به تراژیدیابوونی بونگه‌را
له كتێبی شیعریی ( رووتبوونه‌وه‌ی وشه‌كان)ی (غه‌مگین بۆڵی)دا
بوونمان بێ بوون نییه‌و هه‌رگیزیش ناتوانێ بێ بوون، بوونمان بوونی هه‌بێت. بوونمان وه‌كو بوونێكی كه‌م تواناش له ئاست شته نه‌ناسراوه‌كان تراژیدییه، تراژیدیاش له‌و كاته‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كه شته ئایدیاڵ و نه‌ناسراوه‌كان گه‌مارۆی بوونمان ده‌ده‌ن و بوونمان ده‌گه‌ێننه حاڵێك كه كه ته‌واو خه‌ریكه بوون له ده‌ست ده‌دا، له‌م باره‌شه‌وه چه‌مكی تراژیدیا به حه‌تمیییه‌وه له هه‌موو له‌حزه‌یه‌ك و ساتێك له ناو بوونمانه، وه‌كو ( نیچه) ده‌ڵێت: ((من به‌ڵێنی هاتنی سه‌رده‌مێكی تراژیدیتان پێده‌ده‌م)) . ئه‌م سه‌رده‌مه تراژیدیای ( نیچه) باسی ده‌كات سه‌رده‌مێكی دیاریكراو نییه، تراژیدیا له‌ئاست ڕووداو و كاره‌ساته‌كان نییه، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ له‌دایك بووندایه و بوونێكی ئه‌نتۆلۆجییه هه‌یه، لێره تێگه‌یشتنی ( نیچه) له واتای تراژیدیا، تێگه‌یشتنه له وتای بوون، مادام بوون حه‌تمییه و كۆتای هێنان به‌و بوونه‌ش حه‌تمییه ئه‌وا خۆی له خۆیدا تراژیدییه، تراژیدیی بوون له نێو كاتدا بڕانه‌وه‌ی خۆی ده‌نوێنێت، مرۆڤ هه‌بوونه كه‌واته ڕۆژێ دێت ده‌بێته نه‌بوون، نه‌بوونیش ئه‌وپه‌ڕی پووچگه‌راییه، تراژیدیاش له ناو پوچگه‌رایی ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی نه‌بوون و له ناوچوونه. (سیلنۆس) له وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ( میدیاس )دا گوتی: به‌خته‌وه‌رترین مرۆڤ ئه‌و مرۆڤه‌یه كه له دایك نه‌بووه – 1 – . لێره‌دا نه‌بوون وه‌كو هه‌ر (نه‌بوو) به‌خته‌ورترینه نه‌ك هه‌بوون به‌ره‌و نه‌بوون، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م سه‌ره‌تای بوونێكی ئه‌نتۆلۆجییه، به‌ڵام ئه‌مه‌ی دواییان مه‌رگێكی تراژیدییه، ناوه‌ڕۆكی بوون تراژیدیای بوونه، واته بوون كه هه‌بوون دروست ده‌كات، چونكه بیركردنه‌وه‌كه‌ی داهاتووی بوونی مه‌رگه، كه‌واته ژیانیش ئه‌وپه‌ڕی تراژیدییه، بوون به‌رده‌وام له چاوه‌ڕێكردنی نه‌بوونه، نه‌بوونیش ئازاری بوونه، كه‌واته بوونیش هه‌ر نه‌بوونه،( نیچه) له‌مه‌دا ده‌یه‌وێت سۆپه‌رمانه‌كه‌ی بكوژ بێت، ئه‌گه‌ر بكوژ نه‌بێت كوژراوه، واته ( نیچه) بوون ناكاته نه‌بوون، ژیان ناكه‌ته مه‌رگ، به‌ڵكو به بوون نه‌بوون ده‌كوژێت، كۆتایی به تراژیدیایه ده‌هێنێت، له‌م تێڕوانینه نه‌بوون هه‌یه، به‌ڵام ده‌بێت بكوژرێت تا بوون هه‌بێت، كه نه‌بوونیشمان كوشت (گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌به‌دی) ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌گه‌ڵ بوونی جه‌للاد كه ( نیچه) به ناوی ویستی هێزی (به‌رزه مرۆڤ ) ناوی ناوه، بوون نابێته نه‌بوون، من به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌م كه لایان وایه : ( نیچه) دژه (سوقرات) ه له بڕواكردن به فۆڕمه هه‌مكییه‌كان، ( سوقرات ) هه‌بوون بۆ بوون ناگه‌ڕێنێته‌وه، به‌ڵكو بۆ ئایدیا هه‌مه‌كێكان (فۆرمه به‌رزه‌كان) ده‌كاته سه‌رچاوه‌ی بوون و هه‌بوون، ( نیچه)ش به‌هه‌مان شێوه له‌كه‌ڵ (كوشتندا)و هاتنه كایه‌وه‌ی به‌رزه مرۆڤ ، بوون و هه‌بوون بۆ به‌رزه مرۆڤ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، ئێمه ئه‌گه‌ر بپرسین ( نیچه) كێ ده‌كوژێت؟ بۆچی ده‌یكوژێت؟ ( نیچه) فۆڕمه به‌رزه‌كان ده‌كوژێت، لێره‌دا ئه‌گه‌ر شتێ بكوژرێت كه‌واته هه‌یه ، هه‌موو كوژراوێك هه‌بوویه‌كی هه‌یه بۆیه ده‌كوژرێت، كه‌واته ( نیچه) وه‌كو (سوقرات ) بڕوای به فۆڕمه به‌رزه‌كان هه‌یه بۆیه ده‌یكوژێت، به‌ڵام بۆ ده‌یكوژێت؟ ( نیچه) له‌گه‌ڵ ئه‌م میتافیزیكه ڕووناكێنه‌دا ناكۆكه‌و كاتێت و بڕاوه‌ی بوون به ڕاسته‌قینه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی داده‌نرێت . له بۆچوونی ئه‌ودا ، ڕووناكبینی ( سوقرات ) ، له‌سه‌ر هیوایه‌كی له بناخه‌به‌ده‌ر ڕاوه‌ستاوه، سه‌ر به‌سیسته‌مێكی هۆشه‌كی سه‌رده‌می ڕووخاوه، له لایه‌كی تریش ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها و له‌بن نه‌هاتووی بوونێكی دیكه له ئاست ده‌سه‌ڵاتی بوونی مرۆڤدا زه‌ق ده‌كاته‌وه و زه‌بوونی ده‌كات، ئه‌مه‌ش له بۆچوونه‌كانی ( نیچه) دا، باوه‌ڕكردن به سه‌ربه‌ستی مرۆڤ و هه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتێكی میتافیزیكی ڕه‌ها له ژوور ده‌سه‌ڵاتی مرۆڤه‌وه كێشه‌یه‌كی (پاردۆكسه) دژواره. ( نیچه) بانگه‌شی بوون له ناو سیسته‌مێكی میتافیزیكی تر كه له‌سه‌رووی توانای مرۆڤه‌وه بێت ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، چونكه هه‌بوویه‌كه كه بوون وای كردووه بێت هه‌بوون، بانگه‌شه‌ی ڕووخاندنی ئه‌م ڕاستییه، ناڕاسته! نه‌بوون به هه‌بوون، له ناوبردنی هه‌بوونه، نه‌بوون پووچكردنه‌وه‌ی هه‌بوویه‌كه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ نه‌بوون كه نییه، بۆیه ( نیچه) به ویستی هێز په‌نا ده‌باته سۆپه‌رمان (به‌رزه مرۆڤ) و فۆڕمه هه‌مكییه‌كان ده‌كوژێت، ( نیچه) به‌رزه مرۆڤ به شایسته‌ی ئه‌وه ده‌زانێت نه‌ك فۆرمه هه‌مه‌كییه‌كان ، چونكه فۆرمه هه‌مه‌كییه‌كا بوونیان وێران كردووه. به‌ڵام (هایدیگه‌ر ) ده‌توانین به دژایه‌تێكی گه‌وره‌ی ( ئه‌فلاتوون) بزانین، كاتێك (دیزاین) له شوێنی ئایدیا به‌رزه‌كانی ( ئه‌فلاتوون ) داده‌نێت، (هایدیگه‌ر) فۆڕمه هه‌مه‌كێكان به هه‌بوون نازانێ تا بییان كوژێ، به‌ڵكو به نه‌بوون ده‌زانێت، ئه‌گه‌ر شتێ نه‌بوو چۆن ده‌توانین بیكوژین! له نێوان ( نیچه) و (هایدیگه‌ر) دوو بوونمان بۆ دروست ده‌بێت ، ( نیچه) نه‌بوون به هه‌بوون داده‌نێت به‌ڵام به‌رزه مرۆڤه‌كه‌ی ئه‌و ده‌یكوژێت و خۆی له جێگای ئه‌و داده‌نێت ، واته له ڕێی تێكشكانی هه‌بوون كه فۆڕمه به‌رزه‌كانه، بوونیان به نه‌بوون ده‌كات، به‌ڵان (هایدیگه‌ر ) بوون یان فۆرمه هه‌مكه‌ییه‌كان – ئایدیا به‌رزه‌كان- ( ئه‌فلاتوون) به نه‌بوون ده‌زانێت و ئاماژه ده‌كات نه‌بوون هه‌ر نه‌بوونه، هه‌بوونیش هه‌ر به هه‌بوو ده‌زانێت و ئاماژه به‌وه ده‌كات بوون هه‌ر هه‌بووه و هه‌ر ده‌بێت.
بوون هه‌بووه پێش بوونی ئێمه و هه‌بوون بێ ده‌سه‌ڵاته له گۆڕینی بوون، وه‌كو چۆنیش سه‌ره‌تایه‌ك هه‌یه بۆ بوونی ئێمه، كۆتاییش هه‌یه بۆ بوونی ئێمه كه مه‌رگه، مه‌رگ كۆتاییهێنانه به هه‌بوونمان نه‌ك كۆتایی هێنان به بوون، هه‌بوونمان لێره‌دا له بوون نه‌بوونه، نه‌بوونیش چاوه‌ڕوانی مه‌رگه، مه‌رگ مێژوو نییه، كه‌واته نه‌بوونه، چونكه بوونمان له ڕابردوودا هه‌بوونه‌و میژووی هه‌یه، ئێمه دڵنیاین كه نه‌بوونمان له داهاتوودا رووده‌دات، به‌ڵام پێشبینی بوونمان بۆ ئه‌و نه‌بوونه چۆنه؟ نازانین! لای ( هایدیگه‌ر) كۆتایی (دازاین) له بڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان و هه‌بووكانه‌وه جیاوازه. یه‌كه‌م، كۆتایییه‌كه تراژیدییه، چونكه مرۆڤ به ئاگاوه به‌ره‌و كۆتایییه‌كه‌ی ده‌ڕوات. دووه‌میش، كۆتایی (دازاین) بڕانه‌وه‌یه‌كی هه‌میشه‌یییه و له گه‌ڕانه‌وه به‌ده‌ره. بۆ نموونه ده‌ڵێن: بارانه‌كه وه‌ستا یان فلیمه‌كه ته‌واو بوو. باران جارێكی دیكه ده‌بارێته‌وه و ده‌توانین چه‌ند جارێكیش فلیمه‌كه ببینینه‌و، به‌ڵام گه‌ر مرۆڤ مرد، جارێكی تر ناگه‌ڕێته‌وه- 2 – . لێره‌دا بوونمان هه‌میشه له مه‌ترسی نه‌بووندایه، به‌ڵام بوونمان نایه‌وێت جارێ بمرێت، مردنه‌كه‌ی دوا ده‌خات، خودی دواخستنی بوونمان وه‌كو نه‌بوون تراژیدییه، چونكه هه‌بوونمان له بوون هێشتا نه‌گه‌یشتۆته كۆتایی ئه‌وه‌ی كه بوونمان ده‌یخوازێت كۆتایی هات و نه‌بوون ڕووی تێ كردوو بووه نه‌بوون ، لێره‌دا مردن كۆتایی هه‌موو بیركردنه‌وه‌یه‌كی بوونمانه كه ڕوو له داهاتوو ده‌كات، به داهاتووی بوونی ناگات، مه‌رگ گه‌وره‌ترین ئیمكانه وه‌كو ( هایدیگه‌ر ) ده‌ڵێت: (( ئیمكانی نه‌بوونی هیچ بوونێكه مرۆییه)) ، مه‌رگ دواهه‌مین ئیمكانه، ئه‌و ئیماكانه‌ش كه گشت ئیماكانه‌كان ناهێڵێت. ئایا بوونمان كه بیر ده‌كاته‌وه بێته نه‌بوون، ده‌بێته ئه‌گه‌رێك له ئه‌گه‌ره‌كان؟ (سارته‌ر) ئاماژه ده‌كات كه سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌گه‌ره‌كان، ئه‌گه‌ری من نییه، ئه‌گه‌رێكه له‌ده‌ره‌وه‌ی من، له‌ناوبردنی ئه‌گه‌ره‌كانیش له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌گه‌ری منه، كه‌واته مردن و نه‌بوونمان ئه‌گه‌ری من نییه و ئه‌گه‌ری له‌ناوبردنی ئه‌گه‌ره‌كانمه و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌كانمدایه. من ناكۆكم له‌گه‌ڵ (سارتر) ! چۆن له‌ناوبردنی ئه‌گه‌ره‌كانی بوونمان، ئه‌گه‌ری بوونمان نییه؟ من پێم وایه بوونمان له بوون هه‌مووی ئه‌گه‌ره، ئه‌وه‌ی جیامان ده‌كاته‌وه له بوونه‌وه‌رانی تر ئه‌گه‌ره، ئه‌گه‌ر كۆجیتۆی ( دیكارت) به‌كاربێنین به‌م شێوه‌یه: (( من ئه‌گه‌رم هه‌یه، كه‌واته من هه‌م )). باشترین سه‌لماندنه بۆ ( سارتر ) كه ئه‌گه‌ره‌كان له ده‌ره‌وه نییه، به‌ڵكو (ئه‌گه‌ر) هی بوونمانه و له‌ناو بوونمانه ڕوو له بوو ده‌كات . ئه‌گه‌ری له له‌ناوبردنی بوونیشمان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌كانی من دا نییه‌و به‌شێكه له بوونمان له بوون، مادام بوونمان پڕۆژه‌یه‌كه بۆ دامه‌زراندنی ئه‌گه‌ره‌كان له بوون، ئه‌وا بوونمان پڕۆژه‌یه‌كیشه بۆ دامه‌زراندنی ئه‌گه‌ره‌كان له بوونمان، نووسه‌رێك چه‌ند كتێبێكی ماوه بۆ ته‌واو بوون، له ترسی هاتنی ئه‌گه‌ری بوونی به (نه‌بوون)، كام كتێب زۆر گرنگه به‌لایه‌وه یه‌كه‌م جار ئه‌وه ته‌واو ده‌كات. ئه‌وه‌شی ده‌مێنێته‌وه، ده‌مێنێته‌وه له بوون، چونكه بوونی من ته‌واو بوو ئه‌گه‌ره‌كه‌ش ته‌واو بوو. ته‌واو بوونی بوونیشمان له بوون، دوو ئاڕاسته‌ی بۆ بوونمان وه‌كو (ئه‌گه‌ر) ڕوومان تێده‌كات.
یه‌كه‌م: بوون پڕۆژیه‌كی بڕاوه‌یه.
دووه‌م: بوون پڕۆژیه‌كی هیچه!
( ژان پۆل سارتر ) له كتێبی (بوون و نه‌بوون) دا، زۆر به ڕوونی ئاماژه‌ی به‌م دوو خاڵه ده‌دات و ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه به چه‌ندایه‌تی ژیانمان له بوون، له پیریدا بوون وه‌كو پڕۆژه‌یه‌كی بڕاوه‌یه، ئه‌مه‌ش جۆرێكه له هه‌ڵبژاردنی شته بڕاوه‌كان. له ته‌مه‌نی جوانیدا كه جوانه مه‌رگمان ده‌كات ، بوون به كه‌مییه‌وه په‌یدا بووه….؟ ئه‌گه‌ر گه‌ڕانێكی فیكری به ناو كتێبی شیعری (ڕووتبونه‌وه‌ی وشه‌كان) ی شاعیر ( غه‌مگین بۆڵی ) دا، ئه‌وا یه‌كسه‌ر تووشی گه‌یشتن به بوونێك ده‌بین، بوونێك كه ته‌واو بوونه‌وه‌و ئه‌و بوونه‌ی وه‌ك خۆی به‌رجه‌سته كردووه. هه‌ر وه‌ك شاعیریش وه‌ها ناوی بردووه ( مننامه). ئه‌گه‌ر زیاده‌گۆیی و ستایشی كوێرانه نه‌بێت ،ته‌واوی شیعره‌كان ئه‌گه‌ر به دێڕێكیش بێت ته‌رخان كردووه بۆ بوونمان وه‌كو بوونێكی ئه‌نتۆلۆژی، ئه‌مه‌ش قوڵبوونه‌وه‌ی (بۆڵی) مان بۆ ده‌رده‌خات له ناو (بوون و نه‌بوون )ی ژیان كه تا چه‌ند مانای هه‌یه و تا چه‌ند ده‌توانین تێیدا به‌خته‌وه‌ر بین.
غه‌مگین بۆڵی له شیعرێكدا نووسیویه‌تی:
كه‌س نازانێ
له پشتی شه‌و
له ته‌نیشت ڕۆژ
چی ڕووده‌دات؟ ( ڕووتبوونه‌وه‌ی وشه‌كان) ل89
(نازانێ ) گوزارشتكردنێكی بێ مانایه بۆ بوونمان، كه له دواجاردا به‌ره‌و مه‌رگ به‌لكێش ده‌كرێین، ئه‌مه‌ش بێ ئیزنی خۆمان . هه‌ر له سۆفیسته‌كانه‌وه تا ئێستاش زۆربه‌ی فه‌یله‌سووفه‌كان به‌سه‌ر دوو قۆناغ دابه‌شبوون .
قۆناغی یه‌كه‌م / ئایدیالیزم.
قۆناغی دووه‌م / مه‌تریالیز.
ئه‌م دوو قۆناغه هه‌ریه‌كه‌و به‌شێوه‌ی جیا به دوای ئه‌م پرسیاره‌دا گه‌ڕاون كه له بووندا چی ڕووده‌دات؟ به‌ڵام زۆربه‌یان به ده‌ست به‌تاڵ گه‌ڕاونه‌ته‌وه، واته نه‌گه‌یشتوونه‌ته بڕیارێكی یه‌كلایی، یان بڕیارێكی قایلكار. چونكه ئاگامه‌ندیی مرۆڤ سنوورێكی هه‌یه كه ناتوانێ تا (پشت شه‌و و ته‌نیشت ڕۆژ) دا بڕوات كه شاعیر ئاماژی پێ كردووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه (بۆڵی) بۆ دێت و دیسان ئه‌مان گه‌ڕێنێته‌وه بۆ باسێك كه زۆر كه‌س خۆیان بێ مانا كردووه له‌سه‌ری!
لێره‌دا نه‌بوون گوزارشته بۆ بێ توانایی و نه‌زانینی مرۆڤ، نه‌زانین نه‌بوونه، واته هه‌موو نه‌زانینێك ڕوو له نه‌بوون ده‌كات نه‌ك هه‌بوون، چونكه ئێمه گه‌ر شتێك بزانین پێویست ناكات ئاگامه‌ندیی بۆ بخه‌ینه كاره‌وه، واته نه‌بوون بریتییه له ماهیه‌تی مرۆڤ ، ماهیه‌تی مرۆڤ گه‌ڕانه به دوای نه‌بوون، ئایا هه‌موو نه‌بوونێك ده‌بێته هه‌بوون؟ ئه‌گه‌ر هه‌موو نه‌بوونێك ببێته هه‌بوون ئه‌وا ئێمه ده‌زانین چییه‌تی مرۆڤ چییه‌و ئیشی چییه له بوون؟ نامۆیی مرۆڤیش له‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه (نازانێ) یان ناتوانێ هه‌موو نه‌بوونێك بكاته بوون، هه‌موو نه‌زانینێك بكاته زانین، به بڕوای ( هیگڵا) نامۆی بارودۆخێكی پێویستییه، پێویستی بارودۆخه‌كه بۆ زانینی نه‌زانینه، نامۆیی زانینیش ئه‌وه‌یه زانین ده‌یه‌وێت خۆی ته‌واو بكات و بگاته به ترۆپكی زانین، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت بوونی مرۆڤ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له نه‌بوونه‌وه به‌ره‌و نه‌بوونی ده‌ڕوات و هه‌وڵی خۆ ته‌واو كردن ده‌دات (كات)یه‌و شتێكی نه‌بڕاوه‌و هه‌میشه‌یی نییه. به به‌رده‌وامی ئێستای ده‌كات ڕابردوو، به‌ره‌و داهاتووش له پێناو وه ده‌ست هێنانی پڕۆژكانی ڕه‌تده‌كاته‌وه و بوونێكه له ڕابردوو ناژیت و( ئێَستا)ی كورت و نه‌فه‌سه‌و چاو له داهاتوو ده‌بڕێ. بوونێَكه بۆ ته‌واو بوونی خۆی به‌ره‌و داهاتوو ده‌ڕوات و له هیچ وێستگه‌یه‌كی (ئێستا) خۆی ڕاناگیرێت. بۆ ئه‌و ئێستا له ڕابردوو، داهاتوو له ئێستا‌و داهاتووی داهاتووش له داهاتوو باشتر‌و پێشكه‌وتووتره‌و ئاگامه‌ندانه ڕووی تێده‌كات-2-. لێره‌دا نه‌بوون به‌رده‌وام ده‌بێته ڕابڕدوو بوونیش هه‌رده‌م له داهاتوودایه. ئه‌مه‌ش نزیكمان ده‌كاته‌وه له فه‌لسه‌فه‌ی (درێدا ) و ( بلوخ) كه (بوونمان ) وه‌كو ناته‌واوێك ده‌بینین كه هه‌رگیز ته‌واو نابێت، هه‌رده‌م (نه‌بوون) وه‌كو كرده‌یه‌كی كامڵبوونی بوون، ده‌بێت بوون ته‌واو كات… كاته‌كان ده‌وه‌ستێنن! شاعیر له شیعرێكی تردا كه ته‌واو تێكه‌ڵی هونه‌ری به‌سمه‌ستان بووه‌و له‌وێوه ده‌یه‌وێت باسی ( خۆكوشتن) بكات! ده‌شێت هه‌موومان به‌م كرده‌یه درۆیه‌كی گه‌وره بۆ دونیا ، بۆ ژیان بكه‌ین! بۆیه شاعیریش له وێنه‌یه‌كی شیعرییدا باسی له‌م حاڵه‌ته كردووه‌و ته‌واو ئه‌و واقیعه‌ی به‌رجه‌سته كردووه.
ده‌رگاكان قفڵ ده‌ده‌م!
په‌نچه‌ره‌كان داده‌خه‌م!
په‌رده‌ده‌كان داده‌ده‌مه‌وه!
گَڵۆپه‌كان ده‌كوژێنمه‌وه!
جگه‌ره‌ی درۆیه‌كی تر …
بۆ ژیان به با دده‌م
ده‌مه‌وێت باسی خۆكوشتن بكه‌م. ( ڕووتبوونه‌وه‌ی وشه‌كان) ل8
شاعیر لێره‌دا ده‌یه‌وێت وینه‌یه‌كی تراژیدیمان له‌سه‌ر بوون پێ بڵێت، ده‌یه‌وێت ده‌رگا له‌سه‌ر بوون دابخات و بڵێیت بوون تۆ هیچ نیت، ئه‌وه‌شی هه‌یت به ده‌ست خۆمیت، بوونی من بوونی تۆ به نه‌بوون ده‌كات، واته من زۆر ئاسان ده‌توانم بوون بكه‌مه نه‌بوون، ژیان لێره‌دا دوو بوونه بۆ بوونمان. یه‌كه‌میان بوون. دووه‌میان نه‌بوون… به هه‌ردووكیان بوونمان دروست ده‌كه‌م ،( بۆڵی) لێره‌دا زۆر ئاسان ده‌یه‌وێت به‌شێك له بوونی بكاته نه‌بوون، به‌ڵام ئه‌و به‌شه به‌س نییه بۆ ئه‌وه‌ی بكه‌یته جه‌وهه‌ری نه‌بوون، به‌ڵكو ده‌بێت بچیته ناو بوونێكی تر كه نه‌بوونه. باشتره نموونه‌یه بۆ خوینه‌ر بهێنینه‌وه بۆ ئاسان تێگه‌یشتن . ئاده‌مییه‌ك زۆر نامۆیه، ئه‌و نامۆیه ئه‌گاته ساتێك بیر له نه‌مان بكاته‌وه واته خۆی بكوژێ ، له‌م ساته‌دا ده‌بێت ڕووبه‌ڕووی دوو ئه‌گه‌ر ببینه‌وه كه یه‌كه‌میان .ئه‌گه‌ر له ژیان ده‌رچوون كه بریتییه له وازهێنان له‌و شتانه‌ی كه ژیانمانی دروست كردووه. ئایا ئه‌مه به‌سه بۆ خۆكوشتن ؟ نه‌خێر ئه‌وه خۆكوشتن نییه بچیته شاخێك و ته‌واو شار به‌جێبێڵێت! به‌ڵكو خۆكوشتن بریتییه له وازهێنان له ژیان كه بوونی من نییه‌و وازهێنان له خۆم كه بوونی منه، شاعیر لێره‌دا قۆناغ یه‌كه‌می بڕیوه، به‌ڵام قۆناغه سه‌خته‌كه ماوه كه وازهێنان له خۆمه، له قۆناغی دووه‌مدا شاعیر ڕووبه‌ڕووی سه‌ختییه‌ك ده‌بێته‌وه، ئێمه با پرسیارێك بكه‌ین، ئایا شاعیر بۆ ده‌یه‌وێت خۆی بكوژێت؟ ئایا شاعیر به كرده‌ی خۆكوژی ده‌یه‌وێت ببێته بووێكی ڕه‌سه‌ن بچێته ناو چه‌رگه‌ی بوون، یان ده‌یه‌وێت به ته‌وای له بوون ده‌رچێت و ببێته نه‌بوون ؟ ئه‌گه‌ر باش له شیعره‌كه وردبینه‌وه شاعیر هه‌نگاوێكی ماوه بۆ چوونه ناو مه‌رگ و وه‌ستاوه و بیرده‌كاته‌وه، چونكه ده‌ڵێت: ((ده‌مه‌وێت باسی خۆكوشتن بكه‌م! ))، لێره‌دا دیسان ده‌پرسینه‌وه ئایا شاعیر- غه‌مگین بۆڵی – بیر له چی ده‌كاته‌وه؟ نه‌بوون لای شاعیر ڕاكردن نییه له بوون، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت بچێته ناو چه‌رگه‌ی بوون و بێته ئه‌و بوونه‌ی كه خۆی ده‌یه‌وێت، نه‌ك بوونه‌وه‌رانی تر ده‌یانه‌وێت، ئه‌و ده‌یه‌وێت به‌ره‌و مه‌رگ هه‌نگاو بنێت بێ ئه‌وه‌ی ببێته نه‌بوون، به‌ڵام كێشه‌كه لێره‌دا ئه‌وه‌یه هه‌موو مه‌رگێك نه‌بوونێكه! لێره‌دا قسه‌كردن له‌سه‌ر بوونێكی ڕه‌سه‌نه نه‌ك مه‌رگ…ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت مه‌رگ لای (بۆڵی) به‌راورد كه‌ین به مه‌رگ لای (سوقرات). مردن لای ( سوقرات) مردن نییه‌و سه‌ره‌تای قۆناغێكی تازه‌ی بوونه، كاتێكیش پیاڵه ژه‌هره‌كه ده‌خوات دواین بۆچوونی خۆی وه‌ها به جێدێلێت، من به‌ره‌و مه‌رگ و ئێوه به‌ره‌و ژیان، خودا ده‌زانێ كامیان چاكتره؟. شاعیریش ده‌یه‌وێت وه‌كو ( سوقرات ) به‌ره‌و ژیانێك تازه بڕوات، به‌ڵام نه‌ك ژیانێكی تر! ( سوقرات ) ئه‌م ژیانه ده‌كات سێبه‌ری ژیانی (ئایدیا به‌رزه‌كان) كه له سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌مان پێ دا كه (نه‌بوونه). ( سوقرات ) ئه‌م نه‌بوونه به بوونێكی ته‌واو ڕه‌سه‌نی ده‌زانێت، به‌ڵام ( بۆڵی) ئه‌م بوونه ده‌یه‌وێت بكاته بوونێكی خۆی و نه‌بێته نه‌بوون، واته ئایدیا به‌رزه‌كان به نه‌بوون ده‌زانێت و ده‌یه‌وێت نه‌بوونی بوونی خۆی به بوون بكات . لێره‌دا شاعیر بیر له بوونێكی نیهێلێستیانه ده‌كاته‌وه ده‌یه‌وێت ئه‌م بوونه بكاته نه‌بوون و بوونی ڕه‌سه‌ن كه نه‌بوونه بكاته بوون.
هه‌ر وه‌ك له‌م شیعره‌یدا ته‌واو ئه‌م ره‌هه‌ندی نیهێلیستانه به‌رجه‌سته بووه. ئه‌مه نموونه‌ی شیعره‌كه‌یه‌تی :
سبه‌ی خۆم سه‌فه‌رییم
به مردن بڵێن:
با خۆی له دوای من ئه‌زیه‌ت نه‌دا.
( ڕووتبوونه‌وه‌ی وشه‌كان) ل27
ئه‌مه گوزارشتكردن له ناته‌بایی و ترس و چاره‌نووس و دڵڕاوكێی مرۆڤ به‌رامبه‌ر بوون و ژیان، ئه‌و ژیانه‌ی كه پڕه له ناته‌بایی. ( سامۆیل پیكێت) له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ ناو خۆی، بۆ ناو دونیایه‌كی تر، بۆ ناو ته‌نیایی ده‌نووسێت: ((مرۆڤ ته‌نیایه، به‌رده‌وام هه‌وڵده‌دات په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كه‌سانی ده‌وروپشتی ببه‌ستێ، ساتی ئه‌و په‌یوه‌ندێش دیته دی، ده‌بینین مرۆڤه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر یان به‌خۆیه‌وه یان به‌شته ڕۆتینه‌كانه‌وه سه‌رقاڵه، دیسانه‌وه له بازنه‌ی ته‌نیایی خۆی ده‌بینێته‌وه)). ته‌نیایی بوون ئاماژه نییه بۆ ساتێك كه بوونمان له بوون ته‌نیایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه، به‌ڵكو ئاماژه‌یه بۆ ساتێكی سایكۆلۆژی كه مرۆڤ نازانێ بوونی بوونمان چییه؟ ساتی ته‌نیا بوون ساتێك نییه كه بوونمان بوونێكی كۆمه‌ڵایه‌تی نییه، ساتی سه‌ڕسوڕمانه به‌رامبه‌ر بوون، ساتی هه‌ڵهاتنه له بوونێكی وه‌هادا كه نابێت بوونمان بێت.
شاعیر له‌سه‌ر كوشتنی چاوه‌ڕوانی ئیش ده‌كات، چاه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی كه له هه‌موو كاتێكدا نه‌بوویه‌ك په‌لاماری بوونی بدات، له‌سه‌ره‌وه دوو بۆچوونمان ڕوون كرده‌وه له‌سه‌ر ئه‌گه‌ره‌كان، كه بوون وه‌كو (ئه‌گه‌ر) ڕوو ده‌كاته بوونمان به دوو شێوه‌ی بڕاوه‌و پوچی، بڕاوه‌مان بۆ چۆنایه‌تی ته‌مه‌ن و پیری گه‌ڕانده‌وه، كه‌می بوونیش یان هیچبوون بۆ زه‌مه‌نی گه‌نجایه‌تی گه‌ڕانده‌وه، لێره‌دا (سارتر) هه‌موو نه‌بوونێك له كاتی گه‌نجی بگه‌ڕێته‌وه لای بوونی گه‌نجه‌كه به بوونێكی پووچی و بێ‌مانا ده‌زانێت، به‌ڵام بیری نه‌كردۆته‌وه هه‌ر شتێك ئاماده‌بێت بۆ ڕوودان، ئه‌گه‌ر ڕووش نه‌دات به ڕوودان دێته هه‌ژمار، چونكه ئه‌و ڕوودانه هه‌ر ده‌مێنێت و له‌سه‌ر (كات) وه‌ستاوه‌و كاته‌كه‌ش له‌وانه‌یه سه‌عاتێكی تر بێت، واته خۆ نه‌بوون (مه‌رگ) بڕیاری نه‌داوه كاتێكی دیاری كرا‌و ڕوو له بوونمان بكات، تا بچینه سه‌ر قۆناغی دووه‌م كه (سارتر) به پیری و بڕانه‌وه ناوی ده‌بات نه‌ك (پووچی). شاعیریش له شیعره‌كدا له‌سه‌ر پووچییه‌ك ئیش ده‌كات كه هه‌ركاتێك بێت ، بوونه‌كه‌ی به نه‌بوون ده‌كات بێ ڕه‌زامه‌ندی بوونی، له‌و كاته‌دا شاعیر ده‌یه‌وێت پوچی له بوون بكوژێت، چونكه بێ ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و دێته ناو بوونی . ئایا چۆن پووچی ده‌كوژرێت؟ شانۆی ( له چاوه‌ڕوانی گۆدۆدا) نووسینی ( ساموئیل بیكیت)، ئاماژه‌یه بۆ خودی ئه‌م چاوه‌ڕوانییه‌ی كه ڕۆژێك یان كاتێك نه‌بوونێك ڕووت تێده‌كات، ئه‌م نه‌بوونه‌و چاوه‌ڕوانی (گۆدۆدا) تراژیدییه‌كی میتافیزكییه‌و به جۆرێك چاوه‌ڕوانی كه‌سێك یان ڕووداوێك یان هه‌ر شتێكی تر كه نادیاره، به‌ڵام چاوه‌ڕوانییه نه‌بوون و فه‌نابوون و مردنه، به‌ڵام شاعیر ڕێك پێچه‌وانه‌ی شانۆی (له چاوه‌ڕوانی گۆدۆدا) ئیش ده‌كات و نایه‌وێت وه‌كو كه‌سایه‌تییه‌كانی چاوه‌ڕوانی گۆدۆدا چاوه‌ڕوان بكات و كه‌سێكی پووچگه‌را بێت .
شاعیر كه‌سێك نییه له كه‌سایه‌تییه‌كانی شانۆی له چاوه‌ڕوانی گۆدۆدای (ساموئیل بیكیت) ، به‌ڵكو كه‌سایه‌تییه‌كی (دۆن‌كیشۆت) ئاسای هه‌یه، هه‌موو سه‌ركێشكانی ( دۆن‌كیشۆت) بۆ ئه‌وه نییه بگاته شتێك، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه چیتر چاوه‌ڕوانی شتێك نه‌كات، دۆن‌كیشۆت پێی باشتره بمرێ نه‌ك چاوه‌ڕوانی مردن بكات، لێره‌دا ( غه‌مگین بۆڵی ) شاعیریش له به‌شێكی شیعره‌كانی كاری له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه ، كاركردن له مردن‌دا، مردن له پێناوی كوشتنی مردنه، به‌و واتایه‌ی كه كوشتنی مردن مانه‌وه كوشتنی بوونه!
سه‌رچاوه‌كان:
1- ڕووتبوونه‌وه‌ی وشه‌كان ، شیعر– غه‌مگین بۆڵی. له بڵاوكراوه‌ی سه‌نته‌ری رۆشنبیریی خه‌ون = پڕۆژه‌ی كتێبی خه‌ون. زنجیره ( 2) چاپی دووه‌م 2012. چاپخانه‌ی ( رۆژ هه‌ڵات) هه‌ولێر.
1-بوون و نه‌بوون، ژان پۆل سارتر، وه‌رگێڕانی: د. محه‌مه‌د كه‌مال، چاپی یه‌كه‌م ، ده‌زگای چاپ و به‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی، 2011
1. فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی (وجودیه‌ت)، جۆن ماكواری، وه‌رگێڕانی:ئازاد به‌رزنجی، چاپی دووه‌م، ده‌زگای چاپ و به‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی، 2007
3. هایدیگه‌رو شۆڕشێكی فه‌لسه‌فی، د. محه‌مه‌د كه‌مال، چاپی یه‌كه‌م، ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی، 2007
4. نیتشه‌و پاش تازه‌گه‌ری، د محه‌مه‌د كه‌مال ، چاپ ده‌زگای حه‌مدی، سلێمانی2006
ڕزگار عه‌لی
———-
په‌راوێزه‌كان
(1) نیتشه وپاش تازه‌گه‌ری، د.محمد كه‌مال…ل25
(2) هایدیگه‌ر و شۆرشێكی فه‌لسه‌فی، د محمد كه‌مال…ل126
(3) بوون و داهێنان ، د. محمد كه‌مال…ل82