Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
ئازاد حەمە مانیفێستێک دژی گه‌نده‌ڵی دەنووسێت

ئازاد حەمە مانیفێستێک دژی گه‌نده‌ڵی دەنووسێت

Closed

 

 

 

ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه‌ له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیدا ووشه‌یه‌ک زۆر باوه‌” گه‌نده‌ڵی”. دیاره‌ ئه‌م ووشه‌یه‌ هه‌رچه‌نده‌ گوزارشت له‌ مانایه‌کی خراپ و کارێکی نا یاسایی ده‌کات، به‌ڵام له‌ناو میدیاکاندا زۆرجار باسی لێوه‌ده‌کرێت. دیاره‌ ڕاسته‌ زۆرکه‌س قسه‌یان له‌باره‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ کردووه‌، لێ هیچ کامیان نه‌هاتوون ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ به‌ قووڵی لێکبده‌نه‌وه‌و له‌ کاریگه‌رییه‌ ده‌روونی و فکریی و سیاسی و ئابووریه‌کانی بدوێن. کتێبی ( مانیفێستی دژه‌ گه‌نده‌ڵی ) له‌ نووسینی دکتۆر ئازاد حه‌مه‌یە‌، به‌ یه‌کێک له‌و هه‌وڵه‌ جوانانه‌ داده‌نرێت ، که‌له‌بواری ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌وه‌ نوسرابێت. 

ئازاد حه‌مه‌ هه‌وڵیداوه‌ له‌ کۆمه‌ڵێک ده‌رگاوه‌ خوێنه‌ر بخاته‌ ناو کتێبه‌که‌یه‌وه‌، له‌هه‌مانکاتیشدا به‌ حوکمی ئه‌و پاشخانه‌ فه‌له‌سفیه‌ی نووسه‌ر، یارمه‌تی زۆریداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی فه‌لسه‌فییه‌وه‌، قسه‌ له‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی بکات . 

نووسه‌ر ده‌ڵێی : ( گه‌نده‌ڵی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا بووه‌ به‌  بوارێکی به‌پیت بۆ توێژه‌ره‌وه‌کانی بواری زانسته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ، ئه‌مه‌ش به‌ زۆری له‌به‌رئه‌وه‌ی باسکردن  له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی باسکردنه‌ له‌سه‌ر هه‌نووکه‌ییترین شتی کۆمه‌ڵگه‌ی گه‌نده‌ڵ .ل23)

پاشتر  نووسه‌ر ده‌چێته‌ سه‌ر هۆکاره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی گه‌نده‌ڵی و هه‌وڵیداوه‌ له‌ ئه‌زموونی وڵاتانه‌وه سوود وه‌ربگرێت :

 ( ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌ دووچاری  هەڵوەشاندنەوەی سیاسی و ئایدۆلۆژی دەبن بۆ نموونە “وڵاتانی بلۆکی سۆسیالیستی و یەکێتی سۆڤێتی جاران، یان کۆمەڵگەی عێراق دوای ئاوابوونی بەعسیزم “، ئەمانە زەمینەی ئەوەیان تێدایە کە بە قۆناغی بە گەندەڵبوونی سیاسی و ئابووری و رۆشنبیریدا بڕۆن . یان ئەو وڵاتانەی دوچاری کودەتای سەربازی یان داڕمانی ئابووری دەبن ، زۆر ئاساییە بۆ ماوەیەک بە دەردی گەندەڵییەوە بتلێنەوە . ل 23)

پاشان نووسەر دێتە سەر کوردستان و هۆکارەکانی گەندەڵی ئاشکرا دەکات، ئەویش لە ڕێگای شرۆڤەیەکی فکری قووڵەوە. 

( ئەو دەمەی کورد لە ژێر جەوری زۆرداریدا دەیناڵاند، تەنیا دەستەبژێرێک کاری بەرخودانی ئەنجام دەدا و زۆرینەش پشتگیری لەم دەستەبژێرییە دەکرد، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان تەقەی کردووە یان گیراوە یان نووسیویەتی، بۆ هەموو کات سامانی نەتەوە بەئارەزووی خۆی بەکاربەرێت.ل32) 

پاشان نووسەر دێتە سەر باسی ئەو دەسەڵاتەی کە پێشتر و ئێستا، تاکی کورد دەچەوسێننەوە  : ( ئەوەی یەکەم” واتە ئەوانەی کورد کوژ بوون” یەکسەر لەناویان دەبردی، بەڵام ئەوەی دووەم ” ئەمانەی گەندەڵن یان ڕەوایی بە گەندەڵکردنی ئابووری و سیاسی و ڕۆشنبیری نەتەوە  دەدەن” بێ خۆشی و بێکاری و بێ داهاتوو بێ ئابوریت دەهێڵنەوە. ئەوەی یەکەم یەکسەر هەبوونتی دەسڕییەوە، بەڵام ئەوی تر ، لەئایندەی دوورتر دەستکاری هەبوونت دەکا.)

نووسەر پێی وایە گەندەڵی هێندە کاریگەرە تەنانەت دەتوانێت ، بوونی تاکی مرۆڤ لەناوبەرێت. بگرە پێی وایە کە تاکی کورد ، ووردە ووردە بەرەو نەمانی کەینوونەی خۆی هەنگاو دەنێت، ئەویش بەهۆی ئەو  گەندەڵییە زۆرەی کە کۆمەڵگەی کوردی گرتۆتەوە. 

( هەبوونی تاک لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا، کە کوردستان نموونەیەکی بەرچاوە لەسەر ئەوەی دەیڵێین، لە نێوان بوون و نەبوونایە. چونکە تاک لە کۆمەڵگەی گەندەڵدا بەمانا هاوچەرخەکەی واتای تاک بوونی نییە یان ، تەنانەت تاک گەر هەشبێت تاکێکی بە سیاسیی کراوەو دەروونی ئەم تاکە پشتگوێخراوە، لەبەرئەوەی خودی سیاسەتیش لەم جۆرە کۆمەڵگەیە لەسەر جوین و ڕەوانبێژی و یاریکردن بە ووشە دەژی . لەکۆتاییدا سیاسەت تابڵێی خۆی وەک کردەیەکی ناهزری نیشان دەدا و ئەمەش وا دەکات ئەم کردەیە دەروونکوژ و هەستبریندار کەربێت. ل171) 

دیارە نووسەر پشتی بە کۆمەڵێک سەرچاوەی ئینگلیزی بەستوە، جگە لەوەش خۆی وەک کەسێکی شارەزا لە بواری فەلسەفەدا، یارمەتییەکی زۆریداوە، کە شرۆڤەیەکی زۆر قووڵ بۆ دیاردەی گەندەڵی بکات. 

جێگەی گوتنە ئەم کتێبە ، کتێبێکی قەبارە گەورەیە نزیکەی 400 لاپەڕە دەبێت. ئەم کتێبە لەلایەن دەزگای  ئاراسەوە چاپکراوە. لێرەدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لەکاک ئازاد بکەین بۆ ئەم کتێبەی، بەدڵنییایەوە هیلاکییەکی زۆری کێشاوە، تا ئەم کتێبە نایابەی نووسیوە.

ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.