Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
دوا شریتی کراب و نواندنێکی بێدەنگ

دوا شریتی کراب و نواندنێکی بێدەنگ

Closed
by June 12, 2013 شانۆ

 

 

 

 

ژیان تەنها ئەو چرکەساتە نییە، کە تێیدا دەژیت، بەڵکو لە هەزارەها ساتەوەختی چاوەڕوانکراو و چاوەڕواننەکراو پێک هاتووە. هەروەها (من)یش هەر تەنها یەک (من) نییە، بەڵکو ئیجگار زۆرن. ئێمەی مرۆڤ هەمیشە نامۆین بەو کەسایەتییانەی، کە بووین و بەوانەیشی کە دەبین. لە دەقەکانی بێکێت دا، ئێمە نازانین لە کوێ داین، بەرەو کۆتایی یان کۆتایی سەرەتایەک دەڕۆین، ئەوەی ئاشکرایە، کە لە شوێنێک دا، لە ڕەوشێکدا، لە زماندا، لە وێنەیەکی شیعریدا، لە بارودۆخێکی کۆنکرێتی ئەبستراکداین. سەرەتا و کۆتایی، کۆتایی و سەرەتا، لەم نێوانەیشدا ساتە پڕ لە نائومێدییەکان یان هیوا و خەون و حەزەکان لە چاوتروکانێکدا دەردەکەون و لە ئەتمۆسفێرێکی بێدەنگدا دێن و هەر لە بێدەنگییشدا بزر دەبن و لە هەندێک کاتدا ئاستێکی بەرزی لێبووک ئاسا، خەندەیەک، تیشکێکی ڕووناکی دەردەکەوێت. ئامادەیی وشە و نائامادەیی وشە ژیانمان، بوونی ئێستا و داهاتوومان، ئەوەی کە هەین وئەوەی کە دەبین بەرجەستە دەکات و ئەو گەردوونەیشی تیایدا دەژین، دەخوڵقێنێت. دەکرێت ئەمە پێناسەیەکی کورتی ئەو بابەتانە بێت، کە “سامۆێیل بێکێت” بە درێژایی ژیانی کاری لەسەر کردوون.  

بۆ نموونە بێکێت لە ساڵی ١٩٥٨دا شانۆنامەی “دوا شریتی کراب” دەنووسێت، ئەمەش بە چەند ساڵێک دوای سەرکەوتنە نێونەتەوەییە گەورەکانی، کە بە شانۆنامەی “بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆ”ەوە بە دەستی هێنابوو. بێکێت لێرەدا زیاتر ئەو بیرۆکانە دادەڕێژێتەوە، کە گوزارشت لە کارەساتەکانی جەنگ و ئەو ملیۆنەها مرۆڤانە دەکات، کە لەم شەڕە بێ هودەیەدا ژیانییان لە دەست داوە: دونیایەکی کاتۆلیکی هەژار، بەبێ کەس و بێلانە و بەبێ هیچ خودایەکیش. بێکێت لەم دەرئەنجامانەوە شانۆنامەکانی دەنووسێت، فۆرمێکی تازە دەدۆزێتەوە، زمانێکی داماڵراو، لە نێوان وچان و پشووە درێژەکاندا بەکار دەهێنێت و پارسەنگێک لە نێوان دونیای لێبوکەکان و فەلسەفەدا ڕادەگرێت. ئەم فۆرمە نوێیەش لە زمانێکی شیعری و چوارچێوەیەکی بە تەواوی حساب بۆ کراودا بەرجەستە دەکات. 

دەقەکانی بێکێت لەبری ئەوەی تووشی ڕەشبینیمان بکەن، دەمانگەڕێننەوە بۆ ناوەوەی خۆمان، لە پانتاییە قووڵەکانی خوددا ڕووبەرووی خۆمان و دونیا و مرۆڤایەتیمان دەکەنەوە. بێکێت ڕەوشێکی تایبەتمەندە و لە گەمەیەکی لێبوک ئاساوە، لە زمانێکی شیعری، هەندێک جار گران و هەندێک جار ئەبسورد و هەندێک جار نزیک لە ژیانی ڕۆژانەمانەوە، دەمانبات بۆ گفتوگۆیەکی فەلسەفی. 

“دوا شریتی کراب” شانۆنامەیەکی کورتی سەرنج ڕاکێشە و باسی کارەکتەرێک دەکات، کە ڕۆژانە یادەوەرییەکانی خۆی لە سەر شریت تۆمار کردووە. ئێستا ئەو کەسایەتییە تەمەنی گەیشتۆتە شەست و نۆ ساڵ و دانیشتووە گوێ لە خۆی، لەو شریتانەی، کە لە تەمەنی سی و نۆ ساڵیدا تۆماریکردوون دەگرێت. لە هەمانکاتدا خەریکی تۆمارکردنی شریتێکی نوێیە، سەبارەت بەو ساڵەی، کە هێندە نییە تێ پەڕیووە.  ئەم کەسایەتییە هەمیشە لە یادەوەرییەکانیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەر شتێکی ناوەندی، بابەتێک، تراجیدیایەک لەسەر چەندین ئاست، کە زۆر نزیکە لە خودی خۆیەوە و لە دەستی داوە. ئەم کەسایەتییە (کراب) هەر وەک ئەوە وایە، کە لە دواوە، لە کۆتاییەوە بژی و بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سەرەتا؛ هەمیشە چاوی بڕیووەتە یادەوەرییەکان و دەیەوێت هەموو شتێک لە ڕەوشەکاندا، لە بیرەوەرییەکاندا و لە خودی خۆیدا بهێڵێتەوە. بێکێت لە “دوا شریتی کراب”دا و لەسەر ئاستێکی بەرز دەقێک سەبارەت بە “کات” دەنووسێت؛ دەربارەی ژیانێک، کە لە چاوتروکانێکی ڕووناکیدا، لە نێوان تاریکییەکی هەتاهەتایی و ئەو جیاوازییانەیشی، کە لە نێوان مێشک و جەستە دایە، لە نێوان کردەیەکی پڕ لە هەست و هۆشدا و لە نێوان ساتێکی پڕ لەزەتی سێکسی دایە. کراب لە نێوان تیشکی ڕووناکی و ژیانە کورتەکەیدا بەندکراوە، ئەو تاریکییەیشی چواردەوریی گرتووە، مەرگە. شانۆنامەکە، باسی ئەوە دەکات، کە ئێمە دەمرین، هێدی هێدی پارچە پارچە دەبین و ژیان ئازار و ژانە بە ڕێگای کوژانەوە و تەواوبوونێکی ئەبەدیدا. کراب هەمیشە لە ڕوواڵەتدا بە چڕی و لە ناوەڕۆکدا لە ئامێزی دڵەڕاوکێ و ڕەهەندێکی قووڵ و تووڕەییەکی بێماناوە، لە جووڵە دایە. لێرەدا ژیان کورت و بچووک دەبێتەوە و بەرەو وێستگەکانی کۆتایی دەڕوات. دونیا لەم دەقەدا لە نێوان ساتە گەرمەکانی پڕ لە ژیان و جەستە مردووە ساردەکاندا، لە نێوان ژیان و مەرگدا گوزەر دەکات و وێنەیەکی گشتگر و سەراپاگیرمان بۆ بەرجەستە دەکات. بێکێت کەسایەتی کراب دەکاتە لێبوکێکی فەیلەسوف و فەیلەسوفێکی لێبوک، لەم نێوانەیشدا گەردوون، ژیان و مەرگ لە چاوتروکانێکی پڕ لە ژان و ئازاردا، هەروەها لە چەند ساتێکی ئارام و پڕ لە ئاسودەییدا ئاوا دەبێت. 

یەکێک لە دیمەنە گرینگەکانی “دوا شریتی کراب” ئەوەیە، کە کرابی سیونۆ ساڵ، لە ناو بەلەمێکی لە تەختە دروستکراودا خۆی لە جەستەی ژنێکی ڕووتدا ئاڵاندووە و ئاوەکەش وەک بێشکە، بە ڕیتمێکی خۆش بەلەمەکە ڕادەژەنێت، بەرزی دەکاتەوە و نزمی دەکاتەوە، ئەمەش وێنەیەکی مەجازی بێکێتە، دونیا ڕادەژێنرێت، هەموو شتێک لە جوڵەدایە. بەڵام کراب وازی لەو پەیوەندییە هێناوە، بۆ ئەوەی خۆی بۆ نووسین تەرخان بکات. ئەم دیمەنە لیریکییە شیعرییە، بەهێز و پڕلەجوڵەیە چەند جارێکی تر دووبارە دەبێتەوە، لە سەرەتادا جوڵەی بەلەمە دارینەکە خێرایە، هێدی دەبێتەوە و لە کۆتایشدا لەگەڵ گوژمێکی تری ئاوەکەدا خێرا دەبێتەوە. 

هەرچەندە بێکێت هەرگیز ژیان و بێوگرافیای خۆی لە نووسینەکانیدا بەکارنەهێناوە و زیاتر ئەو لەسەر ڕەوشە خودییەکانی مرۆڤ، لەسەر دونیای ناوەوەی مرۆڤ و گەردوونە تاریکەکەی ناوەوەی خۆی دواوە، بەڵام زۆربەی ڕەخنەگر و پسپۆڕەکانی بواری بێکێت ئەوەیان دووبارە کردۆتەوە و ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، کە بێکێت لە “دوا شریتی کراب”دا هەندێک لە پریشکەکانی ژیانی خۆی بەکارهێناوە. کراب وەک بێکێت نووسەرە، ئەو ئافرەتەی لە بەلەمە دارینەکەدا باسی دەکات، ئامۆزایەکی خۆی بووە، کە لە تەمەنی لاوێتیدا، لە دبلن حەزی لێ کردووە. هەرچەندە دونیایەکی ڕەش و تاریکییەکی ترسناک هەموو شتێک دەگرێتەوە و هەموو شتێک لە جیهانی بێکێت دادەپۆشێت، بەڵام ئەو ساتانەش هەن، کە مرۆڤ لە بەلەمە دارینەکاندا، لە ژێر تیشکی رۆژێکی خۆشدا، لە بێدەنگییەکی ڕەها و هێمنییەکی بێ سنووری ڕۆمانتیکیدا، لەگەڵ ڕیتمی ئاوەکە و دەنگی شڵپەکاندا لە جوڵەیەکی هەمیشەیدا بێت. لەلای بێکێت مەودا و تیژبینی و هۆشمەندی، چەندە ڕەشبین و تاریکە، هێندەش ئارم گیرە و هێزێکی ئەبەدی ئاسوودەیی لەگەڵ خۆی دەهێنێت. 

بێکێت شانۆنامەی “نواندنێکی بێدەنگ” یان “پەردەیەکی بێ وشە” لە ساڵی ١٩٦٠دا دەنووسێت. ئەم شانۆنامە کورتە بێ دەنگەیش، بەرجەستەی ژیانی کورێکی گەنج دەکات، کە بە فیکە لێدان ناچاری چەندین کردار دەکرێت. ئەم کارەکتەرە لە سەر شانۆ، کە گوزارشت لە بیابانێکی بێسنوور دەکات، دەیەوێت بڕوات و ئەو شوێنە بەجێ بهێڵێت، بەڵام هەمیشە بەهۆی هێزێکی نادیارەوە فڕێ ئەدرێتەوە سەر شانۆ،واتە بۆ ناو بیابانەکە. هەوڵ ئەدات دەستی بە دۆلکەیەک ئاودا بگات، بەڵام بۆ سەرەوە بەرز دەکرێتەوە و هەرگیز دەستی نایگاتێ. هێزی دەسەڵاتێکی نادیار، گەمە بەم کارەکتەرە، بە چارەنووسی ئەم مرۆڤە گەنجە دەکات، تا لە کۆتایدا دەیەوێت کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێت و خۆی هەڵواسێت، لەم هەوڵەیشیدا هەر سەرکەوتوو نابێت. لە دواجاردا و لە کردەیەکی بەرهەڵستیدا خۆی ئەدات بە زەویدا و ئەم ژیانە بەهەموو ئاماژە و پەیوەندی و کۆدەکانییەوە ڕەت دەکاتەوە. بێکێت ئەم شانۆنامەییەی لە ژێر کاریگەری “تانتەلیوێس”ی میتۆلۆژییای گرێکیدا نووسیوە: تانتەلیوێس لەلایەن خواوەندەکانەوە سزا دەدرێت، کە هەتا هەتایە برسی و تینوو بێت و لە ناو ئاوبەندێکدا دایدەنێن، لەلای سەرییەوە باخێکی پر لە میوە هەیە، هەر کاتێک دەست درێژ دەکات تا میوەیەک لێ بکاتەوە، دار میوەکان بە شێوەیەکی وا بەرز دەبنەوە، کە ئەو دەستی نەگاتێ. کە دادەنەوێتەوەیش بۆ ئەوەی ئاوی کانیاوەکە بخواتەوە، کانییەکانیش بە ڕۆخی زەوییەکەدا ڕۆدەچن و لە چاو بزر دەبن. 

لەسەر شانۆی شار، ئەم دوو شانۆنامەیە “دوا شریتی کراب” و “نواندنێکی بێدەنگ” وەک یەک نەمایش پێشکەش دەکرێن. ریژیسۆری نەمایشەکە، لە دیدێکی هونەری ڕوون و ئاشکراوە، شانۆنامەی “نواندنێکی بێدەنگ” دەکاتە دەروازە و بنەمایەک یان سترکتورێکی هونەری و لە هەمانکاتدا فیکری بۆ خوێندنەوەی “دوا شریتی کراب”.   

ئەم نەمایشە دەبێتە گفتوگۆیەکی فەلسەفی لە نێوان کورێکی گەنج و پیاوێکی پیردا، لە نێوان کرابێکی گەنج و کرابێکی بەتەمەندا، بەمەیش “دوا شریتی کراب” دەبێتە گەشتێکی تەمەن، تەمەنێکی فەلسەفی و تەمەنێکی فیزیکی دونیای مرۆڤە بێ دەرەتانەکان، هەر لێرەیشەوە “نواندنێکی بێدەنگ” دەروازەیەکی تر بۆ شانۆنامەی “دوا شریتی کراب” دەکاتەوە.

ئەم ریژیسۆرە ئەم دوو دەقە بە چوارچێوەیەکی جوان، بە خوڵقاندنی دیمەنی سروشت و بە ڕامانێکی قووڵی هێمن، لە دەستپێکی نەمایشەکەدا، لە ڕێگای گرتەیەکی فیلمئاساوە، وەک دەروازەیەک بۆ هەردوو شانۆنامەکە، پێکەوە دەبەستێتەوە. هەردوو جەستەکەیش، کە بەرجەستەی “کراب” دەکەن، یەکێکیان لەم سەری شانۆکە و ئەویتریان لەوسەر، بەرامبەر بە دیمەنێکی ڕازاوەی شوێنێک وەستاون و کڵۆ کڵۆیش بەفر دەبارێت. لە هەمانکاتدا مۆسیقایەکی گونجاو دیمەنەکە و هەردوو کارەکتەرەکە، کە لەم ساتەدا بەرجەستەی “کراب”: کرابی گەنج و کرابی پیر دەکەن، تێکەڵاو دەکات و لە نێو زەمەنێکی ڕەهای هەتا هەتایدا بەرجەستەیان دەکات. سەگێکیش بە تەنها لە بەفرەکەدا ڕادەکات. هەموو دیمەنەکە گوزارشت لە تراجیدیای ژیانی بێلانەیی مرۆڤ دەکات، دیمەنێک لە دونیایەکی نامۆ و دابڕانێکی تەواو و ژیانێکی تەنهاییدا لێوان لێوە. ئەم دوو دەقە و لەم نەمایشەدا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، وەک ئاوێنە لە ناو یەکتریدا ڕەنگ ئەدەنەوە و یەکتری تەواو دەکەن. هێڵێکی دراماتۆرگی ئەم دوو دەقە، لە نەمایشێکی دوو بەشیدا کۆدەکاتەوە، دەیان بەستێت بەیەکترەوە و جیایشیان دەکاتەوە تا لە کۆتایدا سەرلەنوێ بەیەکیانەوە ببەستێتەوە. 

ئەم دیمەنە بەراییە بە هێمنی و هێدی هێدی لە دیمەنی بیابانێکدا دەکوژێتەوە، سەگەکە لەم بیابانەیشدا هەر ڕادەکات و شانۆنامەی “نواندنێکی بێدەنگ” دەست پێ دەکات. 

بێکێت هەمیشە مێتافۆرێکی پڕ لە ڕاز و نهێنی سەبارەت بە ژیان و گوزەرانمان بۆ دەنووسێت، مێتافۆرێک نزیک لە فۆرمەکانی شانۆیەکی بووکەڵەدا پێشکەش بکرێت و لە بنەما گرۆتێسکەکانمانەوە نزیک بکاتەوە. ژیان لەلای بێکێت ئەو بازە بچووکەیە لە منداڵدانی دایکەوە بۆ گۆڕێک، سەفەرێک و خولانەوەیەک هەموو جۆرە پەیوەندییەک تیایدا بێمانایە. ئەم نووسەرە تێکستەکانی و دەقە شانۆییە ڕەشبین و پووچگەراییەکانی لە فۆرمێکی قووڵی شیعری، وێنەیی و پڕ لە هیوایەکیشدا، کە زمان باڵا دەستە، دەنووسێت. 

نەمایشەکەی شانۆی شار بە هەمان دیمەنی سەرەتای نەمایشەکە کۆتایی دێت، کرابی پیر و کرابی گەنج بەبێ جوڵە، وەک دوو سێبەری تاریک بەرامبەر بە کڵۆ بەفرەکان وەستاون. بەم شێوەیەیش “دوا شریتی کراب” و “نواندنێکی بێدەنگ” لەسەرەتایەک و کۆتاییەکدا، لە ڕارەوەکانی ژیانی کرابی گەنج و پیردا، لە گفتوگۆیەکی فەلسەفی و لە ڕەوتێکی لێبوک ئاسادا پێکەوە دەبەسترێنەوە و بەرجەستەی گەردوونێکی بێلانە، بێ خواوەند، بێ مروەت، بێ جوڵە و تاک و تەنهامان لە تاریکیدا بۆ دەکات.    

 

دانا ڕووف 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.