دواساتەكانی خەونی من! … هێرش یاسین
Closed
من هەمیشە خەون لە ناو خەون دەبینم
لە خەوی گەڕانەوەی تەمەندا
لە شەقامەكانی كۆپنهاگن دەسوڕامەوە
سەیری گەڵای دارەكانم دەكرد
تابزانم كامەیان سەوزە
كامەیان وەك من خۆی بەدڵتا هەڵواسیوە
شار وەك هەمیشە چۆڵە
تەنیا دەنگی ئەو بوولبلانە دێ
ئاواز بۆ گەڕانەوەی ژیان دەچڕن
لە غوربەتدا
كەشتیەكانم بینی
شەمەندەفەرەكانم بینی
میترۆكان
تەكسیەكان
هەموویانم بینی
لەناو هەریەكێكیان چەپێكێك لە دڵم چاند
تا : هەموو كات هاوسەفەرت بم!
شەوەكان هەر بێدارم و بە دەوری وشەكانتا دەخوڵێمەوە
وەك سوڕانەوەی هەسارەكان بەدەوری یەكترا
دەترسم ئەوان لە وەستان بكەون
بەڵام خۆم نا !
ئەمانە هەمووی خەون بوو خەونێكی قووڵ
دەزانم بەیانی
لەسەر شوشەی بەبۆیەی سوور نووسراوە
ئاگارداربە
تۆ و مردن
تەنیا یەك (واو) تان بەینە …