Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
دەستور و یەکسانی ژن و پیاو

دەستور و یەکسانی ژن و پیاو

Closed
by June 20, 2013 ژنان

 

 

 

پرۆژە دەستوری هەرێمی کوردستانی عێراق هەوڵێکە بۆ جێگیر کردنی دۆخی ژێردەستەیی ژنان و سەپاندنی پیاوسالاری بە یاسا و دەستور.

لە مادەی ٢٠ ی بەندی سێهەمی ڕەشنوسی دەستوردا هاتووە:

“پیاوو ژن بەرامبەر بە یاسا وەک یەکن و حکومەتی هەرێم دەبێت هەوڵ بدات هەموو کۆسپێک لە ڕێگای یەکسانی لە ژیان و مافە شارستانی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشەنبیری ئابوریەکاندا لابەرێ و……..”

یەکسانی ژن و پیاو چ  ماناو مفهومێکی هەیە لەم دەستورەدا، ئایا لە ڕۆژی یەکەمەوە بە بێ دوودڵی هەموو لایەن و جومگەکانی ژیانی ڕۆژانەی ژنان زامن دەکات؟  شانبەشانی پیاو بڕیار دەدات و خاوەن ئابوری خۆی دەبێت، لە شاهیدی دان و یاسای میرات لە گەڵ پیاو یەکسان دەکرێت، فرەژنە وەک تاوان سزا دەدرێت، چی تر پیاو وەلی ئەمری ژن نابێت، ژن وەک کاڵا  مولکی کەسێکی تر نابێت و خۆی خاوەنی خۆی دەبێت؟.

لە ئاینی ئیسلامدا ژنان ئینسانی تەواو نین، بە زەعیفە، نەفام و کەم عەقل لە قەڵەم دەدرێن، پیاو بۆی هەیە لە یەک کاتدا چەند ژنێکی هەبێت، لە میراتدا پیاو دوو بەرامبەری ژنی بەردەکەوێت وە لە شایەدیدا دوو ژن بە پیاوێک دەژمێردرێت. وە لە هەمانکاتدا شریعەت لەکاتی پەیمانی هاوسەرگیریدا شتێکی داناوە بەناوی مارەیی کە لە پێشەکی و پاشەکی پێک دێت، لە دادگاکانی کوردستاندا عقد بەبێ پاشەکی ناکەن. ئەمەش بە مانای کرین و فرۆشتن یاخود بە کاڵا کردنی ژنانە و لە خاوەنێکەوە بۆ خاوەنێکی تر. ئەمە بەم مانایەیە کە ژن لەبری ئەوەی ئینسان بێت کاڵایە.

من هەمو تاکێکی خەڵکی کوردستان ڕوبەڕوی هەڵبژاردنێک دەکەمەوە، هەڵبژاردنەکەش ئەوەیە کە دەبێت لە نێوان دەستوری مەزهەبی و قبوڵکردنی ژن وەک ئینسانی کامل یەکێکیان هەڵبژێرن.

بەڕای من تەنها دەستورێک دەتوانێت کەرامەت و بەهای ژن وەک ئینسانێکی کامل بپارێزێت کە لە هەنگاوی یەکەم مەزهەب و دەسەڵاتی لەیەک جیا کردبێتەوە، 

ئەگەر دەسەڵات دەیەوێت و مەبەستیەتی هەنگاو هەڵێنێت بۆ دابین کردنی یەکسانی ژن و پیاو دەبێت بەر لە هەموو شتێک دەستورێکی سکۆلارو مەدەنی لە  سەر بنەمای زانست و کۆمەڵناسی داڕێژێت و بێجگە لە مەفهومی ئینسان هیچ شتێکی تر بنەما نەبێت. 

لەم دەسەڵاتە ناوەشێتەوە!

هێنانی یاسا لە سەر بنەمای ئینسانی بۆ بەدیهێنانی یەکسانی ژن و پیاو بەم دەسەڵاتە کۆنەپەرستو پیاو سالارە ناکرێت. ئەو لە بەرژەوەندیدا نییە نیوەی کۆمەڵگا کە ژنانن سیستەماتیک بە دەست کۆمەڵگاو خێزان سەرکوتکراون، رزگاریان ببێت و ببنە بەشێکی گەورە لە سکاڵا و ناڕەزایەتی دژی دەسەڵات، لەبەر ئەوەی بەو هەنگاوە کە ژنان دێنە پێشەوەو ڕۆشن دەبنەوە دەسەڵات هەنگاوێک بەرەو گۆڕی خۆی دەنێت لە مەرگی خۆی نزیک دەبێتەوە.

 

لە ٢٠ ساڵی ڕابردودا دەسەڵاتدارانی کوردستا پاڵپشتی ئیسلامی سیاسی بوون بۆ گواستنەوە و پەرەپێدانی جەهالەت و کۆنەپەرەستی لە وەڵاتانی ترەوە بۆ کوردستان.

یەکسانی ژن و پیاو بەشێکی کولتوری و زانستی کۆمەڵایەتیە و دەبێت بخرێتە پرۆسەی خوێندنەوەو هەر لە باخچەی ساوایانەوە منداڵان فێر بکرێن کە بەرابەرو یەکسانن، لە هەمان کاتدا دەبێت ژنان دەرفەتی هاتنە پێشەوەیان پێ بدرێت لە مەیدانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.  ژنان و پیاوان بە یاسا لە کەرتە تایبەتەکاندا کرێی بەرابەریان هەبێت و ڕێگا نەدرێت هەموو جۆرە دەستدرێژی و گێچەڵێک بە ژنان بکرێت لە بازاری کاردا.

لەم دوو برگە دەستوریەدا دوو جیاوازی زۆر گەورە دەبینی، چۆن دەکرێت بڕگەیەکی دەستور باس لە یەکسانی ژن و پیاو بکات، لە کاتێکدا کە یاساکانی بەپێی شریعەتی ئیسلامی بێت؟

ئەوەی کە جێگای پرسیارە بێدەنگی بەرەی یەکسانیخواز و کۆمەڵانی هۆشیاری خەڵکە، بۆچی بێدەنگیان هەڵبژاردوە؟. بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان نابێت بێدەنگی هەڵبژێرێت، ئەم دەستورە پلانێکی رەشە دژی کۆمەڵگا بە گشتی و ژنان بە تایبەتی، ئەم دەستورە دژەژنە دەتوانێت چارەنوسی چەندین نەوەمان رەشبکات، بۆیە باشتروایە ڕیزی خۆمان یەک خەین و بەیەک دەنگ بێنە مەیدان و بەهەر شێوەیەک بۆمان دەکرێت ناڕەزایەتی خۆمان دەرببڕین. لەبەر ئەوەی ئەگەر ئێمە بمانەوێت کۆمەڵگایەکی ئازادو یەکسانمان هەبێت و ژن وەک و ئینسان سەیربکرێت و بوار بۆ یەکسانی بوونی ژن و پیاو فەراهم بکرێت ئەبێت بەر لە هەموو شتێک داوای ئەوە بکەین کە دین دەبێت لە دەوڵەت جیا بێت و لەبری ئەوەی بنەمای یاساکان ئاین بێت ئینسان و ئینسانیەت بێت و ئینسان تێیدا ئەسل بێت.

 

 

لاوژە جواد

١٠/٦/ ٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.