Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
نەخشەڕێگەیەک بۆ سازانی نیشتیمانی لە هەرێمی کوردستان

نەخشەڕێگەیەک بۆ سازانی نیشتیمانی لە هەرێمی کوردستان

Closed
by June 18, 2013 گشتی

 

 

 

 

لەسەرەتا دەبێت ئەوە بگوترێت کە هیچ نەخشەڕێگەیەک، هیچ پرۆژەیەک، هیچ یاسایەک، هیچ بڕیارێک، هیچ سازانێکی نیشتیمانی، نە ئەمڕۆ نە لە دوا ڕۆژ، ناتوانێت کۆتایی یەکجارەکی بە کێشە گەورەو بچوکەکانی کوردستان بێنێت. قسەیەک یان هەوڵێکی لەو جۆرە جگە لە سادەگۆیی هیچی دیکە نییە. کۆمەڵگەو پەیوەندەییە کۆمەڵایەتی-سیاسیی-ئابورییەکانی نێوان ئەندامانی کۆمەڵگە خۆیان لە خۆیاندا کێشەئامێزن. لەوەش زیاتر، لەگەڵ چارەسەرکردنی هەر کێشەو قەیرانێک کۆمەڵێک کێشەو قەیرانی دیکە سەرهەڵدەدەن. 

ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان، ئەوەی لە هەموو پرسێک زیاتر کێشەکانی قوڵترکردبێتەوەو بەرەو قەیرانی بردبێت ئەوە سوربوونی پارتی دیموکراتی کوردستانە لەسەر کاندیدکردنەوەی مەسعود بارزانی بۆ پۆستی سەرۆک‌و رەخنەو ناڕەزایی ئۆپۆزسیۆن، بەتایبەتی گۆڕان، لەو هەوڵەی پارتی لەلایەک‌و لەلاکەی دیکە ناڕوونی هەڵوێستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە لەو پرسە. 

دەبێت ئەوەش بگوترێت کە بەشێکی کێشەکە لەوەدایە کوردستان دەستورێکی فەرمی نییە تا بگەڕێینەوە سەری بۆ یەکلایکردنەوەی ئەم پرسە. بەواتایەکی دیکە دەکرێت بگوترێت دوو لە سەرەکیترین کێشەکانی ئێستای کوردستان  پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و پرسی نەبوونی دەستورە. لەراستیدا پرسی نەبوونی دەستور زیاتر بەهۆی رێکنەکەوتنە لەسەر سیستمی حوکمڕانی (سەرۆکایەتی یان پەرلەمانی) و ئەم پرسەش چەقی کێشەکەو گرێکوێرە گەورەکەیە. چارەسەرکردنی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم راستەوخۆ بەمانای چارەسەرکردنی پرسی دەستوریش دێت. بۆیە لەم پرۆژەیەدا زیاتر تەرکیز دەخرێتە سەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم‌و دەستورو ڕێگەچارەیەک بۆ ئەم دوو پرسە پێشنیاردەکەین. 

نەخشەڕێگەکە: 

دواخستنی گێڕانەوەو هەموارکردنی دەستور بۆ دوای هەڵبژاردنەکان‌و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم بۆ خولێکی کاتی‌و نائاسایی.

ئەمە بەو مانایەیە کە خولی داهاتوی سەرۆکایەتی هەرێم خولێکی کاتی بێت‌و لە شەش مانگ کەمتر نەبێت‌و لە هەژدە مانگ تێپەڕنەکات. مەبەست لەمە رەخساندنی کات‌و کەش‌و بارودۆخێکی سیاسی‌و لۆجستیکی لەبارترە بۆ سازانی نیشتیمانی لەسەر هەموارکردنەوەی دەستورو یاسای سەرۆکایەتی هەرێم. 

لێرە قسە لەسەر ئەوە ناکەین کە ئێمە چ سیستمێکی حوکمڕانی (پەرلەمانی یان سەرۆکایەتی) مان پێباشە چونکە ئێمە لە شوێنی دیکە ڕای خۆمان لەسەر ئەم پرسە دەربڕیوەو خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە سەریان. ئەم پرسە بۆ ئەو لیژنە پەرلەمانییە بەجێدێڵین کە لە خوارەوە ئاماژەیپێکراوە بۆ پێداچوونەوەی دەستور.

یەکێک لە خاڵە جەوهەری‌و مەرجەکانی ئەم ڕێگەچارەیە ئەوەیە کە پێش هەڵبژاردنەکان لە ئاستی لوتکەدا، واتە گەورەتین‌و باڵاترین دەسەڵاتدارانی حزبەکان، لە دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆن، لەسەر ئەم خاڵانە پێکبێن‌و دواتریش لە ڕێگەی حکومەت‌و پەرلەمانەوە خاڵ بە خاڵ جێبەجێبکرێن. پێکهاتنەکەی لوتکە دەبێت دواتر بکرێتە بڕیارێکی پەرلەمان لەم خولەی ئێستاو لانیکەم ئەم خاڵانە لەخۆبگرێت:

1. پێش هەڵبژاردنەکان، پێکهاتن لەسەر ئەوەی کە هەڵبژاردنی ئەمجارە، ئەیلولی ٢٠١٣، بۆ پەرلەمان‌و سەرۆکایەتی لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.

2. هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی هەرێم کاتیی‌و نائاسایی دەبێت، واتە تا هەڵبژاردنێکی دیکە کە لە هەژدە مانگ تێپەڕنەکات. 

3. هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان ئاسایی دەبێت‌، واتە بۆ خولێکی چوار ساڵی. 

4. لەماوەی دوو مانگ لە دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان‌و سەرۆکایەتی هەرێم لیژنەیەک لە پەرلەمانی کوردستان پێکبێت بۆ پێداچوونەوەی دەستورو یاسای سەرۆکایەتی هەرێم.

5. لەماوەی چوار مانگ لە دوای پێکهێنانی، لیژنەکە پێداچوونەوەکانی بە تەواوی بەندو ماددەکانی دەستور و یاسای سەرۆکایەتی تەواو بکات‌و بیخاتە دەنگدان لە پەرلەمان. 

6. لیژنەکە مافی ئەوەی هەبێت کە ڕاوێژ بە پسپۆڕان‌و شارەزایانی یاسای دەستوریی بکات.

7. دەستورە پەسەندکراوەکە لەلایەن پەرلەمان دوای دەربازبوونی لە پەرلەمان لە ماوەی شەش مانگ بخرێتە بەردەم هاوڵاتیانی هەرێم بۆ دەنگدان لەسەری لە رێگەی ریفراندۆمەوە. 

8. لە ماوەی ئەو چوار مانگەی کە بۆ پێداچوونەوەو هەموارکردن‌و پەسەندکردنی دەستور دیاریکراوە، هاوکات، سەرژمێرییەکی پاک‌و بێگەرد لە کوردستان ئەنجامبدرێت‌و ئەنجامەکانی سەرژمێرییەکە بکرێن بە بنەمایەک بۆ دیاریکردنی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە.

9. هاوشانی ئەم پرۆسانە دەستەیەکی بێلایەن بۆ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە هەرێم دیاریبکرێت کە سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان بکات.

10. دوای پەسەندکردنی دەستورو ئەنجامدانی سەرژمێری‌و دامەزراندنی دەستە بێلایەنەکەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، هەڵبژاردنی نوێ بۆ سەرۆکی هەرێم بەبنەما لەسەر دەستورە پەسەندکراوەکە دەبێت لە ماوەی شەش مانگ لە پەسەندکردنی دەستورەکە بەڕێوەبچێت. 

11. ئەنجامدانی کۆی ئەم  پرۆسانەی سەرەوە نابێت لە هەژدە مانگ تێپەڕبکات. 

12. هەموو لایەنەکان دەبێت پابەندی شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە دەستورە دەنگ لەسەر دراوەکە هاتووە، بن. 

13. سیستمی حوکمڕانی لە دەستورە پەسەندکراوەکە دەسەڵاتەکانی سەرۆک‌و سەرۆک وەزیران‌و ئەنجومەنی وەزیران‌و پەرلەمان دیاریدەکات.

14. بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کە لە ٢١ ئەیلول بڕیارە ئەنجامبدرێت، وەک خولی نائاسایی، مەسعود بارزانی وەک هەر کاندیدێکی دیکە مافی خۆ کاندیدکردنەوەی پێبدرێت، بەڵام، دەبێت ئەو مەرجانەی سەرەوە قەبوڵبکات، واتە ئەگەر وەک سەرۆک دەرچوو، یان هەر کەسێکی دیکە وەک سەرۆک دەرچوو، یەکێک لە ئەرکە هەرە سەرەکییەکانی بۆ خولە کاتییە-نائاساییەکە سەرپەرشتیکردن‌و بەڕێوەبردنی ئەو لیژنە پەرلەمانییەیە، کە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی دەستور، وەک لەسەرەوە ئاماژەیپێکرا، لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و سەرژمێری. 

15. دوای پەسەندکردنی دەستور، بە چاوپۆشین لەوەی ئایا بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک لەرێگەی هەڵبژاردنی راستەوخۆ دەدرێت یان لە ناو پەرلەماندا، سەرۆک دەسەڵاتەکانی ئێستای دەبێت یان دەسەڵاتی تەشریفاتی، سیستمی حوکمڕانی سەرۆکایەتی دەبێت یان  پەرلەمانی، لە هەموو حالەتەکاندا، دوای پەسەندکردنی دەستور لەلایەن پەرلەمان‌و خەڵکەوە لە ریفراندۆمدا پێویستە سەرۆکی هەرێم (هەر کەسێک بێت) ئیستیقالە بدات‌.

16. تا ئەوکاتەی کە سەرۆکێکی نوێ بۆ هەرێم هەڵدەبژێردرێت سەرۆک وەزیران دەبێت ئەرکەکانی سەرۆکی هەرێم بەڕێوەببات. 

17. سەرۆکێکی تازە بەپێی ئەو ماددەو بڕگەو میکانیزمانەی کە لە دەستورە هەموارکراوەکەدا بڕیاری لەسەر دەدرێت (هەڵبژاردنی راستەوخۆ یان لەرێگای پەرلەمان) لە ماوەی سێ مانگ لە ئیستیقالەدانی سەرۆکی هەرێم دەبێت هەڵبژێردرێت.

18. مەسعود بارزانی لە دوای هەڵبژاردنە کاتییە-نائاساییەکە، ئەگەر سیستمی حوکمڕانی کرا بە پەرلەمانی‌و پۆستی سەرۆکایەتی کرا بەتەشریفاتی، مافی ئەوەی هەبێت خۆی کاندید بکات بۆئەوەی ببێت بە سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمەیان لە حالەتێک پارتی یان پارتی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی، زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانیان مسۆگەرکرد. 

19. پرسی دامەزراندنی ئەنجومەنی سێنات‌ (پیران)و شێوازی کارکردن‌و دەسەڵاتەکانی (کە لە خوارەوە ئاماژەمان پێداوە) دەبێت بکرێن بە بەشێک لە دەستورە هەموارکراوەکە. 

ئەنجومەنی سێناتی/پیرانی پێشنیارکراولەم ڕێگەچارەیە دەبێت لانیکەم ئەم دەسەڵاتانەی هەبێت:

1. چاودێریکردن‌و لێپرسینەوەی سەرۆکایەتی هەرێم ئەگەر لە دەستورە هەموارکراوەکەدا سیستمی سەرۆکایەتی پەسەندکرا، هاوکات 

2. وەک فیلتەرێک رۆڵ ببینێت بۆ هەر بڕیارێک کە لە سەرۆکایەتی هەرێمەوە دەردەچێت، بەتایبەتی ئەوانەی رەهەندی نیشتیمانی‌و ئەمنییان هەیە وەک رێککەوتن یان جەنگ؛ دیاریکردنی چارەنوسی ناوچە دابڕاوەکان… هتد.  

3. بڕیارەکانی سەرۆکایەتی هەرێم تەنها کاتێک جێبەجێبکرێن کە لەلایەن ئەنجومەنی سێناتەوە پەسەندکرابن.

4. ئەنجومەنی سێنات مافی چاودێری و لێپرسینەوەی لە هەردوو سەرۆکایەتییەکەی دیکەی هەرێم (پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران) هەبێت.

5. ئەگەر دەستورە پەسەندکراوەکە سیستمی پەرلەمانی بۆ هەرێم هەڵبژارد، ئەوە بەهەمانشێوە دەبێت ئەنجومەنی سێنات (پیران) دابمەزرێت. ئەرکی ئەنجومەکە ئەوکات کارکردنییەتی وەک فلتەرێک بۆ ئەو یاساو بڕیارانەی لە پەرلەمانەوە دەردەچن لەگەڵ لێپرسینەوەو لێپێچینەوە لە سەرۆک وەزیران‌و وەزیرەکان‌‌. 

بۆئەوەی ئەنجومەنی سێنات بتوانێت ئەو رۆڵە ببینێت پێویستە بە پێی یاسا ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە لە هەڵبژاردنی گشتی‌و راستەوخۆدا هەڵبژێردرێن. واباشە کوردستان بەسەر هەشت یەکەی ئیداریدا دابەش بکرێت، کە ئەوانیش: ئیدارەی گەرمیان‌و هەڵەبجەو راپەرین‌و سۆران‌و زاخۆو هەولێرو سلێمانی‌و دهۆک بن. هەر یەکێک لەو ئیدارانە بە ژمارەی یەکسان ئەندام بنێرنە ئەنجومەنی سێنات. 

لە ئێستادا ئەستەمە دەستورو یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هەمواربکرێن تەنانەت ئەگەر هەموو لایەکیش وەک پرەنسیپ لەسەر هەموارکردنەکە رەزامەند بن. ئەم میکانیزمە بوار بۆ هەموو لایەنەکان دەرەخسێنێت تا باشترو قوڵتر گفتوگۆ بکەن‌و رێگەچارەی هەمەلایەنتر بەبنەما لەسەر ئەم رێگەچارەیە بدۆزنەوە. 

 

د. شێرکۆ کرمانج

sherko9@hotmail.com  

د. ئارام ڕەفعەت

aramrafaat07@yahoo.com

 

سەرچاوە: هاوڵاتی

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.