Skip to Content

Tuesday, July 23rd, 2024
شپرزەیی مۆدێلی ئەردۆگان لە مەیدانی تەقسیم دا

شپرزەیی مۆدێلی ئەردۆگان لە مەیدانی تەقسیم دا

Closed
by June 26, 2013 گشتی

 

 

 

 

سەرەتا دەمەوێت دوو شت لەیەك جیا بکەینەوە، یەکەمیان ئەردۆگان و پێڤاژۆی پرۆسەی چارەسەری لە باکووری کوردستان، لەگەڵ مۆدێلی ئەردۆگان و ئەو قەیرانەی کە تورکیا لە ئێستادا ڕوبەڕووی دەبێتەوە. زۆر کەس پێیان وایە ئەردۆگان تا ئێستا باشترین فەرمانڕەوای تورکیا بووە و توانیویەتی زۆر شت بگۆڕێت، بۆیە ئەو بەڕیزانە بە ڕەخنەگرتنیش لەو پیاوە قەڵس دەبن. لە دیدی ئەو بەڕیزانەدا ئەردۆگان کۆتایی مێژووە، ئیدی لەو باشتر نە بووە و نە دەشبێت. بەڵام لەڕاستیدا هۆکاری سەرەکی بۆ ئەو هەڵویستەی ئەوانە پرۆسەی چارەسەری کورد نیە، چونکە هێشتا زووە حوکم لەسەر ئەو پرۆسەیە بدەین. بەڵکو ئەو ئاراستە ئیسلامیەیە کە ئەردۆگان لەسەر دەڕوات و کاری بۆ دەکات، ئەمەش مافی خۆیانە کە لەو ڕوانگەیەوە بەرگری لێبکەن، نەك پرسی کورد بکەن بە کراسی عوسمان بۆ ڕێگرتن لە هەموو جۆرە ڕەخنەیەك لە ئەردۆگان چونکە کوردەکان لەو پارچەی بن دەستی تورکیا بۆخۆیان باشتر دەتوانن ئەو قۆناغەی خەباتی ئازادی خۆیان هەڵبسەنگێنن و بەرژەوەندی و زیانەکانیان دیاری بکەن. لەلایەکی دیکەوە، دەستەڵاتخوازان ئاسا، هەروەکو ئەردۆگان خۆیشی، هەموو ڕەخنەیەكی باش یا خراپ ڕەد دەکەنەوە، یا ئەوەی ڕەخنە بگرێت ڕاستەوخۆ دەخرێتە ڕیزی دوژمن و ناحەزان، ئەمەش ئەقڵیەتێکی مەترسیدارە و دوڕیانێکە بۆ دیکتاتۆریەت.

جیالەوە، پێڤاژۆی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد و پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و پارتی داد و گەشەپێدان، دۆسیەیەکی تایبەتە، دەبێت لە چوارچێوەی خۆیدا قسەی لێ بکرێت، داخۆ ئەوە ئەردۆگانە کە چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەکات، یا ئەو بزووتنەوەی مەدەنی خەڵكی باکووری کوردستانە کە هەموو ڕووەکانی دەوڵەتی تورکیایان خستوونەتە ژێر پرسیارەوە؟ بەتایبەتیش هەر سێ ڕوو سەرەکەیەکەی کە بریتین لە ڕووی عیلمانیەتی تورکی، ڕووی ئیسلامی تورکی و ڕووی دیموکراسیەتی تورکی. ئەو سێ ڕووانە ساڵانێکی درێژە لەبەردەم پرسی ڕەوای خەڵکی کوردستان ڕۆژبەڕۆژ ناشیرین تر و قێزەون تر دەبن، وێڕای ئەوەی کە بزووتنەوەی مەدەنی کوردستان توانیویەتی خۆی بکات بەخاوەنی شەقام و ئەوەی ئەمرۆ لە مەیدانی تەقسیم دەبینرێت ئەوە دەیان ساڵە شەقامەکانی ئامەد و شارەکانی دیکەی باکوور شانۆی زیندووی ململانێی نێوان سوپا و دەزگا سیخوڕیەکانی تورکیا و گەلی کوردن. بەهەرحاڵ، بابەتی ئێمە لێرەدا پەیوەندی نێوان مۆدێلی ئەردۆگان و مەیدانی تەقسیمە، بۆیە ئەو بابەتەی سەرەوە پرسێكی دیکەیە و لە بۆنەیەکی دیکەدا دەکرێت بگەڕێینەوە سەری.

ئەردۆگان لەسەر سێ بنەمای سەرەکی ڕووبەڕووی خۆپیشاندەرانی مەیدانی تەقسیم بووەوە، بە چاوپۆشین لەوەی داخۆ داواکاریەکانی ئەو خەڵكە ڕەوان یا ناڕەوا. هەڵگری شوناسی دینین یا بێ دینی، بزووتنەوەیەکی خۆرسکە یا بەپاڵنەری دەرەکی، ئەوانە هیچی گرنگ نین بەقەد ئەوەی ئەو خەڵکەی لەوێ پاڵیان دابووە پاڵ یەکدی هاولاتی تورکیا و هەڵگری شوناسی تورکیان. بۆیە قسەکردن لەو داواکاریانە بابەتێکی دیکەیە، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە هەلوێست و ڕەفتاری ئەردۆگانە لە بەرامبەر تەقسیمدا، کاردانەوە شیزۆفرینئاساییەکەی دەزگا ئەمنیەکانە لەبەرامبەر خەڵكێكی مەدەنی بێ چەکدا. لە دوو توێی ئەوەشدا مەیدانی تەقسیم بووە تاقیگەی مۆدێلی ئەردۆگان و تێڕامان لە ئایندەی پەیوەندی نێوان ئەو مۆدێلە و گەلانی تورکیا و ناوچەکە. ئەردۆگان لەسەر سێ بنەما ڕوبەڕووی خۆپیشاندەران بووەوە، ئەوانیش پیلانگێران، بەکەمزانین، جەمسەرگیری.

خاڵی یەکەم، پیلانگێڕان: ئەردۆگان لەچوارچێوەی ئەو مێنتالیتێیەی کە ئاشێکی چالاکی ئەمڕۆی هەموو دونیای ئیسلامیە و هەموو ئایندەی خۆیان بەو قوڵاپە خەیاڵی/ یا واقیعیە هەڵواسیوە، هەموو جموجۆڵێکی دژ و سەرپێچیکار دەخەنە کۆنتێکستی پیلان کە بە عەرەبی دەبێتە (موئامەرە). هەڵبەت تیۆری پیلان لەزۆرێك لە ناوەندی نێودەوڵەتیەکاندا تیۆریەکی چالاکە، بەڵام لەهیچ شوێنێك سروشت و ڕەهەندی جەماوەری وەرنەگرتوون و دانەبەزیوەتە ناو خەڵك، بەقەد ئەوەی کە لە دونیای عەرەب و موسوڵمانەکاندا دەگوزەرێت و خۆیانی پێ هەڵواسیوە. هەر لەدوای ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانیەوە، پیلان بوو بەو قوڵاپەی کە عەرەبەکان هەموو هەڕەس و پاشەکشە و شکستەکانی خۆیان پێدا هەڵواسیون و هەڵدەواسن. ئەگەر گوللــەیەك بەسەر سەری یەكێكدا بکەوێت ئەوە خەتای ئەمریکایە بە پیلانی ئیسرائیل. هەڵبەت حیزبی بەعس چالاکانە کاری لەسەر ئەو تیۆریە دەکرد، هەموو شکست و پاشەکشێکانی ‘نەتەوەی عەرەبی’ دەخستە ئەستۆی ‘ئیمپریالیزم و زایۆنیزم’. ئەم بیروبۆچوونە کۆمەڵێك ڕەهەندی سیاسی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئاینیشی هەن. هیچ رەهەندێك لەوانە ناکرێت وەلا بنرێن و دووربخرێنەوە لە گەشەکردن و بڕەوپێدانی ئەو بیوروبۆچوونە. تەنانەت ئەم فیکرەیە لەناوکوردیشدا بەشێوەیەکی چالاکانە کاری لەسەر کراوە، لەجیاتی ئەوەی بەشێوەیەکی زانستیانە باس لە شکستەکانی میرنشینەکان و شۆرشەکان بکرێت، تاوانی ئەو شکستانە دەخەنە ملی کەسێك کە خیانیەتی کردووە و بووە بەهۆی ڕوخانی ئەو میرنشینە یا هەڕەسی ئەو شۆرشە. هەر بۆ نموونە، میرنشینی سۆران، بە فەتوایەکی مەلای خەتێ دەڕوخێت. یا موشیری حەمەی سڵێمان لەگەڵ جەنەرال فریزەردا ڕێك کەوت و خیانەتی لە شێخ مەحمود کرد و بەو هۆیەوە شانشینی شێخ هەڕەسی هێنا و ڕوخا. هەروەها خیانەتێکی لەو جۆرە لە میر جەللادەتی بەدرخانیەکان و ڕوخانی، تادوایی ئەو جۆرە بیرکردنەوە.

بۆیە هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەردۆگان بەپشتبەستن بە وەهمی لە سەدا پەنجای دەنگدەران، بیر لەوە ناکاتەوە کە سەدا پەنجای دیکەی خەڵکی تورکیا هاوڕا و هاوسۆز نین لەگەڵ بەرنامە و تێڕوانینەکانی ئەو. ئینجا پەراوێزخستن و حیساب بۆ نەکردنی ئەو سەدا پەنجایە چەندین ئاماژە بەدوای خۆیاندا دێنن. لێرەدا دەکرێت هاندان و پشتیوانی دەرەکی بەتایبەتیش ڕژێمی سوریا و ئێران لەچوارچێوەی جەنگی مەزهەبی، لە ئێستادا بەدوور نازانرێت، بەڵام جڵەوشۆرکردن بۆ فیکری پیلان و پیلانگێڕی ئەوانی دی لەدژی نیشتمان و بە خائین و خۆفرۆش دانانی خەڵك سەرەتایەکی مەترسیدارە بۆ فەرمانڕەوایەتی ئەردۆگان و ئایندەی بەیەکەوە ژیانی پێکهاتەکانی تورکیا. بۆیە سەرۆكی تورکیا عەبدوڵا گول کە نزیکترین کەسە لە ئەردۆگا،ن ڕەخنەی لە قسەکانی ئەردۆگان گرت و هەڵبژاردنی بە بیانۆیەك دانەنا بۆ دیموکراسیەت و بەو جۆرە مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندەراندا.

دووەم بنەما، کە ئەردۆگان پەنای بۆ برد،  بێنرخکردن و بەهیچ نەزانینی خۆپیشاندەران، وەسفکردنیان بە “دزو تێکدەر”، “ئاژەڵی کێوی”، “نامەرد و گێژ و وێژ”، “خائین و وابەستەی دەرەکی” و تاد. ئەم زمانە سەرەتایەکە بۆ ئەقڵیەتێك کە خۆی بە ڕەگەزی باڵا و پیرۆز تەماشا دەکات، ئەقڵیەتێك کە هەڵقوڵاوی دیاردەی بزووتنەوەی نازیزم و هیتلەریانەیە. ئەو تێروانینە لە ‘منی باڵا’ وە سەردەگرێت، بۆ تەماشاکردنی هەموو ئەوانەی کە ناچنە ناو چوارچێوەی خواست و ئایدیۆلۆژیای “میسالیەتی نیشتمانی” کە نازیەکان لە ئەڵمانیا بەرزیان دەکردەوە، تەنانەت ئەو ئەڵمانیانەش کە تەنها بەگومان هەست بکرابایە لەدژی ئەو وێنا باڵایەن دەکەوتنە بەر غەزەبی هێزەکانی سەر بە هیتلەر و ڕەوانەی کەمپەکان دەکران. دەیان سەدان ڕۆشنفیکر و خەڵکی دژ بە نازیزم لەو کەمپانەدا سەریان نایەوە. هەموو ئەو ناو و ناتۆرانەی کە ئەردۆگان بۆ خۆپیشاندەرانی دروست کردن دەچنە قالبی “داماڵین لە مرۆڤبوون” یا “dehumanization”. ئەمەش سەرەتایەکە بۆ شەرعیەتدان بە کوشتن و پاکتاوکردن. لویسی چواردەهەمی فەرەنساش دەیگوت “من دەولەتم، من فەرەنسام”، بۆیە لە زەمانی ئەودا تەواوی ئازادیەکان پاوان کران و بڕیاری جەنگ و ئاشتی لەدەستی ئەودا مۆنۆپۆل کرا. بەڵام هەموو ئەم وێنە ڕەشانە، ئەمڕۆ گۆڕاون. چیدی سەرۆك باوك نیە تا هەموو هاوڵاتیان ئاژەڵ ئاسا سەری بۆ بلەقێنن. ئەو پێگەیە وەکو هەر پۆستێکی حکومی لەماوەیەکی دیاریکراودا لەڕێی سەرچاوە شەرعیەکانەوە دەدرێت بەیەکێك، دوای جێبەجێکردن یا نەکردنی ئەرکەکانی دەکەوێتەوە ژێر خواستی دەنگدەران و بڕیاری مانەوە یا نەمانەوەی دەدەن. هەڵبەت کە دەڵێم سەرەتایەکە بۆ قۆناغی ترسناك تر مەبەستم دوو خاڵی گرنگن، 

یەکەمیان: ڕەخنەی من لێرەدا بۆ ئەو چەمك و تۆمەتانەیە کە ئەردۆگان لە دژی خۆپیشاندەران بەکاری هێنان، کە لە مرۆڤێکی خۆ بە دیموکرات خواز و پێشکەوتن خواز و فەرمانڕەوایەکی مرۆڤ دۆست ناوەشێتەوە. لە کەسێك ناوەشێتەوە کە خۆی بەجیاواز لە ئەتاتۆرك و بەچکە تورکە بۆرەکان جیا دەکاتەوە. کەسێك کە خۆی ئیددیعای هێنانی مۆدێلێکی نوێ دەکات بۆ تورکیا، ئابووری ئەو ولاتەی گەیاندە ئاستێکی بەرز، پانتاییەکی باشی بۆ ئازادی دینی و ئیتنی دروست کرد. بەڵام لە بچوکترین تاقیکردنەوەدا، بەو زمانەی کە بەکاری هێنا و ئەو هێستریایەی کە توشی بوو، لەبەردەم میدیای جیهانیدا نسکۆی برد و هەموو ئاقڵمەندانی دونیای ئازادی توشی شۆك کرد.

دووەمیان: بەلام لەبەرامبەردا ئەم زمانە و رەفتارانە لە دەولەتی تورکیا نامۆ و دوور نین. تا ئێستا سەدان مرۆڤی بەتوانا و بژاردەی سیاسەتوانی کورد لە گرتوخانەکانی تورکیادا لەبارودۆخێکی ناهەموار و نامرۆڤانەدا قایم کراون، تورکیا بە گەورەترین گرتوخانەی ڕۆژنامەنوسان دراوەتە قەڵەم، لە تورکیادا بە سەدان منداڵی کورد لەسەرەوەی دوانزە ساڵی بەتۆمەتی تیرۆر لەناو گرتووخانە ڕەشەکاندا، دوور لە نازی دایك و باوکیان، قۆڵبەست کراون. ئەمەش لە سەردەمەکانی پێشووی ئەردۆگان بەردەوام بووە و بەدرێژایی دەستەڵاتی ئەردۆگانیش بەردەوام بووە.

سێیەم بنەما: قوڵکردنەوەی جەمسەرگیری و دابەشکردنی خەڵك لەسەر بنەمای سیاسی “استقطاب”. یا بەمانا سیاسیەکەی “شەقام بەرامبەر شەقام”. جووڵاندنی خەڵك لەدژی داواکاریەکانی خەڵكێکی دی سەرەتایەکی مەترسیدارە بۆ دابڕانی کۆمەڵایەتی و قوڵبوونەوەی ناکۆکی نێوان خەڵک و لە کۆتاییشدا ئاشووب و نائارامی و لەبارچوونی “ئاشتی کۆمەڵایەتی”. ئەم سیاسەتە لە میسر و لیبیا و یەمەن و سوریا فەشەلی هێنا. نە دادی موبارەك و نە قەززافی و نە عەلی عەبدوڵا ساڵح و نە بەشار ئەسەدی دا. بەڵام ئەوانەی دوای ئەو سەرکردە ڕووخاوانەش هاتن واپێدەچێت لەوە تێنەگەیشتبن کە سیاسەتێکی بێ بنەمایە. ئێستا لە میسر ئیخوانەکان پەنا بۆ هەمان بنەماکانی سیاسەتی حوسنی موبارەك دەبەنەوە. ئەردۆگانیش دەیان هەزار کەسی کۆکردەوە بۆ ئەوەی بەو خەڵکە بڵێ ئەوانەی دژی منن خائین و خۆفرۆشن و بە فیتی دەرەکی ئەو کارە دەکەن. هەمان ئەو زمانەش لەلایەن ئەو دەستەڵاتانەی کە ڕوخان و ونبوون بەکار دەهات، بەهەمان میتۆد و جۆری بۆنە و کۆکردنەوەی خەڵك. 

ئەوەی کە گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێ بکەین، ئەردۆگان ئەوە دە ساڵە لە دەستەلات دایە، دەیەوێت وەکو هەندێك لە وڵاتە عەرەبیەکان دەستور بە قەد بەژن و باڵای خۆی بنوسێتەوە و دە ساڵی دیکەش وەکو سەرۆك درێژە بە دەستەلات بدات، وەکو ئەوە وابێت لەماوەی سێ دەیەدا خۆی یا حیزبەکەی داد و گەشەپێدان نەیتوانیوە چەند سەرکردەیەکی لێهاتوو پەروەردە بکات بۆ خوڵەکانی هەڵبژاردنی داهاتووی ولات. ئەوەچش لەوەی کە تەنانەت هەر کەسێك ئەو ماوە درێژە لەدەستەڵات بمێنێتەوە ڕەزای قورس و ناشیرین دەبێت، بۆخۆی و ئایندەی سیاسی خۆی باشترە کورسی دەستەڵات بۆ یەکێك لە حیزبەکەی خۆی چۆڵ بکات. نیلسۆن ماندێلا ئاسا، هەرچەندە ٢٥ ساڵ لەزیندان مایەوە و باجێکی زۆریشی دا، بەڵام دوای یەك خولی سەرۆکایەتی دابەزی و پێگە و پۆستەکەی بۆ نەوەکانی دواتری حیزبی خۆی چۆڵ کرد. واپێدەچێت هەموو کاسێك نە جورئەتی ئەوەی هەبێت دەست لە کورسی و هێز هەڵبگرێت، نە شایەنی نەمریشە بۆ ئەوەی لە یادەوەری خەڵك بە زیندووی بمێنێتەوە. 

لەلایەکی دی ئەردۆگان وەکو ئەوەی کەڕ و لاڵ بێت، ئەوانەی ئەو بە دز و جەردە ناوی بردن بەدەیان هونەرمەند و ڕۆشنبیر و پزیشك و ئەندازیار و خوێندکار و کرێکار و مامۆستا و گەنجی تورکیای لەناودا بوو، کە زۆرینەی هەرەزۆری لە دەرەوەی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن بوون. بەپێی ئامارێکی ڕۆژنامەیەکی نزیك لە حکومەت لە %٦٠ ی تەمەنی ئەو خۆپیشاندەرانە لەنێوان ١٨ ساڵی تا سی ساڵی دابوون. ٧٠% لەوانە بوون کە هیچ ئینتیمایەکی حیزبیان نیە. تەنها نیگەرانیەکی ئەوانەیە لە تەشەنەکردنی پاوانکاری سیاسی و زەوتکردنی ئازادیەکان. هاشم ساڵح لە وتارێکی خۆیدا لە شەرقولئەوسەت دەلێت “چ دەگوزەرێت لە تورکیا؟ ئەتاتۆرك زێدەڕۆیی کرد لە بەرەو خۆرئاواچوون و دەرهێنانی گەڵ لە ڕەگوڕیشەکانی، ئەردۆگانیش وەختە زێدەڕۆیی بکات لە ئاراستەی دژ بە هی یەکەم! باشترە مامناوەنجی بن و ڕەسەنایەتی و هاوچەرخیبوون بەیەکەوە گرێبدات”. هەروەها ڕۆژنامەنوسی تورك حەسەن جەمال لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا گوتی “دوای دنەدانی نەتەوەیی، دنەدانی دینی دەستی پێکرد بە ڕوکردن لە خەڵكێکی بەتەقوا و پارێزکار… ئەم زمانە توندڕەوی لە تورکیا بڵاودەکاتەوە، هەموو کۆمەڵگا بەرەو جەمسەرگیری دەبات”. لەهەمان بارەشەوە عەبدوڵا بوزکەرت بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی تودای زەمان کە نزیکە لە حکومەت لە ئەنقەرە گوتی “ئەگەر ئەردۆگان بڕیار بدات دووبەرەکی قوڵ بکاتەوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی، بەك هەر ئایندەی سیاسی خۆی دەخاتە بەر مەترسی، بەڵكو سەقامگیری ولاتەکەش”. دوای ئەو نوسینە ئەو ڕۆژنامەیەش بە خائین درایە قەلەم.

لەکۆتاییدا زۆربەی نوسەر و چاودێرەکان پێیان وایە ئەردۆگان لەو میحنەتەیدا بە سەرکەوتووی دەربازی دەبێت، بەڵام پێویستە بەخۆیدا بچێتەوە، چین و توێژەکانی گەل وریان و هیچ کەسێکیش ئەحمەق نیە. بۆیە ناشبێت پێی وابێت خەڵك بۆ داواکاریەکانیان دز و جەردە و خیانەتکار بن.

 

ئیبراهیم مەلازادە

 

سەرچاوەی هەندێك لە زانیاریەکان:

1. http://www.aawsat.com//leader.asp?section=3&article=732471&issueno=12618#.UcTErZxiCQC

2. http://www.alarabiya.net/ar/arab-and-world/2013/06/15/%D8%B1%D8%A8%D9%8A%D8%B9-%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7-%D9%88%D8%AE%D8%B1%D9%8A%D9%81-%D8%A3%D8%B1%D8%AF%D9%88%D8%BA%D8%A7%D9%86.html 

3. http://www.elaph.com/Web/news/2013/6/819364.html?entry=Turkey

 

لە ژمارە (٤٢٦) ڕۆژنامەی چاودێر لە بەشی ڕەخنە و ڕوانگەدا بڵاو بۆتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.