ناشوێن ………یوسف عیزەدین
بۆ "Anita Espander " لەهەر ناشوێنێک بێت …..
من لەکوێم
لەبەر دەرکەى کام سەفەرا
زەلیلم وەک زەلیلیى ئاو
بۆ گەرمەتاوێک بمباتەوە بۆ ئاسمان
تا لەباوەشى هەورا
بیر لەبارینى دڵۆپەکان بکەمەوە
چاوەڕێم
چاوەڕێى کام قەدەرم
جوانتر بێ لەقەدەرى حەرفەکانى وەهم
سەیرتربێ لەوشەکانى با
قوڵتربێ لەدەروونى شێتەکانى بەهەشت
من چاوەڕێى چیم
بۆ بینینى چ پەلکەزێڕینەیەک راوەستاوم
بیر لە چ گەردوونێکى بێ ئەستێرە دەکەمەوە
خەون بەرووکارى چ کتێبێکەوە دەبینم
پڕبێت لەسیحرى پاساژەکانى مێخەک
نغرۆ بێت لەبۆنى مەمکۆڵانى کچۆڵانى خەون
من چاوەڕێى چیم
بۆ تینووم وەک باڵندە بێپەڕەکانى دۆزەخ
ماندووم وەک جەللادەکانى حەقیقەت
سووتاوم وەک دەنکەکانى هەنار
من لەکوێم
لە کۆریدۆرەکانى کام مێژووا
تێکەڵ بەبۆنى نۆستالژیاى کام رۆژگارێ
لەدواى کام کاروانێ و
لەپاڵ کام چەتە و پیاوکوژ و بازرگانێکا
لە پاساژەکانى کام زەمەنا
لەنێو کام باوەڵ و سەرداب و پێچوپەناى
کۆشکەکانى خەیاڵا بۆ وێنەیەکى
لێکچوو بەخۆم دەگەڕێم
لە چ ئان و ساتێکا
بۆ بینینى چرکە و خولەک و کاژێرى
یەکەمین کاتژمێرى لم دەگەڕێم
من لەکوێم
کام تۆپۆگرافیایە
کام پانتایى جوگرافیایە
کام کون و کەلەبەرى شوێنە
من لەنێویا هەم
من لەکوێم
لەکام سەرابستانا تینووم
لەکام نەخشەدا بۆ ئاو دەگەڕێم
ئاوێکى زەلیل وەک خۆم
چەواشەى چ بەهەشتێکم کەنایبینم
تا دەم بنێمە رووبارە سەیرەکانى
تا تێر ئاوبم لە زنە و کانییەکانى
نایبینم
تا سەرسامبم بەبینینى حۆرییەکانى
خەفەت بۆ غولمانەکانى بخۆم
سڵاو لەبەهەشتییەکان بکەم
هەواڵى بێزارییان ببیستم
من لەکوێم
لەدەرەوەى کام شوێن بۆ شوێن دەگەڕێم
تاجەستەى قوڕاویم
لە ژێر بارانیا بشۆمەوە
من لەکوێم
تا بۆ ناشوێنێک بگەڕێم
نەفرەتى سولایەک لەبەشەرى
لەخۆم نەرمترى
تیا بنێژم
تا گوڵە وشکەکانى تیا بچێنم
ئەو گوڵانەى بەهەڵمژینى
بۆن خوێنى کوژراوەکانى عەدەم
دوا هەناسەیاندا و مردن
دەبێت ئەو گوڵانە ئاودەم بەفرمێسکى
هەموو ئەو دیناسۆرانەى پەشیمانن
لەبەجێهێشتنى زەوى بۆ ئێمەى بەشەر
ئێمەیەک لەواندڕتر، لەوانشێتتر
لەوان کڵۆڵتر و بەدبەختتر
ئێمەیەک کەنازانین نەوەى کێین
نەوەى ئادەم و حەوایەک لەتاوان
کەخالیق ویستى زەمین
بەوان بکاتە گۆمێک لە خوێن
یان نەوەى گۆریلا داماوەکانى جەنگەڵ
من لەکوێم
لەکام دەریادا بۆ حۆرییەکانى دەریا
دەگەڕێم
تا دەم بنێم بەلێویانەوە و
لەواتاى چرپە بگەم
لەکام دوورگەدا گوێ بۆ دەنگى
باڵندەکانى سیحر رادەگرم
تا پاش ئەوان هیچ نەڵێم
من لەکوێم
لەسەر ئەم زەمینەم یان لەشوێنێکى دى
ئەى ئەگەر لێرەم
بۆ هەلوەسەى بینینى زەمینێکمە لەخۆڵ
لەئاو، لەبەرد، لە هەموو ناوهاتووەکانى
نێو کتێبەکانى بایۆلۆژیا
بۆ هستریامە بۆ دۆزینەوەى
یەکەمین شوێن پێى مرۆڤێک
لەتان و پۆکانى شوێن
کام شوێنە ئەوداڵیم
ئەو شوێنەى کەخالیق دروستیکرد
یان ئەو شوێنەى پێش ئەویش هەر هەبوو
کام شوێنە سەوداسەرى بینینیم
ئەو شوێنەى بەردمانکردە
سەرەتاى ئەوەى ئێستا
بەرد بارانمان دەکا
یان ئەو شوێنەى قوڕمان تیاکردە
سەرەتاى حیکایەتاکان
تا هەموو حیکایەتەکانمان لەقوڕهەڵشێلین
کام شوێن
ئەو شوێنەى زمانمان تیا پژا
بەسەرجەم ئاوەڵناوەکانى جەهل
ئەو شوێنەى بۆ یەکەمجار
خوێنى ئاژەڵەکانمان
تیاکردە یەکەمین وێنەکانى
سەر دیوارى ئەشکەوت
ئەو شوێنەى هێندەى قووڵایى زەمەن
یەکترمان تیا ئەتکرد و
پڕبەدڵى خۆمان سوارى
ئەندێشەى هەموو ئەوانە بووین
کە لەئێمە دەچوون
یان ئەو شوێنەى
بەشێکە لەخەیاڵى نەوەیەک
لەمردووەکانى ناشوێن
بەشێکە لەخەیاڵى رەوێک
لە حەیوانەکانى ئەزەل
من لەکوێم
لە چ شوێنێکا خەوتووم
خەون بەچ نەهامەتییەکى دیکەى
سیماى ئاگرەوە دەبینم
سەیرى کام دۆزەخ دەکەم
کە گوناهەکانم ناگرێتە خۆى
بیر لەچ کوفرێک دەکەمەوە
تا دەرکەکانى ئەو دۆزەخەم
بۆ بخرێتە سەر پشت
حەزم بەبینینى کام زەبانییەو
جەللاد و ئەژدەهاى
پشتى ئەو دۆزەخەیە
تا هێندە تینووى بینینى بم
نازانم لەکام رێگەوە بچمەوە سەرى
تا لەبەهەشتى ئەم دنیایە هەڵبێم
کام رێگەى تاوان بگرمە بەر
شەڕ بەکامە ئەفسانە بفرۆشم
لەگەڵ کام داستان بجەنگێم
نەفرەت لەکام فریشتە بکەم
کام خوداوەند لەخۆم تووڕەبکەم
نازانم لەکام مێژووەوە دەست پێبکەم
ببمە فەرماندارى کام سوپاى خوێناوى
سەفەر بەکام رێگەى کوشندەیا بکەم
لەکەللەسەرى کام میللەت
قەڵا و قوولە دروست بکەم
وێنەى کام جەنگاوەر بەرزکەمەوە
لەگەڵ کامیان ببمە هاوڕآ
بچمە سەردانى کامیان
لەحزوورى کامیانا بنووشتێمەوە
نازانم لەجەنگیزخانەوە دەست پێبکەم
یان لەو کۆنتر بکەمە هاوڕێى
سەفەرى قڕکردنى بەشەر
نازانم بەهەمان رێگەى ئەوانا رەوبکەم
یان ئەوانیش لەگەڵ خۆم بەرمە
سەمەرقەند، دواتر بوخارا و هیند
پاش زەمەنێکیش لەرێکردن بیانبەمە
سەر شوێنى سڕدراوەى کارتاج
یان هەر لێرەوە دەست پێبکەم
لەشوێنجێگەى زامەکانى
هەموو ئەو مرۆڤانەى بۆ بینینى خوا
وەک هیچێتى دنیا توانەوە
وەک هەموو ئەوانەى
وەک حەللاج
لەرێگەى دۆزینەوەى خوایا
خۆیان لەنێو سەجع و رەوانبێژى عەدەما
لەرۆژگارێکى خۆڵاویا لەبیرچوو
بەڵام هەر رۆیشتن
تابوونە هەڵم و تەم و هەور
بوونە باران بۆ هەموو
ئەو زەوییانەى کەنەبوون
بوونە خەیاڵى قوربانییەکى ماسۆشى
کەبەشوێن سادییەتى جەللادێکا دەگەڕێ
کەخۆى نەمابێت و بووبێتە تەور
بووبێتە نەفرەت و رک
تاوەک ئەو فریشتەیەى رۆح دەکێشێت
رۆحیان بکێشێت
نازانم لەکوێوە دەستپێبکەم
لەکام کیشوەرەوە رێگە بگرمەبەر
لەکام دەریاوە سەفەر بکەم
کام توخمى بەشەر
بکەمە هاوڕێى سەفەر
بگەمە چەند بەندەرو
لەنێو گەڵى چەند سۆزانیا بخەوم
بۆنى سنگى کامیان
لەگەڵ خۆم بێنم
یادەوەریەکانى کامیان
بخەمە پریاسکەى سەفەرم
بیر لەنێوگەڵى کامیان بکەمەوە
چاوى شەهوانى کامیان
بکەمە فیگورى حەزى شێتانەم
بۆ کام دڵۆپە سپێرمم
حیکایەتى دۆڕانى ئەوان بگێڕمەوە
وێنەى ئاڵۆشاوییانەى کامیان بهێنمەوە
تا هەموومان لەماناکانى یەئس بگەین
حەز لەکامیان بکەم و
کامیان لەویتریان جوداتر ببینم
من لەکوێم
لەکام شوێنى ئەم دنیایە
بۆ تۆ بگەڕێم و
نەتدۆزمەوە
2008