم شارە كە سەروماڵیان تیاچوو.
 4-  هەڵەبجە وەكو رای گشتی و نێودەوڵەتی راستە ناسراوە، دەبێت ئەو ناسینەش بە یاساو پرۆتۆكۆلی نێودەوڵەتی وەك جینۆساید، واتە كۆمەڵكوژی و بە بەشێوە یاساییەكەی بچەسپێ.
 5- پەرلەمانی كوردستان كار بكات بە ئاراستەی جێبەجێ بوونی ئەم ئامانجانەو كارئاسانی لە پەرلەمانی عیراقیدا وەك پشتگیری وكۆدەنگیەكی یاسایی كوردستان لە ووردەكاری ئەم ئامانجانە.
 
 Asolm2002@yahoo.com
 

Previous
Next