مه‌لامه‌سعودو ئه‌ده‌ب و هونه‌ر
جارێكیان عومه‌ری خه‌یام له‌لایه‌ن والیه‌كه‌وه مانگانه‌ی به‌قه‌ده‌ر مانگانه‌ی وه‌زیرێك بۆ ده‌بڕێته‌وه، پاش ماوه‌یه‌ك كاتێ والی ده‌مرێ ئیدی خه‌زنه‌دار ئه‌مه‌ده‌كاته بیانوی ئه‌وه‌ی موچه‌كه‌ی خه‌یام ببڕێ و نه‌یداتێ، بۆیه كه ده‌ڕوا بۆ وه‌رگرتنی نایداو پێیده‌ڵێت خۆتۆ وه‌زیر نیت تا موچه‌كه‌ت هێنده زۆر بێت ئه‌و والیه‌ش مردو ته‌واو ، خه‌یام ده‌ڵێ باشتره موچه‌كه‌م بده‌یتێ ، من خه‌یامم 500 ساڵی گه‌ره‌كه تا خه‌یامێكی تر له دایك ده‌بێت ، به‌ڵام به ساڵێ ده‌كرێ 500 وه‌زیر دروست بن.
ئاخر ئه‌و والیه پێش مردنه‌كه‌ی له سه‌نگی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر تێگه‌یشتبوو، بۆیه ده‌یویست خه‌یام له‌هیچی كه‌م نه‌بێت و هه‌ر شیعر بنوسێ ، وه‌زیره‌كان نه‌مان لێ خه‌یام چووه زۆرێك له كتێبخانه‌و ماڵه‌كانی دنیاوه.
مه‌لامه‌سعود له بایه‌خی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ناگات و ئاگای له‌وه نیه به‌شێكی سه‌ره‌كی مێژووی مرۆڤایه‌تی واته ئه‌ده‌ب و هونه‌ر، ئه‌و بیری چووه به‌ر له‌و قسانه‌ی ئه‌و به په‌روازو هونه‌ر و ئه‌ده‌بی ده‌كات هه‌زاران ساڵه ئه‌ده‌ب و هونه‌ری یاخی و ده‌سته‌مۆنه‌كراو بۆ دۆزینه‌وه‌ی جوانیه‌كان سڵ له هیچ ناكه‌نه‌وه.
مه‌لامه‌سعود مه‌لایه‌و مه‌حویش مه‌لابوو ئه‌گه‌ر مه‌حوی ئێستا ژیاباو گوتبای
” ئه‌وه‌نده ته‌نگ و ناخۆشه له دنیا
خۆشه ده‌رچون ئه‌گه‌رچی بۆ سه‌قه‌ر چین”
ده‌بوو چی گوتبا
یان خه‌یام ئه‌و هه‌موو شیعره‌ی به‌سه‌ر باده‌و مه‌یدا گوتبا
یاخود سه‌باره‌ت به ئه‌ی ره‌قیبی دڵداری شاعیری چی ده‌ڵێت كه ده‌ڵێت:
گه‌ر خودایه‌كی دی هه‌بایه له دنیادا به‌ر قه‌رار
من ده‌چوم ده‌مگوت خودای من سودی ئینسانی نیه
ئه‌ی سه‌باره‌ت به قانعی شاعیر‌و مه‌لاو زانا چ ده‌ڵێت كه ده‌ڵێت :
ئه‌ر مه‌ڕنه‌موك بێته سه‌رینم
به زوانی كوردی نه‌دا ته‌ڵقینم
ئه‌نه‌وم له دار زۆر به ئاسانی
لیسێ له پشتی دوله ناوشانی
ئه‌ڵێم مه‌ڕنه‌موك خودام خودایه
پێغه‌مبه‌ر گه‌وره‌ی هه‌ردو دنیایه … تا دوای
ئه‌ی كاتێ بێكه‌س ده‌ڵێت :
خودا بۆچی له دنیادا به‌شی من شین و ڕۆڕۆ بێت
عه‌ده‌م له‌م ژینه خۆشتربوو عه‌ریزه‌م خۆنه‌دابووپێت
مشتێ نمونه‌ی خه‌روارێكه
مه‌لا مه‌سعود له هونه‌رو ئه‌ده‌ب ناگات بۆیه خوا ره‌حمی به مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیه‌و عه‌لائه‌دینی سه‌جادی و زۆری تر كرد له‌سه‌رده‌می ئه‌مدا نه‌ژیان، وای ئه‌گه‌ر له‌سه‌رده‌می ئه‌مدا ژیابان هه‌ش به‌سه‌ر خۆیان، ئه‌گه‌ر شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی هاوعه‌سری مه‌لا مه‌سعود با ده‌بوو چاره‌نوسی چۆن با.
مه‌لا مه‌سعود ده‌كرێ خوتبه بدات لێ ناكرێ باسی په‌روازو هونه‌ر بكات ، ئه‌و ئه‌و مافه‌ی نیه كه‌س بۆ به‌هه‌شت و دۆزه‌خ بنێرێ، مافی ئه‌وه‌شی نیه له‌بری خودا قسه بكات قورئان و ته‌ورات و ئینجیل و كۆی كتێبه كانی دیكه پڕاو پڕن له زمانی شیعریانه‌ی جوان و چیرۆكی واتا دار، پێویسته مه‌لا مه‌سعود بچێته‌وه سه‌ریان ، كێش و سه‌رواو كێشی ئازاد له‌وێوه سه‌رچاوه‌یان گرتووه، ناكرێ ئه‌م مه‌لایه ئه‌وه نه‌زانێ.
سروشت یه‌ك پارچه مۆزیكه لێ ئه‌و گوێی نه‌داوه‌تێ ، خودی بانگ هه‌موو رۆژێ به‌ته‌نیشتی مامۆستا مه‌لاوه‌ده‌درێت سه‌داو ئاواز‌و هونه‌ره، ئه‌و گوێی له رێكردنی ئاو نه‌بووه‌و به‌ته‌نیشت قامیشه‌ڵاندا تێنه‌په‌ڕیوه‌و هه‌ستی نه‌داوه‌ته سه‌مای گوڵه گه‌نم و به‌دیار ده‌نگی تیترواسكێكه‌وه نه‌وه‌ستاوه.
مه‌لا مه‌سعود پێی ناخۆشه چوار ملیۆن نامه بۆ پشتگیری په‌رواز چووه‌و لای وایه هه‌ر به سیاسی و شه‌ڕبازو جه‌نگاوه‌رو كوێره‌وه‌ریه‌كانه‌وه ده‌چینه دیرۆكه‌وه، نه‌ك به موزیك و گۆرانی و ئه‌ده‌ب و هونه‌رو داهێنان و زانسته‌وه، گرفتی گه‌وره‌ی ئه‌م مه‌لا مه‌سعوده ئه‌وه‌یه ئه‌و نازانێ هه‌موو رۆژهه‌ڵات بگه‌ڕێی ناوی چوار سیاسی كۆڵه‌مبی نازانن لێ هه‌زاران هه‌زار كه‌س گابرێل گارسیا ماركیز ده‌ناسن، ئه‌و چوزانێ هه‌موو سیاسیه‌كانی به‌ریتانیا به‌قه‌ده‌ر شكسپیر ناسراوو به‌ناوو ده‌نگ نین، بۆ ره‌شپێستێكی ئه‌مه‌ریكی پۆڵ رۆپسن بایه‌خدار تره تا ئۆباما، بۆ ئه‌مه‌ریكیه‌ك مادۆناو مایكڵ جاكسن گرنگ ترن له بۆشی باوك و بۆشی كوڕ.
كه‌م كه‌س هه‌ن له دنیا ناوی پاشاكانی هۆڵه‌ندا بزانن ، لێ ڤانكوخی هونه‌رمه‌ند له‌زۆر شاروشارۆكه‌ی دنیا ناسراوه‌و له‌زۆر په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی دنیا به‌ته‌نیشت مایكڵ ئه‌نجیلۆولیوناردۆ داڤینشی وئه‌وانی دیكه‌وه ده‌خوێنرێت.
من مه‌لا مه‌سعودم نه‌دیوه‌و نایناسم لێ هه‌قه لێیبپرسم هێژا كه‌مێك سه‌یری مامۆستا موسته‌فا زه‌ڵمی و مه‌وله‌وی و ئه‌وانی دیكه بكه، تا ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌مه‌وبه‌ریش مامۆستاكانی مزگه‌وت وتاری هه‌ینیان پڕبوو له شیعر‌و ئه‌ده‌بیات ، له كه‌م وتار گوێت له‌شیعری ته‌ڕو پاراوی مه‌وله‌وی و سه‌عدی شیرازی و حافز و ئه‌وانی تر نابوو، ئه‌ده‌ب له‌كن پیاوی ئاینی نرخ و به‌های خۆی هه‌بوو، هێشتا مه‌لامه‌سعودو زۆری وه‌ك ئه‌و نه‌كه‌وتبونه وێزه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌رو به شیعرێك قه‌ڵس نه‌ده‌بوون.
عه‌لائه‌دینی سه‌جادی مامۆستای ئاین و مه‌لاو نوسه‌رو زانا‌و دانا بووه، ئه‌و رشته‌ی مرواری كۆكردوه‌ته‌وه‌و نوسیویه‌تیه‌وه، داخوا مه‌لا مه‌سعود حه‌وسه‌ڵه‌ی هه‌یه دوونوكته‌ی نێو رشته‌ی مرواری بخوێنێته‌وه، ئه‌وی به‌چاوی ئه‌قڵ بڕوانێته سروشت ده‌زانێ دنیا‌و ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ی ئێمه پڕه له‌وتابلۆ هونه‌ریه دانسقانه‌ی خودا كێشاونی ، یه‌كجار سه‌یری باخچه‌یه‌كی پڕ له گوڵ بكه، یان گوێ له‌و هه‌موو ئاوازه‌ی نێو سروشت بگره ، سروشت بۆخۆی هونه‌رو ئه‌ده‌ب و میوزیكه .
په‌رواز نه‌گه‌یشته كۆتای لێ له به‌رنامه‌یه‌كی عه‌ره‌بیدا زۆری ناچار كرد، گوێ له هونه‌رو گۆرانی كوردی بگرن ، ئه‌وه‌ش به‌سه بۆ خاتونێك كه ده‌یه‌وێ به‌و جۆره نیشتمانه‌كه‌ی نیشاندات.
تاكه‌كان هه‌ریه‌ك به جۆرێ ده‌رده‌كه‌ون ، مه‌لا مه‌سعود هه‌قی خۆیه‌تی پێشنوێژی بكات و وتار بدات ، لێ مافی ئه‌وه‌ی نیه ، به‌یه‌كێ تر بڵێت نابێ شیعر بنوسی و گۆرانی بڵێیت .
من كێشه‌م له‌گه‌ڵ خودی مه‌لا مه‌سعود نیه كێشه‌م له‌گه‌لً ئه‌م جۆره له بیر كردنه‌وه‌یه ، ئه‌م جۆره له‌بیر كردنه‌وه مرۆڤ له پێشكه‌وتن و دنیا بینی نوێ دواده‌خات ، هونه‌ریش یه‌كێكه له‌و رێگایانه‌ی كه نه‌ته‌وه‌و گروپ و مرۆڤه‌كان لێوه‌ی ده‌چنه مێژوه‌وه، یاما هونه‌ر بووبه هۆی ئه‌وه‌ی وڵاتێكی دورو كه‌نارگیر بكات به وڵاتێكی سه‌رباس .
من هیوادارم مه‌لا مه‌سعود هێنده‌ی پێشینه‌كانی خۆی ، هێنده‌ی مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیه له هونه‌ر بگات، یان هێنده‌ی ئه‌حمه‌دی خانی ، ناشێ له دیدی مه‌لا مه‌سعوده‌وه ئه‌وانه ئیمانیان لاوازبێت،نازانم مه‌لا مه‌سعود ته‌ماشای هونه‌رو فیلم و سینه‌مای ئێرانی ده‌كات یان نا گه‌ر ته‌ماشا ده‌كات خۆزگه ده‌خوازم فیلمی ” مارمولك ” ببینێ ، هونه‌ر سڵ ناكاته‌وه له‌وه‌ی ده‌ست بۆ چی به‌رێت ، خوداوه‌ندیش مرۆڤی به ئازادی خوڵقاندوه، مرۆڤی بیركه‌ره‌وه ئه‌وه‌یه جوانی ئه‌فرێنه‌ره‌كه بدۆزێته‌وه، ئه‌گه‌ر مێژوی كورده‌واری له ئه‌ده‌ب و هونه‌رو گۆرانی خاڵی كه‌یته‌وه، چیمان بۆ ده‌مێنێته‌وه بۆ شانازی ، جگه له كۆمه‌ڵێك جه‌نگاوه‌ر كه هه‌ندێكیان له ئاست یه‌كتر دڕن و له‌ئاست دوژمن وانا.
ئه‌و ده‌رگایه‌ی میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان و مه‌لای جزیری و له‌یلا به‌درخان و عه‌لی مه‌ردان و سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی كردویانه‌ته‌وه‌به رووی كوردا روناكیه‌كی زۆر زیاتری لێوه هاتوه‌ته ژورێ ، روناكیه‌ك كه هه‌م خۆیان چراكانی بوونه، هه‌م به‌وی دیكه‌یان وتوه ، ئه‌وه ئێمه‌ین.