Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
یەکێتی:  پێشکەوتن بۆ دوواوە و مەترسییەکانی! …1

یەکێتی: پێشکەوتن بۆ دوواوە و مەترسییەکانی! …1

Closed
by June 8, 2013 گشتی

 

 

بەشی یەکەم
(١)
خۆپێشاندانە سەوزەکەی یەکێتی لە هەولێر نە سەرکەوتن بوو، نە تەحەددا، نە تەڕەماش!
هێزیك خۆی نەناسێت، خۆی نەگۆڕێت، بیرکردنەوەی نەگۆڕێت، دەموچاوەکانی نەگۆڕێت، ئاورێکی رەخنەیی لە ئێستاو رابردووی نەداتەوە، لێکوڵێنەوەیەکی زانستیی هەلومەرجەکان نەکات، پێوەندیی و پرۆسەی دیمۆکراتی لەگەڵ ئەندامان و لایەنگران و هەموو خەڵکی کوردستان رەچاو نەکات، بەرنامەی کاری نەتەوەیی و هەرێمیی وحیزبی روونی بۆ ئایندە نەبێت: هیچی پێ ناگۆردرێت و لە مانای گۆڕان و پێشکەوتن نازانێت.
ئەوەی یەکێتی کردی پێشکەوتنێکی چەمووش و چەواشەیی  بوو بۆ دواوە.
هەموو ئەو دەسکەوتە نوێێەی کە سەرکردایەتی ماندوو- و لە دنیادابڕاوی توانی نیشانی بدا: هێنانەوەی کاکی سەنگاویی بوو بۆ ناو قەدی ریز و، سەدای ناسازی شیڕەشیڕە شاخاوییەکەی بوو.
دەبوو لە لایەکی جێگری سەرۆکی هەرێم، کە لە هەمان کاتدا جێگری سکرتێری گشتی  یەکێتی و بەم سیفەتە هی سەرۆک کۆمار- یشە: کۆنسولی ئەمریکیی و لەلایەکی تر کونسولی بەریتانی دانیشتبان. سەرانسەری ریزەکەش کونسۆلی ولاتانی تر بووایە بە تایبەتی ئێران وتورکیاو فەرەنسا.
 ئەمانەن پرۆسەکان بریار دەدەن نەک دەنگدانەوەی خوێن و چەک و چەواشەیی  کەلتووری شاخ.
گەر پارتی بووایە دەیتوانی بە ئاسانی ئەوە بکات. واتە هەرچی کۆنسول و کەسێتی دنیایە بیهێنێت.
کە کۆنسۆلی  پێشووی بەریتانی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مارتی ٢٠١١ بۆ سلێمانی هات بۆ لام: زۆر بە سووکی باسی یەکێتی دەکرد، بە کۆمەلێکی بی سیاسەت وبێسەروبەری  [مێس] وەسفی کردن لە کاتێکدا بە رێزو سەنگینییەوە باسی پارتی دەکرد.
هەروەها لە وەلامی تازەترین نامەم بۆ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا زۆر بە شان و باڵی حکومەتی هەرێمدا هەڵدەلێت.
 جەهالەت و چەقبەستوویی سیاسیی یەکێتی لە وەدایە بە خەیال خۆی بە شەریک و هاوبەش لە حکومەت دەزانێت بەلام باکی نییە حکومەت چییە و کێیە مادام سلێمانی و گەرمیان بۆتە مەیدانی گەندەڵیی و دزیی و داگیرکاریی بێ حیساب و بێ لێپرسینەوەی ئەوان.
دنیا لەگەڵ حکومەتی هەرێم مامەلە دەگرن، کۆنتراکتی نەوت و گاز مۆر دەکەن، نوێنەرایەتی دادەمەزرێنن، پێوەندیی سیاسیی و ئابووریی و ئیستیخباراتیی دەبەستن.
حکومەتی کرداریی هەرێم – یش پارتییە یان وردتر بلێین بنەماڵەی بارزانی یە.
دوا بریاری یەکلاییکەرەوە وەک لە ولاتانی دیمۆکراتی باوە لە دەست پەرلەماندا نییە. لە دەست حکومەتدا یە.
حکومەتیش پارتی و بنەمالەیە: سەرۆک هەرێم، سەرۆک وەزیران، وەزیری دەرەوە، سەرکردایەتی سوپا، سەرکردایەتی و بەرێوەبەرایەتی ئاسایش، وەزارەتی نەوت و هەموو پێوەندیی و بەرژەوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکان لە دەست ئەوان دان
کە بارزانی ویستی: گەورەترین هەرای لەگەڵ مالکی دروستکرد و نەک تەنیا یەکێتی هاوپەیمانی ستراتیجی بەلکو ئۆپۆزیشن و گۆڕان – یشی خستە ناو باندواگۆنەکەوە.
ئەوسا وەک گەورەترین بەشداری رادیکالی گۆڕان: پرۆژەیەکیان پێشکەشی سەرۆکایەتی هەرێم کرد کە لێژنەیەکی هاوبەش بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دروستبکات.
وەفد هاتن و چوون، لە لایەک هەرەشەو لەلایەک پێوەندی بەردەوام بوون.
هیچ بە هیچ نەکرا تا نێچیروان بارازنی سەفەری بەغدای کردو پرسی بە کەس نەکرد و حیسابی بۆ هیچ حیزب و پرۆژەو مرۆژە نەکرد و بە یەک دانیشتن رێکەوتنێکی گوایە   حەوت خاڵیی لەگەڵ مالکی مۆر کردووەو گەر بەمە هەمووشتێک براوەتەوە یان نەبراوەتەوە ، ئەوە  دیسانەوە بڕیاری یەکلاکەرەوە هەر بۆ بارزانی سەرۆک هەرێم یان بارزانی سەرۆک وەزیرانە، وئەوانی دیش هەموو بە پاشکۆیی شوکرن. 
گەر مالکی – ش بۆ هەولێر بێت ئەوە تەنیا بۆ لای بارزانی دێت و بەس.
 
[[کۆبوونەوەیەکی خێزانیی بنەماڵە بە بۆنەی قبوڵکردنی  بوش بە ئەندامی نوێی نهێنیی بنەماڵەو فتکردنی ئەو زەلامەی دواوە  کە گوایە وەزیری دەرەوەی هەرێمە. سەیر کەن بارزانی سنگی پێش بوش- یش خستووە. دیارە گیرفانی ئەو لە هی بوش زیاتر هەلامساوە]]
ئەمە تەنیا نموونەیەکە لە دەیان نموونە کە بەردەوام دووبارە دەبنەوە.
ئەمە چەند ئازایی و لێزانیی بنەماڵەی بارزانی و نەخشەی مامۆستاکانیانە، ئەوەندەش ىۆشیی و بێبیریی بێبەرنامەیی یەکێتیی و هێزەکانی ترە.
بەلام بۆچوون و هەنگاوەکانی پارتی و بنەمالەی بارزانی لەم کارانەدا یاساییترو دامەزاروەییترن لە  کارە بێسەروبەرەکانی کوتلە گەندەلەکانی یەکێتی. هەر نەبێت
١.ئەوان بە بنەماڵەیی یەکێتی حیزبەکەی خۆیان پاراستووە و ستراتیجیان هەیەو دەزانن چی دەکەن
(٢) حیزبەکەیان و بنەمالەکەیان کردۆتە حیزب و بنەمالەی حکومەت. واتە ئەوان خۆیان موئەسسەساتی کردووە، وەک سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم و سەرۆکی ئاسایشی  هەرێم و سەرۆکی هێزی چەکداری هەرێم  و گەورەترین کارتێلی کۆمپانیای هەرێم کە مامەلە لەگەل هەموو دنیا دەکەن و دنیا مامەلەیان لەگەڵ دەکات و نوێنەرو ئامۆژگارو راوێژکاریان لە هەموو ولاتێکی گرنگی دنیادا هەیە.
بەلام یەکێتی و گۆڕان لە کۆمەڵێک کوتلەی گەندەل مافیای محەللی زیاتر نین.
 تا ئیستاش جێگری سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی حکومەت، کە یەکێتیین، لە دەورێکی پەراوێزیی و پاشکۆیی بەولاوە لەو چوارچێوە حکومیی  و موئەسسەساتیی و پێوەندی سیاسیی ودیپلۆماسسی  و ئابووریی و بازرگانی دەرەوەداو  بریاردانی یەکلاییکەرەوەدا نەیانبووە. دیارترین نموونە مەسەلەی فرۆشتنی کوردستانە بە کۆمپانیاکانی نەوت: تا ئێستا روونیان نەکردۆتەوە هیچ لەمانە دەزانن یان نا؟ تا چەند بەشدارن؟ کێ لە یەکێتی بەشدارە؟
لە کاتێکدا جێگری حکەمەتی هەرێم دەلێ یەکێتی ئاگادارە، کەسی تر نازانێ چۆن ئاگادارە، ئاگاداربوون یانی چی؟ ئایا شەریکە لە بلیۆنە شاردراوەکاندا؟ هتد
ئەمە دەردێکی قوولی تری یەکێتی دەردەخا کە لە ژێر بەڕەی پەیمانی ستراتێجییدا شاردراوەتەوە.
(٢)
کورتبینی و کورتهەنگاویی سەرانی یەکێتی تەنیا ئەوە نییە لە سیستمی حکومەتدا پەراوێزن.
با بڵێن ئەوە دوو ئیدارەییە؟ ئەی لە هەموو ناوچەی سلێمانی لە پشدەرەوە بۆ رانیەو کۆیەوهەلەبجەو پێنجوین و چەمچەمال و کەلار، چییان کردووە؟ ئەی یەک تاکە موئەسسەسەیان دامەزراندووە حیزبیی و گەندەل  نەبێت؟ ئایا تاکە یەک رێکخراوی سەربەخۆیان رێگە داوە؟ 
ئایا ئیدارەیەکی مەدەنیی یاسایی دیمۆکراتییان لە شاری رۆشنبیری و کوردایەتی دامەزراندووە؟
ئایا تاکە یەک کاریان کردووە جێگەی شانازی بێت؟
ئایا نەیاندەتوانی بۆ خاتری بابانییەکان و نالی و مەحوی و گۆران، هتد هەر نەبێت زانکۆی سلێمانی وەک دەزگایەکی ئەکادیمی زانستی نەتەوەیی بپارێزن و بیکەنە دەزگایەکی نەتەوەیی کوردستانیی و نموونە لە رۆژهەلاتی نێویندا لە جیاتی ئەوەی حیزبایەتی و گەندەلیی و گەوادیی ببەنە ناو زانکۆش و لە هەموو ناوەرۆکێکی زانستی و ئەکادیمیی بەتالی بکەنەوە؟
ئایا نەیاندەتوانی واز لە میدیای حیزبی بێنن و دەزگایەکی میدیای پرۆفیشنالی سەربەخۆ پێکبێنن و میدیای حێزبی بخەنە ژێر پێوە؟
ئایا نەیاندەتوانی بۆ چاکەدانەوەی ئەو هەموو ناوچەو گوندانەی بە ئەنفالکردنیان دان، لێگەڕێنن لە هەموو شارو شارۆچکەو گوندێک خەلک خۆیان بە ئازادی نوێنەری لۆکالی خۆیان هەلبژێڕن و کارو بارو پرۆژەو بودجەی خۆیان، خۆیان و ئەنجومەنی هەڵبژێردراوو شارەوانییەکانیان بەڕێوەی بەرن؟
پارتی و بنەمالەی بارزانی لە کوێوە رێگر بوون لەمە؟
جاران کە باسی سلێمانی دەکرا، یەکسەر پارێزگار [مەتەصەرریف] و دەزگای ئیداری دەهاتە بیری هاو-ولات. دەزگای ئیداریی پارێزگایی و خانووی موتەسەرییف دیاترین شوێننمای سارەکە بوون؟
ئایا هەر زوو خانووی موتەشەریفییان لەگەل دەیان دەزگای حکومیی داگیر نەکردو و سینەماو  قوتابخانەی کۆن وسەیرانگاو دنیایان لە سلێمانی نەرووخاندو داگیر نەکرد؟
تا ئێستا بۆ یەک جاریش گوێم لێنەبووەو نەمخوێندۆتەوە کە لە هەموو هاتنەوەکانی تالەبانی بۆ سلێمانی جارێک لەگەل پارێزگارو ئەنجومەنی پاریزگاری سلیێمانی کۆبوبێتەوە یان حیسابی سفری بۆ کرد بن، هەر وەک بارزانی دەیکاو هەموو لایەک بە هەق رەخنەی دەکەن، تالەبانیش هەمیشە لەگەل هەمان دەستەو کوتلەی ژەنگهەلهیێناوی شاخ کۆ دەبۆوە کە دەیزانی چۆن بەکاریان دێنێ و تەمێیان دەکات. ئەوانیش نهێنی گەمەکە باش شارەزابوون و دەیانزانی چۆن مامە بۆ مافیایی و خۆدەولەمەندکردن و تاقمگەری بەکاردێنن.
ئەمە هەموو ستراتیجی یەکێتی سۆسیال دیمۆکرات بووە لەسلێمانی؟
 لە کاتێکدا کارەکانی بارزانی و پارتی ناوەرۆکێکی موئەسسەساتی، حکومیی و تەنانەت  نەتەوەیی و نێونەتەوەییشیان هەیە، کارەکانی مریدەکانی تالەبانی بە گۆڕانیشەوە، لە دزیی و داگیرکاریی و داوینپێسیی و دژایەتی دەستوور و یاساو موئەسسەسات بەولاوە هیچی تر نەبووە.
(٣)
ئەو جەریمانەی کوشتن و بڕین و تاوان و ژنکوشتن و ژنسووتاندن  و دزیی و داگیرکاریی و گەندەڵیی   و گەوادیی گەر لە ناوچەی یەکێتی لە هی پارتی زیاتر نەبن کەمتر نیین؟ ئایا خەتای بنەمالەی بارزانی و پارتی لەمەدا چییە؟
بەپێچەوانەوە لیستی  تاوانەکانی بی یاسایی و کوشتن و ئیهانەو لێدان لە ناوچەی یەکێتی زۆر زیاترو خەتەرناکترن هەر لە گرتن وئەشکەنجەدانی دەیان خۆنیشاندەری راپەرینی شوبات، لێدان وئیهانەی رێبین هەردی، ئیسماعیل، گەنجانی زەراین، کاروان کەمال، برایمی کاکەحەمە، ئاسۆس هەردی، زیندانییکردن وکوشتنی قایمقامی سلێمانی زانا حەمە ساڵەح، کوشتنی خالیدی خولە سوور، مردنی گومانلێکراوی دەیان کەسی تر،  سەربرینی خێزان و کوشتن و پارچەپارچەکردن و سووتاندنی ژنان و فرێدانیان بۆ سەگ خواردن، کارەساتەکانی مردنی سەیارەو سەرجاددە، ‌هێنان و فرۆشتی سەدان تەن دەرمان و خواردنی بەسەرچووی سەرەتاناوی بە بێ ئەوەی  تاقە یەک کەس موحاسەبە بکرێت و ئاشکرا بکرێت. هتد
خوشکێک چەند ساڵ لەمەوبەر کتێێکی بە ناوی ئۆقیانووسی تاوان نووسی ، لە سەر ئەوە لە جیاتی ئەوەی خەلات بکرێت شاربەدەر کرا.
ئێستا دەیان کتێبی تری لەم چەشنە پێویستە بۆ ئەوەی ئۆقیانووسەکانی تاوان لە هەردوو ناوچەی دەسەلاتی حیزبی مافیایی دزو داگیرکاردا تۆمار بکرێن
(٤)
لەگەل ئەم هەموو راستییانەشدا هێشتا رۆشنبیرانی کورد دوای ئەو هەموو خوین و کارەسات و ئەنفالستانە بەردەوامە بە ئاوازی دژایەتی و ناکۆکی پارتی و یەکێتی و سەوز بەرامبەر زەرد هەلدەپەرن، بەلای ئەوانەوە دەستوور فشەیەو دەوری نییە، بەلای ئەوانەوە قسەو راگەیاندنی کۆنە گەندەلان نیشانەی گۆران و وەرچەرخانە!! و یەکێتی هیچ عەیبی نییە ئەوە نەبێت خۆی تەسلیمی پارتی کردووە!  دوژمنایەتی پارتی و هەڵوەشاندنەوەی نەخشەکانی بارزانی هەمووشتێک حەل دەکات.
ئاخ هەر بۆ یەک دوو سەعات مامە بکەوتایەوە قسەو بیوتایە: ئەو ناماقوڵییە چییە دەیکەن، بارزانی سەرۆکی منیشە! ئەوسا دەمانبینی چۆن ئەم هەموو هاشوهووشە دەبۆوە بە فشە. گەرچی خۆی لە فشە زیاتر نییە.
بەلام دیسان یەکێتی و گۆران و  (رۆشنبیرانی)  حیزبیی و ناحیزبیی هەمان هەلومەرج و کەژی دوای هەلبژاردنی ١٩٩٢ یان ژیاندۆتەوە:  شەرەپەڕۆ، شەرە ئالا، شەرە ژمارە، ویەکێتییش گۆرانێش لە پشت و پاشیەوە هەمان ئەنجامی هەیە: پاراستنی ستاسکۆی گەندەلی و داگیرکاریی و دووئیدارەیی و ٥٠/٥٠. 
ئەوەی حیسابی بۆ ناکرێ و لە هاوکێشەکاندا بوونی نییە دەروی خەلک و تاکی کوردە.
ئەوەی بە ئامانج و ستارتیچ وەرناگیری: دامەزراندنی دەولەت وموئەسسەساتی مەدەنی و دیمۆکراسی و حوکمی یاساو دادپەروەریی کۆمەلایەتییە.
ئەوەی وەک حەقیقەت نازانرێ و وەک دەرس وەرنەگیراوە ئەو حەقیقەتەیە کە ئەمڕۆ: ١٩٩٢ نییە.
ئەوەی غەشیمانە وتاونکارانە پشتگوێ دەخرێ ئەوەیە کە کێشەی کورد ئەمڕۆ ئەو فشەبازارییە نییە کە بەناوی دەستوورەوە دەکرێت: ئەمرۆ پاراستنی کوردی خۆراواو دژایەتی و گوشارخستنە سەر بارزانی بۆ کردنەوەی سنوورو دەستهەلگرتن لە تاوانی خیانەتکارانەی تێکدانی  رەزەکان ودەسکەوتەکانی کورد لە خۆراوادا، کاری ویژدانیی، ئینسانی، نەتەوەیی ، چارەنووسسازی هەرە لە پێشە.
چاوەڕوانی بەشەکانی تربن.

 

 

د. کەمال میراودەلی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.