Skip to Content

Wednesday, May 29th, 2024
دین و سیاسەت و، ململانێیی فێندێمێنتالیست

دین و سیاسەت و، ململانێیی فێندێمێنتالیست

Closed
by June 8, 2013 گشتی

 

 

کاتێک تاوانە دڵتەزێنەکەی نیورک لە ١١ سێبتەمبەری ٢٠٠١ دا بەرپاکرا،  قەشە”جيري فولويل”ی مەسیحی ئنجیلیی هیچ لێکدانەوەیەکی بۆ ئەم تاوانە نەبوو جگە لەوەی وتی:  “ئەوە سزای خودا بوو بۆ گەلی ئامەریکی کە لە قسە و فەرمانەکانیی دەرچوون”.  حەفتەیەک پێش مردنیشی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزوێنی”سی.ئێن.ئێن”ی ئامریکیی لە تەوەرێکدا دەربارەی فێندەمێنتالیستی دینی، باسی بڕوای تێۆرا دینیەکانی خۆی دەکەکرد، وتی:  “ئەو لەباربردنەی کە ساڵانە بە هۆییەوە سەدان هەزار کۆرپەلەی ئامریکیی دەکوژرێن، ناکۆکە لەگەڵ ڕێنماییەکانی خودا دا. هەروەها هاوسەرگیرێتی بە حەز و خۆشەویستیی و عەشق دژی فەرمانی خوا و بەهای دینییە.  بۆیە خوا ئەم توڕەیی و ڕقەی ڕشت بەسەر ئەم گەلەدا و وەک ئاگادارییەک، تا بگەڕێینەوە بۆ ڕێگەی ڕاست و جێبەجێکردنی فەرمانەکانی خوا”.

هەروەها سەرۆکی”قاعیدە” ئوسامە بن لادن و جێگرەکەی ئەیمەن زەواهیری چەندین جار بەردەوام ئەوەیان دووپاتدەکردەوە کە خوا لە گەڵ ئەوانەدا بووە کە ئەم پرۆسەیەییان جێبەجێکرد کە نزیکەی سێ هەزار مرۆڤ گیانی لە دەستدا لە هەموو جۆرە رگەزەکان و دینیەکان. ئەگەر “پشتیوانی و پەنای خوا” نەبوایە ئەم پرۆسەیە جێبەجێ نەدەکرا، ئەوە لە پەنای خواوە بوو کە جێبەجێکەرانی توانییان نەخشەڕێژییەکەی بە ئەنجامبگەیەنن!.  پێش ئەم تاوانەش بە چەند ساڵێک، لە کاتی تاوانی کوشتنی سەرۆکی حکومەتی ئیسرائیل(ئیسحاق ڕابین)دا، یەکێک لە گەورە تیۆریزاکەرە فێندەمێنتالیستە ئنجیلییەکانی ئامریکی “بات ڕۆبرتسۆن”ی قەشە وا ئەم تاوانی کوشتنەی لێکدایەوە کە ئەوە:  “کاری خودایی بوو، خوا وەک سزایەک ئەوەی بۆ ڕەخساند چوونکە خیانەتی لە گەلەکەی کردبوو”،  چوونکە ڕێکەوتنامەی”ئۆسلۆ”ی واژۆکردبوو کە بە پێی ئەو ڕێکەوتننامەیە دەبوایە بەشێک لە خاکی ئیسرائیلی بگەڕێنرێتەوە بۆ فەلەستینیەکان، ئەوەش دابەشکردنی خاکی پیرۆزی خوا بوو، خواش سزای تووندی هەیە بەرامبەر بەوانەی کە خاکە پیرۆزەکەی دابەشدەکەن، بۆیە ئیسحاق ڕابین کەوتە بەر توڕەیی و تۆڵەی خواوە. 
دیسان لەسەر هەمان پرسی دابەشکردنی خاک، “کلارنس واغنر” وتی:  ” پێویستە لەسەرمان هانی خواپەرستان بدەین کە لەسەر پلانڕێژی و ڕێگەی خوا بەردەوامبین، نەک لەسەر پلانڕێژی و ڕێگە چەوتەکانی دروستکراوی دەستی مرۆڤەکان، ئەگەر ئەوانە نەتەوە یەکگرتوەکانبن، کەسانی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئامریکا بن، یان کەسانی ئەوروپی بن لە “ئۆسلۆ” یان لە “وای رێفەر”، یان لە هەرچ شوێنێکی دنیادا نابێت دانبنێیین بە ڕێکەوتن و ڕێگەچارەییەکانی مرۆڤەکاندا.  خوا قبوڵی هیچ نەخشەڕێژییەک ناکات کە قودس بخاتە بەردەم ململانێەوە بە ناوچەی کێوی هەیکل و کێوی زەیتونیشەوە، ناکرێت و قبوڵ نییە بکرێن بە شار و ناوچەی ئیسلامی. مەسیح ناگەڕێتەوە بۆ شارێک کە ئیسلامی بێت، دەگەڕیتەوە بۆ شارێکی یەهودیی کە ناودەبرێت بە جیرۆزالیم”!
“بات ڕۆبرتسۆن” قەشەیەکی ترە کە لە یەکی یەنایری ٢٠٠٢دا لە میانەی بەرنامەیەکی تەلەفزوێنی”نادی سبعمائە”دا ئامریکا لەوە ئاگادار دەکاتەوە کە قودس ڕادەستی یارسر عەرەفات نەکات.. ئەگەر ئەمە بکرێت و قودس بکرێت بە پایتەختی فەلەستین کەواتە ئێمە خوا لە خۆمان دەڕەنجێنین و توڕەی دەکەین.  ئەمانە باسی بیرکردنەوەی فێندەمێنتالیستە مەسیحیە ئینجیلیەکانی ئامریکا بوون.  بەڵام لە ئیسرائیلدا حاخامی گەورە بەو جۆرە تێشکانی ئیسرائیلی لە لوبناندا لێکدایەوە کە : ” ئەوە توڕەیی و ڕەنجاندی خوا بوو بەرامبەر بە سەربازەکانی ئیسرائیل لەبەر ئەوەی ئەرکە دینییەکانی خۆیان جێبەجێنەکردوە و نوێژیان نەکردوە لە پێناوی خوادا و، پەیوەستنەبوون بە مۆڕاڵی دینییەوە”.  ئەم لێدوانە پەرچەکردارێکی وای دروستکرد لە ناو ئیسرائیلدا ناچار لێیپەشیمان بوەوە.

 هەموو ئەم لێدوانانەی مەسیحیەکان و ئیسرائیلیەکان ناکۆکن لەگەڵ لێدوان و لێکدانەوە ئیسلامییەکاندا، لە کاتێکدا کە هەموویان بە ناوی خوا و دینەوە لێکدانەوە دەکەن و هەر کەس دەیەوێت بەلای خۆیدا پشتیوانی خوا ڕابکێشێت!
 
وەزیری ڕاگەیاندنی ئێرانی(عطا اللە مهاجراني) لە بابەتێکی رۆژنامەنووسییدا دەڵێت: ” کاتێک ئەحمەدی نەجاد لە دوای گوتار خوێندنەوەکەی لە نەتەوە یەکگرتوەکان گەڕایەوە بۆ ئێران،(آیة اللە جوادي) کە بەرزترین پلەی دینیی هەیە وتی: یەکێک لە ئامادەبووانی کۆڕەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان پێیڕاگەیاندوە کاتێک ئەحمەدی نجاد گوتارەکەی دەخوێندەوە، تیشکێکی ڕووناک بەسەر سەریەوە دەسوڕایەوە، ئەحمەدی نەجادیش خۆی ئەمەی پشتڕاستکردوەتەوە کە هەستی بەو تیشکە کردوە لە کاتی گوتار خوێندنەوەکەیدا.

شاهیدەکە وتویەتی: کاتێک ئەحمەدی نەجاد وتی”بسم اللە” من ئەو خەرمانی تیشکەم بەسەر سەریەوە بینی و تا کۆتایی گوتارەکەی مایەوە بەسەر سەریەوە.  ئەحمەدی نەجاد وتویەتی: بەڵێ خۆم هەستم بەوە کردوە.  شاهیدەکە وتویەتی: هەستمکرد کە هۆڵی کۆرەکە گۆردرا و لە ماوەی ٢٧ تا ٢٨ خولەکی گوتارەکەییدا هیچ کەس لە نوێنەران و سەرۆکەکان چاویان نەتروکاند. ئەحمەدی نەجادیش وتویەتی ئەم قسەیە وایە و هیچ زیادەڕۆییەکی تیا نییە.

فێندەمێنتالیستە دینییەکان( ئیسلام، مەسیحی، یەهودی، هندۆسی و تەنانەت بودیەکانیش) هیچ جیاوازییەکیان نییە لەوەی کە تەنیا بروایان وایە دەبێت پەیوەستبن بە ڕێنماییەکانی نێو دەقە پیرۆزەکانەوە، هەروەها بڕوایان وایە کە پێویستە لەسەریان کە پەیوەستبن بە تەواوەتی بە ویست و کرداری خواوە.  بۆ ئەوەی ویستی خواش جێبەجێبکەن، پێویستە بزانن و شارەزابن لەوەی کە خوا چ داواکاریەکی هەیە و چی پێیخۆشە.  بەمافی خۆیانیشی دەزانن کە لێکدانەوە بۆ دەقە پیرۆزەکان بکەن و بە گوێرەی ئەو لێکدانەوانە کاربکەن و بەرپەرچی هەموو ئەوانەش بدەنەوە کە بڕوایان بە دەقەکان نییە. 

(فێندەمێنتالیستی دینیی بەو مانایە نایەت کە بگەڕێنەوە بۆ بنەڕەتخوازیی، بەڵکو بە مانای بەکاربردنی لێکدانەوە دینییەکان دێت، واتا تێگەیشتنە دینیەکان و بەرجەستەکردنییان لە پێناوی ڕاژەی سیاسیی و سەربازییدا)، بۆیە هەر لایەنێکی دینی بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لێکدانەوە بۆ دەقەکان دەکەن بە بێ ئەوەی گوێبدەن بە لێکدانەوەکانی تری هەمان دین کە پەیامبەرێکی تر کتێبیکی تر و کۆمەڵە دەقێکی تری بە ناوی خواوە هێناوە بۆ بڕواپێکراوانی.

بزوتنەوەی فێندەمێنتالیستی دینیی لە ئامریکادا زۆر بەهێزە بۆ ئەوەی کە بتوانرێت بکرێت بە ئامراز و کردارێک بۆ بڕیارە سیاسییەکانی ئامریکا.  هەروەها لە هندیشا بە هامان شێوە بەکار دەهێنرێت لە لایەن حیزبی هندۆسیەوە، ئەو حیزبەی کە هەستا بە وێرانکردنی مزگەوتی “بابري” مێژوویی.  بودیەکان لە تایلاندا لە ڕێگەی دامەزراوە دینیەکانییانەوە هەوڵی ئەوە ئەدەن کە دینەکەیان بکرێت بە دینی دەوڵەت، ئەویش لەسەر بنەمای ململانێییان لەگەڵ موسڵمانەکانی تایلاندا لە خواروی ئەو وڵاتە و لە مالیزیادا.

بزاوەتە فێندەمێنتالیستەکانی جیهانی ئیسلامی دیارە چی دەخوازن، بە تایبەتی لە پاکستان و ئەندۆنیسیادا، ئەوەتا حیزبی رزگاری ئیسلامی پرۆژەیان هەیە بۆ کارکردن بە سیستەمی خەلافەت، تەنانەت لە بەریتانیاشدا، کە مۆڵەتی کارکردنییان پێدراوە.  لەگەڵ ئەوەی ئەوروپا تا هەنووکە دوورە لەم شەپۆلە توندڕەوییەوە، وە لەگەڵ ئەوەشی کە پەیوەستە بە عەلمانیەتەوە کە نرخێکی زۆری داوە و زۆر لەسەری کەوتوە تا گەیشتوە پێیی، کۆمەڵێک جەنگی دینی بە خۆیەوە بینیوە لەم پێناوەدا( لە نێوان کاثۆلیک و برۆتستانەکان)دا، لەگەڵ ئەمانە هەموویدا فاکتەری دینی زۆر جار خۆی دەسەپێنێت لە وەرگرتنی بریارە سیاسییەکاندا بە هۆکاری بوونی ئیسلام تیاییدا، چ لە ڕووی ژمارەوە، چ لە ڕووی دەوریانەوە.
 
تێڕوانینی بوونی پێوەندی نێوان دینی(ئیسلام) و تیڕۆر، کارێکیکردوە لە ئەوروپادا کە زۆر جار بوە هۆکاری دانانی کۆمەڵێک کۆتوبەند لە بەردەم ئازادیی گشتیی و کەسییەکاندا، کە ئەمەش بۆ خۆی پاشەکشەکردنە لە پرنیسیپە لیبراڵیەکان کە لە ڕێنیسانسدا دەرکەوتن و پێشکەوتن و بوون بە بناغەی پێشکەوتن.  ئەگەر ئەم ئاراستەی توندرەویی دینییە زیاتر باڵابکات و گەورەبێت، ئەوە کاتێک دەزانیین سەرلەنوێ لە ئەوروپادا فێندەمێنتالیستی کاثۆلیکی لە دایکدەبێتەوە لە دەوڵەتانی فەرنسا و ئیسپانیا و ئیتالیا و پورتوغال و هەروەها لە دەوڵەتانی ئەسکەندنافیدا(سوید و نەرویج و دانمارک) و ئەڵەمانیا دا.  لێرەدا ناکۆکییەکانی نێوان عەولەمە وەک کرانەوەیەکی ئابووری و ڕۆشنبیریی بۆ کۆمەڵگا و دەوڵەتانی جیهان و نێوان توندڕەوییەکانی دینیی کە ڕوخسار و بنەمایەکی داخراویی و قبوڵنەکردنی هەموو ئەو بڕوا و دیدگایانەی لە دەرەوەی بڕوای دینیدا هەیە، دەردەکەوێت. 
بێگومان بەرجەستەکردنی سیاسەت لە دیندا زیاتر ئەم ناکۆکیی و دژایەتییانە قوڵدەکاتەوە و خێراتریش بڵاوییان دەکاتەوە.  لە هەموو جیهانیشدا ئەم بەرجەستەی دینییە دەرکەوتوە، تا ئەو ئاستەی کە ئەرکی دین و ئەرکی سیاسەت لە یەکتری بە زەحمەت جیادەکرێتەوە. هەردوو ئەم دیاردەیەش، دیاردەی سیاسەت و دیاردەی دین، ئەمڕۆ لە جیهاندا بەرەو ململانێیەکی کولتووری هەنگاونانێت وەک نووسەری ئامریکی صموئیل هنتینگتۆن دەڵێت، بەڵکو زیاتر بووە بە ململانێیەکی سیاسیی بە ناوی دینەوە دەگوزەرێت.

نووسینی: محەمەد ئەلسەماک
لە عەرەبییەوە: جیهاد موحەمەد

* نقلا عن صحيفة “الاتحاد” الإماراتية
http://www.alarabiya.net/views/2007/09/21/39387.html

سەرچاوە: رۆژنامەی (ئیتیحادی)ئیماراتی.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.