Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
تۆفانی چاو  … 1…   كارافاتیح

تۆفانی چاو … 1… كارافاتیح

Closed
by June 14, 2013 گشتی

 

 

 

چاوەپیسەكان

چاوە پیسەكان بۆ؟

 

چاوە پیسەكان بۆ؟ وەك دەبینین بەم پرسیارە دەست پێ دەكەین و دێینە ناو باسەكەمان، بەڵام پێویستە ئەوە نەشارینەوە، كە هەوڵ نادەین خێرا وەڵام بدەینەوە و هۆكارەكانی هەڵبژاردنی ئەم بابەتە بەزوویی و بێ هەڵسەنگاندن و هێنانەپێشەوەی ڕەهەندە جیاجیاكانی، بخەینە پێَش چاو، بەڵكو دەمانەوێت كەمێك بە مەبەستەوە دوور بكەوینەوە و بۆ سۆراغ و شوێنكەوتنی وەڵام یاخود وەڵامەكان بە ڕێگای تردا بڕۆین و لە دەرگای هەمەجۆری ترەوە سەر دەربهێنن. بە دڵنیایییەوە نیازمان وایە بۆ تۆكمە كردنی ئەوەی وەك وەڵامی پرسیارەكە گەڵاڵەی دەكەین، بە هێمنی گفتوگۆگەلێكی تر لەسەر پرسی تری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی پەیوەند بەم پرسیارە و تێركردنی وەڵام یان وەڵامەكانی بە بایەخەوە بهێنینە ئاراوە. ئەم گفتوگۆیەیش دەرگای گەلێك باسی ترمان بە ڕوودا ئاوەڵ بكات و بە شێنەیی ئەم پرسیارە و گەڕان بە شوێن وەڵامدا بۆی، بكەینە بیانوو بۆ بیركردنەوە و قسەكردن ڕەخنەگرتن لە چەند دیاردە و بابەتی تر، بە تایبەت لەناو ئەو نێوەندەی پێی دەگوترێت نێوەندی ڕۆشنببیریی كوردی.  

گەر كەمێك خەریكی سەرنجدان و لێوردبوونەوە بیت بەنێو بەشێكی زۆر لە مەزرا و هەردی ئەو شتەی بە ڕۆشنبیریی كوردی ناودێر دەكرێت و لەسەرخۆ تاوێك بە ماتی بنۆڕیتە خاك و كێڵگە بێ‌ پیتەكانی ئەو هەرێمە و نیگاكانت چڕ بكەیتەوە، ئەو دەمە بێ‌ گومانبە زۆر ماندوو نابیت و پێویستیش ناكات كەسێك هیچت نیشان بدات، كە خۆت بەزوویی هەموو شتێكت كەمێكیش بێت بەباشی بۆ ڕۆشن دەبێتەوە. هێندە زۆرت پێ ناچێت، سەرنجەكانت تێت دەگەیێنن كەوا تا ئێستاكێیش ڕووبەرێكی گەلێك زۆر و بەرفراوان لە زەویی ڕۆشنبیریی ئێمە، بەبێ‌ خەم لەسەر شتی لاوەكی و تا ئەندازەیەكی زۆر بێ‌ نێوەرۆك و بەنێوی بابەتگەلێكی لابەلا و بێ‌ سەنگ و بێ قورسایییەوە لە سەرەتای سەرەتاكانەوە تا ئەم ساتەوەختە تاپۆ كراوە، ڕامانەكانت لـێ‌ ناگەڕێن و ئەوەشت بە پەنهانی بۆ بەجێ‌ ناهێڵن كە هەر لەسەر ئەم بناغەیە و بەم چەشنە مامەڵەیە كەڵك لەو زەوییە بەرفراوانە وەرگیراوە.

لە لام تا ئاستێكی زۆر ڕوونە و هەروەها سەلماندن و قەناعەتپێكردنی ئەم قسەیەیش بۆ هەر كەسێك، هێند قورس و پڕ كێشە نییە و نابێت و بۆ كردنی بە هاوبۆچوونی خۆت زۆری لەسەر ناڕۆیت و زۆر زەحمەت ناكێشیت، ئەوەتانێ‌ تاوەكو هەنووكەیش گەلێك پرسیار لەنێو مەیدانی ڕۆشنبیریی ئێمەدا لە ئارادان و ڕووبەرێكی زۆری دوورییەكانی ئەو هەرێمەیان بە تەواوی داپۆشیوە و هەموو هێزێكی كۆنترۆڵكردن و بەڕێوەبردنی ناوەندەكەیان لەبن دەستایە، كە بە ڕاستی نەك ئەوان هەر لە هیچ ساتەوەختێكدا وزەی گەڕان و پشكنینمان پێ‌ نابەخشن و هەرگیزاو هەرگیز ئەو پرسیارگەلە نامانكەنە كەسێكی سەركێشی پڕ خەیاڵ و توێژەرەوەیەكی وردی ڕەخنەگر و كەمێك بە بەرهەم، بەڵكو ئەوەی مەراقێكی خەستە ئەوەیە كە بە ناخۆشحاڵییەوە دەشێت بگوترێت ئەم پرسیارانە تا ئەندازەیەكی زۆر دڵساردانە و نائومێدكەرانەیش لە جەوهەر و قووڵایییاندا پرسیاری جیدی نین. گەر زۆر سەرپێیییانەیش سەرنجێكی تێ بگرین، دەبینین بێ‌ موبالاتانە خوێنێكی سارد و مەییوی ناجیدیەت و تەمبەڵانە بە شادەماریاندا دێت و دەچێت.

لەنێو ناوەندی ڕۆشنبیریماندا ناجیدیبوونی ئەم پرسیارانە بەو مانایەیە، یان با بڵێین ئەم بۆچوونە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، كە ئەمانە ئەو پرسیارانەن ناتوانن و ئەو هێزەیان پێ‌ نییە گۆمی مەنگ و وەستاوی ئەو ناوەندە خۆنەناسە بەڵام لەخۆڕازییە بشڵەقێنن، ئەو گۆمە بشڵەقێنن و خاكی داهێزراوی ئەو ڕۆشنبیرییە لە وشكهەڵاتن و بێ‌ فەڕی و هەمیشە خۆدووبارەكردنەوە دەركەن و بتوانن سەرلەنوێ‌ بە دیدار و ئاوێزانی ژیانێكی دیكەی بكەن، بە جۆرێك گەشە و جووڵە و بەرهەم بكەنە مۆركێكی بەرچاو و چاوەڕوانكراو و دیار، جا كە سەیر دەكەین و دەزانین ئەمانە دیارنین و ئومێدی دەركەوتنیان لەئارادا نییە، هەر بۆیە دەڵێین و گەر سەبرت هەبێت دواتر ڕوونیشی دەكەینەوە كە ئەم پرسیارانە جیدی نین و بەو پێوەرەی لێرەدا دەیخەینە بەر چاوان، مۆرك و خەسڵەتێكی لەم چەشنە بە كاڵییش بە ڕووخساریانەوە دیار نییە.

هەر لەنێو دونیای ئەم ڕۆشنبیرییە داماوەی ئێمەدا، كە لە ڕاستیدا دەمڕاست و بەرپرسانی بێ پەروا لافوگەزافی پێوە لـێ‌ دەدەن، ناشزانن كەساس و داماوە یان دەزانن و ئازایانە و دەستوبردانە هۆكار و پاساوی دەرەكی و شانخاڵیكردنەوەی بۆ هەموو دۆخەكان بەتاڵكردنەوەی بەرپرسارێتییەكان دەهێننەوە، ئەوەی خێرا بەدی دەكرێ‌ و زوو دەبێتە جێگەی سەرنج و تێبینی ئەوەیە، سەرقاڵی و خەریكبوون و ئیشكردنی زۆر لە ڕۆشنبیرانمان و ئەوانەیش كە خۆیان بە ڕۆشنبیر دەزانن یان خۆیان بە خۆیان دەڵێن ڕۆشنبیر و پێشەنگ لە بزاڤی پێشكەوتنی ژیان و كۆمەڵگادا، وەها دەردەكەوێت و هەست پێ‌ دەكرێت جۆرێك بن لە پیشە و جۆرێك بن لە كاتبەسەربردن و خۆخافتان و پڕكردنەوەی بۆشایی و بەتاڵییەكانی خوێنەر یان نووسەر، یاخود پێدەچێت مەبەستی تریان لە پشتەوە بێت و بۆ ئامانجی تر خەریكی ئەم جۆرە سەودایانە بن، بۆیە وا دەبینین لەم ڕێیەدا ماندوونەناسن و نازانن بێ‌ تاقەتبوون مانای چی و حەوسەڵەی هەموو كارێكی بێ‌ بەرهەم و بێ‌ كۆتایییەكی نوێ‌ و تازە دەستڕاگەییشوو و سەرڕێژ لە دووبارەبوونەوەیان هەیە، زۆریش بەداخەوە دەكرێت لە بەرامبەردا وەهایان تەماشا بكەین كە تەنها بەرەو ئەوە ڕێ‌ دەكەن ئەم كارانە شێوەیەك بن لە شێوەكانی بژێوییپەیداكردن و ئەلتەرناتیڤی هەر وەزیفە و كار و لێپرسراوێتییەكی دیكەی ژیان و لە بارە حەقیقییەكەیدا ئەم ئیشانەیش هەر تەنها بریتیبن لە بەرژەوەندیی تایبەتی و دیاریكراوی ئەو كەسانەی ئەكتەری ئەم بوارەن و لە هەڵسووڕانی ئەم ناوەندەدا گورجوگۆڵن و ڕۆڵێكی باڵ و دیاریان هەیە و هەموو وەختێ‌ بابەتێكی ڕۆژ بدۆزنەوە یان ڕاستتر وایە وا بڵێین ئەو بابەتە بێـت بۆ لایان و بە هەیبەتی ناواخن فشۆڵ و لەرزۆك و شكۆهی دەستكردی خۆی ئەو بۆشایییە فیكری و مەعریفییەی كایەی ڕۆشنبیریمان ئاسان ئاسان زەوت بكا و ڕۆشنبیرانمان، وەك چۆن ژمارەیەكی بێشوومار مێروولە بەدەوری شیلەیەك یان پاشماوەی خۆراكێكدا پۆنگ دەخۆنەوە، ئا بەو نەوعە لە ڕووداوێك، دیاردەیەك یان پرسێك بئاڵێن و تا سنووری وڕبوون خۆیانی پێوە بخافڵێنن.

ڕەنگە زۆریش ناحەقی و پڕكێشی نەبێت گەر ئەم وشانەیش بۆ بۆچوون و قەناعەتەكانمان لەم باسەدا زیاد بكەین و زۆر ئەرخەیان بیانخەینە سەر كاغەز، ئەو وشانەیش ئەوەن كە بڵێین دیسان لە هەرێمی ڕۆشنبیریی ئێمەدا وەستان و تێڕامانی زۆرینەی ڕۆشنبیرانمان لەسەر بەشێكی بەرچاو لەو شتانەی لێیان دواون، یاخود لە ڕێڕەوی كارەكانیاندا مایەی بایەخ و خۆپێوەخەریككردن و گرینگیپێدانیان بوە، بێ‌ سڵەمینەوە و لە هەمان كاتدا ویژدانـمردووییش نابێت، ئەگەر بڵێین زۆرینەی زۆری ئەو سەرنج و تێڕامان و لێكۆڵینەوانەیان (هەڵبەتە ئەگەر گونجاویش بێت پانتایییەكی زۆر و بەرفراوان لەوەی هەیە و بەرهەم هاتوە بە تێڕامان و لێكۆڵینەوەیش دابنرێت و وەها سیفەتێكیان تێدا ڕەچاو بكرێت.) جۆرێك بوون لە بەهەدەربردنی توانا و بەهرەیان، ئەوەی بەرهەمیان هێناوە و ئەوەی كردوویانە بە چەشنێك لە چەشنەكان بریتی بوە لە بێ‌ پەروا خەساركردن و بەفیڕۆدان و بە كوێرەڕێدابردنی هێز و چالاكییان، با ئەوەشمان بیر نەچێت كە حەتمەن ئەم خەساركردن و بەفیڕۆدانەیش هەندێ‌ جار بێ‌ ئەنقەست بوە و ئەوانەی بەرپرس بوون لەم دۆخە، لە سروشت و قورسایی و كاریگەریی خۆیان و كارەكانیان تێ نەگەییشتوون، كە ئیدی تازە بۆیان زۆر درەنگ بوە تێش بگەن و بزانن چی دەگووزەرێ‌، بۆیە هاوزەمان لە دەرەنجامەكانیشیان بێ‌ ئاگا بوون یاخود گەر بەئاگایش بووبن زۆر ئەستەمە خۆیان بە بەرپرسیار بزانن و ئەمە هەڵوێست و بەخۆداچوونەوەیان تێدا دروست بكا و ببێتە هەوێنی سەرهەڵدانی كار و بیركردنەوەی نوێ‌. پێویستە لە یادمان بێ‌ ‌و ئاماژە بۆ ئەوەیش بكەین هەندێ‌ جاریش ئەم حاڵەتە بە ناچاری ڕووی داوە، یان ڕەنگە بە هەڵەدا نەچووبین گەر بڵێین قودرەتی ئەو ناوەندە هەر هێندەی لە دەسەڵات بوە و هەڵسووڕێنەرانی هەر ئەوەندەیان لەدەستهاتوە كە پێی هەستاون و كردوویانە و ئێستا لەبەردەستدایە و بەردەوام لە ڕێچكەی عومری زۆر ساكاری ئەو ڕۆشنبیرییەدا خۆی لە نیگامان هەڵدەسووێ‌ و دەیبینین.

لەم سەرەتایەوە و بەرلەوەی هیچی دیكە بڵێین، ئەوەی بە پێویستی دەزانم تا وەك تكایەك بیخەمەڕوو، شتێكە كە لێرەدا وەك دەبینین چەشنی ڕوونكردنەوەیەكە. ئەوەی لەم شوێنەدا دەمەوێت ڕوونی بكەمەوە، زۆر بۆم مەبەستە و لەپێناو ڕێگیریكردنە لە بە هەڵە تێگەییشتن، بۆیە ناخوازم دوورتر بڕۆم و وا ئێستا دەمەوێت بیخەمە بەر چاوان، ڕوونكردنەوەكەیش دەربارەی ئەم قسانەیە كە بەری تۆزێك لەمەوبەر كردمانن. لەوەی پێش ئێستا گوتمان هەرگیز مەبەستمان ئەوە نییە و ئەم قسانە ئەوە ناگەیێنن كە پێمان وەها بێت ئەو بابەتانەی ڕۆشنبیرانی ئێمە لە قۆناغە جیاجیاكاندا لێیان دواون و بە شێوەی جۆراوجۆر توێژەر و نووسەر و پسپۆڕانی ئێمە كاری هەمەچەشنەیان لەسەر كردوون، یەكبەیەكیان شتێكی لاوەكی بووبێتن، یاخود بێ‌ سەنگ و قورسایی باسیان لێوە بكەم و بە چاوێكی وەهاوە بێنەبەر نیگامان كە هیچ نین یاخود هیچ نەبن. خوێنەری ئەزیز، نەكەی لەم قسانەوە ئەم تێگەییشتنە بەرهەم بهێنیت و بە خاوەنی وەها مەبەستێكم بزانی، چونكە لە ڕاستیدا هەرچەندە هەندێك یان زۆریش لە بابەتەكانی ناو ئەوانە بە لاوەكییش دابنرێن و لە هەندێ‌ ڕوانگە و گۆشەنیگای تایبەت و جیاوازەوە پێیان بگوترێت بابەتگەلێكی بێ‌ سەنگ و بێ‌ قورسایی، بەڵام من بەو شێوەیەی دەبینم كە ئەوانە هەر شتێك بن و هەرچییەك بن هەرگیز زیندوێتیی و شوێنگەی خۆیان لەدەست نادەن و بە ئەندازەی قورساییی ڕاستەقینەیان لە شوێن و ڕێگەی خۆیاندا ڕۆڵی گرینگیی خۆیان دەگێڕێن، یاخود ئەم ڕۆڵەیان گێڕاوە، ئەم زیندوێتییەشیان ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، بە هەر چەشنێك پێی بزانین یاخود پێی نەزانین، كارێك دەكەن و دەبنە هۆی بەشداریكردنێكی ئەگەرچی كەمیش بێت (یان ڕەنگە هەندێ‌ جار بەشدارییەكەیان زۆر گەورە و لەبەرچاویش بێت) لە دروستكردنی مێژوودا، چونكە نەك هەر ئەو كارانەی نووسەر و ڕۆشنبیران لە بواری ڕۆشبیریی خۆیاندا ئەنجامی دەدەن، بەڵكو زۆر جار ڕێ‌ دەكەوێت ڕەفتار و ئیشوكارە زۆر سادە و ساكارەكانی هەر مرۆڤێكی ئاسایی ڕۆڵێكی دیار و بەرچاوی هەبێت لە دروستكردنی مێژوودا، بەڵام لێرەدا قسەی ئێمە ئەوەیە و خودی كێشەكە لەوەدایە، لە كاتێكدا ئەو بابەتانە لەنێو ڕووبەری ڕۆشنبیرییەكدا لە جێگەو پێگەی ڕاستەقینەی خۆیان گەلێك زیاتریان پێ‌ ڕەوا دەبینرێن و زۆر زێدەتر لە گرینگیی خۆیان فوو دەدرێن، فوو دەدرێن و قەبارەیان هەندێ‌ جار بە شێوەیەكی ناواقیعی و گەلێك سەیر و زۆر زیاد لە پێویست چەندین جارەی خۆیان گەورە دەكرێن و دەكشێن و هێدی هێدی، یان هەندێ‌ جار ڕاستتر وایە بڵێم خێرا خێرا هەموو سنوورێكی ئاسایی تێ دەپەڕێنن، ئەو حەلە كە تێشیان پەڕاند، دواتر ڕووبەری گەلێك شتی تر دادەپۆشن و شوێنیان داگیر دەكەن، بێگومان دەشبێت بزانین بەم هۆیەوەیە یان ئەمە یەكێكە لە هۆكارە بەرچاو و كاریگەرەكان، كە چەندان بابەتی تر لەسەر ئەو زەمینە پەراگەندە دەكەن و گەلێك پرس و كێشە و قەیرانی تر دەبن بەژێری ژێرەوە و نابینرێن و بە هەزار حاڵیش هاواریان ناگاتە هیچ گوێیەك، یان سەرجەمیان قەبارەیەكی بچووكیان پێ‌ دەدرێت. پوختەی قسان ئەمەیە، كە بە ڕاستی خەمەكە لێرەدایە و ئەمەیان مایەی نیگەرانیی منە، هەر ئەم نیگەرانییەیش وای لـێ‌ كردم لە سەرەتاوە زۆرینەی ئەو بابەتانەی لە ڕەوتی قسەكردن و توێژینەوەیان لە لایەن نووسەران و ڕۆشنبیرانمانەوە بەم شێوەیە سەودایان لەگەڵدا دەكرێت، بە لاوەكی و بێ‌ سەنگ و قورسایی دابنێم و وەها بۆچوونێكم لەبارەیانەوە هەبێت، بۆچوونێك كە لەم بابەتەدا وەك خوێندمانەوە، خۆی ئاخنییە نێو باسەكەمان و بوە دەستپێكی قسان.

شتێكی تا ڕادەیەك زۆر بەڵگەنەویستە كە زیندوێتی و بزێویی هەر ڕۆشنبیرییەك بە توندی و بە ئاشكرا وابەستە و گرێدراوە بە زیندوێتی و بزێویی پرسیارەكانییەوە، لە ڕووی جەوهەریشەوە هەر بە جۆری پرسیارەكان و هەڵوەدابوون و بەشوێنداچوونیان بەزۆری دەناسرێتەوە و دیاری دەكرێت، یان با بڵێین مۆركی زیندوێتی و بزێویی هەر ڕۆشنبیرییەك، لە هەموو ناوەند و كایەكاندا بە تێكڕای ئاستەكانەوە زیندوێتی و بزێویی پرسیارە جۆراوجۆرەكانێتی. لە زەقترین خاڵی ناسینەوەیدا، ڕۆشنبیری جیدی ئەو كەسەیە پرسیار دەكات و دەزانێت چ پرسیارێك لە چی دەكات، ڕەخنە دەگرێت و بە ئاگایە لە چ شوێنگە و بەرپرسیارێتییەكەوە ڕەخنە لە چی دەگرێت، ڕەخنە دەگرێ‌ و بێ‌ هیچ سڵەمینەوەیەك پرسیار و ڕەخنەكانی بە گشت ئاراستە و سووچ و قوژبنە تاریك و ترسناكەكاندا دەبات، دەیبات و ئەم پرسیارانە كارێك دەكەن ڕۆشنبیر بوێرانە و زیرەكانە پەل بهاوێ‌ و پشتبەستوو بە میتۆدێكی ئەكادیمییانە هیچ دەروازەیەك بە شیاوی ئەوە نەزانێت كە چوونەژوورەوە لێی حەرام بێت و قوفڵی ئایدیۆلۆژیا و نەریت و پەروەردەی ئایینی و كۆمەڵایەتی… هتد، ی لێ درا بێت و واڵاكردن و سەرپشتكردنی كارێكی نەكردە بێت، بۆیە ناوهێنانی گەلێك پرسیار لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا بە پرسیاری ناجیدی، وەك ئەوەی بینیمان لە پەرەگرافی یەكەمدا هاتبوو، بەو نیازە نەبوە و هەرگیز ئەوە ناگەیێنێت كە ئەو پرسیارانە لەبەرئەوەی ناجیدین، بۆیە نەدەبوایە بكرێن و بخرێنەڕوو و هەروەها بەو ئاستە ئەو ناوەندە گیرۆدە و سەرقاڵ بكەن، بەڵكو بڕوای تەواوم وایە ئەو پرسیارانە بوونیان پێویستن و بۆ خۆیان سەرچاوەی وزەی گەڕان و پشكنینن و هەر نەبێت ئامادە نەبوونیان كەلێنێك دروست دەكەن و بوارێك سەرگەردان و بێ‌ خودان دەكەن.

 بێ‌ ئەوەی ئەوە بهێنێت زیاد لە پێویست خاكەڕایی بەكاربهێنین یان هەر كارێكی هاوشێوەی ئەوە بكەین، دەبێت دان بەوەدا بنێین، پرسیارەكانیش (ئەوانەی پێشتر ئاماژەمان بۆ كردن) بەڕاستی لە شوێنی خۆیاندا بەپێی سەنگ ‌و كاریگەریی خۆیان پرسیاری جیدیشن، واتە مەبەستم نییە بە ئاستەمیش نكوڵی لەم ڕوەوە نیشان بدەم. ئەو پرسیارانە بێ‌ دووڵی ئەوە هەڵ دەگرن، لە كاتی خۆیان ‌و لە شوێنی خۆیاندا لەگەڵ ئەوەشدا بێگومان لای خاوەنانی خۆیان پەرۆشی ‌و مشوورخواردن ‌و قووڵبوونەوە هەبێ‌ ‌و نیگای بایەخ ‌و ڕۆشنكردنەوە زۆر بەچڕی بپرژێتە سەریان ‌و بە شێوەی جۆراوجۆر ئاوڕیان لـێ‌ بدرێتەوە. بەرامبەر ئەم پرسیارانە، هەرگیز لە بایەخی ئەوە كەم ناكەمەوە كە وا لێیان بڕوانین و، بە شێوەی جیاجیا وەك كەرەستەیەكی گرینگ بۆ توێژینەوە و گفتوگۆ سەودایان لەگەڵدا بكەین ‌و لە ئاستیاندا وەرگرتن ‌و ڕۆچوون بە قووڵاییی ڕەهەندەكانیان ببنە خەم ‌و خوێنی گەڕان‌و تاقیكردنەوە لە جەستەدا گەرم بكەن، لە تەك ئەمانەشدا دەبێت بەهەندوەرگرتن ‌و دوورڕوانین ‌و قووڵبینینی ئەگەر ‌و گریمانەكان لای ئەم پرسیارانە بۆ خۆیان كەرەستەی یەكجار گرینگ بن بۆ لێكۆڵینەوە ‌و سۆراغی جیدی ‌و بەرهەمهێن، وەلـێ‌ بە پێویستی دەزانم لێرەدا ئەگەر ڕوون نییە ئەوە ڕوون بكەمەوە، كە ناوهێنانی ئەمانە بەو شێوەیە ‌و لكاندنی سیفەتی ناجیدی پێوەیان، وەك هەستكرا كەم بەهاكردنیان، لێرەدا ئەوەی لەپشتەوەیە یان لەبەرئەوە بوە كە ئەم پرسیارانە وەك ئەوەی بەكارهاتوون ‌و تێبینیی دەركەوتن ‌و چالاكییان دەكەین، تەنها یان بەزۆریی یەك ئاراستەی دیاریكراویان وەرگرتوە، ئەو ڕێڕەوەی گرتوویانە و بەردەوام لەسەری دەڕۆن، هێڵەكانی سواوە و تەنها بەو ڕێڕەوە سواو و هەموو دەم پاتبۆوەدا دەبرێن، دەبرێن ‌و هەمیشە ‌و بە بەردەوامی ‌و بەشێوازگەلێكی كرچوكاڵ ‌و بێتام لە دووبارەبوونەوەدان، ئەو پرسیارانەی مەبەستمانە لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا لە یەك چوارچێوەی بێزاركەر ‌و بێ بەرهەمدا دەقیان گرتوە ‌و هەموو جارێ‌ بە سیما ‌و فۆڕمی هاوشێوە ‌و هەندێ‌ جار شێواو دێنەوە ‌و دەردەكەونەوە، دەردەكەونەوە ‌و بە ئاسانی ‌و بۆ سوود ‌و مەرامی كۆمەڵێكی هەلپەرستی بە دروشم ڕۆشنبیر ‌و چرای ژیان، بەڵام لەڕاستیدا بە ناوەڕۆك فیكركوێركەر و جەهلدۆست، بازاڕی ڕۆژنامەگەریی ‌و هەڕاجخانەی كتێبە هەرزانەكان زۆر بێ زەوقانە دەهێننەوە جۆشوخرۆشێكی ساردوسڕ ‌و مردوانە. كە بازاڕی ڕۆژنامەگەریی بەمشێوەیە كەوتە جموجوڵ ‌و هەڕاجخانەی كتێبە هەرزانەكانیش لەم ڕێگەیەوە جمەی هات، ئەوساتە ئەم پرسیارانە كەشوهەوایەك دەخوڵقێنن كە جیدیەت ‌و پەرۆشیی بە سیمای هەموو كارێكەوە ڕەنگپەڕیو و كاڵ كاڵ بێ‌ و تەنانەت كەمێك بیركردنەوەی زانستی ‌و واقیعییش لەو كەشوهەوایەدا ئەستەم ‌و زۆر گران بێت.

بەكارهێنانی ئەم پرسیارانە بەو شێوە ناتەندروست ‌و ئیفلیجكەرانەیە ‌و ئەو خوێنەی بە كایە جیاجیاكانی ڕۆشنبیریمانی بەخشیوە، بە دڵنیایییەوە ناوەندێكی وەها گرینگ ‌و هەستیاری لە خۆدووبارەكردنەوە ‌و سستی لانەداوە ‌و لە قەیران ‌و گیروگرفتە ئاڵۆز ‌و هەمەچەشنە وێرانكەرەكان نەیپاراستوە، نەك هێندە ئەگەر قووڵ بڕوانین دەزانین، كە بگرە قەیران ‌و دەرد ‌و بەڵای دیكەی بۆ ئەو ناوەندە ساز ‌و بەسەریەكەوە زیادكردوە ‌و ئەوەندەی تر، بگرە زیادەڕەوی نابێت بڵێین دەیان هێندەی تر لەنێو قوڕ ‌و لیتاوی خۆدووبارەكردنەوە ‌و وەستان ‌و دۆگمابووندا هەموو دەمێ‌ بەدرێژاییی تێپەڕینی ڕۆژگار ‌و سەردەم ‌و ئاوابوونی قۆناغە جیاجیاكان زۆر قووڵ ‌و بەقورسی چەقاندوێتی، وەك ئاشكرا بە بەرچاوانەوە دیارە، هەر ئەمەیش نەیهێشتوە پەڵەهەوری ڕەش ‌و خەستی جەهالەت ئەم دەڤەرە جێ‌ بهێڵێت.

مایەی داخێكی زۆر ‌و خەفەتێكی بێ سنوورە كە ڕۆشنبیرانمان تەنها ‌و تەنها بەزۆری بەم چەشنە پرسیارانە ڕاهاتوون ‌و كاردەكەن ‌و لەم چوارچێوەیەدا دیل بوون، یاخود خۆیان خۆیان یەخسیر كردوە. ئەوەی لێرەشدا جێگەی نەنگییەكی زۆر ‌و خەوش ‌و تەمبەڵییەكی هزرییە، هەروەها بەردەوام دەرەنجامی دزێو دەخاتەوە، ئەوەیە هەمیشەیش بە دەركەوتن ‌و ئامادەبوونی ئەم پرسیارانە لە ئاستە جۆراوجۆرەكاندا، ڕۆشنبیرانی دیل وەڵامی حازربەدەست ‌و دەقگرتوویان پێ‌ بوە ‌و هەموو وەختێ‌ زۆر بەزوویی لە بەرامبەر ئەو پرسیارانەدا قوتیان كردۆتەوە، بێگومان وەڵامگەلێك بێ‌ هیچ زەحمەت ‌و ماندووبوونێك پێشكەشیان كردوە و لەسەر هەمان ئاواز و هەمان كەرنەڤاڵی ناساز هەراوهوریایان بەڕێخستوە و هەر بەو زەوقە ناحەز و نادڵگیرەی خۆیان ئارایشتیان كردوە، وەك دەبینین لەبەر دیدەی مرۆڤدا ئاوا نابێ‌ ‌و پەردەی گوێی هەموومانی تەواو تەواو هیلاك كردوە، كە ڕۆژانە ئەم تەوژم ‌و شەپۆلیان هەڵگیرساندوە ‌و ئەو قیامەت ‌و ڕۆژی حەشریان بەرپا كردوە، ئەوجا دوای ئەم كارە كوشندانە و خوڵقاندنی تراژیدیای كوشتنی بیركردنەوە بە دەستی ڕۆشبیری دیل ‌و بە پاڵپشت ‌و ئیلهاموەرگرتن لەو پرسیارانەی باسمان كردن كە هەمیشە دووبارە دەبنەوە، بە دەروونێكی ئارام ‌و زۆر لەخۆڕازییەوە ئەنجامدەران ‌و بەرپرسانی ئەم دۆخە پاڵیان لێ داوەتەوە ‌و بەسانایی خۆیان لە هەموو گرفت ‌و كێشەكان دەرباز كردوە، هەر لەسەر ئەم بناغەیەیش پاڵیان لێ داوەتەوە ‌و پێیان وا بوە ئەركی خۆیان زێدەتر لە پێویست ‌و بێ هیچ نوقســانی ‌و كەموكوڕییەك بەجێ گەیاندوە.

كە سەرنج دەدەین، ئەوەی ئەم ڕۆشنبیرە بۆی بەرهەمهێناوین، بە ڕامان ‌و نیگایەكی ورد دەزانین، بە نەفەسێكی كورتی سۆراغكردن ‌و كەمترین ماوەی گەڕان ‌و كاری دۆزینەوە بەر دەستی كەوتوە ‌و پێشكەشی كردووین، پاشان لە دەرەنجام ‌و كۆتاییییەكانیشدا مۆرك ‌و تایبەتمەندییە ڕووهەڵماڵراوەكانی بەڕوونی دەبینین كە بە پاڵپشتی خەرمانێك لە بەتاڵی ‌و بیرنەكردنەوە ‌و سوودوەگرتن لە گەمە قێزەون ‌و ناحەزەكانی هونەری كوشتنی گۆڕان ‌و تازەگەریی، سەرمایەیەكی ڕەمزیی بۆ خۆی بونیادناوە ‌و بێ خەم ‌و خەیاڵ لەسەری دەژی، دەژی ‌و ئەگەر بۆی بلوێ‌ بەتەمایە ‌و دڵی وایش دەخوازێ‌ تاهەتایە ئەم دۆخە هەر وا بەردەوام بێت.

دەبێت بزانین تێگەییشتن لە هۆكار یان هۆكارەكانی بەرقەراربوون ‌و بەردەوامی ‌و درێژەكێشانی ئەم حاڵەتە دژوار ‌و كارەساتبارە هێند زەحمەت نییە ‌و ئەم دیاردەیە بە بیركردنەوەیەكی زۆر كەمیش شرۆڤە دەكرێت، یاخود دەتوانرێت بە هزرێكی زۆر ئاساییش ئەو ڕەوشە هەڵ بسەنگێنرێت ‌و پەنجەنومای خۆشخەیاڵی ‌و نەخۆشییە دوور مەوداكانی بكرێت، چونكە ئاشكرایە دروستكردن ‌و ڕاگرتنی ئەم كەشوهەوا ناتەندروستە لەو زەمەنە دوور ‌و درێژەی مێژووماندا لەبەرئەوە بوە یان لەپێناو ئەوەدا بوە، تا ئەوان ‌و سەرجەم بەرپرسانی ئەم دۆخە بۆ تۆزێكیش بێت عەزێت نەكێشن ‌و بە هیچ شێوەیەك قەرەی پرسیاری دیكە نەكەون، قەرەی نەكەون یاخود سۆراغی نهێنی ‌و شتگەلێكی دیكەی شاراوە نەگرنە ئەستۆی خۆیان‌و هیچ كاتێك بە ئاستەمیش بەلایاندا نەچن ‌و هەڵوەدای شتانێكی نوێ‌ نەبن. ئەمەیش دیارە لە ڕابردوودا بۆ ئەوە بوە ‌و حاڵی حازریش بۆ ئەوەیە هەتاكو خۆشخەیاڵ لە خەم بڕەخسێن ‌و پرسیاری دیكەیان لە هیچ بارەیەكەوە لە كن گەڵاڵە نەبێت. دەبێت بزانین كە ڕاگرتنی ئەم دۆخەیش هەر بۆ ئەوەیە یان بۆ ئەوە بوە، نەوەكو ئەوەی دێت ‌و لە ساتێك لە ساتەكاندا سەرهەڵ دەدات، ببێتەوە باعیسی ئەوەی ویستی عەوداڵی ‌و گەڕان بەشوێن وەڵامی دیكەدا لە چوارچێوەی پرۆسەی نوێدا بە شوێن خۆیدا بهێنێت، یان نەوەكو ئەو گەڕان ‌و هەوڵە نوێیانە، بۆ كەمێكیش بێت مرۆڤ وا لـێ‌ بكەن بە چاوێكی ڕەخنەیییەوە سەیری خۆی ‌و ڕابردووی خۆی بكا، هەر كە سەیریشی كرد گومان لەو مێژوەی بێ‌ بیركردنەوەیەكی ڕەخنەیییانە كردوێتییە سەرمایەی ڕەمزی دروست بكات و، یان هەر نەبێ‌ ئەگەر هیچ دەرەنجامێكی لەو شێوەیەیش نەخاتەوە، لانی كەم ئەوە دەیترسێنی ‌و ڕای دەچڵەكێنێ‌ كە بۆ تۆزقاڵكیش تێی بگەیێنێت كە چییە ‌و كێیە ‌و خاوەنی چ مێژوویەكە، وەك دیارە مێژوویەك كە هەمیشە پێوەی دەنازێ‌، وەها پێی دەنازێ‌ كە كوێرانە بە هەموو شتێكی دەزانێت، لە هەموو شتێكیش بە پەسەندتری دادەنێت، بە چەشنێك هەندێ‌ جاریش تا ئاستی چوونە خانەی چەمك ‌و شت ‌و بابەتە پیرۆزەكان بەرزی دەكاتەوە ‌و دوور لە هەر پێوەرێكی زانستییانە مامەڵەی لە تەكدا دەكات.

بەشوێندانەچوون ‌و عەوداڵنەبوونی گەلێك پانتاییی تاریك ‌و نادیاری تر لەم نێوەندەدا، شتێكی سەیر ‌و چاوەڕوان نەكراو نییە، كە چەندەها پرسیاری تری لەنێو دونیای ڕۆشنبیریی ئێمەدا كوشتوە ‌و یان بە دڵنیایییەوە ڕێگە ‌و بواری لەدایكبوون ‌و سەرهەڵدانی لـێ‌ گرتوون، هەر ئەمانەیش یان ئەم ڕێگە لـێ‌ گرتن ‌و كوشتنەیش بوونەتە زەمینەسازان ‌و خوڵقاندنی هەلومەرجێك ‌و وەهایان كردوە كە ئەو پرسیارانەی لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا ئامادەن ‌و هەست بە بوونیان دەكەین، سروشتێكی سواو ‌و بێزاركەرانە وەربگرن ‌و شیاوی ئەوە نەبن پێیان بگوترێت پرسیاری جیدی، یاخود تراژیدیای كوشتنی بیركردنەوە لەوەدایە، لە كاتێكدا بەر لە وادەی پرسیاركردن ‌و هەوڵدان بۆ سۆراغكردن ‌و چوونە نێو بنجوبناوانی نهێنیی شتەكان ‌و ڕۆچوون بە قووڵاییی داواكارییەكاندا، وەڵامەكان لە بەردەمماندا ئامادەبن ‌و پەیام ‌و بیركردنەوە ‌و ئاسۆكانیان لەبەر چاوان ‌و چاوەڕوانكراوبن، لەم میانەیەدا پرۆسەیەك نەبێت پێی بگوترێت دۆزینەوە ‌و داواكارییەك لە ئارادا نەبێت‌و ئاشنا نەبین بە خاكی شێداری بنكی دیاردە ‌و نەخۆشییەكان ‌و هیچ نوێگەرییەكیش هەڵ نەگرینەوە، بۆیە كە حاڵەكە وا بێت، ڕەنگە بەڕاستی غەدر نەبێت، ئەمانەی باسمان كردن ‌و ڕەخنەمان لە جەوهەریان هەبوو، لەوەیش بكەون كە تەنانەت بە پرسیاریش هەژمار بكرێن ‌و خەسڵەت ‌و سیمای پرسیاریان تێدا بەدی بكرێت، دواتر ‌و پاش ئەو هەموو خۆسەغڵەتكردنە بە شێوەیەكی كەمیش هەست بە قورسایی ‌و كاریگەرییان بكەین ‌و گرینگیی بەرهەمەكانیان ببینین.

ئەگەرچی تا ڕادەیەك و هەر لەبەرەوە ئەم سەرەتایەمان درێژكردەوە، لێرەدا دەوەستین و بۆئەوەی لەوە زیاتر لە مەبەستی سەرەكیی خۆمان لا نەدەین و هێندە دوور و دوورتر نەكەوینەوە و دەرگاگەلێكی گفتوگۆی دیكە واڵا نەكەین، كە دەزانین و گومانمان نییە لەوەی دەرفەتی مافپێدانی تەواومان بەرامبەریان هەبێت و ناتوانین گفتوگۆیەكی تێروتەسەل و هەمەلایەنە لەسەر ئەو بابەتە نوێیەی دێتە ئاراوە، ساز بكەین و بە چاكی و شیاوی بۆچوون و لێكدانەوەكانمان لە قاڵب بگرین، بۆیە بۆئەوەی هەرچی زووترە بێمە ناو باسەكەی خۆمان و بە كرۆكی مەبەستەكەی خۆمان بگیرسێینەوە، بە پێویستی دەزانم لەم شوێنەدا ڕاوەستم و ئەمێستا جارێكی تر بگەڕێمەوە سەر پرسیارەكەی خۆم و وەپێش چاوانی بخەمەوە، لەبەرئەوە خراپ نییە ئەگەر ئێستا هەمدیسان ئەو ڕستە پرسیارییەی ناونیشانە ناسەرەكییەكە بنووسمەوە: (چاوە پیسەكان بۆ…؟) هەروەها ئەم پرسیارەیش گەرچی بۆتە باسی سەرەكیمان و لێرە بەدواوە پێوەی خەریك دەبین و بەچڕی لەسەری دەپەیڤین، بەڵام ئەم ڕستەیە هەر زوو لەتەك خۆیدا چەند پرسیارێكی تر دەهێنێتە پێش چاو و بەر زەینمان، كە خۆلێبواردنی كارێكی بەسوود نییە: دەبێت مەبەست و ئامانج لە دروستكردن و خستنەڕووی ئەم پرسیارە چی بێ‌ و دەستكەوتن و گەییشتن و بە وەڵامێك یان چەند وەڵامێكی جۆراوجۆر چ پەیامێكمان پێ بگەیێنێت، ئەوەی پێمان دەڵێت چی بێت و بۆچی بێت و چیمان بۆ بەیان بكات؟

لەم بەشەی توێژینەوەكەماندا ئەمە پرسیاری سەرەتا و هەروەها پرسیاری بایەخداری كارەكەی ئێمەیە. خوێنەری بەڕێز، هەرچەندە لە ڕێڕەوی لێكۆڵینەوەكەدا و لە پاش خوێندنەوە و بەجێهێشتنی چەند ڕستە و پەرەگرافێكی سەرەتای باسەكە، ڕەنگە وەڵامێك یان چەند وەڵامێك بۆ ئەم پرسیارە خۆیان دەرخەن و یەك لەدوای یەك بێنە بەر دیدەمان، هەروەها لەوانەیە ئەم وەڵامانە هۆكار و گرینگی و ئامانجەكانمان تا ڕادەیەك بۆ ڕوون بكەنەوە و لـێ‌ نەگەڕێن ئەوەی دركی پێ‌ دەكەین بە پەنهانی بمێنێتەوە، بەڵام لێرەدا وەڵامێك دەنووسمەوە و دەیخەمە بەر چاوان كە ڕەنگە قسەیەكی جیاواز و وەڵامێكی دیكە بێت بۆ ئەم پرسیارە.

ئەو وەڵامەی من دەخوازم و بە پێویستی دەزانم لێرەدا پێشكەشی بكەم، بریتییە لەوەی كە دەمەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بدەم، لێكۆڵینەوە لەسەر دیاردەیەك بە ناوی باسكردنی چاوە پیسەكان و بەهەندوەرگرتنی لە دووتوێی توێژینەوەیەكی دوور و درێژدا و بەو شێوەیەی لێرەدا دەبینرێت خۆسەرقاڵكردن پێوەی لە چەند ڕوویەكەوە و ئەوجا هەوڵدان بۆ تێگەییشتن لە باسێكی وەها بە شێنەیی و بە یارمەتیی كەرەستەی جوداجودا و چەندی دەكرێت پشتبەستن بە سەرچاوەی جۆراوجۆر، بە پلەی یەكەم لەبەرئەوەیە كە توێژینەوە لە بابەتێكی لەم جۆرە تا ئێستا مایەی بایەخپێدان نەبوە و بە گرینگی و بە قووڵی ئاوڕمان لـێ‌ نەداوەتەوە. دیاردەیەكی لەم شێوەیە و بەم ناونیشانە وەك زۆر دیاردەی دیكەی كۆمەڵایەتی و ئایینی و سیاسی و ئابووری و… هتد، بە شێوەیەكی ئەوتۆ لەسەری ڕانەوەستاوین و تا ئێستایش قسە و باسێكی جیدی و توێژینەوەیەكی ئەكادیمی و لێكۆڵینەوەیەكی زانستی بە شێوەیەكی بەرچاو و شاییستە نەیگرتۆتەخۆ. ئەمەی دەیڵێم نەك هەر لەنێو ڕۆشنبیریی ئێمەدا وەها بوە و ئەم باسە و ئەم دیاردەیە ئەم قورسایییەی لەنێو كایەی ڕۆشنبیریی ئێمەدا هەبوە، بەڵكو زیادەڕەوی و حوكمی كوێرانەیش نابێت بە پێی ئاگاداریی ئێمە و هێندەی دەكەوێتە چوارچێوە و سنووری زانیاریی ئێمەوە، ئەگەر بڵێین، لەنێو دونیای زۆر ڕۆشنبیریی تریشدا هەر بەو شێوەیە مامەڵە لەتەك ئەم بابەتەدا كراوە و هەر بەو وێنە و قورسایییەوە هاتۆتەبەر چاوان، یان هەندێ‌ جار كەمێك زێدەتر بوە لەوەی لە نێوەندی ڕۆشنبیریی ئێمەدا كراوە، كە ئەو گرینگییەیش یاخود ڕاستتر وایە بڵێین ئەو ناوهێنان و ئاماژەدانە بەم دیاردەیە تەنها لە ڕوانگەیەكی ئایدیۆلۆژی و بە خورافی تەماشاكردنی دیاردەكە بوە و هەندێ‌ جاریش لە حیكایەت و سەرگووزشتەكاندا باسەكانی گێڕدراونەتەوە یان بۆتە دیمەنێك لە دیمەنەكانی چیرۆك و ئەفسانەكانی گەلان. لە نێزیكەی تەواوی كارەكاندا ئاماژەدان بۆ ئەم دیاردەیە و باسكردنی هۆكار و لایەنە جیاجیاكانی، لە پاڵ زۆر دیاردە و نەریت و شتی تردا، وێنەگرتن و تۆماركردنی شێوەی ژیانی خەڵك و كۆمەڵگاكان و دەرخستنی بیر و باوەڕ و ئاشكراكردنی نەریت و ئەو شت و تایبەتمەندییانە بوە، كە كەوتوونەتە چوارچێوە و سنووری كاركردنی ئەو كەسانەی بەم كارە هەستاون، یان هەندێ‌ جار لە توێژینەوە و باسە مەیدانی و ئەكادیمییەكانیاندا دیاردەی چاوپیسی لە ڕیزبەندی دیاردە خورافی و نەریتە كۆن و دواكەوتوەكاندا دانراوە و ڕاگوزەرانە و لەپاڵ تەفسیری سادە و حازری ئایدیۆلۆژییانەدا خراوەتەڕوو.

قسەكردن لەسەر چاوە پیسەكان و بە هەر چەشنێكی تا ڕادەیەك جیدییانە ڕاوەستان لەسەری، یان هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی ئەكادیمی و زانستی لە بارەیەوە، بێگومان خۆی لە خۆیدا بایەخپێدانێتی بەم بابەتە و قەدرزانین و هێنانە دەرەوەیەتی لە دۆزەخی فەرامۆشی، خۆخەریككردن بە بابەتی چاوە پیسەكانەوە لەبەرئەوەیە كە هەتاكو ئێستاكێ‌ لەم ئاست و نێوەندەدا گرینگییەكی ئەوتۆی پێ‌ نەدراوە و لە هیچ خانەیەكەوە لێكدانەوەیەكی زیرەكانە و زانستئامێزانەی بەخۆیەوە نەدیوە.

بێگومان خوێنەری هێژا نابێت وەها تێ بگات و وا بزانێت ئەم قسانە بانگەشەن بۆ كارەكەی خۆمان وای نیشان بدەین كە ئەوەی لێرەدا كردوومانە، قسەكردنێكی جیدییانە و لێكۆڵینەوەیەكی زیرەكانە و زانستئامێزانەیە، یان نابێت ئەم قسانەی ئێمە وا ڕاڤە بكرێن كە ئێمە خۆمان بە پێوەری خۆمان مۆركێكی زانستییانە و ئەكادیمییانەمان لەو شتەی پێی گەییشتووین یان دەمانەوێت پێی بگەیین داوە و لە كارەكەماندا بەرهەممان هێناوە، لێرەدا دەزانم چۆن قسە دەكەم و چی دەڵێم و چۆن بیر دەكەمەوە، هەروەها لەگەڵ نووسینی هەر وشەیەك و دەربڕینی هەر بیر و بۆچوون و لێكدانەوەیەكی ڕەخنەیییانەدا ئەو دێڕە شیعرەی شاعیری گەورەمان (نالی) م لەیادە كە لە شوێنێكدا بەوپەڕی هەستكردنێكی تێر و خاكەڕایییانە بە شوێنگە و كاریگەریی دانایی ‌و ناداناییی مرۆڤ لە كۆمەڵدا دەفەرموێ‌:

 

هــەر كـــەسێ‌ ئـیـڤـهـاری دانـایی بــكـات ‌و، مــەقــصـەدی

خودپەسندی بێ‌، یەقین ئـیـڤـهـاری نادانایی خۆی دەكات 

 

ئەوەی بۆ ئێمە گرینگە ئەوەیە كە وەك هەموو سەرەتاكانی هەموو شتەكان، تەنها و تەنها ئاشناكردنی ئەم دیاردەیە بە كۆمەڵێك ڕەهەندییەوە بە بابەتی لێكۆڵینەوە و ڕاكێشانی بۆ نێو جیهانی توێژینەوەكان و هاوكات هەوڵدان بۆ كردنەوەی دەرگای گەلێك ژێدەر لەسەری و تیشك خستنەسەر و ڕاڤەكردنی لەژێر ڕۆشناییی پەیڤە زانستییەكان و داڕشتنی كۆمەڵێك بۆچوون دەربارەی لە كەشێكی هەڵقوڵاو لە ئاڵوگۆڕ و ئاوێتە بە لێتوێژینەوە و لێخوردبوونەوە، خۆی بۆ خۆی هەر چەندێكی بۆ بكرێت ئاوڕدانەوە و گەڕانەوەی گرینگی و بایەخ و قورسایییە بۆی. بەڵێ‌ ئەم كارەی ئێمە كە لێرە بەرهەم هاتوە و لەبەر دەست و دیدەتاندایە، تەنها ئاوڕدانەوەیەكە و هیچی تر، ئیدی قورسایییەكەی هەر چەندێك بێ‌ و مەودای تا هەر جێگایەك بڕ بكا و ئەم بەسەركردنەوەیە بیركردنەوە و تێڕوانینی لە هەر ئاستێكدا لەنگەر بگرێت.

پێویستە لەم شوێنەشدا پرسیارێكی تر فەرامۆش نەكەین و بیهێنینە پێشەوە و بە حەجمی خۆی گرینگیی پێ‌ بدەین، پرسیارەكەیش ئەوەیە كە داخۆ هۆی چی بێت ئەم بابەتە لای لێكۆڵیار و پسپۆڕان گرینگییەكی شیاوی پێ‌ نەدراوە و لێكدانەوە و ڕاڤەكردنێكی زانستییانەی لەسەر ئەنجام نەدراوە؟ بۆچی سەرەڕای ئامادەبوونی دیاردەكە لە كۆمەڵی ئێمەدا بە شێوەیەكی ئاشكرا و سەرەڕای بە زەقی داگیركردن و بە خەستی تەنینی بۆشایییەكی زۆر لە خەیاڵ و بیركردنەوەی هەموو مرۆڤێكی ئێمە و هاوكات خوڵقاندنی ترسێكی زۆر و ڕاڕایییەكی هەندێ‌ جار تا ئاستێكی ڕووخێنەر لە دەروونی زۆر كەسدا، هەروەها سەرەڕای باوەڕ پێ‌ بوونی لە لایەن زۆربەی زۆری خەڵكەوە بە چاوی پیس و بە چاوپیس لەقەڵەمدانی چەندین كەس لە ئێستایش و لە ڕابردوودا، وەها وێناكردن و باوەڕپێبوونێك لە زۆر ئاست و چینی جیاجیای كۆمەڵەوە، كەچی وەك تەماشا دەكەی زۆر بە كەمی ئەم دیاردەیە وەك بابەتێك چۆتە ناو دووتوێی باس و لێكۆڵینەوەكان و كەمتر لەسەر ڕووپەڕی كاغەز و نێو كتێبان و نامە ئەكادیمییەكاندا دەیبینینەوە، خۆ ئەگەر كەمێك خۆمان ماندوو بكەین بە سەرنجدانێكی ورد تێ دەگەین، كە بە دەگمەن و زۆر بە كەمی و بەسەرپێیی ڕێكەوتوە لە وتارێكدا یان لە كتێبۆچكەیەكدا ئاماژەیەكی بچووكی بۆ كرابێت یاخود خرابێتە بەر گفتوگۆیەكی گەرم و جیدییەوە و بۆ كۆڕی گۆشەنیگا و دیدگا جیاوازەكان داوەت كرابێت.

ئەوەی ئێمە ئێستا دەیبینین ئەوەیە، كە دیاردەی چاوپیسی بە ئاستێكی ئێجگار زۆر نزم لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا بوار و كایە زانستییە بەرفراوان و جۆراوجۆرەكانی وەك دەروونناسی و سۆسیۆلۆژیا و پاراسایكۆلۆژیا و لقە زانستییە جیاجیاكانی ئەنسرۆپۆلۆژیا و… هتد، قسەكردنیان لەسەر ئەم دیاردەیە و ڕاڤەكردنیان بە ئەركی خۆیان زانیوە و بە بڕێكی زۆر كەمیش شیكردنەوەی ورد و زانستییانەی لایەنەكانی و هۆكارەكانی سەرهەڵدان و ڕەواندنەوەی تەمی گومان و ترس و دڵەڕاوكێی مرۆڤانیان نەخستۆتە پرۆژە و كاری خۆیانەوە، كە بێگومان وەك دەزانین و شتێكی بەڵگەنەویستە، كەم تا زۆر لێكۆڵینەوە و تەفسیركردنی ئەم دیاردەیە بە شێوەیەك لە شێوەكان دەبێتە ئەرك و كەرەستەی ئەم بوارە زانستییانە و نەك هەر پێویست بوو، بەڵكو تا ڕادەیەكی زۆر واجیبیش بوو لێبڕاوانە تایبەتمەندان و پسپۆڕانی ئەم زانستانە مشوورێك لە ئاوها كێشەیەكی مرۆڤ بخۆن و تۆزێكیان لەو هەموو ئەندێشە ناواقیعییانەی مرۆڤیان كەم بكردایەتەوە و كۆمەك و ڕێگربوونایە لەو هەموو ترس و دڵەڕاوكێیانەی باوەڕبوون بە دیاردەیەكی لەم شێوەیە خستوێتییەوە، یان دەشێت و دوور نییە بیخاتەوە و بە هەر چەشنێك بێت كاریگەرییە جۆراوجۆرە نێگەتیڤییەكانی لەسەر ژیانی مرۆڤ جێ‌ بهێڵێت.

شتێكی حاشا هەڵ نەگرە كە شارەزایان و تایبەتمەندانی ئەو كایە زانستییە جیاجیایانە پێش هەر كەس و ناوەندێكی دیكە پێویستە، وەك چۆن لە ڕابردووشدا پێویست بوو ئەم ئەركە بگرنە ئەستۆی خۆیان و ئا بەو شێوەیە لە ئاست ئەم دیاردەیەدا متەق لە خۆیان نەبڕن و زۆر بە جیدییەوە بێ‌ ئەوەی كەس بە بیریاندا بهێنێتەوە و ڕێوشوێنیان بۆ دەستنیشان بكات، دۆزینەوە و ڕاڤەكردن و داهێنان لەم لایەنەوە ببێتە خەم و خولیایان و كار بكەن و جێگەدەستیان دیاربێت. بەداخەوە ئەمێستا دەبوو بیركرنەوە و توێژینەوەكانیان ڕۆشنایی و هێزی ڕوانینیان بە دیدەی تەماوی ئێمە بدایە و هێندە لەنێو قوڕی خورافە و بۆچوون و بیركردنەوەی سادە و تەقلیدیدا نەچەقینایە. 

بۆچوونی ئێمە لەم ڕوەوە بەو شێوەیەیە و پێویستە بێ‌ پێچوپەنا ئاماژە بۆ ئەوە بدەین كە زۆر ئاڵۆز و گران نییە، بگرە وەڵامدانەوە بە پرسیاری ئەوەی بۆچی ئەم حاڵەتە وایە و بەو شێوەیە ڕۆیشتوە و دەڕوا، زیرەكییەكی زۆر و ئەوەندە خۆسەغڵەتكردنی ناوێ‌ و خستنەڕووی هۆكارەكانی تا ڕادەیەك گەلێك ساناشە، چونكە گومانم نییە لەوەی بابەتێكی لەم چەشنەیش نەچووبێتە خانەی هەموو ئەو بابەتانەی لە پەراوێزدا تۆزی فەرامۆشییان لـێ‌ نیشتوە و بوون بە ژێری ژێرەوە، بە شێوەیەك كە تەنها دەركەوتن و بینینیشیان كارێكی قورس و زەحمەت بێت، چجای ئەوەی گرینگی پێدرابێ‌ و بووبێتە كەرەستەی توێژینەوە و بابەتێك بۆ بیركردنەوەی جیدی. هەروەك پێشتر گوتمان ئەم دیاردەیەیش یەكێك بێت لەو بابەتانەی بێ‌ سەنگ و قەبارە كرا بێت و چاوی تێڕوانینێكی قووڵ و خەمخۆرانە نەی دیبێت. جێگەی خۆیەتی و خراپ نابێت بپرسین، ئەویش بۆچی؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارە شیاوەدا دەڵێین بە زۆری و بە پلەی یەكەم بە هۆی ئەوەی كە گەلێك بابەتی تر زیاد لە كێش و چوارچێوەی خۆی سەنگ و قەبارەی پێ‌ بەخشرا بێ‌ و زۆرترین نیگای چاوە لێكۆڵیار و بڕیاردەرەكانی هەڵلووشێبیت و ئەو زانست و كایە جۆراوجۆرانەی ناومان هێنان هەڵەوگیر و گیرۆدە و سەرگەرم كردبێت.

هۆی بەپەراوێزبوونی لێكۆڵینەوە و ڕوانین لەم دیاردەیە و چوونە ناو خانەی فەرامۆشییەوە، ڕەنگە لە چەند شتێكدا ببینینەوە و بە شێوەی جیاجیا چەند ئاستێك پێك بهێنێت، دەشێت بە هەمەچەشنە هۆكار و بە بیانووی جیاجیا لێكۆڵەران و پسپۆڕان خۆیان نەدابێت لە قەرەی بابەتێك بەم ناوەوە و دروستبوونی ئەم دۆخە بۆ چەند شتێك بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی زووتر بگەینە مەبەستی خۆمان لێرەدا لە چەند خاڵێكدا ئەو هۆكارانە چڕ و كورت دەكەینەوە:

یەكەم: لەو هۆ و بیانوە زۆر زەق و دیارانەیش ئەوەیە كە زۆر لە نووسەران و ڕۆشنبیرانمان  بڕوانـەبوونیان هەر لە بنەڕەتەوە بە هۆ و بێ‌ هۆ بێت بەم دیاردەیە وای لێكردوون، لەسەری نەدوێن و بەو چاوەوە لێی نەڕوانن كە شاییستەی هەڵوێستە لەسەر كردن و گفتوگۆكردن بێت، ئەوانەی پێویست بوو بەپەرۆشەوە ئاوڕێك لەم دیاردەیە بدەنەوە، لەسەرەتاوە پێش هەر شتێك باوەڕ پێ‌ نەبوونیان بە دیاردەی چاوپیسی بوە بە ڕێگر و كۆسپ لەسەر ڕاستەڕێی ئەنجامدانی هەموو قسەكردنێكی جیدی و بەربەست لەپێشدەم هەموو توێژینەوە و لێكۆڵینەوەیەكی زانستی و ئەكادیمیدا.

بێ‌ گومان هەندێكیان بۆ ئەم باوەڕ پێ‌ نەبوونەیان قسەی خۆیان هەبوە، هەندێكی تریشیان كوێرانە ئەم هەڵوێستەیان دەبەستەوە بە ئایینەوە و یان دەیانكردە بەڵگەی مۆدێرنبوون و بێ‌ باوەڕیی خۆیان بەرامبەر بە ئایین.

دوەم: هەندێكی تریان ئەم بابەتەیان بە ئەندازەیەكی ئێجگار زۆر بە خورافی و نیشانەی دواكەوتوویی و نەزانی و جەهل زانیوە، هەر بەوەندەیش كۆتایییان بە كۆی تێڕامان و بیركردنەوەكانیان لەسەر ئەم دیاردەیە هێناوە. ئاشكرایە ئەم گرووپەیش هەروەك گرووپی یەكەم باوەڕیان بەم دیاردەیە نەبوە و لە لایان جێگەی گرینگی و بایەخی ئەوتۆ نەبوە، بەڵام جیاوازیی ئەمان لەگەڵ گرووپی یەكەمدا ئەوەیە كە ئەم باوەڕ پێ‌ نەبوونەیان بەم دیاردەیە بۆتە هۆی دروستكردنی كۆمەڵێك جنێو و تانەوتەشەری بێ‌ بنەما و وشەگەلێكی سەرپێی و دوور لە هەموو پێوەرێكی زانستی و خاڵی لە هەموو ڕوانینێكی قووڵ و گۆشەنیگایەكی قەناعەتپێهێنەر.

سێیەم: هەندێكی تریشیان بە شەرمیان زانیوە و ئەم بابەتەیان لەوە بە بێ‌ نرختر و كەمتر داناوە تا هەر قسەیەكی لەبارەوە بكەن و بە هەر شێوەیەك بێت بیخەنە بەر باس و گفتوگۆوە، دیارە ئەمانیش باوەڕبوون بەم دیاردەیەیان بەستۆتەوە بە خەڵكی سادە و ساویلكە و ئەو كەسانەی ئاستی گوزەران و پلەی زانست و بیركردنەوەیان نزمە، بۆیە ڕۆشنبیریی بەڕێز بە لایەوە نەنگی و شوورەیی بوە بۆ ئەم ئاستانە دابەزێت و بیانكاتە كەرەسەی توێژینەوە و لێكۆڵینەوەكانی.

چوارەم: یاخود هۆیەكی تری نەئاخافتن و گرینگی نەدان بە بابەتی چاوە پیسەكان بۆ شتێك دەگەڕێتەوە كە بە بڕوای من ڕەنگە سەرەكیترین و پەسەندترین هۆكاریش بێت و لە هەمووشیان زێدەتر ڕێی تێ بچێت، ئەویش ئەوەیە، لەم حاڵەتی گرینگی نەدان و قسەنەكردن و گوێ پێ‌ نەدان بەم دیاردەیە لە لایەن ناوەندی ئەكادیمی و زانستی و لە لایەن كەسانی تایبەتمەندەوە، هۆیەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، تیغی بیركردنەوەی نووسەران و كەسانی تایبەتمەند و ڕۆشنبیرانمان لەوە كولتر بوە تا بتوانێت ڕووپۆشی سەر بابەتێكی وەها ببڕێت و ڕەگ و ڕیشاڵەكانی هەڵكۆڵێت و ئەم دیاردەیەمان بۆ شیتەڵ بكاتەوە، بە واتایەكی تر لاوازی و بێ‌ توانایی مەعریفەی ڕۆشنبیرییەك و كەسانێكی تایبەتمەند كە لە سەریانە لەم بارەیەوە شتێك بكەن و قسەیەك بڵێن، سەرەكیترین و بەهێزترین هۆكار بوە بە پلەی یەكەم كە وای كردبێت هیچ لێكۆڵینەوە و ڕاڤەكردنێكی زانستی لەدایك نەبێت، یان هیچ كەسێك و هیچ توێژەرەوەیەكی سۆسیۆلۆژی و سایكۆلۆژی و هەر بوارێكی زانستیی دیكە لێكۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر ئەم بابەتە بە كاری خۆی نەزانێت. هەر نەبوونی ئەم مەعریفەیەیش و بەتاڵبوونی هۆش و خەیاڵ بەرامبەر بەو دیاردەیە، پاڵی بە زۆربەی ڕۆشنبیرانمانەوە ناوە تاوەكو خێرا ئەم دیاردەیە بە دیاردەیەكی خورافی و وەهم و دواكەوتوویی ناودێر بكەن و بڕیاری بەپەلە و پێشینەی دوور لە هەموو پێوەرێكی زانستییانەی، لەسەر بدەن. ئاشكرایە ئەم تاوانباركردنانەیش و ئەم جۆرە بڕیار و پێشینە حوكمدان و بەسووكسەیركردنانە، زەمینەی پەكخستنی هەموو چالاكییەكی عەقڵانی و ئیفلیجكردنی هەموو پرۆسەیەكی بیركردنەوەی لە بەرامبەر ئەم دیاردەیەدا حاسڵكردوە و وەك دەبینین بەو حاڵەی ئێستای گەیاندووین.

لێرەدا و دوای ئاماژەكردن بۆ ئەم شێوە ڕوانینانە و ئەم جۆرە سەوداكردنانە بۆ دیاردەیەكی وەك چاوە پیسەكان بە باشی دەزانم ئەم وشانە بخەمە سەر كاغەز، پێش هەر شتێك پێویستە كۆتاییی بەم شێوە وێناكردنە بهێنین و ئەم نیگاكردنە كوێرانەیە بگۆڕین، گەر بمانەوێت قسەیەكی جیدی و تازە لەسەر ئەم دیاردەیە بكەین، چیدی نابێت لەخۆڕا و بێ‌ هیچ بنەمایەك باوەڕ پێ‌ نەبوونمان بەم دیاردەیە بەیان بكەین، دواتر بیكەینە هۆیەك بۆ قوفڵلێدان لە هەموو باسكردنێكی شیاو و هەڵوێستەكردنێكی پڕ بایەخ. گەر بمانەوێت بیركردنەوەیەكی عەقڵانییانە بۆ دیاردەی باسكردنی چاوە پیسەكان چێ‌ بكەین، پێویستە واز لە تانەوتەشەر هاویشتن و بەخورافی سەیركردن بهێنین و لێگەڕێین با ئاكامی بیركردنەوە عەقڵانییەكان و شیكردنەوە قووڵ و باسە ئەكادیمییەكان بڕیار بدەن و نیگای خۆیان ئاشكرا بكەن.

گەر بمانەوێت ڕێژنە سەرنج و دیدگایەكی نێزیك بە سەرنج و دیدگایەكی زانستییانە بپرژێنە سەر ئەم دیاردەیە، پێویستە واز لە شەرمكردن بهێنین و ئیدی تا ئێرە بەسە و لەوە زیاتر لەوە سڵ نەكەینەوە ئەوانی تر چۆن تەماشاكانیان داڕشتوە و چییش لەسەر ئێمە دەڵێن و بە چیمان دەزانن.

بۆئەوەی چالاكییە عەقڵانییەكان بەرفراوان و ڕێكوپێكتربن و ڕوو لە زیادبوون بكەن و هەڵكشێن، پاشان دەرەنجامەكانیان پارێزراو بن لە هەر بەرهەمێكی خاوەن هەر خەسڵەتێكی دۆگمابوون و دووبارەبوونەوە، پێویستە و زۆریش گرینگە ئیتر واز بهێنین و دەستبەرداری پرۆسەی بڕیاردانی پێشوەخت و تاوانباركردنی بێ‌ لێكۆڵینەوە و دادگاییكردن ببین، دەستبەرداری بین و واز لەم هەڵسوكەوتە ناعەقڵانییانەیە بهێنین، تاوەكو ئاستی زانست و مەعریفە و حاڵی ڕۆشنبیریمان ئیتر لەو ئاستە نزمەی ئێستامان خۆی قووتار بكا، ئەو ئاستەی لە هەموو كات و شوێنێكدا بە تەمبەڵی و بێ‌ كاری و هیچ لەخۆنەگرتندا دەیناسینەوە و هەمیشە سەرگەرمی كاتكوشتن و خۆبەرهەمهێنانەوە و قسەكردن و نووسینمان دەكات لەسەر ڕیتم و ئیقاعی ڕۆژ و لـێ‌ ناگەڕێ‌ و تەنها و تەنها ئەوە بە هەند وەردەگرێ‌ و گرینگە لە لایان كە بەپێی مۆدێل و قورساییی ئەو بابەتە لەو ڕۆژگارەدا دەست بە باس و توێژینەوەكانی بكا و وتارە ناوەرۆك سواو و لێكۆڵینەوە سەرپێیی و كتێبە سەفەرییەكانی سووك و ئاسان بەرهەم بهێنێ‌ و حەواڵەی بازاڕ و سەر ڕەفە و تاقی كتێبخانەكانی بكا، دواتریش كارمەند و كارسازی ئەو ناوەندە خۆی بە ماندوو و جانفیدای ئەو ڕێگایە بزانێت و هەتا مردن لە ڕیزی ئەوانەدا بێت كە خەڵات و ئیمتیاز و پاداشتی نوێ‌ و جۆراوجۆری مادی و مەعنەوی بەسەریەكەوە دەیانگرێتەوە.

وەك دوا قسە بۆ بابەتی ژێرباسی (چاوە پیسەكان بۆ؟) ئەوە بە پێویست دەزانین كە بڵێین، بۆئەوەی جۆری بیركردنەوەمان مەعریفی و زانستییانە و ئاسۆی تێڕوانینمان فراوان ‌و تێگەییشتنمان بۆ ژیان و جیهان قووڵتر بێت، دەبێت هەمیشە مەیدانی لێكۆڵینەوە و ڕاڤەكردن و گفتوگۆكردن لەسەر هەموو بابەتێك گەرم بێت. بۆئەوەی خوێنی ژیان ببەخشینەوە بە پرۆسەی بیركردنەوە، لەم پێناوەدا دەبێت خوێنی ژیان لە پرۆسەی تاوانباركردنی لەخۆڕا بستێنینەوە، چیتر لە ڕۆحزلیی بێ‌ بنەما و بێ‌ ناوەرۆكی خۆمان كارگەل و شتانێكی پێویست بە شەرم و نەنگی نەزانین، بە مانایەكی تر بۆئەوەی پرۆسەی بیركردنەوە لە پێناوی جوانكردنی ژیاندا بژی، دەبێت پرۆسەی تاوانباركردن، كە كاری ناشیرینكردنی ژیانە ڕێ‌ لە ئیشكردنی بگیردرێت، بمرێت.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.