Skip to Content

Thursday, May 2nd, 2024
خوایە وەتەن ڕزگارکەی!!!  … بەرهەم خالید

خوایە وەتەن ڕزگارکەی!!! … بەرهەم خالید

Closed
by June 14, 2013 گشتی

 

 

 

(ئەم بابەتە بۆ تۆ نوسراوە! تۆ… فەیلەسوفیت! یان سیاسیت، یان کرێکار، یاخود مامۆستا، ڕۆژنامەنوسیت، چالاکوانیت! یان شاعیری گەورەی گەلی‌!  یاخیت یان دەستەمۆی … هەرکێیەک بیت، هەرچییەک بیت، بەتایبەت بۆ تۆ نوسراوە)

 

 

وڵاتێک هەیە پڕە لە مەتعەم، پڕە لە سۆپەر مارکێت، مەتعەمەکان زۆربەیان پیسن و ژینگەیەکی زۆر لەبارن بۆ بەکتریا وهەموو جۆرەکانی میکرۆب! وەک چۆن  بەشێک لە خەڵکی ئەم وڵاتە بەدوای ژیانێکی باشتردا ڕوویان لە هەندەران کرد، هەر ئاواش بەکتریاکانی گۆی زەوی بۆ دەستکەوتنی شوێنێکی گونجاو ڕوویان لە چیشتخانەکانی کوردستان کردووە. ڕەنگە خواردنگەکانی ئەم هەرێمە بەکتریای وای تێدابێ لە ئەمەریکاوە هاتبێت، میکرۆبی وای تێدابێت لە مۆزەمبیقەوە تەشریفی هێنابێت! هەندێکیشی لە سۆماڵ و فلیپین و تانزانیاو ئەمەریکای باشوورەوە هەوا لەگەڵ خۆی هێناونی و لەژینگەیەکی لەباردا واتە لەناو چێشتخانەکانی ئەم وڵاتدا دایناون و پێی وتوون: بەڕێزان ئێرە شوێنی ڕاستەقینەی ئێوەیە.

 ماوەیەک بەر لەئێستا قایمقام لەڕێگەی لیژنەکانیەوە چەندین دوکان و خواردنگەی داخست، بەپێچەوانەی هەموانەوە؛ من پێموابوو کارێکی ئێجگار خراپیان کرد! من بومایە هیچیانم دانەئەخست و سزای هیچیشیانم نەئەدا! ئاخر میللەتێک کە مێشکی پڕە لە شتی بەسەرچو و خراپ، دەبا مەعیدەشی پڕبێت لە خواردنی ئیکسپپایەر، کامیان زیاتر زیانی هەیە؟ مێشک پپڕبێت لە بیرکردنەوەی سواو و بەسەرچوو؟ یان مەعیدە پڕبێت لە خواردنی خراپ؟ ئاخر ئەوەی دووەمیان دەرئەنجامی ئەوەی یەکەمیانە.

 سۆپەرمارکێتەکانیش هیچیان سۆپەر نین، باشتروابوو ناویان کلاسیک مارکێت بێت. جگە لەوەش ئێمە کە خۆمان سۆپەرنین ئیدی بۆ مارکێتەکانمان سۆپەربن؟ کارەسات ئەوەیە میللەتێک جگە لە ئەقڵ و بیرکردنەوەی بیەوێ هەموو شتەکانی دیکەی سۆپەربن! سەرباری ئەوەش هیچ شتێکی (تایبەت) لە ژیانیدا نەبێت! نە ژیانی، نە بیرکردنەوەی، نە زەوقی، هیچیان سۆپەر نەبێت! بەڵام ترۆمبێلەکەی، ناوماڵەکەی، خانووەکەی، پێڵاوەکانی، جلەکانی… هەموو شتەکانی دیکەی ئەبێ سۆپەربن، مارکە بن، باشترین بن!

ئەڵێن هەزاران ساڵ پێش ئێستا خاوەن شارستانیەت بووین، من ئەو شارستانیەتیەم بە پولێک ناوێ، هەڵبەت ئەگەر خاوەنی بووبین، میسرو عێراقیش خاوەن دێرینترین شارستانیەتن، بەڵام ئێستا دواکەوتوترینی جیهانن. هێشتاش خوێنی حوسەین وشک نەبووەتەوە! هێشتاش یەزید دڵی پڕە لە ڕق…هێشتاش لەسەر خوێنی حوسەین ڕوبارێک خوێن بڕژێ وەکو وایە هیچ ڕوینەدابێ، لەکوردستانیش هەروا، لەسەر پارچە پەڕۆیەک، شکانی شوشەی بینایەک، خوێن جۆگەلە ببەستێ بە کەمی ئەزانن.

 ئێمە لەهەموو شتێکدا خاوین، هێندە خاو، تاڕادەی نەجوڵان و سڕبوون، تاڕادەی بۆگەنبوون، تەنها لەو شتانەدا سەریعین کەسەریعبوون تێیدا کارەساتە. لە لێخوڕینی ترۆمبێلدا، لە نانخواردندا، لەبڕیاردانی چارەنوس سازدا…. کە هەمیشە ژیانی خۆمان و ئەوانی دیکەشی پێ وێران دەکەین.

ئێمە پڕین لەو شتانەی کە زۆر دژی یەکن، نازانم ئەم هەموو دژیەکییەی لەناو تاکی ئەم وڵاتەدا  چییە کۆبووەتەوە؟ ناوی لێ بنێم دیالەکتیک ؟ مەگەر دیالەکتیک یەکگرتنی دوو دژیەک نییە بۆ لەدایکبوونی شتی سیێەم؟ ئاخر شتەکانی ئێرە کە پێکەوە کۆبوونەتەوە نەک هەر دژی یەکن، بەڵکو هەر زۆر زۆریش دژی یەکن، بەڵام دەرئەنجامەکەی کارەساتە گەورەکەیە، بۆ وێنە ساڵ ساڵی ٢٠١٣ یە کەچی خەڵکانێک هەن مۆدێلی سەیارەکەیان ٢٠١٤ یە، بەڵام بیرکردنەوەکانی ناو مێشکی هی سەدەکانی ناوەڕاستە!

 

وڵاتیک پێیوایە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ئەبێ ئیمزا کۆبکاتەوە و کەمپەین ڕێک بخات! میللەتێک پێی وایە بە ئیمزاکردن دەوڵەت دروست ئەبێ! لەسەر فەیسبووک هەروەها لە سایتەکان: لایکێک یان ئیمزایەک بکە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردی! بەخودا ئەگەر دەوڵەتی کوردی بە ئیمزایەک دروست ببێ ئەو ئیمزایە ناکەم، ئاخر دەوڵەتێک بە ئیمزایەک دروست ببێ بە کۆمێنتێکیش ئەڕوخێ. ئەوە چۆنە دوای ٧٠ ساڵ لە شیعری داری ئازادی، کەچی میللەت پێیوایە داری ئازادی بە ئیمزا بەرئەگرێ، نەک بەخوێن ؟

میللەتێک چالاکوانەکانی هێندە ناچالاک بن بۆ هەموو شتێک پەنا بۆ کۆکردنەوەی ئیمزا بەرن و هەر خەریکی ئیمزا کۆکردنەوە بن، میللەتێک لەسەرەی بەنزیندا وەستاوەو ئەیوبیش نییە! میللەتێک چاوەڕێی ئەوەیە کێشەی کارەبا چارەسەرببێ و عومری نوحیشی نییە! میللەتێک بووە بە مزراح لەناو فەرمانگەکاندا، میللەتێک بەگرانترین نرخ زەوی وڵاتەی خۆی پێ ئەفرۆشرێت، میللەتێک نوکتەی دوێنێ بە کۆن ئەزانێ، بەڵام چل ساڵە لە دەمووچاوی هەزاربارەی کۆمەڵێ دەسەڵاتدار بێزار نەبووە، چڵ ساڵە چەپڵە بۆ قسە دووبارەکانیان لێ ئەداو لای کۆن نابێ! میللەتێک ڕۆشنبیرەکانی لەناو ئەزمەی ڕۆشنایدان!

لەم وڵاتە ڕۆژانە لە دەقەیەکدا تلیاران ڕستەی سەدبارەو بێمانا بەرهەم ئەهێنین، لێرە ژینگە هەر بە دوکەڵی سەیارەو کارگەو ژاوەوەژاو پیس نابێ، هەموو ئەو ڕستەو قسە بێمانایانەی ڕۆژانە بەرگوێمان ئەکەون لەدوکەڵی ترۆمبێلەکان خراپتر مێشک و بیرکردنەوەمان پیستر ئەکەن، ئێمە پێویستە هەموومان ڕیسایکلین بکرێین!                                                 

 ئێمە واین، ئێمە کوردین، هەزاران ساڵە کوردبوون یەک پێناسەی هەیە، هەتا ئێستاش نەمانتوانیوە ئەم پێناسەیە بگۆڕین: ژێردەستەیی، خۆخۆری، پارچەپارچەیی، بەرژەوەندیخوازی و کولتوری قسەی زلکردن و هاوارکردن…..

 ساڵانێکی زۆر هاوارمان کرد: خوایە وەتەن ئاواکەی، بەڵام هەرگیز فێرنەبووین و فێرنەکراین ئاواکردن چۆنە! تەنها فێری کاولکردنیان کردین، چونکە لە بنەڕەتەوە ئەم ئەرکەمان بەخودا سپاردبوو!!! حیزب کاولی ئەکردو ئێمەش بەخودامان ئەوت وەتەنمان بۆ ئاوا بکە! ئاخر ئیشی خودا کەی ئاواکردنی وەتەنە؟ کەسێ نەبوو بڵێ خودا ئیشی تری زۆرە قوربان، وەتەنی بۆ کەس ئاوا نەکردووە تاکو بۆ ئێوەی ئاوا بکات، مەگەر خۆتان دەستان بە خەنەوەیە؟ بۆ ئێوە مەگەر خۆتان ئیشتان چییە؟

 ساڵانێکی زۆر هاوارمان کردو وتمان: ئاوی کەوسەرە خاکی گەوهەرە! گەورەبوین و نە قومێکمان لەو ئاوی کەوسەرەدا، نە دەستمان بە پارچە گەوهەرێکی گەیشت! ئەوانەی بڕیاربوو فیشەکەکانیان بۆ ئازادی ئێمە بێ دەرکەوت بۆ (کەسەرو گەوهەر) بوو. هەموویان برد بۆخۆیان و ئێمەش چەپڵەمان بۆ لێدان…. ئەرێ… هەموو کەوسەرەکەیان بە بەرچاومانەوە خواردەوەو ئێمەش وتمان: خوایە داکاتە باران!

 کێشەکان شتێکی دیکەن، چارەسەرەکان بەجۆرێکی دیکەن، ئەبێ وەتەن لەهەموومان ڕزگاربکرێ، لەهەموومان! لە حیزب و سەرکردەکانی ، لە ڕۆشنبیرەکانی! لە خوێندەوارو نەخویندەوارو ڕەخنەگرو تا دوایی….لەهەرهەمووی! ئەدی ئەمجارە کێ ڕزگاری بکات؟ لەکاتێکدا هەموو گیرۆدەی هەمان دەردین؟ وەتەن گیرۆدەی دەستی هەموومانە. کەوایە جارێکی دیکەش : خودایە وەتەن (ئاوا) نا، ئەمجارە ڕزگاری بکە !!!

 

 

خوایە وەتەن ڕزگارکەی !

 

خوایە وەتەن ڕزگارکەی

 پڕ لە دزو جەردەیە

پڕ لە شەکرەو جەڵدەیە

پڕ لە پەناهەندەیە

پڕ نوچەی بەپەلەیە

پڕ جرت و چەقەنەیە!

 

خوایە وەتەن ڕزگارکەی

زۆر دڵتەنگ و غەمگینە

هەواکەی تەپ و تۆزە

ئاوەکەی پڕ لە قەوزە

سادەکەی زۆر بەپۆزە

ئێستاش سەردەمی هۆزە!

 

 

خوایە وەتەن ڕزگارکەی

درۆی سەرکردەکانی

وێنەی جەللادەکانی

ئەشکی تیمساحەکانی

قسەی جەریدەکانی

سەد دڵ بووە حەیرانی!

 

خوایە وەتەن ڕزگارکەی

سەربەخۆکەی حیزبیە

دڵسۆزەکەی بەعسییە

زەنگینەکەی برسییە

خوسوسیەکەی تەکسیە

هەمووی شێتی کورسییە!

 

خوایە وەتەن ڕزگارکەی

لە مامۆستای زانکۆکانی

لە مەلای مزگەوتەکانی

لە ئەندازیارەکانی

لە چالاکوانەکانی

لە فیمینیستەکانی!

 

خوایە وەتەن ڕزگارکەی

لە سترانبێژەکانی

لەدەست عاشقەکانی

لە فەیلەسوفەکانی

لەدەست شاعیرەکانی

لە گەنجە یاخییەکانی!

 

خوایە وەتەن ڕزگارکەی

پڕ لە سۆپەرمارکێتە

پڕ لە ئانتوانێتە

جوانەکانی کرێتە

ئاقڵەکانی شێتە

هەمووی خەریکی نێتە!

 

خوایە وەتەن ڕزگارکەی

هەموو لەشی برینە

پڕ لە خانە نشینە

گشت سەرقاڵی کەمپینە

ئێستاش ئەزمەی بەنزینە

سۆماڵ لە چاویا چینە!

 

خوایە وەتەن ڕزگاکەی

حەکیمی دەردەدارە

پزیشکەکەی بیمارە

زانا نەخوێندەوارە

سەرۆک بێ ئیش وکارە

دین و ئیمانە  پارە!

 

وەتەن چۆن ڕزگارئەبی؟

بیرمەندەکەت بیرکۆڵە

پاتریۆتەکەت زۆڵە

مەکتەبەکانت چۆڵە

جاددە قیرەکەت خۆڵە

ثینک تانکەکانت مۆڵە!

 

وەتەن من مەفتوونی تۆم

شێوەتم بیرچۆتەوە!

هەموو لەتۆ غافڵن

بەسەر شان و کۆڵتەوە!

 

وەتەن خۆت فریو مەدە

هەتا لە دنیا مابی

هەرگیز ئاسودە نابی

تا خاوەنی ئێمە بیت

 بۆ ئەبەد ئاوا نابی!

 

…………………………………………………

 

ئانتوانێت: مەبەست لە ماری ئانتوانێتی هاوسەری لویسی شازدەهەمە، کە گاڵتەی بە ئازارەکانی میللەتەکەی ئەهات و خۆی های لایف دەژیا. لای گەلی فەڕەنسی کەسێکی ناپەسەند بوو، مەسرەفێکی زۆری ئەکرد لەسەر حسابی داهاتی گەلی فەڕەنسی، دواتر لەساڵی (١٧٩٣) لە گۆڕەپانی کۆنکۆرد بەدەستی شۆڕشگێڕەکان بە ئامێرێکی ملپەڕاندن ملی لە لاشەی جودا کرایەوە لە تەمەنی ٣٨ ساڵیدا.

 

پاتریۆت: patriot :  ئینگلیزیەو بەکوردی واتە : نیشتیمانپەروەر.

 

ثینک تانک : think tank : ناوەندی بیر، ئەو شوێنەی فکری لێ بەرهەم دەهێنرێت.

 

ئەم نیوەدێڕە: مەکتەبەکانت چۆڵە: مەبەستم لە مەکتەب خوێندنگا نییە لێرەدا . مەبەست مەکتەبەیە: کتێبخانە

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.