Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
مێژووی شا و ئێران لە نێوان دوو کتێبدا

مێژووی شا و ئێران لە نێوان دوو کتێبدا

Closed

 

 

 

 

 

 

ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کەلە رۆژهەڵاتی ناڤیندا، سەنگ و گرینگی خۆی هەیە. بۆ ئێمەی کوردیش ، زۆر گرینگە لە نزیکەوە ئاگاداریی مێژووی ئەم وڵاتە دێرینە بین. سەردەمی فەرمانڕەوایەتی شا لە ئێراندا ، بەیەکێک لە قۆناغە گرینگ و پڕ بایەخەکانی ئەم وڵاتە دێتە ژماردن. ” حەمە ڕەزا شا”  پاش ئەوەی وڵاتانی هاوپەیمان ئێرانیان داگیرکرد، لە جیاتی باوکی خرایە سەر تەختی فەرمانڕەوایەتی. هەتاوەکو ساڵی 1978شا و حاکمی موتڵەقی ئێران بوو.  لەم ماوەیەدا دوو کتێبی گرینگ لەبارەی سەردەمی فەرمانڕەوایەتی شا بە کوردی چاپکراون،تێیدا زانیاری زۆر لە ڕووی ( مێژوو، سیاسەت، ئابووری) وڵاتی ئێرانیان تێدا نووسراوە.  یەکێکیان کتێبێکە لەلایەن ” شا بانو، واتە ژنەکەی شا” ەوە ، نووسراوە، بەناوی ( نهێنییەکانی شا و فەرەح ) ئەم کتێبە لە نووسینی ” فەرەح پەهلەوی، شابانوو” ، لەلایەن ” مەجید مارابی ” کراوەتە کوردی. کتێبەکەی تریش بەناوی ( مەتەڵۆکەی هۆیدا)  لە نووسینی ” عەباسی میلانی” لەلایەن ” عەبدوڵای حەسەن زادە” کراوەتە کوردی . لەلایەن خانەی وەرگێرانی سلێمانی ، چاپکراوە. دیارە ” ئەمیر عەباسی هوەیدا” ماوەی سیانزە ساڵی ڕێک ، سەرۆک وەزیرانی ئێران بوو. ئەم پیاوە یەکێکە لە پیاوە سیاسیی و ناودارەکانی ئێران ، کە جێگا پەنچەیان بە سەر ئەو قۆناغە گرینگەدا دیارە. جێگای ئاماژەیە ئەم دوو کتێبە هەردووکیان تەواوکەری یەکترین. چۆن ؟. لەرێگای کتێبەکەی ” شا و فەرەح’  کە نووسەری کتێبەکە کەسێکی نزیکی شای ئێرانە، ” ژنەکەی” ، لەبەرئەوە زۆر شتی وورد ژیانی شا هەیە ، خوێنەر ئاگاداری دەبێت.  لەم کتێبەدا ئێمە زیاتر “شا” ی ئێران وەکو مرۆڤێکی ئاسایی دەناسین. واتە دوورە لەو ناوە گەورە و دیوارە گەورەییەی دەسەڵات ، کە بە شێوەیەکی تەواوەتی “شا” لەلایەک بووە، گەلیش لە لاکەی تر. کەس نەیوێراوە تەنانەت هەر سەیری ” کۆشكە مەزن و جوانەکانیشی ” بکات. یەکێک لەو سیما باشانەی ئەم کتێبە ئەوەیە، کە ” شابانوو” زۆر بە ئازایانە و بێ پێچ و پەنا ، باس لە ووردەکارییەکانی ژیانی تایبەتی خۆیی و شا دەکات. من ئەمە یەکەمجارمبوو، نووسەرێک بەتایبەتی ” ژن” ی رۆژهەڵاتی ئاوا ببینم ، هیچ ترسی لە قسەی خەڵكی و کاردانەوەی لەناو کۆمەڵ و عادات و تەقالید نەگرێت. ئەم ئازایەتییەی ” شا بانوو” جێگای دەستخۆشییە. بۆ نموونە ” شا بانوو” ئیعتراف دەکات ، کە پێش ئەوەی ” شا ” بناسێت ، کورێکی برادەری فەرەنسی هەبووە. زۆر تێکەڵیش بوون و شەوانمیش لای ماوەتەوە. یان زۆر بە ئازایانە دان بەوەدا دەنێت ، پێش ئەوەی شوو بە ” شا”  بکات ، لەناو ڕێکخراوی ” گەنجان و خوێندکارانی” حیزبی ” تودە” دا کاریکردووە. هەروەها زۆر عاشقی وڵاتی رووسیا و فەرەنسا بووە. یان بەوپەڕی بوێرییەوە باس لەوە دەکات ” دایکی” لەبەر بژێویی ژیانی “سیخە، شووکردنی وەختی” لەگەڵ پیاوێکی بازرگانی ئازەری کردووە. ئەو پیاوەش کاتێک ئەم منداڵ بووە ” دەستی بۆ بردووە” . بەڵام لەهەموو گرینگ تر ، ئەو نهێنیانەیە کە باس لە ژیانی کۆمەڵایەتی بنەماڵەی ” شا ” دەکات. بۆ نموونە دایکی “شا” ، لەبەر جێژی سێکسی خۆی ، لەگەڵ ” کرێکارێکی ئاسایی” ڕایبواردووە. ” شا” ش ئاگاداربووە، بەڵام هیچ قسەی نەکردووە ، بەڵكە زۆر ئاسایی بووە لای. یان باس لە خوشکەکەی ” شا” دەکات ، لەبەر ” جێژی سێکسی” سێ جار لە فەرەنسا ( پەردەی کچێنی) دروستکردووە، چونکە بە قەولی خۆی ، ئەمە زیاتر جێژی پێدەبەخشێت. یان چۆن خوشکەکەی “شا” ، کچ و ژنی بۆ براکەی هێناوە. یان زۆر بە ڕاشکاوانە باس لەوە دەکات، چۆن مەلیک حسێن و سەرۆکی دیکتاتۆری فلیپین ” مارکوس” ، ئامۆژگاری شایان کردووە، ( بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی وەزیر و جەنەڕاڵە گەورەکان بکات، دەبێت لەگەڵ ژن و کچەکانیان بخەوێت) . شاش ئەم ئامۆژگاریەی ئەوانی جێبەجێکردووە. یان باس لەوە دەکات کە مەلیک حسێن  کە دۆستێکی نزیکی شا بووە، بە شای گووتوە : ( قورئان هیچ وەحی خودا نییە ، بەڵکە دروستکراوی مێشکی موحەمەد خۆیەتی ) .  یان دەڵێت : ( من وەکو مارکس پێم وابوو ، کە ئایین تلیاکی گەلانە” . یان دەڵێت : ( شا ، مەلاکانی بە کەسانی کۆنەپەرستی ڕەش و سیخوری بەریتانیا” داناوە. هەروەها زۆر ڕقی لە عەرەب و کلتووری ئیسلامی بووە ، شا گوتویەتی ” عەرەبەکان وڵاتی ئێمەیان داگیرکرد و تاڵانیان کردین ، بۆ دەبێت ئێمە ئاینی ئەو وەحشیانە بکەیەن ئاینی خۆمان “. دیارە ئەم ژنە باس لە زۆر شتی تر دەکات کە لێرەدا زۆر جێگەی نییە باسی هەمووی بکەین ، بەڵام بە دڵنیاییەوە خوێنەر هەست بە خۆشی دەکات ، کاتێک چیرۆک و حکایەتەکانی کۆشکی شا دەگرێتەوە. یان باسی سەفەرەکانی خۆی دەکات ، بۆ نموونە باس لەوە دەکات لە یەکێک لەسەفەرەکانی بۆ وڵاتی هیندستان ، باسی ئاینێکی هیندیان بۆ کردووە ، کە زیاتر وەکو ” سێکت ،  گرووپی بچووک ” وابوون، ئاینەکەیان ” ئەندامی نێرینەی پیاو” دەپەرستن. هەروەها باس لە ژیان و بۆچوونی شا و سەرۆکەکانی جیهانیش دەکات ، ئەوانەی کە ئەو بینوونی . یەکێک لەو شتە خۆشانەی کە من زۆر بەدڵم بوو، باسی ئەو جەژنی 2500 ساڵەی شا دەکات ، کە جەژنێکی زۆر گەورە بووە، تێیدا چەندین مەلیک و سەرۆکی وڵاتان بەشداربوون تێیدا. زۆربەی مەلیک و سەرۆکەکانی ئەو وڵاتانە، لەکاتی بەجێهێشتنی ئەو خەیمانەی بۆیان داناون ، دەستیانکردووە بە دزینی ئەو قاپ و قاچاخە ئاڵتوونیانەی کە لە خەیمەکانیاندا بووە. دیارە  کتێبی دووەم بەشێوەیەکی تر نووسراوە، زیاتر دەچێتە قاڵبی کتێبێکی مێژوویی ، کە بە زمانێکی ئەکادیمیانە نووسراوە. ئێمە لە ڕێگای ” مەتۆڵەکەی هویدا” وە،” شا” وەکو فەرمانڕەوایەکی دیکتاتۆر و ملهوو  دەبینین. زیاتر لە ” دەسەڵات” ی شا نزیک دەبیننەوە. ئەو دەسەڵاتە گەورەیەی کە هەژموونی خۆی نەک بەسەر ئێران بەڵكە بەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی ناڤیندا سەپاندبوو. لەلایەکی ترەوە  ئاگاداری  سیاسەت و بریارە سیاسیەکانی ئەو قۆناغە دەبین . بۆ نموونە لەم کتێبەدا نووسەر باسی ئەوە دەکات ، مەسەلەی ” شۆرشی سپی” کەلە شەستەکاندا شا کردی ، لەلایەن کۆمەڵێک دەزگای ئەکادیمی ئەمریکییەوە دانراوە. یان باس  لەکۆمەڵێک دۆکۆمێنت و بەڵگەی گرینگ دەکات ، بەتایبەتی ڕاپۆرتەکانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا ” سیا” . لەیەکێک لەم بەڵگانەدا هاتووە، باس لە ڕاپۆرتێکی ” سیا”  دەکات ، کە لە ساڵی 1977 دا نووسراوە ، تێیدا هاتووە  : ( دەوری چل بنەماڵە لەڕادەی سەرتاسەری و 150 تا 200 بنەماڵە لە پلەی ناوەنجیدا، هەموو جومگەکانی ژیانی ئێرانیان لە دەستە .) . دیارە کۆمەڵێک ڕاپۆرتی گرینگی ” سیا” ی تێدایە، کە زۆر بە ووردی باسی ئێران دەکات. بەپێی بۆچوونی نووسەر بێت ، شۆرش بۆیە لە ئێراندا سەریهەڵدا و ڕژێمی شا ڕووخا چونکە : شا ڕیفۆرمی ئابووری پێش ڕیفۆرمی سیاسی خستووە. ئەو هیچ وەختێک نەیویستووە واز لە دەسەڵاتە زۆرەکەی خۆی بهێنێت ، هەروەها ئامادەش نەبووە کە ئازادی و دیموکراسی ڕاستەقینانە لە ئێراندا دروست بێت. لە لەلایەکی تریشەوە هەڵەیەکی گەورەی چەپ و لیبڕاڵەکان باس دەکات لەگەڵ ئیسلامییەکاندا. لەو کاتەدا بەهیچ شێوەیەک چەپ و لیبڕاڵییەکان ئامادەنەبوون لەگەڵ ” شا” ڕێکبکەون ، بەڵکە چوون لەگەڵ خومەینی ڕێککەوتن کە باوەڕی بە ئازادی و مافی ژنان و ئازادییە تاکەکسییەکان و دیموکراسی نەبوو، بەڵکە خومەینی دەیویست کۆمارێکی ئیسلامی دابمەزرێنێت. لێرەدا هەڵەی لایەنە سیاسییەکانی ئێران بەتایبەتی ” چەپەکان” زۆر بە جوانی دەردەخات، چۆن خومەینی توانی ئەمانە هەموویان بکاتە پردێک بۆ مەرامەکانی خۆی . لەلایەکی تریشەوە باس لە تیرۆری ئیسلامی لە ئێران دەکات ، کە مێژوویەکی دێرینی هەیە . بۆ نموونە لە نێوان ساڵانی 1949 تاوەکو 1953  گرووپی تیرۆریستی’ فیدائی ئیسلام” لەم ماوەیدا ( دوو سەرۆک وەزیر و وەزیرێکی فەرهەنگیان کوشت   وهێرشیانکردە سەر شا و وەزیری کاروباری دەرەوە). جێگای گووتنە پاش شۆرش ئاشکرا بوو ، کە ڕابەری ئەم گرووپە لەلایەن سەرۆکی پێشووی ئێڕان ” رەفسنجانی” ەوە بووە. لەلایەکی ترەوە باس لە ڕۆڵی ئوروپاییەکان بەتایبەتی ئینگلیزەکان لە یارمەتیدانی خومەینی دەکات . بۆ نموونە لە ساڵی 1964 هێشتا ” خومەینی” لە ئێرانو جیهاندا نەناسراوبوو، کەچی ڕادیۆی ” بی بی سی” بەریتانی ، خومەینی بە ” ڕابەری هەموو شیعەکانی جیهان !” وەسف دەکات. خاڵێکی گرینگی تر لەم کتێبەدا ئەوەیە ، باس لە خیلافاتی ئینگلیزی و ئەمریکی لەسەر ئێران دەکات ، بۆ نموونە هیچ وەختێک ئینگلیزەکان ئامادەنەبوون ، ئەو ڕۆڵە گەورەیە بددەنە ئێران لەناوچەکەدا. بەڵام ئەمریکیەکان خۆیان ڕۆڵی ئێرانیان لەناوچەکەدا زیاد کردوو ، کردیانە” ژەندارم”ی ناوچەکە. دیارە ئەم کتێبە لە ڕووی سیاسیی و ئاماریی  ومێژووییەوە ، زانیاری زۆر گرینگی لەمەڕ ئێران تێدایە ، کەلێرەدا جێگا نییە باسی لێوەبکەین. لێ بەگشتی کردنی ئەم کتێبانە بە کوردی ، سوودێکی گەورە بە خوێنەری کوردی دەگەیەنێت . 

 

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

سەرچاوە:

عەباسی میلانی . مەتەڵۆکەی هووەیدا. وەرگێرانی لە فارسیەوە : عەبدوڵا حەسەن زادە. چاپی یەکەم . خانەی وەرگێڕان.سلێمانی .  2012  . 

فەرەح پەهلەوەی . نهێنییەکانی شا و فەرەح . وەرگێرانی لە فارسیەوە : مەجید مارابی . چاپی دووەم . لە بڵاوکراوەکانی خانەی چاپ و پەخشی ڕێنما. سلێمانی .2012. 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.