Skip to Content

Tuesday, July 23rd, 2024
لە باره‌ی بەیاسایی کردنەوەی منداڵ لەباربردن‌

لە باره‌ی بەیاسایی کردنەوەی منداڵ لەباربردن‌

Closed
by June 4, 2013 ژنان

 

 

 

 

دیاریدەی منداڵ لەباربردن کارێکی زۆر نائینسانیە کاتێک گیان لە ئینسانێکی تر دەسەنیەوە کە بەبێ ویستو خواستی خۆی دروست بووە وە لەهەمانکاتدا گیانی لێدەسەنیەوە، پێموایە کە کوشتنی ئینسانێکی ترە بەڵام کاتێک ئێمە لە کۆمەڵگایەکدا دەژیەین کە ماف و ئازادیە فەردیەکانی ئینسانی بەرتەسککردۆتەوە، کێشەی نەبونی و هەژاری، لەهەمانکاتدا ئەمڕۆ بەهۆی گەشەکردنی سەرمایەوە ژنانێکی زۆر هاتونەتە بازاری کارەوەو لە کەرتە تایبەتەکان کاردەکەن، هیچ یاسایەک نیە پارێزگاریان بکات، ئەگەر حاملە بن مەترسی ئەوەی هەیە کە کارەکانیان لەدەست بدەن. 

پێموانیە هیچ ژنێک جەرگی ژان نەکات کاتێک بڕیاری لەباربردنی پارچەیەک لە خۆی دەدات بەڵام بارودۆخی ژیان ناچاری دەکات کە ئەم کارە بکات.

لە کوردستاندا ڕۆژانە شاهیدی تیرۆرو توندوتیژین بەرامبەر بە ژنان، دەبینین و دەبیستین کە ژنان بەهۆی دوگیانبونیان لەدەرەوەی پەیوەندی هاوسەرگیری تیرۆر دەکرێن، جا ئەگەر پەیوەندیان بە ئارەزوی خۆیان بوبێت یاخود دەستدرێژیان کرابێتە سەر. لە هەمانکاتدا کێشەی زەواجی زۆرە ملێ و بەشودانی منداڵانی ژێر ١٦ ساڵ دیاریدەیەکی کۆمەڵایەتی بەرچاوە، تا زۆر جار بەشودانەکان بەزۆریش نین بەڵام بەپێی یاساو ڕێسای ئەم وڵاتە مومارەسەکردنی خۆشەویستی ئازادنیە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کاتێ ئەو دوو کەسەی  زەواج دەکەن باش یەکتری نەناسن، پاش ماوەیەک لە هاوسەرگیری بۆیان دەردەکەوێت کە پێکەوە ناگونجێن و ناتوانن بەیەکەوە بژیەن. لە کۆمەڵگای ئێمەدا هەزاران بەربەستی یاسایی و نەریتی کۆمەڵایەتی هەیە کە ڕێگا لە جیابونەوەی دوو ئینسان دەگرێت، بەتایبەتی ژنان کە کێشەی نەبونی ئابوری سەربەخۆیان هەیە، ناتوانن ژیانێک بۆ خۆیی و منداڵەکەی دابینبکات لەدوای جیابونەوە. وە لەهەمانکاتدا سیستەمێکی کۆمەڵایەتی نیە کە بیانپارێزێت، زۆربەی ژنان لەم هەلومەرجەدا کە دووگیان دەبن لەباربردن هەڵدەبژێرن. 

هۆکارێکی تر مناڵ لەباربردن هەژاری و نەداریە، خەرجی منداڵ بۆسەر خێزان زۆرەو بەشێک لە خێزانەکان ناتوانن دابینی بکەن.

بەهۆی جەنگ نائارامی لە وڵاتداو داسەپاندنی وەزعیەتێکی ناهەموار بەسەر خەڵکی کرێکاو زەحمەتکێشدا، ژمارەیەکی بەرچاوی ژنان بونەتە قوربانی دیاریدەی لەشفرۆشی! ئەمانەش ئەگەری دوگیانبونیان زۆر زۆرە.

ئەو ژنانەش کە تەمەنیان ژێر ١٦ ساڵەو دوو گیان دەبن مەترسیەکی زۆر گەورەیە بۆ سەر ژیانیان و لەوانەیە گیان لەدەستبدەن، لەبەر ئەوەی لە بواری فیسیۆلۆجی و سایکۆلۆژیەوە ئامادەی ئەوە نین کە کاتێک خۆیان منداڵن منداڵیان ببێت

بەم هۆکارانەی کە لەسەرەوە ئیشارەتم پێدا خەڵکانێکی زۆر هەن دەستدەبەن بۆ لەباربردنی منداڵ و گیانی خۆیان دەخەنە مەترسیەوە، بەپێی هەندێک سەرچاوە ئەم ژنانەی کە وەزعی مادیان باشترە دەچنە لوبنان و تورکیا کە تاڕادەیەک یاساییە ئەم کارە ئەنجامدەدەن، ئەوانی تر بونەتە هۆکاری گەرەمبونی بازاڕی کلینیکە لا کۆڵانیەکان کە تایبەتن بەم کارانە. بەبێ بونی هیچ مەرجێکی سەلامەتی و تەندروستی.

هەربۆیە پێویستە دەسەڵاتداران لە کوردستان مافی منداڵ لەباربردن لە ١٢ هەفتەی یەکەمدا یاسایی بکەن.

بۆچی پێشنیاری مافی منداڵ لەباربردن دێتە ئاراوە و زەرورەتی چییە؟

لە کۆمەڵگایەکدا کە  ئینسان سەنتراڵ و مەبەستی سەرەکی بێت، واتا یاسا بەپێی ماف و بەرژەوەندی ئینسانەکان داررێژرابێت و  ئاین و نەتەوەو ڕەمزە نەتەوەیەکان و هەر ئایدۆلۆژیاو دابونەریت تێیدا پیرۆز نەکرێت، ئەوکاتە لەیەکەم ڕۆژەوە منداڵ کە لەسکی دایکی دروستدەبێت بەهرەمەند دەبێت لە چاودێری تایبەت بەپێی پێشکەوتوترین ئیمکاناتی پزیشکی کۆمەڵگا، وە لەهەمانکاتدا شتێک نی یە ناوی منداڵی شرعی و ناشەرعی بێت وە هیچ ژنێک لەوە ناترسێت هۆکاری سک پربونەکەی بشارێتەوەو ناچار بێت بۆ پاراستنی ئابڕوو حەیسیەتی خۆی و دوربون لە دروستبونی کێشەی کۆمەڵایەتی کۆرپەلەکەی لەبار بەرێت و مافی ژیانی لێبسەنێتەوە. 

کاتێک ئەم سکپربونە شەرعیەتی لە یاساو ڕێسا دواکەوتوەکان بەناوی کولتورو دینەوە وەرنەگرتبێت، نەک تەنها گیانی کۆرپەلەکە بەڵکو گیانی دایکەکەو لەهەندێک حالەتدا باوکو کەسانیتریش دەکەوێتە مەترسیەوە. 

 ئەگەر گیانی ئینسان بەهای سەرەکی بێت زۆر ڕێگا هەیە بۆ کەمکردنەوەی دیاریدەی منداڵ لەباربردن کە بەپێی یاساو لە کەناڵە دەوڵتیەکانەوە دەتواندرێت دەستی بۆ ببردرێتو کاری بۆ بکرێت.

وەکو:

١/منداڵی شەرعی و ناشەرعی بەیەک چاو سەیربکرێت و لە یاسادا بەهەمو شێوەیەک توندوتیژی بەرامبەر ژنان قەدەغە بکرێت.

٢/  ژنانی کرێکار بەپێی یاسایەکی مۆدێرنو پێشکەوتوخوازانە لە یاسای کار مافی دووگیانی و موچەی تایبەتی دەورەی دووگیانی بدرێت بە دایکەکە لەکاتی پشوی دایکایەتی و منداڵ بووندا، لەهەمانکاتدا داینگەو باخچەی ساوایانی شیاوو خۆرایی هەبێت کە بەرپرسیاریەتی منداڵ بگرێتە ئەستۆ لەکاتی کاری دایک یان باوکەکاندا.

٣/ کلینیک و شوێنی دەوڵەتی هەبێت بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت منداڵەکانیان لەبار بەرن، لەهەمانکاتدا ڕاوێژکاری تایبەت و زانستیانەهەبێێت. هەموو مەترسیەکانی ئەم کارە بگرێتە ئەستۆو تەنها ئەمانەی کە مەترسی گیانی هەیە بۆ دایکەکە یاخود نەخۆشی دەرونیان هەیە بەبێ هیچ مەرجێک بۆیان هەبێت منداڵەکانیان لەبار بەرن، وە ئەمانەی کە منداڵەکانیان ناتەواوە ناوەندو شوێنی تایبەتی دەوڵەتی هەبێت بۆ پەروەردە کردنیان و بەرپرسیاریەتیان بکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت. بەڵام دەبێت دەرئەنجام دایکەکە بڕیاری کۆتایی بدات.

٤/ بونی سیستەمێکی کۆمەڵایەتی کە بەرپرسیاریەتی ژیانی منداڵ بگرێتە ئەستۆ بەدەر لە بارودۆخی ئابوری خێزان و مانگانە بڕێک پارە وەکو موچە بدرێت بە دایکەکان بەپێی تەمەنو لانی کەمی پێداویستیەکانیانی منداڵ. بۆئەوەی ناچارنەبن بەهۆی هەژاریەوە منداڵ لەبار بەرن.

٥/ ژنان دەبێت خاوەنی ئابوریەکی سەربەخۆ بن و پاشکۆی پیاو نەبن.

٦/ سەپاندنی مافی جیابونەوەی بێ قەیدو شەرت بۆ ژنان لە یاسادا، وە دەوڵەت بەرپرس بێت لە دابینکردنی جێگاو ڕێگا بۆ ئەو ژنانە. بۆ بەرگرتن لە کوشتنی ئەم کۆرپەلانەی کە بەهۆی کێشەی خێزانیەوە دەکرێنە قوربانی.

٧/ زیادکردنی وانەی سێکسی بە سیستەمی خوێندن و پەروەردە وە ناساندنی ئۆرگانیزمی لەشی ئینسان بە هەرزەکاران، بۆ بەرگرتن بە سکپڕبونی نەخوازراو، بەتایبەت ئەمانەی کە تەمەنیان ژێر تەمەنی یاساییە.

٨/ دابینکردنی ئامرازەکانی بەرگرتن بە دوو گیانی بە خۆرایی بۆ ژنان وەکو کاندۆم، حەبوو شتەکانی تر. لەئاستێکدا کە لەبەردەستی هەموان بێت.

بەدوای شوڕشی مەزنی ئۆکتۆبەری ڕوسیا بەڵشەفیکەکان بەشێک لەم خاڵانەیان کردە یاساو جێبەجێیان  کرد، سەرەتا کە منداڵ لەباربردنیان ئازاد کرد ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە ژنان ڕویان لە بنکە تەندروستیەکانی منداڵ لەباربردن کرد، بەڵام بەدوای فەراهمکردنی هەموو پێداویستی و نەهێشتنی هیچ هەڵاواردنێک لەنێوان منداڵ و ڕونکردنەوەو کۆرسی تایبەت بۆ ئەو ژنانەی کە دەیانویست منداڵ لەباربەرن ڕێژەی داواکاری منداڵ لە باربردن کەمیکرد بۆ لە ٥%. ئەوانیش زیاتر ئەوانە بوون کە کێشەی تەندروستیو دەرونیان هەبوو.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.