
یادی شاعیری میللی و نیشتیمان په‌روه‌ر ئه‌حمه‌د شوكری
به بۆنه‌ی 24ساڵ تێپه‌ربوون به سه‌ر كۆچی هه‌تا هه‌تایدا
1910 / 24/ 5 / 1989
بیره‌وه‌ری
ئه‌حمه‌د شوكری ناسراو به دكتۆر شۆ پیاوێكی قسه خۆش و قسه له ڕوو نیشتیمان په‌روه‌رو دڵسۆز بو, بۆ گه‌ل و خاكه‌كه‌ی, هاوڕێ ودۆست و ناسیاوه‌كانی بۆچون و هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌م پیاوه به‌رز ده‌نرخێنن وبهسهخاوهتهوه باسی ئه‌م كه‌سایه‌تیه ده‌كه‌ن وشایه‌دی هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌حمه‌د شوكرین, ئه‌حمه‌د شوكری جگه له‌وه‌ی شاعیر وهه‌ست ناسك بوو به هۆنراوه و په‌خشانه‌كانی هه‌ستی خۆی ده‌رده‌بڕی وله نێوه‌ندی ئه‌ده‌بیدا بڵاوی ده‌كردنه‌وه, له نێوه‌ندی كار‌و پیشه‌كه‌ی خۆی كه برینپێچی بوو , له زۆربه‌ی گوند‌و ناحیه وشاره‌كانی كوردستان وه‌ك شاری سلێمانی, و كه‌ركوك و به‌رزنجه و… تا به ئه‌و په‌ڕی دڵسۆزی ووهفاداری و خه‌م و وه‌فاوه خزمه‌تی پێشكه‌ش به‌كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كان كردووه و ئه‌وانه‌ی ئه‌حمه‌د شوكری شاعیریان ناسیوه و ئاشنای بوون باس له دڵسۆزی ئه‌م پیاوه ده‌كه‌ن و له چه‌ندین كۆڕ‌و مه‌جلیسدا گوێم لێ بووه له نێو قسه‌كاندا باسی ئه‌مه‌ك و وه‌فای ئه‌حمه‌د شوكری كراوه , ته‌نانه‌ت پیاوه هاو ته‌مه‌نه‌كانی خۆی وه‌ك بیره‌وه‌ری خۆیان له هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌م پیاوه دواون . ته‌نانه‌ت باوكی خوالێخۆشبووم حاجی محه‌مه‌دی مه‌لا ڕه‌سوڵی شوكێ 1938/ 30/10/2007 كه دۆست و ناسیاوی ئه‌حمه‌د شوكری بوو له ده‌ڤه‌ری به‌رزنجه باسی له هه‌ڵوێست وپاكی و دڵسۆزی ده‌كرد و ده‌ی گوت : ئه‌م جۆره پیاوانه كه‌م هه‌ڵده‌كه‌ون و دروست نابنه‌وه, ته‌نانه‌ت خوالێخۆشبوو برهان قانعی هاوڕێشم 1935, 27/6/1985 , زۆر به‌ڕێزو خۆشه‌ویستییه‌وه له ئه‌حمه‌د شوكری دهدواو زۆر جار كه له بازاڕ ولای كتێبخانه‌ی سلێمانی كه خاوه‌نه‌كه‌ی خوالێخۆشبوو عومه ر عه‌بدوالره‌حمان 1942, 4 /8/2012 بوو ده‌وه‌ستاین وئه‌حمه‌د شوكری مان ده‌بینی و بورهان قانع گفتووگۆی له‌گه‌ڵ ده‌كرد و ئێمه‌ش گوێمان له گفتوو گۆكانییان ده‌گرد, كاك بورهان زۆر ڕێزی ده‌گرد و هه‌ڵوێسته‌كانی به‌رز ده‌نرخاند و ده‌ی گوت ئه‌م پیاوه زۆر به‌وه فایه جگه له‌وه‌ی هاوڕێ و دۆستی باوكم بووه وه‌ك برازاییهكی خۆی سه‌یری من ده‌كات, بۆیه من قه‌ت ناتوانم ئه‌م پیاوه كه مه‌به‌ستی ئه‌حمه‌د شوكری بوو له یادی بكه‌م ..؟ ئه‌حمه‌د شوكری به هۆی ئه‌وه‌ی زۆر ده‌ڤه‌ری كوردستان گهڕابوویاخود له وه‌زیفه‌ی حكومیدا كاری كردبوو, جگه له‌وه‌ی پیاوێكی میللی و كۆمه‌ڵایه‌تی بوو تێكه‌ڵاوی زۆری له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵانی خڵكدا به هه‌موو چین و تۆێژهكانهوه هه‌بوو , له‌گه‌ڵ ڕوناكبیران ونووسه‌ران و شاعیران و هونه‌رمه‌ندان و … تا په‌یوه‌ندی و تێكه‌ڵاوییه‌كی به‌تین و توند وگرنگی زۆری هه‌بوو, هه‌مووان ڕێزیان لێده ناو بهڕێزوه باسیان ده‌كرد ئه‌مه‌ش سه‌روه‌رییه‌كی گه‌وره‌بوو بۆ ئه‌حمه‌د شوكری شاعیر‌و خانه‌واده و بنه‌ماڵه‌كه‌ی كه ناكرێ له یاد بكرێت .
ئه‌حمه‌د شوكری له ناو خانه‌واده و بنهماڵكهكهی خۆیدا پیاوێكی خۆشه‌ویست و به‌ڕێزو سه‌روه‌ر بوو , له‌گه‌ڵ منداڵ و كوِو كوڕه‌زا وكچه زاكانی خۆیدا وه‌ك هاوڕێ و دۆست و خۆشهویستێیك هه‌ڵسوو كه‌وتی ده‌كرد و قه‌د نهم دیووه خۆ به‌زل بزانێ , به‌ڵكه باوك و هاوڕێی گه‌وره وبچوكیان بوو, وه‌ك مامۆستا ئه‌حمه‌د حسێنی هاوڕێم ده‌زانێ كه سه‌ردانی خوالێخۆشبوومان ده‌كرد ئه‌و هه‌ڵوێسته‌مان به‌دی ده‌كرد له ماڵهكهیداو یاسا‌و ڕێسایه‌كی باوكانه‌ی جوان له ماڵی ئه‌حمه‌د شوكریدا به‌ڕێوه ده‌چوو, ئه‌گه‌ر زیاده ڕۆیی نه‌بێت له كه‌م ماڵ و له‌نێو كه‌م خانه‌واده دا بینیومه ..؟! كه ئه‌مه مایه‌ی سه‌روه‌ری و ڕێزێكی بێوێنه یه بۆخۆیی وبنه‌ماڵه‌كه‌ی .
ماموستای خۆشه‌ویست ئه‌حمه‌د حسێن دۆست وهاوڕێمان بوو زوو زوو به هۆی كتێب كڕین وچاپكراوهكانهوه سه‌ردانی ده‌كردین له شه‌قامی مه‌وله‌وی و لای كاك سابیر ڕازی شاعیر و وه‌رگێڕ كه دوكانی سهعاتچێتییهكهی له ته‌نیشتمانه‌وه و به‌رامبه‌ر بازاڕی عه‌سری بوو , مامۆستا ئه‌حمه‌د حسێن و ئه‌حمه‌د شوكری و مامۆستا محه‌مه‌د مسته‌فا كوردی , شێخ ئه‌نوه‌ری شاعیر و….تا له‌م دوكانه بچكۆله‌یه دا كۆده‌بوونه‌وه وگفتوو گۆی ئه‌ده‌بیان ده‌كرد وئه‌حمه‌د شوكری شاعیریش زوو زوو سه‌ر له به‌یانیان ده‌هات بۆ لای ڕازی شاعیر‌و له‌وێ شیعره‌كانی كه تازه نووسین بوونی ودایینابوون , بۆی ده‌خوێندنه‌وه وئێمه‌ی ههرزهكارو منداڵی ئه‌و ڕۆژه لایان ده‌وه‌ستاین وئاشنا بووین به‌م كهسایهتیانهو تام وچێژێكی زۆرمان له‌و كۆڕه خنجیلانه ئه‌ده‌بیانه وه‌رده‌گرت وتاههنوكه ئه‌و كاریگه‌ریانه یان له سه‌ر ئێمه‌ی مێرد منداڵ ئه‌وسا دانا وه و تێكه‌ڵاوی ووشه جوانه‌كانی ئه‌م پیاوانه بووین وله سه‌ر هزرو بیركردنه‌وه وعهقڵمان یاده‌وه‌ریان جێگیربووه, كه ناكرێت له‌یاد بكرێت و بیربچنه‌وه . من ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌حمه‌د شوكری وئهحمهدحسێنی نووسه‌رم تیاناسی ساڵانی پێش هه‌شتاكان بوو , به هۆی نزیكی ئه‌حمه‌د حسێنه‌وه له ئه‌حمه‌د شوكری كه ناسیاوی و دۆستایه‌تیان به‌تین وبۆپێش حه‌فتاكان ده‌گه‌ڕایه‌وه , زوو ئه‌و كاته جگه له‌بینین و چاوپێكه‌وتنه‌كانی ناوبازاڕ له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شوكری, لای ڕازی وكتێبخانهی سلێمانی و كتێبخانه‌ی نالی ئه‌وساو و شانۆی خوالێخۆشبوو شێخ ئه‌نوه‌ری شاعیر‌و…تا له‌گه‌ڵ مامۆستا ئه‌حمه‌د حسێنی هاوڕێمدا هه‌ر ده‌رفه‌تمان هه‌بوایه دوای بانگی عه‌سر سه‌ردانی ماڵی ئه‌حمه‌د شوكریمان دهكردوولای داده‌نیشتین وگفتوو گۆی ئه‌ده‌بی وهه‌ندێ مه‌سه‌له‌ی تری ڕۆژكارو سه‌رده‌می ئه‌وكاته‌مان ده‌هێنایه گۆڕێ ولێ‌ی ده‌دواین , ئه‌حمه‌د شوكریش شیعری بۆدهخوێنینهوهو قسه‌ی خۆش و بهتوێكڵی بۆده‌كردین , ئهودانیشتن وكۆڕانهش له‌ززه‌ت و تامی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو , زۆربه‌ی جاریش ده‌ست نووس وبه‌رهه‌م و دیوانه‌كان و وێنه تایبه‌تیه‌كانی پیشان ده‌داین وشیعرو و ده‌ست نوس ووێنه‌ی خۆی پێشكه‌ش ده‌كردین و تا ئێستاش زۆربه‌ی ئه‌و یادگاریانه‌ی ئه‌و پیاوه ساده‌و دڵپاك وبهوهفاو دڵسۆزه له لام پارێزراوه , ئهگهردهرفهت هه‌بێت به‌یارمه‌تی بنه‌ماڵه‌كه‌یی و هاوڕێیانی ئه‌گه‌ر بگونجێت و ته‌مه‌ن باقی بێت له به‌رنامه دایه كۆیان بكه‌ینه‌وه و له چه‌ند به‌رگێكدا وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆی له‌چاپ بده‌ین وله نه‌مان ڕزگاریان بكه‌ین , زۆرجار مامۆستا ئه‌حمه‌د لای ڕازی شاعیره‌وه ته‌له‌فۆنی بۆ ده‌كرد و هه‌واڵی هه‌ردوكمانی پێدهگهیاندو زۆری پێخۆش بوو , ئه‌گه‌ر بچوینایه بۆلای ئه‌وه‌نده ئێمه‌ی خۆشده‌ویست و ڕێزی ئێمه‌ی ده‌گرت, ئهگهرپێویستیهكی ماڵه‌وه‌شی هه‌بوایه به ئێمه‌ی ده‌سپارد و و ئاگاداری ده‌كردین كه بۆی جێبه‌جێ بكه‌ین یان پێداویستیه‌كه‌ی بۆ بكڕین ئێمه‌ش پێویستیه‌كانمان بۆدهكڕی وبۆمان ده‌برد بۆماڵه‌وه , زۆر جار بۆخۆشی ده‌یگوت له باتی پاره له شیعر زیاترم نیه بتان ده‌مێ و كۆڵێ ده‌ست نووسی پێشكه‌ش ده‌كردین, ته‌نانه‌ت ڕۆژێكیان داوای ته‌ماته وسه‌وزه‌ی كرد بۆی بكڕین ئه‌وه بوو بۆمان كڕی و بۆمان برد بۆماڵه‌وه, ئه‌ویش له پاداشتی ئه‌وه‌دا كۆڵێ كتێب و گۆڤار و…تا دا پێمان و كه‌هاتینه ده‌ره‌وه گوتی ئه‌وه ….. كردن به‌خۆتان نه‌زانی و ئێمه‌ش ده‌ستمان كرد به‌پێكه‌نین وماڵ ئاوایمان لێ‌كرد , ئه‌حمه‌د شوكری پیاوێكی قسه‌خۆش كانگا‌و گه‌نجینه‌یه‌ك بوو له شیعر‌و ئه‌ده‌ب و بیره‌وه‌ری نوكته‌و له هه‌جودا زۆر جار ده‌یگوت: من قوتابی شێخ ڕه‌زای ڕه‌حمه‌تیم و من له سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تی شیعری ئه‌و دانیشتوم , جگه له وه ئه‌حمه‌د شوكری شاعیر توانایه‌كی بێوێنه‌ی شیعری هه‌بوو له شیعری دڵداری و هه‌جودا, هه‌روه‌ها له شیعری نیشتیمان په‌روه‌ری و…تا قه‌ت بۆ وه‌ڵام دانه‌وه دا نه‌ده‌ماو وه‌ڵامی له‌سه‌رپێ و ئاماده‌ی بۆ هه‌موو پرسیارێك پێ‌بوو , خاوه‌نی بیرێكی تیژ ولهیاد نه‌چوو بوو نه‌فسێكی به‌رزیشی هه‌بوو قه‌د نه‌مبیستووه بۆكه‌س چه‌مابێته‌وه بۆمه‌به‌ستی خۆیی, ئه‌مه‌ش كرده‌وه‌یه‌كی شازه وله كه‌م كه‌س دا هه‌یه ..؟ دواسهردانمان بۆلای ئه‌حمه‌د شوكری شاعیر ڕۆژی 16/5/1989 بوو له‌گه‌ڵ هاوڕێی ئازیزم مامۆستا ئه‌حمه‌د حسێنی شاعیر‌و نووسه‌ر , به‌ڵام به‌داخه‌وه 24/5/1989 هه‌واڵمان بیست كه مامۆستا ئه‌حمه‌د شوكری كۆچی دوایی كردووه و ئه‌م پیاوه خۆشه‌ویسته‌مان له كیس چوو, رۆحی شاد‌و یادی به‌خێر و مه‌زاری پڕنوربێت.
ئه‌حمه‌د شوكری وچاپخانه
ئه‌حمه‌د شوكری به هۆی خوێندنه‌وه زۆرشوێن وجێگه وده‌ڤه‌ر گه‌ڕاوه وه‌ك هه‌ولێر وسلێمانی كه‌ركوك وكفری وخانه‌قین و…تاد له سه‌رده‌ستی چه‌ندین مامۆستا و زانای ئاینیشدا له‌حوجره و مزگه‌وته‌كاندا خوێندنی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ی خوێندوه و شاره‌زایی له‌زمانی عه‌ره‌بی وفارسیدا په‌یدا كردووه و ته‌نانه‌ت له و زمانه‌وه شیعر ونوسینی كردوه به كوردی , له ساڵانی 1927ه وه تێكه‌ڵاو به‌دنیای ئه‌ده‌ب و شیعربووه , شیعری وتووه و نوسیووه , زۆر جار ده‌ستگیر كراوه و خراوه‌ته كونجی به‌ندیخانه‌كانه‌وه , له (به‌ڵگه نامه‌یه‌ك ). دا كه ده‌ستم كه‌وتووه , له ساڵی 21/7/ 1941دا ئاماژه به‌گرتنی , كۆمه‌ڵێك تێكۆشه‌ر و نیشتمانپهروهردراوه و فه‌رمانی گرتنیان له‌لایه‌ن میرییه‌وه ده‌رچووه , كه لهنێوێندا ناوی شاعیری نیشتیمان په‌روه‌ر ئه‌حمه‌د شوكری ده‌بینرێت وله بهڵگهنامهكهی حوكمه‌تدا فه‌رمان به‌ده‌ستگیر كردنی ئه‌ویش دراوه له‌گه‌ڵ ئه‌و تێكۆشه‌رانه دا , له ساڵی 1932 كهچۆته شاری به‌غداد, تێكه‌ڵاوی كاری چاپخانه‌و شاره‌زای له پیت چنیندا په‌یدا كردووه ( له‌ساڵی1928 دا ده‌ستی كردووه به نووسینی هه‌ڵبه‌ست و زۆرجار گیرۆده‌ی به‌ندیخانه وئێش وئازارو دورخستنه‌وه بووه له لایه‌ن میرییه‌وه. چونكه به‌شی زۆری هه‌ڵبه‌سته‌كانی شۆڕشگێڕانهییه. له‌گه‌ڵ ئه‌م گشت ئێش وئازهره دا كۆڵی نه‌داوه وده‌س به‌ردار نه‌بووه له نووسین . له ساڵی 1932چوه‌ته به‌غدا بۆفێر بوون ڕێكخستنی پیت و چاپه‌مه‌نی كردن به ته‌واوی له كار‌و باری چاپخانه‌دا شاره‌زایی په‌یدا كردووه). ئه‌حمه‌د شوكری شاعیر به هۆی حه‌زكردن و خۆشه‌ویستی وئه‌وینی بۆخوێندن ونوسین وچاپخانه ( تاوه كو ساڵی 1935 له چاپخانه‌كانی به‌غدا كاری كردووه وله تشرینی یه‌كه‌می 1935دا هاتۆته‌وه سلێمانی, له‌سه‌ر چاپخانه‌ی شاره‌وانی كه ڕۆژنامه‌ی ژیان ده‌ركردووه له‌گه‌ڵ خوالێخۆشبوو شاعیری به ناوبانگی نه‌مر حاجی توفیق پیره‌مێرد ئیشی كردووه تا ساڵی 1941 له سه‌ر ئه‌و چاپخانهییه بووه و له نیسانی 1941 ده‌س به‌رداری چاپخانه بووه ). كه‌واته ئه‌حمه‌د شوكری شاعیر شاره‌زایی باشی له چاپ و چاپخانه‌دا هه‌بووه و شاگرود و ده‌روێشێكی دڵسۆزی پیره‌مێردی گه‌وره بووه و ڕه‌نگه پیره‌مێردی نه‌مر هاندهرو پشتیوان وكاری گه‌ری ته‌واوی له‌سه‌ر شاعیر دانابێ وكهوتبێته ژێر كاریگه‌ری پیره‌مێرده‌وه , بۆیه عاشق وئه‌وینداری شیعر بووه و له ونێوه‌نده دا تا كۆچی هه‌تا هه‌تایی به به‌رده‌وامی ماوه‌ته‌وه , بۆیه به ڕاكشاوی ده‌ڵێم له‌و ماوه‌یه‌دا كه شاعیر لهچاپخانهكانی ئه‌و سه‌رده‌مه كاری كردووه ده‌توانین بڵێین : جێده‌ستی به كتێب و ڕۆژنامه وگۆڤارهكانی ئه‌و كاته‌وه دیاره وناكرێت فه‌رامۆش بكرێت , به‌ڵكه ده‌بێت ئه‌حمه‌د شوكری شاعیریش به‌یه‌كێك له دڵسۆزانی بواری ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی له مێژووی ئه‌و نێوه‌نده دا ئه‌ژماربكرێت و له‌دوو توێی مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا ناوی به شانازی وسهخاوهتهوه تۆمار بكرێت و جێگهییهكی شیاوی بۆته‌رخان بكرێت .
سه‌ر بورده‌ی ژیانی ئه‌حمه‌د شوكری به‌پێنووسی خۆیی
له یه‌كێك له سه‌ردانه‌كانم بۆلای ئه‌حمه‌د شوكری شاعیر ونووسه‌ر ڕوم لێنا هه‌ندێ بیره‌وه‌ری وسه‌ر گوزشتهو ژیانی خۆیم بۆ بنوسێتهو هه‌ندێ هۆنرواوهم به یادگاری بۆ تۆماركات , ئه‌وه‌بوو شاعیر به دڵسۆزییه‌وه داواكهمی قبوڵ كردوو له‌ماوه‌ی یه‌ك دوو ڕۆژدا به‌خه‌ته جوانه فارسییه‌كه‌ی به‌م شێوه ی خواره‌وه به كورتی به‌ناونیشانی ( توزێ له‌بیره‌وه‌ری شاعیر ونووسه‌ر ئه‌حمه‌د شوكری ناسراو به د. شۆ ) ئه‌م بیرهوهرییانهو تۆزێ سه‌رگوزشته‌ی بۆ تۆماركردم .
من كه ئه‌حمه‌د شوكریم , شوكری ناونییه ناسناوه یا ناز ناوه , ئه‌حمه‌دی حاجی شێخ محمدی شێخ عبدالصمدم پێ ده‌ڵێن , شوكری له ساڵی 1925 له خانه‌قی بووم , كردم به له قه‌ب بۆ هۆنراوه وپه‌خشان و چیرۆك, یانی ناسناوم , له ساڵی 1330 ی كۆچی به‌رامبه‌ر 1910ز , له شاره گیچكهڵه خنجیلانه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه پێم ناوه‌ته دوو دنیای پڕ مه‌ینه‌تیه‌وه, من به ڕه‌گ و ڕیشه ده‌چمه‌وه , سهرشێخ عه‌لیه كۆسه‌ی دۆڵ په‌موو كه گوندێكه له قه‌زای شارباژێڕ ناوچه‌ی سرۆچك به‌رزنجه, پارێزگای سلێمانی كوردستانی عێراق .
له ته‌مه‌نی پێنج ساڵیمدا له لای دایكم حه‌لیمه ده‌ستم كردووه به خوێندنی ئهلف و وبێ , تا ته‌مه‌نی دوانزه ساڵی هه‌ر لای دایك وباوكم خوێندومه, پاش ئه‌و ته‌مه‌نه چوومه ته حوجره‌ی فه‌قێیان بۆ خوێندن , نامیلكه ئایینیه‌كان گشتیم خوێنده‌وه , وهكونهحوو سه‌رف ومه‌نتیق و به‌لاغه و فهلهكیات و شه‌رح وشتی تریش له‌م شوێنانه‌ی ناوبراودا .له هه‌ڵه‌بجه, بیاره, سلێمانی, كه‌ركوك, هه‌ولێر, توزخورماتوو, كفری, قه‌ره‌بڵاغ , وكوڵه جۆ وچه‌ن جێگاییهكی كه‌ش, له دێهات وشار, به‌شی زۆری له خانه‌قی خوێندومه و له‌وێش شیعر‌و ئه‌وانه‌م له ده‌م ده‌رچووه , له ساڵی 1926 وه پێنووس به ده‌ستم تاكو ئێستا و ئێستاش كۆڵم نه داوه له نووسینی شیعر‌و چیرۆك وپه‌خشان .من وه‌كو له ڕۆژنامه‌و گۆڤاره كاندا نووسیومه نووسینی من سامانی گه‌له كه‌مه , هه‌ر ئه‌مه‌نده مزم پێوه‌یه‌تی تا له ده‌مم ده‌ر ده‌ر ده‌په‌ڕێت هۆنراوهبێت یان په‌خشان . له ساڵی 1927وه نووسینی من كه‌وتۆته بازاڕه‌وه , به‌ڵام له‌و مێژووه دا به‌شی زۆری به فارسیی ده‌م نووسینی زمانه‌كه‌ی خۆم هێنده باوی نه‌بوو, به‌شی زۆری هۆنراوه وپهخشانهكهی من هه‌ڵ نانی گه‌ل بوو بۆ خوێندن وخوێندنه‌وه به‌ره‌و ڕزگار بوون , چونكه كه‌ره‌سه‌ی ڕزگار بوون بۆگشت گه‌ل وتیرهییهك زانیینه , گه‌لی نه‌زان به هیچ نابێت , هه‌ر به سه‌ر گه‌ردانی ده‌مێنێته‌وه و كۆیله‌ی ئه‌م و ئه‌و ده‌بێت ڕزگار نابێت له ژێر چه‌پۆكه‌ی بێگانه‌دا . من له‌ساڵی 1927 تا 1982 كانونی یه‌كه‌م ئه‌مه‌نده هۆنراوه و په‌خشانم له ده‌م ده‌رپه‌ڕیووه و ئێستاش هه‌ر ده‌ر ده‌په‌ڕێت كوڵم نه‌داوه و نایشیدهم , 188 هه‌زار به‌یتم له ده‌م ده‌ر په‌ڕیوه له‌گه‌ڵ چوارده هه‌زار چیرۆكی هه‌مه بابه‌ت كورت ودرێژ, چیرۆكی وام هه‌یه لاپهڕهیهكهو هه‌شمه 40 لاپه‌ڕه زیاتره هۆنراوه وپه‌خشانی من به‌شی زۆری شۆڕشگێڕییه ودوای ئه‌وه ئامۆژگاری یه بۆ گه‌وره و بچووكه كه بۆخوێندن وزانابن و نزیكه‌ی 39سیی ونۆ هه‌زار به‌یتم باسی دڵداری یه, 2دوو هه‌زار ڕه‌خنه , سهدودوانزه 112هه‌زارم گاڵته‌و گه‌پ و پێ كه‌نینه و شۆڕشگێڕییه , 3سێ هه‌زار هه‌جوه,4چوار هه‌زارم لۆمه‌و تانوته , 3سێ هه‌زارم بۆ چاپكردن ناشێ …! چیرۆكهكانیشم هه‌ر به‌م جۆره‌یه , ئه‌وه‌ی له دڵ وده‌روونی خۆم هاتبێته ده‌ره‌وه , ئه‌ویشی كه گۆڕینه بۆسه‌ر زمانه‌كه‌ی خۆم له چ نامیلكه‌یه‌ك گۆڕی بێتم ناوی نامیلكهكهم بردووه بۆ ئه‌مه‌ی نه‌كه‌وم به‌درۆ وه , به‌ڵام زۆری له‌دڵ و ده‌رونی خۆمه‌وه هه‌ڵ قوڵیوه , و ئێستاش هه‌ر ده‌نوسم وپێ نووسم له كاراییه بۆ هۆنراوه و په‌خشان وچیرۆك . ئه‌گه‌ر چی له سه‌ر نووسین 23 بیستووسێ جار گرتووخانه و دوور كه‌وتنه‌وه‌م بوه به تووشه‌وه , كۆڵم نه‌داوه ونایشیی ده‌م تا ده‌س و په‌نجه‌و چاوم له كارا بێ پێنووسیشم له كارایه , ئه‌وان له كار كه‌وتن پێ نووسیش له كاردهوهستێ, له‌ڕۆژی 3/12/ 1982كۆڕێ گیرا بۆ ناڵی شاعیری به‌رزی كورد منیش ئه‌م چه‌ن پێنج خشتهكییهم بۆ دانا .
له 3/12/1982
خۆش هاتن گه‌نج وپیرو لاو
كۆڕ بۆ شاعیرێكی ناسراو
ڕێزیان لێ بگرین بام ته‌واو
ناویان به باش بێ نینه ناو
بۆكۆچ كردوو هه‌تاكوو ما‌و
له نالی ی‌و بابین پیا
دانیشتوی ده‌شت وچیا
خاوه‌ن عیلم وعه‌قڵ وحه‌یا
شاعیر نالی
ی بۆ و له دونیا
بڕوانن به هۆنرا وه‌یا
كه‌س نه‌بوو شان دا له شانی
له شیعری پڕماناو جوانی
به‌جێ ما بۆ كورد زوانی
به‌ڵام داخه‌كه‌م ژیانی
خوش نه‌بوو له سوله‌یمانی
شیوه‌نی ڕازی شاعیر بۆ شوكری
وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا , سابیر ڕازی هاوڕێی شاعیر بوو , زۆر جار ئه‌حمه‌د شوكری سه‌ردانی ڕازی ده‌كرد وله دوكانه‌كه‌ی داده‌نیشت , ڕازی شاعیر پاش كۆچی هه‌تا هه‌تای ئه‌حمه‌د شوكری له سلێمانی , سه‌عات 5.,2 ی پاش نیوه ڕۆی ڕۆژی 24/ 5 /1989 ئه‌م شیوه‌نه شیعرییه‌ی بۆ مه‌رگی كۆچكردوو كردووه , كه مامۆستا ئه‌حمه‌د حسێنیش له گۆڤاری په‌یڤین ژماره 11,12ی 2001 دا بڵاو ی كردۆته‌وه وهه‌ندی هه‌ڵه‌ی تێكه‌وتبوو . ئه‌م هۆنراوهییهش لای من هه‌بوو بۆیه وه‌ك ئهمانهتێكیش ئاماژه‌م پێدا كه نووسه‌ر بڵاوی كردۆته‌وه .
بنوو شوكری له توێی خاكا
ته‌زوی ئازار نهد بزوێنێ
له ڕوی یه‌زدانی بێ باكا
سكاڵات دڵ بله رزێنێ
پێیان بڵێ كه نیشتیمان
ڕۆژگاری ڕه‌ش چی لێ نه‌كرد
بن‌و با ئێشی چه‌ند ساڵه
له گیانتدا بچێته ده‌ر
تاسه‌ی ئه‌و ڕابوردووه تاڵه
ڕێگه‌ی یه‌زدان بگرێته به‌ر
بن‌و له كۆشی نیشتیمان
دایكی دڵسۆزی هه‌مووانه
له باوه‌شی بگره ئارام
بۆ ماندوان جێی وچانه
سه‌رت بنێ سه‌ر ئه‌م خاكه
سه‌ریان پێ به خشیوه
ئه‌ویش دایكێكی دڵ پاكه
چه‌ند به جوانی دای پۆشیوه
ڕازی , 1989
یوسف محه‌مه‌د به‌رزنجی
به‌رهه‌مه چاپكراوه‌كانی خوالێخۆشبوو ئه‌حمه‌د شوكری شاعیر, تا له ژیاندا بووه چاپی كردووه و بڵاوی كردۆته‌وه
1/ چیرۆكی پشیله ومشك , گۆڕینی له‌فارسییه‌وه, چاپخانه‌ی الشمال ,كه‌ركوك , ساڵی 1958 ,19لاپه‌ڕه .
2/ ئامۆژگاری , به‌رگی یه‌كه‌م ,چاپخانه‌ی كامه‌رانی, سلێمانی , ساڵی 1959, 9 لاپه‌ڕه .
3/ ئامۆژگاری , دووه‌م , چاپخانه‌ی ڕاپه‌ڕین ,سلێمانی , ساڵی1978 69 لاپه‌ڕه .
4/ مژده , چاپخانه‌ی كامه‌رانی ,سلێمانی , ساڵی 1959, 9لاپه‌ڕه .
5/ پێ بكه‌نه , چاپخانه‌ی كامه‌ران , سلێمانی , ساڵی 1959 , 43لاپه‌ڕه .
6/ هه‌مه جۆر , چاپخانه‌ی كامه‌ران سلێمانی , ساڵی 1961 , 72 لاپه‌ڕه .
7/ پێنچینهی شۆڕش, چاپخانه‌ی كامه‌ران سلێمانی , ساڵی 1970, 62لاپه‌ڕه .
8/ تێكه‌ڵاو , چاپخانه‌ی كامه‌ران , سلێمانی ,ساڵی 1978, 67 لاپه‌ڕه‌یه .
9/ دڵداری به‌رگی یه‌كه‌م ودووه‌م , چاپخانه‌ی دارالحریه به‌غداد, ساڵی 1978, 77لاپه‌ڕه .
10/ دڵداری سێ یه‌م , چاپخانه‌ی ڕاپه‌ڕین سلێمانی , ساڵی 1978, 48لاپه‌ڕه .
11/ بۆ خوا‌و پێغه‌مبه‌ر , چاپخانه‌ی ڕاپه‌ڕین سلێمانی , ساڵی 1984, 47 لاپه‌ڕه‌یه .