Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
موزیک چۆن کاردەکاتە سەر منداڵان؟

موزیک چۆن کاردەکاتە سەر منداڵان؟

Closed

 

 

 

 

 

ئایا موزیک چۆن کاردەکاتە سەر مرۆڤ بە شێوەیەکی گشتی؟ سەدەها ساڵە کارتێگەرە سیحراویەکەی موزیک لەسەر مرۆڤ وەسف دەکرێت، بەڵام ناتوانرێت ڕوونکردنەوەیەکی جێگیر بدرێت.

شێوازی کارکردنی مرۆڤ لەگەڵ زانیارییەکاندا:

مرۆڤ بەهۆی گوێگرتنەوە تابلۆیەکی “وروژێنەرێکی بیستراو” لە هزریدا بنیات دەنێت. گۆڕینی ئەم شەپۆلی دەنگانەش بەشێوەیەکی گشتی بۆ هێمایەکی دەماریی زۆر کەمە. کاریگەرێتی ئەو دەنگەش پشت دەبەستێت بە جۆر و توندیی دەنگەکە، سەرچاوەکەی، چڕییەکەی وە ئەو گۆڕانکارییەی لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا بەسەر دەنگەکەدا دێت.  کارکردن لەسەر ئەم شەپۆلانە بە سێ قۆناغی جیاواز لەیەک دەڕوات، کە بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین، کە وروژاندنەکە بۆ پێکهاتەیەکی دەروونی دەگۆڕێت، پاش ئەوە بۆ ئاستێکی هزریی و لە کۆتاییدا لە کارپێکردنی ناوەندیدا گۆشەنیگاکان شی دەکرێتەوە. 

پێکهاتەی دەروونی:

ئەمەش ئاستێکی نەستییە، کە مرۆڤ بە هزر ناتوانێت کاری لەسەر بکات. بۆ نموونە ئەو وروژاندنە بیستراوە پێناسە دەکات، دەنگە سەرەکییەکان لە دەنگە لابەلاییەکان جیادەکرێتەوە یاخود کەرەسە موزیکییەکان، دەنگی گۆرانیبێژەکان وە قسەکەرەکان لەیەک جیا دەکرێنەوە. لایەنە دەروونییەکەی بەشی نەستی بیستراوەکان لە گوێوە دەست پێدەکات، یەکەم دەمارەکانی ناسینەوە، گورزەکانی دەماری هەستی بیستن هەتا دەگاتە تاوەرەکانی بیستن. لە میانی پەیوەندی نێوان بەشە ئاڵۆزەکە زەیتونییەکەی مۆخ، بۆچوونکێکی واش هەیە، کە لەوانەیە مۆخی بچوک کار لەسەر ریتم و کاتی موزیکەکەدا بکات. ئەوەی گرنگە لەم بەشە موزیکییەدا ئەوەیە، کە هەست بە هەڵە و شڵەژاندنێکی موزیکی لێرەدا ناکرێت، بەڵکو لەوانەیە گونجاندن و هارمۆنییەکی ڕیتمی جێگیر وەک شڵەژاندنێکی ئاوازی بگرێتە خۆ یان بە پێچەوانەوە. 

کارکردنی ئاستی هزریی:

لەم ئاستەدا هزر توانای کار و چالاکی هەیە، بەڵام مەرج نییە، کە وەک ئەرکێکی پێویست هۆشمەندانە و هزرییانە کاری لەسەر بکات. بەپێی بۆچوونەکانی جەستەناس کارڵ پریبرام لەم بەشەدا سێ تەوەر هاوکات مێشک کار دەکات:

تەوەری یەکەم: بابەت و تەنە هەستپێکراوەکان پێناسە دەکرێن و لە تۆڕێکی پەیوەندیدا دیار و دەستنیشان دەکرێت

تەوەری دووهەم: هەستپێکراوەکان لە هەموو ئاستێکی نوێدا دەپشکنرێت و بەهای بۆ دادەنرێت بە چ ئاراستەیەک دەڕوات.

تەوەری سێهەم: بەها و ڕۆڵی گرنگێتی هەستپێکراوەکان لە ناو بارە نوێکەدا دەپشکنرێت.

لە تەوەری یەکەمدا دەنگ و کاتەکان بۆ ئاواز و ڕیتم و وێنە موزیکییەکان پۆڵێن دەکرێن. بۆ ئەم پرۆسەیەش بنەماکان بەکاردەهێنرێت، کە پشت بە ئاراستە و کولتوری موزیکی دەبەستێت. لێرەدا بەکارهێنان و گوێگرتنی موزیکەکە لە ئاستێکی هزریدا دەبێت و گەر گوێگر کەسێکی مۆسیقاژەن یان توێژەرێکی موزیکی بێت، ئەوا لەم ئاستەدا توانای شیکردنەوە و بەهای زانستییانەی ئەو پارچە موزیکەی هەیە. واتە لەم تەوەرەدا بوونە دەنگییەکان لە نەستەوە بۆ یەکەیەکی موزیکی هزریی بەرجەستە دەکرێت.

تەوەری دووهەم تایبەتە بە بیر و هەستەکان. لەسەر بەنمای ئەو زانیارییانەی کە لە ناو بیردا “هۆشدا” کۆکراوەتەوە و پارێزراوە بڕیار دەدرێت ئایا “دەنگ” زانیارییە هاتووانە بە بیر نوێن یاخود کۆنن، ناسراون یاخود نەناسروان. لێرەدا پەیوەندییەکان بەستراون بە ڕووداوە ناونراوەکان، ئەویش بە پەیوەندیکردنی نێوان دەنگ و ئاوازە بیستراوەکان بە پێکهاتە بینراوە پارێزراوەکان وەک نووسراوەکان، تێبینییەکان وە وێنەی وشەکان لە لایەک وە پێکهاتەی بیستراوی وشەکان. لەهەمان کاتدا ئەو هەست و سۆزانە بە ئاگا دێن، کە پەیوەندییەکیان بەو واقیعەی ئەو ساتەوە یان واقیعێکی هاوشێوەوە هەیە. 

لە تەوەری یەکەم و دووهەمدا ئەوەی دەردەکەوێت بریتییە لە چێژ و پەسەندکردنە موزیکییەکانی تاک، کە هاوکات لەگەڵ زانیارییە موزیکییەکان و یادەوەرە تایبەتییەکان و ئەزموونی گوێگرتندا کاردەکات و دەبن بە یەک یەکەی یەکرتوو. 

تەوەرەی سێهەم: کە تیایدا کەمتر هزر کاریگەر دەبێت لە شیکردنەوەکاندا، بەڵکو زیاتر کار لەسەر مامەڵە و کاردانەوە دەکات تیایدا. لێرەدا کار لەسەر هەموو زانیارییەکی دەوروبەری هەستپێکراو دەکرێت، ئایا ئەو زانیارییە موزیکییانە گرنگن یاخود هیچ گۆڕانکارییەک لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن. بۆ نموونە سەرنجڕاکێسان بۆ پارچەیەک لە موزیکەکە یاخود یەکێک لە ئامێرەکانی ناو پارچە موزیکییەکە. 

لە لایەنە پێکهاتە جەستەییەکەوە هەر سێ تەوەرەکە بەهۆی پێکەوە کارکرنی بەشە تایبەتییەکەی مۆخ بەرجەستە دەکرێت، کە تایبەتمەندە بە بیستن. لە چەقی ئەو بەشەدا بریتییە لە ئەموگدالا “Amygdala” وە هیپۆکامپوس “Hippocampus” ، کە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە یادە کورتخایەن و درێژخایەنەکاندا. لێرەدا هەموو زانیارییە کارپێکراوەکانی هەستپێکراوەکان کۆدەبنەوە وە ئەم دوو بەشە بە سیستمی لیمفەکانەوە بەستراون، کە ئەمانیش بۆ کارکردن لەگەڵ هەست و سۆزەکاندا ئامادەن. زانیارییە کۆکراوەکان بەهۆی ئەمیگدالاوە مامەڵەیەک دیاری دەکات و دەنێردرێتە بەشی پێشەوەی مێشک و لەوێشەوە بۆ “ناوەندی مۆتۆڕی مۆخ” دەنێردرێت.

کارپێکردنی ناوەندی:

کارپێکردنی ناوەندی هەموو بیرۆکەکان و هەموو پرۆسە هزرییەکان لە ئاستێکی هۆشمەندیدا دەبێت. مرۆڤ لێرەدا هۆشمەندییانە پرۆسەیەکی دیاریکراو پێناسە دەکات و بەو پێیە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. 

 

پاشکۆکان:

لەم کورتە شیکردنەوەوە بۆمان دەردەکەوێت کە کاریگەرییە هەستییەکانی بیستنی پارچە موزیکێک چۆن کاردەکات. بەڵام دەربڕین و بنەما ویستراوەکانی ئاوازدانەرەکە، کە خۆی لەناو پارچە مویکییەکەدا دەردەبڕێت، لەلایەن  گوێگرەوە بە هزر یان بە نەست هەستی پێدەکرێت. لە میانی مێشکەوە مۆدێلێکی تایبەتی بۆ دەستنیشان دەکرێت بۆ ئەو شێوازە دەربڕینە، کە پێکهاتە فیزیایییەکەی پارچە ئاوازەکە دەستنیشانی دەکات. ڕۆشنبیریی زانستیمان سەبارەت بە موزیک وە سەبارەت بە مۆدیلی جیاوازەکانی مامەڵە موزیکییەکان و هەروەها بوونی ساتیی ئەو کەسە پێکەوە کار لەگەل مامەڵەکردن لەگەڵ پارچە موزیەکەکدا دەکەن. جگە لەوەش پێکەوەژیانی ساتیی موزیکەکە بە مامەڵە پێداویستییەکان کۆنترۆڵ دەکرێت، کە بۆ هەر پارچە موزیکێک جۆرە مامەڵە و کاردانەوە و یاد و هەستێکی جیا دەدات بەو کەسە. 

بە یارمەتی توێژینەوەیەک ئەوە دەرکەوتووە، کە موزیک کاریگەرێکی هێمنکەرەوەتری دەبێت، کاتێک نەخۆش بەر لە نەشتەرگەری بە ئارەزووی خۆی پارچە موزیکێک هەلبژێرێت.

 

پێوەری گۆڕانکارییە جەستەییەکان:

موزیک دەتوانێت لە کەمتر لە چرکەیەکدا کەشی کەسێک بگۆڕێت وە دەتوانێت ڕۆح هێمن بکاتەوە، هەستکردن بە کەسی دیکە، خۆشی و شادی بێنێتە کایەوە و دڵیش ببوژێنێتەوە. 

ئایا موزیک کار لەسەر چ بەشێکی جەستە و ئەرکەکانیان  دەکات؟

هەناسە

لێدانی دڵ

فشاری خوێن

گرژی ماسولکەکان

باری جەستەیی

گەرمیی جەستە

ئەنزیم و لیمفەکان، …..

 

بەڵام مرۆڤ پرسیار لە خۆی دەکات، چۆن موزیک ئەم هەموو کارتێکەرانەی دەبێت، کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێداوە. بەر لە هەموو ڕوونکردنەوەیەک دەبێت ئەوە بزانین، کە جەستەی مرۆڤ هەمووی پێکەوە کاردەکات. بەپێی شێوازی ئاوازەکە، رێتمەکەی، هارمۆنێتی، خێرایی و جۆری دەنگەکان موزیک دەتوانێت هەێمن بکاتەوە، هارمۆنێتییەک بەرجەستە بکات یان گوێگر چالاکتر بکات، بەڵام لە باری زۆر دەگمەندا موزیک دەبێتە هۆی ترس و ناڕەحەتی. بەشێوەیەکی گشتی کاریگەرێتی لە سەر سێ بەش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت:

لەرینەوە کە سەرتاپای جەستە دەگرێتە خۆی

هەست و سۆز، کە لە فراوانترین دەروازەکانەوە دەچێتە ناو ڕۆحی مرۆڤ

هارمۆنێتی و ڕێکخستن لە ئاستی ڕۆحیدا بەل بەشانەدا، کە دەروون و ڕۆح دووچاری بەستن و مانەوە بوون، کە بەهۆی موزیکەکەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی بالانسێکی نوێ لە پێکهاتە ناوەکییەکەی مرۆڤدا. 

 

ئەو موزیکەی کە هەمان ریتم و هارمۆنێتی ئاواز و مانەوەی لە یەک خێراییدا بەشێوەیەکی هێمنکەرەوە کار دەکاتە سەر گوێگر، بەڵام ئەمە ناتوانین شێوازێکی گشتی بدەینێ، بەڵکو هەموو مرۆڤێک لەو بارەدا کاریگەرییەکی تایبەتی بەسەردا دێت بە تایبەتی لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا فشار لەسەر تاک زۆرە و مەرج نییە هەموو موزیکێک بەهەمان ئاست هێمنی و هارمۆنی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت. بەڵام لە بارە ئاساییەکەدا ئەم موزیکە خاوکردنەوەیەک بەرجەستە دەکات: هەناسە بێ ئەوەی هەستی پێبکەین قوڵتر و درێژتر دەبێت، هەندێکجاریش خۆت لەگەڵ خێرایی و ریتمی موزیکەکەدا دەگونجێنێت، بەهۆیەوە لێدانی دڵیش هێواشتر دەبێتەوە. بەم هۆیەوە فشاری خوێن دادەبەزێت و پلەی گەرمی جەستە دێتە خوارەوە. لە کۆتاییدا ماسولکەکان دەتوانن خۆیان لە گرژبوونەکان ڕزگار بکەن و لەهەمان کاتدا چەندێتی ئۆکسجین و ئەنزیم و هۆرمۆنەکانیش خۆیان ڕێکبخەنەوە. 

باشترین نموونە کۆرپەیەکی بچوکە: گۆرانییەکی هێمن بەشێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش کاریگەرێتی لە هێمنکردنەوەی منداڵەکەدا دەبێت. نۆتەی سێچارەکیی هاوئاستی پارچە موزیکێک، میلۆدییەکی هارمۆنی و دەنگێکی متمانەبەخشی دایک یان باوک زۆر بە خێرایی منداڵ هێمن دەکەن و خەویان لێدەخەن. بەگشتی دەتوانین بڵێین کە کارتێکەرەکان و کارتێکراوەکان هەموویان پێکەوە بەستراون و موزیک کار دەکاتە سەر جەستە و ڕۆح و دەروون. 

هەر لەەبر ئەم هۆکارانەیە دەبینین موزیک هەموو ڕۆژێک زیاتر موزیک بەکرادەهێنرێت لە چارەسەرییە دەروونییەکان وە بەتایبەتی لە ئەمریکادا، کە ئاواز و ریتمە جیاوازەکان بەکردەهێنرێن لە ناو نەخۆشخانە و چارەسەرە دەروونییەکاندا بۆ ئەوەی پرۆسەی چارەسەرەکە خێراتر بکات. ئەنجامی هەندێک توێژینەوە ئەوەیان دەرخستووە، کە کاریگەرییە پۆزەتیڤەکانی موزیک وای کردووە، کە بەکارهێنانی موزیک لەناو نەخۆشخانەکان و پزیشکەکانی دداندا لە زیادبووندایە بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکان و هێمنکردنەوەی بارە دەروونیی و جەستەییەکەی نەخۆشەکان وە هەروەها بۆ کەمکردنەوەی فشاری دەروونیی و ترس و تەنگەژی. مامانەکانیش موزیک بەکاردەهێنن بۆ کەمکردنەوەی ئازاری دووگیانەکان و ئاسانکردنی پرۆسەی منداڵبوونەکە.

 

چی ڕوودەدات، کاتێک منداڵێک لە تیپێکی موزیکیدا بەشدار دەبێت؟

لە گەشەی منداڵدا موزیک چ ڕۆڵێک دەبینێت؟

کاتێک مرۆڤ سەیری گەشەی کۆمەڵگای هاوچەەرخ دەکات و بیردەکاتەوە، چ هۆکارێک بۆ نەوە گەشەسەندووە نوێکە دابینبکرێت. لە کۆتاییدا دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە باشترین شت کە بتوانرێت بۆ کارپێکردن بەکاربهێنرێت بریتییە لە موزیک. 

لە فەرهەنگی زانستی پەروەردەدا زۆرجار ڕیزبەندی گرنگێتی “کلیلی پۆلێنکردن”ەکان بریتین لە: توانای پەیوەندیکردن، توانای هاوکاریی، نەرمیی، ڕۆحی خەلقکردن، بیرکردنەوە لە بابەتە دیاریکراوەکە، سەربەستی خود، توانای چارەسەری کێشە، توانای گەیاندن، ئامادەیی فێربوون و ویست بۆ سووربوون لەسەر کۆشش. 

یاریکردن لە گروپێکدا بەبێ بوونی توانای پەیوەندیکردن ناتوانرێت بەرجەستە بکرێت، هەروەها پێویستی بە بوونی توانایەکی هاریکاری  و نەرمیی موزیکانتەکان هەیە، بۆئەوەی بتوانن لە کۆرسێکدا کارێکی پێکەوەیی بکەن. ڕۆحی خەلقکردن و بیرکردنەوە لە بابەتە دیاریکراوەکە و سەربەستی خود پێویستە بۆ مۆویکژەنێکی سۆڵ کاتێک بە تەنها دەیەوێت کار لەسەر بەرهەمێک بکات. بەم شێووەیە هەموو ئەو خاڵە گرنگانەی پەروەردە دەتوانین بە شێوەیەک لە شێوەکان لە موزیکدا بەدی بکەین و بیانکەین بە بنەمایەک بۆ پەروەردەی منداڵان. 

بۆچی منداڵانی ئەم سەردەمە پێویستیان بە موزیک هەیە؟

هۆکارە ئەنترۆپۆلجییەکان: مەبەست لە “بوونێتی مرۆڤ”ە لە گۆشەنیگای موزیکەوە. موزیکدانان و ژیان لەگەڵ موزیکدا جۆرێکی زۆر تایبەتە لە “بوونێتی” بۆئەوەی تاک بتوانێت خۆی بدۆزێتەوە. واتە موزیک کەرەسەیەکی زۆر گرنگە بۆ بەرجەستەکردنی خود وە بە تایبەتی لای هەرزەکاران و لاوان، کە موزیک تیایدا سومبولێکی بەرز دەنوێنێت و لە هەمان کاتدا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە پەیوەستیکردن و ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان تاکەکان. 

هۆکارە پەروەردەیی-کولتورییەکان: مرۆڤ بوونەوەرێکی کولتورییە (ئارنۆڵد گێلن)؛ مرۆڤ داهێنەرە و لە لایەن کولتورەوە مرۆڤ دادەهێنرێت (مایکڵ لاندمان). لە ڕابوردوو و هەنووکەدا هیچ شارستانییەک نییە لە جیهاندا بەبێ موزیک. لەمیانی وانەی موزیکەوە دەتوانین لاوەکان بکەین بە کەسانی “داهێنەر”.

هۆکاری بوونێتی “Ontology”: ئەم گۆشەنیگایە بەستراوە بە بوونی خودی نوزیک، چونکە موزیک جیاوازە لە هونەرەکانی دیکە. ئەی باشە موزیک چ شتێک لەپشت خۆیەوە دەشارێتەوە، چ شتێکی تایبەت و دەگمەن لەناو خەسڵەتەکانی خۆیدا حەشار دەدات؟ زانای موزیکی بەناوبانگ “هانز هاینریخ” دەڵێت: موزیک وەک شانشینی دەنگ و بیستراوەکان، کە تایبەتمەندێتییەکەی موزیک پیشاندەدات، ئەویش ئەو تایبەتمەندێتییەیە کە تەنها بۆ خودی خۆی هەیەتی لە ناو ئەو شانشینەدا. 

موزیک ئەو هونەرە بێوتە و بێدەستەواژەیە، کە بە هەموو کەسێک دەتوانێت شتێک ڕابگەێنێت یاخود هەروەک ڤیکتۆر هیگۆ دەڵێت: موزیک ئەوە دەردەبڕێت، کە ناتوانرێت بوترێت و بێدەنگبوونیش لێی مەحاڵە. 

هۆکاری بیردۆزی خوێندن و سیاسەتی پێگەیاندن: گەر چاوێک بە سیستێمی پەروەردەی هەرێمدا بخشێنین، سەرنجی ئەوە دەدەین، کە لەمێژە ئێمە ڕێبازێکی پڕهەڵەمان گرتووە لەم میانەدا، چونکە هونەری موزیک هەتا ئێستاش بە وانە بنەڕەتییەکان دانانرێت، هەرچەندە هەموو زانیاریی و زانستە نوێکان ئەوەیان دەرخستووە، کە موزیک بۆ گەشەی کەسایەتیی و ڕۆحیی و توانای داهێنان زۆر گرنگن، چونکە قاڵبکردنی خوێندکار لە ناو چوارچێوەی وانە زانستییە وشکەکاندا کاردانەوەی زۆر نێگەتیڤی دەبێت. گەر پرسیارێک لە منداڵ و هەرزەکار و لاوان بکرێت سەبارەت بەوەی کە لە هەنووکەدا دەیکەن ڕۆژانە و هەروەها لەوەی کە لە داهاتوودا دەیانەوێت بیکەن، ئەوا زۆرکەمیان هەیە، کە ئاوڕێک لە هونەری موزیک بداتەوە، کە ئەمەش هۆکاری کەمیی دەوڵەمەندێتی ڕۆحی ئەو منداڵەیە سەبارەت بە هونەری موزیک.

هۆکاری پەروەردەی کۆمەڵایەتی: بێگومان موزیک کۆمەڵایەتیترین هونەری هەموو هونەرەکانە. کەشی موزیک بوارێک بۆ مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤی تردا دەکاتەوە. چونکە موزیک تەنها وەک توخمێکی ناو ناوەندێکی کۆمەڵایەتی و کارتێکەرێکی کۆمەڵایەتی تەنها بوونی دەتوانرێت هەبێت.

هۆکارە چارەسەریی و غەریزییەکان: بۆ هەموو لایەنەکان ئەوەی ئاشکرایە بریتییە لە “هێزی کارتێکەری موزیک لەسەر دەروونمان”. ئێمە ئەمڕۆ سەبارەت بە ڕۆڵی موزیک دەزانین سەبارەت بە توانا و پیرۆزیی ئەم هونەرە لە بواری چارەسەرە جیاوازەکاندا. موزیک لە ڕۆحی  هیچ منداڵێک ناپرسێت ئایا دەیەوێت یان ئارەزوویەتی یان نایەوێت یان دەیزانێت، چونکە ئەو توخمە پارچەیەکە لە ڕۆحی هەموو کەسێک. ئێمە هەر ئەوەندە لەسەرشانمانە، کە ڕێگەی بۆ بەرەڵا بکەین. لەم میانەدا لە سێ بواردا کاریگەرە:

1. زاڵبوون بەسەر هەستە نێگەتیڤەکان لە کاتی گۆرانیوتندا. 

2. زیادبوون و ڕێکخستنی وزەی باری هەستە پۆزەتیڤەکان. 

3. گۆرانیوتن وەک شێوازێک لە نەرمێتی خود. 

هۆکارەکانی دەر لە موزیک:لێرەدا مەبەست لە گواستنەوەی کاریگەرییەکانی موزیکە لەسەر کەسایەتی. ئێمە لە بنەمای توێژینەوە نوێکانەوە، کە لە قوتابخانەکانی بەرلیندا کراوە، ئەوەمان بۆ ڕوو بۆتەوە، کە موزیک پەروەردەیەکی هزری موزیکیی، ڕۆحێکی داهێنانیی، جوانکاریی، کۆمەڵایەتیی، سۆزداریی و جوڵەی دەروونیی لە هەمان ئاستی خوێندن و پرۆسەی پەروەردەدا بەرجەستە دەکات. ئەمەش لە دوو دیاردەدا ڕەنگ دەداتەوە: گەشەپێدانی زیرەکیی و فراوانکردنی توانا کۆمەڵایەتییەکان. لە تەمەنێکی دیاریکراودا پەیوەندییەکی زۆر بەهێز هەیە لەنێوان زیرەکیی و گەشەپێدانی بەهرە موزیکییەکان. دیاردەی دووهەم بریتییە لە پتەوکردنی ڕۆحی داهێنان، کە بنەمایەکی زۆر بەهێزە بۆ گەشەی کۆمەڵگا لە هەموو لایەنەکاندا. 

هۆکارە دەمار-بایۆلۆجییەکان و دەمار-فیزیکییەکان:

توێژینەوەکانی سەر بواری مێشک ئەوەیان دەرخستووە، کە گوێگرتن لە موزیک و کارکردن لەسەر موزیک پەیوەندیی و چالاکی هەردوولای مێشک بەهێزتر دەکات وە هەروەها دەبێتە هۆی تۆڕێکی دەماریی زۆر بەرفراوان. ئەمڕۆ دەزانین، کە کاکردن لەسەر میلۆدییەکان بە شێوەیەکی گشتی لە بەشی ڕاست و کاکرکردن لەسەر ریتم لەبەشی چەپی مێشکدا بەجێ ڕوودەدات. بەم شێوەیە موزیک هەردوو بەشی مێشک چالاک دەکاتەوە، کە بۆ بالانسێکی نموونەیی لەناو دوولای مێشکدا.

 

توێژینەوە زانستییەکان و ئەنجامەکانی:

پرۆفیسۆر “هانز گیونتەر” توێژینەوەیەکی درێژخایەنی ئەنجام دالە بەرلین لەسەر قوتابیانی بنەڕەتی لەسەر ” کاریگەرێتی پەروەردەی موزیکی لەسەر گەشەی کەسایەتی منداڵ”. توێژینەوەکەش بەشێوەیەک بوو، کە منداڵان فێری ئامێرێکی موزیکی بکرێت، لە کۆرسێکدا بەشداری بکات وە بەهۆی پەروەردەی موزیکییەوە بتوانن توانا هزریی، ڕۆشنبیریی، موزیکیی، داهێنانیی، دەرونیی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان گەشە پێبدەن و کاریگەربن تیایدا. لەپاش ئەوە سەرنج دراوە لە باری سۆزداریی و خودهاندانی منداڵەکان لە میانە جیاوازەکانی فێربوون، کۆشش، وردبینیی، ڕۆحی لێپرسینەوە، ئازادکردن و سەربەستی خود، توانای بەرگریی، ڕەخنەی خود و بەرامبەر.

توێژینەوەکە لەسەر هەندێگ گروپی منداڵان کرا، کە تەمەنیان لەنێوان 6 هەتا 12 ساڵ بووە. هەفتانە دوو کاژێر وانەی موزیکیان وەرگرتووە، کە تیایدا بەشداری فێربوونی ئامێرێکی موزیکی یاخود گۆرانیوتن لە کۆمەڵێکد.

توێژینەوەکان ئەم ئەنجامەیان دا بەدەستەوە:

هەردوو گروپەکە لە ساڵی یەکەمی خوێندنی موزیکدا ئاستی ژیرێتییان بە پێوەری “IQ” گۆڕانکارییەکی هێجگار زۆریان بەسەر نەهاتووە، بەڵام لەپاش چوار ساڵ بەرهەمی کارەکەیان ئاشکراتر دەرکەوتووە، ئەویش بەوەی کە ژیرێتییان و نیشانەکانی “IQ” ئاستێکی زۆر بارزتریان پیشان داوە. 

ئەو منداڵانەی بەشداریی توێژینەوەکەیان کردووە پاش چوار ساڵ توانایەکی هزریی و هەستدارێتیی ئاستبەرزتریان نیشان داوە.

ئەو منداڵانەی کە بەر لە توێژینەوەکە ئاستی هزریی و ژیرییان لە ئاستێکی نزمدا بووە، پاش چوار ساڵ لە کار لەسەر موزیک بەرزبوونەوەی ئاستە جیاوازەکانی هزری و هەستییان پیشان داوە و بەڵکو هەندێکیان لە بوارە کۆمەڵایەتیی و دەروونییەکەشدا گۆڕانکارییەکی هەستپێکراویان بەخۆیانەوە بینیوە.  

ئەم لێکۆڵینەوانەش بەردی بناغەیەک بوون بۆئەوەی، کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی سیاسەتی پەروەردە لە دەوڵەتە ئەوروپییەکان سیاسەتی پەروەردەی موزیکی بکەن بە بەشێک لە سیاسەتی کۆمەڵایەتیی و زانستیی بواری پەروەردە. 

 

کێشەی پەروەردەی موزیکی لە کوردستان: 

لە کوردستاندا هەتا ئێستا ئێمە نەگەشتوینەتە ئەو تێگەشتنەی، کە موزیک دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە گەشەی کەسایەتی و هەستی و هزری منداڵ، ئەم گەشەیەش بە درێژایی ژیانی مرۆڤ دەتوانێت بەردەوام بێت. بە شێوەیەکی گشتی تێگەشتنمان بۆ موزیک لە بەشی پەروەردەی منداڵاندا زۆر جار لە سنووری چێژ وەرگرتن و خۆشی بەخشین تێناپەڕێت. خاوەن ئەزموون و پسپۆرەکانیش لەم بوارەدا بەداخەوە لەناو پلاندانانی کۆمەڵایەتی و پەروەردەییدا خاوەنی دەسەڵاتێکی هەستپێکراو نین و لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە گوێیان لێ ناگیرێت و بواریان پێ نابەخشن ڕۆڵێکی گرنگتر ببینن، ئەمەش هۆکارێکە، کە هونەری موزیکی منداڵ زۆر بە دواکەوتویی بمێنێتەوە.

نەبوونی بنەمایەکی زانستی لە گەلێک لایەنی پەروەردەیی و گەشەی مرۆیی هەر لە دایەنگاکانەوە هەتا زانکۆکانمان وای کردووە بۆ نموونە باخچەی ساوایان وەکو شوێنێک تەماشا بکرێن زیاتر بۆ کات بەسەربردنی منداڵان و دوورخستنەوەی منداڵ لە ژینگەی ماڵەوە، ئەگەر چاوێک بە ڕێژەی پسپۆرانی پەروەردەی منداڵان لە باخچەی ساوایان و دایەنگەکاندا بخشێنین، ئەوا ئەو کاتە بارە کارەساتاوییەک ئەم بنکانەمان بۆ دەردەکەوێت، کە چەند بێپلان و بێبایەخن. قوتابخانەکانمان زیاتر لە سەربازگەیەکی فێربوون دەچن نەک لە بنەمایەک بۆ پەروەردە و گەشەی کەسایەتی و بنیاتنانی کەسێکی پێگەشتوو. ئەم لایەنە لاوازانەی بواری پەروەردەی منداڵان، پەروەردەی موزیکیشی گرتۆتەوە. لە دایەنگە و باخچەی ساواکاندا زۆر بە دەگمەن کەسێک بدۆزیتەوە کە پسپۆر بێت لە دەرونناسی منداڵاندا و یاخود ئەزمونێکی باشی هەبێت سەبارەت بە موزیک و موزیکی منداڵان بە تایبەتی. هەرچی لە قوتابخانەکان دەگوزەرێت لەوە باشتر نییە، بەڵکو وانەی موزیک وەکو وانەیەکی پلە سێ و پلە چواری بێ بایەخ هەڵدەسەنگێنرێت و وانەیەکە زیاتر بۆ پشوی مامۆستا و قوتابی و کات بەسەربردنێکی بێ سوود. هەرچی ڕێنمایی و ڕوونکردنەوەکانی وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکانە هیچ ئاماژەیەک بە پەروەردە موزیکییەکان نادەن و هیچ پلانێکیشیان بۆ ەئو جۆرە پەروەردەیە نییە، چونکە بە شتێکی لاوەکی و بێبەهای هەژمار دەکرێت. 

هۆکارێکی دیکەی لاوازی پەروەردەی موزیکی بریتییە لە نەبوونی هۆڵ و ژووری تابەت بە موزیک و سەما لە قوتابخانەکان. هەتا ئێستاش کەم قوتابخانە هەبن کە هۆڵێکی مۆدێرن و شیاویان هەبێت بۆ چالاکییە موزیکییەکان، بە شێوەیەک کارکردن و پەخشی موزیک تیایاندا کار نەکاتە سەر وانەی پۆلەکانی دیکەی قوتابخانەکە. 

 بنکەکانی منداڵان و هەرزەکاران و لاوان هەتا ئێستاش کەمن و بەپێی ئاست و پێداویستی سەردەم نین، بەڵکو ئەوەی زیاتر بەربڵاوە بریتییە لەو کۆمپانیا و مامۆستایانەی کە بە شێوەی وانە و کۆرسی تایبەت زانستی موزیک بە بەشداریکەران و ئارەزوومەندان دەگەێنن.  

لە لایەکی دیکە هونەەری موزیکی منداڵان لە کۆمەڵگاکەماندا هەتا ئێستاش پێشکەوتنێکی وای بەخۆیەوە نەبینیوە لە لایەن داڕشتن و تۆن و هۆنراوەی تایبەت بە منداڵ و شێوازی وتن و دابەشکردنی موزیکیی و دەرهێنانی کلیپەکان ئەگەر خۆمان بەراورد بکەین بە هونەری فارسی و تورکی و عەرەبی. بەڵکو زۆر بەرهەممان هەن، کە تەنها بوونی بریتییە لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی، کە لە هونەری منداڵاندا هەمانە و هیچی دیکە. جگە لەوەی دانانی هەندێک لەو ئاوازانە لە لایەن کەسانێکەوەن، کە نە ئەزموونێکی وا قوڵیان لەو بارەیەوە هەیە و نە زانیارییەکی یەکجار زۆریان سەبارەت بە موزیک و دەرونناسی منداڵانەوە هەیە. ئەمەش وای کردووە کە نمایشی هەندێک لە گۆرانییەکانی منداڵان بەرگ و ڕوخسار و ڕەفتارێکی پێگەشتوانەی پێوە دیار بێت زیاتر لە ڕووکەشێکی منداڵانە. 

هەموو ئەم گۆکارانە وای کردووە، کە منداڵ نەتوانێت هاوڕێیەتی لەگەڵ جۆرە موزیکێکدا ببەستێت، کە بۆ تەمەنی ئەو بگونجێت و هاوزمانیش بێت بۆ منداڵەکە. منداڵیش بوونەوەرێکی ڕەزامەندە. ئەوە وەردەگرێت، کە پێی دەدرێت. ئەویش لەم هەژاریی جیهانەی خۆیدا هیچ ڕێگەیەکی دیکەی بۆ نامێنێتەوە تەنها ئەوە نەبێت، کە گەورەکان گوێی لێ دەگرن. چونکە هیچ یاریدەدەرێک و پاڵنەرێک نییە، کە یارمەتی منداڵەکە بکات بۆ ئەوەی ڕۆحی منداڵەکە بە موزیکێکی گونجاو ئاو بدات. بەڵام ئایا لە کوردستاندا چ جۆرە موزیکێک بەربڵاوە؟ 

ئەوەی جێگەی ئاماژەی ئەوەیە، کە هونەری موزیک لە کۆمەڵگای کوردیدا وە بە تایبەتی لە بسیت ساڵی پێشوودا زیاتر خۆی بەستۆتەوە بە هونەرە تورکی و عەرەبی و فارسییەکەوە، کە وای کردووە گوێگری کورد زیاتر گوێبیستی ئەو جۆرە گۆرانیانە بێت و هەر کاتێکیش باس لە موزیکی ڕۆژئاوا بکرێت، ناوی چەند گۆرانیبێژێک و موزکانتێکی دیاریکراو بکرێت: یانی، مایکڵ جاکسن، براین ئادامس، ئێمینیم، . . . هتد. هەرچەندە موزیکی ڕۆژئاوا زۆر دەوڵەمەندە و بەڵکو لەناو گەنجینەکەیدا گەلێک جۆرە موزیکی وا بەدی دەکرێت، کە خودی موزیکی ڕۆژهەڵاتیش دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت، بەڵام بە داخەوە کە مێدیای کوردیش نە وەکو زانستێک و نە وەکو ڕۆشنبیرییەکی گشتی کارێکی وای نەکردووە، کە تاکی کورد بە لایەنە نەناسراوەکەی موزیکی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕۆژئاوا ئاشنا بێت. 

 

 ئامادەکردنی کامەران چڕوستانی

musik_mnal_869809263.jpg

سەرچاوەکان:

 

•Bastian, Hans Günter; „Kinder optimal fördern – mit Musik“, Atlantis Musikbuch-Verlag, 3.Auflage Oktober 2003 

• Bruhn, Herbert; „Musiktherapie; Geschichte – Theorien – Methoden“, Hogrefe 

• Kraus, Werner; „Die Heilkraft der Musik – Einführung in die Musiktherapie“; Becksche Reihe, 2.aktualisierte Auflage 2002 

• Schwarz, Aljoscha A. und Schweppe, Ronald P.; „Mit Musik heilen“; Südwest Verlag 2000 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.