چێژ وه‌رگرتن له سه‌فه‌ری فیكر, بۆ سه‌ره‌تای شیعر
Closed
ده‌قی هه‌شته‌م
( حركه الحداپه فی الشعر الكردی)ی وه‌كو موسافیرێكی ئه‌و سه‌فه‌ره
(ئه‌بیكۆر) : چێژی راسته‌قینه ئه‌و چێژه‌یه كه بۆ مودهتێكی زۆر به‌رده‌وام ده‌بێت .
(حركه الحداپه فی الشعر الكردی)ی كتێبێكی تازه‌ی (د.سه‌روه‌ر عه‌بدوڵا)یه كه لێكۆڵینه‌وه‌یه له ره‌وتی تازه‌كردنه‌وه‌ی شیعری كوردی .
ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه رووبه‌ڕووی سیاقێكی ناته‌قلیدی و فه‌زایه‌كی كراوه‌ی شیعری و هه‌ناسه‌یه‌كی درێژی بڕیاردانمان ده‌كاته‌وه ، چونكه ئیش له‌سه‌ر عاتیفه نه‌كراوه ، ئیشكردن له‌سه‌ر عاتیفه له جه‌وهه‌ردا دووركه‌وتنه‌وه‌یه له شوناس :
(مه‌به‌ست له عاتیفه‌یه‌كی خاڵییه له عه‌قڵانیه‌ت ،چونكه به‌گشتی پێموایه عاتیفه به‌شێكی دانه‌بڕاوه له عه‌قڵ ) .
ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه دانانی خاڵێكه له كۆتایی ئه‌و رسته‌یه‌ی كه ده‌كرێ له وشه‌یه‌كدا كورتی بكه‌ینه‌وه ، ئه‌ویش وشه‌ی( دانپیانانه) .
ئه‌وه‌ی گرنگه بۆ لێكۆڵه‌ره‌وه هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌ت نییه به‌و جۆره‌ی خۆی ده‌یبینێ ، به‌ڵكو بینینی بابه‌ته‌كه‌یه به‌و جۆره‌ی هه‌یه ، ئه‌و كرداره‌ش كامڵ نابێت تا به چاوی وشه‌ی نێو ده‌قه‌كان ، سه‌یری ده‌قه‌كان خۆیان نه‌كه‌ین .
ئه‌وه‌ی ده‌بێته سه‌نته‌ر وشه‌گه‌لی نێو تێكسته . دواجار یه‌كگرتنی وشه‌كان رسته‌گه‌لی لێده‌كه‌وێته‌وه :
(هه‌ڵبه‌ت مامه‌ڵه‌ی لێكۆڵه‌ره‌وه لهگهڵَ وشه و رسته ، دوو مامه‌ڵه‌ی جیاوازه ) .
ده‌ره‌نجامی یه‌كگرتنی رسته‌كان، هاتنه كایه‌ی تێكسته به ژانره جیاوازه‌كانیه‌وه ، هه‌موو تێكستێك رووبه‌ڕووی چه‌ند رێگایه‌كی بێ كۆتایی ده‌بێته‌وه ، له دیارترینی ئه‌و رێگایانه‌ش لێكۆڵینه‌وه‌یه وه‌كو رێگایه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ناخ و دڵی ده‌ق : (لێره‌دا لێكۆڵینه‌وه‌مان به رێگا چوواند ، ئه‌گینا خودی لێكۆڵینه‌وه‌ش تێكسته) .
به‌گشتی (حركه الحداپه فی الشعر الكردی)ی قسه‌كردن و لێكۆڵینه‌وه‌یه به زمانی عه‌ره‌بی له‌باره‌ی كۆمه‌ڵێك ده‌قی شیعرییه‌وه كه به زمانی كوردی نووسراون ، ئه‌مه‌ش دووباره وێناكردنه‌وه‌ی زمان و جیاكردنه‌وه‌ی وه‌زیفه‌ی زمانه له وه‌زیفه ته‌قلیدییه‌كه ،هاوكات جیهانبینییه‌كی فراوانیشه به‌و مانایه‌ی رۆشنبیره عه‌ره‌به‌كانیش ده‌توانن له ره‌وتی نوێكردنه‌وه‌ی شیعری كوردی ئاگاداربن ، ئه‌و ئاگادارییه‌ش چه‌ند سوودێكی هه‌یه كه ده‌كرێ له‌و ده‌ربڕینانه‌ی خواره‌وه كورتیان بكه‌ینه‌وه :
1- به‌ریه‌ككه‌وتنی زیاتری ده‌قه‌كان .
2- كۆنتاكت .
3- كورتكردنه‌وه‌ی رێگا به ئامانجی گه‌یشت به رێگایه‌كی فراوان .
ئه‌و كتێبه پێمان ده‌ڵێ :
ده‌شێ له‌نێوان( زمانی ده‌ق ) و ئه‌و زمانه‌ی قسه له‌سه‌ر زمانی ده‌ق ده‌كا ، جۆرێك له به‌ریه‌ككه‌وتنی زمانه‌وانی هه‌بێت له فه‌زا گه‌وره‌كه‌ی زماندا .
دواجار ئه‌و فه‌زا گه‌وره‌یه‌ی زمان له پاڵ فه‌زای مانا و جوانی و چه‌ند فه‌زای تردا ، ده‌بێته پاشكۆی شتێكی گرنگتر كه خودی ئه‌ده‌به .
ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه گرنگی خۆی هه‌یه بۆ نووسه‌رێك كه به زمانی كوردی شیعر ده‌نووسێ و له رێگه‌ی ئه‌و زمانه‌وه مه‌به‌سته زمانه‌وانییه‌كانی خۆی ئاڕاسته كردووه .
ئه‌و نووسه‌ره وێنای گشتی خۆی و شیعره‌كانی له دوو توێی كتێبێكدا ده‌دۆزێته‌وه كه به زمانی عه‌ره‌بی نووسراوه و مه‌عریفه‌یه‌كی كوردی كه له شیعردا چڕ بۆته‌وه ، گوازراوه‌ته‌وه بۆ فه‌زایه‌كی تری زمانه‌وانی كه فه‌زای (زمانی دووه‌م) ه ، ئه‌گه‌ر ده‌ربڕینی (زمانی یه‌كه‌م) بۆ زمانی كوردی كه زمانی شیعره نووسراوه‌كانه ، درووست بێت .
(د. سه‌روه‌ر عه‌بدوڵا ) به زمانی عه‌ره‌بی له دوو توێی كتێبه‌كه‌یدا پۆلێنكارییه‌كی تازه بۆ شیعری كوردی ده‌كا ، پۆلێنكارییه‌كی جیاواز له‌و پۆلێنكارییانهی تر كه بۆ شیعری كوردی كراون .
واته :
(گۆڕانی زمان رێگر نه‌بووه له به‌رده‌م نیشاندانی فۆڕمێكی تری لێكۆڵینه‌وه و بڕیاردان ) ، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای دیاریكردنێكی وردی قۆناغه‌كان و هۆكار و پاڵنه‌ره‌كانی هه‌ریه‌كه له‌و قۆناغانه .
نووسین به‌و زمانه جیاوازه (زمانی دووه‌م) ، رێگر نه‌بووه له به‌رده‌م بینینی شاعیره جیاوازه‌كان و شوێنه جیاوازه‌كان ، واته ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه قسه‌كردن نییه له‌سه‌ر بازنه‌یه‌كی ته‌سك و دیاریكراو ، به‌ڵكو ئیش كراوه له‌سه‌ر خودی تێكست ، جا ئه‌گه‌ر له هه‌ر شوێنێكی كوردستاندا نووسرابێت .
من لێره‌دا نامه‌وێ به وردی قسه له‌سه‌ر ئه‌و قۆناغانه بكه‌م كه له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا هاتوون ، هاوكات قسه له‌سه‌ر پاڵنه‌ر و هۆكار و شێوازه‌كانیش ناكه‌م ، ئه‌مانه هه‌مووی بۆ خوێنه‌ر جێدێڵم كه به خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه ده‌توانێ به‌شێك له وه‌ڵامه‌كانی ده‌ستبكه‌ون .
ده‌مه‌وێ له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق قسه له‌سه‌ر ده‌ق بكه‌م ، ئێستا من تێكسته‌كه‌م خوێندۆته‌وه (خوێندنه‌وه ته‌نها مانای خوێندنه‌وه‌ی وشه‌كان ناگه‌یه‌نێ ) ، بۆیه ئاساییه بێمه ده‌ره‌وه‌ی و له ده‌ره‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌وه قسه له‌سه‌ر هه‌مان ده‌ق بكه‌م ، ده‌قێك له له‌حزه‌یه‌كدا له سه‌نته‌ره‌كه‌یدا گیرساومه‌ته‌وه .
له روانگه‌یه‌كی فكرییه‌وه قسه له‌سه‌ر ئه‌و تێكسته ئه‌ده‌بییه ده‌كه‌م ،چونكه ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه ناڕاسته‌وخۆ و به‌بێ ئاگایی نووسه‌ره‌كه‌ی ، هه‌وڵی به‌خشینی وه‌زیفه‌یه‌كی تازه ده‌دات به فكر له ئاست ده‌قی ئه‌ده‌بیدا ، واته هه‌ندێ له‌و پنتانه‌ی له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا هه‌ن و له ده‌ره‌وه‌ش هه‌ستیان پێده‌كرێ ، قابیلی ئه‌وه‌ن له روانگه‌یه‌كی فكرییه‌وه قسه‌یان له‌سه‌ر بكه‌ین ، من لێره‌دا به ته‌نها باسی یه‌كێك له‌و پنته فكرییانه ده‌كه‌م كه ئه‌ویش (ئاكار)ه:
ئاكاری ده‌ق (ئاكاری شاعیران له شیعر)دا و ئاكاری نووسه‌ر (ئاكاری دكتۆر سه‌روه‌ر له به‌رامبه‌ر ده‌قه‌كان ) ،له فه‌زایه‌كی ئاكاریی ئه‌ده‌بیدا (لێكۆڵینه‌وه)
قسه‌كردن له‌سه‌ر ئاكار دوو جۆر له ئاكار دێنێته پێشه‌وه :
1- ئاكاری كرده‌كی تایبه‌ت.
2- ئاكاری تیۆریانه .
ئه‌و دوو جۆره‌ی ئاكار كه دوو جۆری ئاكارن له روانگه‌یه‌كی رووتی فكرییه‌وه ، ده‌به‌ستینه‌وه به ئه‌ده‌به‌وه كه مه‌به‌ست له ئه‌ده‌ب لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی (د.سه‌روه‌ر عه‌بدوڵا )یه .
ده‌ره‌نجامی ئه‌و بهیهكبهستنهوهیه ، كه‌وتنه‌وه‌ی دوو جۆری تری ئاكاره ، قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و ئاكارانهش قسه‌كردنه له‌سه‌ر ده‌قی ئه‌ده‌بی ، دوو جۆره‌كه‌ی ئاكاریش ئه‌مانه‌ن :
1- ئاكاری( فكری- ئه‌ده‌بی)ی لێكۆڵه‌ره‌وه له به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵێك ده‌قی شیعریدا .
2- ئاكاری (فكری – شیعری)ی لێكۆله‌ره‌وه له به‌رامبه‌ر كتێبێك كه قسه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك تێكستی شیعری ده‌كا .
.
واته :
ئێستا كه من قسه له‌سه‌ر ئاكاری (د.سه‌روه‌ر) ده‌كه‌م ، وه‌ك ئه‌وه وایه قسه‌م له‌سه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی كردبێت ، ئه‌گینا ئیشی منی ئه‌دیب نییه له چوارچێوه ده‌قێكی ئه‌ده‌بیدا قسه له‌سه‌ر ئاكاری مرۆڤێكی تر بكه‌م ، مه‌گه‌ر له سیاقی ده‌قێكی وه‌كو (رۆمان و چیرۆك و شانۆنامه و….هتد)دا نه‌ك له بازنه‌ی (لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی) و (خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی ) دا .
تا ئێستا پۆلێنبه‌ندییه‌كی دیاریكراو نه‌كراوه بۆ (ئاكاری ئه‌دیب) ، قسه‌كردن له‌سه‌ر ئاكاری ئه‌دیب هه‌مان ئه‌و قسهكردنهیه كه پێشتر له‌سه‌ر ئاكاری مرۆڤ به‌گشتی كراوه ، به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌دیب به گشتاندنه‌وه ، خنكاندنی ئه‌دیبه ، ئه‌وه‌تا ده‌بینین هه‌ندێك له‌و پۆلێنبه‌ندییانه له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌رده‌مه‌كان بوونه :
1-سه‌رده‌می كۆن .
2- سه‌رده‌می ناوه‌ڕاست .
3- سه‌رده‌می نوێ .
4- سه‌رده‌می هاوچه‌رخ .
ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له بیرمه‌ندان ، راسته‌وخۆ ئاكاریان به‌ستۆته‌وه به رێبازه فه‌لسه‌فییه‌كانه‌وه :
– ئاكاری بوونگه‌رایی
– ئاكاری ماركسیزم
– ئاكاری پڕاگماتیزم .
لێره‌دا له به‌رامبه‌ر ده‌قێكی ئه‌ده‌بیدا قسه له‌سه‌ر ئاكارێك ناكه‌م كه بۆ پۆلێنكردنی پشت به‌ستراوه به سه‌رده‌مه‌كانه‌وه ، ناشمه‌وێ نزیكی ئاكارێك بكه‌ومه‌وه كه رووت رووت به‌ستراوه‌ته‌وه به فكره فه‌لسه‌فییه‌كانه‌وه ، به پێویستیشی نازانم ئه‌و دوو جۆره تازه‌یه‌ی ئاكاری ئه‌ده‌بی كه له دیدی خۆمه‌وه خستمنه روو زیاتر شی بكه‌مه‌وه ، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی هه‌یه به ساده‌یی ئه‌و ئاكاره ئه‌ده‌بییانه‌وه كه هه‌ر له یه‌كه‌م له‌حزه‌وه هه‌ست به جیاوازی نێوان (ئاكاری ئه‌دیب ) و (ئاكاری فه‌یله‌سوف) ده‌كه‌ین .
هه‌ڵبه‌ت له‌نێو ده‌قی ئه‌ده‌بیشدا فه‌لسه‌فه وجودی هه‌بێت ،تێكسته‌كانی (كافكا) نموونه‌یه‌كن له‌و بواره‌دا كه هه‌ڵگری فه‌لسه‌فه‌یه‌كی بهئهدهبیكراون ، له رۆژهه‌ڵاتیش (سادقی هیدایه‌تی) نموونه‌یه‌كی زه‌قه و ناكرێ نكوڵی لێبكرێ .
له رێگه‌ی ئه‌و پۆلێنبه‌ندییه‌ی خواره‌وه كه بۆ ئاكار كراوه ، قسه له‌سه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌كه‌مان ده‌كه‌م :
1- ئاكاری هه‌سته‌كی
2- ئاكاری سۆز
3- ئاكاری ژیری .
ئه‌م پۆلێنكردنه رێگاكه‌مان بۆ كورت ده‌كاته‌وه و وامان لێده‌كا باشتر ده‌ستمان به شته‌كان رابگا ، چونكه (د.سه‌روه‌ر عه‌بدوڵا) له‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا هه‌ستی كردووه ده‌بێت به جۆرێكی تر لێكۆڵینه‌وه بكا له‌سه‌ر شیعر و سۆزی جوڵاوه بۆ شیعری كوردی و له روانگه‌ی ئه‌و سۆزهشهوه كه سۆزێكه خاڵی نییه له پنتی عه‌قڵانیه‌ت ، عه‌قڵی خۆی ده‌كاته كه‌رسته‌یه‌ك و بوێرانه رووبه‌ڕووی عه‌قڵه‌كانی تر ده‌بێته‌وه كه به جۆرێكی تر له قۆناغه‌كانی شیعر گه‌یشتوون ، ئه‌و رووبهڕووبوونهوهیهش ئاساییه و له چوارچێوه سروشتییه‌كه‌ی ئه‌ده‌ب به‌ده‌ر نییه .
1- ئاكاری هه‌سته‌كی :
(ئه‌بیكۆر)ی فه‌یله‌سوفی یۆنانی پێش زاین ، نموونه‌یه‌كه ده‌كرێ وه‌كو ره‌مزێكی دیار و ئاشكرای ئاكاری هه‌سته‌كیی وه‌ریبگرین و تێیڕامێنین .
ئه‌و تێڕامانه‌مان له (ئه‌بیكۆر)، تێڕامانه به ئاڕاسته‌ی جیاواز له چه‌ند گۆشه‌نیگایه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی (د. سه‌روه‌ر عه‌بدوڵا ) . سه‌ره‌ڕای جیاوازییان، ئاڕاستهكان له دووره‌وه سه‌لام له یه‌كتری ده‌كه‌ن و ئاشنان به یه‌كتری .
سێ گۆشه نیگا ده‌خه‌ینه روو :
گۆشه‌نیگای یه‌كه‌م :
لای (ئه‌بیكۆر)، فه‌رد به‌هۆی پاڵنه‌ری غهریزهییهوهیه كه شوێنی چێژ ده‌كه‌وێت ، یان بۆ پێویستی بایۆلۆجی خۆرسك .
له لێكۆڵینهوهكهشماندا ،فه‌رد كه ئه‌مجاره فهردێكی تایبه‌تمه‌نده به‌وه‌ی شیعر ده‌نووسێ و تایبه‌تمه‌ندییه‌كه‌ی له وشه‌ی (شاعیر)دا گیرساوه‌ته‌وه ، شوێنی چێژ ده‌كه‌وێ .
ئه‌وه‌تا (گۆران) له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا كراوه به سه‌ره‌تای تازه‌گه‌ریی له شیعری كوردیدا ، (گۆران) شوێنی چێژ ده‌كه‌وێ به‌وه‌ی گۆڕانكاری ده‌كا له كێش و سه‌روادا ، دواجار (گۆران) سه‌ره‌ڕای گه‌ڕانی به‌دوای چێژدا ، بۆ خۆشی ده‌بێته وه‌سیله‌یه‌ك بۆ چێژ وه‌رگرتن ، بێ سۆ چێژ وه‌رگرتنیش له (گۆران)، چێژ وه‌رگرتنه له تێكسته شیعرییه نوێخوازه‌كانی نه‌ك له (گۆران)ێك كه یه‌كسانه به (خوێن + گۆشت + ئێسقان) ، قسه‌ی ئێمه له‌سه‌ر (گۆران)ێكه كه یه‌كسانه به (تێكست) .
گۆشه‌نیگای دووه‌م :
(ئه‌بیكۆر) چێژ پۆلێن ده‌كا بۆ :
– چێژه سروشتییه پێویسته‌كان
– چێژه سروشتییه ناپێویسته‌كان
– چێژه ناسروشتی و ناپێویسته‌كان .
له لێكۆڵینهوهكهشماندا چێژ كه ئه‌مجاره چێژێكی ئه‌ده‌بی و شیعرییه و به‌ستراوه‌ته‌وه به شیعر خۆیه‌وه ، پۆلێن ده‌كرێ بۆ چوار جۆر له چێژ ، هه‌ر جۆرێكی چێژیش تایبه‌ته به قۆناغێك .
واته :
چێژ له قۆناغی یه‌كه‌مدا (1932- 1968) كه ده‌كرێ به قۆناغی (گۆران) ناوزه‌ندی بكه‌ین ،جۆرێكه و له قۆناغی دووه‌مدا(1969- 1983) كه ده‌كرێ به قۆناغی گروپی (روانگه و كفری) و (عه‌بدوڵا په‌شێو) ناوزه‌ندی بكه‌ین ، جۆرێكی تره ، جۆری چێژهكانیش به‌ستراونه‌ته‌وه به جۆری ده‌قه‌كانه‌وه .
چێژ له قۆناغی سێیه‌مدا (1984-2000) كه (شاعیرانی پێشڕه‌و) له هه‌ولێر له دیارترینهكانن ، جیایه له قۆناغی كۆتایی كه ساڵی (2001) تا ئێستا ده‌گرێته‌وه .
جیاوازی پۆلێنكردنی چێژی ئه‌ده‌بی(چێژی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌مان) و چێژی فه‌لسه‌فی (چێژی ئه‌بیكۆر) له دوو خاڵدایه :
– چێژی فه‌لسه‌فی پۆلێن كردنێكی سه‌ربه‌خۆ پۆلێندهكرێ ، وه‌ك ئه‌وه‌ی (ئه‌بیكۆر) بۆ سێ لق دابه‌شیكردووه، چێژی ئه‌ده‌بی پۆلێنكردنێكی په‌یوه‌ست و به‌ستراوه پۆلێندهكرێ (به‌ستنه‌وه به قۆناغه‌كان) …
– ده‌كرێ چێژی فه‌لسه‌فی به دیاریكراوی له‌سه‌ر كاغه‌ز بنووسرێته‌وه ، وه‌لێ چێژی ئه‌ده‌بی چێژێكه له تێكست جیاناكرێته‌وه و ده‌بێت له‌نێو تێكسته‌كاندا به‌دوایدا بگه‌ڕێین .
گۆشه‌نیگای سێیه‌م :
لای (ئه‌بیكۆر) چێژی راسته‌قینه ئه‌و چێژه‌یه كه بۆ مودهتێكی زۆر به‌رده‌وام بێت و ترس و بیمی تیا نه‌بێت و ئارامی رۆحی تیابێت و دووربێت له ئازار .
له لێكۆڵینهوهكهشماندا (د. سه‌روه‌ر) ،(ئه‌بیكۆر)ئاسا ره‌فتار ده‌كا ، ئه‌وه‌تا پێگه‌یه‌كی به‌هێزی داوه‌ته (وریا مه‌زهه‌ر) به‌هۆی ئه‌و چێژه به‌رده‌وامه‌ی (وریا) تا ئێستاش و دوای مردنیشی پێمان ده‌به‌خشێ، یان ئه‌و چێژه به‌رده‌وامه‌ی (گۆران) تا ئێستا پێمان ده‌به‌خشێ ، سه‌ره‌ڕای گۆڕانی ئه‌ده‌بیات و فۆڕمه‌كانی نووسینی شیعر .
2- ئاكاری سۆز :
بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر (ئاكاری سۆز) ، (بیرگسۆن)ی بیرمه‌ندی فه‌ڕه‌نسی ده‌كه‌مه نموونه ، چونكه :
1-(بیرگسۆن) بۆچونێكی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه بۆ چێژ ،ئه‌و پێیوایه كه دیرۆكی مرۆڤایه‌تی ده‌ركه‌وتنی كۆمه‌ڵه كه‌سێكی تایبه‌تی به‌خۆوه بینیوه له وێنه‌ی پاڵه‌وانه‌كان كه سۆزیان جۆشی خواردووه ، له بانگهێشت بۆ ئه‌خلاقی تازه و به‌هاگه‌لی ئه‌خلاقی تازه ، گوزارشتی له خودی خۆی كردووه .
2- (بیرگسۆن) پێغه‌مبه‌ره‌كان و (سوقرات)یش به پاڵه‌وان داده‌نێت كه ئه‌وان ئه‌گه‌رچی مردووشن ، به‌ڵام بازنه تێكده‌شكێنن (ئه‌مه‌ش ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌و چێژه به‌رده‌وامه ئه‌ده‌بییه‌ی له سه‌ره‌وه باسمان كرد و وریا مه‌زهه‌ر و گۆرانیشمان كردن به نموونه ) .
له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی دكتۆردا ، چێژ چێژێكی ده‌سته‌جه‌معی نییه و به‌ستراوه‌ته‌وه به ده‌ركه‌وته تازه‌كان و چه‌ند شاعیرێكی دیاریكراو كه دواجار به به‌راورد له‌گه‌ڵ شاعیرانی تری سه‌رده‌می خۆیان وه‌كو پاڵه‌وان ده‌رده‌كه‌ون .
بۆ نموونه :
له سه‌رده‌می (گۆران ) و ( شێخ نوری شێخ ساڵح) و (كامه‌ران موكری)دا ، ده‌یان و سه‌دان شاعیر هه‌بوونه بوونه به كه‌فی سه‌ر ده‌ریا .
ئه‌گه‌ر دوورتر بڕۆین :
له سه‌رده‌می (ناڵی)و(سالم)و(كوردی)دا ، ده‌یان شاعیر هه‌بوونه كه‌س ناویان نابا و په‌راوێزخراون له لایه‌ن خودی شیعره‌وه ، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه ئه‌و سێكوچكه‌یه‌ی شیعره كه به‌رده‌وام باسده‌كرێ …
ئیتر ئه‌و دیده بۆ هه‌موو قۆتاغ و سه‌رده‌مێكی شیعر راسته ته‌نانه‌ت بۆ رۆژئاواش .
له فه‌ڕه‌نسا ئه‌وه‌نده‌ی باس له (رامبۆ)و (بۆدلێر)و (تی ئێس ئیلیۆت) ده‌كرێ ، باسی ئه‌و ده‌یان و سه‌دان شاعیره ناكرێ كه له‌سه‌رده‌می ئه‌واندا شیعریان نووسیوه .
له ئێران ئه‌وه‌نده‌ی باسی (سوهراب)و (فروغ)و (شاملۆ) ده‌كرێ، باسی شاعیرۆكهكانی تر ناكرێت .
(هه‌ڵبه‌ت من ئه‌و چه‌ند ناوه‌م ته‌نها وه‌كو نموونه هێناوه‌ته‌وه ، ئه‌گینا شاعیری باشی تریشمان هه‌ن له سه‌رده‌می ئه‌و شاعیرانه‌دا)….
3- ئاكاری ژیری:
ئه‌و كاته‌ی له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا (عه‌بدولڕه‌حیم هه‌كاری ) ده‌كرێته سه‌رده‌سته‌ی یه‌كێك له قۆناغه‌كانی شیعری سه‌ده‌ی بیسته‌م ،راسته‌وخۆ پاساوێكی ئه‌قڵانی بۆ ده‌هێنرێته‌وه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه :
( عه‌بدولڕه‌حیم هه‌كاری له بونیادی كۆنی زمانه‌وانی ده‌رچووه )
بوونی پاساوێكی عه‌قڵانی ئاماژه‌یه بۆ بوونی عه‌قڵێك كه ئه‌قڵی (د. سه‌روه‌ر)ه ، ئه‌و عه‌قڵه‌ش ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی كرداری ئاكاری ، ئه‌مه‌ش هه‌مان روانگه‌ی (ئاكاری عه‌قڵانییه) .
به‌گوێره‌ی ئه‌و ئاكاره ، مرۆڤ كائینێكی ژیره ، عه‌قڵیش تاكه هۆكاری تێگه‌یشتن و زانین نییه ، به‌ڵكو بنه‌مای فهزیلهتیشه و ئه‌گه‌ر بارودۆخ به ئاقارێكی جیا له‌وه‌ی مرۆڤ ده‌یه‌وێ بڕوا ، ئه‌وا ده‌كرێ مرۆ ویستی خۆی به‌هۆی مه‌عریفه‌ی عه‌قڵییه‌وه بگونجێنێ .
(زینۆن ئهلاكتیومی)ی فه‌یله‌سوفی یۆنانی دامه‌زرێنه‌ری (قوتابخانه‌ی ریواقیهت ) ، ده‌كه‌ینه نموونه‌یه‌ك بۆ ئه‌م پۆله رێبازه ئاكارییه ، چونكه :
(زینۆن) و ریواقییهكانی شوێنكه‌وتووی، كۆك بوون له‌سه‌ر بنه‌مایه‌ك :
(عه‌قڵ رێكخه‌ره)…
لێره‌وه خاڵێك داده‌نێم له به‌رامبه‌ر (ئاكاری عه‌قڵانیدا) و چیتر قوڵنابنهوه تیایدا ، چونكه له بازنه‌ی بابه‌ته‌كه ده‌رده‌چین و خودا ده‌كرێته باس و ئه‌وه‌ی ئاكار بریتییه له‌وه‌ی مرۆڤ له ته‌بابووندا له‌گه‌ڵ سروشتدا بژی و ده‌كرێ ته‌بایی هه‌بێت له‌نێوان ئه‌وه‌ی عه‌قڵی مرۆڤ ده‌یه‌وێ و ئه‌وه‌ی خودا بڕیاری داوه له میانه‌ی موماره‌سه‌ی فه‌زیله‌ی عه‌قڵییه‌وه كه له زاڵبوون به‌سه‌ر نه‌فس و پاكردنه‌وه‌ی رۆح و…هتد ، خۆی ده‌نوێنێت .
ئه‌نجامه‌كان :
1- ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی (دكتۆر سه‌روه‌ر عه‌بدوڵا) هه‌ڵگری هێزی دانپیانای ئه‌ده‌بییه …
2- به‌سه‌نته‌ركردنی عاتیفه نامانگه‌یه‌نێته حه‌قیقه‌تی ئه‌ده‌بی ، به‌ڵكو ئه‌و حهقیقهتانهشی هه‌ن كاڵده‌بنه‌وه .
3- چێژ و گه‌مه چێژبه‌خشه‌كان ده‌كرێ بگوازرێنه‌وه بۆ نێو هه‌موو ژانرێكی ئه‌ده‌بی به (لێكۆڵینه‌وه)شه‌وه .
4- ئاكاری ئه‌دیب جیایه له ئاكاری مرۆڤه‌كان به‌گشتی ، واته ئه‌وكاته‌ی قسه له‌سه‌ر ئه‌دیب ده‌كرێ له بازنه‌ی ئه‌ده‌بدا ، ده‌بێ ره‌چاوی (چێژی ئه‌دیببوون)ه‌كه‌ی بكرێ .
5- ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی جیاوازی جۆری لێكۆڵینه‌وه‌یه و داخستنی په‌نجه‌ره‌یه‌كی ته‌قلیدی لێكۆڵینه‌وه‌یه ..
سه‌رچاوه‌كان:
1- (حركه الحداپه فی الشعر الكردی/ د. سرور عبدولله/ من مگبوعات : مركز جاودیر / 2012)
2- Mi mostra lo sporetello dei telegrammi , rachele formica, Italia,1994
3-voglio vedere il distributore della posta , Marko di maio, Italia , 1975
4-La ringrazio di tutto il cuore , Mirea corto, Italia , 2000
5- ادبیات و اندیشه ، مصگفی رحیمی ، نشر : كتاب به زمان
6- ما هیه الفلسفه ، جیل دولوز ، فلیكس غیتاری ، ترجمه : مگاع صفدی و فریق مركز الانما القومی
ئه‌م كتێبه ئیتاڵییه زۆر گرنگه بۆ دیاریكردنی چێژ و جۆره‌كانی و په‌یوه‌ندی (ئه‌بیكۆر ) به چێژه‌وه :
(Lo pren do questo/ rachele formica / Italia/1991)
ئه‌م كتێبه‌ش باشتر حاڵیمان ده‌كا له زمان و ئه‌و فه‌زایانه‌ی زمان كاڵیان ده‌كاته‌وه و درووستیان ده‌كاته‌وه :
(posso pre n ta re/ Antonino torre / Italia/1992)
سه‌ره‌نج : ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه له ژماره (193)ی گۆڤاری (ڕامان) بڵاوكراوه‌ته‌وه