Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
خوێندنەوە لە نێوان مەرگى نووسەر و مەرگى تێكستدا

خوێندنەوە لە نێوان مەرگى نووسەر و مەرگى تێكستدا

Closed
by May 14, 2008 گشتی

 زەردەشت وەها ئاخاوت
…… كتێبێك بۆ هەمووان و كەس نا
 هۆشه‌نگ شێخ محه‌مه‌د…..

به‌شی یه‌که‌م……
 
 دیارە ئەو بەرهەمەى نیچە لە نێوان ساڵەكانى (1883-1885) وەك لە سەرەوەش ئاماژەمان پێدا، نووسراوە، یەكێكە لە كتێبە هەرە بەناوبانگەكانى نیچە و پێش هەموو كەسێكیش نیچە خۆى زۆر باسى گرنگى و گەورەیى و بىَ وێنەیى ئەم كتێبەى كردووە، چونكە لێرە بەدواوە لەم باسەدا، زیاتر ئەم كتێبە و تێزى باسەكەمان لەو بەشەدا چڕ ئەكەینەوە، ئەمانەوىَ ئەو نووسینانەى خزمەت بە باسەكەمان ئەكەن دەست نیشان بكەین و گرنگى ئەو كتێبەش بۆ خوێندنەوەى خۆمان ئاشكرا كەین، كە ئەویش خۆى لە تێگەیشتنێكى نوێدا ئەبینێتەوە بۆ رەخنەى كوردى و لە نیچەوە دەست پێبكەین و بگەینە جاك درێداوە، بە تایبەتیش بۆ " تێزى مەرگى نووسەر" و باسەكەمان لەسەر ئەو پنتەدا چڕكەینەوە.
 
 یەكێك لە مەبەستەكانى ئەو باسە ئەوەیە، لە نیتشەوە جەغت لەسەر هەندىَ بابەت بكەینەوە، (نووسەر و تێكست و خوێندنەوە) و پەیوەندییان بە (مەرگى نووسەر و تێكست و بەرپرسیارى نووسەر و رووبەڕووبوونەوەى رەخنەیى) لەگەڵ نووسەردا بەمانا درێداییەكەى، هەروەها لەم رێیەشەوە بتوانین پێشبەرییەك سەبارەت بە رەخنەى كوردى پێشكەش بكەین و بەشدارییەك لەو پارچە گرنگەى نووسین بكەین، كە ئێمە پێمان وایە رێگەیەكى گرنگە بۆ ئەوەى لە هەندىَ رەهەندى دیكەوە تەماشاى ئەدەب و ژیان و هەقیقەت بكەین.
 
 گرنگى ئەم بەرهەمە لە دیدى نیچەوە لە دوو ئاست دایە، یەكەمیان بەرهەمەكە،  دووەمیشیان بلیمەتى خۆى وەك نووسەر، نیچە ئەم بەرهەمەى هەم بە "ئینجیلى پێنجەم" و " شتێك كە هێشتا ناوى نییە" یان " چامەى شعرى" هەروەها وەك " دیارییەك بۆ مرۆڤایەتى " یان " تێگەیشتنم بۆ دیۆنیسى لێرەدا بۆ تە كارێكى بلیمەت " زیاتر لەمەش نیچە ئەڵىَ :" پێش ئەو كارە كەس بۆى نەبووە بزانىَ باڵایى چییە، قوڵبوونەوە چییە، لەمەش كەمتر هەقیقەت چییە.. حیكمەتێك و گەڕانێك لە قوڵایى روحدا نەبوو، هونەرى وتاربێژیش پێش زەرەدەشت نەبوو" هەروەها سەبارەت بە خۆیشى ئەڵىَ: " قەدەرى مرۆڤایەتى لەسەر شانمە" یان " ئەگەر خۆم بە پێوەرى ئەو كارانە بپێوم كە لەدەستم دێن ئەوە من لە هەموو ئەو كەسانەى كە لەناوئەچن زیاتر شایانى نازناوى بلیمەتیم" یان " من هەڵگرى مژدەیەكم كەنموونەى نەبووە لە پێشدا، تەنیا ئێستا، و لەمنەوە هەبوونى سیاسەتێكى بلیمەتانە لەسەر زەوى دەست پێئەكات" "1"
 
 لەو وشە و دەستەواژانەى سەرەوەدا، نیچە جەغت لەسەر هەر دوو ئاستى تێكست و نووسەر ئەكاتەوە، "تێكست" كە ئەو خۆى شوناسى ئینجیلى پێنچەم یان چامەى شعرى یان بەرهەمێك هێشتا ناوى نیە یان وەك دیارى، یان تێگەیشتنى بۆ دیونیسیس، و دواتریش رەهەندەكانى ئەو تێكستە لە گەڕان لە كۆمەڵىَ چەمكى وەك باڵایى و قوڵبوونەوە و هەقیقەت و حیكمەت و قوڵایى روح و زماندا، هەموو ئەو وشە و دەستەواژە كورتانە، كۆمەڵێك دەلالاتى فەلسەفى قوڵ و لە هەمان كاتیشدا ئەدەبى و شاعیرانەمان پىَ ئەبەخشن، بەدەر لەو دەلالاتە قوڵانە، ئێمە ئەزانین كە لەبەرامبەر كارێكداین، بە پلەى یەكەم تێكستێكى فەلسەفى – ئەدەبى نوىَ داین، نوێبوونەوەیەك لەو گەڕانەدا خۆى ئەبینێتەوە بە ناو روح و گەڕانى زمانیش لە قوڵاییدا، بەڵام ئەو قوڵاییە نا كە (رۆلان بارت) بۆى ئەچێت بەوەى تەنیا گەڕانى زمانێك لە قوڵاییدا بۆ ئەوەى ئەو بەرهەمە بكاتە تێكستێك تەنها زمان بێت، بىَ مانا و دنیابینى و جوانى و كۆمەڵێك رووبەڕووبوونەوەى رەخنەییانەى توندو تیژ لەگەڵ میتافیزیكییا و دین و چەمكى مێژوو و هەقیقەت و خوا و خودى تێكستەكانى زەردەشتى پێش نیچەش، لێرەدا شووناسى ئەو تێكستە، كە شووناسێكە ناكرێت لە رەهەندێك و مانایەك و دنیابینییەكى دیار و لە سنوورى میتۆدێك و لە سیاقى مێژووێكى ئاشكرا دا بخوێندرێتەوە، خۆى ناداتە دەست ناسنامەیەكى فەلسەفى سنووردار یان ئەدەبى روون، بەڵكو وەك تێكستێك ئەبینرێت كە وزەیەكى بەردەوام لە رێى زمانەوە ئەبەخشێتە تێگەى فەلسەفە و شعر و ئەدەب و گووتار و نووسەر و رەهەندەكانى تێكست، ئەو وزەیە تەقینەوەى تەنها زمان نیە لە قوڵاییدا بۆ ئەوەى ببێتە ئاماژە و تەنیا لایەنێكى فانتازى بە تێكستەكە ببەخشێت و بیكاتە زمانێكى فانتازى كە تیایدا خودا و مێژوو و هەقیقەت و خێر و شەڕ و تاریكى و رووناكى و هتد..، هەموویان لە ناو مرۆڤى باڵادا فەنا بكات.
 
 شتێك كە (عەلى مێباح) وەرگێڕى (هكژا تكلم زرادشت) بۆ زمانى عەرەبى، "2" ئەخاتە بەر دیدەمان تایتلێكى لاوەكى ئەو بەرهەمەیە كە ئەڵێت لە زۆربەى وەرگێڕانەكانى ئەوبەرهەمەدا فەرامۆش كراوە ، كە ئەویش ئەو دەستەواژەیەیە : (كتێبێك بۆ هەمووان و كەس نا) كە لێرەشدا ئەو دەستەواژەیەش ئەتوانىَ شتێكى دیكەمان سەبارەت بە شووناسى ئەو تێكستە پێشكەش بكات، بەوەى تێكستێكە بۆ هەمووان، ئەو (هەمووان)ە، ئەكرێت ئەویش دیسانەوە كۆمەڵە پرسیارێكى تر دروست بكات، كە ئەو تێكستە بە دید و بۆچوونە فەلسەفییەكانى نیچەوە گرێبداتەوە، بەڵام ئەوەى لێرەدا بۆ مە گرینگە ئەوەیە كە نیچە رەهەندێكى شووناسى تێكستەكەى ئەوەیە كە بۆ هەمووانە، بۆ كەسێك نیە، بۆ دەستەبژارەیەك نیە، هەر دەستەبژارەیەك كە پێشوەختە ئێمە تێگەیشتنێكى حازرمان لەسەرى هەبێت، بۆ هەمووانە، بەو واتەیەى بۆ  هەر تاكێك كە بەشێكى پێكهاتەى هەمووانە، جا ئەو تاكە هەر شووناسێكى هەبێت،چەپ بێت یان راست، رۆژئاوایى بێت یان رۆژهەڵاتى، نێر بێت یان مىَ، مەسیحى بێت یان نا، خوا بكوژێت یان بیپەرستێت، عەقڵانى بێت یان باوەڕدار، یان هەر فۆڕمێكى دیكە بۆ تاكێك كە ئێمە بۆمان هەیە، نەوەك نیچە، لێرەدا زیاتر رەنگە ئەو تاكە خاوەنى ئەو تاكیتییە بێت كە "بیتەر سلوتەردایك" لە سیاقێكى دیكەدا وەسفى تاكییەتى نیچەى پىَ ئەكات ( ئەو تاكییەتەى تواناى پەیوەندیكردنى بە هەموو ئاراستەكانەوە هەیە، و نیچە دروستكەر و پێغەمبەرییەتى) "3"
 
 لە لایەكى دیكەشەوە، ئەو تایتلە ئەبێتەوە ئەو تەعبیرەى كە نیچە بۆ فەلسەفەكەى ناوى ئەنێت كە " فەلسەفەى ژیانە" بۆ هەمووانیش، ئەو دەربڕینەیە، بۆ تێكستێك كە بتوانىَ باس لە هەموو ژیان بكات بۆ هەموو كەسێك، چونكە ژیان ئەتوانێت هەموو مرۆڤێك لەخۆیدا هەڵگرێت، بەڵام مرۆڤێك ناتوانێت هەموو ژیان لە خۆیدا هەڵگرێت، ئەمە بەو مانایەى كە دیتنى نیچە بۆ فەلسەفەكەى ئەوەبوو بە جیاواز لە فەلسەفەكانى دیكە، كە هەموویان باس لە لایەنێكى ژیان ئەكەن، باس لە چینێك ئەكەن، باس لەو بەهایانە ئەكەن كە ئەوان بەرهەمى ئەهێنن، ئەو ئەخلاقەى دەسەڵاتێك دواى سەركەوتنى لە رێى هێزەوە بەسەر ئەوانى دى بەدەستى ئەهێنێت، ئەو مێژووەى كە لە ئەنجامى ململانێى هێزەكان و ئیرادەكان لەگەڵ یەكتریدا ماناكانى هێزى سەركەوتوو ئەكاتە ئەخلاقى خۆى، ئەو مانایانەى لە ململانێى هێزەكاندا مانا و دنیابینى و شووناسەكان خەلق ئەكات، نیچە دێت و ئەیوىَ، مرۆڤ لەوە بگات ئەو مێژووەى تیایدایە، مێژووێك نیە بەرهەمى هەموو ژیان بێت، بەڵكو بەرهەمى ئەو هێزەیە كە لە شەڕەكانیدا سەرئەكەوێت، كە سەریش ئەكەوێت ئەبێتە ئەو دەسەڵاتەى هەوڵ ئەدا مانا و دنیاى خۆى بەسەر تەواوى ژیاندا بڵاو بكاتەوە، كە واش ئەكات ئەوە هەموو بەشەكانى دیكەى ژیان، ئەخاتە دەرەوەى ئەو مێژووە، شووناسەكانى دیكە لەناو ئەبات، دەنگەكانى دیكە ئەكوژێت، ئیدى مێژوو، مێژووى هەمووان نیە، مێژووى دۆڕاوەكان نیە لەشەڕى دەسەڵاتدا، ژیان .. ژیانى ئیرادە لاواز و ژێركەوتووەكان نیە، ژیان .. ژیانى ئەو مانا و شووناسانە نیە كە ناتوانن لە ململانێكاندا دەسەڵاتدار بن، مێژوو دەسەڵاتى ئەو هێزانەیە كە ئیرادەى خۆیان ئەسەپێنن، ئیدى ژیان ، ژیانى ئیرادە سەركەوتووەكانە، لەو لاشەوە هەموو ئیرادە دۆڕاوەكان كڕ و كزۆڵە و بێدەنگ بەرەو نەمان و بىَ شووناسى و بىَ ماناییبوون توڕ ئەدرێن.
 
 ئیدى لێرەوە نیچە ئەیوێت پێمان بڵێت زەردەشتى ئەو تێكستێكە، یان تێكستى ئەو زەردەشتێكە جیاواز، زەردەشتێكە لە سەر زمانى ئەودا ئەبێتە تێكدەرى ئەخلاق، وەك خۆى وەسفى ئەكات:
 
 (ئەبوایە لێیان پرسیبام ناوى زەردەشت لەسەر زمانى من ماناى چییە؟ لەسەر زمانى یەكەمین نائەخلاقى،چونكە ئەو شێوە بىَ هاوتاییە مەزنەى ئەو كەسایەتییە فارسە كە بە درێژایى مێژوو نوێنەرایەتى ئەكات، لێرەدا رێك بەرەواژى ئەو شتەیە كە باسى ئەكەین، زەردەشت ململانێى نێوان خێر و شەڕى بە رەوڕەوەى بزوێنەرى شتەكان دانا، تەرجەمەكردنى میتافیزیكییانەى ئەخلاق بەوەى وزە ، هۆكار و ئامانجە لە خودى خۆیدا، دروستكراوى ئەوبوو، بەڵام ئەكرێت ئەم پرسیارە  هەر لە خۆیدا وەڵامیش بێت، چونكە زەردەشت، ئەخلاق.. ئەم هەڵە گەورەیەى داهێنا، بۆیە ئەبوایە یەكەم كەسیش بوایە دانى بەو هەڵەیەدا دانابا، نەوەك لەبەر ئەوەى كە تەنیا لە چاو بیرمەندەكانى تر ، درێژترین و زۆرترین ئەزموونى هەیە. چونكە مێژوو بە هەمووییەوە بە درۆخستنەوەیەكى ئەزموونگەرییە بۆ گووتەزاى "رژێمى گەردوونى بۆ بەهاكان" لەمەش گرنگتر لێرەدا ئەوەیە زەردەشت لەهەر بیرمەندێكى دیكە راستگۆترە، رێساكانى، تەنیا رێساكانى، هەقیقەت ئەكاتە بەهایەكى باڵا، واتە پێچەوانەى ترسنۆكى مسالییەكانە كە لە هەقیقەت هەڵدێن، ئازایەتى زەردەشت بارتەقاى ئازایەتى هەموو هزرمەندەكانى دیكەیە پێكەوە، قسەكردن بە هەقیقەتەكان و سەگڤانى، ئەمە چاكەكارى فارسییە. تێمگەیشتن؟ تەجاوزكردنى ئەخلاق بۆ خودى خۆى لە مونتەلەقى راستگۆییەوە، و تەجاوزى ئەخلاقگەراش لە خودى خۆى بۆ ئەوەى لە دژى خۆیدا جىَ بگرێت _ لە من _ دا، ئەوە ماناى ناوى زەردەشتە لەسەر زمانم )"4"
 
 بە تێبینى كردنى ئەو پەرەگرافەى سەرەوەى نیچە، لێرەدا پەیوەندى (تێكست و نووسەر) و راڤەى زەردەشتى فارسى (وەك یەكەمین نووسەر) و (زەردەشتى نیچە) وەك دووەمین نووسەر، لە بەرامبەردا، تێكستى زەردەشتى یەكەم، كە ئاڤێستایە و نیچە ئاماژە بە ناوەكەى ناكات، و تێكستى نیچە (زەردەشت وەها ئاخاوت). لێرەدا ئەبینین نیچە جەغت لەسەر راڤەى ماناى ناوى زەردەشت ئەكاتەوە لەسەر زمانى ئەودا، بۆ ئەوەى سنوورێك لە نێوان زەردەشتى یەكەم و زەردەشتى دووەم دانێت، و هەروەها سنوورێك لە نێوان تێكستى یەكەم و تێكستى دووەم دانێت، سنووردانان بۆ هەردوو تێكست و نووسەرەكە، سنووردانانە بۆ مانا و دنیاى هەردوو تێكستەكە و ماناى ناوى زەردەشتیش، گەورەترین جیاوازیش لە دیدى نیچەوە، لە نێوان ئەو دوو تێكستەوە ئەوەیە كە تەواو پێچەوانەى یەكدین، یەكەم پێچەوانەش ، پێچەوانەى " سرووشت- شێوە – گابع" ى زەردەشت و كارەكەى نیچەیە، كە لە كتێبەكەیدا دەستى داوەتىَ، كە ئەویش خۆى لە ئەخلاقگەرایى و نائەخەلگەرایى ئەبێنێتەوە، یان بەواتەیەكى راستتر ململانێى نێوان خێر و شەڕ، بەواتەیەكى هێشتا راستتریش، مێژوو، جیاوازى ئەو مێژووەى زەردەشت راڤەى ئەكات و ئەو مێژووەى نیچە ئەبینێت، واتە جیاوازى دیتنى نیچە و زەردەشت بۆ مێژوو. ئەو مێژووەى زەردەشت تیایدا ئەبینێت ئەخلاق تیایدا وزە و هۆكار و ئامانجە لە خودى خۆیدا، و میتافیزیكییانە ئەو ململانێیەى نێوان خێر و شەڕ پێشبەر ئەكات. نیچە ئەو هەنگاوەى زەردەشت بە هەڵەیەكى گەورە ( شنیع) ئەبینێت، كە ئەخلاق وەك وزەیەك و هۆكار و ئامانجى مێژوو ببینێت، بەوەى ئاهورامەزدا و ئەهریمەن لە ململانێدان و شەڕیان شەڕى دوو ئیرادەى باش و خراپە، واتە دابەشبوونێكى ئەخلاقى لە نێوان هێزەكاندا ئەبینێتەوە، باش و خراپ، رووناك و تاریك، جوان و كرێت وهتد..، لەو دابەشبوونە دووانەییانەى ئەو ئەخلاقە دروستى ئەكات.دواتریش ئەو ئەخلاقە میتافیزیكییە لە شێوەى وزە و هۆكار و ئامانجەوە، یان با بڵیێن وەك شێوەیەكى وزەى مەعریفە و هۆكارى هەقیقەت و ئامانجى ئەخلاقگەرییانە لە پشت رەوڕەوەى مێژووبن. ئەو مێژووەى (نیزامێكى گەردوونى بەهاكان) دروست ئەكات ، یان بە واتەیەكى دیكە، هەقیقەت بەرهەم ئەهێنێت. دیارە نیچە ئەمە بە هەڵەیەكى كوشندە دائەنێت و لاى ئەو مێژوو، ئەو ئەخلاقگەراییە نیە كە زەردەشت باسى ئەكات، بەڵكو رێك پێچەوانەى ئەوە، مێژوو ئەوە ئەسەلمێنێت كە رژێمێكى گەردوونى بۆ بەهاكان، تێگەیشتنێكە مێژوو بەدرۆى خستۆتەوە، هەقیقەت لە پشت مێژووەوە نیە، وەك ئەوەى مسالییەكان بۆى ئەچن. هەقیقەت ئەوە نیە لە ململانێییەكان لە خراپەوە بەرەو باشیەوە هەڵكشێن، یان ئاراستەى مێژوو لە خراپەوە بۆ باش بێت، مێژوو لە وزەى ئەهریمەونەوە بەرەو وزەى ئاهورامەزدا ئاراستە بگرێت، لە مەعریفەى ئەهریمەنەوە بۆ مەعریفەى ئاهوراوە بڕوات.
 
 هەر چۆنێك بێت لێرەدا زیاتر مەبەستم ئەوەنیە، باس لە مێژوو بكەم لاى نیچە، یان لاى زەردەشت وەك خوێندنەوەیەك بۆ مێژوو، بەڵكو زیاتر مەبەستم ئەوەیە، كە لایەنێكى جیاوازى "تێكست و نووسەر" لە لاى نیچەوە روون كەینەوە.
 
 لە لاى نیچەوە، نووسەرى یەكەم، زەردەشت، هەڵەیەكى گەورەى كردووە، ئەویش وەك نووسەرى دووەم دێت و بە كارێكى تەواو پێچەوانەى ئەو، رووبەڕووى ئەبێتەوە، لێرەدا هەم وەك نووسەر و هەم وەك تێكست رووبەڕووى ئەبێتەوە، تەنیا وەك نووسەر یان تەنیا وەك تێكست نا، ئەمەش ئەمانگێیڕێتەوە بۆ ئەو بابەتەى لە پێشەكى ئەم باسەدا وروژاندمان لە نێوان كردەى "نووسین و خوێندنەوەدا"لە نێوان "نووسەر و خوێنەردا". لێرەدا من واى ئەبینم لەو پەرەگراڤەى نیچەدا، كردەى نووسینى زەردەشتى نیچە بۆ زەردەشتى یەكەم، خوێندنەوەیەكى رەخنەگرانەى تێكست و خودى زەردەشتیشە، لە یەك ئاستدا، هەم خوێندنەوەیەك بۆ تێكستى زەردەشتى یەكەم ئەكات و لە هەمان كاتیشدا رووبەڕووبوونەوەیەكى رەخنەیى لەگەڵدا ئەنجام ئەدات، كردەى نووسین و خوێندنەوەكە ئاراستەى تێكست و زەردەشتى یەكەم ئەكات، هەر بە ناوى زەردەشتیشەوە هێڕشى ئەو بەهایانە ئەكات كە زەردەشت باسیان ئەكات، واتە لێرەدا كۆمەڵىَ شت پێكەوە لە دایك ئەبن لەو كردەى خوێندنەوە و نووسینەدا، یەكەمیان: بەكارهێنانى زەردەشت خۆى و دروستكردنەوەى زەردەشت بە مانایەكى دیكە، رەنگە لێرەدا وامان بەخەیاڵدا بێت كە ئەمە كوشتنى نووسەرە لە رووێكیدا، بەڵام من پێموایە، نەخێر، ئەمەیان مردنى زەردەشتى یەكەم نیە وەك نووسەر، بەڵكو زیندوو راگرتنییەتى لەسەر ئاستى رووبەڕووبوونەوەدا، نیچە زەردەشتى نەكووشتووە، بەڵكو ماناكانى " ئەخلاقگەرایى" زەردەشت ئەكوژێت، رەخنەیان ئەكات لە سەر ئاستى تێكستێكدا كە بە وەرگێڕانێكى میتافیزیكى ئەبینێت بۆ ئەخلاق، كە نیچەش ئەمەى پىَ راست نیە و هەڵەیەكى گەورەیە، لێرەدا لە ئاستێكى دیكەدا كە ئەگەینە شتى دووەم: نیچە تێكستەكە ئەكوژێت، بەوەى رێك كارێك پێچەوانەى راڤەى زەردەشت ئەنجام ئەدات بۆ مێژوو و هەقیقەت و ئەخلاقگەرایى، واتە لێرەدا جیاوازیى خوێندنەوەى نیچە لە راڤەى تێكستى زەردەشتدا، پەنا ناباتە بەر ماناكانى خۆى تەنیا، پەناش ناباتە بەر میتا زمانێكى دیكە بە مانا بارتییەكەى، بۆ ئەوەى لەسەر زمانى یەكەم دایمەزرێنێت، لەهەمان كاتیشدا راڤەیەك ناداتە دەست بۆ ئەوەى زەردەشتى یەكەم، لە بەرپرسیاریەتى و حوكمدان بە دوور بگرێت، یان مانایەك بەرهەم بێنێت دوور لە زەردەشتى یەكەم و ماناكانى ئەو و مێژووى ئەو، واتە لێرەدا ئەگەر باس لە رووە رەخنەییەكەى كردەى نووسین و خوێندنەوەى نیچە بكەین بۆ زەردەشت و كارەكەى، ئەوە ئەبێتە خوێندنەوەیەكى نیچەیى بۆ ئاڤێستا بىَ ئەوەى زەردەشت بمرێنێت، لەهەمان كاتیشدا ماناكانى زەردەشت لە كارەكەى خۆیدا تەفروتوونا ئەكات. لە بنیاتەوە هەڵیان ئەوەشێنێتەوە، ئەگەر كۆششى زەردەشتى یەكەم بۆ تاكخودایى و ئەخلاقگەرایى بێت لە دیندا، ئەوە نیچە خوا ئەكوژێت و ئەخلاقگەراییش لە نائەخلاقیى دا فەنا ئەكات. واتە لێرەدا نیچە خۆى وەك نووسەرى دووەم لەو ئاستەدا رووبەڕووى زەردەشت نووسەرى یەكەم ئەبێتەوە، كە خاوەن تێكستێكى تەواو جیاوازن.تێكستەكانیش لەو ئاستەدا رووبەڕووى یەكدى ئەبنەوە كە زەردەشت و نیچە دوو پێغەمبەرى ناكۆك و دژن، لىَ نیچە دێت و بە زمانى ئەو قسە ئەكات، كۆمەڵە قسەیەك، كە كتێبى زەردەشت وەها ئاخاوت نابێتەوە هەمان ئاخاوتنى گاتاكانى زەردەشتى یەكەم، واتە ئێمە لێرەدا لەبەرامبەر "قسەگەراییەك"داین، یان ئاخاوتنگەراییەكداین، كە تەواو جیاوازن، ئاخاوتنگەرایى گاتاكانى یەكەم، هەمان قسەگەرایى نیچە نیە، لێرەدا نیچە قسەگەرایى یەكەم فەنا ئەكات و ئەیانكوژێت، نایەت مانایەكى دیكەیان پىَ ببەخشێت، بەڵكو لایان ئەبات و قسەكانى خۆى لە شوێنى ئەواندا جێگیر ئەكات، هەروەك خۆى ئەڵێت (ئینجیلى پێنچەمە) لێرەدا رەنگە شیاو بێت بڵیێن گاتاى دووەمى زەردەشتە، گاتایەك كە تەواو پێچەوانەى وتەگەراییەكانى یەكەم بێت، لێرەدا من ئەو كردارە ناو ئەنێم " كردەى مردنى تێكستى یەكەم" بەڵام  بەومانایە نا كە میتا ئاخاوتن بێت، یان میتا زمان بێت لسەر ئاخاوتنى یەكەم یان تێكستى یەكەم، چونكە كردارەكە بەتەنیا خوێندنەوەیەك نیە تەئویلى دەقى یەكەم بكات، بەڵكو دەقى یەكەم ئەكوژێت، ماهییەتى یەكەم دەق لە ناو ئەبات، و لەهەمان كاتیشدا ئەوە نیە كە تەنیا ماهییەتێكى دیكەى تایبەت بە خۆى پىَ ببەخشێت، واتە مەسەلەكە ئەوە نیە كە نیچە بە تەنیا تەئویلێكى دیكە بۆ مێژووى زەردەشت لە گاتاكان ئەكات، یان ماهییەتێكى دیكە بە هەقیقەتى زەردەشت ئەدات لە گاتاكاندا، یان بەهایەكى دیكە بە ئەخلاقى زەردەشت ئەدات لە گاتاكاندا، یان رەهەندى دیكە لەو تێكستەدا ئەبینێتەوە. بەڵكو ئەو هەر لە بنەڕەتدا دەقەكە رەت ئەكاتەوە، بەڵام نەوەك بىَ ئەوەى رووبەڕووى زەردەشت نەبێتەوە، بەڵكو لێرەدا هەر بە زەردەشت رووبەڕووى زەردەشت ئەبێتەوە. واتە لێرەدا كەسایەتییەكى دیكە لەبەرامبەر زەردەشت دانامەزرێنێت، بەڵكو هەر زەردەشت خۆى رووبەڕووى خۆى ئەبێتەوە بەڵام بە زمانێكى دیكە و ماناى دیكە و تەئویلێكى دیكە بۆ مێژوو و هەقیقەت، تەئویلێك نا ئەخلاقگەرایى، دوور لە وەرگێڕانە میتافیزیكییەكانى ئەخلاق بۆ وزە و هۆكار و ئامانج. ئەو دێت و زەردەشت رووبەڕووى خۆى ئەكاتەوە.
 لە گاتاكانەوە ئەبینین، زەردەشت ئەڵێت:
 
 ( ئەوە كە لە سەرەتادا،
 بە هزرى خۆى،
 رۆشنایى بە گەردوون بەخشى و
 بە خێرەتى خۆى
 هەنجارى بوونى بوونى ئافراند،
 تا چاوەدێر و پشتیوانى،
 رامانە هەرە باشەكان بێت.
 ئەى مەزدا ئەهۆرا..!
 ئەى ئەوەى كە میناى یەكسانیت..!
 بە هێزى پیرۆزى مینووى خۆت،
 رووناك و سەرفرازمان بكە.) "5" بابان سەقزى، گاتا سروودە پیرۆزەكانى زەردەشت لاپەڕە 81، وەزارەتى رۆشنبیرى زنجیرە "488."، 2006سلێمانى.
 
 یان لە گاتایەكى دیكەدا ئەبینین زەردەشت "مەزدا ئەهۆرا" وەك هاوڕێیەك وەسف ئەكات:
 
 ( مەزدا ئەهۆرا،
 بە زانست و سرووشى خۆى
 خەڵاتى پێگەیشتن و جاویدان بوون،
 راستى و توانامەندیى مینوویى و
 یارمەتیى رامانى پاك
 بە كەسێك دەبەخشێت،
 هاوڕىَ و ئەڤیندارى بێت) "6"
 لەم دوو گاتایانەى سەرەوەدا، زەردەشت لە یەكەمیاندا خودا بە رۆشنایى بەخش و لە دووەمیشیاندا بە هاوڕىَ و ئەڤیندار وەسف ئەكات، بەڵام نیچە لە سەرەتاى زەردەشت وەها ئاخاوتدا دواى ئەوەى زەردەشت لە خەڵوەتگەكەى خۆى دێتە دەرەوە و ئەگاتە دارستانێك و لەگەڵ قدیسێكدا گفتۆگەیەك ئەكەن، دواى ئەوەى زەردەشت لە پیرەمێردەكە جیا ئەبێتەوە و ئەڕوات : " كاتێك كە زەردەشت خۆى بە تەنیا دیتەوە، بەم ئاخاوتنە دڵى خۆى دواند: ئەمە بەرئاقڵە؟َئەم پیرە قدیسە لێرە لە دارستانەكەیدا هێشتا گوێى لێنەبووە كە خوا مردووە!" "7"
 
 مردنى خوا كە بابەتى سەرەكى تێكستەكەى نیچەیە، و لەوێشەوە بۆچوونەكانى نیچە سەبارەت بە "مرۆڤى باڵا" پێشكەش ئەكات، پێچەوانەى تێكستى زەردەشتە كە خوا بە رۆشنایى بەخش و هەنجارى بوون و سەرچاوەى وزە و ژیانى ئەزانێت، نیچە خوا ئەمرێنىَ، ئەم مردنەش مردنى رەمزیى گاتاكانە، لە هەمان كاتیشدا زیندوو راگرتنى زەردەشت و ململانىَ و رووبەڕووبوونەوەیەكى فكرى و رەخنەگرانەیە لەگەڵى.
 
 لێرەدا نیچە، نووسەر نامرێنێت، نووسەرى تێكستیش لاى ئەو مردوو نیە، وەك لە لاى درێدا ئەیبینینەوە، هەروەها تێكست، تەنیا زمان نیە لە قوڵاییدا،وەك لاى "بارت" ئەكەوێتەوە، و تەئویلیش بەس نیە بۆ خوێندنەوە، بەرپرسیارى نووسەر لەسەر راڤەكانى بۆ مێژوو و خوا و دین و ئەخلاقگەرایى، بۆ ئەو میتافیزیكییایەى لە تێكستدا نمایش ئەكرێت، ناچێتە خانەى تەئویلێك دوور لە مەبەستگەرایى، نووسەر بەرپرسیارە لەسەر تێكستەكەى و لەسەر ئەو تەئویلانەى بۆ هەقیقەتى ئەكات و بە رەخنەش پێویستە رووبەڕووببێتەوە.
 
 ئەمە لە كاتێكدا لە لاى جاك درێداوە، لە رەهەندى " مەرگى نووسەر "ەوە، (نووسین لەناوبردنى هەموو دەنگێك و هەموو كەسێكە، نووسین ئەم بێلایەنییە یە، ئەم دانان " تألیف" و پێچ و پەنایەیە كە خودى كارامانى تیادا ون دەبىَ وئەو رەشایى – سپیاییەیە كە هەموو ناسنامەیەكى تیادا ون دەبىَ و پێش هەمووشیان ناسنامەى ئەو جەستەیەى كە دەنووسىَ) "8"
 
 لىَ ئەوەى ئێمە لە لاى نیچەدا ئەیبینینەوە، نووسین ئەوە نیە كە خودى زەردەشت بسڕێتەوە، بە پێچەوانەوە خودى زەردەشت ئەو دانانە ئەسڕێتەوە، وردە وردە تێكست رىَ بۆ زەردەشت خۆش ئەكات، خوا ئەمرێت و "مرۆڤى باڵا" دەست پێئەكات، لێرەدا مرۆڤى باڵا ئەگەر وەك رەمز بە كار ببەین،  نووسەرە لە بەرگە نیچەیەكەیدا، مردنى خواش كە تەوەرى سەرەكى كتێبەكەیە، مردنى تێكست خۆیەتى، لە نێوان زەردەشت و خوادا، یانى نووسەر و تێكستدا، وردە وردە تێكست ئەمرێت و نووسەر دەست پێئەكات، ئەم پرۆسەیە پرۆسەى سڕینەوەى ئەوەیە كە دێریدا ئەڵىَ 🙁 لە كۆمەڵگە ئەتنۆگرۆفیەكاندا، كەسێكى دیاریكراو سەرگوزەشتەكە ناگێڕێتەوە)"9" لێرەدا نیچە كەسێكى دیار كە زەردەشتە وەك نووسەرى تێكست ئەبینێت، دێریدا لە بارەى نووسەرەوە ئەڵىَ: (نووسەر كەسیێتەكە تازە هاتۆتە گۆڕىَ، بێگومان زادەى كۆمەڵگەى خۆرئاوایە، كە لە كۆتاییەكانى سەدەكانى ناوەڕاستدا و لەگەڵ سەرهەڵدانى بزووتنەوەى ئەزموونگەریى ئینگلیزى و ئەقڵانییەتى فەرەنسایى و تاكگەرایى كە هاوكات لەگەڵ بزووتنەوەى ریفۆڕمى دینیدا پەیدابوو، هاتە ئاراوە، وەكو وەبیرهێنانەوەیەك بۆ بەهاى تاكەكەس یان وەك دەوترىَ (كەسێتى مرۆڤ)"10" ئەوە زەردەشتە ، لە گاتاكانەوە قسە دەكات نەوەك زمان، هەروەها ئەوە نیچەیە لە سەر زمانى زەردەشتى دووەمدا قسە ئەكات نەوەك زمان، رێك پێچەوانەى دێرێدا كە پێى وایە (ئەوە زمانە دەدوىَ نەك نووسەر) "11"
 
 لە لاى نیچەدا نووسەر قسەكەرە، ئاخاوتنكەرە، دیارە بەو مانایە نا كە كیَِشەى "ئاخاوتن " و پێشكەوتنى لە  "نووسین" دا، لە خاڵى فۆسێنتڕالیزمدا جێگیر بكەین، لە شێوە ئەفلاتونییەكەیدا، بەوەى :(نووسین لە جەوهەردا شتێكى خراپە، شتێكى دەرەكییە بۆ یادەوەرى، زانست بەرهەم ناهێنێت، بەڵكو راوبۆچوون بەرهەم دێنێت، حەقیقەت بەرهەم ناهێنێت، بەڵكو تەنیا روخسارى شتەكان بەرهەم دێنێت).
  یان لە لۆگۆسێنترالیزمدا لە شێوە (دیكارتییەكەى) (من بیر ئەكەمەوە، كەواتە من هەم) ، تا ئەگاتە خوێندنەوەكانى میتۆدى بونیادگەرى لە شێوە بارتییەكەى (دنیا هەیە و نووسەریش قسەى خۆى دەكا. ئەدەبیات ئەوەیە، بابەتى رەخنە هێندێك جیاوازە. ئەم بابەتە دنیا نییە، بەڵكو پەیڤە، قسەى كەسێكى دیكەیە، رەخنە قسەیە لەسەر قسەیەكى دیكە، زمانى دووهەمین یان وەك لۆژیكزانان دەڵێن، بان زمانییە كە لە سەر زمانى یەكەم ( زمان – بابەت) پیادە دەبىَ،)"12"
 تا هەڵوەشاندنەوەگەراییەكەى جاك درێدا، بەڵكو زیاتر مەبەستمان روونكردنەوەى ئەو وزەیەیە كە نیچە بە نووسەرى ئەبەخشىَ، ئەو بەرپرسیاریەتییەى پێویستە لە بەرامبەریدا دابنرێت و ئەو لێپیچینەوە فكرییەى لەگەڵ بكرێت و رووبەڕووبوونەوەیەكى رەخنەیى لەگەڵ ئەنجام بدرێت.
 
 لە مەرگى نووسەرى درێدادا ئەبینین كە، چەند پێشنیارێكمان ئەخاتە بەردەم بۆ خوێندنەوەى " سارازى"ى بالزاك، با تەماشاى ئەو پەرەگرافە بكەین:
 
 (لە چیرۆكى " سارازین" دا بالزاك كاتىَ دەربارەى پیاوێكى خەسێنرا و دەدوىَ كە دەمامكى ئافرەتانەى پۆشیوە، نووسیویەتى:
 " ئافرەتەكە بە ترس و لەرزە كتوپڕەكانى و هەواو هەوەسە دێوانە ئاسایى و دوو دڵییە غەریزییەكەى و ، پڕكێشییە بىَ بەهانەكەى و جەربەزەییەكانى و ناسكیى هەست و سۆزە گەرموگوڕەكەى…"
 ئەمە كێیە بەم جۆرە دەدوێت؟ ئایا پاڵەوانى چیرۆكەكەیە كە خۆشاردنەوەى ئەو پیاوە خەسێنراوەى لە بەرگى ئافرەتدا بەلاوە مەبەستە؟ یان بالزاكى مرۆڤ خۆیەتى كە ئەزموونى تایبەتى خۆى: فەلسەفەیەكى بەرامبەر ئافرەت لا دروست كردووە؟ یان بالزاكى نووسەرە و راو بۆچوونى "ئەدەبى" ى بەرامبەر بە مێینە ئاشكرا دەكات؟ یان ئەمە حیكمەتى گەردوونییە؟ یان سایكۆلۆژیاى رۆمانتیكە؟ زانینى ئەمە ئەستەمە، لەبەر هۆیەكى بنەڕەتى، ئەویش ئەوەیە كە نووسین لە ناو بردنى هەموو دەنگێك و هەموو كەسێكە) "13"
 
 لەم پەرەگرافەدا درێدا چەندین پێشنیارمان ئەداتىَ بەو مەبەستەى "زانینێك" لەسەر ئەم تێكستە پەیدا بكەین، زانینى ئەوەى كێیە لەم تێكستەدا ئەدوێت؟ هەر پێشنیارێكى درێدا قەبوڵ بكەین و ئەوانیدیكە رەت بكەینەوە، ئەوا درێدا لەگەڵمان رازى نابێت، چونكە ئەو پێى وایە نووسین لە ناو بردنە، لەناو بردنى هەموو ئەو پێشنیارانە، كە وەك "دەنگ و كەس" ئەیانناسێنىَ.
 
 چونكە پێى وایە لێكترازانێك لە نێوان " زانین " و "نووسین" دا هەیە، لە رێى نووسیندا ناگەینە هیچ زانینێك. هیچ دەنگ و كەسێك، بەر لەهەمووشیان دەنگ و كەسى نووسەر، بۆیە نووسەر مردووە.
 
 پێش ئەوەى ئێمە بڕوا بكەین یان نا، ئەو تێزەى درێدا راستە یان ناراست "وەك زانینێك" با لە لایەكى دیكەوە دەست پێبكەین.
 
 یەكەم: "هەموو" پێشنیارەكان، كە قابیلى رەتكردنەوەن و نازانرێت كامە پێشنیار لەوانە و لە دەرەوەى ئەوانەد هۆكارى دروستى ئەو نووسینەیە، ئەو پێشنیارانە و یان ئەكرێت پێشنیارى دیكەش بخرێنە سەر ئەو پێشنیارانە، هەموویان لە ئاستێكدا وەك پێشنیارى رەخنەگرێك دێن لە دەرەوەى تێكستەكەدا، بەو مانایەى " پێویستییەك بۆ زانین" ئەم پیپَشنیارانەمان ئەخەنە بەردەست، پێویستى زانینینیش بۆ ئەوەیە "بڕوایەك" یان "چەند بڕوایەكمان" لە لا دروست بكات، بۆ ئەوەى قەناعەتێك، "هەقیقەتیك" لەسەر ئەو تێكستە پەیدا بكەین. واتە هەقیقەتى ئەو تێكستە بناسین، بوون و ماهییەتى ئەو تێكستە بناسین.
 
 لێرەدا لە ئاستێكى دیكەدا ئەگەینە ئەو پرسیارەى : ئایا تێكست "هەبوونى نووسەرە" یان "ماهییەتى نووسینە"؟، ئایا "نووسین" وەك هۆكارێكى بنەڕەتى "بوونێك – نووسەرێك" ئەركى ئەوەیە كە دەنگ و كەسەكانى نووسین لەناو ببات یان  "ماهییەتێكە – نووسینە" كە دەنگ و كەسەكانى نووسەر لەناوببات؟
 
 هەر لە پرسیارەكەى درێداوە ئەتوانین شیمانەى هەندىَ وەڵام بكەین، بەوەى نووسین ئەگەر بێت و هۆیەكى بنەڕەتى هەبێت بۆ لەناوبردنى "دەنگ و كەسەكانى نووسەر"، ئەوە ئەبێت لە سەرەتادا "هەبوونى تێكست" هەبێت، دواى ئەوەش ماهییەتى تێكست ئەوەبێت كە " لەناوبەرى نووسەر" بێت.واتە ئەوە راڤەیەكى درێدا نیە بۆ نووسین، بەڵكو نووسین خۆى لە خۆیدا، لە هەبوونى خۆیدا، لە ناوبەرە، نەوەك شتێكى دى.
 
  بەڵام بۆ لەناوبەرە؟ بۆ نووسین ناتوانێت خاوەنى ئەو ماهییەتە بێت كە لەناوبەر نەبێت؟ ئەو هۆیە بنەڕەتییە چییە نووسین ئەكاتە لەناوبەر؟ چ وزەیەكى بنەڕەتییە تەنیا كارى وێرانكردن و لەناوبردنى كەسەكان و دەنگەكانە، پێش هەمووشیان نووسەر؟
 

درێژه‌ی هه‌یه‌……..

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.